نیچه، فرۆید، ماركس
میشێل فوكۆ ئه‌م گوتاره‌ی له مانگی حوزه‌یرانی ١٩٦٤ـدا، له كۆبوونه‌وه‌ی كۆڕبه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆیامۆنت Royaumont پێشكه‌ش كرد. بابه‌تی سه‌ره‌كیی ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ش فه‌لسه‌فه‌ی نیچه بوو. له كۆتایی كۆڕبه‌نده‌كه‌شدا مێزگردێك بۆ فوكۆ پێشنیار ده‌كرێت، و به ئاماده‌بوونی چه‌ند فه‌یله‌سووفێكی وه‌ك ژان واڵ، جیانی ڤاتیمۆ و چه‌ند نووسه‌رێكی تر به‌ڕێوه ده‌چێت و فوكۆش چه‌ند گریمانه و تێزێك سه‌باره‌ت به هه‌ریه‌كه له نیچه، فرۆید و ماركس ده‌خاته‌ڕوو و، گفتوگۆیه‌كی كورتیش سه‌باره‌ت به گوتاره‌كه‌ی فوكۆ ئه‌نجام ده‌درێت.
ئه‌و گرنگییه‌ی كه فوكۆ ده‌یداته به‌رهه‌مه‌كانی هه‌ریه‌ك له نیچه، فرۆید و ماركس، له‌به‌ر ده‌ستنیشانكردنی سنووری پانتایی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی مۆدێرن و ڕۆڵی بنیاتنه‌رانه‌ی ئه‌وانه له دامه‌زراندنی هێرمنۆتیكی مۆدێرن و میتۆدی نوێی ڕاڤه‌كردن. به باوه‌ڕی فوکۆ، هه‌ریه‌كه له‌م فه‌یله‌سوفانه په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئیپستیمه یاخود سیسته‌می زانین ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن. بۆ ماركس ئه‌م په‌یوه‌ندییه له شێوه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان فۆرمی ئه‌ندێشه و ده‌سه‌ڵاتی ئابووری ده‌رده‌كه‌وێت؛ به ده‌ربڕینێكی تر، په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئیپستیمه، په‌یوه‌ندیی نێوان «ژێرخان» و «سه‌رخان» ده‌نوێنێت. بۆ فرۆید، په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئیپستیمه له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندیی نێوان ئاره‌زوو و ئیپستیمه ده‌ستنیشان ده‌كرێت. بۆ نیچه‌ش، هه‌موو فۆرمه‌كانی بیركردنه‌وه و ئیپستیمه كۆمه‌ڵێ ده‌ركه‌وته‌ی جۆراوجۆری «ویستی هێز»ن. هه‌ریه‌كه له‌م فه‌یله‌سوفانه هه‌وڵده‌ده‌ن جۆرێك ڕاڤه سه‌باره‌ت به بارودۆخی مرۆیی تیۆریزه بكه‌ن؛ ڕاڤهگهلێك كه له‌ژێر ئاسته‌كاندا، بوونی لێكدژیی نێوان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و ده‌سه‌ڵات له ئاستی ڕێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی، له ده‌روونی تاك و له هه‌موو مرۆڤایه‌تیدا، به شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر بدۆزنه‌وه و ئاشكرا بكه‌ن. ئه‌م ڕاڤانه، به تایبه‌ت ڕاڤه‌كانی نیچه و فرۆید، نه‌ك ته‌نها ئاشكرایان كرد كه كرده‌ی ڕاڤه بووه به ئه‌ركێكی ناكۆتای هه‌ر پانتاییه‌كی ئیپستمی، به‌ڵكه نیشانیان دا كه هیچ بابه‌تێكی بنچینه‌یی یا هه‌قیقه‌تێكی بنه‌ڕه‌تی كه چاوه‌ڕێی ڕاڤه‌كردن بێت، بوونی نییه. به وته‌ی فوكۆ، به‌رهه‌مه‌كانی نیچه، فرۆید و ماركس، ڕاڤه‌ی ڕاڤهن؛ ڕاڤه‌كردنی ڕوانگه‌ی بۆرژوازیی سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مهێنان (ماركس)، ڕاڤه‌كردنی خه‌ونێك كه نه‌خۆش ده‌یگێڕێته‌وه (فرۆید) و، ڕاڤه‌كردنی مانای وشه‌كان (نیچه). ماركس جیاوازی ده‌كات له‌نێوان دوو فاكته‌ردا؛ فاكته‌رێك كه به«ژێرخان/base»، و فاكته‌رێك كه به «سه‌رخان/superstructure» ناوی ده‌بات؛ بۆ ماركس، «ژێرخان» بریتییه له كۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا و، «سه‌رخان» ڕه‌هه‌ندی ئایدیۆلۆژیی واته كولتووری، ئه‌خلاقی، سیاسی، ئایینی و یاسایی كۆمه‌ڵگا ده‌گرێته‌وه. به بۆچوونی ماركس، ئێمه ده‌توانین له ڕێی دۆزینه‌وه‌ی لۆجیكی كاركردنی ئه‌م دوو فاكته‌ره و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، واقیعییه‌تی سیسته‌می بۆرژوازیی و ئایدیۆلۆژیاكه‌ی كه «شێوه‌ی پێچه‌وانه‌ی واقیعییه‌ته و، ده‌بێت وه‌ك هۆشیاری درۆیین دابنرێت»، یاساكانی جووڵه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری بدۆزینه‌وه؛ به دۆزینه‌وه‌ی لۆجیكی ئه‌م جووڵه‌یه‌ش، ئه‌و واقیعییه‌ته‌ی كه به‌رده‌وام ئاڵۆز ده‌ینواند، یا به وته‌ی خۆی، ئه‌و واقیعییه‌ته‌ی كه په‌یوه‌سته به «دنیای باوه‌ڕه چه‌قبه‌ستووه‌كان»ـه‌وه، بدۆزینه‌وه. له‌لایه‌كی تره‌وه، فرۆید به دۆزینه‌وه‌ی شوێن و میكانیزمی ناخودئاگایی له ژیانی ده‌روونیی مرۆڤدا، هه‌وڵیدا پاڵنه‌ره بنچینه‌ییه‌كانی ڕه‌فتاره‌كان و ئه‌وه‌ی كه به كرده‌ی ئاگایی مرۆڤ داده‌نرێت، بدۆزێته‌وه و، ده‌ریخست كه ده‌بێت له ڕێی نیشانه‌ی نه‌خۆشییه‌كانه‌وه یا ڕهمزهكانهوه كه له جیاتیی خواسته ڕاسته‌قینه‌كان دردهبڕدرێن، له ئاستی ئاگایی مرۆڤه‌وه بۆ ناخوئاگایی بجووڵێین. به‌م شێوه‌یه، میتۆدێك ده‌خاته به‌رده‌م ئێمه كه له لێكدانه‌وه‌ی خهونهكان، شارستانیه‌ت، ڕاڤه‌كردنی كولتووری و هونه‌ریدا، به‌كار ده‌هێنرێت. ماركس، هه‌رچه‌نده كرده‌ی گۆڕینی جیهان له به‌رامبه‌ر ڕاڤه‌كردنی جیهاندا داده‌نێت، ڕێگه‌یه‌كی تازه بۆ ڕاڤه‌كردنی زه‌مینه‌ی ئابووریی سیاسی، دۆزینه‌وه‌ی واقیعییه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، شێوازی ئیشكردنی سه‌رخانی سیسته‌می بۆرژوازیی و سته‌مكاریی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ده‌كاته‌وه. فرۆیدیش به گرنگیدان به نیشانه و سیمبۆڵه ڕۆژانه‌یی و پهرشهكان، توانی ڕێگایه‌ك بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و مانایانه‌ی كه له ناخودئاگایی مرۆڤدا شاردراونه‌ته‌وه، یاخود ئه‌و مانایانه‌ی كه به شێوه‌ی ڕه‌مز ده‌رده‌كه‌ون، بدۆزێته‌وه. وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت فرۆید زیاتر له ماركس ڕێگایه‌ك بۆ هێرمنۆتیكی مۆدێرن ده‌كاته‌وه؛ و گرنگتر له‌وه‌ش فرۆید ئه‌و میكانیزمانه‌ی به‌رهه‌مهێنانی مانای دۆزییه‌وه كه ئامانجیان شاردنه‌وه‌ی ماناكانی تره. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م گوتاره‌دا بۆ فوكۆ گرنگه، نیچه‌یه، چون مێژووی هێرمنۆتیكی مۆدێرن به نیچه ده‌ستپێده‌كات؛ هێرمنۆتیكی مۆدێرن له‌سه‌ر پایه‌ی تێڕوانین بۆ هه‌قیقه‌ت دامه‌زراوه. به مانایه‌كی تر، باوه‌ڕبوون به هه‌قیقه‌تی ڕه‌ها، باوه‌ڕبوونه به تاكڕاڤهیی؛ باوه‌ڕبوون به فره‌یی هه‌قیقه‌ت، باوه‌ڕكردنه به فره‌یی ڕاڤه‌كان؛ هێرمنۆتیكی مۆدێرن له‌سه‌ر بنه‌مای فره‌یی ڕاڤه‌كان بنیاتنراوه. ئه‌وه نیچه‌یه كه باوه‌ڕی به هه‌قیقه‌ت نییه و ته‌نها له سنووری ڕاڤهكاندا ده‌وه‌ستێت؛ ئه‌و ده‌ڵێت: «هه‌قیقه‌ت شتێك نییه كه له شوێنێكدا بێت تا بدۆزرێته‌وه، به‌ڵكه شتێكه كه ده‌بێت بخوڵقێنرێت»؛ هه‌قیقه‌تی پێشدراو بوونی نییه؛ نیچه ده‌ڵێت ئه‌وه خواستی ئێمه‌یه كه جیهان ڕاڤه ده‌كات، «هه‌قیقه‌ت هاوكێشه‌یه‌كه بۆ ویستی هێز»؛ «هه‌قیقه‌ت بوونی نییه، به‌ڵكه ئه‌وه‌ی كه هه‌یه ڕاڤه‌ی فره‌جۆره»؛ هه‌قیقه‌ت هیچ نییه جگه له ڕاڤه‌ی ئێمه بۆ جیهان؛ ڕاڤه‌ی ئێمه‌ش هه‌مان ویستی هێزه؛ هه‌قیقه‌ت بێلایه‌ن نییه، هه‌قیقه‌ت، ویستی داوه‌ریی و عه‌داله‌ته؛ هه‌قیقه‌ت ته‌نها ڕواڵه‌تێكی ڕه‌مزییه كه له پشتییه‌وه ویستی هێز شاردراوه‌ته‌وه؛ ئێمه واقیعییه‌ت ڕاڤه ناكه‌ین، به‌ڵكه شێوه‌ی ده‌ركه‌وتنه‌كانی واقیعییه‌ت ڕاڤه ده‌كه‌ین. به ده‌ربڕینێكی تر، ئه‌وه‌ی كه ئێمه ڕاڤه‌ی ده‌كه‌ین ڕاڤه‌یه‌كی جیهان و شته‌كانه كه پێشتر خراوه‌ته‌ڕوو؛ كه‌واته ڕاڤه‌ی ئێمه، ڕاڤه‌كردنی ڕاڤه‌یه: زه‌وتكردنی ڕاڤه‌كانی تر. (و. كوردی)
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م وه‌رگێڕانه:
میشل فوكو، «نیچه، فروید، ماركس»، ت: افشین جهاندیده، ص 3-14.
میشل فوكو، «نیچه، فروید، ماركس»، در: تئاتر فلسفه، ت: نیكو سرخوش و افشین جهاندیده، چاپ دوم، تهران 1390، نشر نی، ص 7-28.
M. Foucault, Nietzsche, Freud, Marx, in: essential works of Foucault 1954-1984, editor: Paul Rabinow and Others, Pp 269-278.
كاتێك به‌رنامه‌ی ئه‌م «مێزگرد»ـه‌م پێ پێشنیار كرا، زۆر سه‌رنجڕاكێش، به‌ڵام هاوكات ئێجگار سه‌خت و دژوار كه‌وته به‌رچاوم. كه‌واته من ڕێگه‌یه‌كی كورتتر پێشنیار ده‌كه‌م: چه‌ند گریمانه‌یه‌ك له زه‌مینه‌ی ته‌كنیكه‌كانی ڕاڤه‌كردن[1]لای هه‌ریه‌ك له ماركس، نیچە و فرۆید پێشكه‌ش بكه‌م.
له ڕاستیدا، وا دێته پێش چاوم له پشت ئه‌م تێگانهوه خه‌ونێك شاردراوه‌ته‌وه؛ خه‌ونی ئه‌مه‌ی كه ڕۆژێك بتوانرێت كۆمه‌ڵه‌یه‌كی گشتی، واته جۆرێك ئینسكلۆپیدیای ته‌واوی ته‌كنیكه‌كانی ڕاڤه‌كردن، ته‌كنیكگه‌لێك كه له سه‌رده‌می زمانزانه یۆنانییه‌كانه‌وه تا به ئه‌مڕۆ ناسیومانن، ده‌سته‌به‌ر بكات. پێموایه تا ئێستا چه‌ند به‌شێكی كه‌م له‌م ئینسكلۆپیدیا گه‌وره‌یه [ـی ته‌كنیكه‌كانی ڕاڤه‌كردن] نووسراوه و كاری له‌سه‌ر كراوه.
پێم وایه وه‌ك ده‌روازه‌یه‌كی گشتی بۆ ئایدیای مێژووی ته‌كنیكه‌كانی ڕاڤه‌كردن، ده‌توانرێت بگوترێت كه زمان، هه‌رچۆنێك بێت، به تایبه‌ت له كولتووره هیندۆئهوروپاییهكاندا، هه‌میشه دوو جۆر گومان[suspicion]ـی دروست كردووه:
یه‌كه‌م: ئه‌م گومانه‌ی كه زمان به ڕاستی ئه‌و شته ناڵێت، كه ده‌یڵێت؛ [ئه‌و شته‌ی كه زمان ده‌ریده‌بڕێت، به وردی هه‌مان ئه‌و شته نییه كه ده‌یه‌وێت ده‌ریببڕێت]؛ له ڕاستیدا، ئه‌و مانایه‌ی كه به‌ده‌ست دێت و ده‌ستبه‌جێ ئاشكرا ده‌بێت، ڕه‌نگه ته‌نها كه‌مترین مانایه‌ك بێت كه مانایه‌كی تر ده‌شارێته‌وه، سنوورداری ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌یگوازێته‌وه. ئه‌م مانایه‌ی تر هه‌م به‌هێزترین مانایه و هه‌م هاوكات مانای بنچینه‌یی و«شاردراو»ـه‌یه و ده‌كه‌وێته توێژاڵی ژێره‌وه [ی زمانه‌وه]. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه یۆنانییه‌كان پێیان ده‌وت allegoria[نیشانه‌ی ڕه‌مزیی] و hyponoia[حه‌دس و گومان، مانای نێواخنی].
دووه‌م: له لایه‌كی تره‌وه، زمان ئه‌م گومانه دێنێته ئاراوه كه به جۆرێك له جۆره‌كان، له فۆرمی به‌رته‌سكی وته‌یی خۆی سه‌رتر ده‌چێت، [زمان، له سنووری قه‌تیسی كه‌لامی خۆی تێده‌په‌ڕێت]، چون له جیهاندا شتگه‌لێكی تریش هه‌ن كه قسه ده‌كه‌ن و له توخمی زمان نین و ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕیشه‌ی زمان. به كورتی، دواجار ده‌شێت سرووشت، ده‌ریا، گیانه‌وه‌ران، خشه‌ی گه‌ڵای دره‌خته‌كان، ڕوخساره‌كان، ده‌مامكه‌كان و ئه‌و شمشێرانه‌ی كه به شێوه‌ی خاچ له‌سه‌ر یه‌ك دانراون، قسه بكه‌ن؛ ده‌شێت زمانێك هه‌بێت كه به شێوه‌یه‌كی نا-وته‌یی داڕێژرابێت و به‌كار بهێنرێت. تاڕاده‌یه‌ك ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه یۆنانییه‌كان بهsemainon[نیشانه] ناویان ده‌برد.
ئه‌م دوو فۆرمه‌ی گومان كه پێشتر لای یۆنانییه‌كان ده‌ركه‌وتن، له‌ناو نه‌چوون و هێشتاكه هه‌ر ماون و له‌گه‌ڵماندان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی درووست له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م به‌دواوه جارێكی تر كه‌وتینه سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ی كه ده‌شێت جووڵه بێده‌نگه‌كان، نه‌خۆشییه‌كان و هه‌ر دهنگهدهنگێكی تریش له ده‌ورووبه‌رماندا قسه بكه‌ن و قسه‌كه‌ر بن؛ ئێمه زیاتر له هه‌ر كاتێك گوێ له‌م زمانه ڕهخساوانه ده‌گرین و هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ژێر وشه داپۆشراوهكانهوه، گوتارێكی بنچینه‌یی تر ده‌رك بكه‌ین [و بدۆزینه‌وه].
من پێم وایه هه‌موو كولتوورێك، مه‌به‌ستم هه‌ر فۆرمێكی كولتوورییه له شارستانییه‌تی ڕۆژئاوا، سیسته‌می ڕاڤه‌كردن، ته‌كنیكه‌كان، میتۆده‌كان و شێوازگه‌لێكی تایبه‌تیی خۆی هه‌بووه له گومانكردن له زمان؛ واته گومان له‌مه‌ی كه زمان ده‌یه‌وێت شتێك بڵێت به‌ده‌ر له‌و شته‌ی كه ده‌یڵێت، به‌ده‌ر له‌و شته‌ی كه لێی تێده‌گات؛ و گومان له‌مه‌ی كه زمان له شوێنێكی به‌ده‌ر له زمانه؛ [زمان، له شوێنێكدا بوونی هه‌یه كه زمانی تێدا نییه و ده‌توانرێت له ده‌ره‌وه‌ی زمانه‌وه، زمانێكی تر بدۆزرێته‌وه]. كه‌واته ده‌بێت بۆ بنیاتنانی سیسته‌مه‌كان، یاخود وه‌ك چۆن له سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌یه‌مدا ده‌یانووت، بۆ ئاماده‌كردنی خشته‌یه‌ك له ته‌واوی ئه‌م سیسته‌مانه‌ی ڕاڤه‌كردن، هه‌نگاو بنرێت.
به بۆچوونی من، بۆ تێگه‌یشتنی ئه‌مه‌ی كه له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا چ سیسته‌مێكی ڕاڤه‌كردن بنیات نرا و دواجار تێگه‌یشتن له‌وه‌ی كه ئێمه تا به ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ستین به‌كام سیسته‌می ڕاڤه‌كردنه‌وه، ده‌بێت مه‌رجه‌عێكی كۆن یا ته‌كنیكێكی تایبه‌ت له‌به‌رچاو بگرین كه بۆ نموونه له سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌مدا بوونی هه‌بووه. له‌م سه‌رده‌مه‌دا [سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌م]، ئه‌وه هاوشێوه‌یی[2]بوو كه سیسته‌می ڕاڤه‌كردنی ده‌ڕه‌خساند، واته هه‌م دوورنمای گشتیی ڕاڤه‌كردن و پێگه‌كه‌ی، هه‌م كه‌مترین یه‌كه‌یه‌ك [ـی مه‌عریفی] كه ده‌بوو ڕاڤه‌كردن لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكات؛ له هه‌ر شوێنێكدا كه هاوشێوه‌ییه‌ك هه‌بووایه، له هه‌ر جێگایه‌كدا كه شته‌كان هاوشێوه‌ی یه‌كتر بوونایه، ئه‌وه شتێك هه‌بووه كه ده‌یویست بگوترێت و ده‌كرا ڕه‌مزشكێنی بكرێت؛ چاك ده‌زانین كه هاوشێوه‌یی و ته‌واوی ئه‌و گریمانانه‌ی كه وه‌ك مانگ به ده‌وریدا ده‌سووڕێنه‌وه، ڕۆڵێكی گرنگیان له گه‌ردوونناسی، گیاناسی، گیانه‌وه‌رناسی و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌مدا گێڕاوه. له ڕاستیدا، له ڕوانگه‌ی ئێمه‌ی مرۆڤانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه، ته‌واوی ئه‌م تۆڕه‌ی وهكیهكییهكان تاڕاده‌یه‌ك تۆڕێكی نادیار و ئاڵۆز و تێكچڕژاوه. به‌ڵام له ڕاستیدا، كۆمه‌ڵه‌ی هاوشێوهییهكان له سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌مدا، كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ته‌واو سیستماتیك و ڕێكخراو بوو. به لایه‌نی كه‌مه‌وه پێنج گریمانه‌ی گرنگ و ده‌ستنیشانكراو بوونی هه‌بوو:
- گریمانه‌یconvenentia[وێكهاتنه‌وه]؛ یا هاوده‌قی و گونجان (بۆ نموونه، هاوده‌قیی ڕۆح له‌گه‌ڵ جه‌سته‌دا، یا سازگاریی زنجیره‌ی گیانه‌وه‌ریی له‌گه‌ڵ زنجیره‌ی گیاییدا).
- گریمانه‌ی sympatheia[چوونیه‌كی]؛ یا هاوده‌نگی (بۆ نموونه، وه‌كیه‌كی و هاوده‌نگیی ڕووكاره‌كان له جه‌وهه‌ره جیاوازه‌كاندا).
- گریمانه‌ی emulatio[ ڕكابه‌رێتی و لاساییكردنه‌وه]؛ كه هاوته‌ریبی ئێجگار سه‌یری تایبه‌تمه‌ندییه‌كانه له جهوههرهكاندا یا له بوونه‌وه‌ره جیاوازه‌كاندا، به شێوه‌یه‌ك كه وه‌ك بڵێی تایبه‌تمه‌ندییه‌كان له‌م یان له‌و جه‌وهه‌ره‌دا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی یه‌كتر بن (بۆ نموونه، پۆرتا[فه‌یله‌سووفی ئیتاڵیایی سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌یه‌م] ڕوونی ده‌كاته‌وه كه ڕوخساری مرۆڤ به حه‌وت به‌شه جیاوازه‌كه‌یه‌وه جۆرێكه له ڕكابه‌رێتی و لاساییكردنه‌وه‌ی ئاسمان و حه‌وت ئه‌ستێره‌كه‌ی.
- گریمانه‌یsignatura[واژۆ]، كه وێنه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی نائاشكرا و شاراوه‌یه له‌ناو تایبه‌تمه‌ندییه ئاشكراكانی تاكدا.
- و دواجار، گریمانه‌یanalogie، [لێكچوونی ڕه‌مزیی]كه وه‌كیه‌كیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دوو یا چه‌ند جه‌وهه‌رێكی جیاوازه.
كه‌واته له‌م سه‌رده‌مه‌دا، [سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌م]، تیۆریی نیشانه و ته‌كنیكه‌كانی ڕاڤه‌كردن له‌سه‌ر پێناسه‌یه‌كی ته‌واو ڕوونی تێكڕای چه‌شنه ڕه‌خساوه‌كانی هاوشێوه‌یی وه‌ستا بوو و، دوو مه‌عریفه‌ی ته‌واو جیاوازی به‌رهه‌م ده‌هێنا: cognitio[مه‌عریفه‌ت] كه به جۆرێك له جۆره‌كان بوارگهیهك بوو هاوته‌ریب له هاوشێوهییهكهوه بۆ هاوشێوه‌یه‌كی تر؛ و divination[غه‌یبزانی] كه مه‌عریفه‌یه‌كی قووڵ بوو، و له هاوشێوه‌یه‌كی ڕووكه‌شه‌وه ده‌چووه سه‌ر هاوشێوه‌یه‌كی قووڵتر. ته‌واوی ئه‌م هاوشێوه‌ییانه، له بنه‌ڕه‌تدا كۆده‌نگیی جیهانێك ئاشكرا ده‌كه‌ن كه بنیاتیان ده‌نێت؛ ئه‌م هاوشێوه‌ییانه ده‌كه‌ونه خاڵی به‌رامبه‌ری هاوشێوه‌یی simulacrum[هاوشێوهنما، خۆنوێن]، واته هاوشێوه‌ییه‌كی درۆیین كه له‌سه‌ر جیاوازیی و ناهاوشێوه‌یی خواوه‌ند و شه‌یتان وه‌ستاوه.
***
ئه‌گه‌رچی ئه‌م ته‌كنیكانه‌ی ڕاڤه‌كردنی سه‌ده‌ی شازده‌یه‌م به‌هۆی گۆڕانی ئه‌ندیشه‌ی ڕۆژئاوا له سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌یه‌م و هه‌ژده‌یه‌مدا هه‌ڵپه‌سێردران، و ئه‌گه‌رچی ڕه‌خنه‌ی بیكنیی و دیكارتیی له هاوشێوه‌یی، ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی بینی له كه‌نارخستنی ئه‌م ته‌كنیكانه‌دا، به‌ڵام بیرمه‌ندانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و به‌تایبه‌ت ماركس، نیچە و فرۆید جارێكی تر ئه‌گه‌ری نوێی ڕاڤه‌كردنیان خسته به‌رده‌م ئێمه و دووباره ئه‌گه‌ری یهكهێرمنۆتیك[Hermeneutique]ـی جیاوازیان دامه‌زراند.
كتێبی یه‌كه‌می سه‌رمایه[ـی ماركس][3]، چه‌ند ده‌قێكی وه‌ك له‌دایكبوونی تراژیدیا[4] و ڕه‌چه‌ڵه‌كناسیی ئه‌خلاق[5][ـی نیچە] و لێكدانه‌وه‌ی خهونهكان[ی فرۆید][6]، سه‌رله‌نوێ ده‌مانخه‌نه‌وه به‌رده‌م ته‌كنیكه‌كانی ڕاڤه‌كردن. كاریگه‌ری ئه‌م شۆكه و جۆره برینێك كه ئه‌م به‌رهه‌مانه له‌ناو ئه‌ندێشه‌ی ڕۆژئاوادا دروستی ده‌كه‌ن، ڕه‌نگه له‌مه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت كه ئه‌م به‌رهه‌مانه سه‌رله‌نوێ له پێش چاوماندا شتێكیان درووست كرده‌وه كه خودی ماركس له شوێنێكدا به «نووسینی هیرۆگلیفی» ناوی ده‌بات. ئه‌م پرسه‌ش ئێمه‌ی خستووه‌ته دۆخێكی ئازارده‌ر و دژواره‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م ته‌كنیكانه‌ی ڕاڤه‌كردن په‌یوه‌ندیان به خودی خۆمانه‌وه هه‌یه[و خۆمان بابه‌تی ڕاڤهین] و ئێمه‌ی ڕاڤه‌كاران له میانه‌ی ئه‌م ته‌كنیكانه‌دا، ده‌ستمان به ڕاڤه‌كردنی خۆمان كردووه. له به‌رامبه‌ردا، ده‌بێت به‌هۆی هه‌مان ئه‌و تهكنیكانهوه، ڕاڤهكارهكان واته نیچە، فرۆید و ماركس بخه‌ینه ژێر پرسیاره‌وه، به شێوه‌یه‌ك كه به‌رده‌وام له یه‌ك گه‌مه‌ی هه‌میشه‌یی ئاوێنه‌كاندا پێچه‌وانه ببینه‌وه.
فرۆید له شوێنێكدا ده‌ڵێت سێ برینی[7]گه‌وره خرایه ناو جه‌سته‌ی كولتووری نه‌رجسیی ڕۆژئاواوه: برینێك كه كۆپه‌رنیكۆس له زانستی گه‌ردوونناسییدا هێنایه ئارا؛ برینێك كه داروین به دۆزینه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی كه مرۆڤ له نه‌وه‌ی مه‌یموونه، خستییه كولتووری به‌رزه‌فڕ [ـی مرۆڤگه‌رایی] ڕۆژئاواوه؛ و برینێك كه خودی فرۆید به دۆزینه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی كه خودئاگایی له‌سه‌ر ناخودئاگایی ڕاوه‌ستاوه، و [عه‌قڵانییه‌تی] ڕۆژئاوای خسته به‌رده‌م گومانه‌وه. ئێستا له خۆم ده‌پرسم ئایا ناتوانرێت بگوترێت كه فرۆید، نیچە و ماركس ئێمه‌یان له‌ناو بازنه‌ی كاری ڕاڤه‌كردندا داناوه؛ ڕاڤه‌یه‌ك كه به‌رده‌وام به‌سه‌ر خۆیدا قڵپ ده‌بێته‌وه و له چوارده‌وری ئێمه‌دا و بۆ ئێمه، چه‌ندین ئاوێنه‌یان دروست كردووه كه وێنه‌كان بۆ ئێمه پێچه‌وانه ده‌كه‌نه‌وه و برینه ناكۆتاكانی ئه‌م وێنانه نه‌رجسییه‌تی ئه‌مڕۆی ئێمه پێكده‌هێنن؟ به‌هه‌رحاڵ، ده‌مه‌وێت له‌م باره‌یه‌وه چه‌ند پێشنیارێك بخه‌مه‌ڕوو. وادێته به‌رچاوم كه نیچە، فرۆید و ماركس نیشانه‌كانیان له كولتووری ڕۆژئاوادا به ژماره زۆر نه‌كردووه، هیچ مانایه‌كی تازه‌یان نه‌به‌خشیوه‌ته شتێكی به‌ده‌ر له مانا؛ شتێك كه خۆی له سه‌ره‌تاوه مانادار نه‌بووبێت. له ڕاستیدا، ئه‌وان به گشتی، چییه‌تیی نیشانه و شێوه‌ی ڕاڤه‌كردنی نیشانه‌یان گۆڕیوه؛ ڕێگه‌یه‌ك كه ده‌كرا نیشانه‌ی پێ ڕاڤه بكرێت.
به‌هۆی فرۆید، ماركس و نیچەوه، نیشانه‌كان له فه‌زایه‌كی ته‌واو جیاوازدا و له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌هه‌ندێك پۆلێن كران كه ده‌توانرێت به ڕه‌هه‌ندی قووڵایی ناو بنرێت؛ ئه‌ڵبه‌ته به‌و مه‌رجه‌ی كه مه‌به‌ست له ڕه‌هه‌ندی قووڵایی نه‌ك ناوه‌كێتی به‌ڵكه به پێچه‌وانه‌وه، ده‌ره‌كێتی بێت.
یه‌كه‌مین پرسیارێك كه ده‌مه‌وێت بیخه‌مه ڕوو ئه‌مه‌یه كه ئایا نیچە، فرۆید و ماركس فه‌زای دابه‌شكاریی یان به قووڵی نه‌گۆڕیوه، فه‌زایه‌ك كه تێیدا نیشانه‌كان ده‌توانن نیشانه بن؟
له سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌مدا- كه من ئه‌وم وه‌ك مه‌رجه‌ع و پێودانگێك له‌به‌رچاو گرت- نیشانه‌كان به شێوه‌یه‌كی هاوچه‌شن و یه‌كده‌ست له فه‌زایه‌كدا دهچنران و داده‌ڕێژران، كه هه‌مان فه‌زا خۆشی له ته‌واوی لایه‌نه‌كانه‌وه هاوچه‌شن و یه‌كده‌ست بوو؛ نیشانه زه‌مینییه‌كان بۆ ئاسمان ده‌نێردران یا بۆ جیهانی ژێره‌وه و ئه‌م نیشانانه له مرۆڤه‌وه بۆ گیانه‌وه‌ر ده‌گه‌ڕانه‌وه یا له گیانه‌وه‌ره‌وه بۆ گیا و به پێچه‌وانه‌شه‌وه. له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م به دواوه و به‌هۆی فرۆید، ماركس و نیچەوه، نیشانه‌كان له فه‌زایه‌كی ته‌واو جیاوازدا و له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌هه‌ندێك پۆلێن كران كه ده‌توانرێت به ڕه‌هه‌ندی قووڵایی ناو بنرێت؛ ئه‌ڵبه‌ته به‌و مه‌رجه‌ی كه مه‌به‌ست له ڕه‌هه‌ندی قووڵایی نه‌ك ناوه‌كێتی[8] به‌ڵكه به پێچه‌وانه‌وه، ده‌ره‌كێتی[9] بێت.
من به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت بیر له‌و مشتوومڕه دوورودرێژه‌ی نیچە ده‌كه‌مه‌وه كه هه‌میشه له‌گه‌ڵ قووڵاییدا ده‌یكات. لای نیچە، ڕه‌خنه‌ی قووڵایی یۆتۆپی، واته ڕه‌خنه‌ی قووڵایی ئاگایی بوونی هه‌یه، قووڵاییه‌ك كه نیچە وه‌ك داهێنانی گه‌وره‌ی فه‌یله‌سووفه‌كان ئاشكرای ده‌كرد و ڕه‌تی ده‌كرده‌وه؛ ئه‌م قووڵاییه ئایدیاڵییه، گه‌ڕانێكی په‌تیی و ده‌روونیی هه‌قیقه‌ته [قووڵایی یۆتۆپی، گه‌ڕانێكی په‌تییه له‌ناوه‌وه‌ی هه‌قیقه‌تدا]. نیچە نیشانی ده‌دات كه چۆن ئه‌م قووڵاییه هه‌ڵگری خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان، دووڕوویی و په‌رده‌پۆشییه؛ به شێوه‌یه‌ك كه ڕاڤه‌كار له كاتی ڕووماڵكردنی نیشانه‌كانی ئه‌م قووڵاییه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌یان، ده‌بێت به شێوه‌ی هێڵێكی ستوونی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه بچێت و نیشانی بدات كه ئه‌م قووڵاییه ناوهكێتییه له ڕاستیدا شتێكی جیاوازه له‌و شته‌ی كه ئه‌و ده‌یڵێت و په‌یوه‌ندیی نییه به‌و شته‌وه كه ڕاڤه‌كار ئاشكرای ده‌كات؛ دواجار، ڕاڤهكهر ده‌بێت [له هێڵه ستوونییهكه] بچێته خواره‌وه و به وته‌ی نیچه «هه‌ڵكۆڵه‌ری چاكی قووڵاییه‌كان»(1) بێت.
به‌ڵام له كاتی ڕاڤه‌كردندا، [ڕاڤه‌كار] ناتوانێت ئه‌م هێڵه ستوونییه بپێوێت و به شێوه‌یه‌كی ستوونی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه [له ئاسته‌وه بۆ قووڵایی] ئه‌م هێڵه ببڕێت، مه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ دروستكردنه‌وه‌ی دهرهكێتییهكی ڕووناكیده‌ر كه شاردراوه‌ته‌وه و داپۆشراوه. هه‌ر له‌م ڕووه‌وه، گه‌رچی ڕاڤه‌كار ده‌بێت وه‌ك ههڵكۆڵهر بچێته قووڵاییه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه، جووڵه‌ی ڕاڤه‌كردن، چه‌شنی جووڵه‌ی یه‌ك دهرپهڕیویی [یا چه‌شنی جووڵه‌ی ده‌رهاتن و ههڵتۆقینێكه]؛ ده‌رپه‌ڕین پتر به‌رزاییه‌كه كه به‌رده‌وام قووڵایی- به شێوه‌یه‌كی بنهڕهتیئاشكراتر و بینراوتر له ڕابردوو- له به‌رزایی خۆیدا ده‌نوێنێته‌وه. به‌م شێوه‌یه، قووڵایی هه‌روه‌ك نهێنییه‌كی ته‌واو سه‌تحیی دروست و جێگیر ده‌كرێته‌وه، به شێوه‌یه‌ك كه فڕینی هه‌ڵۆكان و هه‌ڵگه‌ڕان به كێودا و ته‌واوی ئه‌و ستوونێتییه ئێجگار گرنگه‌ی له زه‌رده‌شتدا، له مانای وردی وشه‌دا، قڵپبوونه‌وه‌ی قووڵایین و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی كه قووڵایی هیچ نییه جگه له گه‌مه‌یه‌ك و لۆچیی سه‌تح [قووڵایی، لۆچبوون و نووشتانه‌وه‌ی ئاسته]. هه‌رچی جیهان له به‌رامبه‌ر چاوی ئێمه‌دا قووڵتر بنوێنێت، ئه‌وكاته تێده‌گه‌ین كه ئه‌و شته‌ی كه قووڵایی مرۆڤی بارهێناوه، هیچ نییه جگه له گه‌مه‌یه‌كی منداڵانه.
له خۆم ده‌پرسم كه ئایا ئه‌م شوێنمهندیی[10]، ئه‌م گه‌مه نیچەییه له‌گه‌ڵ قووڵاییدا، شیاوی به‌راوردكردن نییه له‌گه‌ڵ گه‌مه‌یه‌كی به ڕواڵه‌ت جیاواز كه ماركس له‌گه‌ڵ سهتحیگهرییدا[platitude] ئه‌نجامیدا؟ چه‌مكی سهتحیگهریی لای ماركس زۆر گرنگه؛ ماركس له ده‌ستپێكی سه‌رمایه‌دا، ڕوونی ده‌كاته‌وه كه چۆن به پێچه‌وانه‌ی پرسیۆسـهوه، ئه‌و ده‌بێت بچێته ناخی قووڵایی ته‌مه‌وه تا به ڕاستی نیشانی بدات كه نه هیوولاكان بوونیان هه‌یه و نه مه‌ته‌ڵه قووڵه‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و قووڵاییه‌ی كه له جیهانبینی و چه‌مكسازیی بۆرژوازییدا هه‌یه له‌باره‌ی پاره، سه‌رمایه و به‌هاوه، له‌ڕاستیدا هیچ نییه جگه له سهتحیگهریی.
و بێگومان لێره‌دا ده‌بێت فه‌زایه‌كی ڕاڤه‌كردن به‌بیر بهێنرێته‌وه كه فرۆید دایمه‌زراند؛ فه‌زایه‌ك ئه‌ویش نه‌ك ته‌نها له شوێنناسیی ناوداری خودئاگا و ناخودئاگا، به‌ڵكه له ڕێساگه‌لێك دروست بكرێت كه بۆ توێژینه‌وه‌ی ده‌روونشیكارانه و ڕه‌مزشكێنی ده‌روونشیكار له ئاست ئه‌و شته‌ی كه له ڕه‌وتی «زنجیره»ـی گوتار و گفتوگۆدا ده‌وترێت، ڕێك بخرێت. و ده‌بێت شوێنمهندییهكی ته‌واو ماتریاڵی به‌بیر بهێنرێته‌وه كه فرۆید گرنگییه‌كی زۆری بۆ داده‌نا؛ شوێنمهندییهك كه تاكی نه‌خۆش ده‌خاته ژێر نیگای زاڵ و ده‌ستدرێژیكه‌ری دهروونشیكارهوه.
***
دووه‌مین تێگه‌یه‌ك[11] كه ده‌مه‌وێت بۆ ئێوه‌ی گه‌ڵاڵه بكه‌م، كه‌مێك به‌ستراوه به گریمانه‌ی پێشووتره‌وه، له‌دوای ئه‌و سێ بیرمه‌نده‌وه [نیچە، ماركس و فرۆید} كه كه‌مێك پێش ئێستا قسه‌م له‌سه‌ر كردن، ئه‌مه‌یه كه سه‌ره‌نجام ڕاڤه‌كردن گۆڕاوه بۆ كارێكی ناكۆتا و بێ‌سنوور.
له ڕاستیدا، له سه‌ده‌ی شانزهیهمیشدا ڕاڤه‌كردن كارێكی ناكۆتا و بێ بڕانه‌وه بوو، به‌ڵام نیشانه‌كان به‌رده‌وام بۆ یه‌كتر ده‌گه‌ڕانه‌وه. هۆی ئه‌مه‌ش ساده بوو، چون هاوشێوه‌یی ته‌نها ده‌یتوانی سنووردار بێت و به ڕاستیش زۆر سنووردار بوو. له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م به‌دواوه، نیشانه‌كان له تۆڕێكی ته‌واونه‌كراودا كه ئه‌ویش تۆڕێكی بێسنووره، به شێوه‌ی زنجیره‌یی گرێ ده‌درێن به یه‌كتره‌وه، نه‌ك به‌و هۆیه‌ی كه نیشانه‌كان له‌سه‌ر هاوشێوه‌ییه‌كی بێ‌سنوور وه‌ستاون، به‌ڵكه له‌و ڕووه‌وه كه كراوه‌یی و درزێكی پڕنه‌كراوه بوونی هه‌یه.
به باوه‌ڕی من، ناته‌واویی ڕاڤه، ئه‌مه‌ی كه ڕاڤه به‌رده‌وام پارچه پارچه‌یه و له‌وپه‌ڕی سنووری خۆیدا به هه‌ڵپه‌سێردراوی ده‌مێنێته‌وه، به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه له ئه‌ندێشه‌ی ماركس، فرۆید و نیچەدا و له قاڵبی په‌سه‌ندنه‌كردن و نكۆڵیكردنی ده‌ستپێكدا ده‌بینرێت. ڕه‌تكردنه‌وه‌ی «ڕابینسۆنێتیی»[12] به وته‌ی ماركس؛ جیاكاریی ئێجگار گرنگی نێوان ده‌ستپێك و ئاخێزگه لای نیچە؛ و تایبه‌تمه‌ندیی هه‌میشه ناته‌واوی میتۆدی گه‌ڕانه‌وه و شیكاریی لای فرۆید. ئه‌م ئه‌زموونه‌ی كه به چ ئه‌ندازه‌یه‌ك له ڕاڤه‌كردندا زیاتر پێش بكه‌وین، به هه‌مان ئه‌ندازه و له هه‌مان دۆخدا، زیاتر نزیك ده‌بینه‌وه له ناوچه‌یه‌كی ته‌واو ترسناك كه تێیدا نه‌ك ته‌نها ڕاڤه‌كردن پنتی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه، به‌ڵكه تێیدا خودی ڕاڤه‌كردن وه‌ك ڕاڤه له‌ناو ده‌چێت و ده‌شێت له‌ناوچوونی خودی ڕاڤهكهریشی به‌دواوه بێت؛ ئه‌مه ئه‌زموونێكه كه به تایبه‌ت لای نیچە و فرۆید و تا ئاستێكی كه‌متر لای ماركس ده‌بینرێت؛ و به بۆچوونی من، بۆ هێرمنۆتیكی مۆدێرن ئه‌زموونێكی ئێجگار گرنگه. بوونی هه‌میشه نزیكی پنتی ڕه‌های ڕاڤه‌كردن، هه‌ندێكجار ده‌توانێت بوونی پنتی دابڕانیش بێت. [هه‌بوونی پنتی ڕه‌های هه‌میشه‌یی له ڕاڤه‌كردندا، هاوكات هه‌بوونی پنتی دابڕانیشه[13]].
ئێمه باش ده‌زانین كه چۆن فرۆید ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی ڕاڤه‌كردنی، واته تایبه‌تمه‌ندیی له لایه‌نی پێكهاته‌ییه‌وه كرده‌وه و گه‌مه‌ی ڕاڤه‌كردنی دووباره پله‌به‌پله دۆزییه‌وه. ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه له سه‌ره‌تادا به چه‌شنێكی زۆر هێمایی و پتر داپۆشراو له ژیانی خۆیدا و له لێكدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌كاندا پێكهات، كاتێك كه فرۆید خه‌ونه‌كانی خۆی ڕاڤه كرد و بۆ ڕاوه‌ستاندنی ئه‌م كاری ڕاڤهكردنهش، په‌نای برده به‌ر هۆكارگه‌لێكی وه‌ك شه‌رم و ئابڕوو یا ئاشكرانه‌كردنی نهێنییه‌كی تاكه‌كه‌سی.
له ده‌روونشیكاریی دۆرادا، ده‌ركه‌وتنی ئه‌م ئایدیایه ده‌بینین كه ده‌ڵێت: پێویسته ڕاڤه‌كردن بوه‌ستێت و ناتوانێت تا دواسنوور بڕوات، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و شته‌وه كه ساڵانی دواتر به گواستنه‌وه[transference] ناوبرا. دوای ئه‌وه‌ش، له ڕێگه‌ی توێژینه‌وه‌ی هه‌ر گواستنهوهیهكهوه، ناكۆتابوونی لێكدانه‌وه له تایبه‌تمه‌ندیی ناسنووردار و بێ بڕانه‌وه‌ی گرفتسازی په‌یوه‌ندیی نێوان تاكی لێكدراوه له‌گه‌ڵ [ده‌روونشیكاری] لێكده‌ره‌وه و زاڵدا، پشتڕاست كرایه‌وه؛ په‌یوه‌ندییه‌ك كه بێگومان توخمی پێكهێنه‌ری ده‌روونشیكارییه و فه‌زایه‌ك ده‌كاته‌وه كه تێیدا ده‌روونشیكاریی به‌رده‌وام ده‌كشێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه هه‌رگیز بتوانێت بگاته خاڵی كۆتایی.
لای نیچەش ڕاڤه‌كردن به‌رده‌وام ناته‌واوه. فه‌لسه‌فه له دیدی نیچەدا چییه جگه له جۆرێك زمانناسیی كلاسیكی كه به‌رده‌وام له دۆخی هه‌ڵپه‌ساردندایه؛
وه‌ك ئاشكرایه لای نیچەش ڕاڤه‌كردن به‌رده‌وام ناته‌واوه. فه‌لسه‌فه له دیدی نیچەدا چییه جگه له جۆرێك زمانناسیی كلاسیكی[philology] كه به‌رده‌وام له دۆخی هه‌ڵپه‌ساردندایه؛ زمانناسییهكی ناكۆتا كه به‌رده‌وام پێش ده‌كه‌وێت و هه‌رگیز ناتوانێت ته‌واو چه‌سپاو بمێنێته‌وه؟ بۆچی؟ چون هه‌ر به‌و جۆره‌ی كه خۆی له كتێبی ئه‌ودیوی خێر وشهڕـدا(2) ده‌ڵێت: «ده‌شێت ئه‌مه خه‌سڵه‌تی بنه‌ڕه‌تیی بوون بێت، كه ئه‌گه‌ر كه‌سێك ده‌ستی بگاته مه‌عریفه‌ی كامڵ سه‌باره‌ت به بوون، ئه‌وا له‌ناو ده‌چێت»؛ ]له‌ناوچوون له ئه‌نجامی ناسینی ڕه‌هاوه، ڕه‌نگه ئه‌مه به‌شێك بێت له بنه‌ڕه‌تیی بوون[؛ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، نیچە له كتێبی ئه‌مه‌یه مرۆڤدا(3) نیشانی‌دا كه چه‌نده نزیك بووه له‌م مه‌عریفه كامڵه‌وه كه به‌شێكه له بنه‌ڕه‌تیی بوون، وه‌ك چۆن له پاییزی ١٨٨٨ـدا له شاری تۆرینۆ نزیك بوو]له له‌ناوچوونه‌وه[.
ئه‌گه‌ر له نامه‌كانی فرۆیددا، كه‌ڵكه‌ڵه هه‌میشه‌ییه‌كانی ئه‌و له قۆناغێكدا كه ده‌روونشیكاریی دۆزییه‌وه، ڕه‌مزشكێنی بكه‌ین، ]ئه‌وا[ ئه‌وكاته ده‌توانین له خۆمان بپرسین كه ئایا ئه‌زموونی فرۆید له‌ڕاستیدا تاڕاده‌یه‌ك هاوشێوه‌ی ئه‌زموونی نیچە نییه؟ ئه‌و شته‌ی كه له پنتی دابڕانی ڕاڤهكرندا ده‌خرێته ڕوو، ئه‌وشته‌ی كه له خواستی ڕاڤهكرندا هه‌یه، خواستێك كه ده‌یگه‌یێنێته پنتێك كه ئیتر خودی ڕاڤه‌كردن ناڕهخساو ده‌نوێنێت، ئه‌مه پێده‌چێت ته‌واو شتێكی وه‌ك ئه‌زموونی شێتی بێت.
ئه‌مه ئه‌زموونێكه كه نیچە جه‌نگی له‌گه‌ڵدا كرد و ]هاوكات[پێی سه‌رسام بوو؛ ئه‌زموونێك كه فرۆیدیش له ته‌واوی ژیانیدا ململانێی له‌گه‌ڵدا كرد، ئه‌ڵبه‌ته نه‌ك به‌بێ دڵه‌ڕاوكێ. ئه‌م ئه‌زموونه‌ی شێتی، سزای جووڵه‌ی ڕاڤه‌یه‌كه كه بێ بڕانه‌وه نزیك ده‌بێته‌وه له چه‌قی خۆی، ده‌سووتێت و له‌ناو ده‌چێت [نیچە].
***
به باوه‌ڕی من، ئه‌م ناته‌واوییه جه‌وهه‌رییه‌ی ڕاڤه‌كردن په‌یوه‌سته به دوو پره‌نسیپی تره‌وه كه ئه‌وانیش بنه‌ڕه‌تین و له‌گه‌ڵ دوو پره‌نسیپه‌كه‌ی پێشووتردا، كه كه‌مێك به‌ر له ئێستا قسه‌م له‌سه‌ر كردن،پێشگریمانه‌كانی[14]هێرمنۆتیكی مۆدێرن پێكده‌هێنن. یه‌كه‌م؛ ئه‌م پره‌نسیپه‌ی كه ڕاڤه هه‌رگیز ناگاته خاڵی كۆتایی و دوایی نایێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ شتێك بۆ ڕاڤه‌كردن بوونی نییه؛ هیچ شتێكی ته‌واو سه‌ره‌تایی بۆ ڕاڤه‌كردن بوونی نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ڕاستیدا هه‌موو شتێك پێشوه‌خت خودی ڕاڤه‌كردنه؛ و هه‌ر نیشانه‌یه‌ك شتێك نییه كه له خۆیدا و به خۆڕسك خۆی بۆ ڕاڤه‌كردن ده‌ربخات، به‌ڵكه هه‌ر نیشانه‌یه‌ك ڕاڤهكردنێكه له نیشانه‌كانی تر.
ڕاڤه ته‌نها ده‌توانێت ڕاڤه‌ی پێشتر به توندوتیژییه‌وه زه‌وت بكات، و پاشان ده‌بێت ژێروڕووی بكات و هه‌ڵیگه‌ڕێنێته‌وه و به لێدانی چه‌كوش وردی بكات.
هیچ ڕاڤهكراوێك [interpretandum]نییه كه پێشتر ڕاڤه‌كار [interpretans]نه‌بووبێت، چون ئه‌مه په‌یوه‌ندییه‌كه ڕه‌ق و به هه‌مان ئه‌ندازه ڕوونكه‌ره‌وه كه له پرۆسه‌ی ڕاڤه‌كردندا داده‌مه‌زرێت؛ له‌ڕاستیدا، ڕاڤه‌ی ڕوونكه‌ره‌وه بابه‌تێك نییه بۆ ڕاڤه‌كردن، بابه‌تێك كه به شێوه‌یه‌كی پاسیڤانه خۆی بخاته به‌رده‌م ڕاڤه‌كردنه‌وه؛ ڕاڤه ته‌نها ده‌توانێت ڕاڤه‌ی پێشتر به توندوتیژییه‌وه زه‌وت بكات، و پاشان ده‌بێت ژێروڕووی بكات و هه‌ڵیگه‌ڕێنێته‌وه و [به وته‌ی نیچە] به لێدانی چه‌كوش وردی بكات.
ئێمه ئه‌م خاڵه‌مان پێشتر لای ماركس بینیوه، ئه‌و نه‌ك مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، به‌ڵكه په‌یوه‌ندییه‌ك ڕاڤه ده‌كات كه چون خۆی هه‌ر وه‌ك سرووشت ده‌نوێنێت، پێشوه‌خت وه‌ك ڕاڤه ده‌خرێته ڕوو. ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه لای فرۆید ده‌بینرێت، فرۆیدیش نه‌ك نیشانه‌كان، به‌ڵكه ڕاڤه‌كان ڕاڤه ده‌كات. له ڕاستیدا، فرۆید له‌ژێر نیشانه‌ی نه‌خۆشییه‌كاندا[symptoms] چ شتێكی دۆزییه‌وه؟ ئه‌و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شته‌ی كه زۆرینه ده‌یڵێن، تراوماكانی [traumas] نه‌دۆزییه‌وه، به‌ڵكه وه‌همه‌كان [phantasms] و دۆخی دڵهڕاوكێهێنهری وه‌همه‌كانی دۆزییه‌وه؛ واته ناوكێك كه به خۆڕسك له بوونیدا، یه‌ك ڕاڤه‌یه. بۆ نموونه، به‌وچه‌شنه‌ی كه دال بۆ مه‌دلوول ده‌گه‌ڕێته‌وه، بێ ئیشتیایی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ له‌شیرگرتنه‌وه، به‌ڵكه وه‌ك نیشانه و سه‌مپتۆمێك كه پێویسته ڕاڤه بكرێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌همه‌كانی خراپی مه‌مكی دایك كه خۆی یه‌ك جۆر ڕاڤه‌یه و پێشوه‌خت وه‌ك ئه‌ندامێكی قسه‌كه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت. له‌به‌ر ئه‌مه فرۆید ده‌بوو ته‌نها ئه‌و شته ڕاڤه بكات كه له زمانی نهخۆشهكانییهوه وه‌ك نیشانه‌ی جیاواز پێشكه‌شی ده‌كرا؛ ڕاڤه‌كردنی فرۆید بریتی بوو له ڕاڤه‌كردنی ڕاڤه‌كردن له چوارچێوه‌ی وشه‌گه‌لێكدا كه ئه‌م ڕاڤه‌یه‌ی تێدا ده‌رده‌كه‌وت. ئێمه زۆر باش ئه‌وه ده‌زانین كه فرۆید ڕۆژێك چه‌مكی «منی باڵا-superego»ـی داهێنا، كه نه‌خۆشێك پێی وت: «هه‌ست به بوونی سه‌گێك ده‌كه‌م له خۆمدا»[15].
له ڕوانگه‌ی نیچەدا ڕاڤه‌كار «هه‌قیقه‌تبێژ»ـه؛ ڕاڤه‌كار «هه‌قیقه‌تبێژ»ـه نه به‌م هۆیه‌ی كه هه‌قیقه‌تێك له خه‌ودا زه‌وت ده‌كات تا بیهێنێته سه‌ر زمان، به‌ڵكه له‌و ڕووه‌وه كه ڕاڤه‌یه‌ك ده‌رده‌بڕێت كه كاركرد و ڕۆڵی هه‌ر هه‌قیقه‌تێك شاردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاڤه‌یه‌یه.
نیچەش به هه‌مان شێوه، ئه‌و ڕاڤانه زه‌وت ده‌كات، كه پێشتر یه‌كتریان زه‌وت كردووه. بۆ نیچە، یه‌ك مه‌دلوولی ئۆریجیناڵ و سه‌ره‌تایی بوونی نییه. خودی وشه‌كانیش هیچ نین جگه له خودی ڕاڤه‌كردن و، به درێژایی ته‌واوی مێژووی وشه‌كان به‌رله‌وه‌ی كه نیشانه بن، ڕاڤه ده‌كه‌ن و دواجار ته‌نها له‌و ڕووه‌وه ئاماژهكهرن كه خۆیان هیچ نین جگه له ڕاڤه بنچینهییهكان. ڕیشه‌ناسیی ناوداری agathos[باڵانهژاد](4) تاكه به‌ڵگه‌ی ئه‌م پرسه‌یه. هه‌روه‌ها ئه‌مه هه‌مان ئه‌و وته‌یه‌ی نیچەیه كه [ده‌ڵێت] هه‌میشه وشه‌كان له لایه‌ن چینه باڵاكانه‌وه داهێنراون: وشه‌كان ئاماژه ناكه‌ن بۆ یه‌ك مه‌دلوول، به‌ڵكه ڕاڤه‌یه‌ك ده‌سه‌پێنن. دواجار، به‌هۆی بوونی وشه سه‌ره‌تایی و مه‌ته‌ڵ ئاساكانهوه نییه كه ئێمه ئێستاكه خۆمان ته‌رخان كردووه بۆ كرده‌ی ڕاڤه‌كردن، به‌ڵكه پتر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ڕاڤه‌كان بوونیان هه‌یه، به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه له‌ژێر په‌رده‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه قسه ده‌كه‌ن، به‌رده‌وام ڕه‌وتێكی گه‌وره‌ی ڕاڤه‌كان یاخود توێژاڵێكی چڕی ڕاڤه توندوتیژه‌كان ئاماده‌یه و بوونی هه‌یه؛ هه‌ربه‌م هۆیه‌یه كه نیشانه‌كان هه‌ن، نیشانه‌گه‌لێك كه ڕێگه‌مان ده‌ده‌ن ڕاڤه‌كانیان ڕاڤه بكه‌ین و وه‌ك نیشانه قڵپیان بكه‌ینه‌وه. به‌پێی ئه‌م ڕوانگه‌یه، ده‌توانرێت بگوترێت كه allegoria[نیشانه‌ی ڕه‌مزیی] و hyponoia[گومان ]له بونیادی زماندان و ده‌كه‌ونه پێش زمانه‌وه؛ نه‌ك ئه‌و شته‌ی كه دواتر خزاوه‌ته ژێر وشه‌كانه‌وه تاوه‌كو شوێنیان بگۆڕێت و بیانجووڵێنێت، به‌ڵكه ئه‌و شته‌ی كه وشه‌كانی به‌دیهێناوه و به دروشانهوهیهكی گۆڕاوه‌وه ڕووناكیان ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه له ڕوانگه‌ی نیچەدا ڕاڤه‌كار «هه‌قیقه‌تبێژ»ـه؛ ڕاڤه‌كار «هه‌قیقه‌تبێژ»ـه نه به‌م هۆیه‌ی كه هه‌قیقه‌تێك له خه‌ودا زه‌وت ده‌كات تا بیهێنێته سه‌ر زمان، به‌ڵكه له‌و ڕووه‌وه كه ڕاڤه‌یه‌ك ده‌رده‌بڕێت كه كاركرد و ڕۆڵی هه‌ر هه‌قیقه‌تێك شاردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاڤه‌یه‌یه. ڕه‌نگه ئه‌م لهپێشترییهی ڕاڤه‌كردن له نیشانه‌كان، مسۆگه‌رترین و گرنگترین و دیارییكهرترین پنت بێت له هێرمنۆتیكی مۆدێرندا.
ئه‌م ئایدیایه‌ی كه ده‌ڵێت ڕاڤه‌كردن له‌پێشتره له نیشانه‌كان، هه‌ڵگری ئه‌و مانایه‌یه كه پێده‌چێت نیشانه چیتر بوونه‌وه‌رێكی ساده و خێرخواز نه‌بێت چه‌شنی ئه‌وه‌ی كه له سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌مدا وێنا ده‌كرا؛ سه‌ده‌یه‌ك كه تێیدا زۆری نیشانه‌كان و هاوشێوه‌یی شته‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ته‌نها میهره‌بانی و خێرخوازیی خواوه‌ندی ده‌سه‌لماند، و ته‌نها به په‌رده‌یه‌كی ته‌نك نیشانه‌ی له مه‌دلوول جیا ده‌كرده‌وه. به پێچه‌وانه‌وه، پێموایه له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و له‌دوای فرۆید، ماركس و نیچەوه نیشانه ده‌بێته [بوونه‌وه‌رێكی] به‌دخواز؛ مه‌به‌ستم ئه‌مه‌یه كه شێوه‌یه‌ك له دوالیزم[ـی واتایی] و كه‌مێك بهدخوازیی و «دڵپیسی» شاراوه له نیشانه‌دا هه‌یه. ئه‌مه‌ش له‌و ڕووه‌وه‌یه كه نیشانه پێشوه‌خت ڕاڤه‌یه‌كه كه خۆی به ڕاڤه نیشان نادات. نیشانه‌كان، ڕاڤهگهلێكن كه هه‌وڵده‌ده‌ن پاساو بۆ خۆیان بهێننه‌وه و نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه.
پاره‌ش به هه‌مان شێواز كار ده‌كات، وه‌ك چۆن له ڕه‌خنه‌ی ئابووریی سیاسی(5) و به تایبه‌ت كتێبی یه‌كه‌می سه‌رمایه‌دا، ڕوون كراوه‌ته‌وه. له ڕوانگه‌ی فرۆیدیشدا، نیشانه‌كانی نه‌خۆشی به هه‌مان شێواز كار ده‌كه‌ن. و لای نیچەش، وشه‌كان، دادپه‌روه‌ریی، پۆلێنی دوالیستی خێر و شه‌ڕ و دواجار وشه‌كان ده‌مامكن[16]. نیشانه، به‌هۆی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م كاركرده نوێیه‌وه، واته به هۆی شاردنه‌وه‌ی ڕاڤه‌كردنه‌وه، بوونی ساده‌ی خۆی وه‌ك دالێك له ده‌ستده‌دات؛ بوونێك كه هێشتا له سه‌رده‌می ڕێنیسانسدا لێی به‌هره‌مه‌ند بوو. وه‌ك بڵێی بارستایی تایبه‌تی نیشانه له‌یه‌ك بكرێته‌وه و ته‌واوی ئه‌و چه‌مكه نێگه‌تیڤانه‌ی كه تا هه‌نووكه نامۆ بوون به تیۆری نیشانه، ئه‌و ده‌رفه‌ته به ده‌ست دێنن كه خۆیان بخه‌نه درزی ئه‌و تیۆره‌وه. تیۆریی نیشانه ته‌نها ساتی شه‌فاف و نه ئه‌وه‌نده‌ش نێگه‌تیڤی په‌رده‌ی ده‌ناسی. [به‌ڵام] ئێستاكه ته‌واوی گه‌مه‌ی چه‌مكه نێگه‌تیڤه‌كان، پارادۆكسه‌كان و لێكدژییهكان و، به كورتی كۆی ئه‌و گه‌مانه‌ی هێزه كردهگهراكان كه دۆڵوز له كتێبه‌كه‌ی خۆیدا سه‌باره‌ت به نیچە، به چاكی شیكردوونه‌ته‌وه، سه‌رله‌نوێ ئه‌و ده‌رفه‌ته به‌ده‌ست ده‌هێنن كه له‌ناو تیۆری نیشانه‌دا ڕێك و سیستماتیك بكرێن.
ئه‌گه‌ر ئه‌م وته‌یه [ـی ماركس]، واته «خستنه‌سه‌رپێی دووباره‌ی دیالێكتیك» مانایه‌كی هه‌بێت، ئایا ماناكه‌ی ناتوانێت ئه‌مه بێت كه ته‌واوی ئه‌و گه‌مه‌ی نێگهتیڤێته، دووباره له بارستایی گه‌وره‌ی نیشانه‌دا، جێ بكرێته‌وه؛ واته له‌م فه‌زا كراوه و بێ‌سنوور و چڕه‌دا، له‌ناو ئه‌م فه‌زایه‌دا كه به‌بێ جه‌وهه‌ری ڕاسته‌قینه و به‌بێ ئاشتی، كۆی ئه‌و گه‌مه نێگه‌تیڤیته‌ی كه دیالێكتیك جه‌وهه‌ر و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی به‌تاڵ كرده‌وه كاتێك كه مانایه‌كی پۆزه‌تیڤی پێ به‌خشی؟
ئێمه ئه‌وشته ڕاڤه ناكه‌ین، كه له مه‌دلوولدا هه‌یه، به‌ڵكه له ڕاستیدا ئه‌مه ڕاڤه ده‌كه‌ین كه ئه‌مه چ كه‌سێك ئه‌م ڕاڤه‌یه‌ی گه‌ڵاڵه كردووه؛ پره‌نسیپی ڕاڤه هیچ نییه جگه له ڕاڤه‌كار، و ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و مانایه بێت كه نیچە به‌خشییه «ده‌روونناسی».
له كۆتاییدا، دواهه‌مین تایبه‌تمه‌ندیی هێرمنۆتیك ئه‌مه‌یه كه ڕاڤه‌كردن خۆی به ناچار ده‌زانێت تا ناكۆتا خۆی ڕاڤه بكاته‌وه؛ ناچار به‌مه‌ی كه ده‌بێت به‌رده‌وام سه‌رله‌نوێ به‌كار بهێنرێته‌وه و خۆی به‌دی بهێنێته‌وه. له‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌وه دوو ئاكامی گرنگ به‌ده‌ست دێت: یه‌كه‌م؛ ئه‌مه‌ی كه ڕاڤه له‌مه به‌دواوه هه‌میشه ڕاڤه‌ی «چ كه‌سێك؟» ده‌بێت؛ ئێمه ئه‌وشته ڕاڤه ناكه‌ین، كه له مه‌دلوولدا هه‌یه، به‌ڵكه له ڕاستیدا ئه‌مه ڕاڤه ده‌كه‌ین كه ئه‌مه چ كه‌سێك ئه‌م ڕاڤه‌یه‌ی گه‌ڵاڵه كردووه؛ پره‌نسیپی ڕاڤه هیچ نییه جگه له ڕاڤه‌كار، و ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و مانایه بێت كه نیچە به‌خشییه «ده‌روونناسی». دووه‌م ئاكام ئه‌مه‌یه كه‌ده‌بێت ڕاڤه به‌رده‌وام خۆی ڕاڤه بكات و، ناتوانێت نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆی. به پێچه‌وانه‌ی زه‌مه‌نی نیشانه‌كانه‌وه كه زه‌مه‌نی تێپه‌ڕینه، و به پێچه‌وانه‌ی زه‌مه‌نی دیالێكتیكه‌وه كه به‌هه‌رحاڵ زه‌مه‌نێكی هێڵییه، زه‌مه‌نی ڕاڤه، زه‌مه‌نێكی بازنه‌ییه؛ ئه‌م زه‌مه‌نه ناچاره دووباره له هه‌مان ئه‌و شوێنه‌وه تێپه‌ڕێت كه پێشتر پێیدا ڕۆشتووه، و سه‌ره‌نجام تاكه مه‌ترسییه‌كی به‌رده‌م ڕاڤه‌كردن، كه ئه‌ڵبه‌ته مه‌ترسییه‌ك له سه‌رووی هه‌موو مه‌ترسییه‌كانه‌وه، به شێوه‌یه‌كی پارادۆكس له نیشانه‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. نیشانه‌كان ڕاڤه ده‌خه‌نه به‌رده‌م مه‌ترسییه‌وه. مه‌رگی ڕاڤه واته باوه‌ڕبوون به بوونی نیشانه‌كان؛ نیشانه‌گه‌لێك كه به شێوه‌ی ئۆریجیناڵ، واقیعی و سه‌ره‌تایی وه‌ك هێما تۆكمه، نرخدار و میتۆدمهندهكان بوونیان هه‌بێت.
به پێچه‌وانه‌وه، ژیانی ڕاڤه، واته باوه‌ڕبوون به‌وه‌ی كه جگه له ڕاڤه‌كان هیچ شتێكی تر بوونی نییه؛ پێموایه ده‌بێت ئه‌م خاڵه به‌ته‌واوه‌تی ده‌رك بكرێت كه هێرمنۆتیك و نیشانه‌ناسی دوو دوژمنی دێرینی یه‌كترن؛ ئه‌مه خاڵێكه كه زۆرێك له هاوچه‌رخانی ئێمه فه‌رامۆشیان كردووه. هێرمنۆتیكێك كه له ڕاستیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاستی جۆرێك نیشانه‌ناسی و له‌سه‌ر ڕووی نیشانهناسییهك ده‌ق ده‌بێت، باوه‌ڕی به بوونی ڕه‌های نیشانه‌كان هه‌یه: ئه‌م جۆره هێرمنۆتیكه توندووتیژیی، ناته‌واویی و ناكۆتابوونی ڕاڤه‌كان پشتگوێ ده‌خات تا ترس و تۆقینی نیشانه زاڵ بكات و گومان بخرێته سه‌ر زمان. لێره‌دایه كه ماركسیزم له‌دوای ماركسه‌وه ده‌ناسینه‌وه. به پێچه‌وانه‌وه، هێرمنۆتیكێك كه به‌سه‌ر خۆیدا ده‌نووشتێته‌وه و ده‌ق ده‌بێت، ده‌چێته ناو پانتایی و ئه‌و قهڵهمڕهوانهوه كه به‌رده‌وام له‌سه‌ر یه‌ك ده‌ق ده‌بن و ده‌نووشتێنه‌وه، واته ده‌چێته ناوچه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان شێتی و زمانی په‌تیی. لێره‌دایه كه دووباره نیچە ده‌ناسینه‌وه.
گفتوگۆ
بوئێم[17]: به‌ڕێز فوکۆ، تۆ به باشی ئه‌وه‌ت نیشاندا كه لای نیچە ڕاڤه هه‌رگیز ڕاناوه‌ستێت و ته‌نانه‌ت ڕه‌وتی واقیعییه‌ت بنیات ده‌نێت؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، بۆ نیچە ڕاڤه‌كردنی جیهان و گۆڕینی جیهان دوو شتی جیاواز نییه. به‌ڵام ئایا بۆ ماركسیش به هه‌مان جۆره؟ ماركس له ده‌قێكی ناوداردا، گۆڕینی جیهان و ڕاڤه‌كردنی جیهان له به‌رامبه‌ر یه‌كتردا داده‌نێت…[18]
میشێل فوکۆ: چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌م ده‌كرد كه ئه‌م وته‌یه[ـی ماركس] دژی وته‌كانم بهێنرێته‌وه؛ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئابووریی سیاسی، ده‌بینن كه ماركس به‌رده‌وام ئابووریی سیاسی به فۆرمێك له ڕاڤه‌كردن داده‌نێت. ئه‌و ده‌قه [چه‌ند تێزێك ده‌رباره‌ی فۆیه‌رباخ] له‌باره‌ی ڕاڤه‌وه پتر گرنگی به فه‌لسه‌فه و كۆتایی فه‌لسه‌فه ده‌دات. به‌ڵام ئایا ئابووریی سیاسی به‌و چه‌شنه‌ی كه ماركس لێی تێده‌گات، ناتوانێت یه‌ك ڕاڤه بێت، ڕاڤه‌یه‌ك كه ڕه‌تكراوه نه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌توانێت گۆڕینی جیهان له‌به‌رچاو بگرێت و به جۆرێك له جۆره‌كان ناوه‌كی بكاته‌وه؟
بوئێم: پرسیارێكی تر: ئایا پرسی بنچینه‌یی و گرنگ بۆ ماركس، نیچە و فرۆید، ئایدیای خۆفریودانی ئاگایی نییه؟ ئایا لێره‌دا ئایدیایه‌كی نوێ نییه كه به‌ر له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م بوونی نه‌بووه و ئایا ده‌توانرێت سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ئایدیا نوێیه له هیگڵدا بدۆزرێته‌وه؟
میشێل فوکۆ: ڕه‌نگه سستی و لاوازیی له منه‌وه بێت كه ناچارم پێت بڵێم ئه‌مه به وردی ئه‌و شته نییه كه ده‌مویست گه‌ڵاڵه‌ی بكه‌م؛ من ده‌مویست توێژینه‌وه له‌سه‌ر ڕاڤه بكه‌م به‌و چه‌شنه‌ی كه هه‌یه. بۆچی دووباره ده‌ستمان كرده‌وه به ڕاڤه‌كردن؟ ئایا له‌ژێر كاریگه‌ریی هیگڵدا بووه؟
ئه‌و شته‌ی كه به‌ڵگه‌نه‌ویسته ئه‌مه‌یه كه هه‌رچۆنێك بێت، گۆڕانێك له‌و چییه‌تی و گرنگیی و بایه‌خه‌ی كه بۆ نیشانه‌یان داده‌نا، ڕوویداوه؛ گۆڕانێك كه له كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌یه‌م یا له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا ڕوویداوه؛ ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ندین به‌ڵگه‌ی فراوان. بۆ نموونه، دۆزینه‌وه‌ی زمان‌ناسی له مانای كلاسیكی وشه‌دا، ڕێكخستنی تۆڕێك له زمانه هیندۆئهوروپییهكان، ئه‌م ڕاستییه‌ی كه میتۆده‌كانی پۆلێن‌كردن ڕه‌هه‌ندی سوودمه‌ندبوونیان له‌ده‌ستداوه، هه‌موو ئه‌مانه ده‌شێت جیهانی كولتووریی نیشانهكانمانی سه‌رله‌نوێ به ته‌واوه‌تی ڕێكخستبێتهوه. شتگه‌لێكی وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ی سرووشت- ئه‌ڵبه‌ته فه‌لسه‌فه‌ی سرووشت له مانا ئێجگار گهشهكردووهكهیدا- نه‌ك ته‌نها لای هیگڵ، به‌ڵكه لای ته‌واوی ئه‌ڵمانییه هاوچه‌رخه‌كانی هیگڵ، بێگومان به‌ڵگه‌ی ئه‌م گۆڕانه‌یه له سیسته‌می نیشانه‌كاندا كه له‌م ساته مێژووییه‌دا له كولتووردا ڕوویداوه.
هه‌ست ده‌كه‌م له‌باره‌ی ئه‌م جۆره كێشه‌یه‌وه كه ئێستا له‌ئارادایه، چاكتر و پڕ به‌رهه‌متر ده‌بێت ئه‌گه‌ر له ئایدیای فریودانی ئاگایی، تێگه‌یه‌ك ببینین كه به‌رهه‌می گۆڕانی سیسته‌می نیشانه‌كانه، له جیاتیی ئه‌وه به پێچه‌وانه‌وه، ده‌بێت ئاخێزگه‌ی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ڕاڤه‌كردن له گۆڕانی سیسته‌می نیشانه‌كاندا بدۆزینه‌وه.
تاوبیس[19]: ئایا لێكدانه‌وه‌ی به‌ڕێز فوکۆ كه‌موكوڕ و ناته‌واو نییه؟ ئه‌و ته‌كنیكه‌كانی لێكدانه‌وه‌ی ئایینی له‌به‌رچاو ناگرێت، كه ڕۆڵێكی ده‌ستنیشانكه‌ر و سه‌ره‌كیان هه‌بووه له مێژووی ڕاڤه‌كردندا. و ناگه‌ڕێت به‌دوای په‌یوه‌ندیی مێژوویی ڕووتدا. به‌پێی ئه‌و شته‌ی كه به‌ڕێز فوکۆ ڕوونی كرده‌وه، پێموایه كه ڕاڤه له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا به هیگڵ ده‌ست پێ ده‌كات.
میشێل فوکۆ: من له‌باره‌ی ڕاڤه‌ی ئاینییه‌وه كه له ڕاستیدا گرنگییه‌كی زۆری هه‌بووه، قسه‌م نه‌كرد؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له مێژوویه‌كی زۆر كورتدا كه نه‌خشه‌م كێشا، پتر په‌رژامه سه‌ر نیشانه‌كان و نه‌ك بپه‌رژێمه سه‌ر مانا. دابڕانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م ]له سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌یه‌م و تاڕاده‌یه‌ك سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م[ ده‌توانرێت له‌ژێر ناوی هیگڵدا دابنرێت. به‌ڵام له مێژووی نیشانه‌كاندا- ئه‌ڵبه‌ته له به‌ربڵاوترین ڕه‌هه‌ندی جوگرافیاندا- دۆزینه‌وه‌ی زمانه هیندۆئه‌وروپاییه‌كان، له‌ناوچوونی ڕێزمانی زمانی گشتی و، شوێنگرتنه‌وه‌ی چه‌مكی ئۆرگانیزم له جیاتیی چه‌مكی تایبه‌تمه‌ندیی، باوه‌ڕ بكه‌ن «گرنگی»ـه‌كی كه‌متریان نه‌بووه له فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ. نابێت مێژووی فه‌لسه‌فه و دێرینه‌ناسیی ئه‌ندێشه به یه‌ك شت بزانرێن.
جیانی ڤاتیمۆ[20]: ئه‌گه‌ر به درووستی له وته‌كانت تێگه‌یشتبم، ]ئه‌وا[ ده‌بێت ماركس له ڕیزی ئه‌و بیرمهندانهدا پۆلێن بكرێت كه وه‌ك نیچە، ناكۆتابوونی ڕاڤه‌یان دۆزییه‌وه. سه‌باره‌ت به نیچە ته‌واو هاوڕام له‌گه‌ڵت. به‌ڵام ئایا لای ماركس، به ناچاری بوارگهیهك بۆ چوونه ژووره‌وه بوونی نییه؟ ئه‌گه‌ر ژێرخان به مانای ئه‌و شته نه‌بێت كه ده‌بێت وه‌ك بونیاد له‌به‌رچاو بگیرێت، كه‌واته چییه؟
میشێل فوکۆ: من ئایدیاكهمم سه‌باره‌ت به ماركس زۆر په‌ره‌پێنه‌دا؛ ته‌نانه‌ت ده‌ترسم دووباره نه‌توانم ئایدیاكه‌م ڕوون بكه‌مه‌وه. به‌ڵام بۆ نموونه، هه‌ژده‌یه‌می برۆمێر(6) له‌به‌رچاو بگره: ماركس هه‌رگیز ڕاڤه‌ی خۆی وه‌ك ڕاڤه‌ی كۆتایی نابینێت. ئه‌و باش ده‌زانێت و ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه ده‌توانرێت له ئاستێكی قووڵتر یا له ئاستێكی گشتیتردا ڕاڤه ئه‌نجام بدرێت و، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك كه له ئاستدا ]سطح[ بێت، بوونی نییه.
كێشه‌ی فره‌یی ڕاڤه‌كان و جه‌نگی ڕاڤه‌كان له لایه‌نی پێكهاته‌ییه‌وه، ته‌نها به‌هۆی خودی پێناسه‌ی ڕاڤه‌وه كه تا ناكۆتا درێژ ده‌بێته‌وه و پێكدێت، ئه‌گه‌ری ڕه‌خسانی هه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه پنتێكی ڕه‌ها بوونی هه‌بێت كه به‌پێی ئه‌و پنته، ڕاڤه بتوانێت خۆی بنرخێنێت و مسۆگه‌ریی به‌ده‌ست بهێنێت.
ژان واڵ[21]: پێموایه جه‌نگێك لەنێوان نیچە و ماركس و له‌نێوان نیچە و فرۆیددا هه‌یه، هه‌رچه‌نده كۆمه‌ڵێك هاوشێوه‌یی و لێكچوون له‌نێوانیاندا هه‌بێت. ئه‌گه‌ر هه‌ق به ماركس بێت، ]ئه‌وا[ ده‌بێت نیچە وه‌ك دیارده‌یه‌كی په‌یوه‌ست به بۆرژوازیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه ڕاڤه بكه‌ین؛ ئه‌گه‌ر هه‌ق به فرۆید بێت، ]ئه‌وا[ ده‌بێت ناخودئاگای نیچە بناسین. كه‌واته من جۆرێك جه‌نگ ده‌بینم له‌نێوان نیچە و ئه‌و دووانه‌ی تردا.
ئایا ئه‌وه ڕاست نییه كه ئێمه زیاد له ڕاده‌به‌ده‌ر ڕاڤه‌مان هه‌یه؟ ئێمه دووچاری «نه‌خۆشی ڕاڤه»ین. بێگومان ده‌بێت به‌رده‌وام ڕاڤه بكه‌ین. به‌ڵام ئایا هێشتا شتێك بۆ ڕاڤه‌كردن هه‌یه؟ و دووباره ده‌پرسم: چ كه‌سێك ڕاڤه ده‌كات؟ سه‌ره‌نجام ئه‌مه‌ی كه ئێمه فریومان خواردووه، به‌ڵام له لایه‌ن چ كه‌سێكه‌وه؟ یه‌ك فریوده‌ر هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م فریوده‌ره كێیه؟ به‌رده‌وام فره‌ییه‌ك له ڕاڤه‌كان هه‌ن: ماركس، فرۆید، نیچە، و هه‌روه‌ها گۆبینۆ … ماركسیزم هه‌یه، ده‌روونشیكاریی هه‌یه و، هه‌روه‌ها به مانایه‌ك ڕاڤه ڕادیكاڵه‌كان هه‌ن…
میشێل فوکۆ: پێموایه كێشه‌ی فره‌یی ڕاڤه‌كان و جه‌نگی ڕاڤه‌كان له لایه‌نی پێكهاته‌ییه‌وه، ته‌نها به‌هۆی خودی پێناسه‌ی ڕاڤه‌وه كه تا ناكۆتا درێژ ده‌بێته‌وه و پێكدێت، ئه‌گه‌ری ڕه‌خسانی هه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه پنتێكی ڕه‌ها بوونی هه‌بێت كه به‌پێی ئه‌و پنته، ڕاڤه بتوانێت خۆی بنرخێنێت و مسۆگه‌ریی به‌ده‌ست بهێنێت. به شێوه‌یه‌ك كه هه‌ر ڕاڤهكارێك ده‌بێت ئه‌مه بزانێت كه: له هه‌مان ئه‌و ساته‌دا كه ڕاڤه ده‌كه‌ین، مه‌حكوومین به‌وه‌ی كه ڕاڤه بكرێین. ئه‌م فره‌ییه‌ی ڕاڤه‌كان بێگومان تایبه‌تمه‌ندییه‌كه كه به قووڵی خاسییه‌تی تاقانه‌ی كولتووری هه‌نووكه‌یی ڕۆژئاوا نیشان ده‌دات.
ژان واڵ: له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا كه‌سانێك هه‌ن كه ڕاڤه‌كار نین.
میشێل فوکۆ: له‌م حاڵه‌ته‌دا، ته‌نیا دووپات ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وانه خودی زمان دووباره ده‌كه‌نه‌وه.
ژان واڵ: بۆچی؟ بۆچی وه‌ها بڵێین؟ ئاسایی ده‌مانه‌وێت به شێوه‌ی جۆراوجۆر كلۆدل ڕاڤه بكه‌ین، به شێوه‌ی ماركسیستی، به شێوه‌ی فرۆیدیی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، خاڵی گرنگ ئه‌مه‌یه كه هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌م به‌رهه‌مانه به‌رهه‌می كلۆدلن. وتنی ئه‌م خاڵه له ئاست ]به‌رهه‌مه‌كانی[ نیچەدا دژوارتره. سه‌باره‌ت به ڕاڤه ماركسیستییهكان و فرۆیدییهكان، مه‌ترسیی گوێڕایه‌ڵی و ملپێدان … هه‌یه.
میشێل فوکۆ: من ناڵێم گوێڕایه‌ڵییه! ئه‌وه ڕوونه كه له ته‌كنیكه‌كانی ڕاڤه‌ی نیچەدا، شتێك هه‌یه كه جیاوازییه‌كی ڕیشه‌یی هه‌یه و ئه‌مه‌ش واده‌كات كه نه‌توانین نیچە له‌و گرووپانه‌دا جێ بكه‌ینه‌وه كه ئێستاكه له لایه‌كه‌وه كۆمۆنیسته‌كان و له لایه‌كی تره‌وه ده‌روونشیكاران نوێنه‌رایه‌تیان ده‌كه‌ن. له‌مڕۆدا نیچەییهكان، پتر نیچە ڕاڤه ده‌كه‌ن…
ژان واڵ: ئایا نیچەییهكان بوونیان هه‌یه؟ وابزانم سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ئه‌وانمان خسته به‌ر گومان و پرسیاره‌وه!
بارۆنی[22]: ده‌مه‌وێت له تۆ بپرسم كه ئایا پێتوانییه كه بتوانرێت له‌نێوان نیچە، فرۆید و ماركسدا، ئه‌م هاوشانییه دابمه‌زرێت: نیچە له ڕاڤهكهیدا به شوێن لێكدانه‌وه‌ی هه‌سته باشه‌كان و نیشاندانی ئه‌و شته‌وه‌یه كه له ڕاستیدا ئه‌م هه‌ستانه داده‌پۆشن (بۆ نموونه له ڕه‌چه‌ڵه‌كناسیی ئه‌خلاقدا). فرۆید له ده‌روونشیكاریدا په‌رده له‌سه‌ر ئه‌و شته لاده‌دات كه جه‌وهه‌ری شاراوه‌یه؛ لێره‌شدا، ڕاڤه بۆ هه‌سته باشه‌كان كاره‌ساتباره. ماركس هێرش ده‌كاته سه‌ر ئاگایی بۆرژوازیی و ئه‌و شته نیشان ده‌دات، كه له واقیعدا بوونی هه‌یه. به شێوه‌یه‌ك پێموایه ئه‌م سێ جۆره ڕاڤه‌یه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ئایدیایهدان كه: نیشانه‌گه‌لێك بۆ وه‌رگێڕان هه‌ن كه ده‌بێت ئاماژه‌كانیان بدۆزرێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م وه‌رگێڕانه ساده نه‌بێت و، ده‌بێت هه‌نگاو به هه‌نگاو و ده‌شێت تا ناكۆتا ئه‌نجام بدرێت و ڕه‌نگڕێژ بكرێت.
به‌ڵام پێموایه جۆرێكی تری ڕاڤه له ده‌روونناسیدا هه‌یه كه ته‌واو دژبه‌ر ده‌نوێنێت، و دووباره ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌م كه به‌ڕێزت قسه‌ت له‌باره‌وه كرد. ئه‌م ڕاڤه‌یه ڕاڤه‌ی كارڵ گۆستاڤ یۆنگه كه به وردی ژه‌هرێكی كه‌مكه‌ره‌وه‌ی له جۆری ڕاڤه‌ی فرۆیدیی ئاشكرا كرد. یۆنگ ڕه‌مز له به‌رامبه‌ر نیشانه‌دا داده‌نێت؛ نیشانه ئه‌و شته‌یه كه ده‌بێت وه‌ربگێڕدرێت بۆ جه‌وهه‌ره شاراوه‌كه‌ی، له كاتێكدا كه ڕه‌مز خۆی قسه ده‌كات. هه‌رچه‌نده كه‌مێك پێش ئێستا وتم به بۆچوونی من نیچە له‌پاڵ فرۆید و ماركسدا جێده‌گرێت، به‌ڵام له ڕاستیدا پێموایه لێره‌دا نیچە ده‌توانێت نزیكیش بێت له یۆنگ. بۆ نیچەش هه‌روه‌ك یۆنگ، لێكدژییه‌ك هه‌یه له‌نێوان «من» و «ئه‌و»ـدا، له‌نێوان عه‌قڵی بچووك و عه‌قڵی گه‌وره‌دا. نیچە ڕاڤه‌كارێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بڕه‌ر و ته‌نانه‌ت بێبه‌زه‌ییه؛ به‌ڵام لای ئه‌و، شێوه‌یه‌ك له گوێڕایه‌ڵی بۆ «عه‌قڵی گه‌وره» هه‌یه كه ئه‌مه‌ش نزیكی ده‌كاته‌وه له كارڵ یۆنگ.
میشێل فوکۆ: بێگومان هه‌ق به ئێوه‌یه.
خانم ڕامنۆ[23]: ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌م خاڵه كه بۆچی له‌باره‌ی ڕۆڵی لێكدانه‌وه‌ی ئایینییه‌وه قسه‌ت نه‌كرد؟ پێموایه كه ناتوانرێت ته‌نانه‌ت مێژووی وه‌رگێڕان پشتگوێ بخرێت: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر وه‌رگێڕێكی كتێبی موقه‌ده‌س له بنچینه‌دا به خۆی ده‌ڵێت ئه‌و مانایه‌ی ده‌ربڕیوه كه جێ مه‌به‌ستی خواوه‌نده و سه‌ره‌نجام ده‌بێت ڕاستگۆییه‌كی ڕاسته‌قینه و بێ‌سنوور له وه‌رگێڕانه‌كه‌یدا به‌كار بهێنێت. ده‌ره‌نجام ئه‌مه‌ی كه وه‌رگێڕانه‌كان به درێژایی زه‌مه‌ن ده‌گۆڕدرێن و له ماوه‌ی ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ی وه‌رگێڕانه‌كاندا، شتێك ئاشكرا ده‌بێت. ئه‌مه پرسیارێكه گه‌لێك دژوار…
هه‌روه‌ها پێش بیستنی وته‌كانت، بیرم له‌و په‌یوه‌ندییه شیاوهی نێوان نیچە و فرۆید كرده‌وه؛ ئه‌گه‌ر پێڕستی به‌رهه‌مه ته‌واوه‌كانی فرۆید و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كتێبه‌كه‌ی جۆنز[24] له‌به‌رچاو بگریت، دواجار شتگه‌لێكی زۆر كه‌می تێدا ده‌دۆزیته‌وه. كتوپڕ به خۆمم وت: كێشه‌كه پێچه‌وانه‌یه. بۆچی فرۆید له ئاست نیچەدا بێده‌نگی هه‌ڵبژارد؟
كه‌واته لێره‌دا دوو خاڵی گرنگ هه‌ن: یه‌كه‌م ئه‌مه‌ی كه پێموایه له ساڵی ١٩٠٨ـدا قوتابییه‌كانی فرۆید، واته ڕانكه و ئادله‌ر هاوشێوه‌یی و لێكچوونیان له‌نێوان تێزه‌كانی نیچە (به تایبه‌ت ڕه‌چه‌ڵه‌كناسیی ئه‌خلاق) و تێزه‌كانی فرۆیددا، كرده بابه‌تی یه‌كێك له كۆبوونه‌وه بچووكه‌كانیان. فرۆید به خۆپارێزییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌وه، ئه‌م كاره‌ی به‌وان سپارد و، پێموایه ئه‌و شته‌ی كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا دركاندی، تاڕاده‌یه‌ك ئه‌مه‌یه: نیچە له‌وێدا ئایدیاگه‌لێكی زۆر له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت.
خاڵێكی تر ئه‌مه‌یه كه له ساڵی ١٩١٠ به‌دواوه، فرۆید په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ لۆ سالۆمه دروست ده‌كات؛ بێگومان ئه‌و تێزی سه‌ره‌تایی یا لێكدانه‌وه‌ی فێركاریی له لۆ سالۆمهدا ئه‌نجام ده‌دا.(7) دواجار ده‌بێت له ڕێگه‌ی لۆ سالۆمهوه، جۆرێك په‌یوه‌ندیی پزیشكی له‌نێوان فرۆید و نیچەدا هه‌بووبێت. به‌ڵام فرۆید نه‌یده‌توانی قسه‌ی له‌باره‌وه بكات. خاڵی به‌ڵگه‌نه‌ویست ئه‌مه‌یه كه هه‌موو ئه‌و شته‌ی كه لۆ سالۆمه دواتر چاپی كرد، له ڕاستیدا به‌شێكه له لێكدانه‌وه‌ی به‌ربڵاوی فرۆید و ده‌بێت له‌م ڕوانگه‌وه بخوێنرێته‌وه. پاشان ئێمه كتێبی مو‌سا و یه‌كتاپه‌رستی(8) فرۆیدمان هه‌یه كه تێیدا جۆرێك گفتوگۆ هه‌یه له‌نێوان فرۆید و نیچەی ڕه‌چه‌ڵه‌كناسیی ئه‌خلاق. ده‌بینیت، من چه‌ند پرسێكم بۆ تۆ خسته‌ڕوو، ئایا تۆ شتێكی زیاتر له‌م باره‌وه ده‌زانیت؟
له ڕاستیدا، بێده‌نگی سه‌رسامكه‌ری فرۆید له ئاست نیچەدا منی دووچاری سه‌رسوڕمان كرد.
میشێل فوکۆ: نه‌خێر، هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا هیچ شتێكی زیاتر له‌م باره‌وه نازانم؛ له ڕاستیدا، بێده‌نگی سه‌رسامكه‌ری فرۆید له ئاست نیچەدا- ئه‌ڵبه‌ته جگه له یه‌ك یا دوو ڕسته‌ی كورت- ته‌نانه‌ت له نامهنووسینهكانیدا منی دووچاری سه‌رسوڕمان كرد. له ڕاستیدا ئه‌مه تاڕاده‌یه‌ك [په‌یوه‌ندییه‌كی] ئاڵۆز و ڕه‌مزاوییه. ڕوونكردنه‌وه له ڕێگه‌ی لێكدانه‌وه‌ی لۆ سالۆمهوه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه فرۆید نه‌توانێت شتێكی زیاتر له‌م باره‌وه بڵێت…
خانم ڕامنۆ: نه‌یده‌ویست شتێكی زیاتر له‌م باره‌وه بڵێت…
دیمۆنبینس[25]: تۆ له‌باره‌ی نیچەوه وتت كه ئه‌زموونی شێتی نزیكترین خاڵه له ناسینی ڕه‌هاوه؛ ده‌توانم لێت بپرسم كه به بۆچوونی تۆ نیچە تا چ سنوورێك ئه‌زموونێكی له شێتی‌دا هه‌بوو؟ ئه‌گه‌ر كه‌مێك كاتی زۆرترت هه‌بووایه، ئاسایی زۆر سه‌رنجڕاكێشتر ده‌بوو كه هه‌مان پرسیارت له ئاست مرۆڤه مه‌زنه‌كانی تردا گه‌ڵاڵه بكردایه؛ له ئاست شاعیران یا نووسه‌رانێكی وه‌ك هۆڵده‌رلین، نێرڤال یا موپاسان، یا ته‌نانه‌ت مۆسیقازانی وه‌ك شومان، هێنری دوپاك یا مۆریس ڕاوڵ. به‌ڵام با له سنووری نیچەدا بمێنینه‌وه. ئایا به درووستی لێی تێگه‌یشتووم؟ چون بەڕاستی تۆ له‌باره‌ی ئه‌م ئه‌زموونی شێتییه‌وه قسه‌ت كرد. ئایا به‌ڕاستی ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه ده‌تویست بیڵێیت؟
میشێل فوکۆ: به‌ڵێ.
دیمۆنبیس: نه‌تده‌ویست بڵێیت «ئاگایی» یا «پێش زانست» یا پێش هه‌ستی شێتی؟ ئایا به‌ڕاستی پێتوایه كه ده‌توانرێت… بگوترێت كه مرۆڤه مه‌زنه‌كانی وه‌ك نیچە ده‌توانن «ئه‌زموونی شێتی»ان هه‌بێت؟
میشێل فوکۆ: پێت ده‌ڵێم به‌ڵێ، به‌ڵێ.
دیمۆنبیس: له مانای ئه‌وه تێناگه‌م، چون من مرۆڤێكی مه‌زن نیم!
میشێل فوکۆ: من وه‌ها شتێك ناڵێم، ناڵێم تۆ مرۆڤێكی مه‌زن نیت.
كیلكیل[26]: پرسیاره‌كه‌ی من زۆر كورته و به‌ستراوه به ناوهڕۆك و بنچینه‌وه؛ به‌ستراوه به‌و شته‌وه كه تۆ ناوت لێنا «ته‌كنیكه‌كانی ڕاڤه‌كردن»، و وادیاره كه نامه‌وێت بڵێم یه‌ك جێگره‌وه، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت یه‌ك جێ‌نشین، یه‌ك جێنشینی شیاو بۆ فه‌لسه‌فه له‌و ]ته‌كنیكانه‌دا[ ده‌بینیت. ئایا پێتوانییه كه ئه‌م ته‌كنیكانه‌ی ڕاڤه‌كردنی جیهان به‌ر له هه‌ر شت ته‌كنیكی «ده‌رمان»، ته‌كنیكی «چاره‌سه‌ر» بن- ئه‌ڵبه‌ته له گشتیترین مانای وشه‌ی ده‌رماندا-]ده‌رمان[ـی كۆمه‌ڵگه لای ماركس، ]ده‌رمان[ـی تاك لای فرۆید، و ]ده‌رمان[ـی مرۆڤایه‌تی لای نیچە؟
میشێل فوکۆ: له ڕاستیدا، پێموایه كه مانای ڕاڤه‌كردن له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا ته‌واو نزیكه له‌و شته‌وه كه تۆ به ده‌رمان و چاره‌سه‌ر تێی ده‌گه‌یت. له سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌م، ڕاڤه زیاتر له‌پاڵ «وه‌حی» و چه‌مكی «ڕزگاریی»ـدا، مانای وه‌رده‌گرت. لێره‌دا من ته‌نها وته‌یه‌كی مێژوونووسێكتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه به‌ناوی گارسیاوه؛ ئه‌و له ساڵی ١٨٦٠ـدا وتوویه‌تی: «له سه‌رده‌می ئێمه‌دا ته‌ندرووستی شوێنی ڕزگاریی گرتووه‌ته‌وه.»
یادداشته‌كان
- F. Nietzsche, Morgenvothe, Leipzig, C. G. Naumann, 1880.
- F. Nietzsche, Jenseits Von Gut und Bose, Vorspiel einer Philosophie der Zukunft, Leipzig, C. G. Naumann, 1886.
- F. Nietzsche, Ecce Homo, Wie man wird, was man ist, Leipzig, C. G. Naumann, 1889.
- بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: نیچه، ڕه‌چه‌ڵه‌كناسیی ئه‌خلاق، گوتاری یه‌كه‌م، بڕگه‌ی 4 و 5.
- K. Marx, Zur Kritik der Politischen Oekonomie, Berlin, Franz Danker, 1859.
- K. Marx, Der Achtzehnte Brumaire des Louis Bonaparte, in Die Revolution, Eine zeitschrift in Zwanglasen Haften, ed. J. Weydemeyer, Erstes Heft, New York, 1852.
- ئاماژه‌یه بۆ نامه گۆڕینه‌وه‌كانی فرۆید و لۆ سالۆمه به‌درێژایی چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك:
Lou Andreas-Salome, Correspodance avec Sigmund Freud (1912-1936), Paris, Gallimard, coll. Connaissance de Iinconscient, 1970.
- S. Freud, Der Mann Moses und die Monotheistisch Religion. Drei Abbundlungen, Amsterdam, Allert de Lange, 1939.
پەراوێزەکان:
[1].the techniques of interpretation
[2]. resemblance
[3]. Ko Marx, Das Kapital, Kritik der Politischen Oekonomie, Buch I: Der Produktion prozess des Kapitals, Hambourg, O. Meissner, 1867.
[4]. F. Nietzche, Die Geburtder Tragodie. Oder: Griechentbum und Pessimismus, Leipzig, E. W. Fritzch, 1872.
[5]. F. Nietzch, Zur Genealogie der Moral, Leipzig, C. G. Naumann, 1887.
[6]. S. Freud, Die Traumdeutung, Vienne, Franz Deuticke, 1990.
[7]. blessures
[8]. interiorite: interiority.
[9]. exteriorite: exteriority.
[10]. spatiality
[11]. theme
[12].Robinsonade، ژیانی دوور له شارستانییه‌ت؛ ئاماژه‌یه بۆ چیرۆكه‌كه‌ی ڕۆبینسۆن كرۆزۆ.
[13]. تێبینی: وشه و ڕسته‌كانی ناو ئه‌م جۆره كه‌وانه‌یه ]…[ له لایه‌ن وه‌رگێڕی كوردییه‌وه دانراون.
[14]. postulate
[15]. je sens un chien sur moi: I feel a dog over me.
[16].مه‌به‌ستی فۆكۆ ئه‌م وته‌یه‌ی نیچه‌یه كه له بڕگه‌ی 289ـی كتێبی ئه‌ودیوی خێر و شه‌ڕدا هاتووه: «هه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌ك فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تر ده‌شارێته‌وه، و هه‌ر تیۆرییه‌ك حه‌شارگه‌یه‌ك، و هه‌ر وشه‌یه‌ك ده‌مامكێكه.» (فریدریش نیچه، فراسوی نی‌ك و بد، ص 238). (و. كوردی)
[17].Boehm.
[18].ئه‌م وته‌یه‌ی بوئێم ئاماژه‌یه بۆ نووسراوه‌كه‌ی ماركس چه‌ند تێزێك ده‌رباره‌ی فۆیه‌رباخ و به تایبه‌ت تێزی یازده‌یه‌می ماركس: «فه‌یله‌سووفه‌كان ته‌نیا به شێوه‌ی جۆراوجۆر جیهانیان لێكداوه‌ته‌وه، له كاتێكدا كێشه‌كه گۆڕینی جیهانه.» (كارل ماركس & فریدریش انگلس؛ لودویگ فوئرباخ و ایدئولوژی المانی، ت: پرویز بابایی، ص ٨٣). (و. كوردی)
[19]. Taubes.
[20]. Gianni Vattimo.
[21] .Jean Wahl.
[22] .Baroni.
[23]. Ramnoux.
[24]. ئه‌م وته‌یه‌ی ڕامنۆ ئاماژه‌یه بۆ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی سێ به‌رگی به ناوی ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی سیگمۆند فرۆید كه له لایه‌ن ئێرنست جۆنزی قوتابی فرۆیده‌وه نووسراوه.
[25]. Demonbynes.
[26]. Kelkel.