نامە بۆ (ڕێبوار سه‌عید)ی هونەرمەند
بیست ساڵ زیاترە له نزیکه‌وه ده‌تناسم. پێشتر بهرههمهکانتم دیبوون و ده‌مزانی یه‌کێکیت له هونه‌رمه‌نده جیاوازه‌کانمان. له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکان له هه‌ولێر به هه‌ندێک له تابلۆکانت ئاشنا بووم. لە ساڵی (١٩٩٨) کۆمەڵەچیرۆکی (ئەسپیدیلۆن)م لە ڕێگای پۆستەوە بۆ ناردیت. هەر ئەودەم پارچەیەکی ڕۆمانی (ئای لەڤیلیا لەڤیلیا!)مت لەسەر یەکێک لە بەرهەمەکانتدا نووسییەوە، کە هێشتا بۆ چاپم نەناردبوو. ساڵی (٢٠٠١) له کۆپینهاگن یه‌کترمان بینی، که ئه‌ودەم پیشانگایه‌کت بۆ به‌رهه‌مه‌کانت کردبووه‌وه. له‌وێ له‌باره‌ی هونه‌ره‌وه گفتوگۆمان دامەزراند. لە هاوینی (٢٠٠٩) جارێکی تر لە کۆپینهاگندا پیشانگات کردەوە، کە لەگەڵ هاوڕێیان (میدیا بێگەرد)، (ئاڤان فەتاح)، (ئەنیتا ئێسپاندەر)، (ساکار جەمال)، (نیاز بەیاتی)، (ئاراس وەهاب)، (گۆران هەڵەبجەیی)، (کامەران ئیبراهیم)، (ئالان پەری) و زۆری تردا کاتێکی خۆشمان بە سەر برد. هەر دەمودەست بابەتێکم لەبارەی پیشانگاکەتەوە نووسی و لە کۆڕێکداپێشکەشم کرد، کە دەبێتە ناوەرۆکی ئەم نامەیەم.
تۆ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌یت، که چ له هونه‌ره‌که‌ی خۆیان و چ له هونه‌ره‌کانی دیکەیش ئاگادارن. هه‌میشه له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌توانم به‌بێ دوودڵی بۆچوونی خۆم ده‌رببڕم. ئه‌و هێمنییه‌ت وام لێ ده‌کات، به‌ئاسانی سه‌رنجه‌کانمت پێ بڵێم، به‌تایبه‌تی کاتێک ئه‌و سه‌رنجانه پێوه‌ندییان به به‌رهه‌مه‌کانی خۆته‌وه هه‌یه. زیاتر گوێ ده‌گریت، له‌وه‌ی بدوێیت، مه‌گه‌ر جارجار له‌باره‌ی سه‌رنجه‌کانمه‌وه شتێک ڕوون بکەیته‌وه. وه‌ک بڵێی به‌چاکی له‌وه تێگه‌یشتبێتی، که تۆ له ڕێگای ڕه‌نگ و هێڵه‌وه قسه‌ی خۆتت کردووه و ئینجا نۆره‌ی منه له‌باره‌یانه‌وه بدوێم. له به‌رهه‌مه‌کانتدا هیچ شتێک نابینم، جیاواز نه‌بێت. هیچ خاڵێکم به‌رچاو ناکه‌وێت، هیی ئه‌وه بێت به‌ئاسانی لێی تێبپه‌ڕم و به‌قووڵی بیری لێ نه‌که‌مه‌وه. ئه‌م جیاوازییه گه‌وره‌یه جۆرێک پارادۆکسی لای هه‌ندێک بینه‌ر دروست کردووه، که وا بزانن به‌رهه‌مه‌کانت بەشێوهیهک له شێوه‌کان له یه‌کتر ده‌چن. لای تۆ ته‌کنیکێک هه‌یه، که ده‌توانم ناوی زۆربوون (Reproduction)ی لێ بنێم.
من ئه‌گه‌ر (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین) کۆمه‌کی نه‌کردبام، له‌و پرۆسێسه نه‌ده‌گه‌یشتم و وام ده‌زانی جۆرێک له‌یه‌کچوون له کاره‌کانتدا هه‌یه. له (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)دا ئه‌وه تێده‌گه‌ین، که هه‌ر گیاندارێک له گیاندارێکی دیکه جیاوازه، با ئێمه له شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌دا ئه‌و جیاوازییه به‌ڕوونییش هه‌ست پێ نه‌که‌ین. هه‌موو زۆربوونێکیش شێوه‌یه‌کی ئه‌ندازه‌ییی هه‌یه. واته دوو ده‌بێته چوار و چوار ده‌بێته هه‌شت و هه‌شت ده‌بێته شانزده و… هتد. لێره‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه، که تۆ له کاتی به‌رهه‌مهێناندا پشتت به‌و تیۆرییه به‌ستووه، به‌ڵکوو ده‌مانه‌وێت بڵێین هونه‌ر ئه‌گه‌رچی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر پرۆسێسێکی ڕوواڵایی (Spontaneous)یانه‌یه، بەڵام ئه‌وه‌ی کار ده‌کاته سه‌ر قووڵیی ئه‌و هونه‌ره، بوونی دیدگای فه‌لسه‌فییه. کاتێک به قووڵی سه‌رنج له دنیا ده‌ده‌ین، سه‌رنجه‌کانمان له‌گه‌ڵ سه‌رنجی هه‌موو ئه‌وانه‌دا به‌ر یه‌ک ده‌که‌ون، که به قووڵی له هه‌مان دنیایان ڕوانیوه. لێره‌وه‌یه سه‌یر نییه، کاتێک ده‌بینین شێوه‌کارێک و شاعیرێک و ڕۆماننووسێک و فه‌یله‌سووفێک به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگایان له یه‌کتر بێت، سه‌رنجیان له بابه‌تێکی هاوبه‌ش داوه، بەڵام هه‌ر یه‌که‌یان بۆ گه‌یشتن به قووڵاییی ئه‌و بابه‌ته، کەرەستەی خۆی به‌کار هێناوه. وه‌کوو چۆن له‌یه‌کچوون له ساده‌ییدا هه‌یه، له قووڵاییشدا چ له‌یه‌کچوون و چ جیاوازی هه‌ن، بەڵام ئه‌وه‌ی قووڵایی له ساده‌یی جیا ده‌کاته‌وه، بوونی جیاوازییه له‌نێوان قووڵایییه‌ک و قووڵایییه‌کی دیکه‌دا، له کاتێکدا ئاسان نییه تۆ جیاوازی له‌نێوان ساده‌ییه‌ک و ساده‌ییه‌کی دیکه‌دا بدۆزیته‌وه. ئەمەیش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، که ساده‌یی له جووڵه و ئاڕاسته بێبه‌شه. ساده‌یی له ئاستی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه و کارلێک له‌گه‌ڵ شته‌کانی دیکه‌دا دروست ناکات، بەڵام قووڵایی به‌رهه‌می جووڵه و ئاڕاسته‌ی شته جیاوازه‌کانه، که دیدگای داهێنه‌ر بزوێنه‌ریانه، بۆیه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو قووڵایییه‌کیش، هه‌ر ساده‌ییه. به مانایه‌کی دیکه، ساده‌یی له ڕێگای کۆمه‌ڵێک پڕۆسه‌سی گۆڕانه‌وه ده‌بێته قووڵایی. ئه‌گه‌ر داهێنه‌ر ده‌توانێت له ساده‌یییه‌وه به‌ره‌و قووڵایی هه‌نگاو بنێت، بەڵام هیچ ڕێگایه‌ک له قووڵایییه‌وه نامانباته‌وه ناو ساده‌یی. کاتێک له ڕێگای هونه‌ری تۆه‌وه (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)مان بیر ده‌که‌وێته‌وه، به تایبه‌تی له مامه‌ڵه‌کردنی له‌گه‌ڵ گیانله‌به‌ر و چه‌مکی زۆربووندا، ئه‌وه ئه‌نجامی ڕوانینی قووڵی تۆیه بۆ ئه‌م دنیایه، دەنا له به‌رهه‌مه‌کانتدا جه‌سته له‌ژێر دەستەڵاتی بایۆلۆژیادا نه‌ماوه و وه‌کوو بوونه‌وه‌رێکی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵده‌سووڕێت. (داروین) ئه‌و زۆربوونه به (هه‌ڵبژاردنی سروشتی Natural Selection)ه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به‌وه‌ی هه‌ر گیاندارێک له‌پێناو مانه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ (ئه‌ویدیکه)دا ده‌که‌وێته شه‌ڕه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی شوێن و خۆراک. ئه‌نجام ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری جۆره خەسڵەتێکن، که له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا گونجاوە، ده‌مێننه‌وه. لای تۆ مانه‌وه بۆ ئه‌وانه‌یه، که زیاترین ڕه‌گه‌زی هونه‌ری له خۆیان ده‌گرن. له‌م تێگه‌یشتنه‌وه زیاتر له گیانله‌به‌ره هونه‌رییه‌کانت نزیک ده‌بینه‌وه و جیاوازیی نێوان هه‌ر یه‌کێکیان له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیکه‌یاندا هه‌ست پێ ده‌که‌ین. ده‌توانین ئه‌وه بێنینه به‌رچاومان، که تۆ خۆت زۆر خۆڕسکانه پرۆسێسی (هه‌ڵبژاردنی سروشتی Natural Selection)ت گرتووەته ئه‌ستۆ و هه‌ر خۆیشت ویستووتە چ جۆرێکی گیاندار له‌ناو ببەیت و چ جۆرێک بهێڵیته‌وه. به مانایه‌کی دیکه، چی پیشانی ئێمه بدەیت و چیمان لێ بشاریته‌وه. لای (داروین) گۆڕان خاوه. گیانداره‌کان نه‌وه لە دوای نه‌وه ده‌گۆڕێن. که‌واته له‌پاڵ شوێندا، کاتیش ڕۆڵێکی گه‌وره له‌م گۆڕانه‌دا ده‌بینێت. هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی کات و شوێن له به‌رهه‌مه‌کانتدا کاریگه‌ریی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر پرۆسێسی ئه‌و گۆڕانه‌دا هه‌یه. ئه‌گه‌ر له شوێنێک خاڵێک نیشان بکه‌ین و له شوێنێکی دوورتر خاڵێکی دیکه، ئه‌وه بێگومان جیاوازیی ئه‌و دوو خاڵه به‌ئاشکرا هه‌ست پێ ده‌که‌ین، له کاتێکدا ئه‌و جیاوازییه له‌نێوان خاڵێک و خاڵه‌که‌ی ته‌نیشتی، یان به مانایه‌کی دیکه گیاندارێک و گیانداره‌که‌ی ته‌نیشتیه‌وه، که‌متر ده‌دۆزینه‌وه.
بۆیه‌یش ده‌ڵێین خاڵێک له شوێنێکه‌وه دیاری بکه‌ین و خاڵێکی دیکه له شوێنێکی دوورتر و ناڵێین سه‌ره‌تا و کۆتایی، چونکه لای تۆ سیسته‌می کرۆنۆلۆژییانەی مێژوو تێکشکاوه و له شوێنی‌دا کاتی بازنه‌یی دامه‌زراوه، که دواتر بۆی ده‌گه‌ڕێینه‌وه. له (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)دا شه‌ڕی گیانله‌به‌ر له‌گه‌ڵ سروشت له‌لایه‌ک و له‌گه‌ڵ جۆره‌که‌ی خۆی له‌لایه‌کی دیکه‌دا، به‌نده به‌وه‌ی ئه‌و گیانداره چ خەسڵەتێکی تایبه‌تی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه، تا بتوانێت له‌م شه‌ڕه‌دا به‌هۆیه‌وه سه‌رکه‌وتن به ده‌ست بهێنێت. لێره‌دا هه‌ڵوێسته‌یه‌ک ده‌که‌ین، به‌وه‌ی له‌م پڕۆسێسی سه‌رکه‌وتنه‌دا خەسڵەتی جیاوازجیاوازی وه‌کوو هێز، خێرایی، زیره‌کی، ئازایه‌تی، ڕه‌قیی ئێسقان، نه‌رمیی جه‌سته، جوانی و زۆری دیکه ڕۆڵ ده‌بینن، که ده‌شێت یه‌کێک له‌و خەسڵەتانه له ده‌وروبه‌رێکی دیاریکراودا سه‌رکه‌وتن به ده‌ست بهێنێت و مانه‌وه مسۆگه‌ر بکات. لای تۆ ئه‌گه‌رچی وه‌کوو پێشوو ئاماژه‌مان پێ کرد، زۆربوون هه‌یه و به‌نده به خەسڵەتی هونه‌ره‌وه، بەڵام شه‌ڕ له‌پێناو مانه‌وه‌دا نییه، بگره هه‌وڵێک هه‌یه بۆ مانه‌وه‌ی هه‌موو جۆر و ڕه‌گه‌زه‌کان.
دیسان مه‌به‌ستمان ئه‌و جۆر و ڕه‌گه‌زانه‌ن، که هه‌ڵگری توخمی ئیستاتیکان، چونکه ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ئه‌و توخمه نه‌بن، له‌ژێر کۆنترۆڵی هونه‌ردا ده‌رناچن و ناگه‌نه لای ئێمه. ئه‌گه‌ر لای (پلاتۆن) جه‌سته له‌ناو ده‌چێت و ڕۆح ده‌مێنێته‌وه، ده‌مێنێته‌وه و دوای گه‌یشتنی به دنیای ئایدیاڵ بۆ جه‌سته‌یه‌کی دیکه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وا له دنیای تۆدا جه‌سته له‌ناو ناچێت، کاتێک هه‌ڵگری توخمی ئیستاتیکایه. که‌واته (جه‌سته گۆڕستانی ڕۆح) نییه وه‌کوو (پلاتۆن) به گۆڕستانی ڕۆحی ده‌زانێت، به‌ڵکوو جه‌سته خۆی زمانی ڕۆحه و له‌گه‌ڵماندا ده‌دوێت. یان وه‌کوو (مێرلۆپۆنتی) پێی وایه جه‌سته نه‌ک شتێک نییه له خۆمان جیاواز بێت، بگره هه‌ر خۆمانین و ئه‌و ڕێگایه‌مانه، که ته‌عبیری پێ له خۆمان ده‌که‌ین. ئه‌گه‌ر جیاوازی له‌نێوان ئێمه و جه‌سته‌ماندا نییه، به‌هه‌مان شێوه له‌نێوان جه‌سته و شته‌کانیشدا نزیکی و له‌یه‌کچوون هه‌یه و یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن. له ڕێگای تێگه‌یشتن له جه‌سته‌ی خۆمانه‌وه، له ده‌وربه‌رمان تێده‌گه‌ین. هه‌ر دەربڕینێک له جه‌سته، هاوکاته له دەربڕین له ده‌وروبه‌ر، بۆیه هونه‌ر وه‌کوو شێوازێکی ده‌ربڕین، به‌رهه‌می ئه‌و کۆنتاکت و ئه‌زموونه‌یه. ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین جه‌سته لای تۆ ڕێگایه‌ک نییه بۆ دەربڕینی خود، به‌ڵکوو هه‌ر خۆی خوده. له یه‌ک کاتدا (من) و (ئه‌ویدیکه)یشه. که‌واته جه‌سته مانایه، به‌وه‌ی ڕووبه‌رێکه بۆ به‌رهه‌مهێنانی زیاترین وێنه. جووڵه‌ی جه‌سته تەنیا بۆ ئه‌وه نییه جیاوازییه‌کانی خۆی نمایش بکات و له بوونی خۆیمان ئاگادار بکاته‌وه، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌یشه ڕووبه‌رێکی نه‌زانراو له ده‌وروبه‌ر ئاشکرا بکات. سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر تۆ زۆربه‌ی کات جه‌سته به‌ڕووتی، یاخود با بڵێین له دۆخی سروشتیی خۆیدا پیشان ده‌دەیت، به‌و مه‌به‌سته‌ی ڕاسته‌وخۆ جه‌سته‌یه‌ک له‌گه‌ڵ جه‌سته‌یه‌کی دیکه‌دا بدوێنیت، به‌بێ په‌نابردنه به‌ر هیچ ئامڕازێکی پۆشینی وه‌کوو قوماش. به‌پێی ڕوانینی (مێرلۆپۆنتی) ئه‌زموونی جه‌سته‌یه‌ک له‌گه‌ڵ هیی جه‌سته‌یه‌کی دیکه‌دا هه‌مان شته و بۆئه‌وه‌یه، که بڵێن هه‌ردووکیان بوونیان هه‌یه. به مانایه‌کی دیکه کۆنتاکتی ئێمه له‌گه‌ڵ (ئه‌ویدیکه)دا، کۆنتاکته له‌گه‌ڵ خۆماندا. ڕوانینی تۆ بۆ جه‌سته زیاتر له ڕوانینی فینۆمینۆلۆجییانه‌ی (میرلۆپۆنتی)یه‌وه نزیکه، به‌وه‌ی به‌رده‌وامبوونی جه‌سته له‌ناو گه‌ردووندا به‌رده‌وامبوونێکی سه‌بجێکتیڤه، نه‌وه‌ک ئۆبجێکتیڤ وه‌کوو ئه‌وسا له‌گه‌ڵ (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)دا به‌راوردمان کرد، به‌تایبه‌تی له چه‌مکی (زۆربوون)دا. ئه‌گه‌ر ئێمه لای تۆ زۆربه‌ی کات جه‌سته‌مان هه‌یه و پۆشینمان نییه، ئه‌وە ڕێک له بەرانبەر ئه‌و کۆنسێپته‌دا خۆمان ده‌بینینه‌وه، که ده‌ڵێت جه‌سته هه‌ر خۆی زمانه. به‌کارهێنانی گه‌ڵا به مه‌به‌ستی پۆشین له‌جیاتیی قوماش و هه‌ر مەتێریەڵکی دیکه‌ی کیماوی، له‌سه‌ر ئاستی سیمبۆلدا پیشاندانی جه‌سته‌یه له دۆخی سروشتیی خۆیدا، وه‌کوو پێشتر ئاماژه‌مان پێ کرد. له‌و دۆخه‌ی، که جه‌سته هێشتا له سروشت جیا نه‌بووبووه‌وه و به‌شێکی دانه‌بڕاو بوو لێی. وه‌کوو ئه‌وه‌ی لای (داروین) باس کراوه. ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین ناکرێت باس له به‌رهه‌می تۆ بکه‌ین و باز به‌سه‌ر چه‌مکی جه‌سته‌دا هه‌ڵبده‌ین.
پیشاندانی جیاوازیی سه‌ر، یاخود ده‌موچاو له‌گه‌ڵ باقیی جه‌سته‌دا، یه‌کێکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هونەری تۆ، که ده‌توانم بڵێم له‌پشت ئه‌م پرۆسێسه‌وه ئاگایییه‌کی فه‌لسه‌فی هه‌یه. ئه‌مه پرۆسێسی گواستنه‌وه‌ی دەستەڵاته له بایۆلۆژییاوه بۆ وێنه. لێرەوە جه‌سته به‌پێی یاساکانی بایۆلۆژیا به‌ڕێوه ناچێت، به‌ڵکوو ده‌که‌وێته ژێر دەستەڵاتی وێنه‌وه. له ڕێگای ئه‌و پارادۆکسه‌ی نێوان ده‌موچاو و باقیی جه‌سته‌وه خۆمان له به‌رده‌م ڕاچه‌نین و تێڕامانێکی قووڵدا ده‌بینیه‌وه. ئه‌گه‌ر ناو له ده‌موچاو بنێین (به‌شی سه‌ره‌وه)، به‌و مه‌به‌سته‌ی له (به‌شی خواره‌وه)ی جیا بکه‌ینه‌وه، که له مله‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، ئه‌وا ده‌ڵێین کاتێک هه‌وڵ بده‌ین له ڕێگای به‌شی خواره‌وه‌وه به‌شی سه‌ره‌وه بهێنینه به‌رچاو، بێگومان به لاڕێدا ده‌چین، به‌وه‌ی له به‌شی خواره‌وه‌دا هێز و چالاکی به‌دی ده‌که‌ین، له کاتێکدا له به‌شی سه‌ره‌وه‌دا بێهێزی و خه‌مناکی دەبینین، هه‌ر ده‌ڵێی له‌گه‌ڵ ده‌موچاوێکی دیکه‌دا جێگۆڕکێی پێ کراوه و وه‌کوو حاڵه‌تێکی میتامۆرفۆزی ده‌رخراوه. ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ی له‌م پرۆسێسه‌دا به‌کار هاتوون، ڕنگ و هێڵن، که جیاوازییه‌کانیان له‌سه‌ر جه‌سته‌دا پیشان داوه. له به‌شی خواره‌وه‌ی جه‌سته‌یشدا هه‌ڵوێسته‌یه‌ک ده‌که‌ین، که تۆ زۆرینه‌ی کات سنووره‌کانی جه‌سته ده‌سڕیته‌وه، به‌وه‌ی شته‌کان له ئاستی بینینی فیزیکییه‌وه بۆ ئاستی خه‌یاڵ ده‌گوازیته‌وه. به مانایه‌کی دیکه، ڕێگا نادەیت جه‌سته بخه‌ینه ناو چوارچێوه‌ی بینینمانه‌وه، له کاتێکدا خۆت نه‌تخستووەته ناو هیچ چوارچێوه‌یه‌که‌وه. ئه‌مه هه‌ر تایبه‌ت نییه به جه‌سته‌ی گیانله‌به‌ره‌وه، به‌ڵکوو جه‌سته‌ی شته‌کانیش ده‌گرێته‌وه، وه‌کوو پێشتر گوتمان له ڕوانگه‌ی (مێرلۆپۆنتی)ـه‌وه جیاوازی له‌نێوان جه‌سته و شته‌کاندا نییه.
لێره‌وه‌یه مێژوو لای تۆ پێکهاته‌یه‌کی هه‌مه‌ئاڕاسته‌ی هه‌یه. واته ئه‌و سیسته‌می کرۆنۆلۆژییایه‌ی، که مێژووی فه‌رمی له‌سه‌ری وه‌ستاوه، له‌ژێر زه‌بری هێڵ و ڕه‌نگدا تێک ده‌شکێت و بێ‌ژمار ئاڕاسته‌ی دیکه به‌رهه‌م دێت. به مانایه‌کی دیکه، ناکرێت خاڵێک بۆ سه‌ره‌تا و یه‌کێک بۆ کۆتایی ده‌ستنیشان بکه‌ین، به‌ڵکوو وه‌کوو پێشتر ئاماژه‌مان پێ کرد، له‌ناو ئه‌و کاته بازنه‌یییه‌دا شتێک نامێنێت به مانای گه‌ڕانه‌وه. ئه‌وه‌ی هه‌یه ئاڕاسته‌یه له وێنه‌یه‌که‌وه بۆ یه‌کێکی دیکه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانین له ڕووی مێژوویییەوه یه‌کێکیان بخه‌ینه پێش ئه‌وه‌ی دیکه‌یانه‌وه. ئه‌و ته‌کنیکی (زۆربوون)ـه، واته بوونی ئاڕاسته له وێنه‌یه‌که‌وه بۆ هه‌ر وێنه‌یه‌ک له وێنه‌کانی ناو ئه‌و بازنه‌یه‌دا، ده‌مانخاته ناو سیسته‌می گێڕانه‌وه‌وه، وه‌کوو ئه‌وه‌ی له ئەدەبی گێڕانەوەدا ده‌یبینین. جیاوازییه‌که له ئایکۆندایه، که له نووسیندا تیپه‌کان و له هونه‌ری شێوه‌کاریدا هێڵ و ڕه‌نگ و فیگه‌ره‌کانن. سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر یه‌کێک له کاره‌کانت دووانزده تابلۆی له شێوه‌ی لووله‌ی وه‌کوو قوماش بێت، که به مانای یاده‌وریی ساڵێک کێشاوتن. هه‌ر ئه‌م شێوه لووله‌یییه خۆی ده‌لاله‌تی بێسنووریی کاته، به‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕووی لووله‌کدا ناتوانین شوێنێک بۆ سه‌ره‌تا و یه‌کێک بۆ کۆتایی ده‌ستنیشان بکه‌ین. لێره‌دا ئێمه له به‌رده‌م شێوازی گێڕانه‌وه‌ی فره‌ده‌نگی (پۆلی‌فۆنی Polyphony)داین، به‌وه‌ی هه‌ر کاره‌کته‌رێک ده‌نگی سه‌ربه‌خۆی خۆیی هه‌یه.
ئه‌گه‌ر له (تیۆریی پەرەسەندن)ی (داروین)دا هیچ نه‌وه‌یه‌ک له نه‌وه‌ی پێش خۆی و هیچ لقێک له سه‌رچاوه‌که‌ی ناچێت، ئه‌وا ئه‌و چه‌مکه لای تۆ له شێوه‌ی عیشقدا ده‌رده‌که‌وێت، که به مانا پلاتۆیییه‌که‌ی ئه‌و عیشقه به جارێ هه‌ڵگری دژایه‌تی (Contradiction) و ململانێ (Conflict)یه. وه‌ک سه‌رنج ده‌ده‌ین له هه‌ر زۆربوونێکدا دوو توخم له‌ناو یه‌کدا دروست ده‌کەیت، که له لایه‌ک له یه‌کتر ده‌چن و له لایه‌کی دیکه جیاوازن. ئه‌و دووانه باوه‌ش به یه‌کدا ده‌که‌ن و له ڕێگای ئاماژه‌کانی جه‌سته‌وه دایەڵۆگمان له‌گه‌ڵ داده‌مه‌زرێنن، که ئه‌م دایەڵۆگه وه‌کوو (میکایل باختین) ده‌ڵێت مه‌رجی بوونی فره‌ده‌نگییه. ئه‌گه‌ر له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ئێمه‌دا هه‌میشه جه‌سته‌ی مێیینه له ڕێگای خه‌یاڵی نێرینه‌وه ئاماده کراوه، یاخود هێنراوەتە بەر چاو، ئه‌وه لای تۆ هه‌ردوو ئاڕاسته‌که له‌ناو ئه‌و سیسته‌می فره‌ده‌نگی و فره‌ڕه‌نگییه‌دا پێکه‌وه هه‌ن، به‌ڕاده‌یه‌ک ئاسان نییه سنووری جه‌سته‌ی مێیینه و نێرینه له یه‌کتر جیا بکه‌یه‌ته‌وه، که وه‌کوو گوتمان له‌ناو گوتاری عیشقدا بوونه‌ته یه‌ک.
سه‌رچاوه‌کان:
- Darwin, Charles, Arternes Oprindelse, oversat af J. P. Jacobsen, Jørgen Paludans Forlag, 1990.
- Merleau-Ponty, Maurice, Om sprogets fænomenologi, Udvalgte tekster, Oversættelse, forord og indledning ved Per Aage Brandt, København, 1999.
- Thøgersen, Ulla, Krop og fænomenologi, En introduktion til Maurice Merleau-Ponty filosofi, Danmark, 2004