‌هونەر و هونەرمەند و ئاگایی
و ئەلیس لە جیهانی قەشەنگا

ئەو دارە جادووییەی کە کاریگەری لەسەر کارێکی هونەری هەیە، وەها دەکات جیاوازی بکەین لەنێوان کارێک و کارێکی تردا، هونەرێک و هونەرێکی تراد؛ ئەمیان وەک هونەر بناسێنێن و ئەویان بە ناهونەر، یان توانای هەیە کەسێک بکاتە کەسێکی هونەرمەند، تەنها ئاگاییە .

 ئاگایی چییە؟

ئاگایی بە مانای هۆشمەندی دێت بە نەست (inconscience ).  وەک فرۆید دەڵێت: من (خود) ساحێب ماڵ نییە لە ماڵی خۆیدا، لەسەدا هەشتای ئەو کارانەی کە ڕێ بەڕێی دەکەین لە ژیانی ڕۆژانەماندا، لەلایەن بەشی نائاگایی هزرەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەبێ ئەوەی ئێمە پێی هۆشمەند بین.

نەست چییە؟

نەست بەشێکی دانەبڕاوە لە هەست، واتە هەست و نەست یەک لەشن، پێکەوە بەستراونەتەوە. فرۆید هەست و نەست دەچوێنێت بە ئایس بێڕگ (aisberg)ێک، بەشە قوچەکەی کە لە دەرەوەی ئاوەکە دەبینرێت، بریتییە لە هەست، بەشەکەی کە لە ژێرەوەی ئاوەکەیە و قەبارەیەکی گەورەی ئایسبێرگەکەیە، شاراوەیە و نابینرێت، پێی دەڵێین؛ نەست (نائاگایی)ە.

هۆشمەندبوون بە نەست، واتە بازدان بەسەریدا. چۆن ئێمە دەتوانین هۆشمەند بین بە نەستی خۆمان؟ ئەوە کاری بیرکردنەوە و خوێندنەوە و تێڕامان و لێکدانەوەی ڕووداوەکانە بە بێوچان، کەڵچەر هاندەرێکی سەرەکییە. کاری فەیلەسوفان ئەوەیە کە خەڵکی بە ئاگا بهێننەوە، ئاگامەندیان بکەن بە نەستیان. بێگوومان، ئاگایی بوون بە نەست، ئەوەی پێی دەڵیین؛ هۆشمەندی، بێ سنوورە. ئەقڵی ئاوێتە، بریتییە لە ئەقڵێک کە ئاشنایی بە نەست هەبێت، چەندە ئەو ئەقڵە ئاشنایی بە نەست هەبێت، هێندەش ئاوێتەترە، بۆیە لای سۆفیگەری لە کوردستان وێنەی تاووس بۆتە هیمایەکی گرنگ بۆ ئەوان، یەکێک لە هۆکارە سەرکییەکان ئەوەیە کاتێک تاووسەکە پەڕی کلکی ئەکاتەوە، نەخشەکانی وەک چەندەها چاو دەبیرێن، ئەمەش گوزارش لە ئەقڵی ئاوێتە دەکات، بریتییە لە تێڕوانینی جیاواز بۆ باسێک، کە هەقیقەت بە چاوێک نابینرێت.

بۆ گەیشتن بە هەقیقەت، ئەبێت ئێمە هۆشمەند بین بە نەستمان، تێپەڕبوونە بە نۆتی نەشازدا، ئیتر ئەو نۆتە هەرچییەک بێت، یارمەتیدەری سەرەکییە بۆ گەیشتن پێی. بە باوەڕی هیگڵ، لەگەڵ هاتنەکایەی هەر بیرۆکەیەک، بیرۆکەیەکی دژ بە خۆی دێتەکایەوە، وەک ئەوەی سنوورێک هەبێت لەنێوان هەست و نەستدا و نۆتی نەشاز پاسپۆرتی ئەو تێپەربوونەمان پی بدات لەم دیو سنووی هەستەوە بۆ ئەو دیوی سنووری نەست. هەموو بیرۆکەیەک، بۆ ئەوەی بگات بە هەقیقەت، دەبێت بە دژ خۆیدا تێپەڕبێت، بە ناکۆکیدا تێپەڕێت، ناکۆکیش لێرەدا بە مانای نۆتی نەشاز دێت، بە مانای ئەو سنوورە دێت لەنێوان هەست و نەستدا، بۆیە فروغ فروخزادە دەڵێت: (من لەو کەسانە نیم، کاتێک دەبینم کەسێک سەری دەدات بە بەردا و سەری خۆی دەشکێنێت، من ئەو کارە نەکەم، من دەبێت خۆم سەر بدەم بە دیواردا، هەتاوەکو بزانم سەر شکاندن چییە)، پێ دەچێت خاتوو فروغ هەستی بەو سسنوورە کردبێت، ئەو سنوورەی دەبێت بە شۆک پێیدا تێپەڕ بین. بوداش بە جۆرێکی تر دەڵێت: (کاتێک مانگت پیشان دەدەم، سەیری دەستم مەکە، سەیری مانگ بکە)، واتە خۆت بەدوای هەقیقەتا بگەڕێ، ڕستە و باسی کەسانی تر بە ئۆتۆماتیکی دووبارە مەکەوە.

سێنێک (فەیلەسوفی ڕەوتی ستۆیسیسزم) دەڵێت: کاتێک تۆ وشەی ئەسپ و عەرەبانە گۆ دەکەیت، دەبێت بزانیت کە ئەسپ و عەرەبانە بە دەمتا تێپەڕ دەبن.

هەزارپێ لە چیرۆکی؛ ئەلیس لە جیهانی قەشەنگا

بۆیە، ( Lewis Carrol )، نووسەری چیرۆکی، ئەلیس لە جیهانی قەشەنگا، هەمان قسەی سێنێک دووبارە دەکاتەوە بە چیرۆک؛ کاتێک هەزارپێکە، لەگەڵ ئەلیسدا دەدوێت، هەر وتەیەک کە گۆی دەکات؛ ناوەکان، وشەکان، دەبن بە شکڵ و لە دەمیەوە دێنە دەرێ. ئەم هونەرمەندە  ؛Lewis Carroll، لە سەردەمێکی ژیانیدا، سەتها فۆتۆگرافی کیژۆڵە دەگرێت بە نیمچە ڕووتی، وەک کارێکی هونەری فۆتۆگرافی، زۆر لە بەرهەمەکانیشی بۆ کچانی کیژۆڵەن، و باسی خەونی ئەوان دەکەن، بێگوومان هەرجارێک فۆتۆگرافی ئەم کیژۆڵانەی گرتووە، لەسەر داوا و ڕەزامەندی باوک و دایکی کیژۆڵەکە بووە و هیچ کارێکی نەشیاویشی نەکردووە لەگەڵیان، بە ئاگایی خۆی هیچ مەبەستێکی خراپیشی نەبووە لە کارە هونەرییەکەیدا. فۆتۆگرافییەکانی لوی کارۆڵ، بۆ مێژوو گرنگیان زۆرە. بەڵام کوتووپڕ، ڕۆژێک لوی کارۆل، دەست دەکات بە سووتاندنیان، هەرچەندە بەشێکی ئەو فۆتۆگرافیانە ڕزگار کراون. بەڵام بۆچی هەندێک لە هونەرمەندەکان، لە ساتێکی ژیانایندا بەرهەمەکانیان دەسووتێنن؟

blank
فۆتۆگرافی Lewis Carrol

بۆچی لوی کارۆل فۆتۆگرافییەکانی سووتاند؟

زۆر لە هونەرمەندان لە ساتێکی ژیانیانادا بە پێچەوانەی نووسەرانەوە، هەموو بەرهەمەکانیان دەسووتێنن،چونکوو هونەرمەند لە ساتێکی ژیانیدا بە بەردەوام بوون لە کاری هونەری، ڕووبەڕووی ئاگاییەکی کوتووپڕ دەبێتەوە، واتە ئاگایی بە نەست. لەبەر ئەوەی شکڵ و هێڵکارییەکانی لە ساتێکی ژیانیدا بە بێ ئاگایی کراون؛ بە بێ ئاگایی بە نەست، لەژێر هەر شکڵێکەوە نەست خۆی حەشارداوە، شکڵەکان لە پەیوەندییەکی دیالێکتیکی وەها پاشروندان کە هزر بەئاگا دەهێننەوە. هونەرمەند سەرنج دەدات هەرجارێک کە کارێک بەرهەم دەهێنێت، بە تایبەتی لە هونەری شیوەکاریدا، دەگاتە ئەو بڕوایەی کە کارەکانی بەرهەمی ئاگایی ئەو نەبوون، یەک ناگرنەوە لە گەڵ بۆچوونی ئەودا.

ئێمە مرۆڤین، مرۆڤی ساپیانین، ئیمە بوونەوەری بێ گوناح نین، مەبەستم لە گوناحباری بە مەفهومی مەسیحیەت نییە، چونکوو مەسیحیەت بە ڕاستەوخۆ باسی نەست ناکات، هەر لە بنەڕەتەوە بە شەیتانی دەچوێنێت، وەک بەشێک لە هزری نەفرەتلێکراو ڕەچاوی دەکات،  لێرەدا مەبەستمان لە (inconscience)ە بە مەفهومی مۆدێرن.

کاتێک لوی کارۆل، فۆتۆگرافی کیژۆڵەکان دەگرێت، بە بێ مەبەست، بە بێ گوناح دەیانگرێت، واتە ئەو ئاگامەند نەبووە بەو کارەی کە کردوویەتی، چ هۆکارێک بۆتە دینامیکێکی پاڵنەر. وەک هونەرمەندێک بە بێ هۆشی بە بێ لێکدانەوە بۆ کارەکەی، بۆیە کاتێک بە هۆش خۆیدا دێتەوە و دەبێتە مرۆڤێکی ئاگامەند، تووشی شۆک دەبێت بە بینینی کارەکەی، ئاراستەیەکی تر دەبینێت لە کارەکەیدا، بە جۆرێکی  تر ڕاڤەی بۆ دەکات. تێدەگات کە نەست پاڵنەری سەرەکی کارەکەی بووە و خۆی بڕیاردەری سەرەکی نەبووە، بۆی ڕوون دەبێتەوە کە هەوەسێکی شاراوە لە نەستیدا ئەو بڕیارەی داوە و ئەو پێی هۆشمەند نەبووە، خۆ ئەگەر لوی کارۆل ئەگامەند بوایە، ئەوا ئەو کارەی بە شێوەیەکی تر دەکرد و تووشی شۆکیش نەدەبوو، فۆتۆگرافییەکانیشی نەدەسووتاند.

blank
فۆتۆگرافی Lewis Carrol

 ئەگەر کەسانێک لە ئێمە، لە پرخەی خەودان، ئەوا ڕێی تێناچێت ئێمە وەک مرۆڤی ساپیان بە نائاگایی بمێنینەوە. ئێمە مرۆڤی ساپیانین، ئێمە بوونەوەری بێ گوناح نین، لەبەر ئەوەی ئێمە لە مێژەوە سێوەکەمان خواردووە. سەردەمەکەمان سەردەمی زانیاری بێ شومار و زانستە، بە کرتەیەک دەتوانیت زانیاری وەرگریت لە زۆر بواردا، هەر هۆکاری ئەو زنیارییە بێ شومار و کوتووپڕانە بوون کە جیهانایان شڵۆقاند. سیستەمی پەیوەندی خێرا و زانیاری بێشومار دەمانگەیەنن بە ئاگامەندیەکی ڕەها.