ڕۆشنبیریی کافکایی

چەند سەرنجێک لەبارەی پیشەسازیی نووسەرەوە


ئەم نووسینە بۆ باسکردن و بەرگریکردن لە کافکا نییە -ئەدەبی کافکا خۆی بەرگرییەکی پوختە بەرانبەر بە هەموو شتێک-، بەڵکو بۆ بەرگریکردنە لە خۆمان، لە ڕۆشنبیریی خۆمان؛ ڕۆشنبیرییەک کە لە هیچ ڕۆژگارێکدا هێندەی ئەمڕۆ لەژێر پرسیاردا نەبووە. لەژێر پرسیاردایە، لەبەر ئەوەی حوکومدانەکانی ناوی، بەها و بەهاپێدانەکانی ناوی، دەقەکانی ناوی و بکەرەکانی ناوی لەژێر پرسیاری گەورە گەورەدان: ڕیکلامێک بۆ سوپا و چەک و ئامێرە ترسناکەکانی دەزگاکانی چاودێری و داپڵۆساندن بە ناوی فیلمەوە(سفر نۆ/ 09) دەردەچێت و هەر خودی ڕۆشنبیر، شانۆکار و فیلمسازەکانمان دەبنە سوورەی بەرلەشکر بۆ هوتافکێشان و ستایشی بێئاگایانەی ئەم گاڵتەجاڕییە سامناکە؛ گۆرانییەک دەردەچێت و دەکەوێتە بەر هێرشی فەیلەسووف و فەقیهەکانی کولتوورمان، لەبەر ئەوەی سیمای کچە سەماکارەکانی ناوی، لەگەڵ پرۆژە بازرگانییە فیمینیستییەکانی ئەواندا ناگونجێت، یان لەبەر ئەوەی کچی سەماکاری هەر تێدا نییە، تاکو فەیلەسووف و فەقیهەکانی کولتوورمان لەگەڵ شتێکدا بیگونجێنن؛ دەقێکی ئەدەبی -باش بێت یان خراپ- بۆ ئەوەی هەبێت، پێویستی بە چەند پاسەوانێکە لە نووسەرانی پیر و گەنج، تا لە بەردەرگاکانیدا ڕابووەستن و بەردەوام گەورەیی و قووڵی و مەزنیی ئەم دەقە بیری ئێمەی خوێنەر بهێننەوە.

وێنەی هاوبەشی نێو هەریەک و هەموو ئەم سیناریۆیانەی پێشوو، وێنەی باوک و ملکەچکردنە بۆی: ملکەچکردنی ڕۆشنبیر و هونەرمەند و خودی سینەما بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەکانی باوک، ملکەچکردنی گۆرانی و بەرهەمهێنانی کولتووری بۆ بینەر و گوێگرە باوکەکان بە نێر و مێیانەوە(چونکە چیدی مەرج نییە باوک تەنیا نێر بێت)، ملکەچکردنی دەقی ئەدەبی بۆ باوکە پیرەکان و تەنانەت بەباوککردنی خودی دەقەکانیش. وا دیارە کە ئەم ڕۆشنبیرییە چیدی بەرگەی باوکەکان و کوڕەکانی ناگرێت، چیدی بەرگەی خۆی ناگرێت، ئەم ڕۆشنبیرییە زیاتر لە ڕۆمانێکی کافکا دەچێت.

ڕۆشنبیریی ئێمە گەر لە هیچدا داهێنەرانە نەبووبێت، بێگومان لە ستایشی کوێرانە و باوکسازییدا داهێنەرانە بووە … ئەمسەر و ئەوسەری ئەم هەرایە لە کەسەوە دیار نییە: ئەم باوک دێت و “ئاڵای شیعر”ی خۆی دەداتە ئەو نووسەر؛ ئەم کوڕ یان ئەم جارەیان ئەم کچ بە دەقی خۆیەوە دێت و لە پێناو پشتگیریدا بۆ ئەم باوک دەچەمێتەوە؛ ئەم نووسەر دێت و لە ڕێی بە کامۆیی ناساندنی ئەم کتێبەوە خۆی دەکات بە باوک؛ ئەو نووسەر دێت و لە ڕێی بە کافکایی ناساندنی ئەم کتێبەوە خۆی دەکات بە باوک و چەندەها کارەساتی تریش. ئەمەی دواییان بۆ من گرنگە، بەکافکاییکردنەکە بۆ من گرنگە، گرنگییەکەیش نە لە خودی ئەو نووسەرە باوکانەدایە کە ئاوەڵناوەکانی “کافکایی”، کامۆیی”، “دۆستۆیڤێسکیانە”، “داهێنەرانە” و “باشترین” بەسەر نووسەرانی گەنجماندا دەبەشنەوە، نە لەو نووسەرە گەنجانەیشماندایە کە چاوەڕێی ستایش و ڕوخسەتی پیرەکانمانن تاکو بنووسن (گەرچی ئەمەی دواتریان خەسارەتێکی گەورەیشە، ئەوەی گەنجێک بەو هەموو ئەگەر و کرانەوەی داهاتووەوە، بەرهەمی خۆی بخاتە ژێر ڕەحمەتی خوێندنەوەی نووسەرێکی نەوەی پێش خۆیەوە). گرنگیی بەکافکاییکردنەکە لەو پارادۆکسەدایە کە تازە دروست بووە و بە هیچ جۆرێک چار نابێت، بە هیچ جۆرێک خەفە ناکرێت: پارادۆکسی بانگەشەکردنی کافکاویەت لە لایەن باوکەوە.

کافکا بەکار بهێنین بۆ ڕەخنەکردنی باوکسالاریی ڕۆشنبیری، نەک تۆخکردنەوەی

لەناو دەقدا نەک تەنیا کافکاویەت و باوکسازی پێکەوە کۆنابنەوە، بەڵکو لە کوێدا باوکسازی هەبوو لەوێدا کافکاویەت وەک خەسڵەتێکی نێو دەقی ئەدەبی شکست دەهێنێت. لە کوێیشدا کافکاویەتی ئەدەب شکستی هێنا، لەوێدا ئێمە تەنیا پێویستمان بە باسکردنیەتی، تاکو بەهێزتر و کامڵتر بگەڕێتەوە و زیاترمان لە بارەی باوکسازی و مومارەسەکردنی دەسەڵاتەوە پێ بڵێت لە دەرەوەی ئەدەب و لەناو واقیعدا؛ ناونیشانی ئەم وتارە و ناوەڕۆکەکەیشی، هەر لەمەوە بیانووی هەبوونی خۆیان وەردەگرن؛ کە کافکا بەکار بهێنین بۆ ڕەخنەکردنی باوکسالاریی ڕۆشنبیری، نەک تۆخکردنەوەی. هەر لێرەیشەوە ئەم چەند پەرەگرافە و پەرەگرافەکانی دواتری، لەگەڵ بیرهێنانەوەی بەردەوامی کافکاویەتدا، هەوڵی خوێندنەوەیەکی کورت دەبن بۆ ئەو هەلومەرجە کولتوورییەی زیاتر لە دوو دەیەیە باڵی بەسەر ڕۆشنبیریی ئێمەدا کێشاوە.

پەیکەری کافکا لە پراگ؛ لەلایەن(یاروسلاو ڕنا)وە ساڵی ٢٠٠٣ دروست کراوە

پیشەسازیی نووسەر

کاتێک باوکێکی کولتووری بە کوڕە کولتوورییەکەی دەڵێت “کافکایی”، “کامۆیی”، “دۆستۆیڤێسکیی”، نوێنەرەوەی ڕاستەقینەی واقیع” و هەر جۆرە وەسفێکی دیکە کە بۆ هەموو دەقێکی تریش گونجاوە و تەنیا پێویستی بە کەمێک کشاندنە، بە هیچ جۆرێک لە نەخوێندەوارییەوە وا ناڵێت، بگرە ناکرێت بڵێین کەوتووەتە هەڵەیشەوە، چونکە ئەو خەریکی سیاسەتێکی دیکەیە بۆ خوێندنەوەی دەق، سیاسەتێکی دیکەی تاریک و ناشیرین کە جیایە لە ڕەخنە و گوتارشیکاری، سیاسەتێک کە دەچێتەوە سەر پیشەسازیی نووسەر. پیشەسازیی نووسەر کاتێک ڕوودەدات کە لە هەلومەرجێکی کولتووریدا هیچ ڕێگایەک بۆ پەیدابوونی سرووشتیی نووسەرانی نوێ نەهێڵرابێتەوە، تاکو لە بری ئەوەی نووسەری نوێ پەیدا ببێت، نووسەری نوێ دروست بکرێت و بەرهەم بهێنرێت. نووسەری دروستکراو، لە زۆر ڕووەوە باشتر و سەلامەتترە لە نووسەرێک کە خۆی خۆی بەرهەم هێنابێت و پەیدا بووبێت؛ نووسەری دروستکراو قەرزاری دروستکەرەکەی دەبێت، نە لێی ڕادەپسکێت و نە هەڵیدەوەشێنیتەوە و نە ڕەتی دەکاتەوە.

بۆ ئەوەی نووسەرمان هەبێت، دەبێت ئاڵاپێدەر و بڕوانامەپێدەری نووسەرەکەیش ئامادەگیی هەبێت. لە ڕاستیدا کافکاویەت هەر ئەمەیە، ئەوەی لەبەر باوکت ڕێگەت نەبێت خۆت بیت.

پیشەسازیی نووسەر تایبەت نییە بە کۆمەڵگای ئێمە، هەروەها نوێیش نییە و لە پێش ئێمەدا هەبووە. چەندین ساڵ لەمەوپێش، شاعیرێک “ئاڵای شیعری” خۆی دەداتە دەست یەکێک لە باشترین نووسەرەکانی ئەمڕۆمان. با واز لەوە بهێنین کە شیعر (هەرێمی کوردستان) نییە تا “ئازاد” بکرێت و دواتریش، ئازادکەرانی بە دڵی خۆیان و پارچە پارچە، یان بە ساغی، بیبەخشنەوە و بیبەخشن. زیاتر دەمەوێت سەرنج لەسەر پرۆسەکە بێت، کە لەوێوە بە ئاشکرا دەست پێ دەکات و نەوە دوای نەوە پەرە دەسێنێت، تاکو وای لێدێت دەبێتە شتێکی ئاسایی و بۆ ئەوەی نووسەرمان هەبێت، دەبێت ئاڵاپێدەر و بڕوانامەپێدەری نووسەرەکەیش ئامادەگیی هەبێت. لە ڕاستیدا کافکاویەت هەر ئەمەیە، ئەوەی لەبەر باوکت ڕێگەت نەبێت خۆت بیت.

ئایا ئێمە چیدی ناتوانین بەبێ ئەوەی بکرێین بە نووسەر، خۆمان خۆمان وەک نووسەرێک بەرهەم بهێنین؟ ئایا ئێمە چیدی ناتوانین لە دەرەوەی هەیمەنەی چەندین پاسەوان کە پێمان دەڵین ئەم دەقە ئاوا بخوێننەوە، خۆمان دەقێک بخوێنینەوە؟ ئەمیان پرسیارێکە جدیتر لەم گاڵتەجاڕیەی نێو ڕۆشنبیریی خۆمان: ئایا ڕۆشنبیر(نووسەر/هونەرمەند) چیدی ناتوانێت بەبێ دامەزراوەکان بوونی هەبێت؟

 کۆتاییەکی کافکایی

باوکەکان دێن و پێمان دەڵێن ئەم دەقە کافکایی نییە و ئەم دەقەیان کافکاییە لە کاتێکدا کە قولابەکەیان هیچکام لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی کافکایی ناگرێت، هەر لەوەوە کە گرێشۆم شۆڵێم و بێنیامین لەو بارەیەوە گوتوویانە، تا ئادۆرنۆ و ئارێنت، تا دۆڵووز و ئاگامبێن، بەڵام لە ڕاستیدا  خودی ئەو دۆخەی کە باوکەکان و کوڕەکان، لە ڕێی باوکسازییەوە، لە دەرەوەی دەقدا خوڵقاندوویانە، کافکاییە؛ ئەو واقیعەی کە هێناویانەتە ئاراوە کافکاییە. ک. ناتوانێت بچێتە نێو کۆشکەوە، وەک چۆن نووسەری ئێمە بەبێ ئیزن و بڕوانامەی باوکەکان ناتوانێت بچێتە نێو دامەزراوەکانەوە، بەبێ دامەزراوەکانیش ناتوانێت ببێت بە نووسەر. جۆسفینی مشکەگۆرانیبێژ کەس نازانێت بۆچی هونەرمەندە و بە چ پێوەرێک دەنگی خۆشە، وەک باوکەکان و کوڕەکانی ڕۆشنبیریی خۆمان، کە خۆیشیان و کەسی تریش نازانێت چۆن داهێنەرن و بە چ پێوەرێک باش دەنووسن. کاتێک لە “حوکومدان”دا باوکی جۆرج حوکمی خۆخنکاندن لە ئاودا بەسەر کوڕەکەیدا دەدات و جۆرجیش جێبەجێی دەکات، لە ڕاستیدا هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو باوکانەدا کە جۆرێک تەئویل و جۆرێک خوێندنەوە بەسەر کوڕەکاندا دەسەپێنن و کوڕەکانیش ڕازی دەبن. ئەمانە بەیانییەک دێن و ڕاپێچی دادگامان دەکان، چونکە هیچ نووسەرێکی سەر بە نەوەی پێشوومان نوشتەی نووسینی بۆ نەکردووین، یان لایەنی کەم تەبەرووکێکی نەکردووین. دڵنیابن لەم ڕۆشنبیرییەدا، بەیانییەکیان لە خەو هەڵدەستین و دەبینین خۆمان، یان ئەوەی تەنیشتمان بووە بە “نووسەرێکی زەبەلاح”؛ هەموومان گریگۆر سامساین لەم ڕۆشنبیرییەدا کە ڕۆشنبیریی باوکەکانە.

سکێچی ڕۆشنبیرییەک کە بەهۆی سوپای باوکەکانەوە نەک دەقەکانی ناوی، بەڵکو خودی خۆی کافکایی و کابووسئامێزە.

دەمێک نووسەرێک بە ناوی خوێندنەوەی دەقەوە، هەر لەخۆیەوە، دێت و بە دەقەکەی بەردەمی دەڵێت “کامۆیی”ە، دەزانم هەڵوێستی جدیی ئەوەیە کە پێداچوونەوەیەک بە ئەبسۆرد، مرۆڤی یاخی و پرسی شۆڕشدا بکەیت و لەو ڕێیەوە گەمە و بەلاڕێدابردنەکەی ئەو نووسەرە هەڵبوەشێنیتەوە؛ وەک چۆن دەزانم شێوازی جدیی ئەم هەڵوێستەی منیش، لە پێداچوونەوەیەکدا دەبوو بە کافکاویەتدا، هەر لە شۆڵێمەوە تا ئەمڕۆی ڕەخنەی ئەدەبی، هەر لەم ڕێیەشەوە هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم گاڵتەجاڕییەی ساڵانێکە لای ئێمە هەیە و لە ماوەی پێشوودا گەیشتووەتە لووتکە؛ منیش هەر بەتەمای کارێکی وا بووم، بەڵام عەبەسیەتی ڕەش و ناشیرینیی سیاسەت و گەمەکانی نێو ڕۆشنبیریی خۆمان زۆر لەوە خراپتریان لێ بەسەر هاتبوو کە لە ئێستادا قسەی جیدییان لە بارەوە بکرێت، لێرەوە ئەم نووسینەی سەرەوە شێوەی سکێچێکی تا ڕادەیەک کۆمیکیی وەرگرت؛ سکێچی ڕۆشنبیرییەک کە بەهۆی سوپای باوکەکانەوە نەک دەقەکانی ناوی، بەڵکو خودی خۆی کافکایی و کابووسئامێزە.