(١)
سەرەتا کە کتێبی (مامزێر)م لە کتێبخانەکەمدا دەرهێنا تا بیخوێنمەوە، ناوی ڕۆمانەکە بە ناوێکی کوردی تێگەیشتبووم. چونکە پێشوەختە دەزانم (کاروان عومەر کاکەسوور) ڕۆماننووس و نووسەرێکی کوردە، ناوی ڕۆمانەکەش (مام- زێڕ) دوو ناوی کوردین، بۆیە وا تێگەیشتم ڕۆمانەکە لەبارەی کەسێکەوە بێت کە ناوی مامزێر بێت، یان ڕووداوێکی ناوخۆیی و خۆماڵی هەبێت پێوەندی بە ناوەکەوە هەبێت.
کاتێک لاپەڕەی ڕۆمانەکەم هەڵدایەوە، بینیم ڕۆماننووس پێش ئەوەی دەست بە گێڕانەوەی ڕۆمانەکەی بکات، واتای ناوی (مامزێر) ڕوون دەکاتەوە، کە وشەیەکی عیبرییە و واتای (زۆڵ) دەدات. هەروەها لە کۆتاییی کتێبەکەشیدا تێماندەگەیەنێت، ئەو کاتەی لە زانکۆ خەریکی خوێندنەوەی مێژووی ئایینەکان بووە، زۆر سەرنج و تێبینی لای خۆی تۆمار کردووە، لەم ڕۆمانەدا سوودی لێ بینیوە.
لێرەوە تێگەیشتم کە ڕووداوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە، دەبێت سەر بە مێژووی کۆن و کولتووری جووەکان بێت. لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانەکەش، لە سەرەتادا، بینیم زمانی گێڕانەوەکە بە دین و ئەفسانەوە بارگاوی کراوە. چووەتە نێو بازنەی فەرهەنگێکی سەرەتاییی دینی. سەرەتایی بە واتای حیکمەتی تەورات، عەهدی قەدیم، قەدیم هەم بە واتای کۆن و هەم بەواتا عیبرییەکەی (خۆرهەڵات- کەدیم)، واتا زمانێک تەماهی دەکات خۆرهەڵاتی کۆن بە ئەفسانە و چیرۆک و دینەکەی لە ئێستایەکی واقیعیدا، بە ڕووداو بکاتەوە. ڕووداوێکی ئەدەبی، لە شێوەی ڕۆماندا.
(٢)
لەگەڵ یەکەم خوێندنەوەم بۆ ڕۆمانەکە، بە تایبەتیش کە لە کۆتاییی کتێبەدا ڕۆماننووس دەڵێت: (لە ڕۆژگاری زانکۆ کاتێ خەریکی خوێندنەوەی مێژووی ئایینەکان بووم، زۆر سەرنج و تێبینیم لای خۆم یاداشت کردبوو، کە لێرەدا سوودم لێ بینین[1]) تێگەیشتم کە خوێندنەوەی مێژووی ئایینەکان، زانیاری و مێژوو و چیرۆک و گێڕانەوەی ڕووداوەکانی نێو تەورات، وەک سەرچاوەیەکی مەعریفی- ئەپیستمی بۆ نووسینی ئەم ڕۆمانە سوودیان لێ وەرگیراوە. لێرەوە پێش ئەوەی بیر لە ڕووداو و یاد و قسە و باس و خواسەکانی نێو ڕۆمانەکە بکەمەوە، بیرم لە خوێندنی زانکۆیی ئایین و سوودوەرگرتن لەم خوێندنە کردەوە، کە بە ناوی مێژووی دینەکان دەکرێت.
سوودوەرگرتن لە کولتوور و چیرۆکەکانی تەورات و دینی جوو، بۆ نووسەرێک کە لە کەشێکی تری دینی و ڕوحیی جیاواز لە جوو پەروەردە بووە، وجوودی بە دینێکی تر ئاودێر کراوە، پرسیارێک لەبارەی هێز و وزەی ئەو دینە دروست دەکات، بەوەی لە ڕێی چیرۆکەکانی نێو دەقێکی موقەدەسی جووییدا، چەند دەتوانێت لای خوێنەری کورد ببێتە مەراقێکی ڕوحی و وجوودی و مەعریفی؟
لەنێو ڕۆماننووسانی کورددا ئەزموونی ڕۆماننووس (میران ئەبراهام)مان هەیە، کە بە ڕوح و وجوودێکی جوویییانە (نیشتمانی سارا) و (شەوگەڕەکان)ی نووسیوە. ئەم دوو ڕۆمانە بۆ ڕۆماننووس، ئەزموونێکی ئەدەبی باڵا و ڕوحێکی ڕەسەن و بێگەرد بەرجەستە دەکەن.
لە غەیرە کورد نموونەی نووسەرێکی مەسیحی وەک (ئەمین مەعلوف)مان هەیە، کە (باخچەکانی نوور) و (سەمەرقەند) و چەندین ڕۆمانی تری نووسیون، سەرکەوتووانە مێژووی مانی و ئیسلامەکانی بە ڕۆمان کردووە. ئەوەی وای کردووە ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکانی (ئەمین مەعلوف) لەبارەی مانی و ئیسلام، ببێ بە پارچەیەک لە مەراقە ڕوحی و وجوودی و مەعنەوی و ڕەمزییەکانی خوێنەریش، ئەمەیە کە ئەو وەک ڕۆماننووس، ڕووداوەکانی نێو مێژووی ئیسلام و مانی و دینەکانی تر، دەکەنە ڕووداوێکی ئەدەبی و مۆری ڕۆماننووسی خۆی لەسەر دادەنێت.
ئەمین مەعلوف سنووری ئەو پەروەردە مەسیحییە تێدەپەڕێنێت و تێکەڵ بە فەزای ڕوحی گشت دین و مرۆڤەکان دەبێت. بابەتەکانی خودا و ئیمان و ئەخلاق و پەیام لە ڕێی ڕۆمانەوە دەکاتە شتێکی گشتی، ئەمەش پێوەندی بە توانای ڕۆمان هەیە وەک ئەدەب، کە ڕووداوەکان لە مێژوو، لە دین، لە کەسەکان و ئەندامەکانی دەستێنێتەوە و بە هێزی خەلاقی خۆی دەیکاتە مەراقێک بۆ ڕوحی گشت مرۆڤەکان.
واتا ئەگەر ڕۆمان بتوانێت ڕووداوەکانی نێو مێژوو، چیرۆکەکانی هەر دینێک، کەسیێتی و بابەت و ناوەکانی تر، بکاتە ڕووداوێکی (روائی)، واتا ڕۆماننووس ئەندامی هەر دینێک و نەتەوەیەک و کۆمەڵێک بێت، یان نەبێت! جارێکی دیکە، بە ڕۆمان ڕووداوەکە بگێڕێتەوە، لە ڕووی تەکنیکەوە سەرکەوتوو بێت، کارێکی نایاب پێشکەش بە خوێنەران دەکات.
کەواتە یەکەم پرسیار بیکەین ئەوەیە، بۆ ڕۆمانێک بخوێنینەوە، کە کەسەکەی لەژێر هەژموونی ڕووداوێکی دیاریکراوی جووەکانەوە نووسراوە؟ چ پێوەندی بە ڕوحی ئێمەوە هەیە؟ لە چیدا دەتوانین لە ڕووی ڕوحی و ڕەمزی و ئەخلاقی و مەعنەوییەوە لەم ڕووداوەدا بەشدار بین؟ ئەم ڕووداوە (کەوتنی هەیکەلی سێیەمی جووەکان) دەتوانێت چی لە ویژدانی ئێمەدا ڕووناک بکاتەوە؟
کەلتووری دینی جوو، چ لە ڕێی تەورات و هەموو ئەو میراتەی بە درێژاییی هەزار ساڵ بۆ کاملکردن و پڕکردنەوەی بۆشایییەکانی عەهدی قەدیمەوە نووسراون، سەر بە هەرێمێکی ڕوحانی دوورن لەو کەشە ڕوحی و پەروەردەیی و فێرکردنەی کە لە هەرێمی ڕوحی ئێمەدا ئامادەیە و پێی پەروەردە بووین. دوورە لەو کەشە دینییە ئیسلامییەی بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیی زۆربەماندا زاڵە.
ئەگەر ئێمە لەو ڕوانگەیەوە تەماشای ڕۆمانەکە بکەین، پاساوێکی بەهێزمان نابێت بۆ نووسین و خوێندنەوەی، بەڵام بۆ ئەوەی من لەم بارەدا هاوکاری نووسەر و خوێنەرانی تری ئەم ڕۆمانە بکەم، ڕووداوی مێژووی نێو ڕۆمانەکە، بە چیرۆکی گشت ئیبراهیمییەکان دەبەستمەوە، تا لەوێوە نزیکبوونەوەیەکی مێژوویی و ڕوحی و مەعنەوی بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بدەم، لەوەش بیبەمە دەرەوە، کە تەنیا چەند سەرنجێکی ئەکادیمی و زانکۆیی بێت! چونکە بە سەرنجی زانکۆیییانە ڕوحمان لەنێو ئێستاماندا باڵا ناکات و ویژدانمان لە نێو فەزای ئەمڕۆی ئیبراهیمییەکان بەرەو مرۆڤ و جوانی و ژیان ناجووڵێنێت.
فەزای ئیبراهیمییەکان بە گشتی، ئەمڕۆ لە دۆخێکی قەیراندایە، سەرنجی ئەکادیمی، تێبینیی زانکۆکان ناتوانێت لەم دۆخە دەربازی بکات، کە نووسینەوەی ئەم ڕۆمانەش دەکەوێتە نێو ئەو دۆخە مەعریفی و پەروەردەیی و زانستییەی کە هەیە و گەمارۆی دەدات. بۆیە بۆ ئەوەی ئەم ڕۆمانە لەنێو ئەو دۆخە قەیراناوییە جیا بکەینەوە و لەڕێی ئەم چیرۆکە تەوراتییەشدا قسەیەک لەسەر گشت ئیبراهیمییەکان بکەین و لە تەئویلێکی نوێدا، بیر لە بیرکردنەوەی ئیبراهیمییەکان بکەینەوە و لەم قەیرانەدا بە هزر و تەئویلێکی نوێ و هاوچەرخانە هاوکاریی خۆمان بکەین.
(٣)
کاروان عومەر کاکە سوور، لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا، وا پیشان دەدات، وەک ئەوەی ڕووداوی ڕۆمانەکە لە زار و هۆشیاریی کەسێکی جوو دەگێڕدرێتەوە، کە دوای ڕووخانی هەیکەلی سێیەم، بە دیل گیراوە و بە ڕووتی لەنێو قەفەسێکدا بەند کراوە. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەمە فێڵێکی تەکنیکی نووسەرە و دوای چەند دێرێکی خوارتر تێدەگەین، باسی کەسێک دەکات هاوچەرخی خۆمانە، چیرۆکنووسە، بەڵام لە خۆمان ناچێت!
ئەو کەسەی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، خۆی بە وێنەی چیرۆکنووسێک وەسف دەکات، کە هیچ شتێک وەک خۆی ناگێڕێتەوە. ئینجا لە ژێر سێبەری چیرۆکەکانی نێو تەوراتدا، لە کەشێکی دینی و ئەفسانەییدا، لەڕێی کۆمەڵێ ناو و کەس و ڕووداوی تر، بوون و ژیان و ڕۆشەنبیری و پێگە و کەسیێتی و بیرکردنەوەی خۆی و کەسانی دەوروبەریشی دیار دەدات، بەڵام ڕۆماننووس هەوڵ دەدات، خوێنەر نەزانێت بە ڕاستی ئەوە کێیە قسە دەکات؟ کەسێکی جووی دیلی ڕووداوێکی پێش زایینە؟ یان کەسێکە لە پایتەختی وڵاتێکی وەک عێراق دەژیەت؟ کەسێکە لەنێو واقیع دەچێتە نێو تەورات، یان لەنێو تەوراتەوە دێتەوە نێو واقیع؟
ڕۆماننووس هەوڵ دەدات، تا کۆتاییی ڕۆمانەکە ئەم تەکنیکە بەردەوام بکات و خوێنەرەکانی بخاتە دۆخێکی ئەفسانەیی و واقیعی و لەسەر زەمینی هیچ کامیشیاندا ڕای نەگرێت، بەڵکوو وەک ژیانی کەسەکە لەنێو واقیع و ئەفسانەدا خوێنەرەکان بسووڕێنێتەوە. بەڵام ئەگەر لای ڕۆماننووس ئەمە تەنیا سوودوەرگرتن بێت لە خوێندنێکی زانکۆیی، یان تەکنیکێک بێت تا خوێنەران مەراق بکات و خۆیشی وەک ڕۆماننووسێکی نوێ، خاوەن شێوازێکی تایبەتی لە گێڕانەوەدا پێشکەش بکات، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەمانە هۆکاری نووسینی ئەم ڕۆمانە نین بەو شێواز و ناوەڕۆکەی کەوتۆتەوە. هەتا ئەگەر لە ناسنامەی کتێبەکەش هەڵەیەک هەبێت، بەوەی لەسەر بەرگی کتێبەکە نووسراوە (ڕۆمان) و لە ناوەوە کاروان عومەر کاکەسوور پێی دەڵێت (نۆڤێللا)، ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی هۆشیارییەکی سەرتاپاگیر، لە پشت ئەم نووسینەدا زاڵبوونێکی هەیە. ئەم هۆشیارییە لە شێوەی کۆمەڵێ هۆکاری دەروونی و ڕوحی و مێژوویی و سیاسی و کۆمەلایەتی، هەژموونی چیرۆکەکانی تەورات و ئەو کەسە دیلە دەکاتە سەرچاوەی کارەکە!
(٤)
کاروان عومەر کاکەسوور لە ڕۆمانەکەدا، ئاماژە بەمە دەدات کە واقیع و ئەفسانە لەیەک کاتدا ژیانی کاراکتەرە سەرەکییەکەیان هەڵدەسووڕاند. بۆیە غەریب نییە، کە ئێستا دیلی نێو قەفەزێکە، خۆی لەو واقیعەوە بۆ ئەفسانە و چیرۆکەکانی نێو تەورات بگوازێتەوە. نەوەک تەنیا خۆی، بەڵکوو کەسوکار و دایک و باوک و کەسەکانی دەوروبەریشی بۆ هەمان ئەفسانە بگوازێتەوە. وەک ئەوەی خۆی و هەموو کەسەکانی، لەنێو هەمان دۆخی ئەفسانەییدا بژین، هەموویان لەو واقیعەوە بەرە و ئەفسانە و لە ئەفسانەوە بۆ واقیع بگوێزرێنەوە. ئەمەش لە هەقیقەتدا (نهێنی)یە، بەڵام ڕۆماننووس دەیەوێت وەک (هونەر) پیشانی بدات!
بۆیە لێرەدا ئەم ڕۆمانە وەک هونەرێک ناخوێنینەوە، بەڵکوو ڕاستتر وەک نهێنییەک کەشفی دەکەین! بۆیە ئەوەی درێژە بە خوێندنەوەی ئێمە بۆ ئەم ڕۆمانە دەدات، هونەری ڕۆمانەکە نییە، بەڵکوو نهێنییەکەیەتی! نهێنییەک لە ژێر ئەو هونەرەی ڕۆماننووس دەیەوێت بیشارێتەوە، یان ڕاستتر نەوەک ڕۆماننووس، بەڵکوو ئەو هۆشیارییەی گەمارۆی بیرکردنەوە و ژیانی کاراکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکەی داوە، ئێمەش وەک خوێنەرێک، واقیعی ڕۆمانەکە و کەسەکانی نێوی لە هونەرەوە بۆ نێو نهێنییەکان دەگوازینەوە، تا لەوێوە هۆشیاری بەم هۆشیارییە پەیدا بکەین، کە ڕۆمانەکەی پێ نووسراوە و ژیانی بە کۆمەڵێ کاراکتەر بەخشیوە.
ئەوەی وا دەکات کاراکتەری ڕۆمانەکە، لەنێوان واقیع و ئەفسانە بگوازرێتەوە، هونەر نییە، بەڵکوو نهێنییە، نهێنییەکەش، (مێژووە) ڕۆژی (نۆی ئاب) وەک ڕووداوێکی گرنگ، وەک نهێنییەکی مێژوویی لەنێو هۆشیاریی جووەکاندا، دوایی گشت ئیبراهیمییەکاندا، ماوەتەوە و لە ژێرەوە کاری خۆی دەکات. مێژوویەک وا دەکات هەرگیز لە بیرمان نەچێت، مرۆڤی بێ پەرستگە، بێ موقەدەس، بێ شوێنی پاک، بێ ماڵ، بێ نیشتمان، دیلی قەفەزێکە لە دەشتێکی تاقەتپڕوکێندا!
ڕۆماننووس، یان ڕاستتر هۆشیاریی زاڵ، وای کردووە ڕۆماننووس بۆ نیشاندانی ئەم مێژووە، جگە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە، لە کۆتاییی کتێبەکەشدا دە پەراوێز دابنێت.
هۆشیارییەکە وا دەکات، زەمەنی ڕۆمانەکە، بە ئەفسانە دەست پێ بکات، ڕوو لە واقیع بکات و واقیعەکە بباتەوە نێوەخۆی، هەروەها خۆیشی بە هەموو توانا و هێزییەوە، بێتەوە نێو واقیع و بیپێچێتەوە. زەمەنی فیزیکی بۆ نێو زەمەنێکی میتافیزیکی دەگویزێتەوە و مرۆڤەکانیش لە جەستەیەکی ئێستایییەوە بۆ نێو دەروونێکی ئەشکەنجەکێش لەژێر زەبری ڕووخانی هەیکەلدا دەگوازێتەوە. ئەم هۆشیارییە کەسەکانی نێو ئەو ڕۆمانە، لە جەستەوە دەکا بە ڕەوان، شاریش لەژێر هەڕەشە و گوڕەشەی تۆپ و تەقینەوەکان دەباتەوە ژێر پەردووی ڕووخانی هەیکەلی سێیەمەوە.
(٥)
ئێستا لە ڕێی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە تێدەگەین، هۆشیارییەک، قورساییی چیرۆکەکانی عەهدی قەدیم، مێژووی جووی بەسەر واقیعدا زاڵ کردووە. واتا لەنێو واقیعی ڕۆمانەکەدا، ڕووداوێکی مێژوویی دەبێتە ڕووداوی گێڕدراوەی نێو ڕۆمانەکە. ئەم ڕووداوە هۆشیارییەک لەنێو ڕۆمانەکەدا پەیدا دەکات، کە وەک بازنەیەک و سەرەتا و کۆتاییی ڕووداوەکانی تری نێو ڕۆمانەکە بسڕێتەوە، واتا ڕووداوەکان سەرەتا و کۆتاییان نییە، بەشێوەیەکی بازنەیی هەن، هۆشیارییەکە سەرەتا ناهێڵێت ڕووداوەکە لەنێو مێژووەکە بێتە دەرەوە و بچێتە نێو ڕۆمانەکەوە، دەیەوێت وا نیشان بدات ڕۆمانەکە خۆی ڕووداوێکی سەرەکی سەربەخۆی نەبێت، تەنیا ئەم ڕووداوە مێژوویییە هەڵسووڕێنەری ڕۆمانەکە بێت.
بەڵام دوای بیست لاپەڕەیەک دەبینین، گێڕەڕەوە، کۆمەڵێ ڕووداو دەگێڕێتەوە، کە زۆربەیان ڕووداوی پاژەکی واقیعێکی شێواون، کە لە ڕاستیدا وەک شوێنەواری دەروونی ئێستای ئەم ڕووداوە مێژوویییە دەردەکەون. واتا لە ڕۆمانەکەدا ڕووداوێکی سەربەخۆ پەیدا نابێت، کە بکرێت لەنێو ڕۆمانەکەدا بە شێوەیەکی بەردەوام یان پچڕپچڕ و یان بە تێکشکاوی بگێڕدرێتەوە. ئەوەی دەگێڕدرێتەوە، شوێنەواری ئەو ڕووداوە مێژوویییەیە، کە لەسەر ژیان و واقیع و دەر و دەروونی کەسەکاندا دەیبینینەوە.
واتا لێرەوە ئەم هۆشیارییە زاڵە وا دەکات، مێژووی ڕووخانی هەیکەل وەک تاکە ڕووداوی سەرەکی و گەورە دەربکەوێت و ئەوەی تر کە لەواقیعی ژیانی کەسەکاندا، لە زەمەنی ئێستادا ڕوودەدات، لە پاشماوە و شوێنەواری ئەو ڕووداوە زیاتر نین. واتا ئەم هۆشیارییە ڕێگە نادات، جگە لەڕووخانی هەیکەل، ڕووداوێکی تر لەنێو ڕۆمانەکدا پەیدا ببێت. ئەوەی پەیدا دەبێت تەنیا شوێنەوار و پاشماوەی ئەم ڕووداوەن و بە پچرپچڕی دەگێڕدرێنەوە.
ڕووداو و شوێنەواری ڕووداو، دوو پانتایی پێکەوە بەندن، بەڵام جیاوازیشن. ڕووداو خودێکی هەیە، لەگەڵ شوێنەوار و سیفەتەکانی جیاوازە، باسکردنی شوێنەوار و سیفەتی ڕووداو، یەکسان نابێت بە باسکردن و ناسینی خودی ڕووداوەکە. بۆیەشە ئەوەی لەم ڕووداوە مێژوویییەدا باس دەکرێت، دیوێکی مێژووەکە نیشان دەدات کە دیوێکی ماددییە و لەنێو شوێنەوار و سیفەتەکانی ڕووداوەکەدا دیار دەبن، بەڵام دیوە نادیارەکەی مێژووەکە، لە نێو خودی ڕووداوەکەدا پەنهانە و لە شوێنەوار و سیفەتەکانیدا دیار نابێت. بۆ ناسینی دیوی نادیار و ناماددی ڕووداوەکە دەبێت لە خودی ڕووداوەکە بکۆڵینەوە نەوەک پاشماوە و شوێنەوارەکانی، هەر لە ڕێی ئەم خودەوە دیوی نادیاری مێژووەکەش دیار دەبێت. هەروەها بۆ ناسینی واقیعی کەسەکە و کەسانی نێو ڕۆمانەکە، دەبێت لە دیوە ئەفسانەیییەکە بگەین، واتا بۆ ناسینی واقیعی ژیان پێویستە دیوە ئەفسانەیییەکەی ئەزموون بکەین. بۆ ناسینی واقیعی ئەم ڕۆمانەش دەبێت دیوی ئەفسانەییی ڕۆمانەکە ئەزموون بکەین.
لەڕووی شێوازەوە، کە ڕۆمانێک بە ڕووداوێکی سەرەکی دەست پێ دەکات، دوایی لەڕێی گێڕانەوەی کۆمەڵێ ڕووداوی پاژەکی و پارچەپارچەیی، کە وەک جۆگەلەی باریک دەڕژێنەوە نێو ڕووباری ڕووداوە سەرەکییەکە، کارێکی چەندین جار و لە چەندین ئەزمووندا دووپات بۆتەوە، بەتایبەتی لای ئەو نووسەرانەی ڕەهەندێکی هزری، دینی، ئەفسانەیی، پێشین و خۆرهەڵاتی بە ڕۆمانەکەیان دەبەخشن. چونکە ئەم ڕەهەندە خۆی ئەو چیرۆک و پاژانە لەنێوەخۆیدا هەڵدەگرێت، یان بە دەربڕێنێکی تر، ئەو ئاگامەندییە خۆرهەڵاتییە، ناوەرۆک و شێوازی ئەم ڕۆمانانە پەیدا دەکات!
(٦)
ڕووداوی سەرەکیی نێو ڕۆمانەکە، دوو دیوی هەیە، دیوێکی ماددی و دیوێکی ناماددی. سەرەتا ئەوەی دیار دەبێت دیوە ماددییەکەیە، ڕووی ماددیی ڕووداوە سەرەکییەکە، دیلکردنی کەسێک، وەک دیلکردنی کەسێکی جوو دوای ڕووخانی هەیکەلی سێیەم. ئەمە تەنیا ڕووی دەرەوە و ڕواڵەتی ڕووداوەکەیە، خودی ڕووداوەکە نییە، دیلبوونی کەسێک وەک کەسێکی جوو، دەرکەوتەی ڕووداوی سەرەکیی ڕۆمانەکەیە، لەبن ئەو ڕواڵەتەدا دیوە ناماددییەکەی دەپۆشێت. – کە دوایی ئاشکرای دەکەین-
دەبێت لەمەش بگەین کە ڕووخانی پەرستگەی جوو، ڕووداوی سەرەکیی مێژووە، ئیمکانی هێزەکی تێدایە بۆ ئەوەی ببێتە ڕووداوی سەرەکیی ڕۆمانەکە، ئەمەش بەمە بەدی دێت، کە ڕووداوی مێژووییی ڕووخانی پەرستگە و دیلبوونی ژمارەیەک جوو، لە دیوە ماددییەکەی دەربهێندرێت و دیوە پەنهان و ڕوحی و ڕەمزی و نادیار و ناماددییەکەی ئاشکرا بکرێت. ئەگەر ڕۆمان ڕووداو لە دیوی ماددییەوە بۆ دیوی ناماددی نەگوازێتەوە، ئەوا ڕووداوەکە دەبێتەوە بە بەشێک لە کتێبێکی مێژوویی. کە کۆمەڵێ زانیاری لەبارەی ڕووداوەکە و شوێنەوارەکانی بە خوێنەر دەدات.
لەم ڕۆمانەدا دەبینین، چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، چ لە ڕووی تەکنیکەوە، گواستنەوەکە ئەنجام دراوە، بەڵام دیسانیشەوە کێشەیەکی قووڵ و گەورە ڕووبەڕووی ئەم گواستنەوەیە دەبێتەوە، کێشەی گواستنەوەی ڕووداو لە ڕووە ماددییەکەی بۆ ڕووە ناماددییەکەی، کێشەیەکی وجوودییە، پێش ئەوەی مەعریفی بێت. بۆیە پێویستی بە تەئویلکردنە، نەوەک تەفسیرێکی ڕواڵەتی. ئەمەش قووڵاییی ڕووداوە مێژوویییەکەیە، کە قووڵاییەکی وجوودی و مرۆییش بە ڕۆمانەکە دەبەخشێت، وا دەکات ڕۆمانەکە شایستەی نەوەک تەنیا خوێندنەوە بەڵکوو تەئویلکردن بێت. مەبەستیشم لێرەدا لە تەئویلکردن بە واتا لاهووتییەکەی نییە، کە بێین و لەبارەی پەرستگە-هەیکەل و ڕەهەندەکانی دینی و ئەفسانەیی و لاهووتی و خواوەندییەوە قسە بکەین. ئەگەر چی ئەمەش بابەتێکی دەوڵەمەندە و دەکرێت بە درێژی لەسەر کاریگەرییە قووڵ و گەورە و مێژووییی پەرستگە لەسەر مرۆڤ بدوێین، بەڵام ئەمە مەبەستی من نییە، چونکە من شتێکی دیکەی تایبەت لەم دەقەدا، دەبینمەوە و دەمەوێت ئەو دۆزینەوەیە تەئویل بکەم و بە ڕووداوە مێژوویییەکەی ببەستمەوە.
لەم ڕۆمانەدا، وێنە بچووکەکەی ڕووداوی سەرەکی، جوویەکی دیلە، وێنە گشتییەکەی ڕووداوەکە، مێژووی ڕووخانی پەرستگەی جووەکانە. لەم دوو وێنەیەدا دەتوانین ڕووتی و ڕووخان، پۆشین و سڕینەوە، بەیەکدی بەراورد بکەین. واتا ڕووە ماددییەکەی هەردوو وێنەکە لەنێو یەکدیدا بدۆزینەوە و بزانین وێنە گشتییەکە بریتییە لە دەیان وێنەی بچووک، دەیان وێنەی بچووکیش دەبنە وێنە گشتییەکە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەی دەردەکەوێت شوێنەواری ڕووداوەکەیە و خودی ڕووداوەکە نییە! هۆکاری ئەمەش ئەمەیە، کە ڕۆمانەکە پتر دووپاتی ئەو ئازارە دەروونی و کێشە ڕەوانییە دەکاتەوە کە جووەکان لە ئەنجامی ڕووخانی (پەرستگە- جیهان) تووشی دەبن. ڕۆمانەکە بە قووڵی وێنەی ئەو ئازار و کاریگەرییە دەروونی و ڕوحییە دەکێشێت، کە مرۆڤی جوو ناتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە و مانگی (ئاب) لە تەقویمەکانی خۆی دەسڕێتەوە. نیشاندانی کاریگەریی ڕووە دەروونییەکەی ڕووخانی پەرستگە، یەکسانە بە ڕووخانی جیهان بۆ جووەکان، لەم بارەیەوە دەکرێت، لەژێڕ ڕۆشناییی تیۆرییەکانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی زۆر قسە بکرێت، بەڵام من لەم بارەیەشەوە قسە ناکەم و دەمەوێت قووڵتر و دوورتر بڕۆم و هەموو ئەو تەفسیرە ڕواڵەتییانەی دەکرێت بە سادەیی بۆ ئەم چەمک و ناو و بابەتانە بکرێن بەجێبێڵم، تا بگەمە کڕۆکی ڕووداوەکە، یان خودی ڕووداوەکە لەخۆیدا.
دەرنەکەوتنی خودی ڕووداوەکە، پێوەندی بە گەمەیەکی زمانەوانی، یان تەکنیکی نووسین نییە، بەڵکوو ڕووداوەکە خۆی لە ئاستی تایبەتی و گشتیدا، دیوێکی ناوەکی و دیوێکی دەرەکی هەیە، ئەوەی لە دەرەوە دیارە، پەردەیە و شتێکی ناوەکی دەشارێتەوە، کە ئەسڵی ڕووداوەکە لەوێدا پەنهانە، بۆیە بۆ تێگەیشتن لە خودی ڕووداوەکە نەوەک دەرکەوتە و شوێنەوارەکانی، دەبێت پەردە لەسەر ئەم کڕۆکە هەڵدەینەوە تا دیار ببێت. لێرەشدا من ئەوە دەڵێم، کە مەرج نییە، هۆشیاریی ڕۆماننووس، یان ئاگامەندییەکەی پەی بەم دیوە ناماددییەی ئەو ڕووداوە بردبێت، کە ئەو لە خوێندنەوەی تەورات ناسیویەتی. ڕەنگە ئەم دیوە ناماددییە، تەنیا هۆشیاریی من پەی پێ بردبێت و کەشفی کردبێت. واتا ئەوەی ئەم دیوە ناماددییەی خستۆتە نێو ڕووداوەکەوە، ڕۆماننووس نییە، ئەوەی کەشفیشی دەکات من نیم، بەڵکوو ئەوە خودی ڕووداوەکەیە، کە لەنێو شوێنەوارەکانیدا ڕادەچەنێت و خۆی بۆ هۆشیاریی ئێمە دیار دەدات.
واتا ڕووداو خۆی، هێز و وزەیەکی سەربەخۆی هەیە، لەژێر دەسەڵاتی ڕۆماننووس و ڕەخنەگردا کپ نابێت و تەسلیمی هیچ هێزێکی دەرەکی، لە دەرەوەی خۆی نابێت. بەڵکوو ئەو هێزە لە کات و ساتی گونجاوی خۆیدا خۆی لە نێو بوون و ژیان و جیهاندا مانیڤێست دەکات.
ڕووداوگەلی پاژەکی و چیرۆک و کەس و وردە گێڕانەوەکانی تر، کە وەک نەرمە ڕووناکی کۆ دەبنەوە، دەتوانن کەمێک لە دیوی ناماددیی ڕووداوە سەرەکییەکە ڕۆشن بکەنەوە. ڕووداوە سەرەکییەکە، لە ڕووی ماددییەوە لە ڕێی کەسێک و مێژوویەکدا دەردەکەوێت. بەڵام بە ناسینی دیوی ناماددی ڕووداوەکە، دەزانین ئەم ڕووداوە تەنیا هی کەسێک و هی هەموو جووەکان نییە، بەڵکوو هی گشت ئیبراهیمییەکانە.
(٧)
لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا، دەزانین ئەو کەسە گرفتی ئەوەی هەیە، دایکی لەسەرەتای ژیانی گوێی لێ نەگرتووە و باوکیشی فەرامۆشی کردووە. مرۆڤێکی بێ کارە. کەسێکە ناتوانێت ڕووداو پەیدا بکات، چیرۆک دابهێنێت، کەس و شتەکانی دەوروبەری بجووڵێنێت. ڕووتی و دیلی و بەندییەکەی، تەواوکەری ئەو دۆخەیە کە لە سەرەتای ژیانیدا پێی دەکەوێتە نێو جیهانەوە. ئەو جیهانە کە لە سەرەتادا بریتییە لە گوێلێنەگرتن و فەرامۆشکردن و بەندکردنی لە ژوورێکدا، یان وەک خۆی دەڵێت لە (ئەشکەوت)ێکدا، کە ڕەهەندەکانی لە ئەشکەوتەکەی پلاتۆن دەچێت، چونکە لەوێدا ناتوانێت جەستەی دایکی ببینێت، وێنەکان دەتوێنەوە، دەبن بە وێنەی باڵندەی خورافی، وێنەکان دیوی ماددی خۆیان لەدەست دەدەن و لەبەر چاوەکانیدا بەرجەستە ناکرێنەوە. زمانی ناجووڵێت، ناتوانێت دەنگ دەربهێنێت، شتەکان وەک ئەوەی لەنێو تەمدا بن ئاوا وێنە دەگرن، وەک وێنەکانی نێو ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن، کە لە وردەهێلی ڕووناکیی کز وەک سێبەر بەسەر دیواردا دەردەکەون.
ئەم باس و وێنە زمانییانەی لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا دەخوێنینەوە، وەک سەرەتا خۆیان دیار دەدەن، بەڵام لە هەقیقەتدا ئەم زمانە باسی پاشماوە و شوێنەواری ڕووداوێک دەکات کە قەوماوە. واتا ئەم زمانە تەنیا تەکنیک نییە کە ڕۆماننووس بەکاری هێنابێت، بەڵکوو پارادۆکسی ژیان و گێڕانەوەیەکی گەورەی ئیبراهیمییە، ڕووداوی سەرەکی دەمێکە ڕووی داوە، ئەوەی ئێستا دەبیندرێت و قسەی لەبارەوە دەکرێت، شوێنەواری ڕووداوەکەیە، ئاسەوارەکانیێتی نەوەک خودی ڕووداوەکە. ڕووداوەکە قەوما و کۆمەڵێ شوێنەواری وەک پاشماوە لەسەر جیهان جێهێشتووە. بۆیە ئەوەی لە سەرەتای ڕۆمانەکە وەک پێشەکی باس دەکرێت، لە هەقیقەتدا پاشماوەی ڕووداوێکی گەورەیە، شوێنەواری شکستێکی گەورەیە، ئەم پارادۆکسە وجوودییە، لە تەکنیکی نووسینی ڕۆمانەکەدا خۆی دووپات کردۆتەوە، ڕۆمانەکە بە کۆتاییی ڕووداوەکان دەست پێ دەکات و وردە وردە دەکەوێتە نێو باسکردنی شوێنەواری ڕووداوەکان.
بەڵام ئەو خاڵەی من بە تۆخی دەیبینم، ئەوەیە کە ڕووداوی ڕۆمانەکە لە ڕووی ماددییەوە، دەرکەوتنێکی ئاچووخی هەیە، ئەوەی لە ڕووی ماددییەوە دەردەکەوێت، کەس و چیرۆکی پاژەکی و پاشماوەی ڕووناکی ڕووداوێکن، نەوەک خودی ڕووداوەکە. ڕووداوەکە دێت و دەقەومێت، دەکەوێت، بەواتای ئەوەی دەبێتە واقیع-کەوتن- کەتوار. بەڵام ڕووداوەکە لە جیاتی ئەوەی خودی ڕۆشن ببێتەوە، سیفەت و شوێنەوارەکانی دەردەکەون. واتا خودی ڕووداوەکە هەر بە نادیاری و لەژێر پەردەدا دەمێنێتەوە، ئەوەی دەردەکەوێت دەرکەوتە و شوێنەوار و سیفەتەکانی ئەم ڕووداوەن! واتا (ڕووداوەکە خۆی بەجێدێڵێت و دەکەوێتە نێو شوێنەوارەکانی خۆیدا!). ئەمەش لە ڕووی وجوودی و تەکنیکی ڕۆماننووسین، پێوەندی بە هۆشیاری و توانای هزری و زمانی و تێگەیشتنی ڕۆماننووسەوە هەیە. بەو واتایەی ڕۆمان هەڵگری ئاگامەندی نووسەرە، کە ئەو ئاگامەندییە چەند (ڕووداو) هەڵدەگرێت و چەندیش (وتار).
(٨)
ئەم قسەیە: (ڕووداوەکە خۆی بەجێدێڵێت و دەکەوێتە نێو شوێنەوارەکانی خۆیدا!). واتای چییە؟ بۆ ئەوەی لەم دەستەواژەیە بگەین، دەبێت بزانین ڕووداو چییە؟ شوێنەوارەکانی ڕووداو چین؟
با سەرەتا سەرنج لە دیوە ئەفسانەیییەکە بدەین؛ کەسێکی جوو بە دیلی گیراوە، بە ڕووتی لەنێو قەفەسێکدا، لە دەشتێکی گەرمدا بەندیان کردووە، ئەم سەرەتایە، سەرەتای ڕووداوی سەرەکیی نێو ڕۆمانەکەیە، نەوەک هی ڕۆمانەکە، چونکە ڕووداوەکە لە ڕاستیدا مێژوویییە، کە کەسێکی جوو، واتا سەر بە گێڕانەوەی ئیبراهیمی، پێش ئەوەی پێ بخاتە نێو جیهانەوە، دەیخەنە نێو قەفەزەوە. ئەمە ڕووداوێکی گەورەیە، خودی ڕووداوەکە ئەوەیە کە کەسێکی ئیبراهیمی، دەیەوێت پێ بخاتە جیهانەوە! بێت لە سایەی گێڕانەوەیەکی ئیبراهیمیدا ئەزموونی ژیان بکات، واتا هاتنی کەسێکی ئیبراهیمی بۆ نێو جیهان ڕووداوە سەرەکی و گەورەکەیە! یان ڕاستتر ئەمە دیوی ناماددی و هەقیقیی ڕووداوەکەیە! دیوی ئەفسانەییی ڕۆمانەکەیە لە هەمان کاتدا! بەڵام ئەم کەسە کە باسی هاتنی خۆی بۆ نێو جیهان دەکات، باسی خودی ڕووداوەکە ناکات، چونکە خودی ڕووداوەکە بەکۆمەڵێ دەرکەوتە و سیفەت و ئاسەوارەوە پەردەپۆش کراوە، واتا کەسەکە لە جیاتی ئەوەی باسی ناوەڕۆکی ڕووداوەکە بکات، باسی شوێنەوارەکانی دەکات، باسی دوای ڕووداوەکە دەکات، باسی ئیبراهیمییەکان لە دەرەوەی جیهاندا دەکات.
کەسەکە بۆ ئەوەی باس لە هاتن و فڕین و ئازادی و هەقیقەتی ئیبراهیمییەک لە جیهاندا بکات، ئاگامەندی دەچێتە سەر باسی وێنەی جۆرەها باڵندەی نەبیندراو و کەسنەدیو و خوڕافی. ئەو دۆخە دەناسێنێت کە لەنێو کۆشکدا بە دەستبەسەرکراوی هەیبوو و نەدەبوایە دوو پێی بخاتە دەرەوە. وەک ئەوەی وەک مرۆڤی نائاگامەند لە ئەشکەوتەکەی پلاتۆن بێت، یان وەک مرۆڤی ڕووت و دیلی نێو قەفەزەکەی ئێستایدا بێت.
ئەزموونی ژیانی ئەو ئیبراهیمییە، ئەزموونی بەندی و قەفەسە، ئەزموونی بێ باڵی و ڕووتییە، کەسێک لە پەراوێزی ژیاندا کەوتووە. ئەم کەوتنە فڕێدانیێتی بۆ نێو جیهانی (قەفەس- ئەشکەوت- ماڵ – کۆشک)، کەوتنە نێو ئەو ناوانە، کەوتنە نێو یەک واقیعە، کە چیرۆکی ئەو پەیدا دەکەن. چیرۆکە واقیعییەکەی مرۆڤی ئیبراهیمی، یان واقیعی چیرۆکەکەی، کەوتنیێتی بۆ نێو جیهانێک ،کە نایناسێت و لە پەراوێزدا گیری دەکات، واقیع وێنەی قەفەزێک وەردەگرێت، کە بەڕووتی تێیدا بەندە و ناتوانێت دوو پێیەکانی بخاتە دەرەوەی. وێنەگەلی چڕی سەرەتای ئەم ڕۆمانە، دیوی تاکەکەسیی مرۆڤی پەراوێزخراو و دیلی ئەشکەوت، وەهم و چیرۆکەکانی دین، لە فەزای گشتیدا، لە نێو زمانی گێڕانەوەیەکی ئیبراهیمیدا دەکێشێت. مرۆڤ لە ئەنجامی خەتایەکانی، دەبێت بە ڕووتی لەنێو قەفەزی ژیاندا، لە چلەی دەشتێکی گەرم و پڕوکێنەردا، ئەزموونی خۆی بکات.
ئەم ئەزموونە لەم ساتەدا زیندووە، واتا لە ڕووی زەمەنییەوە ئێستایە، بەڵام ئەم ئێستایە، لە دۆخێکی هەمیشەییدایە بۆ مرۆڤ، دۆخێک لە سەرەتاوە تا گێڕانەوەی چیرۆک و ئەفسانە و واقیعەوە، هەمیشە دۆخێکی (تراژیدی-کۆمیدی)یە، کە هەردوو دیوەکەش هەمان شتی یەک ژیان و یەک دین و یەک چیرۆکن! چیرۆکێک کە تەواو بووە و گەیشتۆتە نێو قەفەسی خۆی و وەک باڵندەیەکی خورافی و ئەفسانەیی توانای فڕینی نەماوە، ئەوەی لێی ماوەتەوە تەنیا پاشماوەی چیرۆکەکانێیتی، پاشماوەیەک کە ناتوانێت، زیندوویێتی بە کەس و ڕووداوەکان بداتەوە.
ئەم پاشماوەیە شوێنەوارەکانی ڕووداوەکەن، شوێنەواری مرۆڤ، کە هات و بێرەدا ڕەت بوو، شوێنەواری ئەزموونەکانی مرۆڤ، کە بە وێنەیەکی تراژیدی، یان کۆمیدی ئەزموونی خۆی لەگەڵ ئەوانی تر بەش کرد و کەوتە نێو چیرۆکەکانی مێژوو و گێڕانەوەکانی ئیبراهیم. لێرەشدا گێڕانەوەی ئیبراهیمی کە لە سەرەتای خۆیەتی، سەردەمی جوو، پێش ئەوەی مەسیحییەکان و موسڵمانەکان شتی تر بگێڕنەوە. هەر لە سەرەتادا مرۆڤی گێڕەوەوە، یان پێغەمبەر، دەکەوێتە قەفەزدا. گێڕانەوەکە دەکەوێتە قەفەزەوە، قەفەزێک لە دەشتێکی تاقەتپڕووکێنەردا.
پاشماوەی ڕووداوەکان، ڕووداوەکان خۆیان نین، ئەم ڕۆمانەش کە لە نێو سەرەتای گێڕانەوەیەکی ئیبراهیمیدا پەیدا دەبێت، کەسەکەی، پێغەمبەرەکەی، گێڕەڕەوەکەی مەحکوومە بە قەفەز و نەناسین و پەراوێزخستن و زمانگیران و پێ نەخستنە نێو جیهان و ژیانەوە. خۆ ئەگەر پێی خستبێتە نێو جیهانیش ئەوا لێی دەردەکرێت و فڕێ دەدرێتە جیهانەوە. یان جیهانەکەی دەڕووخێندرێت.
(٩)
ئەزموونی ئەم کەسە ئیبراهیمییە، لەگەڵ زمانی ڕۆمانەکەدا یەکانگیرن، یان بە دەربڕینێکی تر، کە هۆشیاریی ڕۆماننووس لەبارەی گێرانەوەیەکی ئیبراهیمی دەناسین، لەگەڵیدا ئەو زمانەش دەناسین، کە دەربڕین لەو هۆشیارییە دەکات.
زمانی ڕۆماننووس لەگەڵ تێگەیشتنی بۆ تەورات و چیرۆکەکانی، هەروەها تێگەیشتنی بۆ ڕۆمان و ئەفسانە و واقیع، لەنێو ئەو زمانەدا یەکدەگرنەوە، کە دەربڕین لە زمانی نووسین و خوێندنەوە و ڕۆمانی نووسەر دەکات. دەربڕینێک کە کەس ناتوانێت وەک دەقەکە خۆی دیوی دەر و دەروونی نووسەر دیار بدات! لە هەمان کاتیشدا، ئەم هۆشیارییە تاکە دەسەڵاتە، کە ڕۆمانەکە بەو شێوە و ناوەڕۆکە دەخاتەوە. لێرەوە ڕۆمان دەبێتە لۆگۆس! واتا ئێمە لەنێو ئەو لۆگۆسەدا، دەتوانین لە (ڕووداو) و (شوێنەوارەکانی ڕووداو)ی ئەم ڕۆمانە بگەین. با بپرسین لەم ڕۆمانەدا، ڕووداو، یان شوێنەوارەکانی ڕووداو، کامەیان پانتایییەکی فروانتری گرتووە؟
بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، دەبینین شوێنەواری ڕووداوەکان پتر سێبەری بەسەر ڕۆمانەکەدا کردووە. لە زۆر شوێندا، زمانی ڕۆماننووس لەنێو ڕووداودا دەرناکەوێت، یان با بڵێین زمانەکە ڕووداو دیار نادات، بەڵکوو زمانەکە پتر لایەنێکی هزری، شیعری، وتاری دیار دەدات. ئەم لایەنە هزرییە، شیعری و وتارییە، وەک ڕووداو بوونی ڕۆمان ناجووڵێنێت، خودی ڕووداوەکە ڕووناک ناکاتەوە، بەرەو جیهان و ژیانێکی کردەکی نابات، لەنێو گێڕانەوەکەدا شتەکان لە ڕووداو خاوتر ڕوودەدەن، زانیاریی مێژوویی و سروشتی دەبەخشن، کە ئەمەش خودی ڕووداوەکە ڕووناکتر ناکاتەوە، بەڵکوو وەسفی ڕووداوەکە درێژتر دەکات، ناتوانیت بەقەد هێزی ڕووداو ژیان و جیهانی ڕۆمانەکە بەرەو پێشەوە ببەن. هەر بۆ نموونە لاپەڕە (١١) و (١٢) لەبارەی ناوی ئەسپەکانەوە، یان لە لاپەڕە (٢٤)ەوە لەبارەی (ئیسکاتۆلۆجییەوە) قسە دەکرێت، یان ئەو وشانەی لە لاپەڕەکانی دواتردا لەبارەی (خەوزڕان)ەوە دەنووسرێن، هەروەها زۆر بابەتی تریش وەک ڕووتی و پۆشین و شیعر و ماینی پێغەمبەر و شتی تریش سەر بە خودی ڕووداو نین، بەڵکوو وەسفن، ناوەڕۆکی ڕووداوەکە ڕۆشنتر ناکەنەوە، ئەمە واتای ئەوە نییە، کە من ئەو پاژ و وەسف و پارچە نووسینانە لەنێو ڕۆماندا ڕەت بکەمەوە، نەخێر ڕەتیان ناکەمەوە، چونکە ئەرکێکی مەعریفی و هونەری و ئەیستەتیکیش ڕادەپەڕێنن، بەڵام ئەوە ڕوون دەکەمەوە، کە ئەو پەرەگراڤ و لاپەڕانە قووڵایی بە ڕۆمانەکە نابەخشن و کڕۆکەکەی دیار نادەن. زۆربەی ڕۆمانەکان کەموزۆر، وەسفکردنێکی جوانی تێدەکەوێت، کە لە ڕاستیدا، کڕۆکەکان ڕۆشن ناکەنەوە. هەر لەم بارەیەوە، لە ساڵی ٢٠١٢ کە ڕۆمانی (ماڵی ڕێحان)م بڵاو کردەوە، نووسەر (ڕێبین خدر) ئەو سەرنجەی لەسەر ڕۆمانەکەم هەبوو، ڕاستیشی دەکرد!
لەم ڕۆمانەدا سەرەتا ڕووداو هەیە، ئینجا دەگێڕدرێتەوە، واتا بکەرێک هەیە، هێز بە وەرگرەکانی دەدات و دەیانجووڵێنێت. بەڵام کەسەکان ئەوەندەی زانیاری و قسە بۆ ڕۆماننووس دەکەن، ئەوندە کار ناکەن، ژیانی کەسەکان پتر لە ڕێی قسە و خوێندنەوە و زانیاری بەخشینەوە دەکرێت، واتا کەسەکان ئەوەندەی باسی ژیان دەکەن، ئەوەندە ژیان ناکەن. بۆیەشە ئەو جۆرە ژیانە پتر شوێنەواری ڕووداوێکی سەرەکی بەسەرەوەیە، نەوەک ڕووداوەکە خۆی بێت. بۆیەشە لێرەدا ڕەنگە لەمە بگەین، کە سەرتاپای ئەم ڕۆمانە لەم لۆگۆسەدا دەرهاتبێت، چونکە درک دەکات، ڕووداو کەوتۆتە نێو واقیعێک، کە هێزی ژیان و ئەزموونکردنی جیهانی نەماوە. بۆیە ژیانەکە ناتوانێت بەتەنیا لە ڕێی ڕووداودا خۆی بەیان بکات، بۆیە زمانەکە وەسفی ژیان دەکات. واتا کە مرۆڤ ناتوانێت پێ بخاتە نێو جیهانەوە، ناتوانێت پەی بە جیهان ببات و ئەزموونی بکات، بەڵکوو تەنیا دەتوانێت ڕواڵەتەکەی وەسف بکات. بە دەربڕینێکی تر، ئەگەر ڕووداو هەقیقەت بێت، ئەوا مرۆڤ پەی پێ نەبردووە، بۆیە ناچارە بە ڕێژەیی وەسفی بکات.
لێرەدا لەبەردەم دوو باردا دەبین، یەکەم باری تەکنیکی، واتا ڕۆماننووس بە چ تەکنیکێک ڕووداوەکە دەگێرێتەوە، بە شێوازێکی ئاسایی، یان نامۆ و نوێ؟ ئەمە لایەنێکی تەکنیکییە و ڕۆماننووس وەک وەزیفەیەکی ئەدەبی و ڕەخنەیی و ئەیستەتیکی ڕەچاوی دەکات. تا شێوازی ڕۆمانەکەی باشتر و بەهێزتر و تۆکمەتر دەربکەوێت، واتا هەوڵ دەدات چەندین سیفەتی ئەرێنی لە ڕووی شێوازەوە بە ڕۆمانەکەی خۆی ببەخشێت.
لایەنی دووەم باری ئۆنتۆلۆجییە، دۆخێکی ڕەمزییە کە ڕووداوەکان پەیدا دەکەن، نەوەک تەکنیکی گێڕانەوەی ڕووداوەکان. واتا لەم بارەدا، ڕووداو بۆ نموونە (کەسێکی ئیبراهیمی چۆن دێتە نێو جیهانەوە؟!) ئەم ڕووداوە هاتنە نێو جیهانی مرۆڤێکی ئیبراهیمی، خۆی ڕووداوە. ڕووداوێکە دیوێکی ئەنتۆلۆجی و مەعریفی هەیە. ئەگەر لە ڕووە مەعریفییەکەی پێشبەر بکرێت، دەبێت بە بەڵگەی مێژوویی و ئەدەبی و دەقگەلی موقەدەس و هتد..، بەڵگەی بۆ بهێنرێتەوە. ئەگەر لە ڕووە ئۆنتۆلۆجییەکەش بخرێتە ڕوو، دەبێت ڕۆماننووس تەسەورێکی تایبەتی خۆی بخاتە ڕوو. لێرەوە ڕووداو ڕوو دەدات! ئیشکردن لەسەر چیرۆکەکانی تەورات و هەر گێڕانەوەیەکی تری ئیبراهیمی، توانا و وزەیەکی چاک بە نووسەر دەدەن تا باسی هاتنی مرۆڤیی ئیبراهیمی بۆ نێو جیهان بکات. (چۆن دێت؟ بە چی دێت؟ دەتوانێت بێت؟ ئەگەر هات چۆن ئەزموونی دەکات؟ لەگەڵ کێ بەشی دەکات؟) دەکرێت کۆمەڵێ پرسیاری تری لەم جۆرە بکرێن.
لێرەدا پێش چیرۆکەکە، تێدەگەین ڕووداو ئەوەیە، مرۆڤ بێتە نێو جیهانەوە، واتا ئەزموونی جیهان بکات، بۆ ئەوەی کەشفی جیهان بکات، لە ڕێی جیهانەوە ئەزموونی ئیمان و هەقیقەت و واقیع و ژیان بکات، ئەمەش لە ڕێی خولقاندنی ڕووداوەوەیە، کەسەکان دەبێت بجووڵێن، تا ڕووداو بخوڵقێنن. ڕۆماننووسیش دەبێت گێڕانەوەی ڕووداوەکان بکات بە ڕووداوێکی ئەدەبی، یان فەلسەفی یان فەرهەنگی و ڕۆشنبیری.
ڕووداو دۆخە، بارە، حاڵەتە. هۆشیارییە، ڕۆماننووس دەکەوێتە نێوی، لەنێویدا دەجووڵێت. ئەوەی دەجووڵێت هۆشیارییە، هێز و وزەیەکی مرۆیییە، ئەو لۆگۆسەیە کە درک بە خودی ڕووداو دەکات و بە زمانیش دەربڕینی لێ دەکات. مەرجیش نییە ئەوەی لەم هۆشیارییە دەکەوێت، دۆخێکی ئەرێنی بێت، واتا جووڵەکە بارێکی ئەرێنی ڕووناک بکاتەوە، وەک ئەوەی کەسەکە دەتوانێت پێ بخاتە جیهانەوە. ئەگەری ئەوەش دانەنرێت کە نەتوانێت پێ بخاتە جیهانەوە. لەهەردوو باردا ڕووداو ئامادەیە، چ پێ بخاتە جیهانەوە، یان نەخاتە جیهانەوە. چونکە ڕووداو مەرجدار ناکرێت بە بارێکی ئەرێنی یان نەرێنی، چونکە ئەگەر ڕووداوەکە بە بارێکی ئەرێنی یان نەرێنی وەسف کرا، ئەوا ڕووداوەکە دەکەوێتە نێو شوێنەوارەکانی!
قسەکەی ئێمەش لەسەر ئەوەیە، مرۆڤێکی ئیبراهیمی بە ڕووتی لەنێو قەفەزدایە، ناتوانێت بەرەو جیهان جووڵە بکات. ئەگەرچی قەفەز و دەشت و گەرما تاقەتپڕووکێنەکە هەمووی بەشێکن لە جیهان. بەڵام هاتنە نێو جیهان ئەزموونە، هەتا لەنێو قەفەزیشدا بێت. قەفەز ناتوانێت ئەزموونی هاتن و نەهاتنی مرۆڤ بۆ نێو جیهان ڕابگرێت، یان پێشی بخات. بەڵکوو خۆی دەبێتە ڕووداو و توانای دیاریدانی مرۆڤ و جیهان و پێوەندیی نێوانیان هەیە، وزەی ئەوەی تێدایە ئەزموونی جیهان و ژیان و ئیمانی مرۆڤ ئاشکرا بکات.
(١٠)
با بگەرێینەوە لای کاراکتەرەکەی نێو قەفەزدا و لە دیوە واقیعییەکە تەماشای بکەین، ئەو ئاگامەندییە ببینین، کە لەبارەی جیهانەوە دەدوێت، ئایا جیهان پەرستگەیە، یان پەرستگە جیهانە؟ ئایا ئیبراهیمییەکان پێ ناخەنە جیهانەوە، یان لە جیهانەوە فڕێدرانە دەرەوە؟ ئایا جیهان لە سنووری پەرستگەدایە، یان لە دەرەوەی پەرستگەدا جیهان هەیە؟
دەکرێت ئەم پرسیارانە و وردە پرسیاری تریش لەبارەی تێگەیشتن لە مێژووی پەرستگە و جیهان و پێوەندیی نێوان ئەزموونی پەرستگە و ئەزموونی جیهان بکرێت. ئایا هۆشیاریی بە پەرستگە، چەند بەشدارە لە هۆشیاربوون بە جیهان و بە پێچەوانەشەوە؟ کامەی پێش کامیان دەکەوێت و کامەیان ڕووداوە و کامەیان شوێنەواری ڕووداوە؟ ئایا ئەسڵ بۆ پەرستگەیە یان بۆ جیهان؟ من لە پەرستگەم بۆیە ئەزموونی جیهان دەکەم، یان لە جیهانم بۆیە ئەزموونی پەرستگە دەکەم؟
بێگومان ئەم پرسیارانە لە فەزای لاهووتی جوویی پێشبەر دەکرێن، پەرستگە وەک مەودایەکی موقەدەس، خۆی جیهانی گەلێکە کە خودایەکەی هەڵیبژاردووە! پەرستگە جیهانێکی موقەدەسە لەنێو جیهاندا، پەرستگە زاتی جیهانە بۆ جوو و ئیبراهیمییەکان بە گشتی. پەرستگە پێوەندیی نێوان ئیبراهیمییەکان و جیهان ڕێک دەخات و دادەڕێژێت و قانوون و ڕێسای بۆ دادەنێت. ئیبراهیمییەکان و غەیری ئیبراهیمییەکانیش دەبێت شوێنێکی موقەدەسیان هەبێت لە نێو جیهاندا، تێیدا خودیان تەحقیق ببێت، تا لەوێدا بێنە نێو جیهانەوە و ئەزموونی بکەن.
پەرستگە دامەزراندنی جیهانێکە لە نێو جیهاندا، حزووری شتێکە کە توانای حازربوونی هەیە. پەرستگە خۆی جیهانێک لە نێوخۆیدا حازر دەکات. سنوورێک بۆ پاکی و قودسیبوون دەکێشێت. زەوی پەرستگە لە زەوی جیهان جیا دەکاتەوە، یان مەدوای زەوی موقەدەس لە زەوی جیهان جیا دەکاتەوە. لێرەشدا پێوەندی نێوان زەوی و جیهان، دێتە پێشەوە. جیهان لەسەر زەویدا خۆی دەردەخات، پەرستگەش لەسەر زەویدا خۆی لە شێوەی ئاوایی حەرەمێکی موقەدەسەوە دیار دەکات. ئەو زەوییەی پەرستگەی لەسەر ئاوا دەکرێت، دەبێتە زەوییەکی موقەدەس و لە پارچە زەوییە ئاسایییەکانی تری جیا دەکاتەوە، واتا لەسەر زەویدا شوێن و جێ پەیدا دەبن. ئەشکەوت و کۆشک و کتێبخانە و پەرستگەکان دەبنە جێ لەنێو شوێندا. ڕۆمانەکەش بە ئاگاداری و بێ ئاگاداری نووسەر، کۆمەڵێ باس لە بارەی شوێن و پیرۆزی و فەزای کراوەی بەهەشت و دۆزەخ و شار و ئیمکانی تر بۆ شوێن و جێ دەکاتەوە.
کردنەوەی شوێن و پێوەندی بە پیرۆزی و دەسەڵاتەوە، دەمانخاتە نێو پێوەندیی وجوود و مەعریفە و هەقیقەت و ڕاستی جیهان و جیهانی ڕاستییەوە. هێڕشکردنە سەر وڵات و پەرستگەی گەلی هەڵبژێردراوی خودا و ماڵی خودا و هەقیقەت، ماڵی هەقیقی مرۆڤی ئیبراهیمی، ئەم هێڕشکردنە خۆی دەبێتە ڕووداو و شوێنەوارەکانی لەسەر جیهان و زەوی و هەموو شوێنەکاندا دیار دەکات.
لێرەشدا پێوەندییەک لەنێوان شوێن و هەقیقەتدا دێتە گۆڕێ، شوێنی هەقیقی و هەقیقەتی شوێن. پەرستگە وەک شوێنێکی هەقیقی بۆ ڕاستی، بۆ حزووری خودا، لەسەر زەویدا دیار دەبێت. ڕووخانیشی، ڕووخانی هەموو بەهاکانی ئەم شوێن و ڕاستییەیە کە لە خۆیدا هەڵیدەگرێت. ڕووخانی بەهاکانی خودای ئیبراهیمە لەسەر زەویدا، هەر لەڕێی ئەم ڕووداوەدا، پێوەست بە کات دەبێت، ڕۆژێکی دیاریکراو، وەک (نۆی ئاب) یان ڕۆژی جەژن و یادە و بۆنەکان، ئەو کاتانە لەم شوێنانەدا، پێوەندیی خودا، جیهان و مرۆڤ لەسەر زەوی لەخۆ دەگرن.
هایدێگەر دەڵێت: (ئەسەری تەلارسازیی پەرستگەیەکی گریکی بۆ نموونە، وێنەی هیچ شتێک ناکات، بە سادەیی لەنێو بەردەلانە درزبردووەکان قیت دەبێتەوە، ئەم ئەسەرە تەلارسازییە وێنەی خودا لەخۆ دەگرێت و ئەم ناپەنهانییە لە مەجالی موقەدەسدا لە ڕێی ڕێڕەوە کراوە و ستوندارەکانی دیار دەدات، بە هۆی پەرستگەوە خوداوەند لە پەرستگە حازر دەبێت، ئەم حزوورەی خوداوەندە لە خودی خۆیدا بڵاوبوونەوە و گەمارۆدانی مەودایە وەک مەودایەکی موقەدەس. بەڵام پەرستگە و مەودایەکەی لە بێسنووریدا نافڕن، پەرستگە وەک ئەسەرێک ئەوەیە هەموو تولەڕێگە و جومگەکان کۆ دەکاتەوە، کە تێیدا لەدایکبوون و مردن، کارەسات و نیعمەت، سەرکەوتن و بەزین، خۆڕاگری و شکان بۆ بوونەوەری مرۆیی شێوەی قەدەری خۆیان وەردەگرن. فەزای کراوەی ئەم جومگە کراوانە لە پەیدابوونیان، جیهانی ئەم گەلە مێژوویییەیە، بە دەستپێکردن لەم جیهانەوە و لەم جیهانەدا ئەم گەلە بۆ خودی خۆی دەگەڕێتەوە تا ئەوە بەدی بێنێت کە بۆی دانداراوە.) [2]
پەرستگە حزووری خوداوەند حازر دەکات، خودی خوداوەند دەهێنێتە نێو پەرستگە، نەوەک سیفەت و کارەکانی. لەوێوەش هەمو ئەو ڕێیانە بە مرۆڤ دەبەخشێت تا لەنێو جیهاندا، لەسەر زەویدا پێی بگاتەوە بەو قەدەرەی کە خواوەند بۆی نووسیوە. حزووری خواوەند ڕووداوی سەرەکیی پەرستگەیە، شوێنەوارەکانیشی لە دەرەوەی پەرستگە لە شێوەی لەدایکبوون و مردن، خۆشی و ناخۆشییەکان، سەرکەوتن و دۆڕان، خۆڕاگری و شکان و هەر کارێکی تر، بۆ مرۆڤ ڕەنگ دەگرن. واتا پەرستگە ڕووداوە و جیهان شوێنەوارەکانی ئەو ڕووداوەن.
ڕووداو موقەدەس و پاک و یەک و جێگیر و خۆگرە، لە ڕێی حزووری خوداوەند خۆی دەردەخات و ئاشکرا دەکات، بەڵام کە دێتە نێو جیهانی ئاسایی، دەبێتە کۆمەڵێ ڕووداوی پاژەکی و کۆمەڵێ شوێنەواری ئاساییی مرۆیی. لە پێناو ئەوەی، ئەوەی خوداوەند ئەمری پێ کردووە بەدی بێت. بەڵام ئەو وردە ڕووداو و شوێنەوارانە هەر وا بە سادەیی و بێ کێشە ناکەونە نێو جیهانەوە، چونکە جیهان بە پێچەوانەی پەرستگە، فرە و زۆر و ناجێگیر و ناڕێک و ناجۆرە، مرۆڤیش تێیدا لەنێو شهووددا ئەزموونی ژیان دەکات، بۆیە ناو و چەمک و پێناسە و زانیاری و زانینەکانی یاری پێدەکەن، پیسی دەکەن، دەیخەنە نێو جیهانی ئارەزوو و حەز و ماددەی ئاسایییەوە. جیهان هەوڵ دەدات گەمارۆی پەرستگە و مەودای موقەدەسی گەلێکی هەڵبژێردراو بدات، نەهێڵێت قەدەری خۆیان لە جیهاندا جێبەجێ بکەن. دەکرێت جیهان یان زەوی ناپیرۆز و ئاسایی لە ڕێی کەسێکی (مامزێر)ەوە گەمارۆی ئەزموونکردنی موقەدەس و پەرستگە لە جیهان بدات.
قەدەری مرۆڤ ئەوەیە ئەزموونی جیهان و ژیان بە پاکی و قودسییەتەوە بکات، ئەو حزوورەی بۆ خوداوەند لەنێو پەرستگەدا پەیدا دەبێت، لە ڕێی کارەکانییەوە، بیخاتە نێو جیهانەوە، تا قەدەری مرۆڤ لە ژیانێکی پاک و بێگەرددا شێوەی خۆی بگرێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەزانین کە خودای جوو، خودایەکە لەسە زەوی و بێ پەرستگەش دەتوانێت، جیهانی خۆی لەسەر زەویدا فەرش بکات! وەک خوای مەسیحی و ئیسلام نییە کە لە ئاسمان بێت. بۆیە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان پەرستگەی جوو و پەرستگەکانی یۆنان و دواتریش لەگەڵ کڵێسە و مزگەوتدا هەیە. هەروەها جیاوازییەکی گەورە لە وێنەکانی پێغەمبەرەکاندا لەنێوان تەورات و ئینجیل و قورئاندا هەیە، لەمەدا ئیبراهیمییەکان بە قووڵی جیا دەبنەوە، وێنەی ئادەم و ئیبراهیم و لووت و موسا و داود و سلێمان لە تەوراتدا بە شێوە و ناوەڕۆکێکە و لە ئیسلامدا بە شێوە و ناوەڕۆکێکی تر.
(١١)
یەکێک لەو چەمکانەی لەم ڕۆمانەدا هەوڵی داوە، ڕۆشنی بکاتەوە و لەبارەی ناوەڕۆکەکەیەوە بدوێت، (ڕووتی)یە. ڕۆماننووس لە لاپەڕە (١٥) تا لاپەڕە (٢٠) باسی ڕووداوێکی کەسەکەی نێو قەفەسەکە دەکات، کە ئێوارە تای گەرم خستوویەتی و تلی پێ دەدا، چاوی بەردەوام دەکەوتە ڕەشکە و پێشکە، سەرنجی دایکی دەدات، بە درێژاییی ئەو لاپەڕانە، چەند وردە ڕووداوێک باس دەکرێن، بەڵام دوایی لەسەر یەک واتا دەگیرسێتەوە کە ئەویش ڕووتییە، کە هەستکردن بە ڕووتی ڕایدەچڵەکێنێ.
سەرەتای بابەتەکە بۆ ئەوە دەڕوات، کە لە کۆتاییی خەونەکە لەبارەی دایکییەوە چڕ ببێتەوە و شتێک لەبارەی ژن، یان دایک، یان مێ لە عەهدی قەدیمدا بڵێت، بەڵام دایکەکە، کە سەرەتا ڕووداوە، دوایی دەبینین لە ڕووداوەکە دەکەوێت و شوێنەواری تر جێگەی دەگرێتەوە، کۆتاییی خەونەکە بە ڕووتی نێو قەفەسەکە گرێ دەداتەوە. ڕووتبوون بە سەرچاوەی ئازارەکان دادەنێت. لەگەڵ ئەمەدا ڕووداوەکان بەجێ دەمێنن و باسی ڕووتی دەبێتە ناوەندی قسەکردنەکە، بە (بینین) گرێ دەدرێتەوە، بینین مەودای قسەکردنەکە پاوان دەکات، بەوەی بینین کە دەکەوێتە سەر جەستە و ڕۆحی تێدا دەخوڵقێنێت و ماهیێتی ڕۆحەکەش دەردەخات.
پێوەندییەک لەنێوان جەستە و جلپۆشین و ڕۆح دادەنێت و لەرێی وتووێژی نێوان کەسەکە و (بیبی کەناری) ناوێک قسەی لەسەر دەکات. جل بە قەفەز گرێ دەداتەوە، قەفەزیش ئاماژەیە بۆ کۆتاییی گیان و خەیاڵ و قاڵبی جەستە.
دوای ئەمە دەبینین، نووسین وەک ئازارێکی دڕندە باس دەکات، (چ هەستێکی قێزەوەن و چ ڕشانەوەیەکی مەرگبەخشە!!)[3] ڕایدەگەیەنێ ڕۆژی ڕووخانی هەیکەلی سێیەمە، چارەنووسی کەسەکانی نێو کۆشک دیار نییە چییان بەسەر دێت. لەنێو ئەم بیرانەدا، جارێکی تر دێتەوە سەر باسی سیمای دایکی، بەڵام هەر زوو دەپەڕێتە سەر باسکردنی باوکی، دوایی دێتەوە سەر باسکردنی دایکی و دەیبەستێتەوە بە ترسی لە ڕووتبوونەوە. بەڵام درێژە بە باسەکە نادات و دەچێتەوە سەر بیرۆکەی کۆتاییی شتەکان و ژیان، ترسان و بیرکردنەوە لە قیامەت، واتای مردن لای ئیبراهیم خەلیل و مرۆڤی مۆدرن، دیسانەوە دێتەوە سەر باسی ڕووتی و ئەمجارە ڕووتی بە سەرچاوەی زەندەقچوون دادەنێت. هەروەها بە هاندەری دادەنێت بۆ بیرکردنەوە لە ڕابردووی پر لە گومانی. دوایی لەسەر زاری دیلەکانی تردا باسی ڕووتی ئادەم و داپۆشینی دەکات. دوای ئەوە ڕووتی بە سەرچاوەی هێمنی دیلەکان دادەنێت، بە ڕووتی نێر وەک مێی لێ دێت، ئینجا دێتە سەر باسی پێوەندیی ڕووتی و هێمنی و نەرمی زمان و قسەکردن. هەروەها ڕووتبوونەوە وەک سەرچاوەی گەڕانەوە بۆ ناوەوە دیار دەدات. هەروەها دوای ئەوە دەڵێت ڕووتی چ هەستێکی دووفاقییە!
دوای لاپەڕەیەک لەم باسە ئەو جارە ڕووتی بەربارانی (ڤادڤیلا) باس دەکات، ئینجا دەگەرێتەوە سەر ڕووتییەکەی خۆی لەنێو قەفەزدا و بە سەرچاوەی ڕیسوابوونی دەزانێت. ئینجا دەپەڕێتەوە سەر باسی شیعر و خەوزڕان و شوانی و کوشتنی مێگەڵەکەی، فۆبیای مەرگ و دیسانەوە باسی شیعر و ئینجا دێتەوە سەر باسی ڕووتی و ڕاکردن، ڕووتی سەرچاوەی داپڵۆسینی ڕۆحە، چونکە ڕووتی کە دەبێتە کردار، نەوەک بە تەنیا جەستە بەڵکوو ئیرادەش ڕووت دەکاتەوە.
ئینجا دێتە سەر باسی ڕووتی ئادەم و حەوا لە بەهەشت و پۆشتەبوونیان لە سەر زەویدا، ڕووتی هۆکاری بیرکردنەوە بوو لە خواوەندێک، خواوەندێکی پۆشتە تا ڕووتی مرۆڤ بشارێتەوە. بۆیە ئەزموونی مرۆڤ لەگەڵ خودا، لەسەر زەوی دەبێتە ئەزموونی خۆڕزگارکردن لە ڕووتی. ئینجا کەسەکە تێدەگات، دایکی ڕووتە، ئەستێلای دراوسێیان ڕووتە، ئینجا ڕووتی وەک حاڵەتێکی شیعری باس دەکات. دوای ئەمانە دێتە سەر ڕووتبوونەوەی دایکی و حەزی ئەوەی نیشانەی سەر جەستەی دایکی ببینێت، هەروەها ئەو قسانەی خەڵک لەبارەی ڕووتی دایکییەوە دەیکەن و لەوێوە دێتە سەر باسی ناوی دایکی (دیدیلاز) و چۆنیەتیی پەیدابوونە ئەفسانەیییەکەی ئەم ناوە. ئینجا توڕەبوون و دایکی و حەزی ڕاکردن لە ماڵەوە و بوونە شوانی کۆمەڵە ئاژەڵێکی خوڕافی. ئینجا دێتە سەر باسی دیارنەبوونی نەناسینی باوکی و پاکییەکەی، دوووکەرتبوونی لەنێوان پارچەیەکی پیس و پاکدا، ئینجا دێتە سەر باسی هەندێ منداڵ و پیاوی عارەب، وردە ڕووداوی تر و باسی (مانتیس) و ناولەپ خوێندنەوە و خوێندنەوەی بەخت و خوێندنەوەی غەیب و ڕمللێدان و ئیشی فالچییەکان. دوای ئەوە دێتە سەر باسی پووری و پێوەندی لەگەڵ دایکی، هەروەها پێوەندیی پووری لەگەڵ کوڕێک و نووسینی نامە دڵدارییەکانی. ئینجا چەند باسێکی لاوەکی دەکاتەوە تا دەگات بە ناسینی کەسێک بە ناوی (سیڤەر مارژەن)، سیڤەریش چەند لاپەڕەیەک بە ڕووداوی پاژەکی پڕ دەکاتەوە تا دەگاتە سەر باسکردنی کەسێکی تر کە ئەویش (گۆڵدا)یە.
لەم لاپەڕانە و ئەوانەی تریشدا، دەبینین کەشی ڕۆمانەکە دۆخی جووەکان و ڕووخانی هەیکەل و قەفەز و ڕووتی و ئەو مێژووە بەجێدێڵێت، هەموو قسەکان لەبارەی ژیانی شارێکی ئاساییی وڵاتێکی وەک کوردستان یان ئێراقە. کەسەکان و ڕووداوەکان و جۆری خانوو و کۆڵان و ژیانی کەسەکان، پێوەندی بە مێژووی دوور و جووەکانەوە نییە، مەگەر ناوی دایکی گۆڵدا نەبێت کە ناوی (ئەستێر)ە، ئەگەر نا هیچ ئاماژەیەک نییە باسی دیرۆک و ڕووداوێکی کۆن بێت. باسەکان بەم شێوەیە، بە زمانێکی وەسفی درێژ دەبنەوە. لە لاپەڕە ٦٤ باسی کەسێک دەکات، چیرۆکی کوشتنی ژنەکەی بۆ دەگێڕێتەوە، باسەکان دێنە سەر کوشتنی نووسەرانی سەردەمی ئێستا وەک عەبدولخالیق مەعروف و فەرەج فۆدە و هی تر.
لە لاپەڕەکانی دواتردا گۆڵدا و عیشقی ئەم کچە دەبێتە هەوێنی لاپەڕەکان تا لە لاپەڕە ٧٣دا جارێکی دی دەگەڕێتەوە سەر واتای ڕووتی. دواییش لەسەر زاری ڤادڤیلا دەنووسێت: (جەستەی هەمیشە ڕووتم پەراوێزی ئاسمانە و ماناکانی گوناهی لەسەر ڕاڤە دەکرێت). ئینجا لە لاپەڕە ٧٥-٨٤ دوو گفتوگۆی کوڕەکە، لەگەڵ ڤادڤیلای پووری و گۆڵدای خۆشەویستی دەنووسرێن، ئەو لاپەڕانە ئەوەندە چڕ نووسراون، کە من چەندین جارم خوێندنەوە بۆ ئەوەی بزانم ئەو کەسە لەگەڵ دەدوێت؟ تا ڕادەی ئەوەی گومان بکەم لە نەخشەسازی کتێبەکەدا تێکەڵی پێکەڵی لەنێوان ئەو دوو وتووێژە هەبێت، چونکە لە کاتێکدا لەگەڵ پووری دەدوێت، گۆڵدا دێتە ناو بابەتەکە و کە لەگەڵ گۆڵداش دەدوێت پووری دێتە نێو باسەکە، بۆیە دوای خوێندنەوەی چەند جاری ئەم لاپەڕانە، هێشتا گومانم هەیە لەوەی ڕاستییەکەی بە دڵنیایییەوە چی بوو؟! لە لاپەڕە ٨٤یشەوە تا ٨٩ وتووێژی کەسەکە و سیڤەری مارژەن و ڤادڤیلا تێکەڵ دەبن، ئەگەر چەند جارێک نەگەڕێیتەوە سەریان نازانی کێ قسەکان دەکات؟ کەسەکەیە، یان سیڤەری مارژەن، یان ڤادڤیلا؟! ئینجا دوای ئەوە لەگەڵ پووری لەبەر شەڕ لەنێو پایتەختدا دەڕۆن، هەڵدێن، بەرەو شوێنێک کە تەنیا بە پیتی (ش) ناودێری دەکات. ئیدی لە باسی شارەوە لەگەڵ پوورەکەی دەچێتە سەر دەستنووسی کەسێک بە ناوی (مەروان نابلسی) و باسی ڕوحی کتێب و ڕوحی نووسەر دەکات، دواتریش باسی کچە نیگارکێشەکەی (فریدا) دەکات و لەگەڵیاندا دەبێتە هاوڕێ، دوای چەند لاپەڕەیەک دەگەرێتەوە لای پوورەکەی و جێهێشتنی شار و کۆچکردن و ڕای سیڤەری مارژەن و دواتریش باسەکە دەچێتە سەر شیعر وەک سەرچاوەیەک بۆ مەترسی و تا ڕادەی ئەوەی شیعر شێوەی هەموو کارەساتەکانی مرۆڤ بێت. دوایی دێتەوە سەر بابەتی ڕووتی و لە دێرێکدا دەنووسێت: (منی ڕووتوقووت زەحمەتە ئەو ئاگرە بدۆزمەوە و بچمە ناو ئەشکەوتی ناخی خۆمەوە.) ل ١٠٥ لە ڕۆیشتن و کۆچکردنەکەدا، پووری ون دەبێت، شەڕ تەواو دەبێت، ئەو دەگەڕێتەوە نێو شار، کەس نابینێتەوە.
دەگەڕێتەوە سەر (نۆی ئاب) و واقیعە تراژیدییەکەی، دەکەوێتەوە نێو دۆخی دیلبوونی لەنێو قەفەزدا بە ڕووتی و سەرمای شەوی بیابان کە تا بەیانی دەیکوژێت. دوایی باسی دۆخی نێو شار دەکات، کەشێکی سوریالی بە ڕووداوی شۆڕشی دایک و باوکی دەدات، دواتریش ڕووخانی خانوەکەی ئەوان و هەیکەل بەیەکدی بەراورد دەکات. دواتر دێتە سەر ئەوەی کە چۆن دەگیرێت. دۆخی خۆی بە دۆخی (فریدا) بەراورد دەکات، کە ئەو ڕەنگە لە ماڵەوە بەتەنیا، بێ زار و زمان، بە ترس و لەرز، لە پشت پەنچەرە شکاوەکانی ماڵەکەی، بە سەختی شەو بکاتەوە. ئەویش بە ڕووتی لە بیاباندا.
لەو گێڕانەوە درێژەی سەرەوە، تێدەگەین، ڕۆمانەکە باسی کەسێک دەکات، گیراوە، لە بیاباندا، لە شەوێکی سارددا بیری ئەو ڕووداوانە دەکاتەوە کە لە منداڵییەوە تا گەنجێتی و گیرانی بەسەر خۆی و دایکی و پووری و چەند کەسێکییەوە هاتوون. هێلی ڕووداوەکان زۆر کورتە، ئەوەی ڕووداو بێت، شەڕ و هەڵاتن و گیرانیێتی. شتەکانی تر، یادکردنەوەی هەندێ وردە ڕووداو و ڕا و قسەن. بەراوردکردنی دۆخی ئێستا، ڕووخانی خانووەکەیان، بە دۆخێکی پێشین و سەرەتایی کە ڕووخانی هەیکەلی سێیەمی جووەکانە.
لەم باسەی سەرەوە تێدەگەین ڕووتی لەم ڕۆمانەدا، سەرچاوەی زۆر شتە لەوانە: (ڕاچڵەکین، ئازار، ترس، زەندەقچوون، بیرکردنەوە لە ڕابردوو، هێمنی، مێبوون، گەڕانەوە بۆ ناوەوە، هەستی دووفاقی، ڕیسوابوون، داپڵۆسینی ڕوح، داپڵۆسینی ئیرادە و بیرکردنەوە لە خوداوەند).
لەم وەسفانەی سەرەوە وا دیار دەبێت، لەسەر کاریگەری و کردارەکانی ڕووتی قسە دەکرێت، نەوەک لەسەر خودی ڕووتی خۆی. هەموو ئەو هەست و شتانەی لەئەنجامی ڕووتییەوە پەیدا دەبن، شتێکی ئەوتۆ لەبارەی خودی ڕووتی دیار نادەن، بەڵکوو ئەم دیاردانە، شتێکی تر لەژێر خۆیاندا دەشارنەوە. جگە لە ڕووتی دەکرێت زۆر شتی تر ببنە سەرچاوەی ئەو هەست و شتانەی سەرەوە، دەکرێت پۆشین، دەنگ، نووستن، بەئاگابوون، یان هەر دۆخێکی تر کە مرۆڤ بە جەستە و ڕەوانەوە تێی بکەوێت ڕایچڵەکێنێت، بیترسێنێت، ئازاری بدات، زەندەقی ببات و هتد..، ئەم جۆرە وەسفانە مرۆڤ نابەنەوە نێو خودی خۆی و هەر لە دەرەوە دەیهێڵنەوە. ئەم شتانەی دەوترێن، ڕواڵەتی دەرەوەی ڕووتین. ڕووتی لە دەرەوە نیشان دەدات نەوەک لە ناوەوە.
ڕووتی ئەگەر ڕووداوی واقیعی نێو ڕۆمانەکە بێت. وەک دیوە ئەفسانەیییەکە دەکەوێتەوە نێو شوێنەوارەکانی خۆی. ڕووتی لە ژێر سێبەری سیفەتەکانی ڕوون دەکرێتەوە، نەوەک لە ناوەوە ڕۆشن بکرێتەوە. هەستی ترس، ئازار، هێمنی و ڕیسوابوون و هتد..، لە ڕێی پێنچ هەستگەلی دیار و نادیاری مرۆڤەوە درکیان پێ دەکرێت. واتا سەرچاوەی ئەم شتانە هەستەکانی مرۆڤن، نەوەک ڕووتی. ڕووتی ئەگەر نەبیندرێت، واتا هیچ کاریگەری و هێزێکی لەسەر پەیدابوونی ئەم هەستانە نابێت. کە کاریگەریشی لەسەر هەبوونی ئەم هەستانە هەبێت، واتا لە خودی خۆی دەرچووە و کەوتۆتە نێو سیفەتەکانی!
تا ئێستاش مرۆڤ لە هەندێ فەرهەنگی سەرەتایی و کۆن و ڕەسەندا، بە ڕووتی دەژیەت و ئاسایی ژیانی خۆی دەکات، بێ ئەوەی کاریگەریی شارستانی کۆمەڵگەی مرۆڤی هاوچەرخی بەسەرەوە بێت، کە لە ژێر کاریگەریی دین و بەهاکانی کۆمەڵگەی نوێ، جەستەیان بشارنەوە، یان دایبپۆشن. بینینیان بۆ جەستەی ڕووت، پێوەندی بەم هەستانەوە نییە کە لای مرۆڤی شارستانییەوە هەیە. لای ئەوان جەستە هێشتا هی مرۆڤی یەکەمە، مرۆڤی ڕەسەن، مرۆڤی سەرەتا کە جەستەی لەنێو خودی خۆیدایە و نەچووەتە دەرەوەی خۆی، هێشتا لە شوێنی ڕەسەنی خۆیەتی و لەژێر کاریگەریی سیفەت و کردارەکانی دەرەوەی خۆی پێناسە ناکرێتەوە. جەستەی مرۆڤی سەرەتایی کە ڕووتە، چونکە خۆی ڕووتە نەوەک لەبەر هۆکارێکی تری تایبەت بە شارستانی یان کولتوور و کۆمەڵگە ڕووت کرابێتەوە.
ڕووتی مرۆڤی سەرەتایی، وێنەی بێگەردی مرۆڤە وەک خۆی، بێ قانوون و ڕێساکانی کۆمەڵێک یان وڵاتێک لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی و تێگەیشتنەکانی خۆی لە شێوەی سستمێکی قاییم و تۆکمەدا دایدەمەزرێنێت.
ڕووتی تا سەرچاوەی ئەم هەستانە بێت کە کەسەکەی نێو ڕۆمانەکە باسی دەکات، بە دیوە ئەرێنی و نەرێنییەکەیەوە، جۆرێکە لەو دۆخە دەروونییەی تێگەیشتنی مرۆڤی شارستانی بۆ جەستەی داناوە و دەیەوێت لە سروشتی دەربهێنێت و واتای تایبەتی خۆی پێ ببەخشێت. لەنێو ئەم هەستانەدا، ئیدی مرۆڤ ڕووت نییە، ڕووتی سروشت نییە، بەڵکوو کە ڕووت دەکرێتەوە، واتایەکی دیکەی شارستانی و کولتووری و کۆمەڵایەتی بە جەستە دەدات، یان بەسەریدا دەسەپێنێت. لە نێو کۆمەڵگە شارستانییەکاندا جەستەی ڕووت هەرگیز ڕووت نییە. ڕووت نییە واتا پاک و بێگەرد و موقەدەس نییە. بەڵکوو بارگاویکراوە بە هەموو ئەو بەها و نرخ و خورافانەی دنیای مۆدێرن بەسەر جەستەدا دەیسەپێنێت. جەستە لە نێو سستەمە نوێکاندا کە ڕووت دەبێتەوە، واتایەک و ناوێکی دیاریکرا و بە جەستە دەبەخشێت، تا ڕادەی ئەوەی جەستەکە لە خودی کەسەکە دەستێنێتەوە.
لە جیهانی هاوچەرخدا ڕووتی هەرگیز ڕووتی نییە، هەرگیز ڕووتی مرۆڤی یەکەم و سروشتی نییە، ڕووتەکان ڕووت نین! بەڵکوو هەمیشە بە نرخێک، بەهایەک، تێگەیشتنێک دادەپۆشرێن. ڕووتی یەکەم مرۆڤ، مرۆڤی سروشت، هاڕمۆنی بە مرۆڤ و دەوروبەری دەبەخشێت، لەگەڵ ڕووتی سروشت و جیهان یەکتری تەواو دەکەن. کە لەجیهانی نوێشدا ئەم هاڕمۆنیایە ونە، ئەوا جەستەش لە خودی ون دەبێت و دەبێتە سەرچاوەی ئەو هەستانەی لەم ڕۆمانەدا باس دەکرێن.
لە لاپەڕە ١١٣ ئەم ڕۆمانەدا، لە باسکردنی ڤادڤیلا ئەم وێنەیە دەبینین: (لە دامێنی یەکەمین کێودا بەدەم ڕۆیشتنەوە یەک یەک جلەکانی دادەکەند و بۆ ئەملاوئەولای هەڵدەدان، ئەنجام جەستەیەکی ڕووتوقووتی لێ مابووەوە و وێنەی مرۆڤی چاخی بەردین بەو ڕێگایەدا هەڵدەزنا).
ئەمە ئەو وێنەیەیە کە ڕۆمانەکە کامل دەکات، بەهایەکی بەرز بە جەستە و ڕۆحی مرۆڤ دەداتەوە!
(١٢)
بیژی، مامزێر، زۆڵ و هەر ناوێکی تر، واتایەکی نەرێنی، دیتنێکی کۆمەڵایەتی تایبەت بە منداڵێک، یان مرۆڤێک دەبەخشێت، وەک کەسێکی (تاوانبار) دەبیندرێت. کە ژن و پیاوێک لە دەرەوەی سستەمی دینی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە کەسێک، سێکس دەکەن و منداڵێکی لێ پەیدا دەبێت. ئەو منداڵە باجی ئەم سێکسکردنە دەدات. کێشەکە لە بنەڕەتدا سێکسکردنە بە شێوە و ناوەڕۆکێک کە لەگەڵ سستەمی باوی کۆمەڵایەتیی ئەو ژن و پیاوە ناگونجێت. کۆمەڵگە ڕازی نییە ئەو ژن و پیاوە بە ئازادی سێکس بکەن و لەدەرەوەی دەستووری دانپێدانداروی ئەواندا منداڵ پەیدا بکەن، بە تێگەیشتنی کۆمەڵگە، ئەگەر کردیان ئەوان کەسانێکی پیسن و منداڵەکەشیان پیسە و تاوانبارە، یان بە لایەنی کەمییەوە؛ بەری تاوانێکە کە دوو کەس بە ئەنجامدانی سێکسێکی ناشەرعی- ناکۆمەڵایەتی، ناپاک کردوویانە.
لە لاپەڕە (٤٣- ٤٤)ی ڕۆمانەکەدا هاتووە: (باوکت فریشتەیەک بووە لە دنیای پاکی و دڵی بە دیدیلازێکی گڵاوی ئەم دنیا پیسوپۆخڵەدا چووە… هاتۆتە لای و سکی پڕ کردووە… هەر خێرا خواوەند سزای داوە و خستوویەتیە ناو زێرابەکانەوە … تۆی لە دوای خۆیدا هێناوەتە بوون و هەموو هیوایەکی بەوەیە لەم مەرگەساتە ڕزگاری بکەیت … تۆ نیوەت بۆگەنە و نیوەت پاک … نیوەتت لە باوکتەوە وەرگرتووە و نیوەکەی ترت لە دنیای دایکت، بەڵام نازانی بە چ ڕێگایەک ئەو دوو لایەت لە یەکتر جیابکەیتەوە، پاکی لە کوێتەوە دەست پێ دەکات و پیسی لە کوێتەوە کۆتایی دێت، دواجار سەرتاپای گیانت بە پیس دەزانی، بەوەی تۆ بەرهەمی ساتێکی بەنەفرەتکراوی … ئەو ساتەی باوکت لەسەر شێوازی “ئادەم”ی باوە گەورەی فریوی خوارد و پاکیی بە پیسی گۆڕیەوە).
ئەم پەرەگرافە کورتە پوختەی تێگەیشتنی خوداوەند و کۆمەڵگە و تەنانەت کەسەکە خۆیشی پیشان دەدات لە بارەی بیژیبوونەوە. وشەکانی بۆگەنی و ناپاکی و پیسی و نەفرەتکردن و فریوخواردن و سزادان، تەواوی ئەو جیهانە پیشان دەدەن کە بیژی فڕێ دەدرێتە نێوی.
کێشەی بیژی، لە بنەمادا کێشەی جەستەیە. جەستە کە لە بن دەسەڵاتی خواوەند و کۆمەڵگە و قانوون دەردەچێت و بە ئازادی خۆی ڕووت دەکاتەوە و تێکەڵ بە جەستەیەکی تر دەبێت و دەیەوێت عاشقانە دادوەری و ڕاستی و جوانیی خۆی جێبەجێ بکات. لەم دۆخەدا جەستەی (ژن) بەر نەفرەتی خوداوەند و کۆمەڵگە دەکەوێت و منداڵەکەشی بە پیس و بۆگەنی دەکەوێتە جیهانەوە.
مرۆڤی بیرکەرەوە، کە زمان و شارستانی و کولتووری داهێنا، چەمک و ناوەکانی تایبەت بە جەستە و ڕووتبوونەوە و داپۆشین، واتا ئەو دۆخە ئەخلاقییەی مرۆڤ بۆ گەمارۆدانی جەستەی پەیدا کرد، بیژیبوونی کردە ئاماژەیەک بۆ ئەو ناوانەی لەسەرەوە باس کران. بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەتوانین بە پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنەی ئەم ڕۆمانە بۆ مرۆڤی بیژی باسی دەکات، بە جۆرێکی دیکە تەماشای بکەین و تێی بگەین. مرۆڤی بیژی لە ڕەهەندێکییەوە، مرۆڤی سەرەتایی، مرۆڤی سروشتییە، مرۆڤێک تەنیا دایکی دەناسێت، لە ڕەهەندێکی دیکەشەوە مرۆڤی خێزانێکە کە یەک ژن و چەند مێرد پێکی دێنن، ئێستاش کۆمەڵگەی مرۆیی هەن، بە کۆمەڵێ هۆکار، ژنێک چەند مێردێکی هەیە و کە منداڵیشی دەبێت، منداڵەکە هی هەمووانە! منداڵێک کە باوکی دیار نییە و هی هەموو مێردەکانە!
جەستەی مرۆڤ، لە گێڕانەوە ئیبراهیمییەکان، لە کۆمەڵگەی شارستانی بە کۆمەڵێ وەهم و خورافە و خەیاڵی کوشندە گەمارۆ دراوە. ئەو گەمارۆدانەش لەپێناو ئەوەیە هێزی جەستە، هێزی ژیانی جەستە، توانای تێکەڵبوونی لەگەڵ جەستەکانی تر، هێزی سێکسکردنی جەستە، ئارەزووی کۆنتڕۆڵ بکرێت و بەپێی ویستی مرۆڤانەی خۆی دیار نەبێت.
جەستەی پیاو کە حەز دەکات، جگە لەژنەکەی لەگەڵ جەستەی تریش تێکەڵ ببێت، جەستەی ژنیش هەر وایە. جەستەی ئەویش ئارەزووی تێکەڵبوونی لەگەڵ جەستەی تر هەیە. بەڵام بۆ دەبێت هەمیشە لە گێرانەوە ئیبراهیمی و شارستانییەکاندا جەستەی ژن بەشە پیسەکە بێت و بەر نەفرەتی خواوەند و کۆمەڵگە بکەوێت؟
ئێستا کۆمەڵگەی مرۆیی، لە هەندێ شوێندا هەوڵ دەدات لە ڕێی قانوون، بابەتی جەستە و ئارەزووی سێکسکردنی مرۆڤ چارەسەر بکات و ئەو ئازادییە بخاتە بەردەستی تاکەکانی کۆمەڵگە تا بە پێی ئارەزوو ویست و ئیرادەی ئازادی خۆیان، کە لەگەڵ سروشتی مرۆڤی سروشتدا دەگونجێت هەڵسوکەوت بکەن. لە هەندێ کۆمەڵگەدا ناوی بیژی لە نێو قانوونەکاندا نەماوە و سەودای قانوونی لەگەڵ ئەم منداڵانە یان کەسانە لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنە دینی و کۆمەڵایەتییە نییە کە بە تاوانباری ببینێت. ئێستا لە زۆر وڵاتان، ژنان ئەزموونی هەڵبژاردنی سپێرمی پیاوێک دەکەن و لە هێلکەدانی خۆیاندا دەیچێنن و منداڵەکە بێ ئەوەی باوکی هەبێت، یان خاوەنی سپێرمەکە بناسێت، وەک کوڕ یان کچی دایکی خۆی ئەزموونی بوون و ژیان دەکات. ئیدی منداڵ منداڵی باوکی خۆی نییە! ئەمەش مەترسییەکە ڕووبەڕووی پیاوی ئیبراهیمی دەبێتەوە! لەلایەکی دیکەوەش ئەو منداڵەی کە بەو شێوەیە بێ سێکسکردن پەیدا دەبێت هەڕەشەیەکە بۆ پیاوان. لەلایەکی دیکەوەش دەکرێت ژنێک دوای سەد ساڵی تر سپێرمی پیاوێک لە هێلکەدانی خۆیدا بچێنێت، کە لە ژیاندا نەماوە؟! ئیدی ئەو ئاسۆیەی مرۆڤ لەبەرابەر جەستە و لەدایکبوون و پەیدابوونی منداڵ و مرۆڤی ئاییندە دەیکاتەوە، لە ئاسۆی ئیبراهیمییەکاندا بە نێو کۆمەڵێ تاوان و سزا و قوربانیداندا تێدەپەڕێت.
لەمەودوا بیژی، وەک ئاماژەی کێشەیەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و دینی تەماشای ناکرێت، هەروەها ئەو ئازادییە سێکسییەی داوا دەکرێت، مرۆڤ دەباتە قۆناغێکی تری کۆمەڵایەتییەوە، چونکە ئازادیی سێکسکردن، بەو واتایەی ژن لەگەڵ ژن و پیاو لەگەڵ پیاو، ژن لەگەڵ هەموو پیاوێک کە ئارەزووی دەکات و پیاو لەگەڵ هەر ژنێک کە ئارەزووی دەکات، کاریگەرییەکانی لەسەر خێزان و کۆمەڵگە و ژیاندا گەورە دەبێت، دەبێتە هۆی هاتنە کایەی ئەخلاقێکی نوێ، کە جیاواز تەماشای جەستە و ڕووتی و منداڵبوون دەکات. بە شێوەیەک دەبێتە گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ ئەو سەردەمەی ناوی بیژی لە هیچ فەرهەنگێکدا نەبوو. دەرچوون لەبازنەی ئەو ئەخلاقەی وەک بیژی تەماشای مرۆڤ دەکات، گەڕانەوەیە بۆ مرۆڤی سەرەتایی.
(١٣)
لەم ڕۆمانەدا، شوێن (مەکان) لە هەندێ ڕەهەندەوە بیری لێ کراوەتەوە، وەک شوێنی موقەدەس، شوێنی ئاسایی، دۆزەخ، شار، ناشوێن، فەزا، قاوغ و چەندین ناوی تریش بەکار هاتوون بۆ ئەوەی خزمەتی بیرۆکەی شوێنی موقەدەس و ئاسایی بکات. بە جێنشینبوون و کۆچکردنی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تری ببەستێتەوە.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجی منە، لەم ڕۆمانەدا جیاوازی لەنێوان شوێن و (جێ – محل)دا نەکراوە، ناوی شوێن بۆ هەردوو تێگەکە بەکار هاتوون، شوێن – مەکان لە جێ فراوانتر و گشتیترە، جێ دەکرێت دەستنیشان بکرێت، خاڵێکی دیار بێت.
شوێن تا ئێستا لە کشاندایە و ناجێگیر و لە بننەهاتووە، ناکرێت سنووری دەستنیشان بکرێت، بوون دەکشێت و فراوانتر دەبێت، بەڵام جێ دەستنیشان دەکرێت و سنوورەکانی دیاری دەکرێن. شوێن ڕەهایە بۆیە ناشوێنیشە! چونکە ئەو مەودایەی کە هێشتا شوێن بۆی نەکشاوە، کوێیە؟! هەیە یان نییە؟ عەدەمە؟ کەواتە شوێن عەدەمە و لەگەڵ کشانی جێگاکاندا پەیدا دەبێت.
جێگە، جێ و ڕێ، خاڵێکی دەستنیشانکراوە، بوونێکی دیارە و دەرکەوتووە. ئەو شتانەی دەکەونە نێو جێوە، دیارن، بە پێچەوانەی دۆزەخ و بەهەشت و هەر جێیەک کە دیار نییە، لەنێو ناشوێندایە، کە جێیەکەی دیار بوو شوێنەکەی دەردەکەوێت! واتا شوێن لە نێو جێدا خۆی دەردەخات، ئەو بەها ئەخلاقی و ئۆنتۆلۆجییەی هەڵیشیدەگرێت هەر لە جێدا دیار دەبێت.
لێرەدا پێوەندیی نێوان جێگە و جێنشینی و نیشتەجێبوونی مرۆڤ پەیدا دەبێت. ئەو پێوەندییە خودی شوێن ڕوون دەکاتەوە. نەوەک وەسفەکانی شوێنەکە. بۆ نموونە دۆزەخ، کە جێ نییە و دیار نییە دەکەوێتە کوێوە، هیچ کەسێکی تێدا نیشتەجێ نەبووە تا ئێستا. بۆیە نابێت بە جێ، بەڵکوو شوێنێکی ڕەهایە. دیار نییە، هەرچییەکیشی لەبارەوە بوترێت ڕێژەییە و دەبێتە وەسفکردنی شوێنەکە.
جێ دەکرێت لەنێویدا نیشتەجێ ببین، بیبینین، دەستی لێبدەین، بیکەینە ماڵ و لەنێویدا بوونی خۆمان دیار بدەین. بەڵام لەگەڵ شوێندا ئەم کارە نەکردەیە. لە ڕۆمانەکەدا کێشەیەک لەنێوان (جەستەی گوناهبار و شوێنی پیرۆز)، هەروەها (شوێنی سووتێنەر و ڕۆحی میهرەبان) پەیدا دەکات، ئەم کێشەیە کێشەیەکی هەقیقی نییە، بە دوو هۆکار:
یەکەم- لە ئەنجامی جیاوازی نەکردن لەنێوان شوێن و جێدا پەیدا بووە. ئەگەر هۆشیاریی ڕۆمانەکە پەی بەوە بردبا، کە جەستەی گوناهبار دەکەوێتە نێو دنیا، جێ نەوەک شوێن بەو پێیەی ڕەهایە و جێنشینی مرۆڤ نییە. ڕوحی میهرەبانیش لە جێدا دیار نابێت، بەڵکوو سەر بە شوێنە. بۆیە ئیمکانێکی کردەکی نییە بۆ کۆبوونەوەی جەستەی گوناهبار و شوێنی پیرۆز، بۆ (ڕۆحی میهرەبان و شوێنی سوتێنەریش) ئەگەر سووتان هەبوو، ئەوا لەنێو جێدا دەبێت نەوەک لەنێو شوێندا. ئەگەر ڕۆحێکی میهرەبانیش هەبوو، ئەوا لەنێو شوێندا دەبێت. بۆیە ئەگەر دۆزەخ و بەهەشت هەبن، ئەگەر فریشتە و گوناهبار هەبن، ئەوا لە نێو جێدا دەبن، ئەو جێیەی نیشتەجێبوونی مرۆڤی تێدا ڕوو دەدات. جێ ڕووداوە، نیشتەجێبوون دەرکەوتەی ئەو ڕووداوەیە. لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو ڕووداوەش بۆ خۆی، بۆ ئەوانی تریش دەردەکەوێت، وەک ڕووناکی، ئەوەی تێیدا نیشتەجێ بێت دیار دەبێت، ئەوەی دیار نەبێت، سەر بە شوێنە، کە تاریکە، عەدەمە.
ئادەم و حەوا لە شوێنەوە کەوتنە نێو جێ. جیهان لە نێو جێدایە، مرۆڤ لەنێو جێدایە، جێ ماڵی بوونە. ماڵی مرۆڤە.
دووەم- لە ڕۆمانەکەدا درک نەکراوە، کە لە دۆزەخ و لە بەهەشتیشدا، مرۆڤ پێویستی بە بەها مرۆیییەکان و مافی مرۆڤ و هیچ بەهایەکی کۆمەڵایەتی و دین و دنیایی نییە. بەهای مرۆیی و ڕوحی میهرەبانی و پیرۆزی و گوناه و هەر چەمکێکی دیکە، لەوێدا هیچ پێویست نین و نە مرۆڤ و نەخودا کاری پێیان نییە! بۆیە ئەو جۆرە پرسیارانەی لە ڕۆژی قیامەت دەکرێن، بەو ئەقڵە ناکرێت کە لێرەدا لەنێو جیهاندا خۆی دەردەخات، ئەو هۆشیارییە تەنیا بۆ ئێرەیە، بۆ ئەوێ ئەو هۆشیارییە ناتوانێت ئەو جۆرە پرسیارانە بکات. چونکە لەوێ نە ئەم دنیایە و نە ئەم کۆمەڵگەیە و نە ئەو ماددەیە هەیە کە لێرەدا ئێمە تێیدان. بەهاکانی مرۆڤ تایبەتن بە کۆمەڵگە لە ژیانی دنیادا.
٢٠٢٢
[1] ل ١٢٧
[2] مارتن هايدجر، كتابات اساسية، الجزء الاول، منبع الاثر الفني، ترجمة و تحرير: اسماعيل المصدق. المجلس الاعلى للثقافة. 2003 ص92-93
[3] ل٢٢