فرۆید زیندووە!
لەم ساڵانەی دوایی بەزۆری بیستوومانە کە دەڵێن دەروونشیکاری مردووە. لە کۆتاییدا پێشکەوتنە نوێکان لە زانستەکانی مێشک (brain sciences)، دەروونشیکاریان لە پاڵ دانپێنەرە دینییەکان و خەوزانەکان لە ژوورە تاریکەکانی گەڕانەکانی تاریکبیرەکان بۆ مانای نهێنی، دانا. بە هەمان شێوە کە ‘تۆد دوفرێسن” دەیڵێ هیچ کەسێ لە مێژووی هزری مرۆییدا پتر لە فرۆید لەبارەی بنیادەکان هەڵەی نەکردووە-هەندیک بۆی زیاد دەکەن؛ بە ئاوارتەی مارکس. ساڵی ڕابردوو “کتێبی رەشی دەروونشیکاری” پاش “کتێبی ڕەشی کۆمونیزم” گەیشت و تیایدا هەموو هەڵە تیۆرییەکان و فێڵە کلینکاڵییەکانی کە فرۆید و پەیڕەوەکانی ئەنجامیان دابوو، لە لیستێکدا تۆمار کردووە. لانیکەم بەم شێوەیە هەمووان دەتوانن هەڤگرتووی (سؤلیدارێتی) بنەڕەتی مارکسیزم و دەروونشیکاری ببینن.
سەدەیەک لەمەوبەر، فرۆید دەروونشیکاری بە یەکێ لەوەی خۆی ناوی نابوون (سێ نەخۆشییە نەرجسییەکە) دانا. یەکەم، کۆپێرنیکۆس دەریخست کە زەوی بە دەوری خۆر دەسووڕێتەوە و بەم شێوەیە مرۆڤەکانی لە پێگە سەنتراڵەکەیان لە گەردوون بێبەش بوون. ئینجا داروین دەریخست کە ئێمە بەرهەمی پەرەسەندنین و بەو شێوەیە پێگەی لەسەرترمان لە بەینی زیندەوەران لە کیس چوو. دواجار، فرۆید بە ئاشکراکردنی ڕۆڵی بەرزتر(لەسەرتر)ی نەست لە پرۆسیسە دەروونییەکان دەریخست کە ئیگۆ تەنانەت سەروەری ماڵی خۆیشی نییە. ئەمرۆکانێ وادەردەکەوێ پێشکەوتنە زانستییەکان پووجی زیاتریان هێناوەتە ئارا: زەین تەنیا ماشینێکی لێکدانەوەی داتاکانە و هەستی ئازادی و سەربەخۆییمان تەنیا “وەهمی بەکارهێنەر”ێکە . تا ڕادەیەک بە بەراورد بەم ئاکامە دەروونشیکاری کۆنزیرڤاتیڤتر بووە.
چەمکی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان پاڵنەرە سێکسییەکانی تاکەکەن سەرکوت دەکات، بەرگەی چێژپەرستی ئەمرۆ ناگرێ.
ئایا دەروونشیکاری بەسەر دەچێ؟ بێگومان وا دەردەکەوێ کە بەڵی. لە ڕووی زانستییەوە بەسەر دەچێ، چونکە مۆدیلی زانینی-سیستەمی دەماریی زەینی مرۆڤ جێی مۆدیلی [ەروونشیکارانەی] فرۆیدی گرتووەتەوە؛ لە کلینیکەکانی پزیشکی دەروونی لە برەو دەکەون چونکە چارەسەرکردنی دەروونشیکارانە جێی خۆی داوە بە پانتایی جارەسەری دەرمانی و ڕەفتاریی؛ لە کۆمەڵگەش بە شێوەیەکی گشتی برەوی نامێنێ، چونکە چەمکی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان پاڵنەرە سێکسییەکانی تاکەکەن سەرکوت دەکات، بەرگەی چێژپەرستی ئەمرۆ ناگرێ. بەڵام ناکرێ پەلەمان هەبێ. ڕەنگە لە جیاتی ئەوە پێداگری بکەین کە لە ڕاستیدا (سەردەمی دەروونشیکاری) تازە هاتووە. یەکێ لە سەرچاوەکانی ڕەخنەی کولتووریی کۆنەپارێزی ئەمڕۆ ئەوەیە، کە لە سەردەمی ئاسانگر(شلگرا)نەی ئێمە، منداڵان بێبەشن لە سنوودارکردن و یاساغکردنە توندوتۆڵەکان. ئەمەش ئەوانی نائومێد کردووە و لە توندڕەوییەک بۆ یەکێکی تر پاڵیان پێوە دەنێ. تەنیا سنوورێکی تۆکمەی ڕێکخراو کە لەسەر بنەمای جۆرە دەسەڵاتێکی هێمایی سەقامگرتووی ڕەزامەند، دەستەبەری دەکات، ڕەزامەندییەک کە لە سەرپێچیکردن لە قەدەغە بەدەست دێت. فرۆید بۆ روونکردنەوەی شێوازی کارکردی ڕەتکردنەوەی نەست، بۆچوونی یەکێ لە نەخۆشەکانی پاش گێرانەوەی خەوەکەی لەبارەی ژنێکی نەناسەوە دەگێڕێتەوە: “ئەو ژنەی کە لە خەودا بینیم هەر کەسێ بێت دڵنیام دایکم نییە”. بۆ فرۆید بەڵگەیەکی ڕوونە کە ژنەکە دایکی بووە. بۆ وەسفی خووی نەخۆشی تیپیکاڵ ئەمرۆ چ ڕێگەیەک باشترە لە کاردانەوەی ئەو بۆ ئەو خەوە: “ئەو ژنەی کە لە خەودا بینیم هەر کەسێ بێت دڵنیام دایکم نییە”
بە شێوەی نەریتی، چاوەڕوانکراو بووە کە دەروونشیکاری، وا لە نەخۆشەکە بکا تا بە ئاسانی زاڵ بێت بەسەر کۆسپەکانی ڕەزامەندی سێکسێکی ئاساییدا: ئەگەر ناتوانی دەستت پێی بگات[ڕەحەت ببی] سەردانی دەروونشیکارێک بکە، ئەو هاوکاریت دەکات تا لە دەستی بەربەندییەکان(inhibitions)ت رزگارت ببێ. ئێستا لە هەموو لایەکەوە بە فەرمانی “چیژ وەربگرە” بومباران دەکرێین، ڕەنگە دەبێ بە شێوەی دیکە لە دەروونشیکاری بڕوانرێ، وەک تەنیا دیسکۆرسێک کە تیایدا ڕێپێدراون لە چێژ وەرنەگرتن: نەک “ڕێپێنەدران بە چێژ وەرگرتن”، بەڵکو ڕزگاربوون لە گوشاری چێژ وەرگرتن.
ئەم گۆڕانە پارادۆکسیکاڵە لە ڕۆڵی لێکدانەوەی دەروونشیکارانە، لە هیچ شوێنێک وەک لە بابەتی خەونەکاندا ڕوون نییە. تێگەیشتنی باو لە تیۆری فرۆید لەبارەی خەون ئەوەیە کە خەون بەدیهاتنی فانتازیایی خواستێکی نەستی سانسۆر کراوە، کە وەک ڕێسایەکی سرووشتیی سێکسییە. فرۆید لە سەرەتای کتێبی “لێکدانەوەی خەونەکان“دا، لێکدانەوەی تێروتەسەل لەبارەی خەونی “تێڕاژاندنی ئیرما- Irma’s injection’” [دەرزی لێدانی ئیرما] دەخاتە ڕوو. ئەم لێکدانەوەیە بە شێوەیەکی سەیروسەمەرە بیرخەرەوەی نوکتەیەکی سەردەمی سۆڤیەتە؛ “ئایا ڕۆبینۆڤیچ لە پێشبڕکێی لۆتۆی ویلایەتیدا، ئۆتۆمبیلێکی نویی بردەوە؟”، “لە بنەڕەتدا بەڵێ، براوە بوو. بەڵام نەک ئۆتۆمبێلێک، پاسکیلێک، نوێش نەبوو، کۆن بوو، نەیشبردەوە، لێیان دزی!”. ئایا خەون ئاشکراکەری مەیلی سیکسی نەستی کەسی خەونبینە؟ لە بنەڕەتدا بەڵێ، لەگەڵ ئەوەشدا لە خەونێک کە فرۆید بۆ شیکردنەوەی تیۆرەکەی لەبارەی خەونەوە هەڵیبژاد، مەیلەکەی نە سێکسییە و نە نەستی و، بێجگە لەمەش هی ئەو نییە.
ئەم خەونە بە وتووێژی فرۆید و نەخۆشەکەی (ئیرما) دەست پێ دەکات، لەبارەی سەرنەکەوتنی چارەسەرەکەی لەبەر هەوکردنێک کە بەهۆی دەرزی لێدان (تێڕژاندن)ەوە. لە کاتی وتووێژدا فرۆید لێی نزیک دەبێتەوە و بە وردی نێو دەمی دەپشکنێ. ئەو ڕووبەڕووی دیمەنیکی ناساز لە قەتماغە و پێکهاتەی لوول لووی وەک ئێسکەکانی لووت دەبێتەوە. لەم ساتەدا لە پڕێکدا ترسەکە دەگۆڕدرێت بۆ کۆمیدیا. سێ پزیشک لە هاوڕێیانی فرۆید کە یەکێ لەوانە ناوی “ئۆتۆ“یە دەردەکەون و بە زمانێکی گاڵتەجاڕانەی نیمچە-پیشەگەرانە دەست دەکەن بە ژمارەدنی هۆکارە ئیحتمالییەکانی هەوکردنی ئێرما. ئەگەر کەسێ سووچی هەبێت، دەبێ لە خەونەکەدا ئاشکرا ببیت، ئەویش جگە لە “ئۆتۆ” کەس نییە، چونکە ئەو بوو دەرزی لە ئیرما دا: پزیشکەکان دەگەنە ئەو ئاکامەی کە “نەدەبوایە دەرزی لێدانەکە بە بێ موبالاتییەوە ئەنجام بدرێ، ڕەنگە سیرینجەکە پیس بووبێت”. کەواتە جومگەی “بیری شاراوە”ی خەون نە سکێسسییە نە نەستیشە، بەڵکو ئەو ئارەزووە تەواو ئاگایانەی فرۆیدە بۆ ئەستۆپاکی خۆی لە ئاست سەرنەکەتنی لە چارەسەرکردنی ئیرمادا. ئەمە چۆن لەگەڵ ئەو تێزەدا کە خەونەکان ئاشکراکەری ئارەزووە سێکسییەکانی نەستن، دەگونجێت؟
ئارەزووی نەست کە خەون دەوروژێنێ، بەس بیری شاراوەی خەون نییە کە وەردەگێڕدرێتە سەر ناوەڕۆکە ئاشکراکەی، بەڵکو ئارەزووی نەستی ئەویدیکەیە کە لە ڕێگەی (خەون-کار)ەوە خۆی لەسەر خەون هەڵدەکۆڵێت
لێرەدا ڕاستکردنەوەیەکی گرنگ پێویستە. ئارەزووی نەست کە خەون دەوروژێنێ، بەس بیری شاراوەی خەون نییە کە وەردەگێڕدرێتە سەر ناوەڕۆکە ئاشکراکەی، بەڵکو ئارەزووی نەستی ئەویدیکەیە کە لە ڕێگەی (خەون-کار)ەوە خۆی لەسەر خەون هەڵدەکۆڵێت، پرۆسەیەکە کە بە هۆیەوە بیری شاراوە خۆی دەگۆڕی بۆ فۆرمی ئاشکرای خەونەکە. پاڕادۆکسی خەون-کار لێرەدایە: ئێمە دەمانەوێ ڕزگارمان بیت لە بیرێکی شڵەژێنەر کە بە تەواوی لێی بەئاگایین، بۆیە دەیگۆڕین و وەریدەگێڕینە سەر هێڵی وێنەیی هیرۆگڵیفی خەون. لە کاتێکدا ڕێک بە هۆی ئەو گۆڕانی شێوەیەیە کە ئارەزوویەکی زۆر بنەڕەتی تر خۆی لە خەوندا کۆدبەندی دەکات، هەمان ئارەزووی نەست و سێکسی.
دوایین مانای خەونی فرۆید چییە؟ فرۆید لە شیکارییەکدا کە دەیخاتە ڕوو، سەرنج دەخاتە سەر خەون-بیر، سەر ئارەزووی “ڕواڵەتی”ی خۆی بۆ بێ سووچ بوونی لە چارەسەرکردنی ئیرمادا. لەگەڵ ئەمەشدا لە وردەکاری لێکدانەوەکەیدا ئاماژەگەلیک لە بزوێنەری قووڵتر هەن. خەونی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیرمادا فرۆید دەخاتە بیری چەندان ژنانی دیکە. پشکنینی دەمی، بیرخەرەوەی (نەخۆش)ی دیکەیە، مامۆستایەکی وانەی تایبەتی کاتێ سەیری نێو دەمی کردبوو “وێنەی جوانییەکی تازەپشکووتوو”ی هێنابووە بەرچاوی. پێگەی ئیرما سەبارەت بە پەنجەرە، ئەوی دەخستەوە بیری “ژنێک لە هاوڕێی گەرموگوڕەکان”ی ئیرما کە سەبارەت بەو “دیدێکی زۆر ئەرێنی” هەبوو؛ ئێستا کە بیری لێدەکاتەوە “دڵنیایە کە ئەو خاتوونەش دووچاری هیستریا ببوو”. توێژاڵ و ئێسکەکانی لووتی، ئەوی دەخستەوە بیری بەکارهێنانی خۆی لە کۆکایین بۆ داکشانی هەوکردنی پەردەی لووتی، هەروەها دەکەوتە بیری ئەو ژنە نەخۆشەی کە بە گوێرەی نموونەکەی خودی فرۆید “تووشی ڕەشبوونێکی زۆری ڕیشاڵەکانی لووت” بووبوو. ڕاوێژی لەگەڵ یەکێک لە پزیشکەکان بیرخەرەوەی سەردەمێکە کە چارەسەرێکی فرۆید بۆ ژنێکی نەخۆش کە ببووە هۆی “ژەهراوی بوونی تووند”ی نەخۆشەکە و دواجار مردنی؛ ئەو ژنە هاوناوی کچە گەورەکەی “ماتیلد” بوو. ئارەزووی نەستی خەون هەر ئەو ئارەزووەی فرۆیدە بۆ بوون بە “باوکی ئەزەلی”، باوکێک کە هەموو ئەو ژنانەی لەبەر دەستن کە ئیرما لە خەون وێنایان دەکات.
سەرەڕای ئەوەش ئەم خەونە، (مامک- enigma)ێکی تریش ئاشکرا دەکات. خەون ئاشکراکەری ئارەزووی کێیە؟ لێکدانەوە نوێکان بە ڕوونی لەسەر ئەوەن کە بزوێنەری ڕاستەقینەی پشت خەونەکە، ئارەزووی فرۆیدە لە بێ تاوانکردنی فلیسی هاوکار و هاوڕێی گیانی بەگیانی لە بەرپرسیارییەتی و درێخی. ئەوە فلیس بوو کەمترخەم بوو لە نەشتەرگەری لووتی ئیرمادا و، ئارەزووی شاراوە لە خەونەکە بۆ بێتاوانی فرۆید نییە بۆ ىێتاوانی هاوڕێکەیەتی، کەسێک کە لەم مژارەدا هەمان “سوبێکتی کە وادەزرانرێ دەزانێ” فرۆید بوو، ئۆبێکتی گواستنەوەی ئەو. خەونەکە، ئارەزووی فرۆید لەبارەی ئەوەیکە فلیس بەرپرسی شکستی چارەسەرەکە نەبوو، ئەوەیکە ئەو کەموکوڕی زانستی نەبوو، بەرچاوتر دەکات. ئەم خەونە ئارەزووی فرۆید ئاشکرا دەکات، بەڵام تەنیا تا ئەو شوێنە کە ئارەزووی ئەو پێشوەختە ئارەزووی ئەویتر(فلیس)ە.
ئەرکی کۆتایی خەون، هێشتنەوەی خەونبینە لە خەوەکەدا. ئەم وەڵامە بەزۆری لە پەیوەند بەو خەونانەوە لێکدەدرێتەوە کە هەندێ پشێوی دەرەکی-بۆ نموونە هەراوهوریا- هەڕەشەی بێداربوونەمان لێدەکەن.
بۆچی خەون دەبینین؟ وەڵامەکەی فرۆید بە شێوەیەکی خەڵتێنەرانە سادەیە: ئەرکی کۆتایی خەون، هێشتنەوەی خەونبینە لە خەوەکەدا. ئەم وەڵامە بەزۆری لە پەیوەند بەو خەونانەوە لێکدەدرێتەوە کە هەندێ پشێوی دەرەکی-بۆ نموونە هەراوهوریا- هەڕەشەی بێداربوونەمان لێدەکەن. لە دۆخێکی وەهادا خەونبین دەستبەجێ وێنای دۆخێک دەکات کە ئەم پاڵنەرە دەرەکییە ڕاکێشێتە نێو خۆی و، ئیتر دەتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژ بخەوێت؛ کاتێ پاڵنەرە دەرەکییەکە زۆر توند ببێت دواجار ئەو لە خەو هەڵدەستێ. ئایا بە ڕاستی هەموو شتێ وا سەرڕاستە؟ لە نموونەیەکی بەناوبانگی دیکەی “لێکدانەوەی خەونەکان”دا، باوکێکی شەکەت کە کوڕە گەنجەکەی تازە مردووە، لە خەودا کوڕەکەی دەبینێ کە لە ێو کڵپەکانی ئاگردا بە سرتەوە سەرکۆنەیەکی ترسناک دەڵێ:”باوکە نابینی خەریکە دەسووتێم؟” کەمێ پاشتر باوکەکە لە خەو ڕادەپەڕێ و سەرنجی دەکەوێتە سەر مۆمێک لەسەر کفنی کوڕەکەی. ئەو لە خەودا بۆنی دووکەڵی کردبوو و وێنای کوڕەکەی بە سووتاوی پەیوەستی خەونەکەی خۆی کردبوو تا خەوەکەی درێژتر بکاتەوە. ئایا لەبەر ئەوە باوکەکە لە خەو ڕاپەڕێ بوو کە بزوێنەری دەرەکی توندتر بوون لەوەی کە لەگەڵ سیناریۆی خەونەکە بگونجێنرێ؟ یان بە پێچەوانەوە، باوکەکە ئەو خەونەی بۆ درێژتر کردنەوەی خەوەکەی دروست کرد، بەڵام ئەوەی لە خەونەکەدا ڕووبەڕووی بوویەوە زۆر ئاستەمتر بوو لە خودی واقیعی دەرەکی، سەرەئەنجام لە خەو ڕاپەڕێ تا هەڵبێت بۆ نێو واقیعیەت.
لە هەردوو خەونەکەدا ڕووبەڕووبوونەوە تراومایی هەیە (دیمەنی گەرووی ئیرما، بینینی کوڕ لە کاتی سووتان)؛ بەڵام لە خەونی دووەمدا، خەونبین لە ساتی ئەم رووبەڕووبوونەوەیەدا لە خەو هەڵدەستێ. لە کاتێکدا کە لە خەونی یەکەمدا، ترس تا گەیشتنی پزیشکەکان بەردەوامە. ئەم هاوتەریبییە(پارالێل) کلیلی تێگەیشتن لە تیۆرەکەی فرۆیدمان لەبارەی خەونەوە بۆ دەخاتەڕوو. بە جۆرێ کە بێداربوونەوەی باوک لە خەونی دووەم هەمان کارکردی هەیە کە گۆڕانی لەناکاوی کەشەکە لە خەونی یەکەمدا. بۆیە واقیعی ئاساییش ئەو توانستەمان دەداتێ تا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تراومای ڕاستەقێنە خۆ بدزینەوە.
لای ‘ئادۆرنۆ‘ مانای دروشمی نازییەکان “ئەڵمانیا، لە خەو ڕابە!” لە راستیدا پێکدژە: ئەگەر وەڵامی ئەم بانگەوازەتان بدایەتەوە، دەتانتوانی لە خەو و خەون بەردەوام بن (بە دەربڕینێکی تر، خۆتان دوور بگرن لە تووش بوون لەگەڵ واقیعی ئانتاگۆنیسمی کۆمەڵایەتی). لە کۆپلەی یەکەمی شیعری (بە خەبەر بە)ی “پریمۆ لێڤی”دا ڕزگاربوویەکی کەمپی کاری زۆرەملێ، کەمپەکەی بیر دێتەوە، ئەو لە خەودا خەونی بەسۆزی لەبارەی گەڕانەوەی بۆ ماڵ، نان خواردن و گێڕانەوەی چیرۆکەکەی بۆ خزم و خوێشەکانی خۆیەوە دەبینی، کە لە پڕێکدا بە فەرمانی کاپۆ(سەرپەرشتی زیندانییەکان)یەکی پۆڵۆنیایی ڕادەپەڕێ: “هەستە!”. لە کۆپلەی دووەم، شەڕ کۆتایی هاتووە و ئەو لە ماڵەوەیە، تێر نانی خواردووە، چیرۆکەکەی بۆ خێزانەکەی گێڕاوەتەوە، کە لە پڕێکدا خەیاڵ دەکات کە دووبارە دەبیستێت: “هەستە!”. ئاوەژووبوونەوەی پەیوەندی نێوان خەون و واقیعیەت لە کۆپلەی یەکەم تا کۆپلەی دووم زۆر گرنگە. ناوەڕۆکە ڕواڵەتییەکەیان وەک یەکە – دیمەنێکی خێزانیی دڵگیر بە فەرمانی “هەستە” هەڵدەوەشێتەوە- بەڵام لە کۆپلەی یەکەمدا، خەونەکە بە هۆی فەرمانی ‘بەخەبەر بە’ هەڵدەوەشێتەوە، لە کاتێکدا لە دووەمدا، واقیعیەت بە هۆی فەرمانێکی خەیاڵییەوە لێک دەپسێت. ڕەنگە بتوانین نموونەی دووەمی “لێکدانەوەی خەونەکان” سەر بە ڕزگاربووەکانی هۆڵۆکۆست دابنێین، کە بێتوانا لە ڕزگارکردنی کوڕەکەی لە کورەی تەرم سووتاندن، بۆیە تووشی سەرکۆنەی کوڕەکەی دەبێت: “باوکە نابینی خەریکە دەسووتێم؟”.
گرنگترین وانەی “لێکدانەوەی خەونەکان”: واقیعیەت بۆ کەسانێکە کە ناتوانن بەرگەی خەون بگرن.
لە “کۆمەڵگەی نمایشی”ی ئێمەدا، کە تیایدا ئەوەی وەک واقیعیەتی ڕۆژانەیی ئەزموونی دەکەین زیاتر و زیاتر شێوەی واقیعی درووستکراو لە درۆ لە خۆی دەگرێ، تێڕوانین و تێگەیشتنەکانی بەهای راستەقینەی خۆیان نیشان دەدەن. کارلێکی یارییە کامپیوتێرییەکان بێننە بەرچاوتان کە هەندێکمان خۆنەویستانە یاری دەکەین، یاریگەلێک کە توانا دەداتە کەسی دەروون شێواو و لاواز تا ببێتە کەسایەتی نێرینەی دەستدرێژکەر، لە پیاوەکانی دیکە بدات و بە شێوەی توندوتیژانە چێژ لە ژنان وەر بگرێ. بە ئاسانی دەتوانین گریمانەی ئەوەی کە ئەم لاوازە بۆ هەڵهاتن لە واقیعی ماندووکەر و پەککەوتوویی سێکسییەوە پەنا دەباتە بەر سایبێرسپەیس (فەزای مەجازی). بەڵام ڕەنگە یارییەکان لەوە زیاتریان پی بێت. چی دەبێ گەر لە کاتی یاریدا، من کرۆکی لادەری کەسایەتی خۆم بە زمانێکی ڕوون دەرببڕم، کە لەبەر لەمپەرە ئەخلاقی-کۆمەڵایەتییەکانەوە ناتوانم لە ژیانی واقیعی جیبەجێی بکەم؟ ئایا کەسێتی ڤیرتواڵ(مەجازی)ی من تا ئاستێک “واقیعی تر لە خودی واقیع نییە”؟ ئایا ئەمە دروست لەبەر ئەوە نییە کە من دەزانم ئەمە “تەنیا یارییەک”ە و تیایدا دەتوانم هەموو ئەو کارانە بکەم کە هەرگیز لە دنیای واقیعی ناتوانم بیانکەم.؟ لەم مانا وردەدا، بە دەربڕینی ‘لاکان’، هەقیقەت بونیادێکی هەڵبەستراو(چیرۆک)ی هەیە: هەندێ جار ئەوەی لە خەودا دەردەکەوێ، تەنانەت لە خەون و داڵغەکانی ڕۆژانە، هەقیقەتێکە کە واقیعی کۆمەڵایەتی خۆی لەسەر چەپاندنەکەی بنیاتناوە. لێرەدا گرنگترین وانەی “لێکدانەوەی خەونەکان” دەبینین: واقیعیەت بۆ کەسانێکە کە ناتوانن بەرگەی خەون بگرن.
سەرچاوە: