مارکیز دو ساد
بیریار یا پۆرنۆگرافەر


بەرایی


ئەو فەیلەسوف بوو، شانۆنووس، ڕۆماننووس، ئەکتڤیست و فێمینیست، ئەتیست و بێباوەڕ، دژ بە کۆمەڵگە و دەزگا سیاسییەکانی بوو، بە تایبەتی کەنیسە و خێزان. گەر زیادەڕەوی نەبێت، مارکیز دو ساد (١٧٤٠-١٨١٤) بەر لە داروین، بە دامەزرێنەری بیرۆکەی (مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سرووشتی نەوەک یەزدانی)، دادەنرێت، هەندێک مێژوونووس ڕایان وایە کە بوێرترین ئەدیبی بواری ئیرۆتیکا و توندوتیژیی سێکسییە کە توانیبێتی هێند ورد و بە دیقەت دزە بکاتە ناو هەموو کەلێن و کون و کەلەبەرەکانی جەستە و دۆخە سێکسییەکانییەوە کە زۆرجار مایەی قێزلێکردنەوە و دڵتێکهەڵاتنن، چونکە زۆر غەریزی و ئاژەڵیانەن، جگە لەوەی کە (بە باوەڕی بیریارێکی وەک میشێل فوکۆ)، ئەو ئارشیفکارێکی دانسقەی دۆخی سایکۆلۆژی و دیسپلینکراوی مرۆڤ و ژیانیەتی لەناو شێتخانە و زیندانەکاندا، بە تایبەتی ئەو بەشە یەکلاییکەرەوە لە مێژووی شۆڕشی فەرەنسی کە بە شکاندنی زیندانی باستیل دەست پێ دەکات. 

بەڵام ئایا لەسەر ئاستی میللی، خەڵکی بە گشتی ئەم هەموو سادە پۆزەتیڤە دەناسن؟ ئەم کۆمەڵە (ساد)ە ئەدەبی، شۆڕشگێڕی و کولتوورییانەی سەرنجیان ڕادەکێشێت و لەسەری ڕادەوستن؟  ئایا وێنە گشتی و باوەکەی ساد چۆن پەخش دەکرێتەوە و باش بوونی بە میراتێکی باو، لە چ فۆرم و قەوارەیەکدا سادی بەرجەستەی کردووە و دەیکات؟

دوو لەو وێنانەی کە لە ڕۆمانەکانی ساد بە زمانی فەڕەنسی بڵاوکراونەتەوە

پێکدادانی سادەکان

 
ساد کێیە و چییە؟ ئایا ساد لادەر و تاوانبارێکی شایستە بە سزای یاساییە، نەخۆشێکی دەروونی سایکۆپاتی هەڵەشە و دێوانەیە وەک میشێل ئۆنفرای لە کتێبەکەیدا (ساد: لێکشیتاڵکردنی ئەفسانەیەک) باسی دەکات یان یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بیری ئازادیخواز وەک سوریالیستەکان (بە تایبەتی بروتۆن و ئەپۆڵۆنێر و باتای) خوێندنەوەیان بۆ دەکرد؟ 

گرنگییەکەی ساد هۆشمەندی و زرنگی و سەریەتی، ئایدیاکانیەتی، هەموو بیرکردنەوە ڕادیکاڵ و ڕەخنەییەکانیەتی بەرامبەر بە چەمکەکانی وەک سێکس، چێژ، سرووشت، یەزدان، زیندان، ئایین، دەزگای سیاسی و کۆمەڵایەتی.

بە گشتی، ساد خۆی ئیکۆن و ئیدیاڵێکی پڕ تەلیسم و تۆقێنەرە، یادخەرەوەیەکی ترسناکی گوناهەکانمانە و ئاشناکەرەوەیەکی ڕاستگۆیی مرۆڤەکانە بە تاوانەکانی خۆیان، بە ڕادەیەک کە هەر ناوی هێنرا و باسکرا، خەڵکی ڕاستەوخۆ تەزوویەکی سارد بە لەشیاندا و کسپەیەک بە جەرگیاندا دێت، دڵیان بۆ چەند ساتێک خورپەیەک دەکات، کەمێک دەوەستن و بێ ویستی خۆیان، وێنەی هۆڤێکی دڕندە و ئەدگاری شارەزایەکی بواری تاوانکاریی، بەر چاویان تاریک دەکات. تەنها بە بیستن یا گۆکردنی ناوەکەی، ترسێکی گەورە لە لێدان، لە زەبر و سێکس بە زۆرەملێ، تۆقین لە ڕووتکردنەوە و فەلاقەکردن، ڕایان دەچڵەکێنێت. خەڵکی وا فێرکراون جیهانی ئەو بۆ چەند گرتەیەکی ترسناک لە ئەشکەنجەی سێکسی، لە پێست ڕنین، گازگرتن و داوەشاندنی جەستە بە قامچی، یا قفڵکردن لە پاسارێکدا و خۆبەدەستەوەدان بۆ هەژموونی ئیرۆس و غەریزەی کەسێکی بێبەزەیی، کورت بکەنەوە. لێ لە ڕاستیدا ئەمە وێنە باو، میدیایی و میللییەکەی سادە، ئەو بەشەیە لە ساد کە نەیارانی بۆ شێواندنی و بە کەمگرتنی داهێنان و بەشدارییەکانی لە کەلەپووری خۆرئاوادا، بە مەبەست بەرجەستەی دەکەن و تیشکی دەخەنە سەر، چەشنێک لە هۆشیاری لە پشتیەوەیەتی کە تەنها بە ڕەنگدانەوە و ڕۆڵەکانی جەستەی سادەوە نووساوە، بەبێ ئەوەی هیچ نرخێک بۆ سەری (بیر و ئایدیاکانی) وەک بەشێک لە لەشی، دابنێت، جۆرێک لە ڕقی کوێرانە و مەبەست لە شێواندنی ساد کە بیریارێکی وەک رۆلان بارت ناچار دەکات بڵێت: ((دادپەروەری بەرامبەر بە ساد ئەوەیە کە بتوانین سەری لە لەشی جیابکەینەوە)). مەبەستی بارت لە بڕینی سەری ساد نییە بە گیولاتین و پەڕاندنی وەک ئەوەی لە شۆڕشی فەرەنسیدا باو بوو، نا! بە لای بارتەوە گرنگییەکەی ساد هۆشمەندی و زرنگی و سەریەتی، ئایدیاکانیەتی، هەموو بیرکردنەوە ڕادیکاڵ و ڕەخنەییەکانیەتی بەرامبەر بە چەمکەکانی وەک سێکس، چێژ، سرووشت، یەزدان، زیندان، ئایین، دەزگای سیاسی و کۆمەڵایەتی. جیاکردنەوەی سەری ساد لە لەشی، واتە خوێندنەوەی ئایدیا و باوەڕەکانی، واتە وەستان لەسەر دێڕەکانی، تێکست و نامە و شانۆنامە و ڕۆمانەکانی، نەوەک بەتەنها ئەو جەستە هایپەرە سێکسوێلەی کە لە بەشە کۆمەڵایەتی و ڕۆژانەییەکەی ساد خۆیدا چالاک بووە و مێژوو بەس ئەوەی لە بیرە. 

blank
پۆرترێتی ساد کاتێ لە زیندانە

ژینی ئاسایی ساد پڕیەتی لە ڕەفتاری ناچیز و دژ بە ئەتەکێتی ئەریستۆکراتی و ئایینی و کۆمەڵایەتی باو: میزکردنی لە پەنجەرەی ماڵەوە، دەستپەڕکردنی لە بەردەم خەڵکیدا بەبێ شەرم و ترس لەوەی ببینرێت، کچ هەڵگرتن و فڕاندنیان، پەلاماردان و دەستدرێژی سێکسی و بەستنەوەی سۆزانی و ئازاردانیان، تەنانەت کوشتنی ئافرەتیش بە ژەهر وەک بەشێک لە ئارەزوو بۆ خودبوون و گەیشتن بە ئۆرگازمێکی پەڕگیری هەژموون بەسەر ئەوی تردا. بەڵام ئەم سادە واقیعییە، ئەم سادە نەفرەتییە، ئەم سادە کۆمەڵایەتییە تاوانبارە توندڕۆیە، بۆ بارت یان رەخنەگرانی وەک باتای، دۆلوز، فوکۆ یا دو بوڤوار و لاکان و تەنانەت ئەپۆلۆنێر و سوریالییەکانیش… هتد، گرنگ نین، گرنگ سەری (ساد)ە، ئەوەی کە شایستە بە تێڕامانە، بیرکردنەوە و جەسارەتی (ساد)ە لە سەدەی هەژدەیەمدا بۆ ئارشیفکردنی دڕندەیی یاسا، تاوانکارییەکانی کەنیسە، بەدمۆراڵی ئەریستۆکرات و بەگزادەکان، سترەکتوری خێزان و گرنگی هاوسەرگیریی وەک دۆخێکی پیرۆز، شەرم و کۆتوپێوەندە کۆمەڵایەتییەکان. ساد لە هەموو ئەو وێنە کۆمەڵایەتی و یاساییانە زیاترە کە وەک لادەرێک و بێڕەوشت و قەحبەباز و کەسێکی پۆڕنۆگرافەر و سێکسخواز وێنەی دەکێشن. بە ڕای هەندێک سادناس، ئەو فەیلەسوف و بیریارێکە کە هیچی لە داروین کەمتر نییە، بە تایبەتی لەو خاڵەدا کە نە باوەڕی بە خودا هەیە، نە بەها بە ئایین دەدات، ئەمە جگە لەوەی کە بەردەوام جەختیش لەسەر دۆخی سرووشتیانە سارد و دڵڕەقانەی مرۆڤ لە سرووشتدا دەکاتەوە. کە ئەمەش بۆ خۆی وای کردووە کەسانێکی زۆر قبوڵی نەکەن و بۆیان هەرس نەکرێت، بە تایبەتی لە هەردوو سەدەی هەژدەیەم و نۆزدەیەمدا کە هێشتا هەر کەڵکەڵەی ئایینی سترەکتور و ناوپۆشێکی سایکۆلۆژیانەی هزری مرۆڤە لە خۆرئاوادا.

blank
کەنیسە بۆ ساد فابریکێکی گەورەی زۆرەملێ و خورافەت بووە، هەر بۆیە تا سەر ئێسقان دژایەتی دەکات و پێی وایە بەس درۆ و وەهم بڵاودەکاتەوە.

جەستە وەک سێنتەر:

ساد وەک ئەرشیفکاریی فانتازییە سێکسییەکان

جەستە، چێژ، ترۆپکی ئۆرگازم و قێزەونی و دۆزینەوەی کۆدی نوێ بۆ سێکس، بۆ کون و کەلەبەری جەستە و پراکسیسکردنی جەستە وەک دراوێکی سرووشتیی ئاژەڵی، هەموو ئەمانە تێمای سەرەکی سادن. گرنگترین پایەی بیرکردنەوەی ساد بریتییە لە نووسینەوەی جەستە، لە ئارشیفکردنی سێکس و دۆخە ناچیز و ئاژەڵییەکانی چێژ، ئەو چرکەساتانە لە سێکس کە ئیدی کۆڵ بە توانا و بەرگەگرتنی مرۆڤ دەدات و سنوورێکی تیواڵ لە تاوانی جیادەکاتەوە. جەستە چەقی کارکردنی جیهانی سادە، جەستە وەک یەکەم و دوا دراوی سرووشتیانەی مرۆڤ، هەر بۆیە لە زۆربەی کارەکانیدا، بە تایبەتی (ژۆستین، فەلسەفە لە ژوری نووستندا، ژولێت یان ١٢٠ رۆژ لە سۆدوم) جۆرێک لە توندڕەوی لە ڕەفتاری نمایشخوازی (Exhibitionism) و بەرجەستەکردنی جەستە لە وردەکارییەکانیدا دەبینین. بەڵام جەستە لە جیهانی (ساد)دا وەک تێمایەکی سێکسی و هاوکاتیش تاکە دەربڕ لە جەوهەری ئاژەڵی و سرووشتیانەی مرۆڤ، زیاد لە پنت و شوێنێکی هەیە، تەنها لە شوێنە باوەکاندا بایەخی نییە. لۆکەیشن و جێگەی جەستە لای ساد بە تەنها ژووری نووستن و سەر چرپایەک نییە، تەنها ئەو شوێنە باوانە نییە بۆ سێکس کە مرۆڤ وا ڕاهاتووە تیایاندا یەکتری ڕووت بکەنەوە، بەڵکو وروژاندنی پنتە لە چاو دوورەکانی ناو دەزگاکانیشە، ناو زیندان، خەستەخانەکان، ئاهەنگەکانی مەیخواردنەوە، سوچ و پەنا و پاسارەکانی شوێنە پیرۆزەکانیشە، سەر پلیکانەکانی کەنیسە، لە ژێرزەمینەکانی بەرەو خوار، لەو شوێنە رۆحانی و موقەدەسانەدا کە خواپەرستی دەکرێت و مرۆڤ خۆشەویستی و پەیمانی خۆی بۆ یەزدان دووپات دەکاتەوە. کەنیسە بۆ ساد فابریکێکی گەورەی زۆرەملێ و خورافەت بووە، هەر بۆیە تا سەر ئێسقان دژایەتی دەکات و پێی وایە بەس درۆ و وەهم بڵاودەکاتەوە. کەنیسە ناوێرێت لەسەر مرۆڤی ڕاستەقینە قسە بکات، تەنها بێدەنگ، ڕام و تەمێی دەکات، دۆخێک کە تەواو پێچەوانەی فەلسەفەی سادە بۆ ئازادی ڕەهای جەستە و ئارەزووەکانی.

ساد بۆیە گەوهەرێکی ئەدەبی و تەنانەت فیکری و سیاسییشە، چونکە بەرهەمهێنەری مۆدێلی مرۆڤێکی قڵپکەرەوەی واقیع و بەها باوەکانە


مرۆڤی (ساد)ی وەک قڵپکەرەوەی دۆخ

مرۆڤی سادی (واتە کارەکتەرەکانی ساد) بوونەوەرێکی پەڕگیرە، دژە باوە و نائاسایی. بە باوەڕی بیریارێکی وەک ژۆرژ باتای، ساد بۆیە گەوهەرێکی ئەدەبی و تەنانەت فیکری و سیاسییشە، چونکە بەرهەمهێنەری مۆدێلی مرۆڤێکی قڵپکەرەوەی واقیع و بەها باوەکانە، دژە باوە، حەزی بە هەموو ئەو شتانەیە کە مرۆڤی ئاسایی و نۆرماڵ ڕقی لێیانە، وەک چۆن هەموو ئەو شتانەیش دەبێزێت و دڵی پێیان تێکەڵ هەڵدەێت کە مرۆڤی ئاسایی و سادەی ژیانی ڕۆژانە حەزی پێیانە. واقیع بۆ ساد هەموو ئەو شتانەیە کە هی ئەو خۆی نین و دروستکراون، ئەوانی تر چوارچێوەیان کێشاوە تا ئەو سنووردار بکەن و لە ئازادی بخەن. واقیع و کۆمەڵگە دوو دوژمنە سەرەکییەکەی بیرکردنەوەی سادن: ڕستێک نەریت و ترادسیۆن و ئەتەکێتی بۆرژوازی و ئاکاریی کە تەنها و تەنها کاریان داڕنکردنی مرۆڤە لە ئازادییەکانی و چێژ و غەریزەکانی. ساد باوەڕی بەوە نییە دڵی کەس ڕابگرێت، خەمی کەس لە کۆڵ بنێت و ڕێز لە هەوا و هەوەسی کەس بگرێت، چونکە پێی وایە هەموو ئەو کردەوانە، ئەو ڕیتواڵ و ڕەفتارە کۆمەڵایەتیانە ئازادی ئەم دەخنکێنن.
هەر بۆیە بەلای هەندێک توێژەری دەروونشیکارییەوە زۆر ئاساییە و ڕێی تێ دەچێت لە بنەڕەتدا ئەم “ساد”ە دڵڕەقە ساردوسڕە بێهەستە، ئەم دڕندەیەی کە هیچ هاوسۆزییەکی بۆ ئەوانی تر نییە، کاردانەوەی ئەو سادە مازۆخییە بێت کە کۆمەڵگە دەخوازێت لەو قەفەزەدا دیلی بکات و لەسەر ملکەچی و چێژبینین لە خۆئازاردان و فیداکردن بۆ گروپ، دەستەمۆی بکات و ڕای بهێنێت. 

ڕەنگە کورتکردنەوەی بیۆگرافی ساد ئاسان بێت: ئەو لە تاریکیدا لە دایکبوو، لە زینداندا نیوەی ژیانی بردە سەر، لە شێتخانەدا مرد. بەڵام ئایا بە ڕاست ساد مردووە یان لە ناوەوەی هەمووماندا کارەکتەرێکی ئەبەدییە کە بەردەوام پەنگ دەخواتەوە، بۆڵەبۆڵ دەکات و ڕقئەستورانە بە ڕووی ستەمەکانی کۆمەڵگە و دەزگا سیاسی و ئایینییەکاندا دەقیژێنێت؟ 
ئایا ساد دەمرێت، دەمرێندرێت، یا پێویست دەکات (وەک دو بوڤوار نووسیویەتی) بسووتێنرێت؟