«ئاسمان»، لە ئاسمان نییە
ئاسمان، ئێستا یەکێکە لەو زاراوە دێرینانەى کە بەر هێرشى تەکنیک کەوتووە. بووەتە جێى کەشتییەکان و مانگە دەستکردەکان و پرۆژە فەزاییە جۆراوجۆرەکان. لە سینەماشدا دزەى تەواوەتیی تێکراوە و لە زۆر کارى هونەرى و زانستیی تریشدا، بەردەست کراوەتەوە و هەوڵدراوە بکرێتە دیاردەیەکى پساوە و دەرزیئاژن. گریمانەى ئەم کورتە نووسینە ئەوەیە کە هێشتاش ئەوە ئاسمان نییە ڕووبەڕووى دەبینەوە, بەڵکو یەکێکە لە ڕەنگدانەوە شوێنەکییەکانى ئاسمان. ئەوە ئاسمانە وەک شوێن، وەک فەزا کە فەتح دەکرێت. ئاخۆ دەکرێت ڕاشکاوانە ڕەهەندێکى نوێ بدۆزینەوە و بڵێیت: «ئاسمان» لە ئاسمان نییە؟ ئەو ئاسمانەى مەبەستمانە، ئاسمانى نێو کەوانەیەکى ئۆنتۆلۆژییە نەک کەوانەیەکى سەر بە خاڵبەندى: «ئاسمان».
ئاشکرایە ئاسمان, ناوى گۆشەیەکە لە چاوى ئێمەوە گەرنا خۆى لەخۆیدا بوونى نییە. ئەوە گۆشەنیگا مرۆییەکەیە لە کۆنەوە بۆ ئێستا و بە پێى پێگەکەمان لەسەر زەوى، کردوویەتى بە “ئاسمان”. ئاسمان خۆى بە ئیمتیاز دیاردەیەکى فەنتازییە نەک شوێنەکى و زانستى. ڕاستە بونیادى شوێنەکی هەیە، شوێنێکە دووتر لە ئێمە، بەڵام کاتێک بە پێى فەنتازیاى مرۆیی دەپێورێت، ئیدى تێ دەگەین خۆى بوونێکى فەنتازیی هەیە. بوون ڕێک بە بارگە ئۆنتۆلۆژییەکەى, ئەوەى کە جۆرە نرخێکى وجودی هەیە، بوونى مرۆڤیشى پێوە بەستراوەتەوە. واتە گەر ئاسمان نەمێنێت، ئەوا پێویستمان بە بەدیلێکى ترە کە هەر ئاسمان خۆیەتى.
پێش ماوەیەک کۆمەڵێک کارى هونەریی سەرەتاییم بینى کە گەنجێک کێشابووى، ئایدیاکە ئەوە بوو کە کۆمەڵێک شت لە زەوى هەڵکەنرابوون و بەرەو ئاسمان ڕۆیشتبوون. هیچ شتێک لە جێى خۆى نەمابوو. “ڕیشە” خۆى لەقی بوو، قەفەس خۆیشى فڕی بوو و هتد. وەکبڵێى شتەکان دەیانەوێت بەرەو «ئاسمان» بچن، لە شتێک هەڵبێن کە زەوییە. لێرەدا نامەوێت شیکردنەوەى دەروونى بۆ زەینى شاراوەى پشت کارەکان بکەم، بەڵکو دەمەوێت پێداگرى لەسەر ئەو بیرۆکە دەرەکى و ئۆبێکتیڤە بکەم کە پێشوەخت شکست دێنین لەوەى بچین بۆ «ئاسمان». ئێمە هیمەت دەنوێنین و دەکەوینە گەڕ بچین بۆ «ئاسمان»، جووڵەى فیزیکى و هونەرى و ئەدەبى و فەلسەفى و دینییش دەنوێنین بگەینە «ئاسمان»، بەڵام هەر زوو بەر ئەو مەحاڵە بنەڕەتییە دەکەوین کە «ئاسمان» لە بندەستى خۆماندا بووە، لەنێو سوبێکتیڤیتە مرۆییەکەماندا بووە. شوێنێک بووە بۆ ئەوەى فەنتازیاى پێوە بکەین، نەک ئەوەى تێىبچین. تێىدەچین، کێشەمان نییە، بەڵام یەکسەر «ئاسمان» دەچێتەدوا و خۆى بەرهەم دێنێتەوە. واتە ئێمە بە شێوەیەکى پۆزەتیڤ و جێمەندانە لە «ئاسمان» دانانیشین، بەڵکو بەر بنبەستى «ئاسمان» خۆى دەکەوین و ناچارین «ئاسمان» وەک کاتیگۆرییەکى بونیادى دابهێنینەوە. کەشتییەوانێکى ئاسمانى کە پێ دەخاتە نێو ئاسمان، یان هونەرمەندێک کە خەیاڵى خۆى شل دەکات و ئۆبیکتە هونەرییەکانى خۆى بەرەو ناو «ئاسمان» بەرەڵا دەکات، هێشتا نەیانتوانیوە پڕاوپڕ ئەزموونى «ئاسمان» بکەن. دەکرێت ئەم پرسیارە لەو دوو جۆرە سوبێکتەى سەرەوە بکرێت، ئاخۆ لەپاش هیمەتێکى وەها، هەست بە چى دەکەن؟ ئاخۆ هەست بە جۆرێک لە بنبەست، مەحاڵێتى، ژانى شاراوە، بەسنەبوون ناکەن؟ ئاخۆ بە پێى پێویست «ئاسمان» بەدەست دێنن؟ ئەمانە پرسیارن، بەڵام وەڵامێکى زیمنییشیان لە خۆیاندا جێهێشتووە.
پێویستە کەمێک بچینە پێشەوە و بڵێین: ئێمە وەک مرۆڤ، ئەو دەمەى لە ئاسمانیشین, هێشتا نەگەیشتووین بە «ئاسمان». واتە فەرق ناکات، لە زەوى بین یان فەزا، لە هەردووک حاڵەتەکەدا «ئاسمان» وەک بونیادێکى فەنتازی و وەک ئۆبێکتێکى خەیاڵى لە جێى خۆى دەمێنێتەوە. دیارە جووڵانمان بۆ ناو فەزا، کۆمەڵێک گۆڕانمان تیا دروست دەکات, بەڵام ئەم گۆڕانانە بەشەکی(جزئى)ن وەک لەوەى گشتەکى(کلى) بن. ڕەگەزەکانى گۆڕانیان بەسەردا دێت، بەڵام وەک کۆ(گشت) بەدەست نایەت. ڕەنگە بە پێى گوتارى زانستى, «ئاسمان» بەشبەش بکرێت، پێکهاتەکانى شیکرێتەوە، باسى بەرگە هەوا بکرێت، جۆرى گازەکان دیاری کرێت، باسى ڕەنگدانەوەى ڕەنگى دەریاى تیا بکرێت، بەڵام هەموو ئەمانە بەشن نەک کۆ. «ئاسمان» ناوى ئەو کۆیەتییەیە کە کورت نابێتەوە بۆ هیچکام لە “بەش”ـەکانى. “گشت” خۆى بوونێکى بەرجەستەى نییە، بەڵام ڕۆڵى خۆیشى وەک گشت هەر دەپارێزێت. هەموو گشتێک جۆرێک لە نامۆبوونى بە خۆى هەیە، هەمیشە بۆ ئەوانی تر(یان ئەویتر) هەیە، بۆیە هەڵگرى نامۆییەکیشە دەرهەق بە خۆى. دایک بە تەواوى دایک نییە، خودا بە تەواوى خودا نییە و، زۆر نموونەى تریش. دایک دایکى نییە، بۆ مناڵەکان دەبێتە دایک، خۆى بە تەواوى لەمسى دایکێتى ناکات وەک ئەوەى کە ئەوانی تر دەیبینن. ئەم دایکە، خۆیشى دایکێکى بایۆلۆژى-کۆمەڵایەتیی هەبووە، بەڵام کەسیان ناتوانن بەسەر دایکێتیدا بگرن وەک “گشت”. بەهەر حاڵ، مەبەستەکە ئەوەیە قوولایی “گشت”، لەسەر شکستێکى ناوەکى وەستاوە کە ناهێڵێت بگەینە بنى.
ئابووریی دەروونیی کەسىی مسوڵمانیش دەرهەق بە بەهەشت هەر بەم شێوەیەیە: «بەهەشت» لە بەهەشت نییە. بەهەشت تەنیا فەنتازیایەکى بنەڕەتییە بۆ ئەوەى ڕەگەزە بەشەییەکان و ژیانى ڕۆژانەى ئیمانداران نەکەوێت.
ئێمە بە فەنتازیا نەستەکى و مرۆییەکانى خۆمان شکستەکە دەڕەمزێنین, ساڕێژی دەکەین، خاڵە کوێرەکەى دادەپۆشین. لەم ڕووەوە دەربڕینى “ئاسمانى شین”، هەڵگرى پنتێکى کوێرە کە لە جێیەکى ترى جیهانەکەماندا شاردوومانەتەوە, چ جیهانى ناوەکى و سوبێکتیڤ بێت و چ جیهانى دەرەکى و ئۆبێکتیڤ: فەنتازیا خۆى لەم ڕووبەرە نێوبەینییەدا دروست دەبێت. لەنێو هەردوو ڕووبەرى ناوەکى و دەرەکییدا، پنتە کوێر و نوقسانەکان دادەپۆشین. لێرەشدا فەنتازیا جیایە لە “خەیاڵى هونەرى”، چونکە هەموو خەیاڵێکى هونەرى لەسەر فەنتازیایەکى ڕیشەییتر داڕێژراوە کە پێىدەوترێت “فەنتازیاى بنەڕەتى”. بەم پێیە، ئابووریی دەروونیی کەسىی مسوڵمانیش دەرهەق بە بەهەشت هەر بەم شێوەیەیە: «بەهەشت» لە بەهەشت نییە. بەهەشت تەنیا فەنتازیایەکى بنەڕەتییە بۆ ئەوەى ڕەگەزە بەشەییەکان و ژیانى ڕۆژانەى ئیمانداران نەکەوێت. کۆیەکە خۆى بوونى نییە، بەڵام بۆ ڕاگرتنى بەشەکان پێویستە. لە لایەکى تریشەوە، زۆرجار “داگرتنى ئاسمان” لە فیکرى مۆدێرندا بۆ عەلمانیکردنەوە یان زەمینیبوونەوە بەکار دێت. ئاسمان وەک مەڵبەندى خوا و غەیبانیەت بەکار دێت کە دەبێت بەتاڵکرێتەوە. بەڵام ھێشتا ئاسمان وەک “ئاسۆ(Horizon)” دەمێنێتەوە. واتە شتێک لە دیوە میتافۆرییەکەى دەڕوات, بەڵام سنوورێکى دوورتر لە بن هۆشیارییمانەوە چەکەرە دەکاتەوە و هیچ ناوەڕۆکێکى دینییش نەبێت هەر هەیە. لەم حاڵەتەدا ئاسمان وەک ناوەڕۆک هەندێ ڕۆڵ دەدۆڕێنێت، بەڵام وەک فۆرم خاوەنى گشتێتی(کلیت)یەکى زەینى و گریمانەییە. ئەم کۆیە، کۆیەکى نەستەکییە بۆیە کاتێک وەک بێباوەڕێکیش دەڵێین کتێبە دینییەکان ئاسمانى نین، ناتوانین شوێنەوارە تەمومژاوییەکەى وشەى «ئاسمان» پاککەینەوە. وەک بێباوەڕێک حەز دەکەین بڵێین کتێبە «ئاسمانى»یەکان هەتا گەر بێت و هیچ ڕەهەندێکى ئاسمانییشى تیا نەبێت.
«ئاسمان» ئەو ئەوی ترەى زەوییە کە بە پێى پارامەترە مرۆییەکە ماناى بۆ ئێمە هەیە. ئێمە لەناو «ئاسمان»یشدا هەڵگرى ئەم بەڵگەنەویستەین کە «ئاسمان» هەمیشە لە جێیەکى ترە، جێیەک کە شوێنەکى نییە.
ئێمەى مرۆڤ، ڕووبەرێکمان جیاکردووەتەوە کە گوایە ئەم ڕووبەرە ئاسمان نییە. بە مانایەکى سەرەتایی، خۆیشمان بە ئاسمانەوەین، بەڵام پانتاییەکى مرۆییمان جیاکردووەتەوە بریتییە لە ئەوی ترى ئاسمان، شتێکى ترى «دەرەوە»ـى ئاسمان. ئەم ڕووبەرە بە پێوەرى باوى زانستى ناپێورێت، بەڵکو ڕووبەرێکى ئۆنتۆلۆژى-ڕەمزى-مرۆییە و کەسێکیش دەتوانێت ئەم ڕووبەرە لەگەڵ خۆى ببات بۆ دوورترین پنتەکانى دەرەوەى زەوى. هێند بەسە وێناى ئەو ئاسمانگەڕانە بکەین کە لە تیمەکانیان دادەبڕێن و تەنیا دەکەون، بەڵام بوونى ئەو کەسە لە ئاسمان خۆى گوزارشتە لەوەى پەڵەیەک لە ڕووبەرە مرۆییەکەشى لێ ئاڵاوە و جۆرێک نایەکانگیریی بۆ ئاسمانى چواردەورى دروست کردووە. دەمەوێت بڵێم، «ئاسمان» ئەو ئەوی ترەى زەوییە کە بە پێى پارامەترە مرۆییەکە ماناى بۆ ئێمە هەیە. ئێمە لەناو «ئاسمان»یشدا هەڵگرى ئەم بەڵگەنەویستەین کە «ئاسمان» هەمیشە لە جێیەکى ترە، جێیەک کە شوێنەکى نییە. هەتا ئەو کاتەشى مەرامێکى شوێنەکییمان بە ئاسمانە و بۆ چەندێتى بەکاری دێنین وەک “ئاسمان و ڕێسمان”، ئەوا خەریکین ئەم “ئەوی تر”ـه بەرهەم دێنینەوە. ڕەنگە سوودێکى بەشەکى لە میتافۆرى ئاسمان وەربگرین، بەڵام ئاسمان وەک کۆ، وەک “ئەوێکى تر” دەچێتەوە جێى خۆى و فرمانە شاراوەکانى خۆى لە بوونى مرۆییماندا جێبەجێ دەکات. لێرەدا شیعرێكى “قانع“ـى شاعیرم بیردەکەوێتەوە کە باسى دابەشکردنى ماڵومیرات دەکات لەگەڵ برایەکدا. دەگاتە جێیەک، دەتوانین لە شیعرەکەى داببڕین و بەستێنێکى هێرمیونۆتیکیی بۆ دروستکەین و بۆ ئێرەى بگونجێنین. قانع کە دێتە سەر دابەشکردنى موڵکەکە دەڵێت:
لە دەرگای حەوشە تاوەکو سەربان
دابنێ بۆ من سەرپاک هۆدەکان
ئەمما لەسەربان هەتا ئاسمان
هەمووی بۆ تۆ بێ، بێکەسری و نوقسان.
ئەو لێرەدا ڕووبەرە مرۆییەکە بە شێوەیەکى کۆنکرێتى و شوێنەکى جیادەکاتەوە. حەوش و ماڵەکە، دەکەوێتە بەرامبەر هەموو ئاسمانەوە، کە یەکەمیان داراییەکى زەمینى و مرۆییە و کۆمەڵێک ئارەزوو جێدەهێڵێت، دووەمیشیان ئەو ڕووبەرە ناکۆتا فەنتازییەیە کە دەبێتە “ئەوی ترى زەوى”. تەوسى شیعرەکە بە لایەک، بەڵام لە ناواخندا هەر دیدى عەقڵى باو دەخاتەڕوو لە پەتییترین فۆرمى خۆیدا. ئەو دیدەى کە ئاسمان چەشنى داراییەک نابێتە هى مرۆڤ، جۆرە بۆشییەکى بۆشە. بەڵام هاتنى وشەى “نوقسان” پارادۆکسێکى شاراوە دەخوڵقێنێت کە ئەمەیە: کاتێک هۆدەیەکت نەبێت بە مانا مرۆییەکەى، ئەوا ئاسمانیشت نابێت بەبێ کەسرى و نوقسان. «ئاسمان» تەنیا لە بەرامبەر هۆدەیەکدا مانا وەردەگرێت بۆ مرۆڤ. “هۆدە”ش ژوورێکى میراتى نییە، بەڵکو ناوى ڕووبەرێکى مرۆییە کە ئەوی ترى ئاسمان دەڕەخسێنێت. ئاسمان بەبێ ئەو هۆدەیە، پشێوییەکە. بۆیە ئێمە وەک سوبێکت، ناتوانین بە تەواوى ئاسمانمان هەبێت. چونکە خۆمان لەسەر نوقسانییەکى ڕیشەیی هەڵکەوتووین. ئەمە ڕێسایەکە وادەکات زۆر شت بەو جۆرە وەرگرین کە لە یەک کاتدا کارکردێکى دووقاتى هەبێت، هەم نوقسانییەکەى دەرەوە داپۆشێت و هەم ئەوەى کەوتووەتە بوونە مرۆییەکەمانەوە. بەم پێیە، «ئاسمان» ناوى جام و چوارچێوەیەکە بۆ ڕێکخستنى پشێوییەک. کاتێک لە پشێوییەوە دەمانەوێت بچینە ناو ئەو پشێویەى تر، ئەوا بەر ئاسمان ناکەوین، بەڵکو بەر ڕیاڵەکەى دەکەوین، بەر ئەو ناوکەى کە بە خۆیشى نامۆیە.