مارکیز دو ساد
پەڕمووچ یا نووسین بە تامی خوێن


بەرایی

فیلمی (پەڕمووچ) هەم بایۆگرافییەکی تراژیکۆمیدی نووسەرێکی سەرسەخت و ئاڵۆزی مێژووی ئەدەب (مارکیز دو ساد)ە، هەم درامایەکی سیمبولیکییە کە گەمە بە تەواوی چەمک و زاراوەکانی ژیانی ئەدەبی و سیاسیی ئەو دەکات. وەک کۆی کارەکە لە سەرەتاوە تا کۆتاییەکەی، زۆر ئاشکرا دەبینرێت کە چۆن ئیشی لەسەر هەموو وردەکارییەکانی ئەو ئەدەبیاتە کردووە کە دوا چرکەساتەکانی ژینی ‘ساد’یان پێکهێناوە:

ژوورە لیکس و شادکەرەکەی ساد بۆ نووسین لە شێتخانەی چارینتۆن، خودی شێتخانەکە وەک زیندان و وەک شوێنی چارەسەریش بۆ ساد، نووسینە نهێنییەکانی ساد، دەزەکردنە دەرەوەی ڕۆمانەکانی بۆ دەرەوەی زیندان و دەنگدانەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی، ورووژاندن و توڕەکردنی سیاسییەکان و سزادانی لەسەر وتە و بۆچوونەکانی، لەقکردنی متمانەی پیاوانی کەنیسە و ڕۆحانی بە ئەگەری تۆبەکردن و چاکبوونەوەی بەو تەکنیکە سایکۆلۆژییە خورافییە، ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دواجاریش قەدەغەکردنی نووسین لێی تا چرکەساتی مردنی. بەڵام کۆی بەشەکانی ئەو مێژووە بە شێوەیەک تێکهەڵکێش و ئاوێتەکراون، جۆرێک مۆنتاژ و پاشوپێش خراون، گەر یەکێک شارەزای مێژووەکەی نەبێت، ئاسان نایانناسێتەوە.

لەم فیلمەدا ئەو هێڵە لە ژیانی ساد دیارە کە ڕاستەوخۆ دوای زیندان هێنراوەتە خەستەخانەی “شارینتۆن” بۆئەوەی ئارام بێتەوە، وەک تۆبەکارێک بەر لە مردنی لە نووسینە سێکسی و ئیرۆتیکییەکانی پەشیمان بێتەوە: ئەویش لە ڕێگەی نووسین و تەکنیکی هێنانەدەرەوەی ناوەوەی خۆی و تۆمارکردنی لەسەر کاغەز، تا بەسەر ئەو دەد (وەحش)ەی ناوەوەی خۆیدا زاڵ بێت کە بیرکردنەوە و فانتازی سێکسییە، پایەدارکردن و بەهابەخشینە بە توندوتیژیی جەستەیی. خودی ئەم پرۆسەیە ئەو تەکنیکەیە کە بەر لە سەرهەڵدانی دەروونشیکاریی فرۆیدی، کەنیسە بەکاری هێناوە تا ئەوانەی هاوسەنگی دەروونیان تێکچووە و لادەرن، ئەهریمەنە ڕووش و بەدەکەی ناوەوەی خۆیانی پێ ڕام بکەن و مل بدەن بۆ ڕۆتین و ترادسیۆنی ئایین و کۆمەڵگە. سەرەتای ململانێکەیش لەوێوە دەست پێ دەکات، ئەو دەمەی کە ساد ئەو شانسەیش هەر بۆ بەردەوامیدان بە نووسینەکانی بە کار دەهێنێت.

پۆستەری فیلمی “پەڕمووچ” ٢٠٠٠ لە دەرهێنانی “فیلیپ کافمن”

سەرەتای ململانێکە:

شۆڕش و بەرکەوتن لەگەڵ لاقەکارە ڕەوشتبەرزەکاندا

لەگەڵ دەستپێکی فیلمەکەدا، دیمەنە توندوتیژەکانی سەرەتای تیرۆر و تۆقاندنی شۆڕشی فەرەنسی (گیولاتین، زەبر و فەرمانی دەسەڵات، جەلادی پێڕەوکار، قوربانی و جەماوەرێکی تینوو بە خوێن) پێت دەڵێن کە ململانێکی خوێناوی لە ئارادایە و هێشتا بەشە بزوێنەرەکەی کە زمانە، ونە. سێگۆشەیەک لە کێبەرکێی هەژموون و دەسەڵات و ئاکار هەیە بەبێ ئاشکرابوونی کۆڵەکە ڕاگر و هاوکات ڕووخێنەرەکەیشی کە مێژوونوسێکە.

وەک ئاماژەیەک بە ڕژاندنی خوێنێکی زۆر، مێیینەیەکی قوربانیی خەمۆک و تاساو لە چاوەڕوانی زەبری گیۆلاتینێکدا دەبینیت، جەلادێکی ڕووخۆش لە ترۆپکی چێژی پراکتیزەی دەسەڵاتی خۆیدا دەبینیت کە ئامادەسازی بۆ پراکتیزەی مەرگ دەکات، لێ هێشتا تۆمارکارەکە، گێڕەرەوە ئارشیفکارەکە (ساد) دیار نییە!

ساد درەنگ دەردەکەوێت، زومەکە بەش بەش و هێواش هێواش دەچێتە سەر هەیبەتە تۆقێنەرە ئەریستۆکراتییەکەی. پاش چەند چرکەیەک لە گێڕانەوەی تیرۆر رۆژگاری شۆڕشی فەرەنسی و بەرجەستەکردنی لە دیمەنی سەرپەڕاندنی کچێکدا بە گیۆلاتین بەدەست زرتە جەلادێکی قەڵەو، دوای تلۆربوونەی کەللەسەری مل پەڕێندراوەکە بۆ ناو عەرەبانەیەک پڕ لە کەللەسەری قرتێنراو کە لە شۆکی مل قرتاندنەکە فریای چاولێکنانیان نەکەوتوون، لەسەری سەرەوەی ڕووداوەکان، بەدیار دەکەوێت. وەک هۆماڵ (ڕەقیب)ێکی سایکۆلۆژی و ئارشیفکارێکی سالۆر و ئەدەبیانەی هەموو ڕووداوە خوێناوییەکانی ناوەوە و دەرەوەی جیهانەکەی خۆی، بە تیشکەگرتەیەک دێتە بەر کامێراکە و کتوپڕ دیار نامێنێت.

هەتا دیمەنەکان فشار بهێنن و پاڵەپەستۆی گرتەکان خێراتر بن، قەبارەی سەرەکی گرفت و جیهانەکەی ئەویش ئاشکراتر دەبێت، گۆڕەپانی ململانێکە بۆ هەمووان دەردەکەوێت، ئیدی بینەر دەزانێت خوێنی ئەو جەنگە لە دوالیزمەی (ژان/چێژ)ەوە سەرچاوەی گرتووە و وەک ئاگر لە جەستە بەر دەبێت.  ژان و چێژ دوو زاراوەی گرنگی ئەدەبیاتی سادن، دوو دیوی یەک دراون کە ناوی مرۆڤە: دەربازبوون لە قەدەری ژان یا چێژ، ئازار یا لەزەت لای ساد مەحاڵە، لە کاتێکدا بۆ دەزگای ئایینی و سیاسی ئەرکێکی سەرەکی ڕامکردنیانە: ڕام و کۆنترۆڵکردنی چێژەکانمان لەسەر بنەمای ئازاردانمان و ژان چێشتن.

ئەو رۆمان و نووسینە ئیرۆتیکی، لێ رەخنەیی و ڕادیکالییەکانی دەربارەی لاقەکارە بەڕەوشت و ئاکاربەرزەکان دەنووسێت، دژ بە پیاوە ئایینی و نورانی و پیرۆز و دەمڕاستەکانی خوا: ژوستین دەنووسێت.

لە دەرکەوتنەوەی دووەمیدا، سادە مێژوونووسە تۆمارکارەکە دەردەکەوێت. ئەو پشت لە کامێرا، سەرقاڵ و بەخۆداشکاوە، لەبەر خۆیەوە ئەو وشانە دەڵێتەوە کە سەرقاڵی نووسینیانە، وا دیارە لە ئازاری بوونەوەرەکان بێباک بێت و وەک ڕۆتینێکی ئاسایی رۆژگاری شۆڕش بیانبینێت. ساد لە خواوەندێکی ڕووش و دەد دەچێت، خواوەندێک کە بە ڕۆژی ڕووناک و لە گەرمەی ڕووداوە گەرمەکانی شۆڕشدا، دوور لە فشاری خێرای ئەوەی لە دەرەوە دەگوزەرێت، بەشە قوڕین و تاریکەکانی لەش دەدوێنێت، ناوچە چەپەک و ترێنجراوەکانی جەستە کەوماڵ دەکات و بڕی بەرگەگرتنی ئۆرگانەکان بۆ ئازار و چێژ دەپێوێت، هەڵیان دەسەنگێنێت، گۆشت توێکاری دەکات و خوێنبەر و مولولەکان، ڕەگ و دەمار، ئۆرگان و فەرمانەکانیان، ناو دەنێت. وەک قەسابێک خوێن لە کڕکڕاگە، موو لە پێست، نەرمەگۆشت لە ئێسک و سمت لە مەمک جیادەکاتەوە و بۆ چێژ دەگەڕێت، جەستە لە ئاشۆب و پشێوییەکانی، لە بژوونی و ڕەشگییەکانی دەتەکێنێت و لە دووی کۆدەکانی بۆ هەڵگرتنی ئازار و ئۆرگازمبوون، دەگەڕێت: ئەو ڕۆمان و نووسینە ئیرۆتیکی، لێ رەخنەیی و ڕادیکالییەکانی دەربارەی لاقەکارە بەڕەوشت و ئاکاربەرزەکان دەنووسێت، دژ بە پیاوە ئایینی و نورانی و پیرۆز و دەمڕاستەکانی خوا: ژوستین دەنووسێت.


ژوستین: دەقی ئەدەبی وەک خوڵقێنەری پەژواکی سیاسی

خۆی بەڵێن وایە ساد لە خەستەخانەی (چارنتۆن)، لەو زیندانە بەهەشتی و قەفەزە ئاڵتونییەدا کە وەک تێرەپیەکی سایکۆلۆژی بۆی دانراوە، دەروونی ئارام بێتەوە و ئەژدیها و قاتوقڕییەکانی ناو جەستەی، چەقۆ و بزمارەکانی ناو هزری خۆی بگۆڕێت بە وشە و وەک گوناه و داننان بە ئایدیا بەدەکانیدا، لەژێر ڕێبەرایەتی قەشە (کۆڵمێر)دا، لە فۆرمی دەردەڵدا لەسەر کاغەز هەڵیانبڕێژێت، لێ گەمەکە ڕێک پێچەوانەیە، ئەوەی کە ناوی تابوە و شایستە بە سانسۆرە، لە لایەن ئەمەوە وەک دەقی ناوازە و دانسقەی ئەدەبی دەنووسرێت و لە ڕێی جلشۆر و خزمەتکارێکی ناو خەستەخانەکەوە بۆ دەرەوە دەنێردرێت، لە دەرەوە هەرا دەنێتەوە و پەژواکێکی گەورەی لێ دەردەچێت. 

دەقی ژوستین کە ئاستێکی بەرزی ئەدەبی هەیە و هاوکاتیش پڕە لە گوزارشت و دەربڕینی سێکسی بێشەرم و بێپەردە، ئەو چرکەساتانە لە جەستەی تایبەت و کۆمەڵایەتی کچێک نیشان دەدات کە هەمووان، بە مرۆڤی ئایینی و سیاسییەوە، بە پزیشک و دەستگێڕ و مامۆستا و بازرگانەوە، وەک نێچیرێکی سێکسی و بەدڕەوشتێک فانتازی دەکەن، دەستی بۆ دەبەن، ڕووتی دەکەنەوە، بەڵێنی درۆی هاوسەرگیری پێ دەدەن، پاشان پەلاماری دەدەن و لاقەی دەکەن، پاشتریش هەوڵی زیندانیکردنی بە تۆمەتی سۆزانی و بەدڕەفتار یا کوشتنی، دەدەن.

بڵاوبوونەوەی ژوستین هەرا دەنێتەوە، دیوە ئەکۆمەن (فاحش)، نائاکاری و بەدمرۆڤانەکەی مرۆڤی هەڵگیرسێنەر و پارێزەری شۆڕش (وەک زەنگێک بۆ تەشەنەکردنی گەندەڵی) لە سەنتەرەکانی دەسەڵاتدا نیشان دەدات (لە کەنیسە و زیندان و بازاڕ و سیاسەت و دادگا و خەستەخانەیشدا). ئەم کارە دەگاتەوە دەمی سەرکردەکانی شۆڕش، هەر بۆیە فەرمان دەدرێت کە پزیشکێکی دەروونی بچێتە شێتخانەکە تا قڕوقەپی پێ بکات و لەژێر ئەشکەنجە و سزادا تۆبەی پێ بکات: لە زمانی بخات و بیوەستێنێت. لێرەوە ئیدی ئاڕاستەی فیلمەکە دەگۆڕێت بۆ قۆناغە مەترسیدارەکەی ژیانی ساد: بوونی بە مڵۆزم و ئاژاوەچی، بە زیندانییەک کە هێزی ئەوەی هەیە لە دەرەوەی زیندان فەرتەنە بنێتەوە.


لە چەک داماڵینی ساد: سانسۆرکردنی

تەنیا چەکی دەستی ساد خامەکەیەتی، مەرەکەب و پەڕمووچەکەیەتی (کە لە بنەڕەتدا تایتڵی فیلمەکەیشە). سەرمایەی ساد تەنهاوتەنها ئەو وشانەیە کە دەیانهۆنێتەوە و لە فۆرمی چیرۆک و ڕۆماندا دەیاننێرێتە دەرەوەی زیندان تا تابوەکان بشکێنێت، پۆرت و کەسێتی سیاسی و پیاوانی ئایینی بشکێنێت و لە دەمامکە پیرۆزە هەڵبەستراوەکانیان دایانماڵێت.

ساد لە هیچ کام لەو قۆناغانەدا کۆڵ نادات. بە نینۆکی، بە دەرزی و چیلکە و هەرشتێکی تری نوکتیژ، دەنووسێت. بە شەراب لەسەر چەرچەفە سپیەکانی چرپاکەی خۆی دەنووسێت، بە خوێنی خۆی لەسەر دیوارەکان دەنووسێت

باوکە کۆلمێر دەزانێت کە دەسەڵات دەخوازێت توندتر ئەشکەنجەی ساد بدات و رەنگە خۆیشی وەک بەرپرسی چاکبوونەوەی دەروونیانەی ساد لە کارەکەی لاببرێت، بەر لە دەسەڵاتی سیاسی زەفەر بە ساد دەبات و تەواو تەواو لە نووسینی دادەبڕێت. سەرەتا کتێبەکانی ژوورەکەی دەبەن، پاشتر کاغەزەکانی و مەرەکەب و خامە و پەڕمووچەکانی، تا وای لێدێت تەواو ڕووتوقوتی دەکەنەوە. بەڵام ساد لە هیچ کام لەو قۆناغانەدا کۆڵ نادات. بە نینۆکی، بە دەرزی و چیلکە و هەرشتێکی تری نوکتیژ، دەنووسێت. بە شەراب لەسەر چەرچەفە سپیەکانی چرپاکەی خۆی دەنووسێت، بە خوێنی خۆی لەسەر دیوارەکان دەنووسێت، هەموو ئەمانەیش بۆ ئەوەیە کە بڵێت: ئەو ناوەستێندرێت و کۆڵی پێ نادرێت. ساد کز و لاواز دەبێت، لە هۆش خۆی دەچێت، بەڵام لە گفتوگۆکانیدا کە پەیوەندیان بە باوەڕ و ئایدیاکانی خۆیەوە هەیە، سازش ناکات و نابەزێت. پاش شکاندنی باوکە کۆلمێر و سوکایەتیکردن بە گرێ سێکسی و دەروونییەکانی، بە خوداکەی و باوەڕەکەی و ئامۆژگارییەکانی، پالمێر ناچار دەبێت (ئەگەرچی پرۆسەکە لە فیلمەکەدا سیمبولیکە و ئاماژەیە بۆ سانسۆرێکی تەواوی نووسین و فانتازی ساد) زمانی ببڕێت، تا هەم پێگەی خۆی بهێڵێتەوە و هەم قەرەبووی هەموو ئەو سوکایەتیانەیش بکات کە بەدەست سادەوە چێشتوونی و کەمێک دڵی بە خۆی  خۆش بێت. بەڵام هەموو ئەم پرۆسانە کاتێک ڕوودەدەن کە کتێبەکانی ساد تەواو بڵاوبوونەتەوە و بە بەردەوامی چاپ دەکرێنەوە و دەفرۆشرێن، تەنانەت ژنی بەرپرسی نەخۆشخانەکە (سیمۆن)یش بە دزی مێردەکەی (رۆیەر کۆلارد)ەوە ساد دەخوێنێتەوە و لەژێر کاریگەرییەکانیدا، لە مێردەکەی هەڵدێت. چەندە زیاتر ساد سانسۆر دەکرێت، هێندە خێراتر بڵاودەبێتەوە و کتێبەکەی پڕفرۆشتر دەبێت.

ساد دەمرێت، بەڵام پاش مردنەکەیشی هەر کاریگەرییەکانی لەسەر ئەو شێتخانەیە و خودی قەشە کۆلمێر دەمێنێت!   


ساد: فیگورێک بە تامی فوکۆ

زۆربەی زۆری رەخنەگر و بیریارانی دوای بوونخوازیی سارتەری (هەر لە باتایەوە بیگرە تا لاکان و دۆلوز و بارت) قسەیان لەسەر ساد کردووە، ، لێ لەم فیلمەدا پتر ڕەنگدانەوەکانی سادێکی فوکۆیی دەبینین، بە تایبەتی لەو چەقەدا کە هەموو گرفتەکە دەربارەی ئازادی جەستە و ڕامکردنیەتی. کەم نین ئەو دیمەنە یەکلاییکەرەوانەی کە زومێکی زۆر دەخەنە سەر جەستە و لە بنەڕەتدا تایبەتن بە کۆنترۆڵکردن و دیسپلینکردنی: هەر لەو زمانە سینیستییە گەپجاڕەی سادەوە بیگرە لە شانۆنامەکەیدا کە بە شێتەکانی پێشکەش دەکات دەربارەی دۆخی سێکسوێلانەی پزیشکە پیرەمێردەکە (رۆیەر کۆلارد) و ئارەزووەکانی بۆ سێکس بەدواوە (ئەناڵ-سێکس) لەگەڵ ژنە مناڵەکەی، تا سووربوونەوە، هەژانی سێکسیانەی قەشە کۆلمێر و حەسرەتی سێکسیانەی بۆ خەوتن لەگەڵ کچە جلشۆرەکە و بەردەوام بوونەکانی تا هەژموونی جەستە لە ڕووتکردنەوەی جەستەی ساد و داماڵینی لە پۆشاکە ئەریستۆکراتی و گرانبەهاکانی، نووسینی خودی ساد بە خوێنی جەستەی خۆی لەسەر جلەکانی بەری و دواجاریش بڕینی زمانی ساد لەلایەن کەنیسە و پێشکەشکردنی بە دەسەڵاتی سیاسی…هتد).

blank
پۆرترێتی “مارکی دو ساد” لە زیندان

فوکۆ ڕای وایە کە دەسەڵات لەسەر جەستە و بە هۆی جەستەوە کار دەکات، هەر ئەمەیشە وای لێ دەکات میتۆدی کارکردنەکەی لەو ئیشانەیدا کە تایبەتن بە سزا و کۆنترۆڵکردن، لە ئارکیۆلۆژییەوە بگۆڕێت بە ژینالۆژی. جەستە لای فوکو بەرهەم و دراوێکی مێژوویی کۆمەڵایەتییە کە هەموو شێوەکانی دەسەڵات ئیشیان لەسەر کردووە، جگە لەوەی شێوازی مامەڵەکردنی دەسەڵاتە جیاجیاکان لەگەڵ جەستەدا بۆتە ناسەرەوەی خودی فۆرمی دەسەڵاتەکان.

لەم فیلمەدا (بە زمانی فوکۆ) جەستە هەم سزایش دەدرێت و هەم چاودێریش دەکرێت، هەم سانسۆر دەکرێت و هەم ئەشکەنجەیش. هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ گۆڕین و کردنی ساد بە فیگورێکی ترسنۆک و بەزیو (دیسپلینکراو) لە ڕێی ئەشکەنجەدانی جەستەیەوە. جۆرێک لە تەمێکردنی زمان و پەنجە و بڕینەوەیان وەک فۆرمە تۆقێنەرەکانی بێدەنگکردنی نووسەرێک تا ببێتە کەسێکی دەستەمۆ و ڕامکراو بەدەست هەردوو کەنیسە و دەوڵەتەوە. بێهودەیش نییە تا ئەوکاتەی ساد دانابڕێندرێت لە پەڕمووچ، مەرەکەب و کاغەز بۆ نووسین، هەموو ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ چاودێریکار (قەشە کۆلمێر) بە نووسینن. تەواوی دەمەبۆڵەکان، جنێوەکانی ساد و کفرەکانی و تانە سێکسییە جەرگبڕەکانی لە قەشە کۆڵمێر پاش ڕووتکردنەوەی ساد دێن لە کەرەستەی نووسین و یاساغکردنی.

blank
‘جێفری ڕاش’ی ئەکتەری ئوستالیایی لە ڕۆڵی “ساد” لە فیلمی پەرمووچ

بەشێکی دیکەی دەرکەوتنە فوکۆییەکانی ساد دەگەڕێتەوە بۆ بنەمای باوەڕبوون بە دەسەڵات وەک شتێک کە لە هەموو پنتێکی کۆمەڵایەتییدا هەیە و لە بنەڕەتدا بازنەییە و سووڕ دەخوات نەک  خاوەندارێتی بێت و تەنها لە کەسێکدا چەق ببەستێت. ئەم تێگەیشتنە فوکۆییە زۆر بە ئاشکرا لە فیلمەکەدا دەبینرێت (هەتا دەسەڵات دەیەوێت لە کەسێک و دەزگایەکدا (ناپلیۆن یا قەشە و پزیشک) چڕ ببێتەوە و گیر بخوات، زیاتر هەڵدەوەرێت: ساد کە دەخرێتە کونجی زیندانەوە پتر پۆپیولار دەبێت لە دەرەوە، ساد کاغەزی لێ دەسەندرێتەوە بەڵام لەسەر چەرچەفە سپیەکان، پۆشاکەکەی بەری، دیوارەکانی زیندانەکە دەنووسێت و هەر دزە دەکەنە دەرەوە و بڵاودەبنەوە، ساد زمانی دەبڕدرێت، بەڵام مل نادات، ئەوکاتەی کە پزیشکەکە هەست دەکات خەریکە ساد کپ دەکات، دەسەڵاتی دەقی ساد (کە ژنی پزیشکەکە (سیمۆن) بە دزییەوە دەیانخوێنێتەوە) وا دەکات هەڵبێت و ڕەدووی کوڕێکی گەنج (تەلارسازەکە) بکەوێت).

سادیزم ڕوویەکی ناوپۆشی مرۆڤە لەو ڕووەوە کە تایبەتە بە شکاندنی سنوور و بێسنووری

هەژموونی ساد لە کۆتاییەکانی فیلمەکەدا پتر دەردەکەوێت کاتێک قەشە کۆلمێر دەبینیت دێوانە کەوتووە و وەک سادی جاران داوای پەڕموچ و مەرەکەب دەکات تا ڕۆح و ئازارەکانی خۆی بنووسێتەوە، خودی خەستەخانەی شارینتۆن و دکتۆر کۆلارد خەریکی چاپکردنەوەی کتێبەکانی سادن لە بەرگی قەشەنگ و ڕازاوەدا و وەک بزنسێکی ئابووری لێی دەخۆن).

 هەموو ئەو دیمەنە فوکۆییانەی ساد لە فیلمەکەدا پێمان دەڵێن کە دەسەڵات چەقبەستە نییە و بە تەنها پەیوەستی هەنووکە نییە، بەڵکە بە مردووییش هەژموونی خۆی دیاردەخات.


تۆقین لە تارماییەکانی سادیزم

بۆچی قسەکردن لەسەر ساد و سادیزم لەم کاتەدا؟

بەجیا لەوەی کە ئەم فیلمە کۆلاجێکی زیرەکانەی وێستگەکانی یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی مێژووی مرۆڤ، پەیامێکی گرنگتریش بە ئێمە دەدات دەربارەی جەوهەری بوونمان!

ئەم فیلمە لانیکەم پێمان دەڵێت کە سادیست بوون بەتەنها وێستگەیەکی تێپەڕ نییە، دۆخێکی لادەرانەی سێکسواڵی نییە و تێرمێکی سایکۆلۆژی نییە بەتەنها کە بمانەوێت لە چرکەساتێکدا دیاگنۆسی سیمپتۆمێکی نالەبار و ڕامنەکراوی مرۆڤێکی پێ بکەین، نا! سادیزم ڕوویەکی ناوپۆشی مرۆڤە لەو ڕووەوە کە تایبەتە بە شکاندنی سنوور و بێسنووری (هەروەک باتای لە قسەکردنیدا لەسەر ساد، جەختی لێ دەکاتەوە).

ئێمە بە بەردەوامی دۆخی سادیستانە لە دەزگا و ژیانی کۆمەڵایەتیماندا دەژێنین، دیمەنی سادیستانە لە فانتازییە سێکسییەکانماندا هەن، کۆمپانیای سادی گەورە گەورەی ئابووری دەمانچەوسێننەوە، سەرکردەی سادی ئەوتۆ قامچیمان دەکەن، زمانێکی سادیست جڵەوی کردووین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو ڕووداوانەی کە بە دڵمان نین، بەڵام گرفتەکەمان ئەوەیە کە خۆمان ناکەین بە خاوەنی و گێلانە لێیان ڕادەکەین. قسەکردن لەسەر ساد و ئاشنابوون پێی (وەک لەم فیلمەدا نیشانمان دەدرێت) پێمان دەڵێتەوە کە ئەو ڕووە ناوپۆش و بزرەی ناو کەسێتی و سایکۆلۆژیای مرۆڤ کە سادیزمە، هەڵاتن لێی مەحاڵە و بە بەردەوامی خۆی نمایش و پەخش دەکات.

سادیزم گەر لە ئێمەیشدا نەبێت وەک کارەکتەر، لە تەواوی ئەو جیهانەدایە کە هەوڵ بۆ دەستەمۆ و بێدەنگکردن و لاقەکردنمان دەدات، وەک ساد خۆیشی لە وتەیەکیدا نووسیویەتی: ((ئەو جیهان و کۆمەڵگەیەی کە بە من دەڵێن بەدڕەفتار و دڕندە، خۆیان بە دڕندەترین، بەدڕەوشتانەترین و دەدترین شێوە مامەڵەم دەکەن)).

Quills, 2000

Director: Philip Kaufman

Writers: Doug Wright (play), Doug Wright (screenplay)

Stars: Geoffrey RushKate WinsletJoaquin Phoenix