کولتوور لە جیهانی شلۆکی مۆدێرندا

گفتوگۆ لەگەڵ "زیگمونت باومان"دا

لە سویدییەوە: بڕوا عەلادین

ئەو پێی وایە کە دەبێت ڕێگەچارەی باشتر بۆ هەڵسەنگاندن و پێوانەکردنی سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی بدۆزینەوە، نەوەک تەنها پشت بە گەشەکردن و تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ببەستین. بە بۆچوونی سۆسیۆلۆژ (زیگمونت باومان)، گواستنەوە و گۆڕانکارییەکان ئاسان نین، بەڵام بەشی خۆیشیان هیوابەخشن. 

چی جار لێی پرسرا بێت: پێشبینیت چییە بۆ داهاتوو؟ هەمیشە وەڵامەکەی ئەوە بووە کە ئەو ناتوانێت پێشبینی بکات. پاش ٦٥ ساڵ سەرقاڵبوونی لە کایەی کۆمەڵناسییدا، پاش ئەو هەموو شیکاری و تیۆریزەکردنە بۆ گۆڕانەکانی کۆمەڵگە و بزووتنەوە مرۆییەکان، ئەو تەنها دەتوانێت قسە لەسەر مێژوو، هەروەها ئەوە بکات کە لە ئێستادا دەگوزەرێت، نەوەک ئایندە. ئەو دەڵێت: ((سۆسیۆلۆژەکان میتۆدی زۆر باشیان پێیە بۆ شیکردنەوەی تەوژم و کەڵکەڵە باوەکانی هەنوکە)). ڕاستە ئەم پیاوەی کە لە بەردەمی مندا دانیشتووە قاتێک جلی ڕەشی لەبەردایە و قژێکی سپی لولی زۆر جوانی هەیە، بەڵام پێغەمبەریش نییە.

–  ئایندە بوونی نییە، داهاتوو شتێکە مرۆڤەکان دروستی دەکەن و لەسەر بڕیارەکانی مرۆڤ بەندە، بڕیاڕگەلێک کە ئێمە هیچیان لەبارەوە نازانین. تاکە جیاوازیمان لە ئاژەڵان ئەوەیە کە ئێمەی مرۆڤ دەتوانین هەڵبژێرین، زمانێکمان هەیە کە دەتوانین لە ڕێگە و بە هۆیەوە بڵێین نا! ئێمە دەتوانین بە خەیاڵ، فانتازی بوونەوەرەکانی ئایندە بکەین، لێ ئەوەیش خۆی پاشکەوتە و ڕەنگدانەوەی لەسەر داهاتوومان دەبێت.

ڤاکلاڤ هاڤێل زۆر شیعرییانەتر ئەم گرفتەی داڕشتووە: ((بۆئەوەی پێشبینی ئایندە بکەین، دەبێت بزانین خەڵکی دەتوانن چ گۆرانییەک بڵێن و بە چ موزیکێک بێنە سەما)). بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە هیچ شێوە و فۆرمێک نییە تا بە هۆیەوە پێشبینی ئەوە بکەین کە داخۆ سبەینێ، نەتەوە لە چ ئاوازێک دەخوێنێت و دەخوازێت چ گۆرانییەک بچڕێت.

زیگمونت باومان یەکێکە لە دیارترین کۆمەڵناسەکانی کۆتایی سەدەی بیست. ئەو مانای بە بڕێکی زۆر لەو چەمکانە بەخشیوە کە لەمڕۆدا بوونەتە کەرەستە و تفاقی باوی شیکارکردنی کۆمەڵایەتی: مۆدێرنە، پۆستمۆدێرنە، جیهانی شلۆکی مۆدێرنە و دواهەمینیشیان پریکاریا: پریکاریا وەک کۆمەڵێکی  گەورە لە مرۆڤ کە سەر بە توێژ و لایەنی جیاوازی کۆمەڵگەن و دۆخێکی کۆمەڵایەتی شلۆک و پڕ لە مەترسی دەژین.

دیارە پرسیارکردن لەم پڕۆفیسۆرە میهرەبانە کارێکی هەروا ئاسان نییە. بەر لەوەی لێکچەرەکەی دەست پێ بکات، لێکچەرێک کە بە شێوەیەکی زۆر باش گفتوگۆ لەسەر بنچینەکانی دەکات، لێم دەپرسێت: دەتەوێت باسی چی بکەیت؟ لێ هێشتا من هەر فریانەکەوتوم وەڵامی بدەمەوە. ڕەنگە ئەوە زیاتر پەیوەندی بە تەمەنەوە هەبێت، چونکە ئەو نەوەیە لە مامۆستایانی وەکو باومان، بە هۆی شارەزایی خۆیانەوە دەتوانن هەموو پرسیارەکان بکەنەوە بە جۆرێک لە مۆنۆلۆگ.

دیارە باومان بە تەنها ئەکادیمیەکی بیرتیژ نییە، بەڵکو گێڕەرەوەیەکی قسەخۆشیشە.

کەواتە با واز لە ئایندە بهێنین و لە جیاتی ئەوە قسە لەسەر ئێستا بکەین. نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر، رۆژنامەی (SvD) وتارێکی باومانی بڵاوکردەوە کە باس لە کڕین دەکات وەک شوناس و هۆکاری پشتەوەی گێرەشێوێنی و پشێویەکانی لەندەن.

زیگمونت باومان (١٩٢٥-٢٠١٧) فەیلەسووف و کۆمەڵناسی پۆڵەندی

  شولەر: هەر بەڕاست، بۆچی کڕین کێشەیەکی ئەوەندە گەورەیە؟

باومان: پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا خودی بەکاربردن و خەرجزۆری (کۆنسەمشن) چییە؟ با یەک نموونە بهێنمەوە. کە من مناڵ بووم،  خەڵکی کە دەڕۆیشتن بۆ ئەو شوێنانەی ئێستا پێیان دەڵێن بازاڕی جلکڕین تا جلوبەرگی نوێ بکڕن، تەنها ئەو کاتە دەچوون کە ئیدی جلە کۆنەکانیان دڕابوون و بە کەڵکی ئەوە نەدهاتن لەبەری بکەن. مرۆڤی ئەو کاتە لە کاتێکدا پۆشاکێکی نوێیان دەکڕی کە کۆنەکانیان بە بەریانەوە نەما بوو. بەڵام ئەمڕۆ ئێمە بە هۆی کڕینەوە بە دوای شوناس و جەختکردنەوە لە بوونماندا، دەگەڕێین.

بەر لە هەرشتێک، ئەم مەسەلەیە لەبەر دوو هۆکار مەترسیدارە. یەکەم، ئەوەی کە لە لەندەن بینیمان مانای وا بوو کە ئیدی ناکرێت بەو شێوازە کۆنەی کە هەبووە و باو بوو، کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر بکەین. دووەم، دەبێت بپرسین کە داخۆ ئەم سەر هەسارەیەی ئێمە، بەرگەی چەندە کاڵا و چەندی تر کڕین دەگرێت. ئێمە وەک مرۆڤ بەشی خۆمان زۆر زۆرین، ١٠ ساڵێکی تر ژمارەی دانیشتوان لەسەر زەوی دەگاتە ١٠ ملیار کەس، ئەم هەسارەیە چۆن بەرگەی ئەو ئاستە لە بەرهەمهێنانی کاڵا و کڕین، دەگرێت؟   

ئێمە لە سەردەمێکی مەترسیداردا دەژین، تراوما و قوربانییەکی زۆریش چاوەڕێمان دەکات.

 شولەر:  خەڵکی حەزیان بە کڕینە، هەر ئەوەیشە کە وادەکات پڕۆسەی بەرهەمهێنانی کاڵا، خێرا و خێراتر بێت. ئەی ئەڵتەرناتیڤ چییە؟ 

باومان: بەڵێ. بەڵام ئایا مەبەستی من لە ژیانی خەرجزۆری و بەکاربردن چییە؟ پێشتر ئێمە وا ڕاهاتبووین ئاستی خۆشگوزەرانی خۆمان بە لۆژیکی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (BNP) بپێوین. گەر تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیمان هەڵکشا، کە بۆ خۆی مانای وایە شتی زیاتر و زیاتر بەرهەم دەهێنین و کاڵای زیاتر لەناو دەبەین، ئەوە مانای وایە ئێمە ڕووە و پێشەوە گەشە دەکەین. بەڵام گەر تێکڕای بەرهەمی ناوخۆ داکشا و گەیشتە سفر، یا خوانەخواستە کەوتە ژێر سفرەوە، ئەوا ئیتر دەبێت بە کارەسات و شڵەژان، بە خەمۆکی و قەیرانێکی گەورە. ئەی چی بکەین؟

لە بنەڕەتدا پرسیارەکە پەیوەندی بە مێنتاڵتییەوە هەیە. ئێمە ئێستایش لەوەدا چەقمان بەستووە کە ئاستی خۆشگوزەرانی و خۆشحاڵی خۆمان بە ئاستی زیادبوونی گەشەکردنەوە، بپێوین. ئەو دۆخانەی تر کە دەشێت پێیان بگەین یا ئەو شتانەی کە بە پارە نین، بەهەند وەرناگیرێن. یەکێک لە پارادۆکسەکان ئەوەیە کە کاتێک ئۆتۆمبێلەکانمان دەشکێت یا نەخۆش دەکەوین و دەچین بۆ خەستەخانە، ئیدی ئاستی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی زیاد و گەشە دەکات، بەڵام گەر بچیت یارمەتی دراوسێکەت بدەیت لە چاککردنی باخەکەیدا، ئەوا هیچ گۆڕانکارییەک لە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆییدا، ڕوونادات.

دەمەوێت بێمە سەر پرسیارەکەی دووەمت، چونکە دەتەوێت بزانین کە ئایا دەبێت چی بکەین؟ ئێمە لە سەردەمێکی مەترسیداردا دەژین، تراوما و قوربانییەکی زۆریش چاوەڕێمان دەکات.

بە ڕای من ئاسان نابێت، چونکە بۆ چەندین دەیە باوەڕمان بەو بۆچوونە ساویلکەیە بوو کە موڵک و دەستکەوتەکانمان لێنەبڕاوانە و بەردەوام، هەر زیاد و گەشە دەکەن. ئێستا بۆ یەکەمین جارە کە تێ بگەین لەوانەیە ئەمە وا نەبێت. پێویستە شێوازی دیکە بۆ پێوانەکردن و هەڵسەنگاندنی ژیانی باش و شادومانی، بدۆزینەوە. 

هەموو زۆرینەکانی ئەمڕۆ ڕۆژگارێک کەمینە بوون

شولەر:  بە ڕای تۆ کام سیاسی و سەرکردە لەبارن بۆ نوێنەرایەتیکردنی خۆڕاگریی؟

باومان: ئەزیزم کای شولەر، بیر لەوە بکەرەوە کە بەر لەوەی تەمەنی بگاتە ١٠٠ ساڵ، دار بەڕوو شەتڵێکی زۆر زۆر بچووک بووە. هەموو زۆرینەکانی ئەمڕۆیش ڕۆژگارێک کەمینە بوون، گەر وا نەبووایە، ئێستا من و تۆ لە جیاتی ئەم تەلارە قەشەنگە، لە ئەشکەوتێکدا چاومان بەیەک دەکەوت.

 شولەر:  تۆ بڕێکی زۆر کتێبت نووسیوە، نزیکەی ١٠ دانەیان بە سویدی هەن. بە کۆ، هەموویان چەند کتێبن؟

باومان: تایبەتمەندێتی من ئەوەیە کە هەرگیز بەدوای ئیشدا نەگەڕاوم. با، یەکجار لە ساڵی ١٩٥٤دا، کاتێک داوام کرد وەک یاریدەدەر لە زانکۆ کار بکەم. گەرنا بۆ هەموو کارەکانی ترم، داوام لێکراوە. تاکە هۆکاریش بۆ ئەوەی ریتمی بیبلیۆگرافییەکەت ڕێک و ڕاست بپارێزیت و نەهێڵیت پێچ و پەنای تێ بکەوێت، لەبەر ئەوەیە کە بە دوای کاردا بگەڕێیت.

شولەر:  ناونیشانی دواهەمین کتێبت بریتییە لە (کولتوور لە جیهانی شلۆکی مۆدێرندا). چۆنە لەسەر کولتوور دەنووسیت؟

باومان: ئێستا پۆستی بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا بەدەست پۆڵەنداوەیە، داوایشیان لە من کرد لەو کۆنفڕانسە گەورەیەدا کە مانگی سێپتەمبەر لە رۆکلاو بەسترا، شتێک لەبارەی ئەوروپا و کولتوورەوە بنووسم. تێزەکەی من ئەوەیە کە تاقە شانس و ئەگەرێک لەبەردەم ئەوروپادا بێت بۆ بەدەستهێنانەوەی پێگەی خۆی لە جیهاندا، تەنها و تەنها کولتوورە و لە ڕێی کولتوورەوەیە. تازە ئەوروپا هەرگیز ناتوانێت ببێت بە هێزێکی سەربازی، ئەگەرێکی زۆر کەمیشی هەیە بتوانێت ببێت بە دەسەڵاتێکی ئابووری زەبەلاح.

بەڵام ئەوروپا شتێکی تری هەیە بیدات بە جیهان کە ئەوانی تر نییانە. ئەوەی کە پاش سەخت و دژوارییەکی زۆر توانیان بە ئاشتی لەگەڵ جیاوازییەکاندا بژین. مەبەستم ئەوەیە کە پێکەوەژیان تەنها لەسەر ئەوە نەبێت کە گوایە جیاوازن، بەڵکو دانیش بەوەدا بنێین کە بە بۆنەی جیاوازەکانەوەیە کە ئێمەیش دەژین. جیاوازییەکان ئەرێنی و پۆزەتیڤن، وەک چۆن هەوێن و بناغەی هەموو جۆرە داهێنانێکیشن، دیارە مەبەستم لە جیاوازی بیروڕا و ترادیسیۆن، جیاوازی سۆز و سەیرکردنمانە بۆ کۆمەڵگە.   

 شولەر: بەڵام سەرباری هەموو ئەوانە، هەر ڕەشبینیت بەرامبەر بە دۆخی جیهان؟

باومان: باشە، بەڵام من ڕەشبین نیم.

گەشبین کەسێکە ڕای وایە ئەو جیهانەی کە خۆی تێدا دەژی لە هەموو جیهانەکانی تر باشترە، ڕەشبینیش گومانی لەوە هەیە کە گەشبین ڕاست بکات.

شولەر: تۆ ڕەشبین نیت؟

باومان: ئەزانیت پێناسەی گەشبین و ڕەشبین چییە؟ گەشبین کەسێکە ڕای وایە ئەو جیهانەی کە خۆی تێدا دەژی لە هەموو جیهانەکانی تر باشترە، ڕەشبینیش گومانی لەوە هەیە کە گەشبین ڕاست بکات. بەڵام لەنێوان ئەو دووانەیشدا کاتیگۆری سێهەم هەیە کە من پێم خۆشە زیاتر بە پێی ئەوە پۆلێن و پێناسە بکرێم: مرۆڤی ئومێدەوار.

ئومێد نە ڕەشبینانەیە و نە گەشبینانە. ئەو کەسەی کە ئومێدەوارە و هیوای هەیە دەزانێت کە زۆر شت لە دژیین، بەئاگایە لەوەی کە کارێکی زۆر دژواری لەبەردەمدایە و دەبنە مایەی ئازار و پەژارە و مرۆڤەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن، بەڵام با ئەوەیشمان لەبیر نەچێت کە ڕۆح شتێکی نەمر نییە بەڵام هیوا و ئومێد نەمرن. تۆ دەتوانیت هەموو شتێکی مرۆڤێک بکوژیت و بمرێنیت، بەڵام ئومێدیت بۆ ناکوژرێت.   

سەرچاوە: http://www.svd.se/vi-har-en-svar-tid-med-stora-offer-framfor-oss