چۆن لە فەیسبووک بڕوانین

لە ئینگلیزییەوە: ناودار زیاد

تیۆرسێنى ڕەخنەگرى ئەڵمانیى (تیۆدۆر ئادۆرنۆ) لە وتارەکەیدا بە ناونیشانى (چۆن لە تەلەڤیزیۆن بڕوانین How to Look at Television) لە ساڵى (١٩٥٤)دا لێکۆڵینەوەى لەبارەى گوشارەکانى تەلەڤیزیۆنەوە کرد، پاشان لە شێوە هونەرییە تازە و ناباوەکەى تەلەڤیزیۆنى کۆڵییەوە. (ئادۆرنۆ) پێى وابوو تەلەڤیزیۆن بۆ ئاسوودەیى و سەرگەرمى و، لە هەموویان گرنگتر بۆ مەبەستى ئازادییە. هەروەها ئاڕگیومێنتى لەبارەى ئەوەوە کرد کە تەلەڤیزیۆن وەک پەیامبەر یاخود نێردراوێکى ساختەچییە لە سەردەمێکى نوێى زێڕیندا چونکە وەک خەواندنى موگناتیسى وایە بۆ مرۆڤایەتی. تەلەڤیزیۆن سەکۆیەکى ناڕوون و تەمومژاوى بۆ خۆى بونیادناوە وەک شێوەیەکى زۆر بەتین و پتەوى تازەى هەژموونخواز. (ئادۆرنۆ) دەڵێت لە ژوورى میوان و خەوتنەکانمان تەماشاى ئەو پڕۆگرامە تەلەفزیۆنانەمان کرد کە لەبارەى ئاستى هۆشیارییەوە بوو یان ئەوانەى پەیوەندیدار و دڵخوازى خۆمان بوو یاخود لە کاتە پووچ و بێهودەکاندا، بەڵام چێژبەخش بوو. دەکرێت ڕۆڵى تەلەڤیزیۆن وەک وەرچەرخانێکى سادە ببینرێت –دواى ڕۆژێک لە کارکردن، زۆر ئاسانترە لەگەڵ تەلەڤیزیۆندا یەکانگیر بیت نەک لەگەڵ فۆنتى ورد و بچووکى کاغەزدا- چونکە تەلەڤیزیۆنەکە زیاتر سەرنجڕاکێشە. هەرچەندە (ئادۆرنۆ) ئاڕگیومێنتى ئەوەى کرد کە تەلەفزیۆن کاریگەرییەکى هەراسانکەرى لەسەر نەست هەیە، چونکە بە بەکارهێنانى بەرنامەى گاڵتەوگەپ و کات بەسەربردن مامەڵە لەگەڵ چێژ و خۆشییەکاندا دەکات، هەروەها جەماوەرەکەى وا پڕۆگرام دەکات کە بەرگەى بارودۆخە ئابوورییەکان و قاڵب و کڵێشە کۆمەڵایەتییەکان بگرن کە پێچەوانەیە لەگەڵ هزرێکدا کە بە تێڕامان و بیرکردنەوە بەرهەمهاتووە. بە لاى (ئادۆرنۆ)وە تەلەڤیزیۆن توانستێکى سیحرى و موگناتیسیانە بوو –بۆ کەمکردنەوەى بیرکردنەوەى ڕەخنەیى لاى تاک- کە هەم جەماوەرەکەى دڵنیا کردەوە، هەم خستییە مەترسییەوە.

“مرۆڤ هەمیشە لەنێوان دوو بژاردەدا بووە: ملکەچبوونى بۆ سرووشت یاخود ملکەچبوونى سرووشت بۆ خۆى”.

(تیۆدۆر ئادۆرنۆ و ماکس هۆرکهایمەر)، لە کتێبەکەیاندا، (دیالێکتیکى ڕۆشنگەرى) (١٩٤٧)، پێیان وابوو “مرۆڤ هەمیشە لەنێوان دوو بژاردەدا بووە: ملکەچبوونى بۆ سرووشت یاخود ملکەچبوونى سرووشت بۆ خۆى”. مرۆڤایەتى لە ڕێگەى جیاکردنەوەى زانست لە ئەفسانە بە بەکارهێنانى لێکدانەوەى عەقڵى توانیویەتى بەسەر سرووشتدا زاڵ بێ. هەرچەندە لەگەڵ سەرکەوتنى مرۆڤ بەسەر سرووشتدا “لەخۆنامۆبوون هاتووە بۆ ئەو کەسانەى کە پێویستە مۆدێل و نموونەى جەستە و ڕۆحیان بەگوێرەى دام و دەزگا و ئامڕازە تەکنیکییەکان بێت”. وێڕاى ئەوەى مرۆڤەکان بەسەر سرووشتدا زاڵ بوون، بەڵام تەکنۆلۆژیا هاتووە بۆ بەرزەفتکردنى خواست و پێداویستییە زۆر ژیانییەکانى مرۆڤایەتى. مرۆڤایەتى جادووى ئەفسانەى بەتاڵ کردووەتەوە و لە ئەفسانە بێهیوا بووە، بەڵام بەدوایدا بەند و دیلى ویست و ئارەزووى ئامێرەکان بووە.

سرووشى بنەڕەتى ڕۆشنگەری وەک بزووتنەوەیەکى کولتوورى بریتی بوو لە ئازادکردنى عەقڵ لە ئەفسانە و پڕوپووچ و خوڕافات. ئەمەش ماوەیەکى زۆرى خایاند تاکو جێکەوت بوو، بەڵام وادیارە ئێستا ڕووبەڕووى ئەو شتە نوێیانە بووینەتەوە، کە هەڕەشەن بۆ سەر عەقڵ و هاوکات خاپێنەریشن: ئەو شتە نوێیانەى خۆیان بە ئەلگۆریزم(algorithm)ێکى نادیار و بێ ناسنامەوە[1]سەپاندووە.

کولتوورەکەى ئێستامان لەلایەن پەنجەمۆرە دیجیتاڵییەکانەوە شێوەى گرتووە. زۆربوونى تەلەگراف، ئامێرى چاپ، ڕادیۆ و، تەنانەت تەلەڤیزیۆن، پاشماوەى نۆستالژیاى سەردەمێکى بەسەرچوون. بەڵام لە سەردەمى ئەمڕۆى زانیارییەکاندا بە هۆى تۆڕە کۆمەڵایەتییە هەڵخەڵەتێنەر و سەرنجڕاکێش و بەربڵاوەکانەوە کە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو ساتێکدا ئامادەن، جارێکى تر تەفرەدراوین و لەخشتەبراوین.

(ئادۆرنۆ) “هەڵخەڵەتاندنى بەکۆمەڵیى جەماوەر” دەبینێت چونکە بە ناوەڕۆکێکى ئاسانى بەتاڵ لە ئەندێشەى ڕەخنەیى سەرنجى جەماوەر ڕادەکێشرێت

لە گۆڤارى (New York Review of Books) لە (٩)ى نیسانى (٢٠٢٠)دا توێژەرى یاسایى (تیم وو Tim Wu) ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە کە گووگڵ و فەیسبووک و هاوشێوەکانیان پێشەنگایەتى “ئابوورییەکى سەرنجدان”[2]ى نوێ دەکەن. ئەم سەردەمە نوێیە –کە جۆرێکە لە ڕۆشنگەریى دیجیتاڵى- بە شێوەیەکى بەرچاو بووەتە هۆى بەربڵاوبوون و زۆربوونى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تێرکردنى ڕاستەوخۆى ویست و چێژ و خواست و دەربڕینە هەمەجۆرەکان. زێدە گەڕەلاوژەیەکى نوێ لە تویت و نووسین و لایک و دیسلایک و هتددا دەرکەوتووە. بۆ زۆربەمان، لە سەکۆیەکى وەک فەیسبووکەوە کە بە ئاسانى دەتوانین پەیوەندى ببەستین و بە زوویى دەستمان بەوانى تر بگات وای کردووە بە بێ ماندووبوون و بە ئاسوودەیى تەڤلى وڵات و نەوەکانى تر ببین. (تیم وو) تەنانەت تێبینى ئەوە دەکات کە ئەم سەردەمە نوێیە سەردەمى “برا گەورەتر”ە[3].

دەرکەوتنى ئەلگۆریزمى سۆشیال میدیا هاوشێوەى تەلەفزیۆن شێوەیەکى نوێى گوشارى پێش خستووە. فەیسـبووک و یوتیوب و بەرنامەکانى تر وەک ژنێکى تەفرەدەرى وەهمى بە شەپۆل و تەوژمە نەپچڕاو و بەردەوامەکانیان تاکەکانیان شەیداى ناوەڕۆکە ڕازیکەر و ئارامبەخشەکەیان کردووە. هەرچەندە تاکو ئێستاش تەلەڤیزیۆن لە میانەى چیرۆکە پێشوەخت ئامادەکراوە هەمەجۆرەکانتیەوە کاردانەوەى بینەرەکانى بەرزەفت کردووە، بەڵام فەیسبووک و هاوشێوەکانى هەنگاوێکى تر چوونەتە پێشەوە: ناوەڕۆکى ڕاسـتینەى بینراوەکانیان پڕۆگرام کردووە، بۆ نموونە وەک پوختەى هەواڵەکان بۆ تاکەکان. دەشێت “لایک”ێکى سادە هانى لێشاوێک لە ڕەزامەندى هاوشێوە بدات، کە ڕاسپاردەکانى ئەو کەسە لە خۆ دەگرێت کە هەواڵەکەى داڕشتووە بۆ ئەو بەکارهێنەرەى دڵبەندێتى و سەرسامە پێى. ئەمە بە تەواوەتى وەکو قسەکانى (ئادۆرنۆ) وایە لەبارەى تەلەڤیزیۆنەوە: “هەموو شتێک بە جۆرێک دەردەکەوێت کە پێشتر بڕیارى لەسەر دراوە”.

وەک جڤاکێک، هەستى ڕەخنەییمان لە بەشداریکردنى دیموکراتییانەدا لەدەستداوە کە بریتییە لە ڕاوێژکاریى ڕاستەقینە و ڕووبەڕوو لەگەڵ یەکتریدا وەک هاووڵاتییەکى خاوەن ویست و پێداویستى و بەرژەوەندیى و ئامانجى هەمەجۆر نەک وەک دوژمنێکى شاراوە لە پشتى شاشەکانەوە یاخود بە ناسنامەى گریمانەیییەوە.

هەرچەندە، بە پێچەوانەى تەلەڤیزیۆنەوە، ئەلگۆریزم توانستى هەژاندنى بنەماکانى دیموکراتى هەیە. ئەرکى ئەلگۆریزمەکانى سۆشیال میدیا جەختکردنەوەى دووبارە و چەندبارەیە لەسەر ڕوانگە و باوەڕەکانى تاکەکان، لە ڕێگەى تابلۆیەکى ئامادەکراو بە ناوەڕۆکێکى پەسەندکراوەوە بۆ ئەو کەسەى بە کاری دێنێت. لێرەدا (ئادۆرنۆ) “هەڵخەڵەتاندنى بەکۆمەڵیى جەماوەر” دەبینێت چونکە بە ناوەڕۆکێکى ئاسانى بەتاڵ لە ئەندێشەى ڕەخنەیى سەرنجى جەماوەر ڕادەکێشرێت. بەڵام تابلۆ کێشراوە بێهۆشکەرەکە کە لە ڕێگەى ناوەڕۆکێکى دیزاینکراوەوە دەرخواردمان دەدرێت زۆرجار بە دژە چیرۆک و ڕوانگە ڕەخنەییەکانى چاومان دەبەستێت و کوێرمان دەکات، بەوەى کە بەو شێوەیە وابەستەى خۆیمان دەکات و لەگەڵیدا ئاوێتە دەبین. بەم جۆرە، پێشداوەریى ئەلگۆریزمییانە دڕدۆنگییەکى بەرهەمهێناوە کە بە شێوەیەکى بونیادیى لەگەڵ ئەو باوەڕانەدا دەرگیرمان دەکات کە جیاوازن لە باوەڕەکانى خۆمان. هەرچەندە ئەلگۆریزمى فەیسبووک لەو مەبەستە بازرگانییە بێزیانانەوە لە دایکبووە کە پێچەوانەى دەنگ و ئایدیاى کڕیارەکانیەتى، ئەمەش وادەکات جار لە دواى جار لە دەنگ و ئایدیاى کڕیارەکانى دوورکەوێتەوە. لە کاتێکدا هاووڵاتیان بۆ ئەلگۆریزمەکان ملکەچن، دەکرێت تەکنۆلۆژیا بەخێرایى بۆ چەکێک بگۆڕێت و، دەکرێت هەر ئایدیایەکى نەشیاو و قڕێژ و مشتومڕخواز وەک “کێشەیەک” بە ئامانج بگیرێت کە بە شێوەیەکى گونجاو چارەسەر بکرێت یاخود تێکبشکێنرێت. بەم شێوەیە، ئامادەییمان بۆ بەرگەگرتن و بەشداریکردن لە خەباتى دیموکراتیدا پووکاوەتەوە و لاواز بووە. وەک جڤاکێک، هەستى ڕەخنەییمان لە بەشداریکردنى دیموکراتییانەدا لەدەستداوە کە بریتییە لە ڕاوێژکاریى ڕاستەقینە و ڕووبەڕوو لەگەڵ یەکتریدا وەک هاووڵاتییەکى خاوەن ویست و پێداویستى و بەرژەوەندیى و ئامانجى هەمەجۆر نەک وەک دوژمنێکى شاراوە لە پشتى شاشەکانەوە یاخود بە ناسنامەى گریمانەیییەوە. لە سەرووى ئەمانەشەوە، ئێمە هەستێکى بەهێزمان لەدەستداوە، کە پەیوەستە بە دیاریکردنى ناوەڕۆکى ئەو شتەى دەکرێت بیبینین.

blank
ماکس هۆرکهایمەر (١٨٩٥-١٩٧٣) و تیۆدۆر ئادۆرنۆ (١٩٠٣-١٩٦٩)

(ئادۆرنۆ) و دیارترین هاوڕێکانى لە قوتابخانەى فڕانکفۆرت: (ماکس هۆرکهایمەر و هێربرت مارکیۆزە و یۆرگن هابرماس) هەرگیز لە نیشاندانى ئایرۆنییەتی[4] دۆخى بەپیشەسازیبووى مرۆڤ نائومێد نەبوون. ئەم فەیلەسوفانە ئایرۆنییانە هۆشدارییان لەبارەى ئەوەوە دا لەگەڵ شوێنکەوتنى ئازادانەى پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکاندا مەترسییەکى گەورەى گوشاریش ڕووبەڕووى مرۆڤ بووەتەوە. وادیارە کە ئاگادارکردنەوەکەى (مارى شیلى Mary Shelley) نووسەرى کتێبى (فرانکشتاین Frankenstein) (١٨١٨) لەبارەى مەترسییەکانى ئاکامە پێشبینى نەکراوەکانى تەکنۆلۆژیاى نوێزەنگێکى ڕاستە بە تایبەتى بۆ ئەم سەردەمى دیجیتاڵییەمان. هەرچەندە، بە پێچەوانەى داهێنراوە خەیاڵییەکانى تەکنۆلۆژیاى نوێوە ئەو واقیعەى زیرەکى دەسـتکرد (Artificial Intelligence) لە پشتى شاشەکانەوە دروستی کردووە پڕۆسە دیموکراتییەکەمانى ڕووبەڕووى هەڕەشەى جدى کردووەتەوە.

لەم سەردەمە مۆدێرنەشدا، ئایڕۆنییەتێکى نوێ دەرکەوتووە کە لە نامۆبوونى خەڵکدا لە پشتى شاشەکانیانەوە خۆى حەشارداوە،

ئایڕۆنییەتى ڕۆشنگەریى لە نامۆبوونى جەماوەرە کرێکار و ئیشکەرەکەوە دەبینرێت، ئەو جەماوەرەى کە بە هۆى ڕۆشنگەرییەوە لە ئەفسانە و گریمانە کۆنە کۆمەڵایەتییەکان ئازاد بووە، بەڵام لەژێر گوشارى مەبەستە ئابوورییە بەرتەسکەکاندایە. (هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ) پێیان وابوو کە “ڕۆشنگەریى بە ئاڕاستەى کاڵاکاندا مامەڵە دەکات وەک دیکتاتۆرێک بە ئاڕاستەى کەسەکاندا”. لەم سەردەمە مۆدێرنەشدا، ئایڕۆنییەتێکى نوێ دەرکەوتووە کە لە نامۆبوونى خەڵکدا لە پشتى شاشەکانیانەوە خۆى حەشارداوە، وا بیردەکرێتەوە ئەوان ئازادن، کەچى هەموومان جەماوەرێکى ئاڕاستەکراوین و تا ئەو ڕاددەیە ئازادین کە پێشکەوتنى تەکنۆلۆژیی دنەمان دەدات و لێمان دەخوازێت، کەچى تاکو ئێستاش ملکەچى ئارەزووەکانى هەمان ئەو تەکنۆلۆژیایەین.

پەراوێزەکانی وەرگێڕ:


[1] ئەلگۆریزم یاخود ئالگۆریتم (Algorithm) یاسایەکى بیرکارییە و لە ناوى ماتماتیکزان و گەردوونناسى ئێرانى (ئەبو عەبدوڵڵاى خەواریزمی)یەوە هاتووە. ئەم زانایە ئەو یاسایەى داناوە، بۆیە یاساکە بە ناوى ئەمەوە کراوە، بەڵام ئەوروپییەکان بە (Algorithm) بەناوى دەکەن. دەستەواژەى ئەلگۆریزم ئێستا لە بوارى پڕۆگرامینگ و بیرکاریدا بۆ چارەسەرکردن و شیکارکردنى هاوکێشە و پرسیارە قورس و ئاڵۆزەکان بە کار دێت. هەروەها ئەم یاسایە لە ڕێگەى پڕۆگرامى کۆمپیوتەریى و دیجیتاڵییەوە خۆکردانە بەرمەجەکراوە تاکو پرسیار و هاوکێشەکان شیکار بکات و گرفتەکانیش چارەسەر بکات. لێرەدا مەبەست لە ئەلگۆریزمى بێ ناسنامە بریتییە لە کاریگەرى و جێکەوتبوونى ئەو ئامێر و ئامڕاز و داهێنراوە مۆدێرنە دیجیتاڵى و تەکنۆلۆژیانەى کە بمانەوێ و نەمانەوێ و بێ ئەوەى ڕووخسار و ناسنامەیان دیار بێت تەڤلى جیهانە تایبەتەکەمان دەبن و خۆیان بەسەر بیر و هۆشماندا دەسەپێنن. (و.ک)

[2] (ئابورى سەرنجدان) (Attention Economy) میتۆدێکە کار لەسەر سەرنج و ئاگایى و تەرکیزى مرۆڤ دەکات بە مەبەستى چارەسەرکردنى کێشەکانى بەڕێوەبردنى زانیارییە هەمەجۆرەکان. ئەم تێگەیە لەلایەن (هربرت أ. سیمۆن)ى سایکۆلۆژیست و ئابوریزانى هەڵگرى خەڵاتى نۆبڵەوە داهێنراوە. (سیمۆن) پێى وابوو کە سەرنجدان ئەو دەرچە و ڕێڕەوەیە مرۆڤایەتى لێیەوە بیردەکاتەوە، تا ئەو سنورەى مرۆڤ لێیەوە درک دەکات و کردەکان ئەنجام دەدات. (سیمۆن) تێبینى ئەوەى کرد کە دەوڵەمەندى لە زانیاریدا، هەژارى لە سەرنجداندا دەخوڵقێنێت، بۆیە پێویستى بە ڕێکخستن و کورتکردنەوە و شەنوکەوکردن هەیە. دواتر لە ساڵى (١٩٩٧)دا (میشێل گۆڵدابرGoldhaber Micheal)ى فیزیکزان پێى وابوو ئابورى نێودەوڵەتى لە ئابورى لەسەر بنەماى ماتڕیاڵەوە بۆ ئابورى لەسەر بنەماى سەرنجدان وەرچەرخاوە، بۆیە زۆربەى خزمەتگوزارییە ئابورى و بازرگانییە ئۆنلاینەکان بەخۆڕایى پێشکەش دەکرێن. (و.ک)

[3] (Bigger Brother) ناونیشانى ئەو بابەتەیە کە (تیم وو) لە ژمارە (٦)ى ڕێککەوتى (٩)ى نیسانى (٢٠٢٠)دا نووسیویەتى. (تیم وو) لەم بابەتەدا خوێندنەوەی بۆ کتێبى (سەردەمى کاپیتاڵیزمى چاودێریى: جەنگ لە پێناوى داهاتووى مرۆڤایەتى لە سنورى نوێى هێزدا The Age of Surveillance Capitalism: The Fight for Human Future at the New frontier of Power)ى (شوشانە زەبۆڤ Shushana Zoboff) کردووە. تێیدا لەسەر ئەو بیرۆکەیە هەڵوەستەى کردووە کە لەم ڕۆژگارەى ئەمڕۆماندا کاتێک بۆ یەکەمجار شتێک لە دونیاى دیجیتاڵى و ئەلکترۆنى و سۆشیال میدیادا دەردەکەوێت نەناسراوە، بەڵام پێشبینى ناکرێت دواى ماوەیەک چەندە بەناوبانگ بووە و هەژموونى پەیداکردووە. تێماى (Big Brother) دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆمانى (١٩٨٤)ى (جۆرج ئۆروێڵ)، لەم ڕۆمانەدا (ئۆروێڵ) وێناى کۆمەڵگە و دەوڵەتێک دەکات کە لە ڕێى کاراکتەرى برا گەورەوە (Big Brother) کە ڕێبەر و سەرۆکى حیزبە لەژێر چاودێریدایە. بە هەمان شێوە ئێمەش لەم سەردەمەدا بەهۆى ئینتەرنێت و سۆشیال میدیاوە لەژێر چاودێریداین. واتا سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت بوونەتە برا گەورە. بەڵام ئەم چاودێرییە بەرفراوانتر و بەربڵاوتر و هەژمونخوازترە بۆیە (تیم وو) ناوى دەنێت (Bigger Brother)واتا برایەکى گەورەترە لەو برا گەورەیەى لە ڕۆمانەکەى (جۆرج ئۆروێڵ)دا هەیە. (و. ک)

[4] وشەى ئایرۆنى هەم بە واتاى ئەو تەوس و توانجە دێت کە بۆ مەبەستێکى جدى بە کار دێت، هەم بە واتاى ئەو ڕووداو و دیاردەیە دێت کە مەبەستەکەى پێچەوانەى ئەوەیە کە چاوەڕوان دەکرێت. لێرەدا بە واتاى دووەم بە کار هاتووە. (و.ک)