مێژوونووسێكی ئەڵتەرناتیڤ بۆ گێڕانەوەى نیۆلیبراڵ؟

فەلسەفەکانی مێژووی یوڤال نۆح هەراری


لە ڕاستیدا ماوەیەكی زۆر بوو لێرە و لەوێ ناوی “نۆح هەراری“م بەرگوێ دەكەوت، وێنەى بەرگی كتێبەكانیم دەبینی لە فەیسبووك و سۆسیال میدیاكانی دیكە دادەنران، لە فەیسبووكەمەدا زۆرێك لە هاوفەیسبووكییە كوردەكانم دەبینی وتارەكانی وەردەگێڕن، بەم دواییانە بینیم زیاتر لە چوار كتێبی كراون بە كوردی، كەسانێكیش پێشنیاریان بۆ كردبووم بیخوێنمەوە و سەرنجی خۆم بنووسم یاخود بیركردنەوەكانم دەربارەى ئەم نووسەرە چۆنن؟ تا ئەم دواییانە تەنها هەندێك لە ئیقتباس و ڕاگواستنی گوتەكانیم لە فەیسبووك دەبینی كە سەرنجیان ڕانەدەكێشام. هەروەها نەمدەویست پارەیەك بۆ كڕینی كتێبەكانی تەرخان بكەم، چونكە زۆرێك لەو بیرۆكانەى لە ڕاگواستنی قسەكانیدا هەبوون، شتی ئەوتۆ و تازەیان تێدا نەبوو.

ئەوەى زیاتر ناچاری كردم هەندێك لە كتێب و وتارەكانی بخوێنمەوە ئەوە بوو لە دوای بەدواداچوونێكی كەم بۆم دەركەوت باراك ئۆباما، مارك تسوكەربێرگ، بیل گەیتس و ئەنگێلا مێرکڵ لایەنگری هەرارین و سەرسامن بە بۆچوونەكانی. مارك تسوكەربێرگ كتێبی “ساپیانس”ی خستبووە نێو یانەى كتێبی فەیسبووكەوە، ئۆباما و بیل گەیتس بەرگی كتێبەكەیان بە دەستەوە گرتبوو و ڕیكلامیان بۆ دەكرد و تەنانەت گەیتس دەستی كردبوو بە هاندانی خەڵك بۆ خوێندنەوەى “هۆمۆ دیۆس” (مرۆڤە-خوا) و وەك لیستی خوێندنەوەى هاوینە بۆ ساڵی 2017 داینابوو. لە كوردیدا دەگوترێت ئەم ماستە موویەكی تیایە، ئەوە بوو بە خۆمم گوت حەتمەن لە دونیای ئەمڕۆدا كەسێك هێندە لە سۆسیال میدیا و تەلەڤزیۆن و چاپەمەنییەكانی بۆرژوازیدا ڕیكلامی بۆ ناكرێت و لە لایەن مۆڵتی ملیاردێرەكانەوە خۆشەویست نابێت ئەگەر زیانی بۆ سەریان هەبێت، كەواتە حیكمەت لەوە چییە بەشێك لە بەرەى چەپیش عاشقی بووە؟ لە ڕاستیدا هەراری ئێستا یەكێكە لە سەرسەختترین بەرگریكارانی ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزم لە دژی هەڕەشەكانی نیۆلیبراڵیزم، بەڵام خاڵێكی كوێر، یان ئەڵقەیەكی بزر هەیە باس ناكرێت: نیۆلیبراڵیزم خۆی دەرەنجامی لیبراڵیزمە. كەواتە ئەڵتەرناتیڤی نیۆلیبراڵیزم، لیبراڵیزم نییە. كارەساتەكانی نیۆلیبراڵیزمیش بە بیرمەندانی لیبراڵ تێ ناپەڕێنرێن. لە ڕاستیدا هێڵی سیاسیی ئایدیۆلۆژیای نۆح هەراری، گەڕاندنەوە و زیندووكردنەوەى “نوخبەى لیبراڵ”ـە بۆ سەر سەكۆی سیاسی لە جیهانی گڵۆبالیزەكراودا. تەنانەت ڕۆژنامەی هارێزتزی لیبراڵی ئیسرائیلی لە وتارێکیدا هەراری بە ئایدیۆلۆژیستی وردەبۆرژوازیی نوخبەی لیبراڵ لە قەڵەم دەدات[١]. بە کورتی، ئەوەی هەراری دەینووسێت و نووسیویەتی، لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا، زۆر زانستیتر و قوڵتر و ڕیشەییتر نووسراوە، بگرە سەدان هەزار کتێب و لێکۆڵینەوە هەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆ هەراری بە بەشێک لە هەڵە مێژووییەکانیشییەوە، دەبێتە پاڵەوانی میدیای سەرمایەداری؟

یەکێک لەو کێشە و ئاڵۆزییانەی باڵی بەسەر مۆدێلی بەرهەمهێنانی مەعریفەدا کێشاوە، وەرگرتن و پێشوازیکردنە لە هەموو تیۆر و تێزە و کتێبێک بەبێ هیچ ڕووتێکردنێکی ڕەخنەیی، یاخود لە بنەڕەتدا ڕەخنە لە هیچ یەکێک لەو شتانە سەر هەڵنادات کە دێنە ناو زمانەکەوە

ئەگەر سەبارەت بە کۆمەڵگای کوردی بدوێین، یەکێک لەو کێشە و ئاڵۆزییانەی باڵی بەسەر مۆدێلی بەرهەمهێنانی مەعریفەدا کێشاوە، وەرگرتن و پێشوازیکردنە لە هەموو تیۆر و تێزە و کتێبێک بەبێ هیچ ڕووتێکردنێکی ڕەخنەیی، یاخود لە بنەڕەتدا ڕەخنە لە هیچ یەکێک لەو شتانە سەر هەڵنادات کە دێنە ناو زمانەکەوە. ئەمەش وای کردووە، سێبەری هەر بیرمەند و فەیلەسوفێک بۆ ماوەیەک وەک شەپۆلێکی خێرا بێت و دوای ماوەیەک کپ ببێتەوە، لەمەشدا بەشی هەرە زۆری بەرپرسیارێتییەکە بەر کۆنتڕۆڵی دەزگاکانی چاپەمەنیی و بازاڕکردن دەکەوێت و پاشان «ڕۆشنبیران»ی گشتیی کە لە میدیای دەسەڵات و سێبەردا بە بەردەوامی دەردەکەون. ئەمە وا دەکات ماوەیەک باوی هایدێگەر بێت، ماوەیەک باوی فوکۆ، ماوەیەک ژیژەک، ماوەیەک فرۆید و هەر ماوە نا ماوە بیرمەندێک، دەبێتە بابەتی میدیای گشتی، بەڵام پاش ماوەیەک هەموویان بە بێدەنگی تێدەپەڕن و دەکوژێنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ کارلێکێک لەگەڵ کۆمەڵگا و خوێنەراندا بکەن. خۆ ئەگەر ڕەخنە لەو تێزانە سەر هەڵبدات و گفتوگۆی ڕەخنەیی و فیکری دروست ببێت، بەبێ گومان ئاسەواریان لەسەر بەشێکی کۆمەڵگا و خوێنەران بەجێدەهێڵن. ماوەیەکە باوی یۆڤال نۆح هەراری سەری هەڵداوە، کە گومانم نییە دوای ماوەیەکی دیکە وەک هەرشتێکی دیکە، دەکوژێتەوە و تێپەڕ دەبێت. هەراری نەک تەنها کۆدی ڕەمزەکان ناکاتەوە، بەڵکو هەوڵدەدات بە زمانێکی ڕیتۆریک کۆدی ڕەمزی دیکە لە شوێنیان دابنێت.

فەلسەفەی مێژووی ساپیانەکان

زۆربەی جار کاتێک دەکەوینە بەردەم قەیرانێکەوە، هەست دەکەین مرۆڤایەتی لەسەر لێواری خەرەندەکە وەستاوە و خەریکە بەردەبێتەوە. ڕۆژانە سەدان کتێب و وتار و لێکۆڵینەوە بڵاودەبنەوە و بەڵێنی ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی ئەو شتە دەدەن، ئێستا دەستوپەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەین. بۆ نموونە کتێبی «هۆشمەندەکان: کورتەمێژووی مرۆڤایەتی»، یەکێکە لەو کتێبانەی بەڵێنی ئەوە دەدات ئەو کێشانەی بەردەم مرۆڤایەتیی ڕوون بکاتەوە. ئەم کتێبە بووەتە یەکێک لە پڕفرۆشترینەکانی جیهان، وەک باسمان کرد ئۆباما و تسوکەربێرگیش ستایشیان کردووە. پرسیارەکە ئەوەیە چ ڕوونکردنەوەیەکی پێیە وا لۆردەکانی جەنگ و چەک و تەقەمەنیی عاشقی دەبن؟

کتێبی هۆشمەندەکان پێداگری لەسەر ئەو بیرۆکەیە دەکات کە جیابوونەوەی بوونی مرۆڤ لە ئاژەڵەکانی دیکە، ئەگەرێکە بۆ دروستکردنی «ئەفسانەکان». لە نیگای یەکەمدا وادەردەکەوێت بۆچوونێکی عەقڵانیی بێت. دواجار، هیچ ئاژەڵێکی دیکە خاوەنی کۆمەڵە حیکایەتێکی خواکان، فریشتە و ئەژدیهاکان و ترۆلی ژێر پردەکان نین. بەڵام هەراری تێگەیشتنی خۆی بۆ «ئەفسانەکان» بۆ ئەم بوونەرەوە سەیرانە کورت ناکاتەوە. لە کتێبی هۆشمەندەکاندا، ئەفسانەکان بۆ ئاستی دەوڵەت، پارە، سیاسەت و هەموو ڕەهەندەکانی دیکەی سەرخان درێژ دەکرێنەوە، کە کۆمەڵگای مرۆیی دادەمەزرێنن. هەراری ناو لەم دیاردەیە دەنێت «نێو-بکەریی» (inter-subjective)، کە وەک ئەفسانە یان وەهمە هاوبەشەکانی ناو تۆڕێکی پەیوەندیی خەڵکانی زۆر و زەوەند پێناسەی دەکات، کە تەنها لە زەینی مرۆڤدا هەن. هەراری لە ڕێگای پرۆسەیەکەوە ڕووبەڕووی ئەم دۆخە دەبێتەوە کە پێی دەڵێت بابەتیی و بکەریی: کە سەربەخۆیی وشیاری یان باوەڕی مرۆڤ، واتا دیاردەی سروشتیی و، ئەفسانەکان یان خەیاڵەکان، کە تەنها لە مێشکی تاکێکدا هەن، وەک هاوڕێی خەیاڵیی منداڵێک. لەم ڕووەوە، نێو-بکەریی ئەو بکەرییەیە درێژ دەبێتەوە بۆ مرۆڤایەتیی کۆلەکتیڤ و دەستەجەمعیی، وادەکات یەکە و موڵکەکانی وەک واڵمارت، ویلایەتە یەکگرتووەکان و سەرمایەداری ببنە هاوڕێی هاوبەشی خەیاڵییمان. وەک خۆی دەنووسێت: «هەر هاریکەرییەکی فراوانی مرۆیی – چ دەوڵەتێکی مۆدێرن بێت، یان کڵێسایەکی سەدەکانی ناوەڕاست، شارێکی کۆن یاخود هۆزێکی دێرین –ڕیشەی لەنێو ئەو ئەفسانە باو و هاوبەشانە دایە کە تەنها لە خەیاڵی کۆیی خەڵکدا هەن».

ئەم ئاراستەیەی تێگەیشتن لە سرووشتی کۆمەڵگای مرۆیی پێدەچێت «تازە و پێشەنگ» بێت – بەڵام لە ڕاستیدا، هیچ شتێکی تازەی تێدا نییە. ئەمە کتومت دەستبردنە بۆ گیرفانی ئایدیالیزمی فەلسەفی، نەریتێکی کۆنی مێژوونووسیی سەدەی هەژدە و نۆزدە، واتا ئەو بیرۆکەیەی دەڵێت ئایدیاکان، ئەفسانەکان و بوونە ناواقیعییەکان، دواجار واقیع دادەمەزرێنن. ئەم فۆرمەی بیرکردنەوە، زیاتر لە سەدەیەکە هەیە. لە ڕاستیدا، زۆربەی بەشەکانی فەلسەفە لە زانکۆکاندا، ڕۆشنبیرانی ئایدیالیست و بۆرژوازی و سەرمایەداران خۆشیان، لە فۆرمێک یان فۆرمە جیاوازەکانی دیکەدا پەنا بۆ ئەم ئایدیالیزمە دەبەن یاخود لە بنەڕەتدا میراتبەرانی ئەم ئایدیالیزمەن. ئەم ڕوانگەیەی هەراری بۆ مێژوونووسی و دروستبوونی واقیع بە هۆی ئەفسانەکانەوە، هێڵی پێچەوانەی فەلسەفەی ماتریالیزمی دیالەکتیکییە، کە بناغە ئایدیالیستییەکەی ئەو دادەمەزرێنێت. لە ڕاستیدا ئەوەی مێژوو دادەمەزرێنێت ئەو ململانێ و پێکدادانە بەرژەوەندیی و چینایەتییانەن بە درێژایی مێژوو کە لە بنەڕەتدا بریتین لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە لە هەر سەردەمێکدا فۆرمێکی جیاوازی خۆدەربڕین وەردەگرن و، پاشان دەبنە بەشێک لە کۆمەڵگای چینایەتی. مێژوو لە دیدی هەراریدا، هێڵێکی دانەبڕاوی پاڵەوانەکانە لە ئەفسانەیەکەوە بۆ ئەفسانەیەکی دیکە، لە خواوەندێکەوە، زیوس، بۆ خواوەندێکی دیکە، پارە یان دەوڵەت. ئەم مێژوونووسییە ئایدیالیستییە حساب بۆ هیچ خەباتێکی مرۆیی لە کۆمەڵگادا ناکات. بۆ نموونە، لە نوسخەی لیبراڵ دیموکراسیی ئەمڕۆدا بۆ ئازادییە مەدەنیی و سیاسییەکان، هەمیشە باس لە جۆرێک ئایدیالیزەکردن دەکرێت کە گوایە ئەوە ڕابەرانی لیبراڵ دیموکراسی بوون خۆبەخۆ و خۆشحاڵانە ئەم مافانەیان بە جەماوەری خوارەوەی کۆمەڵگا بەخشیوە، بۆ نموونە مافی خوێندن و دەنگدانی ژنان. بەڵام سەد ساڵی قوربانیدان و ڕژانی خوێنی سەدان هەزار ژن و پیاوی ئازادیخواز فەرامۆش دەکات کە لە زیندانەکانی هەمان «ڕابەرانی لیبراڵ دیموکراسی» گیانیان لەدەستدا و دواجار، توانیان سازشی گەورە بەو ڕابەرانە بکەن، داواکانیان قبوڵ بکەن. مێژوو هێڵێکی خۆبەخۆ و ئاشتیخوازانەی نەپچڕاوی ئەفسانە بۆ ئەفسانە نییە، مێژوو گەسەی خەباتی مرۆڤە پەراوێزخراو و سەرکوتکراوەکانی کۆمەڵگاشە.

هەراری بۆ ڕوونکردنەوەی بۆچوونەکەی، نموونەی کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی پیژۆی فەڕەنسی دەهێنێتەوە. ڕوونی دەکاتەوە کە پیژۆ تۆڕێکی گەورەی هاریکاریی مرۆیی دادەمەزرێنێت و بەڵام «پیژۆ» (بیجۆ)، وەک چەمکێک وەهمێکی هەڵبەستراوی خەیاڵی دەستەجەمعیی ئێمەیە. وەک ئەبەدییەت یان سەربەخۆ لە کۆمەڵگای مرۆیی بوونی نییە. کەواتە، دروستبوونی «ئەفسانەی پیژۆ» هەروا بە سانایی تەوژم و هاندەرێک بوو بۆ دروستبوونی کۆمپانیاکە. بەڵام ئەگەر ئەمە بابەتەکە بێت، بۆ «ئەفسانەی پیژۆ» سەر هەڵدەدات و کەی دەرکەوت؟ بۆچی یۆنانییە کۆنەکان بیریان نەکردەوە و کۆمپانیایەکی هاوشێوەیان دانەمەزراند؟ ماتریالیزمی دیالەکتیکیی دەڵێت ئایدیاکان دواجار ڕیشەیان لە جیهانی ماتریالیدا هەیە. لەبەر ئەوەی یۆنانییە کۆنەکان هەرگیز گەشەیان بە تەکنەلۆژیایەک بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلێک نەدا، لەبەر ئەوە هاتنی «ئایدیا»ی کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێل بۆ ئەوان ڕووینەدا. بەڵام هەرکە تەکنەلۆژیا گەشەی کرد، ئێمە دەرکەوتن و سەرهەڵدانی هەنگاو بە هەنگاوی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلمان بینین. سەرهەڵدانی کۆمپانیای ئۆتۆمبێل، ئایدیایەکی ئەفسانەیی نەبوو لە سەردەمی زیوسدا ڕووبدات، زەروورەتی تەکنەلۆژیای نوێ، پێویستی بە تەکنیک و فراوانکردنی بینین و زەروورەتی نوێ هەبوو. ئۆتۆمبێل هاوشانی بەرهەمەکانی دیکەی گەشەی تەکنەلۆژیا، وەڵامێکی ئەم زەروورەتە بوو. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نایەت «ئەفسانەی پیژۆ» ڕۆڵی لە کۆمەڵگادا نەبێت، بە تایبەت لە کۆمەڵگای مۆنۆپۆلی سەرمایەداریدا، بەڵام ئەفسانە پاڵنەری دروستبوونی کۆمپانیاکە نەبووە، وەڵامێکی زەرووریی، پاڵنەرێکی ماتریالی بۆ تێرکردنی خواستێکی دیاریکراو بووە. ئەمە بۆ تەکنەلۆژیای فۆتۆگرافیش دروستە. یۆنانییەکان کە بە هەبوونی هونەری باڵا ناسراون، بۆ ئەوەی هونەرەکەیان لە مەرگ ڕزگار بکەن، بۆ کامێرایان دروست نەکرد؟ بەڵام دەزانین لەگەڵ سەرهەڵدانی چاپەمەنی و تەکنیکی لیتۆگرافی، بۆ یەکەمجار لە ١٨٣٢ ڕێگا خۆش دەبێت لە ڕێگای ڕووناککردنەوەی فراوانەوە، کە نزیکەی هەشت سەعاتی پێچووە، یەکەم وێنەی فۆتۆگرافی بگیرێت. فۆتۆگرافی، وەڵامی گەشەی تەکنەلۆژیا بوو، کە کۆمەڵگای پێشوو بە خۆیەوە نەیبینیبوو.

یۆڤان نۆح هەراری

هەراری خوا و پیژۆ و پارە دەخاتە پاڵ ئەفسانەکانییەوە و بەمەوە دەیەوێت بڵێت کە بەرگێکی «زانستی» بە مێژوونووسییەکەی دەبەخشێت، بەڵام هیچ ڕیشە و بناغەیەکی واقیعی بۆ بوون و سەرهەڵدانی ئەم «ئەفسانانە» نابینین، وەک ئەوە وایە کۆی ئەم ئەفسانانە لە دەرەوەی کۆمەڵگا و جیهانی واقیعی مرۆییەوە دروست بووبێتن، هیچ پاڵنەر و بەرژەوەندییەکی واقیعی لە پشتی پارەوە بوونی نەبێت.

فەلسەفەی مێژووی ئامێر

یەکێک لە دیارترین پێشبینییەکانی هەراری ئەوەیە کە عەقڵی دەستکرد تەنانەت شوێنی داهێنەرترین چالاکییەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە و دواجار دەتوانێت کۆنتڕۆڵی هەموو شوێنێکی ڕەهەندی مەعریفیی مرۆیی بکات. ئەمەش دەبێتە بنچینەی پێشبینییەکەی ئەو کە وشیاریی مرۆیی – بە هەستەکان، حەدسەکان و سۆزەکانەوە – شتێک نییە جگە لە کۆمەڵە ئەلگۆریتمێک کە دەکرێت هەموویان بە شێوەیەکی تیۆری لە شیفرە دابماڵرێن و لە لایەن پرۆگرامێکی کۆمپیوتەرییەوە پێشبینی بکرێن. هەراری دەڵێت، هەستەکانمان، بە سانایی «کۆمەڵە میکانیزمێکی بایۆ-کیمیایی»ن، لە «ملیۆنان کۆبوونەوەی دەمارەکان»ەوە سەرچاوە دەگرن کە لەسەر بنەمای ئەو ئەلگۆریتمانە دامەزراون کە بە هۆی پەرەسەندنەوە هەن. ئەو ئایدیایەی دەڵێت مرۆڤەکان – و لە ڕاستیدا کۆی سرووشت – دەکرێت وەک هەمان ئامێرە ئاڵۆزەکان دەرک بکرێن، لە ڕاستیدا، ئەفسانەیەکی کولتووریی سەیر و سەمەرەی ئەوروپییە [٢]، کە لە سەدەی حەڤدە دەرکەوت و لەو کاتەوە بووەتە بەشێک لە خەیاڵدانی گشتیی. لە ڕۆژە گەرمەکانی شۆڕشی زانستیدا، ڕێنێ دێکارتی فەیلەسوفی فەڕەنسیی ڕایدەگەیەنێت کە ئەو جیاوازی لەنێوان «ئەو ئامێرانەی لە لایەن مرۆڤە پیشە دەستییەکانەوە دروستکراون و ئەو جەستە زۆر و زەوەندانەی سرووشت بە تەنها پێکیان دەهێنێت» نابینێت. ئەولەویەتدان بە میتافۆری ئامێر، ئێستا کۆمپیوتەر، لەگەڵ ڕیچارد داوکینزدا (پێدەچێت لەمەدا قوڵ کاریگەری لە هەراری کردبێت) دەردەکەوێت کە دەنووسێت «ژیان تەنها ژمارەیەک بایت و بایت و بایتی زانیاریی دیجیتاڵییە»، بەڵام ئایدیا بە هەمان شێوە دەمێنێتەوە – دەکرێت هەموو شت لە سرووشتدا دواجار کورت بکرێتەوە بۆ بەشە پێکهێنەرەکانی و بەم جۆرەش دەرک بکرێت و لێکبدرێتەوە. بەڵام ئەم ئەفسانەیە، کە دەشێت بۆ سەردەمی تەکنەلۆژیانە ئاراستەکراوی ئێمە، هاوشێوەی ئەو تیۆرەیە خەیاڵییە کە دەڵێت خوا گەردوونی لە شەش ڕۆژدا دروست کرد. بایۆلۆژیستەکان ئاماژە بە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی ژیان دەکەن کە بە شێوەیەکی کاتیگۆرییانە کە تەنانەت لە ئاڵۆزترین ئامێر جیادەبنەوە. ناکرێت ئۆرگانیزمە زیندووەکان وەک کۆمپیوتەرێک دابەش بکرێنە سەر هاردوەیر و سۆفتوەیر. پێکهاتەیەکی دەماریی بایۆ-فیزیکیی لە بنەڕەتدا بەستراوەتەوە بە ڕەفتارەکەیەوە: ئەو زانیارییەی دەگواسترێتەوە بە شێوەیەکی جیاواز و سەربەخۆ لە بناغە ماتریالییەکەی بوونی نییە. ئەنتۆنیۆ داماسیۆ، وەک دیارترین زانای دەماریی ئەمڕۆ، لە کتێبەکەیدا، نەزمی نامۆی شتەکان، دەڵێت گریمانەکانی هەراری «هیچ بناغەیەکی زانستییان نییە» و دەرەنجامەکانیشی «بێگومان هەڵەن»[٣].

باوەڕبوون بەوەی سرووشت ئامێرە دەبێتە پاڵنەر و ئیلهامی تێگەیشتن و لێکدانەوەیەکی لوتبەرزانە کە تەکنەلۆژیا دەتوانێت هەموو کێشەکانی مرۆڤایەتی چارەسەر بکات.

مەترسییەکانی ئەم خەیاڵەی هەراری کاتێک سەر هەڵدەدات کە ئەوانیدیکە کردەوەکانی خۆیان لەسەر ئەم بناغە فشەڵ و لەرزۆکە دادەمەزرێنن. باوەڕبوون بەوەی سرووشت ئامێرە دەبێتە پاڵنەر و ئیلهامی تێگەیشتن و لێکدانەوەیەکی لوتبەرزانە کە تەکنەلۆژیا دەتوانێت هەموو کێشەکانی مرۆڤایەتی چارەسەر بکات. بایۆلۆژیستە مۆلکولییەکان بانگەواز بۆ ئەندازەکردنێکی ژەنەتیکی بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک دەکەن لە کاتێکدا ئەوانیدیکە بانگەواز بۆ ڕێکخستن و ئەندازەگیرییەکی ژینگەیی وەک چارەسەرێک بۆ کێشەی کەش و هەوا و پیسبوونی ژینگە دەکەن. کەواتە تەواو بە پێچەوانەی ڕاستەهێڵی مێژوونووسیی ئایدیالیستیی هەراری، دەستنیشناکردنی پرۆسە سرووشتییەکان، لە مێشکی مرۆڤەوە بۆ سەرتاپای ئیکۆ-سیستەمی جیهانی، ئاڵۆزن، ناهێڵیین و لە بنەڕەتدا پێشبینیکراو نین، تەنها ئەم تێگەیشتنەش وامان لێ دەکات بە شێوەیەکی ڕاستەقینە هەنگاو بەرەو چارەسەرەکانی ئەو قەیرانە وجودییانە هەڵبێنین کە ئەمڕۆ بەرۆکی شارستانێتی و کۆی ژیانی مرۆڤی گرتووە، نەک دووبارە بەئەفسانەییکردنی قەیران و شاردنەوەی و دواجار ڕێخۆشکردن بۆ تەراتێنی زیاتری وێرانکردنی ژیان و ژیار لەسەر زەوی.

فەلسەفەی مێژووی ئایین

هەراری لە ژێستێکی باوی دووبارەدا، کە نزیکەی سەد ساڵە دەنووسرێتەوە، دەڵێت ئاراستە سیاسییە مۆدێرنەکان، بە لیبراڵیزم، ناسیۆنالیزم، کۆمۆنیزم و نازیزمەوە، تەنها «کۆمەڵە ئایینێکی یاسای سرووشتی»ن. هەروەها دەڵێت «ئەگەر ئایینێک بریتییە لە سیستەمێکی نۆرم و بەها مرۆییەکان کە لەسەر بنەمای باوەڕبوون بە نەزمێکی سەرو-مرۆیی دامەزراوە، کەواتە کۆمۆنیزمی یەکێتیی سۆڤێت هێندەی ئیسلام، ئایینە». «نەزمێکی سەرو-مرۆیی» وەک کۆمەڵە یاسایەکی نەگۆڕ و جێگیر پێناسە دەکرێت کە حوکمی کۆمەڵگا دەکات، و «بەها و نۆرمەکان»یش دواجار لەمەوە سەرچاوە دەگرن. بە پێچەوانەوە، لای هەراری، تیۆری ڕێژەگەریی ئاینشتاین ئایینێک نییە، چونکە خەڵک هیچ جۆرە نۆرم و بەهایەکی لێ هەڵناهێنجن. ماتریالیستەکانیش قبوڵیانە کە تیۆری ڕێژەگەریی ئایین نییە – بەڵکو نەک لەبەر ئەوەی هیچ جۆرە «بەها و نۆرم»ێک بوونی نەبێت لەم تیۆرەوە سەرچاوەی گرتبێت. کاتێک هەراری دەڵێت «تیۆری ڕێژەگەریی» ئایین نییە، ئەو لە ڕاستیدا دەیەوێت بڵێت «ئەم تیۆرە بەدووی لۆژیکەکەی من بۆ بابەتیی، بکەریی، نێو-بکەریی ناکەوێت». ئەمە نموونەیەکی سرووشتی ناچوونییەک و هەمەڕەنگی هۆشمەندەکانە. ئەمە لە تێگەیشتنیدا بۆ ڕووداوە سرووشتییەکان، تێگەیشتنێکی ماتریالیستییە، بەڵام کاتێک دەبێتە ئایدیالیست کە مامەڵە بە هەموو شتێکەوە دەکات پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەبێت.

blank
پۆرترێتی کارل مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) فەیلەسوفی ئەڵمانی

ڕەنگە لێرەدا پێناسەی مارکس بۆ ئایین، ڕۆشنایی تەواو بخاتە سەر سرووشت و جەوهەری ئایین:

«ئایین، ڕەنج و ئازارە، لە هەمان کاتدا، دەربڕینی ئازاری ڕاستەقینە و ناڕەزایەتییە بە ڕووی ئەو ئازار و ڕەنجە ڕاستەقینەیەدا. ئایین ئاه و ناڵەی خەڵکانی ستەملێکراوە، دڵی جیهانێکی بێدڵە و ڕۆحی جیهانێکی بێ ڕۆحە. ئایین تلیاکی گەلانە»[٤].

لای مارکسیستەکان، ئایین تەنها ئایدیۆلۆژییەکی ژێر کۆمەڵەی خۆر نییە، بەڵکو کۆمەڵە ئایدیۆلۆژییەکی تایبەتە چینە حوکمڕانەکان بە کاری دەهێنن تاکو حوکمڕانی خۆیان بەسەر زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگادا پیادە بکەن و لە ڕێگای بانەگەشکردنەوە بۆ ئایین لە لای چینەکانی خوارەوە، و ڕازیکردنی ئەو خەڵکانە بەوەی ڕۆژێک خوا پاداشتی ستەملێکراوان و سزای ستەمکاران دەدات، خۆیان لە جیهاندا لە حوکمدا بمێننەوە و خەڵکیش بەم دۆخە ڕازی بکەن.

تیۆلۆژیا فۆرمێکی لۆژیک نییە کە تەفسیری جیهان بکات؛ بەڵکو کۆمەڵە دۆگما و دەربڕین و گوتنێکە ڕاسترکردنەوەکانی ئەم یان ئەو ڕێوڕەسمە ئایینییە دیاریکراوە دەسەلمێنێت.

تێگەیشتنی هەراری ڕەفتارێکی میکانیکییە بۆ کۆمۆنیزم. چونکە دواجار ئەگەر وردببینەوە، هەراری سێرە لە نیشانەی کۆمۆنیزم دەگرێت نەک ئایدیۆلۆژیاکانی دیکە. دەڵێت کۆمۆنیزم «کۆمەڵە ئیلاهیناسێکی شارەزای لە دیالەکتیکی مارکسیستیدا هەبوو و هەر یەکەیەکی ناو سوپای یەکێتیی سۆڤێت قەشەیەکی پەیوەندیداری هەبوو پێی دەگوترا کۆمیسار، کە چاودێریی خواناسیی سەربازان و ئەفسەرانی دەکرد». ئەمە کاریکاتێرێکی پێکەنیناوییە و تێنەگەیشتن و نەشارەزایی موتڵەقی هەراری لە مارکسیزم پیشان دەدات. دیالەکتیک لۆژیکی جوڵەی ئەبەدی، گۆڕان و گەشەسەندنە. هیچ پەیوەندییەکی بە دۆگما، ڕێوڕەسم یاخود ئایینەوە نییە. لە ڕاستیدا ئیلاهیناسەکان، ئەکادیمیست و زانایانی جیهانی ئایینیین. بەڵام تیۆلۆژیا فۆرمێکی لۆژیک نییە کە تەفسیری جیهان بکات؛ بەڵکو کۆمەڵە دۆگما و دەربڕین و گوتنێکە ڕاسترکردنەوەکانی ئەم یان ئەو ڕێوڕەسمە ئایینییە دیاریکراوە دەسەلمێنێت. بە بێگومان، نوسخەی ستالینیستیی بۆ مارکسیزم، نوسخەیەکی ڕەق و نادیالەکتیکی بوو. لە بنەڕەتدا بە وردەکارییەوە بڕوانین، دژە-مارکسیستیش بوو. و دوای مەرگی لینین، کۆمیسارەکانی سۆڤێت زیاتر گرنگییان بە کۆنتڕۆڵکردن و چاودێریکردنی خەڵک و دانیشتوان دەدا نەک بەرگریکردن و فراوانکردنی شۆڕش. بەڵام یەکسانکردنی کۆمیسارەکان بە گشتی بە «قەشەکان»، هیچ شتێک ڕوون ناکاتەوە، سرووشتی ستالینیزم و نەزمە بیرۆکراسی و دژە-کرێکارییەکەی دەستنیشان ناکات، بەڵکو تەنها یەک شت ڕوون دەکاتەوە: تەمەڵیی ڕووتی بیرکردنەوە کە توانای ئەوەی نییە قوڵ ڕۆبچێتە ناو کێشەکانەوە. مێژوونووس و ڕۆشنبیرانی مارکسیست ملیۆن جار لە هەراری، ڕادیکاڵتریش، سرووشتی ستالینیزمیان دەستنیشان کردووە.

فەلسەفەی هیچ نەکردن و ئامۆژگارییکردنی خەڵکانی خوارەوە، کە قوربانی هەموو کارەساتە چاوەڕوانکراوەکانن نەک مۆڵتی ملیاردێرەکان، فەلسەفەیەکی دێرینی سەدەی هەژدە و نۆزدەیە لە بڵاوکردنەوەی ڕەشبینیدا لەناو چینە چەوساوە و هەژار

فەلسەفەی مێژووی ژیانی ناچالاک

هەراری کە بەوە ناسراوە دوو سەعاتی ڕۆژی خۆی تەرخان دەکات پراکتیکی ڕامانی ڤیپاسانا بکات کە پراکتیکێکی بوداییە و لەم ڕووەوە نوسخەی خۆی بۆ فێرکاریی بنچینەیی بودا بەدەستەوە دەدات و لە کتێبی بیست و یەک وانە بۆ سەدەی بیستویەکدا دەنووسێت «ژیان هیچ مانایەکی نییە و، خەڵک پێویستیان بەوە نییە هیچ مانایەکی بۆ دروست بکەن». لە وەڵامی ئەو پرسیارەی دەبێت خەڵک چی بکەن، هەراری بۆچوونی خۆی بۆ وەڵامی بودا پوخت دەکاتەوە: «هیچ مەکەن. بە ڕەهایی هیچ». ئەمڕۆ مرۆڤایەتی کەوتووەتە بەردەم هەڕەشەیەکی زۆر گەورەوە، لە تێکچوونی ژینگەوە بگرە تا دەگاتە پێکدادانی جەنگە گەورەکان و سەرهەڵدانەوەی ڕابەرە فاشیستییە گەورەکان لە دۆناڵد ترەمپەوە تا ئەردۆغان و. هەموو ئەو کارەساتانەی چاوەڕوانی مرۆڤایەتی دەکەن، پێویستیان بە چالاکبوون و ڕاوەستانەوە و بەرگری و بەرەنگاریی هەیە نەک هیچ نەکردن. فەلسەفەی هیچ نەکردن و ئامۆژگارییکردنی خەڵکانی خوارەوە، کە قوربانی هەموو کارەساتە چاوەڕوانکراوەکانن نەک مۆڵتی ملیاردێرەکان، فەلسەفەیەکی دێرینی سەدەی هەژدە و نۆزدەیە لە بڵاوکردنەوەی ڕەشبینیدا لەناو چینە چەوساوە و هەژار و لە ڕاستیدا قوربانییە هێزەکییەکانی داهاتوودا. نیۆلیبراڵیزم هەموو ڕۆژێک هانی خەڵک دەدات هیچ نەکات، جوڵە و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی وەک فەلسەفەی توندوتیژی و تیرۆر پێناسە دەکات و هەر جوڵەیەکی لەو شێوەیەش ڕووبەڕووی یاسای تیرۆر و دژە بەرژەوەندییە گشتییەکان دەکاتەوە، و لەم ڕێگایەوە خەڵک فێر دەکات هیچ نەکەن.

ئەو پێشنیارەی دەڵێت «خەڵک پێویست ناکات هیچ مانایەک بخوڵقێنن»، لە بنەڕەتدا دژی غەریزەی ناوەکیی جۆری مرۆڤە بە درێژایی ملیۆنان ساڵ. مەعریفە و توانای زانینی مرۆیی پاڵمان پێوەدەنێن مانا بە جیهان ببەخشین

ئەو دەستەواژەیەی دەڵێت «ژیان هیچ مانایەکی نییە»، زۆر زیاتر لە ئۆنتۆلۆژیای کورتکردنەوەخوازی مۆدێرنی ستیڤن ڤاینبێرگی فیزیازان دەچێت تا لە ڕوانگەی بودا خۆی. ئەو پێشنیارەی دەڵێت «خەڵک پێویست ناکات هیچ مانایەک بخوڵقێنن»، لە بنەڕەتدا دژی غەریزەی ناوەکیی جۆری مرۆڤە بە درێژایی ملیۆنان ساڵ. مەعریفە و توانای زانینی مرۆیی پاڵمان پێوەدەنێن مانا بە جیهان ببەخشین، بە پرۆسەیەک کە لە جەوهەردا لە لە لایەن کولتوورێکەوە دروستبووە کە کەسانێک هاتوونەتە ناویەوە. مانابەخشین ئەمڕۆ بە ژیان خۆی لە فراوانکردنی فۆرمەکانی هاریکاری و پشتیوانی و هاوپشتیدا دۆزیوەتەوە. ملیۆنان مرۆڤ لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا لە پاڵ یەکدا وەستان و مانایان بە ژیانی خۆیان و ئەوانەش بەخشی کە لەژێر هەڕەشەی مەرگ و نەماندا بوون و پارێزگاریکردن لەو گروپە مرۆییانەی هەڕەشەی یەکەمی ڤایرۆسەکەیان لەسەر بوو: بەساڵاچوان، نەخۆشان، و هتد و کۆکردنەوەی کۆمەکە خۆراکی و داراییەکان بۆ وڵاتانی هەژار لە لایەن خەڵکانی خوارەوەی کۆمەڵگا و ڕزگارکردنی پەنابەران لە دەریاکانی مەدیترانە لە لایەن لاوانی خۆبەخشەوە، هەوڵدان بوو بۆ لەپاڵ یەک وەستان و مانابەخشین بە ژیانی ئەوانیدیکەش. بۆ نموونە خانمە نووسەر و چالاکوانی لاوی ئەڵمانی، کارۆلا ڕاکێتە، کە کۆمەکێکی دارایی گەورە لە خەڵکی خوارەوەی کۆمەڵگا کۆدەکاتەوە و خۆی و دەیان کاپتنی خۆبەخشی هاوفیکری خۆی، دەچنە دەریاکانی مەدیترانە و پەنابەران و کۆچبەران لە مەرگ و خنکان ڕزگار دەکەن و دەیانهێننە وڵاتانی ئەوروپا، لە چاوپێکەوتنێکدا، دوای ئازادبوونی لە زیندانەکانی ئیتاڵیا، دەڵێت: «من بە ئەڵمانی لە دایکبووم و پاسپۆرتەکەم بەهای گەشتی وڵاتان و ژیانم ئەمینە، دەمەوێت ئەمە لەگەڵ ئەو خەڵکانەشدا بەش بکەم کە دەیانەوێت بگەن بە ژیانێکی ئەمین و شایستە». لێرەوەیە دەتوانین بڵێین چۆن «بەرپرسیارێتیی مرۆیی و مانای ژیان» سەر هەڵدەدات، بە پێچەوانەی ئامۆژگاریی هەرارییەوە کە دەبوو لێبگەڕێین کۆچبەران لە دەریاکاندا بخنکێن و ئێمەش دانیشین و بەرانبەریان دوو سەعات یۆگا بکەین و بڵێین «ژیان هیچ مانایەکی نییە» و پێویست بە دروستکردنی ماناش ناکات.

بە پێچەوانەوە دروشمی «با شتێک بکەین» بووتە دروشمێکی هاوبەشی چالاکوانان و کۆی لاوان و خەڵکانی جیهان کە ڕووبەڕووی تێکچوونی ژینگە و کەش و هەوا و دژی جەنگ بوونەتەوە و داوای کردنەوەی سنوورەکان بە ڕووی هەموو مرۆڤایەتیدا دەکەن و دەیانەوێت دژی سەرمایەداریی هاری نیۆلیبراڵی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو بجەنگن.

فەلسەفەی مێژووی سەرمایەداری

سەرهەڵدانی سەرمایەداری بە بێگومان یەکێکە لە خاڵە هەرە بنچینەییەکانی گۆڕانکاری لە مێژووی مرۆڤدا، بۆیە هەراری لە کتێبەکەیدا، هۆشمەندەکان دەستوپەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکات. هەراری نموونەیەکی سەرنجڕاکێشی «حیکایەتی بنەڕەتی» سەرمایەداری بەدەستەوە دەدات، کە لای هەموو مێژوونووسانی بۆرژوازی و لیبراڵ هاوبەشە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆ سەرمایەداری سەری هەڵدا، هەراری دەنووسێت:

«بە درێژایی دوایین ٥٠٠ ساڵ، ئایدیای پێشکەوتن خەڵکی ڕازیکردووە متمانەی زیاتر و زیاتر بە داهاتوو بکەن. ئەم متمانەیە کرێدیتی دروستکرد؛ کرێدیت گەشەی ڕاستەقینەی ئابووری هێنا و گەشەسەندنیش متمانەی بە داهاتوو بەهێزتر کرد و ڕێگای بۆ کرێدیتی زیاتر کردەوە». و پێمان دەگوترێت لە ١٧٧٦: «[ئادەم سمیس] ئەم ئەرگومێنتە تازەیەی داڕشت: کاتێک خاوەن زەوییەک، جۆڵا یان پێڵاودوورێک قازانجی زۆرتر و گەورەتری لەوە هەیە کە بۆ هێشتنەوەی خێزانەکەی پێویستیەتی، ئەوا ئەم زیادەیە بۆ دامەزراندنی هاوکاران و یاریدەدەرانی زیاتر بە کار دەهێنێت، تا قازانجی خۆی زیاتر هەڵبکشێنێت. چەندە زیاتر قازانجی هەبێت، هێندە زیاتر دەتوانێت یاریدەدەران دابمەزرێنێت. ئەمەش دەڵێت کە هەڵکشانی قازانجی سەرمایەگوزارییە تایبەتەکان بناغەیە بۆ هەڵکشانی سامانی هاوبەش و کۆیی و خۆشگوزەرانیی گشتی».

blank
ئادەم سمیس (١٧٢٣-١٧٩٠) فەیلەسوف و ئابووریناسی سکۆتلاندی

ئەم ئەرگومێنتەی هەراری وەک گوتمان، ئەرگومێنتی سەرجەمی مێژوونووسانی بۆرژوازی و لیبراڵە بۆ مێژووی سەرهەڵدانی سەرمایەداری، دەیەوێت سەرمایەداری وەک تاکە سیستەمی ڕاستەقینە پیشان بدات کە هەموو مرۆڤایەتی بە دڵ و گیان قبوڵیەتی و متمانەی پێیەتی و سیستەمەکەش دادپەروەرانەترین سیستەمە، چونکە دەتوانێت چەندە قازانجی زیاد هەبێت هێندەش خۆشگوزەرانی و سامانی هاوبەشی مرۆڤایەتی هەڵبکشێت. ئەم تێگەیشتنە بۆ سەرمایەداری جگە لەوەی هەموو ئەو جەنگە کۆڵۆنیالی و تاڵانکارییانە و ڕووتاندنەوەی وڵاتانی ئەفریقا و جیهانی سێیەم فەرامۆش دەکات، هاوکات قوربانیدان و خوێنی ملیۆنان مرۆڤی دەرکراو و بێبەشکراو بە هۆی پرۆسەی بە سەرمایەدارییکردنەوە لە بیر دەکات و هەروا بە سانایی سیستەمی سەرمایەداریی دەکاتە متمانەپێکراوترین و ئاشتیخوازترین و یەکسانیخوازترین سیستەم لە مێژووی مرۆییدا. کەواتە هەراری دەیەوێت بڵێت جگە لە سەرمایەداری، ئابووری لە کۆی ملیۆنان مێژووی مرۆڤدا یان بوونی نەبووە، یاخود وەستاو بووە. دواجار ئایدیای «متمانەبوون بە دهاتوو» – واتا کرێدیت – بە هۆی ئەم «ئایدیا مەزنەوە» دەرکەوت و بەهێز بوو. ئادەم سمیس بە پێشنیارە شۆڕشگێڕییەکەیەوە کە ئەو قازانجانەی لە بەرهەمهێناندا بەگەڕدەخرێن ئاشتەوایی و یەکسانی دەهێنن، ئایدیایەکی کۆی مێژوونووسانی لیبراڵە.

ئەگەر بەگەڕخستنی قازانجی زیاتر لە بەرهەمهێناندا تاکە بژاردەی یەکسانی، خۆشگوزەرانی و ئاشتەوایی گشتییە، کەواتە با بپرسین بۆچی چینی سەرمایەداری هاوچەرخ لەسەر ملیاران ملیار دۆلاری سامانی بەگەڕنەخراو و توانای بەکارنەهێنراو دانیشتووە و دابەشی ناکات تا ئەو خۆشگوزەرانی و سامانە هاوبەشە گشتییەی هەراری باسی دەکات لە سەرمایەداریدا بەدیبێت؟ بۆچی سەدان ملیۆن خەڵک تەنانەت پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانیشیان نییە و دەشبێت هاوکات متمانە بە هەڵکشانی قازانجی سەرمایەدار بکەن تا ڕۆژێک لە ڕۆژان پشکی خێری ئەم قازانجەیان پێبگات؟ بەگەڕخستنی قازانج لە بەرهەمهێناندا یەک ئامانجی هەیە نەک زیاتر: هەڵکشاندنی زیاتری قازانج نەک دابەشکردنی هاوسەنگ و یەکسانی قازانج. ئەمەش مێژوو بە تەواویی سەلماندوویەتی و ئابووریناسێکی لیبراڵی وەک تۆماس پێکیتی، کە ناوبانگێکی جیهانی بەدەستهێناوە، لە کتێبەکەیدا بەناوی «سەرمایە لە سەدەی بیست و یەکدا» بە تەواویی ئەمەی پشتڕاست کردۆتەوە[٥].

فەلسەفەی مێژووی نیۆلیبرال: هیچ ئەڵتەرناتیڤێک بوونی نییە

کاتێک مارگارێت تاتچە و ڕۆناڵد ڕەیگان لە سەرەتای دەیەی ١٩٨٠دا ڕێبازی بازاڕی ئازاد و، کۆمپانیای فرەنەتەوەی ناڕێساکراوی نیۆلیبرالیزمیان بەسەر جیهاندا سەپاند، تاتچەر بە شێوەیەکی بەناوبانگ، دروشمە ناسراوەکەی خۆی بە کار هێنا «هیچ ئەڵتەرناتیڤێک بوونی نییە» و دەیویست بڵێت هەردوو ئایدیۆلۆژییە گەورەکەی سەدەی بیست – فاشیزم و کۆمۆنیزم – شکستیان هێناوە، ئەمەش وایکرد تاتچەر بڵێت سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد و نیۆلیبراڵ تەنها بژاردە و ئەڵتەرناتیڤی مانابەخشە. بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر، سێ دەیە دوای دروشمە بەناوبانگەکەی تاتچەر، هەراری نوسخە کاریکاتێرەکەی تاتچەر بۆ مێژوو دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت چۆن دوای کەوتنی کۆمۆنیزم، تەنها «حیکایەتی لیبراڵ مایەوە». قەیرانی هەنوکەیی، وەک هەراری دەیبینێت، بریتییە لەوەی «لیبرالیزم هیچ وەڵامێکی ئاشکراوی بۆ ئەو کێشە گەورانە پێ نییە کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبینەوە». ئێستا پێویستمان بەوەیە «حیکایەتێکی تەواو تازە بخوڵقێنین»، ئەمەش وەک وەڵام بەرانبەر بە قەیرانەکان. دوای کەوتنی کۆمۆنیزم و لەپێشدا زاڵبوونی بازاڕی ئازاد، لایەنگرانی لیبراڵ دیموکراسی – لەوانە فرانسیس فوکۆیاما – دەیانگوت ئەمە کۆتایی مێژووە و هیچ ڕۆژێک قەیران و ناڕەزایەتی بەرۆکی نەزمی لیبرڵ ناگرێت، هەشت ساڵ دوای کەوتنی کۆمۆنیزم، لە سیاتڵ لە ١٩٩٩دا لەناو جەرگەی لیبرال-دیموکراسیی ئەمریکا، یەکەم بزووتنەوەی گەورەی جیهانیی دژە-سەرمایەداری سەری هەڵدا تا دەگاتە ڕۆژی ئەمڕۆمان کە ڕەنگدانەوەی لە بزووتنەوەی دژە-گروپی ٢٠، لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا لە ٢٠١٧دا کە بە گەورەترین بزووتنەوەی دژە-سەرمایەداریی لە سەد ساڵی ڕابردوودا ناسرا و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. کەواتە تەنها «حیکایەتی لیبراڵ» نەمایەوە، حیکایەتی دژەلیبرڵیش سەری هەڵدایەوە.

پێدەچێت توانای مەعریفی و زانیاریی مێژوویی هەراری زۆر سنووردار بێت بەوەدا کە تەنانەت ئاسەواری هیچ یەکێک لە بۆچوون و تیۆر و تێزە بەناوبانگ و کاریگەرە جیهانییەکانی ٣٠ ساڵی ڕابردوو یان نابینرێن یاخود بە ئاسانی بەسەریاندا تێپەڕ دەبێت و لە بەرانبەردا سادەترین شیکاریی بۆ قورسترین و قوڵترین ڕووداوەکان پێشکەش دەکات، کە جگە لە میدیای لیبراڵ، هیچ شوێنێکی دیکە وەریناگرێت. تەنانەت وا پێدەچێت ئاگای لە هیچ یەکێک لە بناغە تازەکانی تیۆرە ئابوورییە تازەکانی بیرمەندانی پێشەنگی وەک کەت ڕاورۆس نەبێت، کە ئەمڕۆ لە ئاستی فراواندا لە دونیا مشتومڕیان لەسەر دەکرێت.

پەراوێز و سەرچاوەکان

  1. https://www.haaretz.com/us-news/MAGAZINE-how-yuval-noah-harari-became-the-pet-ideologist-of-the-liberal-elites-1.6673776?fbclid=IwAR1_KMkC2pUm0ajgDNhKV74balRSnJbr1i-Ez8eH5GrRK7fCcMxBdv9jv1E
  2. https://www.jeremylent.com/is-nature-a-machine.html
  3. https://www.theguardian.com/books/2018/feb/02/strange-order-of-things-antonio-damasio-review
  4. کاڕڵ مارکس: بەشدارییکردن لە ڕەخنەی فەلسەفەی مافی هێگل، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، ناوەندی هزریی شەهید ئارام، سلێمانیی، ٢٠١٦.
  5. تۆماس پیکیتی: سەرمایە لە سەدەی بیستویەکدا، وەرگێڕانی بیلال محەمەد ئیسماعیل، ناوەندی ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، سلێمانیی، ٢٠١٧.

هەردوو کتێبەکەی هەراری، هۆشمەندەکان و ٢١ وانە، بەشێوەی فۆرماتی کیندڵ خوێنراونەتەوە بۆیە ژمارەی لاپەڕەکان دیارینەکراون:

Yuval Noah Harari, Sapiens: A Brief History of Humankind, Harper; Illustrated edition, 2015.

Yuval Noah Harari, 21 Lessons for the 21st Century, Random House; Reprint edition, 2019.