ڕۆشنبیر، شۆڕش و دەسەڵاتی سایبەرنیتیک
گفتوگۆ لەگەڵ "ئێدگار مۆران"دا
فەهمی: بەڕێز مۆران، ئێوە بە کۆتا بیریار و فەیلەسوفی سەدەی بیستەم دادەنرێن کە لە ژیاندا مابێتن! لێنەبڕاوانە و بە بەردەوامیش لە جەنگی هزر و زانیندان. داخۆ لە کۆنتێکستە میدیاییەکەیدا، چۆن دەڕواننە ڕۆڵی ڕۆشنبیری هاوچەرخ بۆ یەکخستنی پێودانگەکانی هزر و بیرکردنەوە؟
مۆران: گومانی تێدا نییە کە دەبێت خەبات بکەین بۆ یەکخستنەوەی پێودانگەکانی هزر و بیرکردنەوە. من پێم وایە ڕۆشنبیر سەرباری چالاکییەکانی وەک نووسەر، فەیلەسوف یان ئەدیب، کارەکانی هەمووی بە ئاڕاستەی خەڵک و بۆ ڕای گشتین، ڕێک وەک ئەوەی کە نیچە دەیڵێت: بۆ هەمووانە و بۆ هیچ کەسێکیش نییە. ئامانجی ڕۆشنبیر چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەیە کە وا دیارە جەوهەری و سەراپاگیرن و پەیوەستن بە چارەنووسی مرۆڤایەتییەوە، بە سیاسەت و دادپەروەرییەوە، بە یاسا و بەرگریکردن لە بێگەردی و خاوێنیی مرۆڤەوە. هەر بۆیە دەبینیت کە ڕۆشنبیر ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە جیهانێکی زۆر تایبەتمەندتردا کە تیایدا جۆرە یەکخستنێکی هەموو پێودانگەکان دەبینرێن، ئەگەرچی بە داخەوە کەمتر گوێی لێ دەگیرێت. لێ جاروباریش بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەڵدەکەوێت کە پەیامی ڕۆشنبیر پرشنگ دەداتەوە، پزیسک دەسەنێت و پەخش دەبێتەوە، ڕێک وەک ئەوەی لەو دواییانەی فەرەنسادا لەگەڵ (ستێفان هیسێل)دا بینیمان کاتێک لە دەزگایەکی پەخشی بچووک کتێبێکی ٢٠ لاپەڕەیی بە ناونیشانی ((نکۆڵی بکەن!)) بڵاو کردەوە، کتێبێک کە دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو و ملیۆنێکی لێ فرۆشرا.
فەهمی: دەمەوێت بزانم کە چۆن سەردەمی تێکنۆلۆژیا و سایبەرنیتیک دەبنە مایەی شۆڕش لە جیهاندا و دەیگۆڕن، لە کاتێکدا ئێوە باس لە چاکسازی و ڕیفۆرم دەکەن: ڕیفۆرمی هزر؟
مۆران: بۆچی ڕیفۆرمکردنی هزر؟ چونکە زۆر پێویستمان بە ڕیفۆرمکردنی خودی زانین خۆیەتی. زانین لەمڕۆدا پەش و بەربڵاوە، تەواو لێکهەڵوەشاوە و لێک جوێ بۆتەوە، بەو مانایەی کە ئێمە بە چەند لقێکی زانین پەروەردە و ئاڕاستە دەکرێین کە هیچ پەیوەندی و کۆمۆنیکاسیۆنێک لەنێوانیاندا نییە، لە کاتێکدا کە بە ڕاستی لە خودی جیهان خۆی دەڕوانین، پۆلێن نەکراوە بۆ لق، کاتیگۆری و پۆلی جیاجیا وەک ئەوەی کە لە زانکۆدا هەیە بۆ نموونە. لە جیهاندا، شتەکان پێکڕا هەموویان لە پەیوەندی، کارلێک و هەماهەنگیدان بە یەکترییەوە، هەر بۆیە ڕیفۆرمکردنی زانین و چاکسازیکردن تێیدا واتە توانای تێگەیشتن لە پەیوەندییەکان و پێکەوەبەستەرەکان، پێکەوەبەستەرەکانیش ئەو شتانەن کە من پێیان دەڵێم کۆچنی پێکهێنەرانە. بۆیە من ڕام وایە کە پێویستمان بە هزرێکە پێکهێنەرانە و پێکەوەبەستەرانە، چونکە تەنها ئەوە دەتوانێت ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی ئەم سەردەمەمان ببێتەوە کە تەواو گشتگیر و جەوهەرین، بۆ نموونە جیهانگیریی (گڵۆبالیزم). هەموومان دەیبینین کە جۆرە ئاوێتەبوون و کارلێکردنێکی نزیک هەیە لەنێوان دیاردە سیاسی و دیمۆگرافی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئایینییەکاندا، ئەمە جگە لەوەی کە ناتوانین دانایی و زانینی شارەزا و پسپۆڕەکان هەر هەموویان، بخەینە پاڵ یەکتری، بەڵکو دەبێت زانینێکمان هەبێت کۆکەرەوە و پێکەوەبەستەری کۆی ئەو کایانە بێت، ئەمەیش خۆی جۆرە بەرەنگارییەکە کە هەر وا ئاسان نییە.
ڕەخنەم لە شۆڕش گرتووە بەو مانا گشتگیرەی کە هەڵدەستێت بە سڕینەوەیەکی تەواوی ڕابردوو، کە جیهانێکی نوێ دروست دەکات و ئامرازی توندوتیژ و خوێنین بە کار دەهێنێت.
فەهمی: لە ئێستادا هەموو ئامرازەکانی ڕاگەیاندن باسی شۆڕشێکی عەرەبی دەکەن، شۆڕشێکی ئیسلامی لە تونس و میسر. لە دوای شۆڕشی 1968ەوە کە هەڵاوێردی هزری و ڕۆشنبیران هەڵیان گیرساند، کەس ناوێرێت باس لە شۆڕش بکات. ئێوە چۆن دەڕواننە پەرەسەندنی چەمکی شۆڕش، بە تایبەتی کە میللەتانی عەرەب بەدەر لە سەرکردە و هەڵاوێردەکانیان خەبات دەکەن و هاتوونەتە سەر شەقام؟ ئایا ئەمە بەتەنها تایبەتمەندێتی وڵاتانی باشوورە؟
مۆران: سەرەتا دەبێت ئەو تەمومژە بڕەوێنینەوە کە لەسەر وشەی شۆڕش هەیە. من خۆم ڕەخنەم لە شۆڕش گرتووە بەو مانا گشتگیرەی کە هەڵدەستێت بە سڕینەوەیەکی تەواوی ڕابردوو، کە جیهانێکی نوێ دروست دەکات و ئامرازی توندوتیژ و خوێنین بە کار دەهێنێت. ئەوەی کە لە چوارچێوەی تونس و میسردا ڕوویدا بوونی کۆمەڵێک بزووتنەوەیە کە مۆرکێکی شۆڕشگێڕانەیان هەیە لێ لە چوارچێوەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییدا. واتا، ڕژێمێکی کۆن لەناو دەچێت، بەڵام نازانین ئەو ڕژێم و سیستمە تازەیەی کە دێتە ئارا و دروست دەبێت، چۆنە. بەڵام وەک ئێوەیش تێبینیتان کردووە، ئەم شۆڕشە لە بنەڕەتدا ئاشتییانەیە. ئەوەی کە لە وڵاتانی عەرەبیدا وەک ڕووداوی گرنگ ڕوودەدات تەنها لەو ڕوانگەیەوە بەهادارە کە هەمیشە ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراوە. ئێمە بینیمان گەنجێک لە شارێکی چەپەک و دوورەدەستی تونس خۆی سووتاند، کەچی لەپڕ ناڕەزاییەکان و لێکەوتەی کردارەکەی ئەو، کڵپەیان سەند و کاتێک ئاوڕماندایەوە گەیشتە یەمەن. ئێمە بینیمان کە خواستێک بۆ ئازادی و برایەتی هەیە، کاردانەوەیەک لە ئارادایە دژ بە گەندەڵی و دەوڵەمەندییەکی چەپەڵانە. دەمەوێت بڵێم ئەمە شۆڕشێکە لە هەمان ئەو پرەنسیپانەوە سەرچاوەی گرتووە کە بوونە مایەی سەرهەڵدانی مافەکانی مرۆڤ و شکاندنی زیندانی باستیل لە ساڵی ١٧٨٩دا. بەڵام ئەوەی کە سەری هەڵدا هەر زوو خنکێنرا و دەستخرایە بینی، تا بینیمان لە سەدەی نۆزدەیەمدا سەری هەڵدایەوە و بووینە خاوەن سیستمی کۆماری. مەبەستم لەوەیە کە ئەوەی لە ساڵی ١٧٨٩دا ڕوویدا، سەرباری ئەوەی کە هەن لێرە و لەوێ دەڵێن نەماوە و بزربووە، بووە سرووش و بناغەیەک بۆ ئایندەی ئێمە. من پێم وایە ئەوەی کە لە تونسیش ڕوویدا، ئەگەری زۆرە کە پێچەوانە و قڵپ ببێتەوە، زۆر بۆی هەیە لە ڕێڕەوەکەی خۆی لابدات، دەشێت بخنکێنرێت و لە یادبچێتەوە، لێ ڕۆشناییەکە دەدرەوشێتەوە، وانەیەکیشە. زۆر لە ئێمە لە ئەوروپا ڕایان وایە کە لە جیهانی عەرەبیدا هیچ ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەیەک بۆ سیستمێکی دیکتاتۆری، پۆلیسیی سەربازی، یا تیۆکراسیی ئایینی، لەئارادا نییە و وای دەبینن کە کۆی ئەم جوڵانەوانە زادەی کۆمەڵێک گەنجن کە خولیا و تامەزرۆی ئازادین و بەس. هەموو ئەم جۆرە بۆچوونانە ئەو ڕووداوانەی ساڵی ١٩٨٩ی چینم بیردەخەنەوە کە زۆربەی ئەوانەی قسەیان لەسەر دەکرد ڕایان وا بوو کە چین هیچ نییە جگە لە مێشوولەیەکی شین کە دەخوازێت کتێبی سوور ژێرەوژوور بکات. ئەوە بوو دەرەنجام سەرکوتکردنی هەموو ئەو گەنج و لاوانەمان بینی کە داوای ئازادییان دەکرد. کەواتە چینییەکانیش، سەرباری جیاوازییان لە ئێمە، هەر وەک ئێمە وان و ئێمەیش وەک ئەوانین. هەر بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە کە داخۆ ئەمە چ وانەیەکمان فێر دەکات؟
بەو دواییانە لە دیدارێکدا بووم لە پاریس کە لەگەڵ چەندین تونسی، فەرەنسی، لوبنانی و تەنانەت ئەلیاس سەنبەری باڵیۆزی فەڵەستینیش لە یونسکۆ، کۆبوومەوە و لە بەردەم جەماوەرێکی فەرەنسی پاریسیدا وتم: ئێمەیش وەک عەرەبین، عەرەبیش وەک ئێمەن. ئەوە بوو جەماوەرەکە کردیان بە چەپڵەڕێزان. مەبەستەکەی من لەوە بوو کە چەندە لە ڕووی کولتوورییشەوە جیاواز بین، دواجار ئەوانیش لە ئێمە دەچن و ئێمەیش لە ئەوان، دەیشبێت پارێزگاری لەو جیاوازبوونەی خۆمان لە یەکتری بکەین. تۆ بنواڕە: هەردوو لامان هەمان خولیا و هەمان یەکێتیمان هەیە، هەر بۆیە پێموایە کە ئەمە خاڵێکی زۆر پۆزەتیڤ و گرنگە بۆ دەرچوونمان لە وەهمێک کە خەڵکانێک زۆر زیرەکانە قۆستویانەتەوە و تەنها و تەنها خزمەت بەو سیستمە دیکتاتۆرییە گەندەڵانە دەکات. باوەڕیشم وایە ئەوەی کە ڕوویدا، پەیامێکە خاوەن مۆرکێکی جیهانی و گەردوونیی کە لە هەموو لایەکەوە دەبیسترێت.
فەهمی: پاش یانزەی سێپیەمبەر و دەستوەردانی سەربازییانەی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، تووشی شۆک بووین بە وێنەیەکی تری خۆرئاوا، خۆرئاوایەک کە دەگەڕێتەوە بۆ جەنگە پیرۆز، ئایینی و خاچپەرستییەکانی! ئەمەیش وای کرد کە سەرلەنوێ ئیسلام ڕەوایەتی پێبدرێتەوە کە بە دیوێکی تردا، لێدانی جەزرەبە و گورزێکی کوشندە بوو لە هێزە پێشکەوتنخوازەکان. ئایا پاش دەسەڵاتگرتنە دەستی تەواوی هێزە کۆنەپارێز و کۆنزەرڤاتیڤەکان لە جیهاندا، چۆن دەڕواننە سێکیولاریزمی خۆرئاوایی؟
مۆران: دەستێوەردانی ئەمریکی لە جەنگی دووەمدا دژ بە عێراق بە ناوی سەپاندنی دیموکراسییەوە، بەتەنها پڕوپاگەندە و بانگەشەیەکی وەهمی بوو، چونکە دیموکراسی بە زەبر و توندوتیژی ناسەپێنرێت، بە تایبەتی ئەوەی کە سەپێنرا نیمچە هەڵتەکاندن و لە ڕیشەهەڵکێشانی وڵاتێک بوو. تونس نموونەیەکی زۆر قەشەنگی ئەوەیە کە ویست و خواست بۆ ئازادی و دیموکراسی لە قوڵایی وڵاتەکە خۆیەوە هەڵقوڵا، نەوەک دەرەنجامی دەستێوەردانێکی دەرەکی بێت. وەک سەرۆکی پێشوویش (حوسنی موبارەک) وتی، ئەوەی کە جەمبوون و کۆبوونەوەی خەڵکی لە مەیدانی تەحریری میسر هێناوەتە ئارا، دەستێوەردانی دەرەکی نییە. کەواتە ئەمە خاسیەت و تایبەتمەندێتی بزووتنەوە خۆڕسک و خۆوەکییەکانە کە لەپڕێکدا دروست دەبن، ئاشتیخوازانەن، قەشەنگن و دۆستانە کە دەکرێت بە پرشنگدارترین چرکەساتەکانی مێژوویان دابنێین، بەڵام کاتیان دەوێت تا باشتر ئۆرگانایز و ڕێکبخرێن! ئەوەی کە لە تونس و میسر ڕوویدا و بینیمان، دوورخستنەوە و لاوازکردن و دواجاریش وێرانکردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنە دیموکراسییەکان بوو، ئێ ئەمەیش وایان لێدەکات ناچاربن خۆیان بونیادبنێنەوە. کەواتە هەڵچوون و خۆوەکیببونەکە هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام لە ڕەوتێکدا کە بریتییە لە سەرلەنوێ خۆبونیادنانەوە. بێگومان ڕوویشدەدات کە هەندێک جار لادان، پاشەکشە و گەڕانەوە بۆ دواوە ببینین، بەڵام ئەوەی کە ڕوویدا، ڕوویدا، ئێستا دەبێتە لە ئایندە بڕوانین.
گرنگترین بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەلای منەوە دیموکراتیزەکردنی کولتوورە،
فەهمی: دوا پرسیار، ئایا ئینتەرنێت بە کار دەهێنن؟ ئەی پەیوەندیتان لەگەڵ ئەو تێکنۆلۆژییە نوێیە چۆنە؟
مۆران: من ئینتەرنێت تەنها بۆ ناردنی ئیمەیڵ و نامەی ئەلێکترۆنی بە کار ناهێنم، بەڵکو وەک هۆکارێکیش بۆ دەستخستنی زانیاری و بەدواداچوونی هەواڵەکان. لێ ئینتەرنێتیش وەک زمان وایە، زیاد لە ڕوویەکی هەیە و دەتوانیت بە زیاد لە شێوەیەک بە کاری بهێنیت. وەک چۆن شاعیرەکان بۆ نووسین بە کاری دەهێنن، ئاوهایش مافیاکان و تاوانکارەکانیش بە کاری دەبەن. گرنگترین بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەلای منەوە دیموکراتیزەکردنی کولتوورە، مەبەستم لەوەیەکە ئێمە بۆ نموونە لە ڕێی ئینتەرنێتەوەیە کە دەتوانین موزیک، گۆرانی و دەقە ئەدەبی و شیعرییەکان دابگرین، بەڵام ئینتەرنێت هێزێکی ئازادیخوازانەی مەزنیشی هەیە کە خزمەت بە هەندێک جوڵانەوە و بزووتنەوە دەکات، بۆ نموونە لە ئێران و چین و تونس و میسر ئامرازێکی باشی پەیوەندیگرتن و کۆمۆنیکاسیۆن بوو کە وای کرد لاوان و جەماوەر دەمودەست بکەونە جوڵە و بێنە سەر شەقامەکان. نموونەیەکی تر مەسەلەی ویکیلیکسە کە پەردەهەڵماڵینە لەسەر چەندین مەلەفی نهێنی گرنگ و هەستیار کە تیایدا هەم هەندێک شتمان بۆ دەردەکەون، هەم شتگەلێکیشمان لێ ون دەبن. بەڵام لە هەمووی گرنگتر بوونی جەنگێکی جیهانییە لەنێوان هێزگەلێکدا کە خواستی زانینە و نێوانی کۆمەڵێک سیستم و بانک کە هەموو شتێک دەکەن تەنها بە ئامانجی خنکاندنمان و بەکارهێنانی خودی ئامرازی ئینتەرنێت بۆ دیلکردن و لە قاڵبدانی هەر دەستپێشخەریەک کە بۆ زانین هەبێت.
لە ئێستادا مۆرکە ئازادیخوازانەکەی ئینتەرنێت زۆر زۆر گرنگتر و بە بایەخترە لەو دیاردە نێگەتڤ و نەرێنیانەی کە باسمکردن. بیریشت نەچێت – وابزانم خۆیشت دەیزانیت – ئازادی ڕەها وەک ئەوەی کە هیگڵ باسی دەکات، هاوتا و یەکسانە بە تاوانکاری! من ڕاموایە ئەو ئازادییە کە لە ئێستادا پەسەندە، بریتییە لە زانین، لە بەرەنگاربوونەوە، لە یاخیبوون و ململانێ دژی ستەمکاری.