ئاوفبروخ

و. لە ئەڵمانییەوە و شیکاریی: پێشڕەو محەمەد

فەرمانم کرد ئەسپەکەم لە تەویلەکەوە بۆ بهێنن. خزمەتکارەکە لێم تێنەگەیشت. خۆم چوومە تەویلەکەوە، ئەسپەکەمم زین کرد و سواری بووم. لە دوورەوە دەنگی کەڕەنایەکم بیست، و لە خزمەتکارەکەمم پرسی مانای ئەمە چییە. ئەو هیچی نەدەزانی و هیچیشی نەبیستبوو. لە بەردەم دەروازەکەدا وەستا و پرسی: «سەروەر بەرەو کوێ دەئاژوێت؟» گوتم: «نازانم، تەنها شوێنێک دوور لێرە، تەنها لێرە دوور، هیچی دی نا، زۆر دوورتر لێرە، ئەمە تەنها ڕێگایە دەتوانم لێیەوە بگەم بە ئامانجم». پرسی: «کەوابوو ئامانجی خۆت دەناسی؟» وەڵامم دایەوە: «بەڵێ، وەک پێم گوتی: دوور لە ئێرە – ئەمەیە ئامانجم». گوتی: «هیچ خواردنێکت پێ نییە». منیش گوتم: «پێویستم بە هیچێک نییە، گەشتەکە هێندە دوور و درێژە ئەگەر لەسەر ڕێگای خۆم شتێک پەیا نەکەم لە برسێتییدا دەمرم. هیچ خۆراکێک ناتوانێت من ڕزگار بکات. بە خۆشحاڵییەوە ئەمە گەشتێکی بە ڕاستی سەرسوڕهێنەرە».

بەرگی چیرۆکەکە بە ئەڵمانی

شیکاریی

هەمووتان کافکا دەناسن و لانیکەم کتێبێک، دوان یان بەشی زۆری بەرهەمەکانیتان خوێندۆتەوە، هەمووشتان دەزانن کە کافکا جیهانێکی تایبەتی هەیە و دەستەواژەی «جیهانی کافکایی» لە لای هەمووتان بە ڕادەیەکی باش ناسراوە. ڕۆژ نییە لێرە و لەوێ گوێبیستی ئەم دەستەواژەیە نەبن، یاخود بەردەوام نووسەرانێک بە «کافکایی» بەراورد دەکرێن و پێویست بە ڕۆیشتن لەسەر ئەم بابەتە ناکات. ئەوەی من دەمەوێت هەڵوەستەکردنە لەسەر ناوونیشانی دەقەکە لە پەیوەندییدا بە سەرهەڵدانی فاشیزمەوە. لە چەندین نووسین و وانەی ڤیدیۆییدا باسم لەوە کردووە کە یەکەم دێڕی «بەدگۆڕان» خۆی پێشبینیکردنی سەرهەڵدانی کەمپەکانی کاری زۆرەملێی نازییەکانە. کافکا تەنها نووسەرێکە نەک تەنها ناوەڕۆکی دەقەکانی، بەڵکو هەروەها ئەو ناوونیشانانەی هەڵیاندەبژێرێت، خۆیان لە ناوەڕۆکی دەقەکان قوڵتر نەبن، کەمتر نین، بۆ نموونە، ناوونیشانی ئەم کورتەچیرۆکە. ئێستا با گەشتێک بە ناو زاراوەکە و مێژووی سەرهەڵدانی فاشیزم لە پەیوەندیدا بەم زاراوەیەوە شی بکەینەوە. وەک گوتم ناسینی مێژووی فاشیزم، کە بە دیاریکراوی ٢٠ ساڵ دوای نووسینی ئەم کورتەچیرۆکە سەری هەڵداوە، ئەو توانایەمان پێدەبەخشێت زیاتر لە بلیمەتیی نووسراوەکانی کافکا تێ بگەین. کافکا نووسەرێکە بۆ ئەوەی تێی بگەیت پێویستت بە دوو شتە: کۆدشکاندن یان کۆدگۆڕین لە ئەلیگۆرییەوە بۆ واقیع و پاشان ناسینی باگراوەندی مێژوویی هەم کافکا خۆی و هەمیش قۆناغەکە و دواتر.

بۆ تێگەیشتن لە مێژووی فاشیزم، پێش هەموو شتێک پێویستە دابڕان یان دەرچوونێکی نوێ لە میتۆدی باڵادەستی مێژوونووسیی لیبراڵ داببڕێین، دەرچوونێکی نوێ بکەینەوە، بەرەو ئاسۆ و ئامانجێکی دوور و درێژ بڕۆین، گەشتێکی سەرتاپاگیر، زۆر دوور لەوەی پێمانگوتراوە، ئەنجام بدەین. کەواتە با سەیرێکی ئەم زاراوە ئەڵمانییە بکەین «Aufbruch»، کە ناوونیشانی کورتەچیرۆکەکەی کافکایە. زاراوەکە بە حەرفیی بە ماناکانی «دابڕان»، «پچڕان»، «کردنەوە»، «تێپەڕین»، «بەڕێکەوتن»، «دەرچوون»، «شکاندن»، «کۆچکردن» و هتد. زاراوەیەکە ئاماژە هەم بە کۆتایی دیدارێک دەکات کاتێک «دەپچڕێنرێت»، یان «لەناکاو ڕووداوێک دێتە پێشەوە»، یاخود «چوونە ناو قۆناغ یان دۆخێکی نوێ» و کەواتە «دابڕان یان کۆچێکی نوێ» دەست پێ دەکات.

لە هەمان کاتدا، زاراوەکە دەکرێت ئاماژە بە دۆخێکی چاوەڕوانی (Erwartungszustand) بکات کە بە هۆیەوە قۆناغێکی سەرتاپاگیری مێژوو ڕێگای خۆی بۆ قۆناغێکی تەواو نوێ کردووەتەوە. بۆ تێگەیشتن لەم زاراوەیەش دەبێت بە وردی ئاگامان لە هەردوو مۆدێرنیزم و فاشیزمی بەناویەکداچوو هەبێت. هەردوو ڕژێمی فاشیستیی و نازیی ئەوروپای ناو جەنگ، ناکرێت بەبێ تێگەیشتن لە باوەڕێکی خێرای بەفراوانیی تەشەنەکردوو دەرک بکرێت کە نائارامییەکانی مێژووی هاوچەرخ مەرگی بە ئازاری ئەو جیهانە مۆدێرنە بوو کە عەقڵی ڕۆشنگەریی ڕابەرایەتیی دەکرد. بەڵام ئەم مەرگە «نائومێدی کولتووریی» نەبوو. ڕاستەوخۆ دوای جەنگی یەکەمی جیهان نەک تەنها بزووتنەوەی ئاڤان-گارد، بەڵکو هەروەها ملیۆنان «مرۆڤی ئاسایی» هەستیان بەوە دەکرد بوونەتە چاودێر و شایەتحاڵی لەدایکبوونی لەناکاوی جیهانێکی نوێ لەژێر سایەی ڕژێمێکی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیدا کە سروشتەکەی، هێشتا دیار نەبوو و دەبوو بڕیاری لێ بدرێت و فۆرمی دیاری بکرێت. ئەوەی زیگفرید کراکاوەر[١]، فەیلەسوف و مێژوونووسی کولتووری پێی دەڵێت «میزاج»(Laune)ی ئەڵمانیا لە ساڵانی سەرەتای کۆماری ڤایماردا، ببووە خاوەن دەنگدانەوەیەکی ئێجگار قوڵی سەرتاپای جیهانی بەئەوروپیکراو، لە هەر شوێنێکدا ئەزموونی شکان و کەوتن و زەروورەتی گۆڕانکاریی و وەرچەرخان کرابێت. وەک کراکاوەر باسی دەکات:

«زاراوەی ‘ئاوفبروخ’ دەتوانێت بە باشترین شێوە پێناسەی ئەو میزاجە بکات و دەستنیشانی بکات. لە مانایەکی پڕ و ئاوسدا، کە تێیدا لەو سەروبەندەدا بە کار دەهێنرا، زاراوەکە بە مانای کۆچکردن، یان دەرچوون لە جیهانی تێکشکاوی دوێنێ بەرەو جیهانی سبەینێیەک دەهات لەسەر بناغەی تێگەیشتنە شۆڕشگێڕییەکان دامەزرابێت. […] خەڵک لە ناکاو لە گرنگی نیگارە ئاڤان-گاردەکان تێگەیشتن و وێنەی خۆیان لەنێو خەونە خەیاڵییەکاندا بینییەوە کە ڕایانگەیاند پێشبینیی سەردەمێکی نوێی برایەتیی یەکسانە بە خۆکوژییەکی مرۆڤایەتی. […] ئەوا باوەڕیان بە سۆسیالیزمی ئەنتەرناسیۆنال، بە ئاشتیخوازیی، بە کۆلەکتیڤیزم، بە ڕابەرایەتیی ئەریستۆکراتیی، بە کۆمەڵەی ئایینی، بە ژیان یان بە زیندووبوونەوەی نەتەوەیی هێنابوو و دواجار تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونی ئەم ئایدیالە ڕەنگاوڕەنگانەیان وەک ڕێبازێکی نوێ بە براند و مۆرکی نوێوە، پیشان دا»[٢].

blank
“ئەنتەرناسیۆنال”، هونەرمەند ئۆتۆ گریبل ١٩٢٩، درێسدن

دەبێت ئەم میزاجەی ئاوفبروخ وەک پێناسەکردنێکی پێکهێنەری فۆرمێکی تایبەتی مۆدێرنیزم، مانایەکی هەنگاونان بەرەو دەستپێکە تازەکان ببینرێت کە چیتر لە لایەن نوخبە کولتوورییەکانەوە ئەزموون ناکرێت یاخود کورت ناکرێتەوە بۆ تەنها هەرێمی هونەر و بیرکردنەوە. کۆچکردن بەرەو ئەو ئاسۆ نوێ دوور و درێژە، بە ڕێگایەکی دوور و درێژدا، بەبێ هەڵگرتنی خۆراک، واتا بەبێ بەخشینی فۆرمێکی دیاریکراو بەو جیهانەی ڕوودەدات، پێویستی بە بڕینی ئەو ڕێگایە هەبوو بۆ ئەوەی فۆرمی ئەو جیهانە دیاری بکرێت، یان دەبوو لە سۆسیالیزمی ئەنتەرناسیۆنالدا ڕەنگبداتەوە یاخود لە فاشیزمدا، جیهانی ئەوروپانیزەبوو، فاشیزمی تاقیکردەوە. پاڵنان بەرەو ڕوانین، خەون، جیهانێکی نوێ و سەردەمێکی تازە بە فراوانی لە سەرتاپای کۆمەڵگای ئەوروپیدا ڕەنگیدابووەوە، نەک تەنها لە هەرێمی ئێستاتیکا و جوانیناسیی ئاڤان-گاردەکاندا، بەڵکو هەروەها لە هەرێمەکانی کولتوور و بیرکردنەوە و فیکردا کە هەوڵی دۆزینەوەی بناغەیەکی نوێی بۆ مانا یان واقیعیەت، بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەستێوەردانە جەماوەرییەکان بۆ داهێنانی مانایەکی نوێی ڕیشەداکوتان، کۆمەڵ و تەندروست و هەروەها سیاسەتی شۆڕشگێڕی، لە بەرەی چەپ و ڕاست، دەدا. لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت بڵێین هەوڵ بۆ دامەزراندنی ئایدیۆلۆژیا و هێزە سۆسیۆلۆژییەکانی «پێش-مۆدێرن» (primordial) بە فراوانیی هەڵەشەیی و هەڵوەدایی بوو بۆ ئارەزووە مۆدێرنیستە ناچوونییەکەکانی ئاوفبروخ، و هەروەها چۆن ئەم هێزانەش بەڕەڵا کران کە لە لایەن قەیرانێکەوە نەک تەنها لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا، بەڵکو لە ئەزموونی مێژوو و زەمەنی ئەو ڕۆژگارەدا، دەرک دەکران.

هیچ کەس هێندەی کافکا، لە مێژوودا، نەیتوانی تەنها بە هەڵبژاردنی ناوونیشانێک بۆ چیرۆکێک، وەها قوڵبین پێشبینیی داهاتوو بکات.

بەربەریترین کردەوەکانی مێژووی مۆدێرن لە لایەن کۆمەڵە چالاکوانێکەوە ئەنجامدران کە هەستیان دەکرد فڕێدراونەتە سەر لێواری مێژووەوە، هیچ خۆراکێکیان لەسەر ڕێگاکە پەیدا نەکردووە و ترسی لە برسامردن تا بینەقاقا بەرۆکی گرتبوون، پێشەنگانی سەردەمێکی نوێ کە نیهیلیزم پاڵی پێوەنەنابوون، بەڵکو ئایدیالیزمێکی خەیاڵی، ڕێبازێکی براندی نوێی ڕزگاربوون، پاکبوونەوە و تازەبوونەوە. ملی ڕێگایان بۆ ئەم مەبەستە گرتبوو. کەس لە دەیەی ١٩٢٠، نەیدەزانی ئامانجە نادیاریکراوەکەی ناو چیرۆکەکەی کافکا، چ فۆرمێک وەردەگرێت. لەگەڵ شکستی شۆڕشەکانی ئەوروپا، لەنێوان ١٩١٩-١٩٢٣ کە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ پاڵنەرەکەی بوو، سەردەمی ئەو گەشتە دوور و درێژە لەناو ڕۆشنبیران و ئاڤان-گاردەکانی ئەوروپا دەستی پێ کردبوو، کافکا کە چیرۆکەکەی کتومت لە سەروبەندی یەکەم شکستی شۆڕش، ١٩١٩-١٩٢٠ لە ئەڵمانیا، نووسیوە، زۆر بە دیاریکراوی پێشبینیی ئەو دۆخەی کردووە کە چەند ساڵ دواتر ڕۆشنبیرە هەرە دیاریکراوەکانی ئەوروپا، بۆ دیاریکردنی فۆرمی ئەو ئاسۆ و ئامانجەی دەیانەوێت، لەنێوان ڕاست و چەپدا دەهاتن و دەچوون. ببوو بە باو، کۆمۆنیست دەبووە ڕاست، ڕاست بەرەی چەپی دەگرت، ئاژاوە و گەڕەلاوژەیەک دروستبوو، بەشێک لە ئاڤان-گاردەکان، بە تایبەت ڕادیکاڵەکانی بەرەی چەپ، زوو لە مەترسیی دۆخەکە تێگەیشتن، لەوانە دەتوانین ناوی واڵتەر بنیامین، زیگفرید کراکاوەر، بێرتۆلت برێشت، لازلۆ مۆهۆلی-ناگی، گیۆرگ گرۆستز، جۆن هارتفیڵد، ڤیلاند هێرتزفیلد، ڤیلی مونتزنبێرگ، ڕودۆلف ئارنهایم و دەیانی دیکە بهێنین کە لە ١٩٣٣دا هەموویان بوونە قوربانیی بڕیاردان لە فۆرمی ئامانجی گەشتەکە: نازیزم[٣] و بەشێک لە ئاڤان-گاردەکانی دیکە بەرەو ڕاست وەرچەرخان و چوونە پاڵ موسۆلینییەوە، جۆرج سورێل، فیلیپۆ تۆماسۆ مارینێتی بە خۆی و فیوچەریستەکانییەوە. ئەمە ئەو دەرچوون، دابڕان، شکان، ئاراستە و هەوڵی دیاریکردن و پێناسەکردنی ئامانجی ئەو گەشتە بوو کە لە ناوونیشانی کورتەچیرۆکەکەی کافکادا هاتووە. هیچ کەس هێندەی کافکا، لە مێژوودا، نەیتوانی تەنها بە هەڵبژاردنی ناوونیشانێک بۆ چیرۆکێک، وەها قوڵبین پێشبینیی داهاتوو بکات.

blank
“ڕێگای مەترسیدار” هونەرمەند گیۆرگ گرۆستز ١٩١٨

سەرچاوەکان:

١. پێشڕەو محەمەد، لە کۆدگۆڕینی کانتەوە بۆ تیۆری فیلم: دەروازەیەک بۆ فینۆمینۆلۆژیای ماتریالیستیی زیگفرید کراکاوەر، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢١.

2. Siegfried Kracauer, From Caligari to Hitler. A Psychological History of the German Film (1947), Princeton University Press, Princeton, 1970, p.38.

٣. پێشڕەو محەمەد، دیالۆگە پچڕاوەکانی مۆدێرنیزم و ڕیالیزم: دەروازەیەک بۆ کورتەمێژووی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی فۆتۆمۆنتاژ، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢١.