جێندەر چییە؟

گفتوگۆیەکی کورت لەگەڵ "جودیت باتلەر"دا

لە ئینگلیزییەوە: بڕوا عەلادین

– کاتێک دەوترێت ڕەگەز/جێندەر نمایشکارانەیە و پەیوەستی نمایشکردن و گێڕانی هەندێک ڕۆڵی دیاریکراوە، ئایا مەبەست لەوە چییە؟

جودیت باتلەر: ئەوەی کە بڵێیت ڕەگەز/جێندەر شتێکە کە پێشوەخت گەڵاڵەبووە (preformed) کەمێک جیاوازە لەوەی کە بڵێیت ڕەفتارێکی کارلێکەرانە/ڕۆڵگێڕەرانەیە (performative). کە دەڵێین ڕەگەز دۆخێکە و پێشوەخت گەڵاڵە بووە و فۆرمی خۆی وەرگرتووە، بە زۆری مەبەستمان لەوەیە کە ئیدی ئێمە یەک ڕۆڵی دیاریکراومان هەیە و یەک ڕێچکەی دەستنیشانکراو لە ڕەفتارکردن دەگرینە بەر، بە جۆرێک کە ئەو ڕۆڵگێڕان و ڕەفتارەمان ڕۆڵێکی یەکلاییکەرەوە دەبینێت لە بوونماندا وەک ڕەگەزێک و نیشاندانی ئەو ڕەگەزە بە جیهانی دەرەوەمان. بەڵام کە دەڵێین جێندەر ڕەفتارێکی نمایشکارانەیە، کارلێکەرانەیە و تایبەتە بە گێڕانی ڕۆڵێک لە ڕۆڵەکان، ئەمەیان تەواو جیاوازە. چونکە بۆ ئەوەی شتێک نمایشکارانە و ڕۆڵبین بێت، دەبێت زنجیرەیەک کاریگەری بەرهەم بهێنێت. بۆ نموونە ئێمە کە بە چەشنێک ڕەفتار دەکەین، هاتوچۆ و قسە دەکەین یان بە شێوەیەک وتووێژ و گفتوگۆ دەکەین، دەخوازین بەهۆ و لە ڕێیانەوە شانازی بە ژنبوون یان پیاوبوونی خۆمانەوە بکەین. بیرمە ساڵانێک لەمەوبەر، جارێک بە شەقامی (بیرکلی)دا دەڕۆیشتم، کاتێک بۆ یەکەم جار گەیشتمە ئەوێ ژنێکی گەنجم بینی کە هەستم دەکرد هەروا لە قۆناغی ئامادەییدا بێت، سەری لە پەنجەرەیەکەوە دەرهێنا و هاواری کرد: تۆ لێزبیەنیت؟ (Lesbian: واتە مێیینەیەک کە حەزی بە سێکسە لەگەڵ مێینە. و. ک). دیار بوو دەیویست بەو قسەیە توڕە و بێزارم بکات، یان ڕەنگە هەر خۆی ئەوە شێوازی قسەکردنی بووبێت وەک کەسێکی قسەزلتر لە هاوتەمەنی خۆی، یا بۆیشی هەیە وای زانیبێت کە من دەمەوێت سەرنجی ئەوانی تر بە لای خۆمدا ڕابکێشم. بەڵام ئەوە بوو من ئاوڕم بۆ دایەوە و وتم: بەڵێ، من وام! دیار بوو کە وەڵامەکەم حەپەساندی و شۆکی کرد.

ئێمە وا ڕەفتار دەنوێنین وەک ئەوەی کە ژنبوون یان پیاوبوون ڕاستی و هەقیقەتی واقیعێکی ناوەکی خۆمان بێت، شتێکی ڕاستەقینە و باوەڕپێکراو بێت دەربارەی خۆمان. بەڵام لە ڕاستیدا جێندەر دیاردەیەکە، چونکە تۆ بە بەردەوامی بەرهەمی دەهێنیت و بە بەردەوامیش سەرلەنوێ بەرهەمی دەهێنیتەوە. بۆیە کاتێک دەڵێم کە جێندەریزم ڕەفتارێکی کارلێکەرانە و تایبەتە بە نمایشکردن و ڕۆڵ بینینەوە، مانای وایە کە هیچ کەس لە سەرەتاوە هەڵگری ئەو ڕەگەز / جێندەرە نەبووە کە پێی دەناسرێتەوە و تیایدا هەیە. دەزانم ئەمە کەمەکێک ئاڵۆزە و گفتوگۆی زۆری لێکەوتۆتەوە، بەڵام هەرچی چۆنێک بێت، ئەوە گریمانە و بانگەشەیەکی منە بۆ بینینی جێندەر.

جودیت باتلەر (١٩٥٦) ڕەخنەگری فێمینیستی و بیرمەندی ئەمریکی

– ئەی ئەم تێڕوانینە کارلێکەرانە و ڕۆڵبینانەیە بۆ جێندەر چۆن دەتوانێت تێڕوانینمان بۆ چەمکی ڕەگەز بگۆڕێت؟

جودیت باتلەر: تۆ بیر لەو دۆخە دژوارانە بکەرەوە کە کوڕەکچانییەکان و کچەکوڕانییەکان تووشی دێن، بەوەی ڕۆڵێکیان لە کۆمەڵگەدا هەبێت بەبێ ئەوەی بیانترسێنن، بیانکەنە گاڵتەجاڕ یان تەنانەت ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هەڕەشەی توندتیژی ببنەوە.  تەنانەت لەو دۆخانەیشیاندا کە دایکوباوکیان دەست وەردەدەنە ژیانیان و دەڵێن: ((تۆ بۆ کەسێکی ئاسایی نیت؟))، ((ڕەنگە پێویستت بە چارەسەری دەروونی هەبێت!)).

وەک دەبینیت، کۆمەڵێک سەنتەری دەسەڵات هەن، بۆ نموونە (ئاساییکردنەوەی دەروونی)، وەک چۆن هەندێک پڕۆسەی ترساندن و دەسەڵاتخوازانە هەن کە نافەرمین و هەوڵ دەدەن ڕەگەزەکەمان بگەڕێننەوە بۆ شوێنە ڕاستەقینەکەی خۆی، بەو بیانووەی کە گوایە ڕەگەزەکەمان لە شوێنی خۆی ترازاوە و لە جێ چووە.

بەلای منەوە پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە داخۆ ئەم پێودانگ و نۆرمە جێندەریانە چۆن سەریان هەڵداوە، چۆن ڕێکخراون و چەسپێنراون؟ ئەی باشترین ڕێگە بۆ ڕزگاربوون لێیان و زاڵبوون بە سەریاندا چیین؟ بە تێڕوانینی من، جێندەر چەمکێکە کە کولتووریانە گەڵاڵە و دروست بووە، لێ بوار و کایەیەکیشە بۆ ئازادی. ئەمەیش خۆی زۆر گرنگە بۆ دژایەتیکردنی ئەو توندوتیژییەی کە لە ڕێی نۆرم و پێودانگە ئایدیاڵەکانی ڕەگەزەوە بەسەرماندا سەپێنراون، بە تایبەتی ئەوانەی کە دژ بە ڕەگەزە جیاوازەکانن، یا هاوتای پێودانگە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە بۆ جێندەر، نین.