ناشیرینیى سامناك و ناشیرینیى ترسناك

١

كەم ئەفسانەى یۆنانی هەن جوانى و ناشیرینی تێیاندا تێمایەكى سەرەكى نەبێت؛ جوانیى خودایان و پەرییان و مرۆڤەكان، یان بە پێچەوانەوە ناشیرینیی خودایان و تیتانەكان و دێوەكان. لەنێو ئەوانەدا دوو ئەفسانە هەن كە پێم وایە كاریگەرى گەورەیان لەنێو فەلسەفە و سەرجەم فیكرى ڕۆژئاوادا داناوە: یەكەمیان چیرۆكى سێوەكەى ئەفرۆدێت و دووەمیانداوەكەى هیفایستۆسـە. چیرۆكەكەى ئەفرۆدێت باسى سەرهەڵدانى هەڵبژاردنى شاجوان دەكات كە ڕەنگە یەكەمین هەڵبژاردنى لەو جۆرە بووبێت. بەپێى یەكێك لە ڕیوایەتەكان، ئیریسى خودابانوو بۆ هاوسەرگیرى بیلۆس و تیێتیس بانگهێشت ناكرێت، بەم هۆیە هەست بە فەرامۆشى و سووكایەتى دەكات؛ بڕیار دەدات لەپاى ئەمە ئاهەنگەكە بشێوێنێت و فیتنەیەك لەنێو مەحشەرى خودایاندا هەڵبگیرسێنێت. سێوێكى ئاڵتوونى، كە ڕەنگە لە هەمان دارى گوناهى سێوەكەى ئادەمەوە ڕنیبێتى، بە نەخش و نیگارێكى قەشەنگ دەڕازێنێتەوە و ئەم پەیامەى لەسەر دەنووسێت: “بۆ جوانترین”. كە دێتە نێو هۆڵە گەورەكەى زیۆسەوە وا بۆ ئاهەنگەكە خودایان و نیمچە خودایان لە دەورى كۆبوونەتەوە، سێوەكە فڕێ دەداتە سەر مێزەكەى زیۆس. ئێستا ئیتر دەبێت ساغ ببێتەوە كە كێ شایەنى سێوەكەیە، واتە نازناوى “جوانترین” هەڵدەگرێت. دواى مشتومڕێكى زۆر بۆ یەكلابوونەوەى شاجوان، كێبەركێكە لەنێوان سێ خوابانوودا دەمێنێتەوە: هیرا و ئەسینا و ئەفرۆدێت. زیۆس بڕیار دەدات كە پاریسى شازادەى تەڕوادە بكرێت بە قازى و سێوەكە ببەخشێت بە جوانترینیان. خوابانووەكان بۆ ئەوەى كێبەركێكە ببەنەوە، هەر یەكە و بەڵێنێك بە پاریس دەدات. هیرا بەڵێنى هێز و دەسەڵاتدارى، ئەسینا بەڵێنى سامان و فێركردنى هونەرى جەنگ، ئەفرۆدێت بەڵێنى پێدانى جوانترن ژنى زەمینى پێ دەدات كە لەو وەختەدا هێلینى ژنى مینیلاوسە. پاریس خۆى لە پێشنیارەكەى ئەفرۆدێت دێت و سێوەكە بەو دەبەخشێت، ئەویش لە بەرامبەردا هێلینى پێ دەدات و ڕازیى دەكات بیڕفێنێت، بەم جۆرە جەنگى نەبڕاوە و بەناوبانگى تەڕوادە هەڵدەگیرسێت.

چیرۆكى دووەمیان خیانەتى جوانى لە ناشیرینى دەگێڕێتەوە. هیفایستۆس خوداى ئاگر و ئاسنگەرى، كارزانى كەرەستەى جەنگى، هەر لە لەدایكبوونەوە قەموورێكى ناشیرین و نابوودە دەبێت، لە عەشقیشیدا بۆ ئاگر و گڕكانەكان پێستى لەشى دەسووتێت و هێندەیتر دەشێوێت، تا ئەوەى لەنێو شانشینە گەردوونییەكەى زیۆسدا بە ناشیرینترن خودا دادەنرێت. بەڵام هیفایستۆسى شادزێو هاوسەرى خوابانووى شاجوان، ئەفرۆدێت، بووە. كەواتە ئاساییە ئەفرۆدێت دڵى لەسەرى نەبووبێت؛ لە برى ئەو دڵى بۆ ئارەسى خوداى جەنگ، براى هیفایستۆس لێی داوە. كاتێك هیفایستۆس بۆى دەردەكەوێت پەیوەندیى سەرجێى لەنێوان ئەفرۆدێت و ئارەسدا هەیە، بڕیار دەدات بیانخاتە تەڵەیەكەوە. بۆ ئەم مەبەستە تۆڕێكى زۆر باریك و نادیار لە میتاڵ دەچنێت و بەسەر سیسەمە هاوبەشەكەیانەوە هەڵیدەواسێت، وەختێك ئارەس و ئەفرۆدێت ڕووت دەبنەوە و دەچنە هەواى خۆیانەوە، تۆڕەكە بەسەریاندا بەردەداتەوە و هەموو خودا و خوابانووەكانیش وەك شاهیدى خیانەتەكە بانگ دەكات و دەشزانێت هەموویان ئاواتیان بەوە خواستووە لە جێى ئارەس لەگەڵ شاجوان بنووستنایە.


Peter Paul Rubens (1577 – 1640)Das Urteil des Paris (The Judgement of Paris). (1638/1639)Standort:Museo Nacional del Prado

دیاریكردنى شاجوانى گریك ڕەنگە ڕیشەى هەڵبژاردنى شاجوانى دنیاى ئەمڕۆ بێت، بەڵام ئەمەى دنیاى ئێمە لە هەموو ڕەهەندە ئێستاتیكى و هونەرییەكانى دابڕاوە و ڕاستەوخۆ لكاوە بە كەرنەڤاڵ و زڕەبۆنەى بازاڕەوە؛ بە پزیشكى و جوانى دەستكردەوە؛ بە میدیا و تەكنۆلۆژیاى بینینەوە. بە لاكەیتردا، ناشیرینى، تابێ زیاتر دەبێزرێت، هەندێ لە توێژەران باس لەوە دەكەن لەمڕۆدا كاریش پەیوەست كراوەتەوە بە “فەیسێكى جوان” یان “لەشولارێكى سێكسى و ڕێك”ـەوە. وەك بڵێی ناشیرینەكان هیچ بەهرەیەكیان لە كار و پیشەدا نەبێت.

 چیتر تواناكانى هیفایستۆسلە بەرامبەر جوانى كیژانى نێو دەزگا و كۆمپانیاكانى سەردەمى نیولیبراڵدا بێ بەها دەنوێنێت. هیفایستۆسى قەموور و دزێو كە ئاسنگەرى خوداكانە و سەروەرى مەعدەن و میتاڵە هەرە دەگمەنەكانە؛ هیفایستۆسى ئەشكەوتنشینكە قەڵغانەكەى ئەخیل لە ناوازەترین و داهێنەرانەترین دیزایندا، كە هەموو گێتی لەسەرى هەڵدەكۆڵێت، دروست دەكات، لە سەدەمى خۆیەوە تاوەكو ئێستا دەبێزرێت. ئەشكەوت ڕەنگە هێماى دووركەوتنەوە لە ڕووناكى بێت، كە لەمڕۆدا ڕووناكى دنیاى دیجیتاڵى و شاشەیە. كەمێك خۆگرتنەوە و خەڵوەت، زۆر تەماشانەكردنى ڕۆشنایى ئەلیكترۆنى و نیشتەجێبوون لە تاریكیدا، بە واتاى كەشفكردنى ئاگر و ڕووناكى ترە لەنێو تاریكیدا؛ ئاگرێك كە دەكرێت لە پێناو داهێنانى قەڵغانەكەى ئەخیلدا، بۆ تواندنەوەى پیرۆزترین كانزا و ماتریاڵەكان بە كار بهێنرێت. بەڵام گەر كەسانێك هەبن لەمڕۆدا لە ڕۆشنایى دنیاى دیجیتاڵ دوور بكەونەوە، ئەوا ڕەنگە پتر بەو هۆیەوە بێ كە فەیسى ناشیرین (بەگوێرەى پێوەرى ئەمڕۆ) كراوە بە شتێكى شەرماوەر. مرۆڤێك كە جوان نییە، شەرم لە ناشیرینییەكەى خۆى دەكات؛ لەم بارەدا، گەر بۆى دەست بدات لە سەنتەرەكاندا شێوەى خۆى دەگۆڕێت، ئەگەرنا لە خەڵوەتى دنیاى مەجازیدا دەمێنێتەوە. گەر وابێت، ڕەنگە، بە پێچەوانەى ئەشكەوتنشینى، هێنانەوەى ناشیرینى بەو جۆرەى هەیە بۆ بەر ڕووناكى و بۆ بەردەمى شاشە، ببێتە مایەى شكاندنى شەرمێك كە جوانییەكى ساختە دروستى كردووە.

blank

AgnoloBronzino: The Dwarf Morgante, sixteenth century, Florence, Galleria Palatina.

٢

هەر لە یۆناندا كەسێك هەیە تاڕادەیەكى زۆر لە ڕوخسار و لەشولاریدا دەچێتەوە سەر نەسلى هیفایستۆس و ناشیرنییەكەى دەبێتە یەكێك لە هۆكارەكانى مردنەكەیشى؛ ئەم كەسە سوكراتى فەیلەسوفـە. گریكەكان وەك هەندێك لە نەتەوەكانى تر، خۆشییان لە چارەى منداڵى كەم ئەندام نەدەهات؛ بگرە لە سپارتەدا نەریتى لەنێوبردنى منداڵى كەم-ئەندام هەبووە؛ لە سەروو ئەمەیشەوە، گریكەكان لە كولتوورى خۆیاندا بایەخێكى زۆریان بە جوانى و كەشخەیى و سووكەڵەیی جەستەیان داوە (بێگومان پێناسەى ئەوان بۆ جوانى جەستە هەمان پێناسەى ئێمە نییە)، بەڵام ئەوان جوانى جەستەیان تەنیا بە مەدلولى پوختى سێكسییەوە نەدەبەستەوە و سێكسیش تەنیا ماناى شەهوەت و ئۆرگازم نەبوو. جوانى لەش پەیوەست بوو بە هونەرەكانى جەنگ، جومناستیك، ئەسپسوارى، چاكە، هارمۆنیا، جووڵە و بەرگەگرتن یان پتەوییەوە، ئەمانەیش جیاوازن لە هەڵئاوسانى فشۆڵى لەشجوانانى ئەمڕۆ. سوكرات لەنێو ئەم كولتوورە جوانپەرستەدا ڕەنگە كەسێكى بێ شانس بووبێت. وەك ویڵ دیۆرانتیش دەڵێت، ئەو خۆیشى زانیویەتى لەشولارێكى ناقۆڵاى هەیە؛ بەڵام ویستوویەتى لە ڕێگەى سەماوە هەندێك لە دزێویەكەى خۆى كەم بكاتەوە. ئەو ڕۆژێك لە بەردەم دوكانێكدا دەوەستێت و بەدەم سەیرکردنى كەلوپەلەكانەوە دەڵێت: “چەندە شتانیكى زۆر هەن كە من پێویستم پێیان نییە“؛ ئەم وتەیە هەر بە سادەیى خۆیەوە دژ بە سەرجەم كولتوورى مەسرەفگەرایى ئەمڕۆ دوەستێتەوە. گەر بە شێوە تەقلیدییەكە باس لەوەیش نەكەین كە ئەو یەكەمین شەهیدى فەلسەفەیە، ئەوا نموونەیەكە بۆ خۆگرتنەوە و خاكیبوون، بێ ئەوەى بۆ نێو زوهد بكشێتەوە[1]. لەپاڵ ئەوەیشدا ئەم بوونەوەرە خڕەڵە دەموچاو دەرپۆقیوە، خۆى مەزنترین تیۆرى جوانى لە دنیاى كۆندا دادەڕێژێت.

ڕیشەى زۆرى چەوساندنەوەكان هەر لە منداڵییەكى زووەوە، لە زمانەوە دەست پێ دەكەن، لەو تەریقكردنەوە، سووكایەتى، گاڵتەپێكردنانەوە كە بە زمان بەرامبەر ناشیرینەكان مومارەسە دەكرێن.

هیفایستۆس و سوكراتیش هەردووكیان نەختێك خڕیلانە و كورتەباڵا بوون؛ لە زمانى ئێمەدا وەك زێدەڕەوى پتر بە كورتەباڵاكان وتراوە “گول” ئەگەرچى ئەم وشەیە پتر نەخۆشییە و پەیوەندییەكى ئەوتۆى بە باڵاى مرۆڤەوە نییە. گول سووكایەتییە بەوانە كە باڵایان بەرز نییە؛ خۆ ئەگەر زۆریش كورتەباڵا بن ئیدى ئەوان قەزەم (dwarf)ـن كە لە زمانى كوردیدا ڕەنگە كوڵەبنە پڕ بە پێست بێت. بەڵام كوڵەبنەكان بەردەوام وەك وەك كەسانى حەسوود، فیتنە، ئاژاوەچى لێیان ڕوانراوە، چونكە گوایە “زۆرزانن”؛ هەر لە منداڵیشەوە پێیان دەوترێت كە بەهۆى زۆرزانیى خۆیانەوەیە گەورە نابن، واتە لەژێر بارى قورساییەكدان كە ناهێڵێت گەشە بكەن و باڵایان هەڵكشێت. ئەم وەسفەى كوڵەبنەكان بە تەواوەتییش سوتفە نییە، ئەوان وریاییەكى تایبەتیان هەیە، بەڵام زۆر-زانین كە لەوێدا مانایەكى نێگەتیڤى هەیە لەبەر ئەوەیە كە كۆمەڵگەى ئێمە بە جۆرێك دژ بە خودى زانین بووە. لێرەدا ئەسڵى ئایدیاكە لە نائاگاییدا ئەوەیە كە ئەگەر زانین لە سنوورى عەقڵى سەلیم تێپەڕێت، دەبێت بە زۆرزانین و بارگەیەكى نێگەتیڤ وەردەگرێت؛ ئەمە هەمان تۆمەتە كە سوكراتى لەسەر دادگایى دەكرێت. سوكرات، بە پێچەوانەى زۆرزانەوە، هەمیشە وەك كەسێك وەسفى خۆى دەكات كە “نازانێت”، بەڵام زانینى ئەم نەزانینە، خودى زۆرزانییەكەیەتى؛ ئەو زۆر دەزانێت كە نازانێت. لەبەر ئەمەیە سوكراتى خڕیلانەى زۆرزان و فیتنە و فاسدكەر دەبێت بمرێت. وێڕاى ئەمە هەڵاواردنەى كورتەبنەكان، باڵابەرزەكانیش لە پرۆسەى دزێوكردن دەرباز نەبوون. ئەو باڵابەرزانەى كە پێیان دەوترێت “درێژ”، بە كەسانى بڕێك گێلۆكە و دەبەنگ وەسف كراون و كورد وتوویەتى “درێژ عەقڵى لە ئەژنۆیەتى”. كۆمەڵگەى ئێمە لە مێژووى خۆیدا پەندى پێشنینان و توانجى زۆر و زەبەندى بەرهەم هێناوە، توانایەكى گەورەى ناو و ناتۆرەلێنان و ڕووشكاندنى تێدا كەشف كراوە، كە لە هەر بەكارهێنانێكى ترى زمانى كوردى بەرهەمدارتر بووە. ڕیشەى زۆرى چەوساندنەوەكان هەر لە منداڵییەكى زووەوە، لە زمانەوە دەست پێ دەكەن، لەو تەریقكردنەوە، سووكایەتى، گاڵتەپێكردنانەوە كە بە زمان بەرامبەر ناشیرینەكان مومارەسە دەكرێن. 

blank

BustofSocrates, (Marmor Römische Kopie nacheinem griechischen Original).

٣

لە سەردەمێكى تردا هیفایستۆسى قەموور و ناحەز لە ئەدەبیاتدا بە ناوى كوازیمۆدۆ لەدایك دەبێتەوە: قەموورەكەى نۆتردام. ئەمجارە لە تاریكایى كەنیسەیەكدا نیشتەجێیە و خەریكى زەنگ لێدانە، عاشقى ئیزمیراڵداى قەرەچ دەبێت. ڤیكتۆر هۆگۆ بەم جۆرە وەسفى ناشیرینییەكەى كوازیمۆدۆ دەكات: «ڕوخسارى خێچ و خوار بوو، بە دەربڕینێكى تر، هەموو كەسایەتییەكەى خێچ و خوار بوو. سەرێكى گەورە بە قژى پڕى پرتەقاڵییەوە، لەنێوان شانەكانیدا كووڕییەك هەبوو كە لایەنەكەى ترى خستبوو بە پێشدا، ڕان و سمتەكانى بە شێوەیەكى سەیر شێوا بوون و نووسابوون بە ئەژنۆكانییەوە، ئەگەر لە پێشەوە لێى وردبوویتایەوە، لە دوو داس دەچوو كە لە دەسكەكانیانەوە بە یەك گەیشتبن، دوو لاقى بڵاو، دوو دەستى سامناك و دزێو، لەگەڵ هەموو ئەم شێواوییەدا سەرزیندووێتییەكى تۆقێنەر و لەشسووكى و بوێرییەكى زۆر لە زاتیدا بوو. ئەو ئاوارتەیەكى سەیر بوو لە ڕێسایەكى نەمر كە [بەپێى ئەم ڕێسایە] هێزێكى وەك جوانى دەرەنجامى هارمۆنییە. […]. لەوەبوو مرۆڤ پێیوا بێت ئەمە زەبەلاحێكى تێكشكاوە كە پێكەوەنووساویى بەشەكانى لێك ترازاون.»[2] ئەو وەك دواتر كۆبانولى مامۆستا دەڵێت: جوانترین ناشیرینى بوو كە لە ژیانیدا بینیبێتى. ئەم بوونەوەرە دزێوە سێ سیفەتى نیچەیى هەیە كە لە ڕاستیدا ناشیرینییەكەى لە ئەزموونى ژیاندا پێیانى دەبەخشێت: وریایى، لەشسووكى، بوێرى.

ژیل دۆلوز دەربارەى ئەوە دواوە كە هەرگیز “نوقسانى” وشەیەكى گونجاو نییە بۆ قسەكردن لەسەر ژیان؛ نە نەقسى تواناى نا-خودبەسى منداڵ و نە پرسى گرێى ئۆدیپ، نە نەخۆشى و نە ناشیرینى هیچیان نەقس نین؛ بەڵام هەر بە سادەیى ژیان پڕێتییەكى پێرفێكت نییە؛ لە بنەڕەتەوە ژیان پرسى نوقسانى و پڕى نییە.

وەها جوانییەكى بێ هارمۆنى لەم ناشیرنییە زۆرەدا بە بەرامبەركێ دیالەكتیكییەكانى نێوان جوان-ناشیرین، ساغ-سەقەت، ئاسایى-نائاسایى لێك نادرێتەوە. ژیل دۆلوز دەربارەى ئەوە دواوە كە هەرگیز “نوقسانى” وشەیەكى گونجاو نییە بۆ قسەكردن لەسەر ژیان؛ نە نەقسى تواناى نا-خودبەسى منداڵ و نە پرسى گرێى ئۆدیپ، نە نەخۆشى و نە ناشیرینى هیچیان نەقس نین؛ بەڵام هەر بە سادەیى ژیان پڕێتییەكى پێرفێكت نییە؛ لە بنەڕەتەوە ژیان پرسى نوقسانى و پڕى نییە. ژیان پرسى جووڵەیە لەسەر سەتحە ئیمانانسە جیاوازەكان كە بۆشایى بەشێكی هەر یەكێكیان پێكدەهێنێت، بەڵام وەك خۆیشى دەڵێت، دەروونشیكارى بۆشایى لێ بووە بە نەقس. بە بڕواى دۆلوز ناشیرینى نەقسى جوانى، لاوازى نەقسى قەڵەوى، نەخۆشى نەقسى تەندروستى نین؛ شتەكان لەم دیووە نێگەتیڤەوە مانا وەرناگرن. بۆ نموونە ئەو دەربارەى نەخۆشى وەك ئەزموونێكى داهێنەرانە دواوە. هەروا لەبارەى بەدخۆراكەكانەوە، ئەوانەى ئیشتیهاى خوادنیان نییە، دەڵێت كە ئەوان خۆیان دەگرنەوە لە خواردن، چونكە لەشیان دەخەنە پەیوەندیى دیكەوە لەگەڵ خواردندا. لە كەسە باریكەلە و سیسەڵەكاندا جۆرێك قەشەنگى و كەشخەیى هەیە كە قەڵەوبوون ڕەنگە بیشارێتەوە. كچۆڵەیەك كە دەكەوێتە ژێر كاریگەریى كۆمەڵگەى گۆشتخۆرەوە و دەبێتە كێشەى دەروونى بۆى كە پێی دەوترێت “چوارچڵ ئێسقان”، دواجار بە ژەهرێك كە ناوى “دەرمانى قەڵەوى”ـیە، بێ ویستى خۆى، خۆى دەكوژێت. لە كاتێكدا لە بەشێكى ترى دنیا، قەڵەوى یەكێكە لە كێشە سەرەكییەكان؛ قەڵەوەكان جگە لەوەى لەمێژە وەك كەسانى تەمبەڵ و تەوەزل، وەك تێرنەخۆرە و مشەخۆر سەیر دەكرێن، هاوكات وەك كەسانێكى ناقۆڵا دەبینرێن كە لەشولاریان لەگەڵ پۆشاكدا ڕێك نایەتەوە. لە ڕووى سێكسیشەوە قەڵەوەكان لەمڕۆدا زۆر خوازراو نین. لەبەر ئەمە ملیۆنان دۆلار بە نەشتەگەرى، دەرمان، ئامێرى وەرزشى كە مژدەى دابەزاندنى كێش دەدەن، بەدەست دەخرێت. لە سەردەمى ئێستادا گرێى دەروونى ڕەنگە چیتر پەیوەست نەبێت بە ڕابردووە ئۆدیپییەكانەوە؛ پتر ڕۆژ بە ڕۆژ و بەگوێرەى خواست و مۆدە و بازاڕ بەرهەم دەهێنرێت.

٤

لە زەینى گشتیى مرۆڤدا تێپەڕینى تەمەنى جوانى واتە دەستپێكردنى تەمەنى ناشیرینى، كە هەم ناشیرینی و هەمیش كەمبوونەوەى توانا و تێكچوونى بونیادى لەشیشە. لەم حوكمەى ژیاندایە كە كوڕانى قۆز و كەشخە دەبن بە پیرەمێردى چڵكن و كچانى ناسكۆڵە دەبن بە پیرێژنى چڵمن. لە كولتوورى خۆرئاوایى و خۆرهەڵاتیشدا، پیرێژنەكان بەهۆى حەسوودى و بەخیلییانەوە بەرامبەر كیژوكاڵان لەگەڵ جیهانى سیحر و جادوو تێكەڵ دەبن؛ لە نەریتى ئێمەدا باس لە “چاوپیسى” دەكرێت وەك هێزێك كە لە حەسوودییەوە سەرچاوە دەگرێت و دەتوانێت كاریگەریى نێگەتیڤ لەسەر ژیانى ئەوانیتر دابنێت. ئەمبێرتۆ ئیكۆ لە دەربارەى ناشیرینىـدا باس لەوە دەكات لە سەدەكانى ناوەڕاستدا خولیایەكى دژە-ئەفرۆدێت، یان دژە-بیاتریس سەری هەڵدا بۆ تێكشكاندنى وێنەى فریشتەیى و قەشەنگى ڕەگەزى مێینە، لەم پێناوەدا چیرۆكگەلى سەیروسەمەرەى زۆروزەبەندى ژنانى دزێو و جادووگەرى وەك ئەوانەى ئەمڕۆ لە فیلمەكاندا دەیبینین هەڵبەسترا: «ئەم وێنە هەڵبەستراوەى پیرێژنان لە چەندین تێكستدا دەركەوتەوە […] كە تێیاندا وێنەیەكى قێزەونى بۆرۆیە پیر و نابودەكان (سەر ڕووتاوە، ڕوخسار زیپكاوى، دوو چاوى داچەكاوى خوێناو تێزاو، هەناسەى ناخۆش، چڵمن) دەبینینەوە.»[3] ئەم جۆرە وێنەیەى پیرێژن، لەژێر كاریگەریى كولتوورى مەسیحیەتدا دەبێتە وێنەى جادووگەر، چونكە بڕوا وایە تەنیا ژن دەتوانێت هاوپەیمانى لەگەڵ شەیتان بەرقەرار بكات[4]. ئەم وێنەیە لە چیرۆكى میللى و ئەدەبیات و شانۆنامە و نیگاركێشانى ئەو سەردەمە و دواتردا دەردەكەوێتەوە، وەكو لە فاوستى گۆتە و ماكبێسى شكسپیردا.

blank

La Vieille de Giorgione, Old woman, Accademia, Venise 1506-1507

لە یەكەم نیگادا وا پێدەچێت ئەم وێنە نێگەتیڤە دەربارەى پیرێژنان، لە خودى ترس لە پیرییەوە سەرچاوەى گرتبێت؛ بەڵام زۆرتر ڕێى تێدەچێ كاردانەوە بێت بە ڕووى ئەو توانایانەدا كە مرۆڤ لە پیریدا بەدەستیان دەهێنێت. وەك دۆلوز دەڵێت پیرى تەمەنى پاسیڤبوون نییە، بەڵكو مرۆڤ دەتوانێت هەندێك توانستى تێدا كەشف بكات كە تەنیا لە پیریدا هەستیان پێ دەكات، وەك چۆن هەندێك توانا هەن تەنیا لە گەنجیدا مرۆڤ دەتوانێت هەیبن. وێڕاى ئەوەیش ئێمە هەرگیز حەز بە پیربوون ناكەین و وەك یەكێك لە كێشە هەرە كۆنە چارەهەڵنەگرەكانمان دەمێنێتەوە؛ بەڵام هیچ سەردەمێك هێندەى ئێستا بانگەشەى دواخستنى پیرى نەكراوە. گۆڕانەكانى ڕوخسار و جەستە بە تێپەڕبوونى كات بە واتاى بەسەرچوونى تەمەنى گەنجییە كە لە زمانى ڕۆژانەى ئێمەدا بەردەوام لەگەڵ جوانیدا دەرى دەبڕین[گەنجى و جوانى]؛ بگرە لە هەندێ ناوچە بە گەنج هەر دەوترێت “جەوان”. درێژكردنەوەى گەنجێتى (واتە خاوكردنەوەى تێپەڕینى تەمەن بەرەو پیرى) كەڵكەڵەى سەرەكیى زانست و بازاڕە لە جیهانى خێراى ئەمڕۆدا. لەبەر ئەمە شاكارەكەى ئۆسكار وایڵد وێنەكەى دۆریان گرەى كتومت ڕۆمانێكە دەربارەى كۆمەڵگەكانى ئێستامان. لە ڕۆمانەكەدا دۆریان گرەى كە بۆ یەكەمجار لە ڕێگەى وێنەكەوە هەست بە جوانیى گەنجانە و سەرسوڕهێنەرى خۆى دەكات، دەستبەجێ حەسرەتێك دایدەگرێت، كە دواتر چەندین جار دووبارەى دەكاتەوە: «خۆزگە وێنەكە دەگۆڕا و من بە گەنجى دەمامەوە»[5]؛ ئەو ئاواتى ئەوە دەخوازێت كە خۆى بەو جوانییەى نێو وێنەكە بە نەمرى بمێنێتەوە و فیگورى نێو وێنەكە لە برى ئەو پیر ببێت. هەر وا دەبێت؛ دواجار گرەى لە ژیانێكى هەمیشەییدا تابێ جوانتر دەبێتەوە و وێنەكەیش بەرە بەرە پیر دەبێت، بەڵام نەك پیربوونێكى ئاسایى، بەڵكو داڕزان و بۆگەنبوون كە كرم و مۆرانە تێى دەدەن؛ چونكە ئەوەى چۆتە نێو وێنەكەوە ناخ و ویژدانى گرەى خۆیەتى. بە بڕواى وایڵد نەمرى و گەنجییەك كە مرۆڤ مەغرور بكەن، كە فێرى لووتبەرزى بكەن، بیخەنە نێو بێباكى و بێمۆڕالییەوە، بێگومان ویژدان و ناوەوەى تووشى ڕەشهەڵگەڕان و كرمەڕێزبوون دەكەن.

دەبێ بیرمان بێت كە چەمكى وێنە لە ڕۆمانەكەى وایڵددا جیاوازە لە وەزیفەى وێنەى دیجیتاڵى لەمڕۆدا. وێنەكەى گرەى خۆشەویستترین هاوڕێى، بازیل هاڵواردى نیگاركێش، بەوپەڕى سەلیقە و تواناى سەروو-سروشتى خۆیەوە، كە عەشقە زۆرەكەى بۆ گرەى ئیلهامى پێ دەدات، دەیكێشێت و نەك تەنیا دەتوانێت “ڕۆح” بە وێنەكە ببەخشێت، بەڵكو لە ڕاستیدا ئەو وێنەى خودى ڕۆحى گرەى دەكێشێت. یەك دانە وێنەى تاقانە و ناوازە، بەبێ لەبەرگرتنەوە و دووبارەبوونەوە، یەك وێنە كە مۆدێلەكە نا، بەڵكو خودى ئایدیاڵى مۆدێلەكەى لە وردترین و باڵاترین نیگارى ئەو سەردەمەدا وێنا دەكات، ئەوە یەكەمجارە هونەرمەند (وەك خودا) بتوانێت ڕۆحى مرۆڤ ببینێت و بیكیشێت[6]. ئێستا ئیدى دواى تێپەڕینى ساڵانیش گرەى لە هەر كات جوانترە، بەڵام ئەوە ڕۆحیەتى بە بەرچاوییەوە دادەڕزێت و مێروو دەیخوات. لەمڕۆدا وێنەى دیجیتاڵى، كە بێ شومار دەشێت بگیرێت و بسڕێتەوە، دەستكارى بكرێت و بێ شومار فیلتەرى لەسەر دابنرێت، هیچ بەشێكى ناخى مرۆڤى لەسەر دەرناكەوێتەوە؛ ڕێك بە پێچەوانەوە، گەنجى لە ڕێگەى وێنەكانەوە دەسەلمێنرێت؛ خودە ڕاستەقینەكە لە خودە فەیكەكەوە شوناسى خۆى وەردەگرێت.

یەك پێناسە بۆ چەمكی ناشیرینی لە ئارادا نییە و ڕەگەزى هەمەجۆرى فیزیكى و كولتوورى و ئایینى و ئایدیۆلۆژى ڕۆڵى تێدا دەگێڕن.

٥

ئێمە لەم وتارەدا نەمانویستووە پێناسەیەك بۆ ناشیرینى بكەین، بێگومان یەك پێناسەیش بۆ ئەم چەمكە لە ئارادا نییە و ڕەگەزى هەمەجۆرى فیزیكى و كولتوورى و ئایینى و ئایدیۆلۆژى ڕۆڵى تێدا دەگێڕن. ئەوەى كە ڕەشپێست وەك كەسانى ناشیرین، وەك غول تەماشا بكرێن، هەستێكى سروشتى مرۆڤ نییە، بەڵكو لە ڕوانینێكى كولتوورى و پاشان لە پرۆسەیەكى ڕاسیستیى بە مۆنستەركردندا ڕەشپێست دەكرێت بە فیگورێكى دزێو؛ سارتجى بارتمان، كە بە ڤینۆسى ڕەش ناسراوە، نموونەیەكى بە مۆنستەركردنى ڕەشپێستە لە زەینى خەڵكییەوە تا نێو لابوورى زانستى. قەزەمەكان گەرچى وا دەردەكەون لە باڵاى مرۆڤى ئاسایى كورتترن، بەڵام هەڵاواردنیان و وەسفكردنیان بە تێرمگەلى نێگەتیڤى وەك كەسایەتیى گرنگن و بچووك و فیتنە هیچ بنەمایەكى ڕاستەقینەى نییە و پتر وەڵامێكى كولتوورییە بۆ لادان لە ڕەوتى ئۆرگانیزمى فیزیكى، كە ڕەنگە ئەم وەڵامە خۆى لە ترسەوە سەرچاوەى گرتبێت؛ وەڵامێكى كولتوورى كە سیاسى دەبێتەوە و لە سەردەمێكدا لەنێوبردنى كورتەبنە و سەقەتەكان وەك دەستكەوتێكى نەتەوەیى سەیر دەكرێت. لە كولتوورێكدا كە هەمووان لە دیوەخانەوە سمێڵ و لە سووننەتێكى ئایینیشەوە ڕیش  (بەبێ ڕێكخستن و جونكارییەكى ئاسایى) بهێڵنەوە، ئەوانەى نایەنەوێت موو بە ڕوخسارییانەوە بێت، بە لووسكەلە و دەمڕووت دادەنرێن.

blank

Felix Philippotaux 1815-1884, Verbrennung der Hexen und Ketzer durch Aufheben und Niedersenken in dasFeuer zu Paris, Museum Berlin.

وەختێك نازیزم ماشێنى بەرهەمهێنانى ناشیرینى لە مرۆڤى جوودا دەخاتە گەڕ، گەرچى ئەمە ڕابردوویەكى كۆنى لە كولتوورە جیاوازەكاندا هەیە، ئەوا شێواندنێكى مێژووییە كە ئارەزووى فاشیستى، بەگوێرەى وێناى خۆى بۆ بڵندیى مرۆڤى ئەڵمانى-ئاریایى، بەرهەمى دەهێنێت. ئاخۆ ئەم نەفرەتە لەوانەى كە ناشیرین و دزێوى سەردەم و شوێنە جیاوازەكانن، جۆرێك سامناكیى نییە لەواندا كە ڕەنگە ببێتە مایەى هەستى “شكۆ” نەك حوكمى ئێستاتیكى، بە واتا كانتییەكەى ئەم دوو چەمكە؟ بۆچى پیرێژنانى جادووگەر سامناكن؟ ئەوان بەهۆى توانا جادووییەكەیانەوەیە سامناكن، یان بە پێچەوانەوە، جاودووەكەیان تەنیا تەنیا ئیزافەیەكى فانتازییە بۆ سەر ناشیرینییە شكۆدارەكەیان؟ ناشیرینى بە واتا بەرتەسكەكەى، واتە ناشیرینیی ڕوخسار و لەشولارى فیزیكى و هاوكات فەرهەنگى ڕەنگە لە سامناكى خاڵى نەبێت، بەڵام سامناكى بە واتاى ئەوە نییە بوونێكى مەترسیدارى هەیە؛ بە پێچەوانەوە كەسى ناشیرین بەردەوام لە مەترسیى بچووك و گەورەدا ژیاوە، هەر لە تەریقكردنەوەوە تاوەكو لەنێوبردن.

وەختێك ناشیرینى وەك جیاوازییەكى سامناك بۆ بەرهەمهێنانى ناشیرینى بخرێتە گەڕ، ئەوا ڕاسیزم و فاشیزم ڕەنگە بیگۆڕن بۆ “ژیانى ڕووت”

جوانى و ناشیرینى مرۆڤ لە هەر كولتوورێكدا جیاوازییەكى ڕێژەیى هەیە؛ جا تا ئەو كاتەى ئەم جیاوازییە ناكرێت بە بنەماى هەڵاواردنى فاشیستى و، ئارەزووە فاشیستییەكان خۆراكى خۆیانى پێ وەرناگرن، لە جیاوازیی كولتوورى و سەلیقە و حوكمى كولتوورى تێناپەڕێت؛ بەڵام وەختێك ناشیرینى وەك جیاوازییەكى سامناك بۆ بەرهەمهێنانى ناشیرینى بخرێتە گەڕ، ئەوا ڕاسیزم و فاشیزم ڕەنگە بیگۆڕن بۆ “ژیانى ڕووت”، بە چەمكە ئاگامبێنییەكەى، كە ژیانێكە شایەنى كوشتنە بەبێ ئەوەى بكوژەكەى بە تاوانبار دابنرێت؛ ئەمە بە واتاى قڕكردن و لەنێوبردنى بەكۆمەڵیشە كە لە ڕابردووى دوور و نزیكدا كارەساتەكانیمان بینیووە.

blank

Sartjee(the Hottentot Venus) London published as the Act directs Sept. 18. 1810. by Hendrik Ceza

 بۆ نموونە بە كۆیلەكردنى دورودرێژى ڕەشپێستەكان؛ لەنێوبردنی دانیشتوانە نەیتڤەكەى(زاگەیی) دوو ئەمریكاكە لەدواى گەیشتنى ڕەوى كۆڵەمبس؛ لەنێوبردنى بە كۆمەڵى جادووگەران لە سەدەكانى ناوەڕاستدا. ئەمەى كۆتاییان كە پەیوەستە بە وێناى پیرێژنانەوە وەك جادووگەر، لەوانەى لە فیلمەكاندا بەسەر گسكە فڕیووەكانەوە دەیانبینین، یانیش ئەوە پیرێژنەى سێوەكە دەدات بە كچە بەفرینەى لاى حەوت قەزەمەكە كە بە داخەوە ماچى ئەوان ناتوانێت جادووەكە بەتاڵ بكاتەوە. بەگوێرەى هەندێ گێڕانەوەى مێژووى ئەڵمانیا، لە سەدەى شانزەوە دواى زنجیرەیەك ڕاوەدوونان، جادووگەران لە چیاى برۆكن، كە لەنێو خەڵكدا بە Blocksbergناسراوە (Bergلە زمانى ئەڵمانیدا واتە چیا یان گرد) لە ویلایەتى زاكسن ئەنهالتى ئەڵمانیا كۆدەبنەوە، لە دەوروبەرى سەدەى حەڤدەدا و سەرەتاكانى سەردەمى مۆدێرنەدا، لەنێوبردنى جادووگەران دەگات بە دوا ڕادەى خۆى و لەو هەڵمەتەدا، تەنیا لە ئەڵمانیا، نزیكە 40 هەزار جادووگەر دەسووتێنرێن یاخود بە جۆرى جیاواز لەنێو دەبرێن؛ ئەم هەڵمەتە بە ڕاوەدوونان جادووگەرانHexenverfolgungen (یان سەركوتى جاووگەران) ناسراوە. لەنێوبردنى جووەكان لە سەدەى بیستدا تەنیا دواى ئەوە هات كە ماشێنى زەبەلاحى دەوڵەتى مۆدێرن، لە ئاستێكى بەرزتر و فەرمیدا، مەیلە دژە سامییەكانى لە ئارەزووى بەرهەمهێنانى پیسى و چەپەڵى لەویترى جوودا بەرهەم هێنایەوە. كوردەكانیش بە هەمان شێوە، هەر لە مەسعودییەوە تا ئۆردوگان بە پرۆسەى بە جنۆكەكردن و بە كێویكردندا براون، تەنیا بەو جۆرەیش بوو كە جینۆسایدیان لە قڕكردنى هەر میللەتێك ئاسانتر بوو.

قێزهاتنەوە لەم ناشیرینییە فاشیزم نییە، بەڵكو خۆى دژە فاشیزمە؛ واتە پێچەوانەى ناشیرینییەكە كە فاشیزم بەرهەمى دەهێنێت. ناشیرینى ڕاسیستێك، ناشیرینى ئەوروپییەكى كۆلۆنیالیست، ناشیرینى سەلەفییەك یان بانگخوازێكى تاریكخواز لەوێدا مایەى دزێواندن و بێزهاتنەوە، بەرەنگارى و ڕەتكردنەوەن كە خۆیان بەرهەمهێنەرى فاشیستانەى ناشیرینى لەوی تردان،

٦

ناشیرینى جیاوازە لە ناشیرینكردن. ئەمەى دووەمیان پرۆسەى شێواندنە و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت، بۆ نموونە شێواندنى ڕوخسارى كەسێك. ناشیرینكردن ئەوی تر لە ڕێگەى شێواندن و هەڵبەستن و داغكردن و مۆرلێدانییەوە دزێو دەكات، دەیكات بە دەعبا و دەعەجان، بەم واتایە دژ بە هەر بەرپرسیارێتییەكى ئەخلاقیشە بەرامبەر ئەوی تر، كە تێزى سەرەكى ئیمانوێل لێڤیناسە. هەموو تیۆرى ئەخلاقیى لێڤیناس دژ بە فاشیزم و نازیزم نووسراوە، چونكە ئەم دووانە ماشێنى بەرهەمهێنانى ناشیرینى بوون لەوی تردا، ماشێنى شێواندنى ڕوخسار و بزاوتى پشتكردنە ڕوخسار بوون. ئارەزووە فاشیستییەكان خۆیان بە دوو جۆر ناشیرینى بەرهەم دەهێنن: یەكەمیان دۆزینەوەى ناشیرینى لەوی تردا بەگوێرەى وێنەى باوى سەردەست، یان بەگوێرەى ئەدگارى زۆرینەى نەتەوەیەك لە وڵاتێكى دیاریكراودا؛ بۆ نموونە برەودان بە وێنەى مرۆڤى ڕەشپێست و ئەسمەر و قژڕەش وەك بوونەوەرى دزێو، لە بەرانبەر وێنەى مرۆڤى چاوشین و قژزەرددا وەك ڕوخسارى قەشەنگ و دڵڕفێن. لەبەر ئەمەیە كە لە كولتوورى مەسیحیدا عیسا هەرگیز وەك كەسێكى عیبرانى-ڕۆژهەڵاتى وێنا نەكراوە، بەڵكو كراوە بە پەیامبەرێكى ئەوروپییەكى چاوشین و قژزەرد. یان وێنەى ئیمامى عەلى لاى شیعەكان كە شێوەیەكى خەیاڵیى شازادەیەكى ئێرانیى پێدراوە بەو جۆرەى لە نەریتى وێنەكێشانى كۆنى فارسیدا هەیە. دووەمیان گەشەدان بە ناشیرینى لە ژیاندا، هێنانى دزێوى و قێزەونى بۆ نێو دونیا لە ڕێگەى بەرهەمهێنانى ناشیرینیى یەكەمەوە. بە دەربڕینێكى تر، وەختێك لە ڕێگەى خۆ-جوانكردنەوە ناشیرینى لەوی تردا بەرهەم دەهێنرێت، ئەوا كوشتنیشى وەك مومارەسەى ناشیرینییەكى مەعنەوى، وەك خراپەیەكى ڕیشەیى برەو دەستێنێت و ڕەنگە بەشى زۆرى دنیایش بخاتە نێو تاریكایى خۆیەوە. بەڵام ئەم دوو پرۆسە دوولایەنە تاكە شتێكە كە دەكرێت سوبێكتێكى مرۆیى یان نەتەوەیى بە شێوەیەكى ڕاستەقینە ناشیرین بكات. نازیزم هەر چۆن ئەدگار و وێنەى خۆى جوان بكات، هێشتا ناشیرینە، چونكە خۆى تەنیا ناشیرینى لێ دەوەشێتەوە. تیرۆریستەكان هەرگیز جوان نین، ئەگەرچى وەك تاك زۆر قۆز و سەرنجڕاكێشیش بن، چونكە تەنیا دەتوانن ناشیرینى، چڵكنى، تاریكى، زەلیلى و تووندوتیژى بەرهەم بهێنن. شاجوانێك یان خانمە مۆدێلێك، تەنانەت ئەگەر وەك پەرى خۆیشى با بدات، وەختێك تەنیا گەمژەیى پەخش بكاتەوە، ئەوا مرۆڤ بە بینینى پتر ڕەنگە تووشى هێڵنج ببێت. ئەم قێزەونییە جیاوازە لەوەى فاشیزم وەك قێزەون دەیناسێنێت. ئەوانەى بە ناشیرین وەسف دەكرێن، تەنیا بەهۆى ئەم وەسفەوە ناشیرین نابن، وەختێك هیچ ناشیرینییەك بۆ دنیا زیاد نەكەن، وەختێك جەللاد، تیرۆریست، نازى، چەوسێنەر نەبن. تەنانەت ئەگەر بە لاى هەندێكمانەوە ڕوخساریان ئارامبەخش و شیرینیش نەبێت، ئەوا هیچ زیانێكى مەعنەوى بە ئێمە ناگەیەنن، هیچ دزێوییەك كە وەك پەڵەیەك بلكێ بە ڕووى ژیانەوە بڵاو ناكەنەوە. بە پێچەوانەوە، ڕەنگە لە تیاژیان و پێكەوەبووندا زۆر جوانى مەعنەوى و تاقانە لەگەڵیاندا ئەزموون بكرێت. ئەمە پێچەوانەى ئەو ناشیرینییەیە وا تیرۆریستێك هەیەتى. ناشیرینیى تیرۆریزم، فاشیزم، بەعشیزم سامناك نییە، بەڵكو ترسناكە، سەدام حسێن كەسێكى كەشخە و قۆز بوو، بەڵام لووتبەرزێكى خۆپەرست و غولێكى ترسناك بوو. ئەم جۆرە ناشیرنییە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەوانی تر و هەندێجاریش بۆ سەر ژیان لە ڕێگەى نابوودكردنى خودى ژیانەوە. قێزهاتنەوە لەم ناشیرینییە فاشیزم نییە، بەڵكو خۆى دژە فاشیزمە؛ واتە پێچەوانەى ناشیرینییەكە كە فاشیزم بەرهەمى دەهێنێت. ناشیرینى ڕاسیستێك، ناشیرینى ئەوروپییەكى كۆلۆنیالیست، ناشیرینى سەلەفییەك یان بانگخوازێكى تاریكخواز لەوێدا مایەى دزێواندن و بێزهاتنەوە، بەرەنگارى و ڕەتكردنەوەن كە خۆیان بەرهەمهێنەرى فاشیستانەى ناشیرینى لەوی تردان، خەریكى دۆزینەوەى ناحەزیى ڕواڵەتیین بەگوێڕەى وێنەى ئایدیاڵى و پێوانەیى خۆیان بۆ جوانى. هاوكات ئەوان برەوپێدەرى نابوودیین لە ژیاندا لەسەر بنەماى ئەو بەرهەمهێنانەى ناشیرینی یەكەم. ئەمەیش وا دەكات ئەو جوانییەى كە خۆیان دەربارەى خۆیان بەرهەمیانهێناوە، ئەو قەشەنگییەى وا بە خۆیانەوە لكاندوویانەوە، بە تەواوەتى دزێو و قێزەون بێت. لە ڕاستیدا مرۆڤ شێوەى هەرچۆن بێت، پێویستى بەم خۆ-جوانكردن و ئەوی تر-دزێواندنە نییە تاوەكو جوان دەربكەوێت، هەر هێندەى ناشیرینى، دزێوى، تاریكى بە دنیا نەبەخشێت ئیدى دەشێت بە شێوەیەكى ئاسایى جوان و لەبەردڵان بێت.

blank

Donald Trump is the Ultimate Ugly American, Fair Observer, Oct 09. 2016

پەراوێزەكان:

[1]ویل دیورانت، قصة الحضارة، حياة اليونان، الجزء الثاني من المجلد الثاني، ترجمة: محمد بدران، دار الجيل، بيروت-تونس، د.س، ص225-226.

[2]فیكتور هیجو، الاحدب نوتردام، ترجمة: رمضان لاوند، المركز الثقافي العربي، دار الكتب للملايين، بيروت: 2007،  ص47.

[3]Amberto Ecco,On Ugliness, Translatedby Alastair McEwen, Published by Harvill Secker, London, 2007, P. 163

[4]Ibid, P.203.

[5]Oscar Wilde: The Picture of Dorian Gray, Edited by James Gifford, Published by McPherson Library, Special Collections University of Victoria, Canada, 2011, P.24.

[6]Ibid., P.113, 115.