من شیعر دەنووسم؛ کەواتە هەم!

ڕەنگە سەرەکیترین پرسیار کە لە سەردەمی ئێمەدا بەرەوڕووی شاعیرێک بکرێتەوە ئەمە بێت، کە بۆ شیعر دەنووسی؟ بۆیە دەڵێم لە سەردمی ئێمەدا؛ چوون پێشتر شیعر وەک تاقە مێدیۆمێک هەڵگرێ جەوهەرێکی مەعریفی و لە هەمان حاڵدا ئەرکێکی ڕووناکبیری بوو، بەڵام لە ڕۆژگاری ئێمەدا شیعر ئەم پێناسە کڵێشەییەی لە دەسداوە؛ بۆیە ئیتر هیچ شاعیرێک لەم چرکەساتە بە دواوە نە حەکیمە و نە ڕووناکبیر، بەڵکوو ڕۆحێکی سەرگەردانە و لە هەمان حاڵدا تاکێکی کاولنشینە کە لە کاری ئەزموون و بەرهەمهێنانی جوانی لە بیرکراوی جیهانێکە بێسەروشوێن. واتە شاعیر لە ڕێگوزەری زمان و بە نێوەنجی فۆرمەوە سەرلەنوێ واقیعکیتر دەخولقێنێت کە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی ئێمە لە ژیانی هەر ڕۆژەماندا دانووستانی لەگەڵ دەکەین. کەواتە تەنیا جۆرێک جنوون و سەرشێتی یان شەیدایی بە نسبەت سیحر و ئەفسوونی وشەکانەوە دەتوانێ پاڵنەر بێت بۆ ئەوەی تۆ لەم ڕۆژگارە بێ ڕۆحەدا ببیته شاعیر و لە ستایشی بێوێنەی جوانییەکاندا بنووسی. ئەو جوانییە شاراوەیە کە بووەتە قوربانی لە بەردەم شێوە ژیانی ماشینی و دەسکردی مرۆڤی مودێڕندا. لە ئەساسدا شێوازی مامەڵەکردنی ئێمە لەگەڵ ئەمری واقیع وەک بابەتێکی نگریس و قیزەون بە قوەڵی ڤیرجینیا وۆڵف؛ بەردەوام ڕێگر بووە لە بەردەم ئەمری فانتاستیک و خیاڵێکی بێ سنووری جوانیناسانەدا.

ڕاشکاوانە بڵێم: ورووژاندنی ئەم مژارە وەک پرسێکی جەوهەری دەبێ بە شێوازێکی تر گەڵاڵە بکرێ؛ من لەسەر ئەو بڕوایەم کە شیعر منی هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوەی ڕەنگە بێ بەری بوومە لە هەر هونەرێکی تر، لەبەر ئەوەی هەمیشە وەخت سەرسام بوومە بە جادووی وشەکان، لەبەر ئەوەی بەردەوام ویستوومە قودسیەت و شکۆمەندی بگەڕێنمەوە بۆ ئاقاری نەفیلێکراوی زمان وەک قەڵەمڕەوی هەبوون. رەنگە ئەگەر لەم جوگرافیا نەفرین کراوەدا نەژیابام یان ئەگەر دایکم شیعر و بەیتی زۆری لە بەر نەبا؛ بێگومان منیش بەرەو ئاقارێکی تر دەچووم؛ ئێسته جیا لەم ئێعترافە تاڵە، دەبێ بڵێم: من بوومەتە شاعیر لەبەر ئەوەی لە لایەکەوە بەرگەی تەوژمی ژان و ڕەنجی بێ سنووری ئەم ژیانە بگرم و لە لایەکی تریشەوە لە سەردەمی غیاب و هەرەسهێنانی مەعنادا، لە سەردەمی زاڵ بوونی بێ ئومێدی و ئێبتزاڵ و  دڵەڕاوکێیەکی وجوودیدا مانایەک بدۆزمەوە بۆ کۆی چرکەکانی ژیانم لە مەنزوومەی ئەم هەستییە بێهوودەدا.

 من دایکم زور خۆش دەوێت، بە حورمەتی دایکمەوە، زمانی دایکیشم بە هەمان ڕادە خۆش دەوێت، کەواتە شیعر نووسین لای من بەر لە هەموو شتێک ئەرکێکە ئەحلاقی بە نسبەت دایکمەوە و هاوکات بەرانبەر بە زمانی دایکیم. من لەسەر ئەو بڕوایەم کە تەنیا ژانرێکی وەک شیعر دەتوانێت عەزەمەت و شکۆی زمانی دایکیم دەرخات. من وەک تاکێکی کورد خۆم بە منەتباری زمانی دایکیم دەزانم و ئەم زمانە زۆر شتی بە من بەخشیوە کە شیعر نووسین لە ڕاستیدا  قەرەبووکردنەوەی بەشێک لەو شتانەیە کە دەسکەوتی زمانی دایکیمن.

شیعر دەنووسین تا لە هەوڵێکی سیزیفیدا ڕێز لە دوا پاشماوەکانی جوانی و هەقیقەت لە کەلاوەکانی ئەم دنیای پڕ شەڕ و شۆرەدا بگرین، تا حورمەتی وشەکان ڕاگرین

جیا لەمانەش کە تۆ شیعر دەنووسی، واتە ڕۆحی سەرگەردانی هەموو وشەکان ئێحزار دەکەی و بە وتەی کافکا، لە بەردەمیاندا ڕووت دەبیتەوە، لێرە تۆ لە چرکەساتێکی مەسیحاییدا، دەبیتە خولقێنەر، بە پێی یەکەم سفری عەهدی عەتیق کە دەڵێت: “سەرەتا هیچ نەبوو، سەرەتا هەر وشە بوو،  وشە لای خوا بوو، وشە خودی خوا بوو”، کەواتە لێرە شاعیر لەگەڵ ساحەتێک(پانتاییەک) بەرەوڕوو دەبێتەوە کە هەڵگری هەوێنێکی خواوەندییە. شاعیران لە دوو لاوە میراتگری جەبەرووتی خواوەندن، لە لایەکەوە کە وەک تاکێکی خولقێنەر دەردەکەون و بەردەوام خەریکی داهێنانن و لە لایەک تریشەوە ئەم ئافراندن و داهێنانە بە نێوەنجی زمان دێته ئەنجام. زمانیش وەک مەتریاڵێکی سەرەکی لە هونەری شیعردا بریتییە لە وشە و وشەش وەک پێشتر ئاماژەم پێدا دەلالەت لەسەر مەلەکووتی خواوەند دەکات. ئێمە شیعر دەنووسین تا لە هەوڵێکی سیزیفیدا ڕێز لە دوا پاشماوەکانی جوانی و هەقیقەت لە کەلاوەکانی ئەم دنیای پڕ شەڕ و شۆرەدا بگرین، تا حورمەتی وشەکان ڕاگرین، تا خوێنەر و بەردەنگمان لە کەشف و شهوودێکی شاعیرانەدا بەشدار کەین. کەوابوو ئێمەی شاعیر هیچ نین جگە لە کومەڵێک دەموچاوی خولیامەند کە بەردەوام سەودای چێکردنی چێژێکی ئەبەدیمان لە سەردایە بۆ ساڕێژکردنی زامە قووڵەکانی خۆمان لە لایەکەوە و هەروەها بۆ فەرامۆش کردنی ڕەنجی سامناکی بەردەنگی ئەم سەردەمە لە لایەک تریشەوە.

وەک چۆن مرۆڤ بە درێژایی مێژوو هەوڵی داوە کە سروشتی سەرکەش و دیاردە سروشتییەکان دەستەمۆ بکات، شاعیریش وەک کاراکتێرێکی داهێنەر هەوڵی ئەوە دەدات کە لە ڕێگوزەری نووسینی شیعرەوە، ڕۆحی یاخی و سەربزێوی زمان لینی و دەستەمۆ بکات.

لە کۆتاییشدا وەک دوا بڕگە دەبێ بڵێم زمانیش‌ وەک سروشت خەسڵەتێکی یاخی و سەربزێوی هەیە، وەک چۆن مرۆڤ بە درێژایی مێژوو هەوڵی داوە کە سروشتی سەرکەش و دیاردە سروشتییەکان دەستەمۆ بکات، شاعیریش وەک کاراکتێرێکی داهێنەر هەوڵی ئەوە دەدات کە لە ڕێگوزەری نووسینی شیعرەوە، ڕۆحی یاخی و سەربزێوی زمان لینی و دەستەمۆ بکات. شاعیر دەیەوێت بە نیشاندانی هێز و ئوتۆریتەی خۆی شکست بە زمان بهێنێ و لە کۆتاییدا بەسەر هەژموونی زماندا زاڵ بێت؛ بەڵام لە ئاکامدا ئەم شتە ڕوو نادات، بەڵکوو ئەمە خودی شاعیرە کە وەک سووژەی هەڵوەشاوەی شکست، دەست دەداته خۆکاولکەریی. بە شێوازێک کە دەتوانم بڵێم سەرچاوەی هەر چەشنە داهێنان و خولقاندنێک لای شاعێر وەک سوژەی شکست لە واقیعدا هەمان کرداری خۆکاولکردنە. ئەم ڕەوتەش سەرەتا بە دابڕان لە ئەمری واقیع ڕوو دەدات، شاعیر بە تێپەڕبوون یان نەفی کردنی بابەتی واقیع پەنا دەباتە بەر خیاڵێکی خولیایی، چوون لە پێشدا ئەم ڕاستییە دەزانێت کە ئەمری جوانی و بابەتی ستاتیکا تەنیا بە هەڵوەشانەوەی ئەمری واقیع لە زەین و زمانی ئەمدا ڕوو دەدات، بۆیە دەڵێم خیاڵی فانتاستیک و دابڕان لە ساحەتی ئەمری واقیع لای شاعیر، خاڵی دەسپێک و سەرەتای کرداری خۆکاوکردنێکە ئەبەدی کە ئەگەر ئەم شتە ڕوو نەدات شیعر وەک بەرهەمی دیالێکتیکی زمان و خەیاڵ و ئەندێشە، تەنیا لاسایی کردنەوەیەکی قیزەون دەبێت لە هەمان ئەمری واقیع. کەواتە من خۆم کاول دەکەم بۆ ئەوەی شیعر بنووسم، من شێعر دەنووسم، کەواتە هەم!