ژن و پیاو: پێکدادانی ڕەهەندە جێندەرییەکان

گفتوگۆ لەگەڵ لوسی ئیریگارای

لە ئینگلیزییەوە: بڕوا عەلادین


لوسی ئیریگارای لە ساڵی ١٩٣٠ لە بەلژیک لەدایکبووە، فەیلەسووف، زمانناس، دەروونشیکار و فێمینیستی فەڕەنسی بە ڕەگەز بەلژیکییە، لەم دیمانەیەدا قسە لەسەر جیاوازییەکانی نێوان ژن و پیاو دەکات.

لوسی ئیریگاری

جیاوازییەکانی نێوان ژن و پیاو چین؟

ئیریگارای: خەڵکانێکی زۆر لێم دەپرسن: کاتێک باسی جیاوازییە جێندەرییەکان دەکەیت، مەبەستت چییە؟ بێگومان قسەیەک هەیە کە دەڵێت کۆمەڵێک جیاوازیی بیۆلۆژیین، هەندێکی تریش دەڵێن کۆمەڵێک مۆرکەوێنەی جێگیرکراو (ستریۆتایپ)ی کۆمەڵایەتی یا کولتووریین، وەک ئەوەی کە سیمون دو بوڤوار بانگەشەی دەکرد. لێ من ڕام وا بوو کە مەسەلەکە بەو شێوەیە نییە، بەڵام خۆیشم نەمدەزانی کە بۆچی دەمووت وا نییە.  ئەوە بوو هەستام بە ئەنجامدانی هەندێک توێژینەوە لەسەر مناڵان، هەرزەکاران و پێگەیشتووەکان لە ڕێگای زمانەوە. من ڕام وا بوو کە جیاوازییەکە بە زۆری لە پەیوەندییەکانی نێوان نێر و مێ دایە. چونکە کاتێک تۆ بە جەستەیەکی مێیینەوە لەدایک دەبیت، ئەو جەستەیە توانایەکی پەیوەندیکردنی جیاوازتری هەیە بەراورد بە جەستەی نێرینەیەک. بۆ نموونە: کاتێک تۆ مناڵێک بە سکی خۆت هەڵدەگریت، مناڵێک لە ناوەوە و بە هەناوی خۆت هەڵدەگریت، هاوشێوەی هەمان ئەو دۆخە نییە کە ئەو مناڵە لەدەرەوەی خۆت هەڵبگریت (باوەشی بکەیت بۆ نموونە یا بیکەیتە کۆڵ). جیایە تۆ لەناوەوەی جەستەی خۆتدا خۆشەویستی دروست بکەیت، جیایشە ئەو سۆزە لەدەرەوەی جەستەی خۆت بێت. گەر من لە کۆمەڵێک مناڵ، هەرزەکار یان کەسی پێگەیشتوویش بپرسم: ڕستەیەکم بۆ بنووسن کە وشەی (لەگەڵ)[1] ی تێدا بێت، راستەوخۆ دەبینیت کە سوبێکتە نێرەکان ڕستەی لەم چەشنەت بۆت دەنووسن: ((من ڕستەکەم بە قەڵەمێک نووسی))[2]، یان ((من بە پایسکیلەکەم هاتم بۆ خوێندنگە))[3]. بەڵام گەر مێینەیەک بێت، ئەوا دەنووسێت: ((من ئەمشەو لەگەڵ کوڕەکەی هاوڕێمدا دەچمە دەرەوە))[4]، یان ((هەمیشە لەگەڵ تۆدا دەژیم))[5]. لەبەر ئەوە دەبینیت نێر زیاتر جەخت دەکاتە سەر ئەو شتە و ڕێژەکەی کە تایبەتە بە خۆی (من/ ئەوەی کە هی منە)، لە کاتێکدا مێیینە زیاتر چاوی لەسەر (من/ کەسێکی تر)ە. گەر کوڕێک بە جۆرێک لە جۆرەکان ناچار بوو باس لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ خەڵکی تردا بکات، گەر لێی بپرسم ڕستەیەکم بۆ بنووسە کە وشەی (پێکەوە)[6] ی تێدا بە کار بهێنیت، ڕستەیەک کە ناچار بێت خەڵکی تری تێدا بن، ئەوا یەکسەر خۆی دەخاتە ناو کۆمەڵێک کوڕی ترەوە ((من لەگەڵ هاوڕێکانمدا پێکەوە تۆپتۆپێن دەکەین))[7] یا ((لەگەڵ هاوڕێکانمدا پێکەوە دەچینە دەرەوە))[8]، تەنانەت گەرچی تۆزێک لە ڕووی ڕێزمانیشەوە دروست نەبێت، کەچی ئەو هەر خۆی دەلکێنێتەوە بە هەمان کۆمەڵە جێندەرییەکەی خۆیەوە و خۆی وەک یەک کەسی تەنها لەو گروپەدا دەبینێتەوە کە بە سەر بە خۆییان دەزانێت، لە کاتێکدا لایەنگیری مێینەکان زیاتر بۆ ئەوی ترە، خۆیان بە ڕەگەزەکەی ترەوە دەلکێنن و جەخت لە دووان بوون دەکەنەوە لە ڕستەکانیاندا نەوەک ئەوەی کە یەک تاکە کەس بن. وەک دەبینیت ئەم دوو جیهانە چوونیەک و هاوشێوە نین.

لەساڵی ٢٠١٣دا ژنان پێویستیان بە چ مافێکە کە هەیانبێت و بۆیان دەستەبەر بکرێت؟  

ئیریگارای: شت زۆر هەن کە دەبێت بکرێن. بەڵام من دەمەوێ سادەی بکەمەوە و تەنها سێ شت لەوانە باس بکەم کە زۆر گرنگن. تەنانەت لە فەرنسایش هەندێک کێشە هەر ماون، بۆ نموونە ئەو گرفتانەی پەیوەستن بە مەسەلەی لەباربردنی منداڵ و کێشەی سکپڕبوونەوە، چونکە ئەوەی کە مناڵێک بە سکی خۆت هەڵبگریت خۆی بەشێکە لە شوناسی مێینە، کەچی لە ڕاستیدا ئەو کۆرپەلە یا منداڵە ئەوەندەی سەر بە دەوڵەتە و بووە بە مناڵی دەوڵەت، نیو ئەوەندە هی دایکی نییە. بۆ نموونە دەبینین کە بە بۆنەی کۆنترۆڵکردنی ڕێژەی لەدایکبوونەوە، ژن هیچ سەربەستی و دەسەڵاتێکی نییە بەسەر جەستەی خۆیدا. هەر بۆیە پێویستە ژنان مافی ئەوەیان هەبێت کە مناڵ دروست نەکەن، هەروەها مافی لەباربردنی مناڵیشیان هەبێت، بە تایبەتی کە دۆخێک بێتە پێشەوە و تیایدا کۆرپەلەیەکی نەخوازراو بێتە بوون وەک بەرەنجامی پەیوەندی نێوان دوو کەس کە ناخوازن پێکەوە بژین و بمێننەوە.

کولتووری ئەمڕۆ نێرسالارانەیە بەتەنیا، ژن تا ئێستایش خاوەنی ئەو کولتوورە نییە و پێی نەگەیشتووە کە تەبا و پڕاوپڕ بە شوناسی خۆیەتی وەک مێیینە.

دووەم: زۆر کەس باسی یەکسانی دەکەن، لێ لە ڕاستیدا خودی یەکسانی بە چەشنێک ئاڵۆزە کە وەک تەڵەیەک وایە کە ڕەنگە  هەر دوو ژن و پیاویش پێکەوە بکەونە ناوی. قسەکردن لەسەر یەکسانی پەیوەستە بە باسکردنی یەکسانی لە موچەدا. لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر دوورە لە موچەی یەکسانەوە بۆ کاری یەکسان، چونکە من پێم وایە کە نابێت لە مەسەلەی پێدانی موچەدا، جیاوازی لەنێوان ڕەگەزەکاندا بکرێت، مەسەلەیەک کە هێشتا سووربوونێکی زۆر لەسەر یەکسانکردنەوەی بە موچەی پیاو، بوونی نییە.

سێهەم خاڵیش کە بەلامەوە زۆر گرنگە و کەمترین قسەی لە بارەوە نەکراوە، قبوڵکردنی کولتووری جیاوازە.  کولتووری ئەمڕۆ نێرسالارانەیە بەتەنیا، ژن تا ئێستایش خاوەنی ئەو کولتوورە نییە و پێی نەگەیشتووە کە تەبا و پڕاوپڕ بە شوناسی خۆیەتی وەک مێیینە. ئەوەی کە هەیە نابێتە مایەی گەورەبوون و گەشەکردنیان بەپێی پێویست. بەڵکو هێشتا هەر لە دۆخێکی پاشکەوتەدان. بەلای هەندێک فێمینیستەوە، یەکسان بوون بە پیاو، دوا خەونە کە بهێنرێتە دی، لێ بە ڕای من ئەوە خراپترین شتێکە کە لە ژنی داوا بکەیت تا یەکسان ببێت بە پیاو، چونکە وەک ئەوە وایە کە دەستبەرداری شوناسی خۆت ببیت.

لەناو مناڵاندا، کچان زۆر بە تواناترن لە کوڕان. بەڵام ئەوە کولتوورە کە خزمەتی تواناکانیان ناکات و ناخوازێت پێشتر بکەون. هەر بۆیە ناگەن بەو ئاستەی کە بە ڕاستی لە توانایاندایە و تەواو لەبارن بۆ ئەوەی پێی بگەن.

یەکسانی، جەنگێکی ساختەیە؟

ئیریگارای: دەترسم ئەوە تۆزێک دیماگۆژیانە بێت. چونکە ئەگەر هاتوو چەندە پیاومان هەیە، لە بەرانبەریشدا ئەوەندە ژنمان دانا، تا بمانەوێت کولتووری نێرسالاری بەهێز بکەینەوە، ئەوسا کەمتر ژن لە دەستدەین، بەڵام کام ژن، ئەوانەی کە دەتوانن شەڕی ئەو کولتوورە نێرسالارییە بکەن. ئەمە لە حاڵەتێکدا ئەگەر هاتوو تۆ کولتوورێکی فێمینیستیت نەبێت، واتە ئەوەی کە جمک – کولتوور بیت (هەم نێرسالار و هەم مێخوازیش)، کە دیارە ژنانێکی زۆر ئەمەیان هەیە، مەبەستم لە بوونی کولتوورێکی گرنگ و پێویستە بۆ وەرگرتنی ئاستی بەرزتر لە پلەوپایەدا. دیارە نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە بە درێژایی چەندین سەدە ڕێگە بە ژن نەدراوە کە بخوێنێت، ئەمە جگە لەوەی تازە بە تازە و لەو دواییانەدا ڕێگەمان پێدراوە کە بچینە زانکۆ. مەسەلەکە پەیوەندی بەوەوە نییە کە ژن توانای نەبووە بچێتە زانکۆ، چونکە من خۆم کارم لەگەڵ مناڵان کردووە و تێبینیم کردووە کە لەناو مناڵاندا، کچان زۆر بە تواناترن لە کوڕان. بەڵام ئەوە کولتوورە کە خزمەتی تواناکانیان ناکات و ناخوازێت پێشتر بکەون. هەر بۆیە ناگەن بەو ئاستەی کە بە ڕاستی لە توانایاندایە و تەواو لەبارن بۆ ئەوەی پێی بگەن. بە داخەوە، ڕەخساندنی ئەو هەلومەرجانەی کە وا دەکەن ژنان دەستیان بەو سەرچاوانە بگات کە یارمەتیدەریانە بۆ گەشەکردنی کولتووریی و گەیشتنیان بە پلەوپایەی گرنگ، هێشتا بوونی نییە. ئەوەیان پێویستی بە گۆڕانکارییە لە هزر و مێنتاڵتیدا تا باوەڕ بەوە بکەیت کە بوونی ژنانیش هاوشێوە و بە ئەندازەی بوونی پیاوان گرنگە. دەزانم کە ئەو گۆڕانە لە شەو و ڕۆژێکدا ڕوونادات، بەڵام ئەوەیشی کە ئێستا هەیە و بەردەستە، بەس نییە.

هەستت چییە بەرامبەر بە بوونی ژنێک بە سەرۆکی فەرەنسا؟

ئیریگارای: گەر توانی هەر وەک ژنێک بمێنێتەوە، وەک ژنێک خۆی پەروەردە بکات و بایەخ بە چەسپاندن و گەشەپێدانی بەها مێینەییەکان بدات، دیارە بەبێ فەرامۆشکردنی هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ پیاودا، جا بەها جیاوازەکانیان بێت یا پێکەوەژیان و هاوبەشیکردنیان بێت لە جیاوازییەکانیاندا، ئەو کات لە ناخی دڵمەوە هیوای بۆ دەخوازم و دەڵێم بەڵێ: بەڵی بۆ سەرۆکێکی ژن لە فەرەنسا.

ژنان زیاتر لەبار و بەتواناتر بوون بۆ سەقامگیرکردنی بەهاکانی دڵسۆزیی و پەیوەندییە گەرموگوڕەکان لەنێوان کەسان و کۆمەڵەکاندا،

مەبەستت لە کام بەهایانەیە بۆ ژنی ئەمڕۆ؟  

ئیریگارای: جارێ سەرەتا با ئەوە بڵێم کە من باوەڕم وایە ژن زیاتر ڕێزی ژیان دەگرێت. جا گەر ژیان خۆی بێت یان ژینگە و ئەتمۆسفێری ژیان بێت، ژن ڕێزی زیاتری بۆی هەیە. دواجار ئێمە لەمڕۆدا، تازە لە سەرەتاوە دەستمان پێکردۆتەوە تا بەیەک دنیا ناکۆکی جۆراوجۆرەوە بایەخ بە گرفتە ئیکۆلۆژییەکان بدەین، چونکە تا ئەو کاتەی نابنە بەربەست لە بەردەم پارە پەیداکردنماندا، دەمانەوێت بەشداری لە بایەخدان بە ژینگەدا بکەین، ئەمەیش بۆ خۆی بەهایەکە کە لە مڕۆکەدا ژنان دەتوانن بیچەسپێنن و پێشی بخەن. مەبەستم لە ڕێزگرتنە لە ژیان و ئەو ژینگەیەیشی کە ژیان دەپارێزێت. پاشان شتێکی تریشمان هەیە بە ناوی میواندۆستی و مامەڵەکردنی دۆستانەی ئەوانی ترەوە کە خۆی لە بنچینەدا کولتوورێکی فێمینیستیانەیە، میواندۆستیی فێمینیستی جیاوازترە لەوەی کە پێشتر هەبووە. لەمڕۆدا تۆ بۆ ئەوەی بتوانیت هاوکاری هەژاران بکەیت دەبێت بە مانای تەواوی وشەکە بەخشندەتر بیت و دەستودڵت فراوانتر بێت، لێ بیرۆکەی دۆستایەتی و میواندۆستی، جاران باشتر بوو، چونکە هەموو مرۆڤەکان لە پەیوەندییەکی دۆستانەی دوولایەنە و ئاڵوگۆڕکارانەدا بوون لەگەڵ یەکتری، کە بە باوەڕی من زۆر تایبەتمەند و سوودبەخشە، چونکە گەر من هاتبێتم بۆ وڵاتەکەی تۆ و وەک دۆست و میوانێک ڕاتگرتبێتم، منیش کە تۆ هاتبیتە وڵاتەکەم هەمان میواندۆستی و خزمەتکردنم وەک قەرزێک لە ئەستۆم، نیشانداویتەتەوە. ئا لەبەر ئەوەیە کە پێم وایە ژن دەتوانێت دۆستایەتی زیاتر وەک بەها ببەخشێت نەوەک بەهاکانی لەسەر بنەمای هیرارکی (پلەبەندیی دەسەڵات) یا پەیوەست بە پارەوە، دامەزرابن. ئەمە سەرباری ئەوەی کە بەهای نزیکایەتیشمان هەیە کە هەر تایبەتە بە ژنان، چونکە بە داخێکی زۆرەوە، بەوەی کە زیاتر پێوەند/پەیوەست و کابانی ماڵ بوون وەک ترادسیۆن، ژنان زیاتر لەبار و بەتواناتر بوون بۆ سەقامگیرکردنی بەهاکانی دڵسۆزیی و پەیوەندییە گەرموگوڕەکان لەنێوان کەسان و کۆمەڵەکاندا، شتێک کە لە مڕۆدا زۆر پێویستیمان پێیەتی تا گفتوگۆی بکەین و بەهۆیەوە بتوانین لە کولتوورەکانی تر تێبگەین. ئێمە پێویستمان بەوەیە کە دووبارە بەدوای ڕەچەڵەک و ڕەگوڕیشەی دڵسۆزیی و گەرموگوڕیی مرۆڤەکاندا بگەڕێێن و بزانین چین. چونکە گەر تۆ لەمڕۆدا گوێ لە زۆربەی ئەو ئاخاوتن و وتانە بگریت کە گوایە پێشکەوتنخوازانەن، دەبینیت هەر هەمان ئەو بەهایانەن کە سەرچاوەکەیان ژنە. بە ڕای من بۆ ژن وا باشترە کە لە ماڵ بێتەدەرێ تا بتوانێت ئەو بەهایانە بە ناو ئەو کەسانەدا بڵاوبکاتەوە کە نییانە. بە تایبەتی ئەوانەی کە زۆر سادە و سروشتین و زۆر پێویستیان بە کولتوور و ڕۆشنبیرییە.  

پەراوێزەکان:


[1] With. دیارە ئەم وشەیە مانای زۆر جیاوازی هەیە لە ئینگلیزیدا، بۆ نموونە بە ماناکانی وەک: لەگەڵ، بە، لای، و..هتد یش بەکاردێت، بەڵام مەبەستی ئیریگارای لەنووسانی نێرینەوە تەنها بەو مانایەوە کە زیاتر (بە) یە نەوەک (لەگەڵ) وەک ئەوەی لای مێینە دەیبینین. و.ک.

[2] I wrote the sentence with a pen.

[3] I came to school with my bike.

[4] I’ll go out tonight with my boyfriend.

[5] I’ll always live with you.

[6] Together.

[7] I play football, together, with my friends.

[8] I go out, together, with my friends.