دیووه شكۆمه‌ند و دزێوه‌كانی مه‌رگ:
شه‌هید، خۆكوژ، فیداكار !
به‌رایی
كه‌سانێك هه‌ن كه نایانه‌وێت بێهوده و له خۆڕا بمرن و هه‌روا بكوژرێن، به‌ڵكو مه‌رامیان له مه‌رگی خۆیان دروست كردنی نموونه‌ی ئیدیاڵه بۆ پاش خۆیان، خوڵقاندنی چه‌شنێك له مۆدێلی باڵایه تا ئه‌وانی تر چاوی لێبكه‌ن. ئه‌و چه‌شنه مرۆڤانه نایانه‌وێت پاش مه‌رگی خۆیان به ته‌نها لاشه‌یه‌كی مردوو بن، خوێنێكی ڕژاو یان ته‌رمێكی نێژراو بن و به‌س، به‌ڵكو خه‌میانه كه له میمۆریاڵێك، په‌یكه‌رێك یان گۆڕێك زیاتر بن: ئه‌وانه ده‌یانه‌وێت شه‌هید بن! به‌ڵام ئایا شه‌هید خۆی چییه؟
شه‌هید چ په‌یوه‌ندییه‌كی به جه‌سته و به‌خشینی گیانه‌وه هه‌یه؟ جیاوازییه‌كانی نێوان شه‌هید و گیانفیدا و خۆكوژ و گیانبه‌ختكردوو چین؟ ئایا شه‌هید جه‌سته‌یه‌كه به‌ختكراو یان جۆرێكه له شاهیدی دان به خودی خوێن خۆی بۆ كێشه‌یه‌ك یان مه‌سه‌له‌یه‌كی پیرۆز؟
ئه‌نگێزه‌ی سه‌ره‌كی (میشێل ئاسار) له‌م كاره‌یدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خولیای وروژاندنی پرسیارگه‌لێك ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان مه‌رگ و كه‌سی مردوو خۆی، به‌و مانایه‌ی چ كۆنتێكستێكی مێژوویی یان سیاسیی و ئاكاریی وا ده‌كات مه‌رگێك ئاسایی بێت، مه‌رگێكیش شكۆمه‌ندانه و لوتبه‌رزانه؟
بۆچی مه‌رگێك هه‌یه جوامێرانه‌یه، مانادار و سرووشبه‌خشه بۆ نه‌وه‌كانی پاشتر، مه‌رگێكیش هه‌یه پوچ و بێ‌نرخ و تریڤیاڵ: مه‌گه‌ر مه‌رگ، هه‌ر مه‌رگ نییه؟
ئاسار (كه خۆی پڕۆفیسۆری بواری مێژووی ئایدیاكانه له زانكۆی یۆتۆبۆری ـ سوید) پێناسه‌یه‌كی ئاماده و دیاریكراوی بۆ شه‌هید خۆی نییه، به‌ڵكو پتر له‌سه‌ر ئاستێكی مێژوویی ده‌خوازێت ڕووپێوێكی كۆی پێناسه جیاواز جیاوازه‌كانی چه‌مكی شه‌هید بكات تاوه‌كو له گۆڕانی ده‌لاله‌ت و مانا و شێوازه‌كانی گیانبه‌ختكردنیاندا لێكیان جیابكاته‌وه.
له شاهیدی ڕاستییه‌وه بۆ شاهیدیدان به خوێن
ڕیشه ئێتیمۆلۆژییه‌كان
به مه‌به‌ستی ڕه‌واندنه‌وه‌ی هه‌ندێك ته‌مومژی سیاسیی و ئایدیۆلۆژی بۆ چه‌مك و وێنه‌ی شه‌هید، ئاسار وه‌ك مێژوونووسێك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بنچینه و ڕیشه ئێتیمۆلۆژییه‌كانی وشه‌كه تاوه‌كو تیشكێك بخاته سه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی مانا و كۆنتێكسته‌كانی. وشه‌ی شه‌هید له بنه‌ڕه‌تدا گریكییه (Martys) ه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چاوگی (Martyros) كه به مانای شاهید دێت، شاهیدی ڕووداوێك، بۆ نموونه هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه شاهیدی له‌سه‌ر دادگاییه‌كه‌ی سوكرات ده‌ده‌ن پێیان وتراوه (Martys) ، به‌ڵام دواجار ترادسیۆنی مه‌سیحی دێت و گۆڕانكاری له خودی چه‌مك و فه‌رمانی وشه‌كه‌یشدا ده‌كات: ئیدی (Martys) به ته‌نها ئه‌و كه‌سه نییه كه به چاوی شاهیدی ده‌دات، به‌ڵكو شاهیدیشه به خوێن.
شه‌هیدیشه، به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر زۆر باوه‌ڕت به ڕاستییه‌ك هه‌یه ده‌بێت ئاماده بیت له سه‌ریشی بكوژرێیت و شه‌هید بیت، تا خه‌ڵكی بتوانن زیاتر بڕوا به ڕاستی و دروستی دۆزه‌كه‌ت بكه‌ن! ئا له‌م چركه‌ساته‌وه شاهیدی به چاو ده‌گۆڕێت بۆ شاهیدی به خوێن؛ واته ئاماده بیت خوێنت له‌سه‌ر ڕاستی ڕووداوێك، بیروباوه‌ڕێك یان ئایدیۆلۆژیایه‌ك بڕژێت و ڕۆحت فیداكه‌یت. بێهوده نییه كه له زمانی عه‌ره‌بیشدا وشه‌كه (شهید) وه‌ك سه‌رچاوه گریكییه سه‌ره‌كییه‌كه هه‌مان بنچینه و سه‌رچاوه (شهد)ه‌ی هه‌یه، به‌ڵام جیاوازییه‌كه ئه‌وه‌یه كه به حوكمی فه‌رهه‌نگی زاڵی كولتووری ئیسلامی (استشهاد) وه‌ك پڕۆسه‌ی شه‌هیدبوونه‌كه وه‌ك له فه‌رهه‌نگه زمانه‌وانییه عه‌ره‌بیه‌كاندا هاتووه، پتر شه‌هید بوونه له ڕێی خوادا و به‌و كه‌سه‌یش ده‌وترێت (مجاهد)، واته جیهاد له پێناوی خودا، ته‌نانه‌ت له كولتووری ئیسلامی‌دا شه‌هید ناشۆردرێت، هه‌ر به خوێن و جه‌سته كوژراوه هه‌لاهه‌لابووه‌كه‌یه‌وه وه‌ك خۆی ده‌نێژرێت.
دیاره زمانی كوردییش هیچ وشه‌یه‌كی په‌تی كوردی و خۆماڵی بۆ شه‌هید نییه و هه‌مان وشه‌كه به مانا ئیسلامی و عه‌ره‌بیه‌كه بۆ هه‌ریه‌كه له شاهید و شه‌هیدیش به كار ده‌بات، كه ئه‌مه‌ش بۆ خۆی لای من شایه‌نی تێڕامانه، چونكه كولتوورێكه غه‌رقی خوێنی وه‌ك كولتووری ئێمه ماقوڵ نییه كه وشه‌یه‌كی پڕ به پێستی ئه‌و ڕۆڵه نییه، له كاتێكدا سه‌رله‌به‌ری مێژووه‌كه‌ی قه‌رزاری ئه‌و كه‌ره‌سته‌یه‌یه و به‌بێ ئه‌و وزه‌یه (شه‌هید) ناژی!
چه‌شنه‌كانی شه‌هید
شه‌هید وه‌ك توندڕه‌و، وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی كه نایه‌وێت شه‌هید بێت، به ڕای ئه‌م بیریا‌ره شه‌هید چه‌مكێكی نه‌گۆڕ نییه، سنووره‌كانی دیار نین و سات به سات، ئایدیۆلۆژیا به ئایدیۆلۆژیا و كێشه به كێشه ده‌گۆڕێن، به‌ڵكو پتر وابه‌سته‌ی ویستی ئه‌و گروپه‌یه بۆ شه‌هید كه خۆی پێویستی پێیه‌تی، جا ئه‌و گروپه ئایینی بێت، سیاسی بێت یان شۆڕشگێڕانه و.. هتد.
بۆ (ئاسار) گرنگه كه بزانێت ئایا شه‌هید ئه‌و كه‌سه‌یه كه له پێناوی هه‌قیقه‌تدا ده‌كوژرێت (وه‌ك نموونه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی كه له كاره‌كته‌ری سوكراتدا به‌رجه‌سته ده‌بێت)، دۆخێكی ته‌واو باوه‌ڕدارانه و ئایینییه (وه‌ك له نموونه‌ی مه‌سیحدا ده‌یبینین)، یان چه‌شنێكه له قوربانی شۆڕشگێڕانه (به‌و شێوه‌یه‌ی كه نموونه سیاسییه‌كه‌ی له كه‌سایه‌تی گیڤارادا به‌رجه‌سته ده‌بێت).
ڕایه‌ك هه‌یه كه پێی وایه شه‌هید و شه‌هاده‌ت شتێك نین بتوانین وا به ئاسانی جیایان بكه‌ینه‌وه له توندڕه‌و‌یی خۆی، به‌و مانایه‌ی كه باسكردن له شه‌هاده‌ت واته ڕاسته‌وخۆ قسه‌كردن له چه‌شنێك مرۆڤ كه ئاماده‌یه خۆی به كوشت بدات: مرۆڤێك كه پێی وایه مه‌رگ به نرختر، چێژبه‌خشتر و گرینگتره له خودی ژیان خۆی!
به بڕوای ئاسار دوو چه‌شن له شه‌هید بوون هه‌ن كه پێویسته لێكیان جیایان بكه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م، شه‌هیدبوونێك هه‌یه فه‌نه‌تیك و توندڕه‌وانه‌یه، شه‌هیدبوونه له‌سه‌ر بنه‌مای هۆشیارییه‌كی دیاریكراو به مه‌سه‌له و ئایدیایه‌كی ستراتیژی، شه‌هیدبوونێكی هۆشیارانه و به مه‌به‌سته. دووه‌م، چه‌شنێكی دیكه‌یه له شه‌هیدبوون كه مرۆڤ بێ ویستی خۆی دووچاری دێت، بۆ نموونه سه‌ربازێك كه له جه‌نگێكدا ده‌كوژرێت، مه‌رج نییه باوه‌ڕی به‌و جه‌نگه و ڕه‌وابوونی هه‌بووبێت، لێ ئه‌وه ده‌وڵه‌ت، شۆڕش یان نه‌ته‌وه‌یه كه پێویستی به‌وه وه‌ك شه‌هید، تا دواتر هه‌م وه‌ك یاده‌وه‌ریی و هه‌م وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌ك له به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌وایه‌تی و هاوسۆزی خه‌ڵكدا بۆ خۆی و مه‌سه‌له‌كه‌ی (بێگومان نموونه‌ی ئه‌م شه‌هیده ناراسته‌وخۆیانه له ژیانی سیاسی ئێمه‌دا زیاترن) به كاری بهێنێت.
به مانایه‌كی دی، ده‌شێت شه‌هید ئه‌و كه‌سه‌یش بێت كه نایه‌وێت یان نه‌یویستووه بمرێت و خوێنی بڕژێت، شه‌هید وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی كه نایه‌وێت شه‌هید بێت. ئه‌م چه‌شنه مرۆڤانه كه نائاگا و بێ ویستی خۆیان ده‌بن به شه‌هید، شه‌هیدبوون لایان نه مه‌به‌سته و نه ئامانج، به‌ڵكو دنیای دوای خۆیان ده‌یانكات به شه‌هید، هه‌ر بۆیه مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی كه شه‌هید بوو به توندڕەو و فه‌نه‌تیك ناوی ببه‌ین، چونكه بۆ هه‌ندێك ئامانجه و بۆ زۆربه‌ی زۆری شه‌هیده‌كانیش دۆخێكه نه‌خوازراو و به ڕێكکه‌وت و له گه‌مه‌ی سیاسیی‌دا تێی ده‌كه‌ون و ده‌بنه سووته‌مه‌نی.
شه‌هاده‌ت و ترادسیۆنی لاساییكردنه‌وه‌ی مه‌سیح (Imitiato Christi):
[تاوه‌كو خۆم به چاوی خۆم جێی بزماره داكوتراوه‌كان به‌سه‌ر ده‌ست و مه‌چه‌كییه‌وه نه‌بینم، تاوه‌كو په‌نجه نه‌ژه‌نمه زامه‌كانی و برینه‌كه‌ی سه‌ر سنگی، باوه‌ڕ به زیندووبوونه‌وه‌ی ناكه‌م وته‌ی (تۆماسی گومانكار) یه‌كێك له هاوه‌ڵه‌كانی مه‌سیح پاش ده‌نگۆی زیندووبوونه‌وه‌ی…]
ئه‌وه‌ی كه زیاتر ئاسار مه‌به‌ستیه‌تی لێی بكۆڵێته‌وه شه‌هاده‌ت و شه‌هیده له مێژووی خۆرئاوادا وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی مێژوویی درێژ و یه‌كانگیر و جارجاریش پچڕپچڕ، كه ئه‌گه‌ر چی پتر گرێدراوی كه‌له‌پوری كاتۆلیكییه، به‌ڵام نموونه‌كانی له دونیای مۆدێرنیشدا كه‌م نین. به‌پێی ئاماره‌كانی كه‌نیسه‌ی كاتۆلیكی هه‌رگیز مێژووی مه‌سیحیه‌ت ئه‌و ئه‌ندازه زۆره له شه‌هیدی به خۆوه نه‌بینیووە وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌یبینین (بێگومان لێره‌دا هه‌موو ئه‌وانه‌یش به شه‌هید ئه‌ژماركراون كه بێ ویستی خۆیان شه‌هید بوون، بۆ نموونه له جه‌نگه‌كاندا: جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م و دووه‌م). به‌ڵام چه‌شنێكی دیكه له شه‌هیدبوون هه‌یه كه پتر په‌یوه‌ستی بزوتنه‌وه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كانه، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه خۆیان ده‌ته‌قێننه‌وه. (ئاسار) ڕای وایه ئه‌م چه‌شنه شه‌هاده‌ته‌ی توندڕه‌وی ئیسلامی پتر دۆخێكی سیاسییه و وابه‌سته‌ی خه‌ونی سیاسییه نه‌وه‌ك ئایینی.
مه‌سیح وتویه‌تی؛ ئه‌وه‌ی هه‌مان ڕێگه‌ی من له شه‌هیدبووندا نه‌گرێته به‌ر، نكوڵی له باوه‌ڕ و بڕوای به په‌یامه‌كه‌م، ده‌كه‌م. بۆ مه‌سیح گرنگترین شت نیشاندانی (هه‌ستی خۆقوربانیكردنه) له پێناوی باوه‌ڕدا، باوه‌ڕێك تا نه‌مر بێت، ده‌بێت خوێنی ڕژاو بۆی به‌رده‌وام فواره بكات و نه‌زیفێك هه‌بێت به‌بێ وه‌ستان. مه‌سیح شه‌هاده‌ت و نه‌مری ده‌كاته یه‌ك چه‌مك و هاومانا و هاوبه‌ها كه به‌هۆیه‌وه نه‌ك هه‌ر خودی كه‌سه‌كه، به‌ڵكو مه‌سیح خۆیشی نه‌مر ده‌كه‌یت، به‌وه‌ی كه هه‌مان ڕێڕه‌وی ئه‌و ده‌گریته به‌ر.
به‌ڵام ئایا شه‌هیدی ڕاسته‌قینه‌ی مه‌سیحی هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه كه له‌سه‌ر مه‌سیحیه‌ت و بایبڵدا خوێنی ده‌ڕژێت؟ تیۆلۆژیستێكی وه‌ك سیپریانۆس (Cyprianus) ڕای وایه كه ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌وێ به شه‌هیدی مه‌سیحی ئه‌ژمار بكرێت ده‌بێت لانیكه‌م دوو خه‌سڵه‌تی تێدابێت: هه‌م مه‌سیحی بێت و هه‌م له پێناوی كه‌نیسه‌یشدا خوێنی ڕژابێت!
شه‌هیدبوون له پێناو خاكی دایك
(Pro Patria Mori)
ئایا شه‌هیدبوون وابه‌سته‌ی به‌هایه‌كی ترانسێندنتاڵ و باڵانمایه، واته به ته‌نها گرێدراوی چه‌مكه‌كانی وه‌ك خودا، به‌هه‌شت، ئه‌و دنیا و.. هتده؟ ئایا هه‌میشه ڕیشه ئاسمانییه‌كانی شه‌هاده‌تن كه وا له مرۆڤێك ده‌كه‌ن قوربانی به دۆخ و ژیانی سه‌رزه‌مینی بدات، یا به‌ها زه‌مینییه‌كانیش كه‌متر و بێنرختر نین له‌و مانا و ئه‌ركه بانزه‌مینییانه؟
لای ئاسار شه‌هاده‌ت به ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به ئایینه‌وه، به‌ڵكو چه‌ندین چه‌شنی دیكه‌مان له شه‌هیدبوون هه‌ن و له دیارترینیان شه‌هیدبوونه له پێناوی خاكی دایك، شه‌هیدێكی ترادسیۆنالی شۆڕش یان شه‌هیده‌كانی بیری نه‌ته‌وه‌یی (ناسیۆنالیزم). ئاسار ده‌یه‌وێت بڵێت هه‌میشه شتێك هه‌یه وه‌ك ئایدیا كه مرۆڤ بیه‌وێت له پێناویدا بمرێت و شه‌هید بێت، لێ مه‌رج نییه ئه‌و شته بوونێكی ترانسێندتنتاڵ و باڵانما بێت وه‌ك به‌هه‌شت یان خوا بۆ نموونه، به‌ڵكو ده‌شێت ژیانی هاوبه‌ش، به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش یان خه‌ونی هاوبه‌شی مرۆڤه‌كانیش بێت.
ڕۆژنامه‌نووسان: كۆپیه فه‌لسه‌فییه‌كانی شه‌هید له دونیای هاوچه‌رخدا
له مێژووی دێرینی بیری خۆرئاوادا سوكرات هه‌یه وه‌ك ترادسیۆن كه شه‌هیدی ڕێگه‌ی هه‌قیقه‌ت و ڕاستییه و پێی وایه كه فه‌یله‌سوف له خراپترین دۆخه‌كاندا ده‌بێت ئاماده بێت خۆی بكاته قوربانی، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌رده له‌سه‌ر شتێكی نه‌زانراو یان هه‌قیقه‌تێكی شاراوه هه‌ڵبماڵێت، به ڕای ئاسار كه‌له‌پوری سوكراتی نه‌ك كۆتایی نه‌هاتووه، به‌ڵكو له دۆخه زۆر زیندوو، ئاكتیڤ و گه‌رمبازاڕییه‌كه‌ی خۆیدا!
شەهیدانی قەڵەم؛ رۆژنامەنووسان سەردەست عوسمان و سۆرانی مامەحەمە
دیاره نموونه مۆدێرنه‌كانی مۆدێلی سوكراتی وه‌ك شه‌هید له پێناوی هه‌قیقه‌تدا ڕۆژنامه‌نووسه‌كانن كه ڕیسك به ژیانی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن تاوه‌كو بتوانن هه‌قیقه‌تی دۆخێك یان قه‌یرانێك ده‌ربخه‌ن، تا به‌هۆی گیانخستنه مه‌ترسییه‌وه كه‌یسێكی گه‌نده‌ڵی یان هه‌ر چه‌شنه ئایرۆنییه‌كی ناو كایه‌كانی سیاسه‌ت و ئابووری و په‌روه‌رده دیاربخه‌ن .
بۆ نمونه ئاسار نموونه‌ی چه‌ندین رۆژنامه‌نووس ده‌هێنێته‌وه كه له پێناوی كاره‌كه‌یاندا بوون به قوربانی و وه‌ك شه‌هیدی ڕێی هه‌قیقه‌ت ده‌بینرێن: رۆژنامه‌نووسانی وه‌ك ئانا پۆلیتخۆڤسكای ڕوسی، ستیڤن بیكۆ له ئه‌فریقای باشوور، ڤیكتۆر خارا له چیلی، سه‌میر قه‌سیر له لوبنان و چه‌ندانی تر)، بێگومان كۆپییه زیندووه‌كانی ئه‌م چه‌شنه شه‌هیده له ژیانی هاوچه‌رخی خۆماندا كه‌م نین: سۆرانی مامه‌حه‌مه، سه‌رده‌شت عوسمان، كاوه گه‌رمیانی… هتد!
پاداشته‌كانی شه‌هید له به‌هه‌شتدا
شۆڕشی فه‌ره‌نسی و تێگه‌یشتنی سێكیولار بۆ شه‌هید
یه‌كێكی تر له نموونه‌ی مانا ئایینییه‌كانی شه‌هید دیسان به‌ستنه‌وه‌یه‌تی به مانا تیۆلۆژی و میتافیزیكییه‌كانییه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌ناو جه‌رگه‌ی دروشمه‌كانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی خۆیشیدا. ئاسار ڕای وایه كه ته‌نانه‌ت سیستمێكی سێكیولاری وه‌ك ئه‌وه‌ی كه شۆڕشی فه‌ره‌نسی خولیای بونیادنانی بوو، خاڵی نییه له مۆدێله ئایینییه‌كه‌ی شه‌هید، شه‌هید وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی نه‌مر كه خۆی له پێناوی ئێمه‌دا به‌ختكردووه. له‌م به‌شه‌ی كتێبه‌كه‌دا ئاماژه به گفتوگۆ و مشتومڕه‌كانی ڕۆبسپێر و هاوه‌ڵه‌كانی ده‌دات و پێیوایه، كه به ته‌نها بوونی كێلێك، چه‌تر و تاجه‌گوڵینه‌یه‌ك بۆ شه‌هید به‌س نییه، واته ناكرێت شه‌هید وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی تری ئاسایی یاد بكرێته‌وه و له گۆڕستان تێكه‌ڵ به هه‌موو ئه‌و مردووانه‌ی تر ببێت كه له‌به‌ر هۆكارێك له هۆكاره‌كان گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌ڵكو هه‌میشه پێویسته جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ینه‌وه كه شه‌هید نه‌مره، له‌و دنیایش نه‌مره، به به‌رده‌وامی ده‌ژی و له یاد ناچێته‌وه. له شۆڕشی فه‌ره‌نسییه‌وه ئیدی بایه‌خدان به مه‌زنكردن و شكۆداركردنی شه‌هید ده‌بێته پڕۆژه‌یه‌كی مه‌به‌ستداری ئه‌نقه‌ست كه به‌رده‌وام بۆ مۆبه‌لایزی شوێنكه‌وتووان له ئایینده‌دا به كار ده‌هێنرێته‌وه. ئیدی شه‌هید ماده‌یه‌كی ستۆك و مردوو نییه و له دۆخێك‌دا بۆ گه‌یشتن به ئامانجێك پێویستمان پێی بووبێت و به‌س، شه‌هید داشێكی خوراو نییه له داشه‌كانی شه‌ترنجێكی سیاسی، به‌ڵكو هه‌میشه شوناسێكی كراوه‌یه و ده‌كرێت به‌رده‌وام به مانا و نیشانه‌ی نوێ بارگاوی بكرێته‌وه.
فابریكی شه‌هاده‌ت؛ من و تۆی به‌رده‌وام قه‌رزار
((ئێمه قه‌رزاری شه‌هیده‌كانین، ئه‌وان له دڵی ئێمه‌دان))
کاڕل ماركس
شه‌هید شه‌هید ده‌خاته‌وه، شه‌هید شه‌هیده فانتازی و دیمه‌نه بیرلێنه‌كراوه و ئه‌گه‌ر نه‌كراوه‌كان به دوای خۆیدا ده‌هێنێت، واته زنجیره‌به‌ندییه‌ك له شه‌هاده‌ت كه بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ر ئایدیا و ئایدیۆلۆژیایه‌ك گرنگن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و لافاوی خوێنه نه‌وه‌ستێت، ئه‌و خوێنه موقه‌ده‌س و پیرۆزه كه‌فوكوڵی هه‌بێت، بڕژێت و بڕژێت و به به‌رده‌وامی له‌سه‌ر داروبه‌رد و بست به بستی خاكێك ببریسكێته‌وه، پێویسته فابریكی شه‌هاده‌ت له‌گه‌ڕ نه‌كه‌وێت.
لێره‌دا ئاسار پێداگری له‌سه‌ر چه‌مكی یاده‌وه‌ری و نه‌مركردن و پیرۆزكردنی یاده‌وه‌رییه‌كانی شه‌هید ده‌كات: نموونه‌كانی ئه‌م چه‌شنه له تاكتیكی به‌كارهێنانی شه‌هید وه‌ك كارخانه‌یه‌كی بزۆك و زیندوو له شۆڕشه چینایه‌تی و خه‌باته‌كان دژی كۆڵۆنیالیزم و دواجاریش پاكتاوه ره‌گه‌زییه‌كاندا زۆر و بێشومارن: جا جیڤارا بێت، هۆڵۆكۆست بێت یان نموونه ئاسیاوییه‌كانی شه‌هید بێت له چین، هیند و ڤێتنام و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كه یه‌كپارچه ته‌ژیین به شه‌هید و شه‌هاده‌ت و ڕه‌وایه‌تی دان به مه‌رگ.
واته به‌كارهێنانی ژیان وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی گرنگی مه‌رگاندن! كاركردن له‌سه‌ر تۆی قه‌رزار، تۆی ناچار به هه‌ڵگرتنی بارێك، به دانی باج به خوێنێك كه له پێش تۆدا ڕژاوه ته‌نانه‌ت ماركسیش ناچار ده‌كات كه له كۆمۆنه‌ی پاریس‌دا بڵێت: (ئێمه قه‌رزاری شه‌هیده‌كانین، ئه‌وان له دڵی ئێمه‌دان)، واته پرۆسه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی مرۆ به ڕابردووه‌وه (مرۆی قه‌رزاری خوێن) یه‌كێكه له باشترین میكانیزمه‌كانی بره‌ودان و به‌گه‌ڕخستنی ئه‌و فابریكی خوێنه.
شه‌هید به كوردی
ئاكت و پۆسته‌رێكی ئه‌به‌دی
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه بۆ من هه‌م چێژبه‌خش بوو هه‌م زیان به‌خش، چونكه ده‌رگاگه‌لێكی نهێنی و پڕ ته‌لیسمی تیۆری ده‌رباره‌ی ئه‌م چه‌مكه (شه‌هید) بۆ كردمه‌وه كه له جیهانی مندا چ وه‌ك كوردێك و چ وه‌ك تاكه‌كه‌سیش پتر وێنه‌یی بوون و كه‌متر بابه‌تێكی تیۆری! شه‌هید له ژیانی مندا یه‌كه‌مین كاره‌كته‌ری سه‌ر ڕووی شه‌قام، نه‌خشه و ڕووبه‌ڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیواره‌كانه، دێرینترین فیگه‌رێكه كه پێوه‌ی له‌دایكبووم و پێوه‌ی ده‌مرم:
پۆسته‌ری شه‌هید جه‌نجاڵترین دیمه‌ن و ئاكتی ڕیالیستی بووه له‌و نیشتمانه‌دا كه من نیشته‌جێی بووم، چونكه له‌و چاره‌كه سه‌ده‌یه خۆیدا چه‌ندین وێستگه‌ی جیاجیای پێناسه‌كردنی شه‌هیدیش هه‌بوون كه به‌رده‌وام كردوویانه به ماركه‌ی ئایدیۆلۆژی نایاب و دانسقه: شه‌هید سروودێك بووه كه مامۆستاكانم فێریان كردووم به زه‌بر و جۆش حه‌ماسه‌ته‌وه له‌به‌رده‌م میكرۆفۆنێكدا (هاوشێوه‌ی ناسری ڕه‌زازی) تا دوا ئاستی نه‌ڕاندن، ده‌نگی لێ به‌رزبكه‌مه‌وه و بیڵێمه‌وه. نیشانه‌یه‌كی له‌زگه‌یی بازنه‌یی گوڵاڵه‌سوره‌یی بووه كه له سه‌رده‌می به‌عس و جه‌نگی ئێران عێراقدا ده‌یاننا به سنگته‌وه و ده‌بوو قبوڵت بكردایه وه‌ك ڕێزێك بۆ ئه‌و فواره‌ی خوێنه‌ی هه‌ڵده‌قوڵا و بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ خوێنی له وشكانیش هێنا، له ئه‌ده‌بیاتی شێركۆ بێكه‌سدا گه‌یشتبووه لوتكه‌ی پیاهه‌ڵدان و نه‌خشاندن: شه‌هیدی نه‌مر وه‌ك شاخ و گوڵه‌باخ! به هه‌ڵگیرسانی ڕاپه‌ڕین شه‌هید هێنده‌ی تر عه‌رشه‌كه‌ی داگیركرد، سوچ و په‌ناكانی پركرده‌وه‌ه، كه‌لێنێكی بۆ شیمانه‌ی ژیانێكی شایسته به ژیان خۆی نه‌هێشته‌وه و بووه سیگناڵێك بۆ بێنرخكردنی ته‌مه‌ن خۆی (كه‌م بژی و كه‌ڵ بژی)، دواتر له‌گه‌ڵ جیهانی شیعریی به‌ختیار عه‌لیدا و پاش هه‌ژموونی جه‌نگی ناوخۆ، ته‌واو ڕادیكاڵانه گۆڕا و بوو به گه‌مژه، به كه‌سێكی پاسیڤی به‌كارهێنراوی فرۆشراوی بازرگانی پێوه‌كراو.
شه‌هید وه‌ك گه‌مژه‌یه‌كی دیستۆڤیسكیانه كه خۆیشی نازانێت بۆ هێنده سه‌خی و ده‌ستكراوه و گیان له‌سه‌ر ده‌سته، كه بۆچی له خه‌یاڵیدا نییه بۆ شه‌هیده و له‌سه‌رچی خۆی كردۆته گیانفیدا؟! پاش لێدانه‌وه‌ی ئه‌و كاسێته ئایینی و سیاسییه‌ی جیهانی كوردی بۆ خوێندنه‌وه‌ی شه‌هید، شه‌هید وه‌ك به‌رنامه‌یه‌كی ڕادیۆیی و په‌خشێكی تێلێڤزیۆنی، ئیدی مافی ئه‌م نه‌وه‌یه‌یه كه بپرسێت: تاكه‌ی شه‌هید ده‌بێت، تاكه‌ی و له‌سه‌ر بنه‌مای چ كۆست و به‌رنامه‌یه‌كی دروستكه‌رانه خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه و گیانفیدا ده‌بێت؟ كه‌ی شه‌هیدبوون وه‌ك هاومانای زیندووێتی ڕۆحی كوردی كۆتایی دێت؟ كورد ئه‌گه‌ر شه‌هید نه‌بێت چی لێ به‌سه‌ر دێت؟
پاسیڤ یان نه‌مر ده‌بێت؟ ئایا مرۆڤی كوردی به گشتی، جگه له شه‌هیدبوون زیاتر، هیچ ڕێگه‌چاره‌یه‌كی تری ئه‌نكیدۆییانه‌ی هه‌یه بۆ گه‌ڕان تا به‌هۆیه‌وه نه‌مربێت؟ ئایا مرۆڤی كورد ته‌نها و ته‌نها ده‌بێت شه‌هید بێت تا نه‌مر بێت؟ پرسیارگه‌لێكن كه به به‌رده‌وامی ئه‌و فابریكی مه‌رگ و مردنه‌ی ناوی كولتووری كوردییه، له ناخی مندا وه‌ك پرسێكی بوونگه‌راییانه ده‌یانوروژێنێت، خه‌به‌ریان ده‌كاته‌وه و به‌رده‌وامیش به ئه‌نجامه بێهوده‌كانی ده‌محه‌په‌سێنێت، ئه‌مه زیاده‌ڕه‌وی نییه و ته‌واوی ڕیتۆریكی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی دوایی له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش و ئه‌زموونی كۆبانییدا ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت، ڕاستی ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر شه‌هید نه‌بێت ژیان چی لێ به‌سه‌ر دێت؟!