ته‌ته‌هوو
[وێرانییان لێرەوە دەست پێ کرد، لە کوردستانی دەلالەوە! نە قۆپییەکیان هێشت و نە تاڵاوێکیان پێ ڕەوا دیتین، تەیروتووریان لێ تەرە کردین و ئاو و خاکیان لێ تاڵان. وێرانییان لێرەوە دەست پێ کرد، ئێمە کاس بووین و چمان پێنەکرا، ئێوە مەهێڵن.]
ئەوەی دەیخوێننەوە بۆ من بیرەوەرییەکی تاڵ و شیرینە و بۆ ئێوە ڕەنگە چیرۆک.
پێشکەش بە هوورولعەزیم و خەڵکەکەی…
***
مارماسییه خز و لیچقهکان له‌ناو لهپمدا ده‌دره‌وشانه‌وه، پێچ و لوولیان ده‌خوارد و خۆیان فڕێ ده‌دا سه‌ر لیمهکه، له قه‌راغ چۆمه‌که حه‌وزێکم بۆ ساز کردن و دهراوێکم له ئاوەکەوە پێدا. کوڵهکوڵی نیوه‌ڕۆ بوو، خۆر پێشتمهنییهکی سوور بوو به تاقی ئاسمانه‌وه، خۆم خزاندە ژێر سێبەری گزیچارێکەوە، بنچکی گزیچارەکان تاک و ته‌را تا چاو بڕی دەکرد لە ڕۆخی چۆمەکەدا ڕوا بوون. جه‌فحه‌ر هه‌تا به‌له‌کی له ئاوه‌که خستبوو، ده‌ستێکی به قولاپه‌که‌وه بوو ده‌ستێکیشی به که‌له‌که‌یه‌وه، به شۆرتێکی شینه‌وه قیت وه‌ستابوو ده‌تکووت ئاغای ئه‌و چۆمهیه و له ئاوه‌که‌ی ده‌ڕوانی. خۆر شان و پیلی هه‌موو تاوهگاز کردبوو. له پڕایهک ته‌کانێکی توند به سیمی قولاپه‌که‌ی دا و هاواری کرد “پێوه بوو”. هه‌ر کات مارماسییه‌کی ده‌گرت چاوه‌کانی وه‌ک قهڕهڵوو ده‌بریسکانه‌وه، ئه‌و ساڵە ئه‌وه‌ی زۆر بوو مارماسی بوو. ڕه‌شایی گاڕانێک کە به‌ره‌و لای چۆمه‌که دەهات لە دوورەوە دیار بوو، نیگه‌ران نه‌بووین ڕاوهکهمان لێ تێک بده‌ن، هێنده‌مان مارماسی گرتبوو که به‌شی حهوتوویهکمان بکا. نووکی قولاپه‌که‌ی له لێوی مارماسییه‌که کرده‌وه و فڕێی دا سه‌ر لیمهکه، ئه‌وه‌یان گه‌وره‌تر له‌وانیکه بوو، ده‌ستێکم به بڕبڕه‌ی پشتیدا هێنا، وریا بووم ددانه‌کانی له ده‌ستمدا ڕۆ نه‌کا، حه‌وشه‌ی حه‌وزه‌که‌م به ده‌ستێکم هه‌راوتر کرده‌وه و جێم بۆ ئه‌وه‌شیان خۆش کرد، زیاتر له ده دانه‌مان گرتبوو، له ناو یه‌کدا پێچ و لوولیان ده‌خوارد و خۆیان به لێواری حه‌وزه‌که‌دا ده‌دا. به قامکم سێره‌م له جه‌فحه‌ر گرت، له سه‌ریه‌وه بۆ ده‌ستی و له ده‌ستیه‌وه بۆ سیمی قولاپه‌که‌ی و له‌وێشه‌وه هەڵمخلیسکاند بۆ نێو ئاوه‌که تا منیش مارماسییه‌کی خه‌یاڵی گه‌وره‌تر له هه‌موویان به هەتەری چاوم بئهنگێوم. هه‌تیوچه‌یه‌کی قژبژی ڕووته‌ڵه جامه فافۆنیکی به دهستهوە بوو له کرم ده‌گه‌ڕا، لێم نزیک بۆوه، به دیتنی مارماسییه‌کان ده‌می دوو گهزونیو داپچری و کوتی: “تیاح، هه‌ی له‌وه‌ی! چا چۆن ڕێوی به‌ره‌و پیلییان هاتووه، ئه‌و هه‌موو مارماسییه!” به بێ‌وازی سه‌رێکم بۆ له‌قاند و چاوم له جه‌فحه‌ر بڕییەوە، چەند کرمی فڕێ دا ناو حەوزەکەوە، دانەوی و بە چیلکەیەک لە مارماسییەکانی وەژاند، بە ناقاییلییەوە کوتم: “وایان لێ مەکە”، لە پڕدا وەک ئەوەی شتێکی وەبیرهاتبێتەوە چاوەکانی زق کردەوە و کوتی: “دێی قڕنەگۆمە بکەین زۆر خۆشە؟”، سەرم هەڵتەکاند و کوتم:”نا”. له سیله‌ی چاومه‌وه لەسەر هەست بووم که ده‌ست بۆ مارماسییه‌کان نه‌با و حیچم لێ نهقاچێنێ، بڕێک له کن حه‌وزه‌که خۆی خافڵاند و زانی حیچی چنگ ناکەوێ به‌ره‌و لای خوار چۆمەکە داگەڕا. دوور و نیزیک هاوارێکم لە پشت سەرمەوە بیست، من و ههتیوچهکە بۆ لای ده‌نگه‌گه سه‌رمان وه‌رسووڕاند، که‌سێک به‌ره‌و لای ئێمه هه‌ڵده‌هات و یه‌کیش به دوویه‌وه بوو، جه‌فحه‌ر بێ هه‌مییه‌ت خه‌ریکی تازه‌کردنه‌وه‌ی قولاپه‌که‌ی بوو، ده‌یوست تا گاڕانه‌که نه‌هاتووه مارماسییەکیتر بگرێ. ده‌نگه‌که ئه‌و جار وازحتر بوو؛ لوقمانم ناسییه‌وه، جیرانمان بوو، له ئێمه باوخۆشتر بوو، کۆترباز بوو، تاقە کۆتربازێک بوو کە کچێکی لە کۆترەکانی خۆشتر دەویست، هەموو خەڵکی گەڕەک پێیان دەزانی، به مه‌ودایه‌کی زۆرتر له‌و، سهلاحهسووری برای بوو که ده‌یگووڕاند “مه‌هێڵن… بۆ خاتری خودا مه‌هێڵن…” بە دوای ئەویشدا چەند ژن و پیاویتر بە قوڕپێوان پەیدا بوون.
لوقمان به عاره‌ق گیرێکی سپی و شاڵوارێکی خومرهییهوه به هه‌ڵاتن به‌ره‌و لای من ده‌هات، من له‌وه چکۆله‌تر بووم که هیچم لە دەست بێ، جهفحهریش تۆمه‌ز شینهشاهۆیه و بێ هه‌ست و خوست له ئاوی ده‌ڕوانی، لوقمان به هه‌ڵاتن بە لای مندا تێپه‌ڕی و حه‌وزه‌که‌ی لێ پێشێل کردم و ڕووخاندی، مارماسییه‌کان له‌ژێر لاقیدا پان و فڵیق بوونه‌وه و هه‌ر یه‌کی به لایه‌کدا خزین. هه‌ر به‌و لیباسانهوه بێ ئه‌وه‌ی ڕاوه‌ستێ خۆی له چۆمه‌که دا، دەینەڕاند و به‌ره‌و لای قووڵایی ئاوەکە دەچوو، هاوکات کهرتکێک له گامێشه‌کان گه‌ییشتبوونه گوێی چۆمی و خۆیان خزاندە ناو ئاوەکەوە و له خۆشیان دهیانحۆقاند، لوقمان زۆر دوور که‌وتبۆوه، هێنده دوور که ته‌نانه‌ت له سێرهی قامکیشم بزر ببوو. له من ڕا ته‌نیا په‌له‌قاژه‌یه‌ک و دواجار ده‌سته‌کانی و چه‌ند ورده‌شه‌پۆل له شینایی چۆمه‌که به جێ‌ما، سه‌لاح هه‌ر به‌و کراس و پاتۆڵه ڕه‌شه‌یه‌وه به ده‌م گریانه‌وه خۆی خسته ناو چۆمه‌که‌وه و به‌ره‌و لای لوقمان تەکانی لە خۆ دا، چه‌ند ڕاوچی که له خوار چۆمه‌که‌وه به‌ره‌گه‌یان لێ گرتبوو و سهوهیان له خوڕێنکی ئاوه‌که ده‌گرت، گوێیان له هاوارهاواری سه‌لاح ببوو و به ده‌نگییه‌وه هاتبوون، به‌ڵام دره‌نگ، یه‌کجار دره‌نگ، سه‌لاح مه‌له‌ی نه‌ده‌زانی و لە نێرینەی چۆمەکە، ڕاست لەو شوێنەی لوقمانی نوقم کردبوو، دەستی وەک بێشکە ڕادەژاند و دەگریا. مارماسییه‌کان له هه‌ڵبه‌زدابه‌ز که‌وتبوون و لیمی گه‌رمی نیوەڕۆ پێستی درهوشاوهیانی داپۆشیبوو. پاڵاخێکی سه‌ر به خه‌نه لێم نزیک بۆوه و وردورد به‌ره‌و لای گامێشه‌کان ڕۆیشت.
پووشپه‌ڕی ١٤٠٠
بۆکان