سپێنۆزا؛ توانای هەڵبژاردن وەهمە؟

لە فەڕەنسییەوە: سەردار حەمەڕەش

ئازادی چییە؟ چۆن عیرفان دەمانگەیەنێتە ئازادی؟ لای سپینۆزا وەک ستۆسیسیزم، بۆ ڕزگار کردنی ڕۆح لە ئەشکەنجە، تەنها ڕێگا پاساودانی بوونە و بەس، قبوڵکردنی هەقیقەتە وەک ئەوەی کە هەیە  دەمانگەیەنێت بە باری ئازادی و ئەشکەنجەمان کەمتر دەکەنەوە. لوتبەرزی و ئێگۆیە ڕێگریمان لی دەکەن هەقیقەت وەک ئەوەی کە هەیە قبوڵ نەکەین.

ئەم وتارە، وانەی مامۆستایەکی فەرەنسی ؛ Charles Robin کە بە زمانێکی سادە باسی بیرۆکەی ئازادیی هەڵبژاردن لای سپینۆزا دەکات.

بارۆخ سپینۆزا (١٦٣٢-١٦٧٧) فەیلەسوفی هۆڵەندی

ڕۆژتان باش.  شارل ڕۆبەن:

دەزانم کە ئەم وانەیەم زۆر کەس دڵخۆش دەکات، لەبەر ئەوەی دەمێکە خەڵکی داوام لێ دەکەن و پرسیارم لێ دەکەن کەی وانەیەک لەسەر سپینۆزا دەڵێمەوە. کاتێکی زۆرم بۆ تەرخان کرد لەبەر ئەوەی سپینۆزا مۆنیمۆنتێکی فەیلەسوفی گرنگە و هەروا بە ئاسانی بەبێ خۆ ئامادەکردن دەستی بۆ نابەین، هیوادارم ئەم وانەیە لە ئاستی چاوەڕوانیتان بێت.

سپینۆزا لەو کەسایەتیانەیە کە باسکردنیان هەروا ئاسان نین، لەبەر ئەوەی سیستەمی فەیلەسوفی سپینۆزا سیستەمێکی گشت (گلۆبال)ە، باشتر بڵێین ئامانجی هەوڵدانی سپینۆزا کەمتر و زیاتر نییە جگە لە ڕوونکردنەوەی خودا، یان سرووشت. بۆ سپینۆزا ئەو دوو شتە پێکەوە گرێدراون؛ خودا و سرووشت، واتە؛ کۆی هەموو ئەو شتانەی کە بوونیان هەیە، بۆیە دەبێت باش تێ بگەن کە باسکردنی  بە وانەیەک تۆزێک گرانە.

 بۆیە دەست دەکەین بە وانەکەمان و داواتان لێ دەکەم دڵ فراوان بن، ئەم  وانەیش جۆرێکە لە چوونە ناو بابەتی هزری سپینۆزاوە، کەواتە ڕاڤەکردنێکی کامڵی تەواوی فەلسەفەکەی نییە.

لەبەر ئەوەی سپینۆزا کەسایەتییەکی شاز بوو، پێش هەموو شتێک چەند کەرەسەیەکی ژیانی دەخەینە ڕوو. سپینۆزا فەیلەسوفی سەتەی حەڤدە، جوویەکی پورتوگالی بوو، کۆچی کرد  بۆ هۆڵەندا، فەیلەسوفێکە زۆر دژایەتی کراوە لەسەر بابەتە دینییەکانی، دەبێت ئەوە بزانین کە سپینۆزا لە کۆمەڵگەی جووەکان دەرکرابوو، هەروەها جارێکیش هەوڵی کوشتنی دراوە، پاڵتۆکەی کە کوون بووبوو بە چەقۆی بکوژەکەی، هەتا دوا ساتەکانی ژیانی، سپینۆزا لای خۆی پاراست بووی.

 سپینۆزا، ساڵی ١٦٧٧ بەرهەمە سەرەکییەکەی بە ناوی (ئێتیک) بڵاوبوویەوە، واتە دوو ساڵ دوای کۆچی دوایی، لەبەر ئەوەی هۆشمەند بوو بەوەی کە نووسینێکی وەها لە سەردەمی ژیانی خۆیدا سزاکەی سووتاندنی خۆی دەبوو بە زیندووی. سپینۆزا لەو فەیلەسوفانە بوو کە نەدەترسا لە گوزارشتکردنی ڕاستەوخۆ، بە بوێری دەدوا. دەبینین بۆچی هزری فەلسەفی سپینۆزا بۆ سەردەمەکەی تەواو تازەگەر بوو، یان شۆڕشگێری بوو، بەڵام پیش ئەوە دەبێت دیکۆرەکەمان ئامادە بکەین.

سپینۆزا وەها ناسراوە کە سەرەکیترین ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە دیکارت بووە لە هەمان سەردەمدا، دەڵێین؛ دژ، لەنێوان کەوانەیەکدا، چونکە لە ڕاستیدا سپینۆزا هەموو دیکارت ڕەت ناکاتەوە، بەڵام دژ بە دیکارت دەوەستێتەوە لە خاڵیکی بنەڕەتیدا، ئەویش ئەوەیە، لەو شیوەیەیدا کە دیکارت دیوالیست بوو، واتە کەسێک بوو کە دەروون (رۆح) و ماتریاڵی جودا دەکردەوە، واتە؛ نێوان هزر و جەستە، هزر و پاناتیی. بۆ سپینۆزا، ئەو شتانە بە تەواوی جودا نەبوونەتەوە. سپینۆزا کەسێکی پێشەنگ بوو، بەوەی کە پێی دەڵێن؛ یەکاندیدی ( monisme )، واتە ئەو بیرۆکەیەی کە ناتوانین جیاوازی بکەین لەنێوان هزر و جەستەدا. لە ئیفلاتونەوە ئەو جیاکردنەوە ئەنتۆلۆژییەی نێوان جەستە و ڕۆح، وەک ڕووداوێکی ئاسایی ( evidence )، رەچاو دەکرا، ئێڤیدەنسێک کە زۆر باش دەگونجا لەگەڵ تێڕوانینی مەسیحیەت کە لەسەر جیهانی خوارەوە، واتە، جیهانی ماتریاڵ و ئەو دنیا، واتە، جیهانی ڕۆح. بەڵام بۆ سپینۆزا ئەو جیاوازییە بۆی نییە بوونی هەبێت، لەبەر ئەوەی بۆ سپینۆزا لە ڕاستیدا جەستە و ڕۆح دوو سیفەتی کەرەسەیەکی یەکتان، کە ناوی دەنێت؛ خودا یان سرووشت.

 بۆ ئەوەی باش لە بیرۆکەی مۆنیسم (  monisme)ی سپینۆزا تێ بگەین، پەنا دەبەینە بەر چەند نموونەیەک؛ نمونەی ماریخوانا وەردەگرین، بۆ ئەوانەی ئاشناییان بە ماریخوانا هەیە، دەزانن کە ماریخوانا گۆڕانکاری بەسەر توانای دەروونیدا دەهێنێت. دەروونی، بە مانای حاڵەتی ئاگایی، کاتێک ماریخوانا دەکێشین، جیاواز بیر دەکەینەوە، شتەکان بە جۆرێکیتر دەبینین، لە هەمان کاتدا کاریگەری لەسەر توانای جەستەییمان هەیە؛ بڕۆ زۆرانبازییەک بکە، یان وەرزشیک بکە کاتێک تۆ ماریخوانات کێشاوە، تێ دەگەیت کە هەمان تاس و حەمام نییە، بارەکە زۆر ئاڵۆز دەبێت. لێرەوە  تێ دەگەین کە گۆڕانکارییەکە لەسەر دەرون و بە بێگومان گۆڕنکاری دەکات لە جەستەشدا، لە ڕاستیدا ڕەهەندی سپیریتوێڵ و ڕەهەندی ماتریاڵ هەمیشە لە بەیکداداندان، لەبەر ئەوەی کارلێکترکردنیان لەسەر یەکتر هەیە، ناتوانین لە یەکتری جودایان بکەینەوە وەک دوو بەشی سەربەخۆ، کاتێک ماریخوانا دەکێشین، شەکەتین، لەم شەکەتیش ڕێگامان پێ نادات جیاوازی لەنێوان دەروون و جەستەدا بکەین، هەردووکیان تووشی دەبن؛ هەر دوو ڕەهەندەکە؛ ڕۆح و جەستە بەبێ جیاوازی، ئەمەش وەهای کردووە کە هەندێک کەس فکری سپینۆزا بە (parallelisme)[1] بناسێنن. پارالێلیسمی جەستە و ئیسپری، فکر و پانتایی.  باسی ئەم جیاوازییە دەکەینەوە لە وانەیەکی تردا، وەک وتم؛ فەلسەفەی سپینۆزا فەلسەفەی گلۆباڵە، لە یەکەم وانەدا نامەوێت ئەو باسە بهروژێنم، دەمەوێت لە گۆشەنیگایەکی ترەوە باسی بکەم.

 زۆر لە فەیلەسوفان ژمارەیەکی زۆر هەلمان دەدەنێ بۆ چوونە ژوورەوەی ناو هزریان، بەڵام لای سپینۆزا تۆزێ گرانترە، چونکە هەلەکان کەمترن، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵم دا یەکێک بدۆزمەوە بۆ وانەی ئەمڕۆمان؛ وەک وتم لای سپینۆزا دیوالیسمی کارتێزی نادۆزینەوە، ئەو جیاوازییە ئیفلاتونییە نادۆزینەوە لەنێوان جەستە و ڕۆحدا، بەڵام ئەم تێروانینە یەکانگیرییە دەرئەنجامێکی پتەوی هەیە، ئەویش ئەو بۆچوونەی سپینۆزایە بۆ ئازادی، بۆ سپینۆزا ئازادی وەهمێکە، خەیاڵە.

 پێش ئەوەی ڕوونی بکەینەوە بۆچی لای سپینۆزا ئازادی وەهمە، دەبێت جارێک ڕوونی بکەینەوە بۆچی لای دیکارت ئازادی شتێکی پێش گریمانە ( presupposed)، واتە؛ توانای هەڵبژاردنە، ئازادیی هەڵبژاردنە لای دیکارت، ناوی ناوە بڕیارنامەی ڕۆح، واتە ئەو توانایەی کە ویستمان خاوەنیەتی خۆی بناسێنێت بە سەربەستی، جیا لە کاریگەری دەرەکی. ئازادی هەڵبژاردن، سەربەخۆیی ویستە بە جیا لە ماتریاڵ، ئازادیی هەڵبژاردن بەستراوەتەوە بەو جیاوازییەی نێوان ڕۆح و جەستە،  لەبەر ئەوەی ئەگەر ئازادی بوونی هەبێت، دەبێت ئیمکانیەتێک هەبێت بۆ ڕۆح کە بتوانێت خۆی دیاری بکات بە جیا و سەربەخۆ لە جەستە. بۆیە یەکاندیدی سپینۆزا دەبێتە بەربەستێک بەرامبەر بە ئازادیی هەڵبژاردن لای دیکارت، بۆچی ئازادیی هەڵبژاردن وەهمە؟ لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە هەمان کاتدا کە بوونەوەرێکی فیزیاییە و بوونەوەرێکی سپیریتوێلیشە، واتە بوونەوەرێکی خاوەن ئاگایی، بۆیە مرۆڤ لەو باوەرەدایە کە خاوەنی، بکەری هەڵسوکەوتەکانیەتی، واتە بڕیاردەرێکی ئازادە لە جۆری هەڵسوکەتیدا، ئەمەش ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا زۆر شت لە سەری بەندە، ئەو بیرۆکەیەی گوایە ئێمە حوکمڕانی جەستەی خۆمانین، ئەمەش دەمانگەیەنێت بە مەفهومی بەرپرسیاریەتی، ئەگەر ئێمە ئازادیی هەڵبژاردنمان نەبوایە، مەفهومی بەرپرسیاریەتی بوونی نەدەبوو، کەواتە مەفهموی نادادپەروەری بە مانای قانونیش نەدەبوایە بوونی هەبوایە. بکوژێک دەتوانێت بڵێت؛ جەستەی بڕیاری داوە و ویست و ئیرادەی دوای جوڵاندنەوەی جەستەی کەوتووە، بۆیە ناتوانین وەک تاوانبارێک دەستنیشانی بکەین.

ئەگەر ئازادیی هەڵبژاردن بوونی نەبێت مانای وایە هەموو شتێک دەسەلمێنرێن، ئەمەش شتێکی زۆر پێشەنگییە بە مانای وشە، واتە شتێکە هەموو بنیاتنانی ژیانی کۆمەڵایەتیمان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بیهێنە بەرچاوی خۆت ئەو کەسەی کە خیانەتی لێ کردویت، درۆی لەگەڵ کردویت، دەتوانێت خۆی بپارێزێت لە پشت یەکاندیدی (مۆنیسم)ی سپینۆزاوە  و بڵێت؛ من بەرپرس نیم لەوەی کە کردومە، من بە تەواوی بڕیارم لەسەر دراوە، کەواتە ناتوانیت تاوانبارم بکەیت بەوەی کە کردومە و شتێکی ناپەسەند بێت بۆ تۆ. بۆیە دیدی سپینۆزا لەسەر پلانی قانونی و سیاسی ڕەوا نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەست دەخاتە سەر شتێکی بنەڕەتی، ئەویش ئەوەیە؛ ئایا دەتوانین وەهای دابنێین کە ئێمە بە ڕاستی بکەری هەڵسوکەوتەکانمانین؟  ئایا ئێمە بەرپرسین لە بیرکردنەوەمان، لە کردارەکانمان؟ وتم کردار و بیرکردنەوەمان لەبەر ئەوەی بۆ سپینۆزا جیاوازییەکی بنەڕەتی نییە لەنێوان هزر و ماتریاڵدا، سپینۆزا بەو وتەیەی ناسراوە کە دەڵێت: “ئۆردەری گرێدانی بیرۆکەکان هەمان ئۆردەری گرێدانی شتەکانن”، بە مانای ئەوە دێت کە کردارەکانمان تەنها دەرئەنجامی میکانیکی بیرۆکەکانمانن، بە هەمان شێوە بیرۆکەکانمان دەرئەنجامی میکانیکی کردارەکانمانن. ئەمەش وەک بیرۆکە،  تۆزێ سەرمان لێ دەشێوێنێت، دەمانبات بە لاڕێدا، چونکە ئێمە هەمیشە بە لای بنجدانانی لەوەوبەر دەیشکێنینەوە، لەنێوان فکر و کرداردا، ئەو بیرۆکەیەی کە کردار بڕیاردراوە لە لایەن هزرەوە، یان بە پیچەوانەوە فکرمان لە لایەن کردارەوە سنووردار کراوە.

ئەو ئازادیی ویستەی مرۆڤ وەهمێکە، خەیاڵێکە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە مرۆڤ لەبەر ئەوەی ئاگایی نییە بە سەرچاوەی هەوەس و ئارەزووەکانی یان بیرۆکەکانی.

 بۆ سپینۆزا تێڕوانین بەم شێوەیە ناڕەوایە. چۆن مرۆڤ بەکار دەبێت؟ بە یەک گەشتنی جەستە و ئیسپری چۆن ڕوو دەدات؟ سەرنجتان داوە کاتێک ئێمە لە بارێکی ماتریاڵی جیاوازداین دەتوانین بیرۆکەی جیاوازیشمان هەبێت، بە هەمان شێوە کاتێک باوەڕمان پەرەدەسێنێت، پیش دەکەوێت، کاریگەری هەیە لەسەر جۆری هەڵسوکەوتمان، کەواتە لە باری ماتریاڵی هەبوون. ئەو تێڕوانینەی کە دیکارت بۆی پێشنیار دەکردین، گوایە مرۆڤ بەڕێوە دەبرێت لە لایەن ئازادیی هەڵبژاردنییەوە، لە ڕاستیدا بیرۆکەی مەسیحیەتە، بە هەمان شیوە لای سانت ئۆگوستین (  saint Augustin, 354-430 )یش ئەم بیرۆکەیە دەدۆزینەوە، کە دەیووت: “خودا ئازادیی هەڵبژاردنی داوە بە مرۆڤ، بەڵام بەو هۆیەوە ناتوانین خودا تاوانبار بکەین بە بەرپرسیاریەتی لە خراپە لەسەر زەوی”، لەبەر ئەوەی مرۆڤ خاوەنی ئازادیی هەڵبژاردنە، بۆیە دەتوانێت خراپە و لە هەمان کاتدا باشەش بکات، بۆیە دیکارت دەیووت؛ مرۆڤ تەنها بوونەوەرە لەسەر زەوی کە خاوەنی ئازادیی هەڵبژاردن(ویستی ئازاد)ە، لەبەر ئەوەی شتی بێگیان، خاوەنی ڕۆح نین بە مانای وشە، کەواتە ویستیان نییە، بەو پێیەش ویستی ئازادیشیان نییە. ئەگەر ئەو قەڵەمە هەڵگرم کە لە بەردەممدایە و فڕێی بدەمە ناو ژوورەکەوە، قەڵەمەکە ڕێگاکەی هەڵنابژێرێت، ڕێگاکەی دەرئەنجامی میکانیکی هێز و ئاراستەی ئەوەن کە هاویشتومە، قەلەمەکە هەڵبژاردەی نییە، بۆیە بۆ دیکارت ئاژەڵان ئازادی ویستیان نییە، هەر لەم بیرۆکەیەوەش تیۆری؛ ئاژەڵی ماشین، سەرچاوەی وەرگرتووە، کاتێک دیکارت دەیووت؛ ئاژەڵان ماشینن، بێگومان مەبەستی ئەوە نەبوو کە بڵیت ئەوان لە ئاسن دروست کراون، نا، نەخێر، دەیویست بڵێت؛ کە ئاژەلان ڕێنمایی شتێک دەکەن کە ناومان ناوە؛ ئەنستات، کە بە هیچ جۆرێک مەفهومی ویست دەوری تێدا نابینێت، لەبەر ئەوەی ئاژەڵان ئاگاییان بە ئەنستاتی خۆیان نییە، مرۆڤ تەنهایە کە خاوەنی ئازادیی ویستە (هەڵبژاردەیە) لەبەر ئەوەی ئاگایی بەوە هەیە چی دەیجوڵێنێت، ئاگایی بە هەوەسی خۆی هەیە. ئاژەڵان ماشینن، لەبەر ئەوەی بە میکانیکی دەجوڵێنەوە، بەبێ ئاگایی دەجوڵێنەوە، واتە؛ بە بێویست، بەڵام مرۆڤ کاتێک دەجوڵێتەوە لە لایەن ئاگاییەکەوە پاڵی پێوە نراوە بە جۆرێک کە ناتوانین بچوکی بکەینەوە بە کەلوپەلی بێگیان، بە ئاژەڵان، واتە ناتوانین بچوکی بکەینەوە لە ڕەهەندی جەستەیی و ماتریاڵ، ئەمەش لە هەندێک حاڵەتدا ڕاستە لەبەر ئەوەی مرۆڤ ناچار نییە بچێتتە ژێر کاریگەری دەرەکی  جیاواز کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەو توانایەی هەیە بڵێت؛ نا. بەڵام بۆ سپینۆزا ئەمە بەس نییە، لەبەر ئەوەی لە ڕاستیدا ئەو ئازادیی ویستەی مرۆڤ وەهمێکە، خەیاڵێکە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە مرۆڤ لەبەر ئەوەی ئاگایی نییە بە سەرچاوەی هەوەس و ئارەزووەکانی یان بیرۆکەکانی.

مرۆڤ ئاگایی بەوە هەیە کە دەتوانێت بڕیار بدات، بەڵام ئاگایی بە مێژووی هۆکار و دەرئەنجام نییە کە پاڵنەرن بۆ جۆرێک لە هەڵبژاردن، لە کاتێکی دیاریکراو و لە ڕەوشێكدا.

مرۆڤ ئاگایی بەوە هەیە کە دەتوانێت بڕیار بدات، بەڵام ئاگایی بە مێژووی هۆکار و دەرئەنجام نییە کە پاڵنەرن بۆ جۆرێک لە هەڵبژاردن، لە کاتێکی دیاریکراو و لە ڕەوشێكدا. لێرەشدا نموونەیەک دەهێنمەوە، بیهێنە بەرچاوی خۆت دانیشتوویت لەسەر کورسییەک و سەیری فیلمێک دەکەیت، کوتوپڕ وەها ئارەزوو دەکەیت بڕۆیت لە بەفرخڕەکەتا بە دوای ماستێکدا بگەڕێیت، هەڵدەستیتە سەر پێ و دەچیت ماستەکەت دەهێنێت و دەیخۆیت بە لەزەتەوە، بە خۆشت دەڵییت؛ بوون بە مرۆڤ خراپ نییە، چونکە دەتوانم بڕیار بدەم و هەڵبژاردەم هەیە. سپینۆزا پێمان دەڵێت؛ لەو کاتەدا تۆ لە بیرت دەچێتەوە کە هەندێک هۆکار هەن، هەندێ فاکتەر هەن، کە پاڵنەر بوون هەتا بچی لە بەفرخڕەکەتا ماستێک بهێنیت، ئاگاییمان بە هەموو ئەو هۆکارانە نییە، بەڵام بوونیان هەیە. ئەوەی سپینۆزا پێمان دەڵێت ئەوەیە کە ڕاستە ئێمە ئازادیی هەڵبژاردنمان هەیە، بەڵام ئێمە هەڵبژاردەی ئەو هۆکارانەمان نییە کە پاڵنەرن بۆ هەڵبژاردن، هەڵبژاردەکەمان هەڵبژاردەیەکی ڕووکەشی بووە، هەڵبژاردەکەمان بەندە لەسەر تەواوی کۆی سەرنجدانی ئارەزوویەک، واتە خۆنواندنێک، ئارەزوویەک، ئێمۆشنێک، هەستبزوێنێک. ئەم سۆزانەش ئێمە هەڵیان نابژێرین، سۆز و ئارەزوومان هەڵنابژێرین، ئێمە لەژێر کاریگەریانداین، وەک چۆن قەڵەمێک لەژێر کاریگەری مندایە بەوەی دەمەوێت پێی بنووسم، بەم لا و بەو لادا دەیبەم، بەبێ ئەوەی هەلی ئەوەی پێ بدرێت دژی بووەستێتەوە. بۆ سپینۆزا ئێمە بەندکراوی ئەوەی ئەو ناوی ناوە: حەتمیزم (دیارکەریزم)، حەتمیزم ئەو بیرۆکەیەیە لە ژیانی فیزیاییدا هەموو شتێک لەژێر قانونی هۆبەندی (کۆزالیتێ)دایە، هەموو هۆکارێک کاردانەوەیەک بەرهەم دەهێنێت، ئەویش جارێکی تر دەبێتەوە بە هۆکاری کاریگەرییەکی تر، ئاوا بەم شێوەیە هەتا هەتایە.

چی پاڵنەرە، کە من ئارەزووی ماستێک بکەم؟ لەوانەیە لەبەر ئەوەی چەند خولەکێک لەوەوبەر ڕێكلامێکم بینیبێت لەو کاتەدا باسی ماستی دەکرد، پێش فیلمەکە، ئەو تێڕوانینە چووە ناو لەش و دەروونمەوە لە ئاستێکی ئەنفرا ئاگایی و لە کاتێکی دیاریکراودا ئەو ئارەزووە دەهروژێنێت. ئەمە نموونەیەک بوو، بەڵام دەتوانین هەزارەها نموونەی تر بهێننەوە، نموونەی خوێندکارێک بهێننەوە دوای تاقیکردنەوەی بەکالۆریا بڕیار دەدات لە دانشگا بایۆلۆژی بخوێنێت، ئەمە ئازادیی هەڵبژاردنە وەک چۆن دەیتوانی بەشێکیتر هەڵبژێرێت، بەڵام کاتێک بایۆلۆژی هەڵبژارد، چی پاڵنەری ئەو هەڵبژاردەیە بوو؟ چی ئەو هەڵبژاردەیەی دستنیشان کرد؟ لەوانەیە لەبەر ئەوەی ئەو خوێندکارە لە خێزانێکی زانستیدا گەورە بووبێت کە حەزی زانستی پێ داوە و بەبێ ئەوەی خۆی هەستی پێ بکات، ڕاستەوخۆ ئەو لەو باوەڕەدایە و سوورە کە خۆی هەڵی بژاردووە، ئەوەش ڕاستە لە گۆشەنیگای سوبژەکتیڤ(خۆیی)ەوە، لە گۆشەنیگای سوبژەکتیڤەوە ئەو هەڵبژاردەیەی بەسەردا نەسەپێنراوە، ئەو هەڵبژاردەیە وەک ئازادیی هەڵبژاردن تیایدا دەژی، بەڵام ئەو هەڵبژاردەیە دەبێتە هۆکار (cause)، ئەو هەڵبژاردەیە دەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکار و دەرئەنجامن کە پاڵنەر بوون بۆ ئەو هەڵبژاردنە، هەموو ئەو کارانەشی کە دەیکەین ناتوانن خۆیان دەرباز بکەن لە قانونی هۆبەندی (causality)، لەبەر ئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکی فیزیاییە، مرۆڤ بوونەوەرێکی ماتریاڵە، وەک لەشیکی ماتریاڵ لەژێر کاریگەری قانونی ماتریاڵدایە و ناتوانێت خۆی لێ دەرباز بکات، مرۆڤی فیزیایی لەژێر قانونی فیزیاییدایە، ئەگەر هەوڵ بدەیت لە باڵەکۆنەکەتەوە بفڕیت، قانونی فیزیاییت وەبیردەهێنێتەوە، پێت دەڵێت؛ تۆ ناتوانیت، تۆ ئەو ئازادییەت نییە، لەبەر ئەوە ئازادی خۆی لەناو کۆمەڵێک ڕێگری فیزیاییدا دەبینێتەوە، وەک ئەوەی کە تۆ بتەوێت کێکێک دروست بکەیت بەبێ ئەوەی ئارد بەکار بهێنیت، بێ مانایە. ئەگەر بتەوێت کێکێک دروست بکەیت، ڕێنمایی ڕێسێت(شێوازی ئامادەکردن)ێک دەکەیت، ئەگەر ڕێنمایی ڕێسێتەکە نەکەیت کێکەکەت بۆ دروست ناکرێت. کەواتە دەرئەنجامدانی کارێکی فیزیایی پێویستی بە کۆمەڵیک ڕێسای پێشوەختە هەیە. وەهای دەبینین کە ئەمە شتێکی ڕێ تێچووە، بەڵگەنەویستە، بەڵام وەهاش نییە، لەبەر ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەماندا باوە زۆر جار هەڵسوکەوت دەکەین بە لەبیربردنی قانونی بنەڕەتی ماتریاڵ. نموونەی داشەکانی دۆمینۆ بهێنینەوە، کاتێک یەک لە دوای یەک دەکەون، کاتێک پاڵ بە یەکەم داشەوە دەنێین، هەموومان ئەوە دەزانین کە کەوتنی دواهەمین داشی دۆمینۆ، هۆکاری یەکەم پاڵنەر بوو لەسەر لۆژیک و میکانیکی کەوتنی داشی یەکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆر جموجوڵماندا جیاوازی ناکەین لەنێوان کردارەکانمان و کاریگەری کۆتایی کارەکانمان، ئاکاری کارەکانمان، لەبەر ئەوەی ئێمە فۆکالیزێمان هەیە تەنها لەسەر ئاکامی راستەوخۆی کارەکانمان؟ وەک کاتێک مێشێک پێداگیری دەکات بە خۆکێشان بە شوشەی پەنجەرەیەکدا بەبێ ئەوەی کە بزانێت پەنجەرەکە کراوەیە، ئێمە لەناو جۆرێک لە داخراوی مەنتال و ئەنتەلەکتوێلداین بەسەر خۆماندا، کە ڕێگریمان لێ دەکات لە یەکتر ترانجاندنی هۆکار و دەرەئەنجام کە تیایدا دەژین، ببینین. ئەو کوێریەیە بەرامبەر بە هۆبەندی (causality) کە پاڵ بە سپینۆزاوە دەنێت بڵێت؛ ئازادیی بڕیاردان، خەیاڵە.

 مێتافۆرێکی زۆر سادەمان بۆ دەهێنێتەوە کە تێگەشتنی زۆر ئاسانە؛ کاتێک ئێمە بەردێک فڕی دەدەینە سەر زەوی، ئەو ڕێگەیەی کە بەردەکە دەیگرێتە بەر،  بەستراوەتەوە بە جۆری هاویشتنی بەردەکە، بەڵام بیهێنە بەرچاوی خۆت لەو کاتەدا کە بەردەکە فڕێ دەدەیت، بەردەکە خاوەنی ئاگاییە، بەردەکە چی بە خۆی دەڵێت؟ دەڵێت؛ ئەوە خۆیەتی هۆکاری جوڵاندنەوەی، ئەوە خۆیەتی کە بڕیار دەدات بە کوێدا دەڕوات، ناڵێت؛ ئاراستەکەی بڕیاری لەسەر دراوە لە لایەن هێزێکی دەرەکییەوە. بۆ سپینۆزا ئیمە لە هەمان حاڵی ئەو بەردەداین؛ لەژێر کاریگەری ئەو هێزەداین، بەڵام حەزمان بەوەیە لەو باوەڕەدا بین کە ئێمە هۆکاری ئەو جوڵاندنەوەیەین، بۆ سپینۆزا ئازادیی هەڵبژاردن وەهمێکە، بەردەوام دەبێت هێندەی ئەو باوەڕەی کە ئێمە هۆکاری جوڵاندنەوەکانمانین، بە درێژایی ئەو کاتانەی کە ئێمە وەها بیر دەکەینەوە هۆکاری جوڵاندنەوەکانمان بین. جوڵاندنەوە و بیرکردنەوەشمان، لەبەر ئەوەی بۆ سپینۆزا ئەو دوو شتە لێک جودا ناکڕێنەوە.

 ئەو بڕیارەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە لێرەدا ئەوەیە دەڵێین؛ ئەمە مانای چییە؟

ئەمە مانای ئەوەیە کە مرۆڤ باڵاتر نییە لە بەردێک یان ئاژەڵێک؟ ئەویش لەژێر کاریگەری سنوورداری جیهانی دەرەوەیە و ناتوانێت  قسەی خۆی بکات؟ ئایا ئێمە لەناو وەهمێکی بنەڕەتیداین (فۆندەمەنتاڵ)، لەناو گوناحێکی خۆ بەزلزانیداین، باوەڕمان پێ دەهێنێت کە ئێمە ئازادین لە بیرکردنەوە و لە کرداردا و لە ڕاستیدا هەموو ئەمانە وەهمن؟ نەخێر بە تەواوی نا.

“ئەگەر کتێبی سپینۆزا ناوی ئێتیکە، لەبەر ئەوەی لەسەر ئەو بیرۆکەیە بنیات نراوە کە مرۆڤ هەڵبژاردەی هەیە، لەبەر ئەوەی ئێتیک کاتێک مانایەکی هەیە بۆ تاکەکان کە خاوەنی بڕیاردان بن لەسەر خۆیان”

 لێرەدا دەمەوێت ڕاستکردنەوەیەک بخەمە سەر لێکدانەوەیەکی هاوبەش لەسەر فکری سپینۆزا بۆ ئازادی و حەتمیەت؛ نۆتەیەکی باشە ئەگەر سپینۆزا بانگهێشت بکەین بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ ئازادتر نییە لە بەردێک کە دەیهاوێژین، کە ئاژەڵان پەیڕەوی ئەنستات دەکەن، کە فکرەی ئازادی خەونێکی فەلسەفییە لەسەر هیچ شتیکیتر بنیات نەنراوە جگە لەو گێلیانەی کە بڕیارمان لەسەر دەدەن. بەڵام دەبێت بچینە بنەوانی ئەوەی کە سپینۆزا دەیەوێ پێمان بڵیت و وەهای باوەڕە، بچینە کورتکراوەی ئەو سەری خوێندنەوەی سپینۆزا بۆ ئێتیک. وەک ژیل دۆلوز (gilles deleuze ) دەڵێت: “ئەگەر کتێبی سپینۆزا ناوی ئێتیکە، لەبەر ئەوەی لەسەر ئەو بیرۆکەیە بنیات نراوە کە مرۆڤ هەڵبژاردەی هەیە، لەبەر ئەوەی ئێتیک کاتێک مانایەکی هەیە بۆ تاکەکان کە خاوەنی بڕیاردان بن لەسەر خۆیان”، دۆلوز دەیووت؛ ئەگەر بیرۆکەی سپینۆزا تەنها پێناساندنێکی وەهمی ئازادیی هەڵبژاردنە، دەستنیشانکردنی بەیەکداداچوونی هۆکارەکان و دەرئەنجامەکانن، ئەوا دەستەواژەی ئێتیک بوونی نەدەبوو، ئەگەر نا باسی ئەنتۆلۆژی دەکرد، واتە؛ ڕاڤەکردنی وشە، دیراسەی ئەوەی کە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا سپینۆزا باسی ئێتیک دەکات، واتە بیرۆکەیەک بەرەو کردارێک هەنگاو بنێت. ئێتیک، بیرۆکەیەکە بەلای ئەکسیۆن(کردار)دا ئاوڕ دەداتەوە، ئەگەر مرۆڤ توانای ئەوەی نەبێت سنوور بۆ کردارەکانی دابنێت، بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین جێگای قسەکردن لەسەر ئێتک نابێتەوە. بە جۆرێکیتر دەتوانین بڵێین بۆ سپینۆزا ئازادی ڕێی تێ دەچێت (POSSIBLE )، ئازادی بوونی هەیە، کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە چۆن بگەین بەو ئازادییە؟ سپینۆزا بۆمان ڕوون دەکاتەوە و وەڵامان دەداتەوە؛ لەبەر ئەوەی مرۆڤ خاوەنی ئاگاییە، ئەو توانایەشی هەیە کە ئاگایی بەوە هەبێت چی سنوورداری (دیاریکەر،déterminer ) دەکات، توانای هەیە لەوە تێ بگات کە هەڵبژاردەکان و کردارەکانی لەژێر کاریگەری هێزێکدان کە دەتوانێت ئاراستەیەکیان پێ بدات، ئەو ئاگاییەی کە ناوی ناوە؛ پاساودانی بوون(la raison) هەموو جیاوازییەکەیە، لەبەر ئەوەی بە پاساودانی بوون مرۆڤ دەگاتە ئازادی. باشتر وایە تۆزێ باشتر بابەتەکە بە وردی ڕوون بکەینەوە، چونکە لەوانەیە زۆر ڕوون نەبێت بۆ هەموو کەسێک؛ پاساودانی بوون، لای سپینۆزا تەنها ئەوە نییە کە توانای ئەوەمان هەیە تێ بگەین کە ئێمە سنووردارکراوین (détermié)، پێش هەموو شتێک تێگەیشتن لە توانای ئەوەی کە ئێمە سنووردارکراوین، بەڵام سنووردار(دیاریکراوین)کراوین بە چی؟

دیاریکراوین بەوەی کە هێزی کارتێکەر بە تایبەتی، کاریگەریان لەسەر هەست بزوێنی (پەیشنی)ی ئێمە هەیە، ئەوەی سپینۆزا ناوی ناوە؛ خۆپیشاندەر( affect) کە ئەمڕۆ دەتوانین تەرجومەی بکەین بە؛  ئێمۆشن، ئێمۆشن کە باسمان کرد لە وانەی ستۆسیسیزمدا. ئێمە ناتوانین کۆنترۆلی ئێمۆشنەکانمان  بکەین، بۆمان دێت، لەژێر کاریگەری ئەوداین، دەستەواژەی پاتۆس(Pathos)ی یۆنانی بۆ باسکردنی پەیشن، پەیشنی ڕۆح، واتە ئەوەی ڕۆحمان لە ژێریا دەیچەژێت (subie)، چەند نموونەیەک؛ ڕاڕایی، واتە؛ ناهێوری. ڕاڕایی پەیشنێکە، خۆ پیشاندەر(affect)ە، ڕاڕایی شتێکە کە ئێمە دەیچەژین کاتێک ئێمە خۆمان دەبینینەوە لە حاڵەتێکی دودڵیداین بە تێکەڵ لە گەڵ ترسدا؛ هاوسەرەکەم دەبوایە سەعات شەش بگەرایەتەوە بەڵام کات هەشتە و هێشتا نەگەڕاوەتەوە، لەوانەیە هاوسەرەکەت چووبێت لەگەڵ برادەرەکانیدا لە قاوەخانەیەکدا پەرداخێک لەگەڵ هاوڕێکانی بخواتەوە، بەڵام کاتێک زەنگی بۆ لێ دەدەم، تەلەفۆنەکەی وەڵام ناداتەوە. دوودڵی لەوێدا خۆی دەنوێنێت. ئەو دوودڵییە چیمان پێ دەڵێت؟ گێل(ئینیۆرەنس)م لەبارەی هاوسەرەکەمەوە پێ دەڵێت، ئەم نەزانینەش ئەمانترسێنێت، ترسی ئەوەی تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو بووبێت، کەسێکی خراپی بووبێت بە تووشەوە، ترسی ئەوەش کە پێ دەچێت لەگەڵ کەسانێکدا کاتێکی خۆشتر بباتە سەر لە من. ئایا ئەم ترسە لە خۆیدا ڕاسیۆنێلە؟ نەخێر،  لەبەر ئەوەی ئەم ترسە هیچ شتێکم پێ ناڵیت لە تێگەیشتن لە حاڵەتەکە، ئەم ترسە ئەشکەنجە دەخاتە سەر ئەشکەنجە، هیچ شتێک چارەسەر ناکات. ئا لێرەدا بەشێک لە ستۆسیسیزم دەناسینەوە لای سپینۆزا. ستۆیسیزم لای سپینۆزا بوونی هەیە، ستۆیسیزمی تێدایە، چونکە ئەو بیرۆکەیەی تێدایە کە پەیشن بەکاری هێناین بۆ خۆی و پاساودانەوەی بوون (raison) ئازادمان دەکات. کاتێک دوودڵی هیرش دەکاتە سەرمان، کاتێک ئێوە لە پاساودانەوەی بووندان، دوودڵی دەبورێتەوە، لە ناو دەچێت، لەبەر ئەوەی پەیشن دەتوێتەوە لەژێر هێزی پاساودانەوەی بووندا.

 هۆکاری چییە هەندێک کەس دەتوانن بە هێوری حاڵەتی ترس و دوودڵی بە ڕی بکەن؟ تەنها کارکردنە لەسەر پاساودانی بوونە و بەس، واتە ئاگایی، ئاگاییە بەوەی ئەو دوودڵی و ناخۆشییە هیچ لە بارەکە ناگۆڕیت، باشتری ناکات. کاتێکیش تێ دەگەین کە پەیشن هیج لە بارەکە ناگۆڕێت، ئەوسا دەچیتە ناو پاساودانی بوون، دەچینە ناو پەرستگای پاساودانی بوون، پاساودانی بوون کە پێمان دەڵێت؛ ئێمە کاریگەریمان لەسەر شتێک هەیە کە گرێ درابێتەوە بە ئێمەوە. خۆ ئەگەر ئەم نموونەیە بسەپێنین بەسەر هەموو ڕەوشێکدا؛ کاتێک ئێمۆشن بەسەریا زاڵ دەبێت، وەها هەست دەکەن کە پاساودانی بوون هێزێکی سیحراوی هەیە، ئەو توانایەی هەیە ئێمۆشن لەناو ببات، پاتۆس(Pathos) لەناو ببات، ئەشکەنجە لەناو ببات. سپینۆزا پێمان دەڵێت؛ لەو کاتەدا ئاشنایمان بە شادی دەبێت، شادی کە خۆی ئێمۆشنێک نییە، شادی شێوازێکی بوونە، بریتییە لە تێگەیشتنێکی راسیۆنێلی ئەوەی کە بوونی هەیە. لەبەر ئەوەی کاتێک ئێوە بە شادی بوژاونەتەوە، واتە ئێوە بە پاساودانی بوونەوە بوژانەتەوە، کە هەموو هەست بزوێنێک (پەیشنێک) لەناو دەبات، هەموو تووشبوونێک، ئا لەو کاتەدا هەموو ئەو کارانەی کە دەیکەن بە شێوەیەکی ئازاد دەیکەن. دەزانم کە ئەمە شتێکە هەروا ئاسان نییە بیکەین بە کۆنسێپتێک، لەبەر ئەوەی پێش هەموو شتێک ئەمە دەبێت بە ئەزموون بکرێت، بەڵام ئەکسیۆن لە شادیدا، ئەکسیۆنێکە کە ئاگایی ئەوەی هەیە هەر ئەوەیە کە دەبێت هەبێت، لەم قبوڵکردنەدا شتێکی تەواو فێنۆمێنال دێتە کایەوە، ئەویش؛ شادی هێزی بوونە، شادی بەتینی هەموو ئەو شتانەی کە هەیە، هەروەها تەوایی ئاگایی بە توانامان، توانای کاردانەوەمان، توانای بیرکردنەوەمان، توانای بوونمان.

ئازادی لای سپینۆزا گرێدراوە بە پاساودانی بوونەوە، واتە؛ هێزی تێگەیشتنی ئەوەی کە هەیە،

ئازادی لای سپینۆزا بوونی هەیە، لەبەر ئەوەی ئازادی هێزێکی نادیاریکراو نییە، هێزی گوشین و دۆشین نییە، گوشینی فیزیایی، هێزی تێگەیشتنە، کە هەموو شتێک دیاری کراوە، لەم گۆشەنیگایەوە ڕیی تێ دەچێت تێ بگەین لە هەموو ئەو شتانەی بوونیان هەیە. هەڵسوکەوت کردن بەپێی ئەوەی کە هەموو شتێک بوونی هەیە، واتە هەڵسوکەوت کردنە بە ئازادی. ئەمە شتێکە دەبێت بە ڕاستی پێداگری تێدا بکەین. ئازادی لای سپینۆزا گرێدراوە بە پاساودانی بوونەوە، واتە؛ هێزی تێگەیشتنی ئەوەی کە هەیە، ئێوە ئازاد نین وەها بکەن کە 2+2 یەکسانە بە؛ 5، ئازاد نین، ناچارن قبوڵی بکەن، ئایا ئەم قبوڵکردنە ئازاردەرە بۆ تۆ؟ ئایا ئەم قبوڵکردنە قوربانی دانە؟ ئایا لەسەرت دەکەوێت؟ نەخێڕ زۆر لەسەرت ناکەوێت، لەبەر ئەوەی هیچ کەم ناکاتەوە لەوەی کە هەیت، لەبەر ئەوەی لوتبەرزیتان ناڕووشێنێت، ڕێزگرتن لە خۆ، پەیشنەکاناتن تووش ناکات، ناز و ئەداکانتان تووش ناکات.

 ئێوە هاوڕان لەگەڵما کە قبوڵ کردنی ئەوەی کە 2+2 دەکاتە 4، ئەوە پێدانی زیاتر ئازادییە بە خۆ، هەتا باوەڕ بوون بەوەی کە دەکاتە 5، لەبەر ئەوەی ئەگەر باوەڕتان وەها بێت 2+2 یەکسانە بە 5، ئەوا هەرچۆنێک بێت لە ژیانی ڕۆژانەتا تەنگژیتان بۆ دەنێتەوە، ئێوە ئازاد نین وەها بکەن کە تێۆری  Pythqgore  ڕەوایی نییە، ئێوە ئازاد نین وەها بکەن کە هێزی ڕاکێشان لەناو بچێت، خۆت لەگەڵیا دەگونجێنیت، هێزی ڕاکێشان قبوڵ دەکەیت، وەک چۆن بیرۆکەی مردن قبوڵ دەکەیت، ئەمەش ئۆردەری شتەکانە، ئۆردەر و لە بەیەک گەشتنی شتەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانن دژی ئەم بیرۆکەیە بوەستنەوە، بەڵام ئەوە کێیە کە ئەو بیرۆکەیە ڕەت دەکاتەوە؟ لێرەشدا هەر ئێگۆیە، لوتبەرزیە، ترسە، ئەمانە هەموویان پەیشنن. پاساودانی بوون بریتییە لەوەی کە بیرۆکەی مردن قبوڵ بکەین، ئاواتی پێ نەبەیەت، شپرزەیی تێدا نەکەیت، بەڵام قبوڵی بکەیت وەک پێدانێکی ڕاسیۆنێلی جیهانی فیزیایی. خۆ ئەگەر ئەم بیرۆکەیە لە قوڵایی ناخی خۆتا قبوڵ بکەیت، ئەگەر بیخەیتە ناو خۆتەوە بە جۆرێک کە ئەو بیرۆکەیە نەت ترسێنێت، ئەوکاتە خزمەتکاری ترسی مردن نیت، خزمەتکاری هەموو ئەو شتانە نیت کە سەرچاوەیان لە مردنەوەیە. پاساودانی بوون ئازادکەرە، پاساودانی بوون ڕزگارتان دەکات لە ترس، لە پەیشنەکانتان ڕزگارتان دەکات، ڕزگارتان دەکات لە هەموو ئەو شتانەی پاڵتان پێوە دەنێنن هەقیقەت ڕەت بکەنەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە کاتێک بە ڕاستی بەهێزین کاتێک هەموو ئەو شتانەی کە بوونیان هەیە ڕەت دەکەینەوە. ئێمە هەمیشە بە هێزین کاتێک دەمانەوێت بەرپرس و تاوانبار بدۆزینەوە بۆ بێ توانایی خۆمان بەوەی کە هەیە.

بوون بە سپینۆزی یان بوون بە ستۆیستی جۆرێک نییە لە چارەنووس، باوەڕ، وازهێنان نییە،  تێگەیشتنە لەوەی هەموو ئەو شتانەی کە هەن پاساویان (raison) هەیە بۆ بوون هۆکاریان هەیە بۆ بوون، ناتوانین دژی هۆکار بوەستینەوە، ناتوانین دژی ئەوەی کە ژیانی فیزیاییمان بەڕی دەکات بوەستینەوە، بەڵام دەتوانین تێ بگەین لەوەی کە ژیانی فیزیاییمان بە ڕێ دەکات، تێگەیشتنیش لە  وشەی تێگەیشتن بە مانا ئێنتیمۆلۆژییەکەی، واتە هەبوون لە خۆدا. تێگەیشتن واتە قبوڵ کردن، تێگەیشتن واتە تەسجیلکردن، کاتێک لە شتێک تێ دەگەین لەشمان سوک دەبێت، هەنگاوێ دەچینە پێشەوە بەرە و ئازادی.

مرۆڤی ئازاد ئەو مرۆڤەیە کە بە کاری پاساودانی بوون، ژێردەستەی پەیشنەکانی خۆی نییە، ئازادی ئەو کەسەیە کە بەپێی پاساودانی بوون هەڵسوکەوت دەکات، لەبەر ئەوەی کاتێک ئێمە لە زنجیرەی هۆکار و کاردانەوە تێ دەگەین، مرۆڤ دەتوانێت ئەوە ‌هەڵهێنجێتەوە کە پەیشنەکانی، کە قانونی ماتریاڵ  بە سەریدا دەسەپێنێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئێوە تەنها بوونەوەرێکی فیزیایی بوونایە، ئەوا بچوکترین ڕووداو لە دەرەوەی تۆ ئەیتوانی پەیشنێک لەسەر تۆ دروست بکات کە تۆ بڕیارت لەسەری نەداوە.  قەڵەمەکەی کە فڕیم داوە بە زەویدا، ناتوانێت دژی ئەو ئاراستەیە بوەستێتەوە کە من پێم داوە، بەڵام ئێوە کە گوێگرمن، ئەو هێزەتان هەیە کە پەیشنی جیهانی دەرەوەتان پێ نەگات، ئێمۆشنی ئەوەتان پی نەگات کە بەسەرتانا دێت. ملکەچی پەیشنەکانت نەبن، هێزی ئەوەتان هەیە لێیان تێ بگەن، لە خۆتیان دوور بخەیتەوە لە خۆت، بیانخەیتە بەردەم  خۆت و لە پرەنسیپی پێکهاتەیان تێ بگەیت؛ پرۆسەی ئەو پەیشنانەی چۆن چوونە ناخی تۆوە، ئەو هێزەت تێدایە. تێبینیش دەکەن کاتێک ئەو پرۆسەیە تێ دەگەین،  تێ دەگەین چۆن ئەو ئێمۆشنەی ئێستا هەستی پێ دەکەن چۆن هاتە کایەوە، چۆن ڕاڕایی خۆی بنیات نا؟ هۆکاری ئەو ترسە چییە بە تەنیشتەوەیە؟ کە شەکەتی کردوویت، تێ دەگەیت کە هەموو ئەو شتانە بە یەکداداچوونی ڕووداوی هۆکار و کاردانەوەن و تۆش ناچار نیت هەموو ئەو شتانە بگریتە خۆ، تۆ خاوەنی هێزێکیت ئەویش پاساودانی بوونە و ئەوەش بەستراوەتەوە بە تۆوە بەکاری بهێنیت، بە ئەزموونی بکەیت.

سوپاستان دەکەم


[1]   Parallelisme :

فەلسەفەی پارالێلیسم ئەو تێزەیە، کە فێنۆمێنی پسیشیک و فیزیایی (دەروونی و جەستەیی) دوو ڕەچە پێک دەهێنن بەبێ پەیوەندی زنجیرە هۆبەندی لە نێوانیاندا، بەڵام ڕێی تێ دەچێت پەیوەندی سازان لە نێوانیاندا بچەسپێت،. بەپێێ پارالێلیسم، هۆکاری فیزیایی کاریگەری لەسەر هۆکاری فیزیایی هەیە بە تەنیا و، هۆکاری مانتالیش لەسەر مەنتال بە تەنیا.