“تەونی بریا”؛ تەونێک لە هەزار خۆزگەی ناڕوون و لێڵ

کاتێک زمان دەسووتێت، بۆن و تامی خوێن کەللەسەر دەتەنێت دەبێتە سیمبولێک بۆ ڵاڵ بوون، لێ قەڵەم هێشتا کار دەکات و خەیاڵ هێشتا دەکارێت ڕووداوەکان بنووسێتەوە و هزر هێشتا لە گۆ نەکەوتووە.

 “تەونی بریا” گێڕانەوەی چیرۆکی گەنجێکە لە باشوور و باکوور و ڕۆژاڤا، هەر هێندەش نا بەڵکو سەفەرێکە بە زەمەندا و دەتوانرێت چیرۆکی دەیان لاوی دیکە بێت، لەم ڕۆمانەدا بەرکەوتنمان دەبێت لەگەڵ دەیان چیرۆکی دیکە..

تەونی بریا تازەترین ڕۆمانی ‘فەرهاد چۆمانی’ نووسەر و وەرگێڕە، کە لە لایەن دەزگای فام چاپ و بڵاوکرایەوە، جیاواز لە ڕۆمانی (قیژە-ساڵی ٢٠١٦)، چۆمانی لە پانتاییەکی دیکەی زمان و خەیاڵ و ئەفراندندا کار دەکات، وەک هەمیشە من گەرەکم نییە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەییانە بۆ ڕۆمانەکە بکەم، دواجار من ڕەخنەگر نیم و دەمەوێ لەسەر زمان و تەکنیک و چنینی ڕووداوەکان بدوێم.

ڕۆمان یەکێکە لەو ژانرانەی ئەدەب کە خوێندنەوەی چێژێکی تایبەت دەبەخشێت، گەر نووسەرێکی کارامە و شارەزا نووسەری بێت، زانیاری تایبەت دەخاتە سەر بوخچەی بیر و هزر و تێڕامانمان و ئاشنامان دەکات بە تەکنیکە تازەکانی نووسین. تەونی بریا بەدەر نییە لەو چێژ و زانیارییانە ‘چۆمانی’ بە زمانی باڵندەکان دەنووسێت و توانیویەتی لە ڕێگای زمانی پاراو و تەکنیکی سەرنجراکێشەوە، ڕۆمانەکەی لە بۆتەی یادەوەریماندا بتوێنێتەوە.

ئەوەندەی لە توانامدا بێت دەمەوێ ئەم نووسینە خوێندەنەوەیەکی شیکاری بێت نەک ڕەخنەئامێز، دواجار ئەوە کاری کەسانی دیکەیە گەر هەمانبێت و بتوانێت بێ لایەنانە هەندێک سەرنج دەربارەی ڕۆمانەکە بخاتە ڕوو، چونکە ئەدەبیش هاوشێوەی هونەر، بێ ڕەخنە نابێت و پێم وایە ڕەخنەی بەجێ و دروستکەر هەموو نووسەر و هونەرمەندێک پەسەندی دەکات و وەریدەگرێت..

تەونی بریا نووسینەوەی مێژوویەکی نزیکی ئێمەیە، فیلمێکە ڕابردووی چەند ساڵێک لەمەوبەرمان لە سکرینەکەوە نیشان دەدات کاتێک کامەران لەسەر عەرەبانەکەی کەرەوز و کەوەرەکان ئاو دەدات ئێمە چەند شەقاوێک لەولاوە گوزەر دەکەین..


تەونی بریا، فەرهاد چۆمانی، ڕۆمان، بڵاوکراوەی دەزگای فام ٢٠٢١.

سەری تەونی چیرۆکێکە

گەڕایەوە ئەو خاکەی کە بۆ یەکەمجار تێیدا گەوزا

”دایکە، نۆ مانگ وەک پارچەیەک خەڵووز لە ڕەحمی خۆتدا هەڵت گرتم، هاتمە دنیا، بەر لەوەی پێڵوەکانم بپشکوێن زریکاندم، هێشتا زراسکە بووم، زمانم نەدەگەڕا پێت بڵێم بۆچی دەگریم، ئەودەم زمانم هەبوایە بەو کۆرپەلەییەی خۆمەوە دەمگوت: ‘نەدەبوو بێمە ژیان”.. کاتێک لە سەرەتاکانی ڕۆمانەکەوە بەرکەوتنمان دەبێت لەگەڵ ئەم مەنۆلۆگانەی کە کەمال لە ڕێگای نامەیەکەوە بە دایکی دەڵێت بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم ڕۆمانە هەڵگری دەیان ئازار و گێڕانەوەی چەندان چیرۆک دەبێت. هەر لەسەرەتاوە کاتێک دەست بە خوێندنەوەی تەونی بریا دەکەی، ڕۆمانەکە هێزێکی موگناتیسی لەنێو دێڕەکانیدا خۆی مەڵاسداوە هێزێک بارستایی کێشکردنی هێندەیە کە نەهێڵێت دەست لە خوێندنەوە هەڵبگریت، لەگەڵ ئەوەی تەکنیکی چنین و مۆنتاژکردنی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی زۆر ورد کاری لەسەر کراوە و فلاش باک و خەیاڵ و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، هەروەها ژیان کردن لەو ڕووداوانەی کە ڕوویان داوەو تەنها خەیاڵ دەکارێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە و تێیاندا بژێت بەشێکی دیکەی چنین کارین لە تەونی بریادا..

کارکردن لەسەر وێنەی ورد لەنێو وێنە گەورەکان بەشێکی دیکەی ئەم ڕۆمانەیە و هەر لە سەرەتادا نووسەر وێنەکانمان بۆ زووم دەکات، دەکرێت بڵێم چۆمانی بە وردەکاری دەرهێنەرێکی فیلمسازەوە ئەم ڕۆمانەی نووسیوە تەنانەت کاری لەسەر دەنگ و هەندێکجار تام و بۆنیش کردووە و خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەدا هەستیان پێ دەکات هەر بۆ وێنە ”ئەو کاتەی گەڕاندییانەوە زیندانە تاکەکەسییەکەی، ئاو زابووە چاوانی. لیک و خوێناو لە دەمی دەهاتنە دەرەوە. جەستەی ڕەسەر ئارەقەیەکی ڕەش کەوتبوو. سوور هەڵگەڕا بوو، دەتگوت کەلەشێکی گوورێندراوە، شل و خاو. وەک ئەوەی بە پڕ بە گەرووی بانگی مردن بکات، دەیزریکاند. زریکەی دەتگوت تیغێکە و بەر برینی زمانی دەکەوێت. کەوتە سەر زەمینی چیمەنتۆ چاڵ چاڵەکە… ” یان بەڵام لەو شەوە ساردەدا، کە وەک پەلکە چناران دەلەرزیم، سێ زیندانەوانی دەمامکدار هاتنە ژووری زیندانە تاکەکەسییە نسرم و نووتەکەکەم، منیان بردە ژوورێکی گەرم... ”چەندان وێنەی دیکەی هەن لەنێو وێنە گشتییەکەدا و پاشتر ئێمەش لەم نووسینەدا جێگایان دەکەینەوە و باسیان دەکەین..

هەر لەم بەشەی سەرەتادا دروستکردنی کەسایەتییەکان سەرنجڕاکێشە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کەمال بۆچی وڵات بەجێدەهێلێت، ئەم جێهێشتنە پێشتر بیرۆکە و خولیای نێو سەری کەمال بووە؟ تەنانەت وێنەی شێوەی کەمال کێشراوە چۆن دەردەکەوێت لێوەکانی داچۆڕاون ڕیشێکی درێژ و چاوەکانی سوور هەڵگەڕاون… کامەران دەبینین چەندە ماندووە چەندە دڵشکاوە کاتێک دێتە دیدەنی براکەی، دایکی کەمال وێنا دەکەین دەبێت چ ژنێکی خۆگر و بەهێز بێت کە بە تەنها دوو کوڕ گەورە دەکات. هەرچەندە دایک وەک کاراکتەر ئامادەگی نییە لێ لەبەرچاوانیش ون نییە و نەتوانی بیبینیت وەک خوێنەر، کەسایەتی جەللادەکان بێدەنگییان، هێز و بازوو دڵ ڕەقی و ئەو نەفرەتەی لەناخیاندا هەیە ورد چنراوە و لەپێشماندا لەنێو ئەو سکرینەدا ڕۆڵ دەگێڕن..

گەڕانەوە بۆ مێژوویەکی دوور لەم سەرەتایەدا نووسەر کاری لەسەر کردووە، ئەم سەرەتایەی بە شێوەیەک چنیوە توانیویەتی سوود لە هەموو کونج و کەلەبەرێکی وەربگرێت، مێژووی دوورمان نیشان دەدات لە گۆشەنیگای ماڵی کەمالەوە، بەرکەوتنمان دەبێت لەگەڵ باوک و پێشمەرگە و شاخ و خیانەت، لەم ڕێگایەوە نووسەر دەکەوێتە نێو گەمەی گەڕان بەدوای مانای وشەکاندا کە لە کەسایەتی کەمالدا جێگای کردووەتەوە کە ئەمەش دەکاتە هۆیەکی باش بۆ ئەوەی کەمال فێری زمانێکی دیکە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا نووسەر بەشێکی کەمی بوونی خۆی لەم کەسایەتییەدا نیشان دەدات بەوەی ئێمە دەزانین تەنها نووسەرەکانن بەدوای مانای وشەکاندا وێڵن و دەگەڕێن بۆیە ئەم خووەی کەمال پێموایە لە ڕاستیدا خوویەکی گەورەی نووسەر خۆشی بێت..

تەونی بریا لەم سەرەتایەوە زۆر ڕوون بەرەو پێش دەڕوات و تا ئێستا گێڕەرەوەی چیرۆکەکەمان جڵەوی حەکایەتەکانی لەدەستدایە، باسی ڕۆژانی زانکۆمان بۆ دەکات خۆپیشاندانەکان و زانکۆ، ئەو هەڕەشانەی لێی دەکرێت، ئەو هوتاف و هاوارانەی کە دەیکات دژ بە ستەم و هاوڕێکانی باوکی، دەرکردنی لە زانکۆ و وێڵ بوونی لە نیشتمانەکەی خۆیدا و گەوزاندنی لەو خاکەی تێیدا لەدایک بووە، لێ بەهاتنی کتێبی ونبوو لە لایەن کەسێکی نائاشنا و ون هەموو شتێک ئاڵۆز دەبێت و دەبێت ئێمەش خۆمان باشتر ئامادە بکەین و کەسانێکی دیکە دەناسین و لەو بازنەی کەسایەتییانە دەردەچین کە لەم سەرەتایەدا ناسیومانن..

کتێبی ونبوو

“ئەگەر پەرتووکێک لە گیرفانتدا بوو مانای وایە خاوەنی جیهانێکی دیکەی،

جیهانێک کە دەکرێت ببێتە مایەی هێنانی خۆشبەختیت”

ئۆرهان پامووک

جیاواز لەو بۆچوونەی پامووک کە دەربارەی کتێب گوتوویەتی کتێبی ونبوو نابێتە هێنانی خۆشبەختی بۆ کەمالی کەسایەتی ڕۆمانەکەمان، تەنانەت دەبێتە هۆی کوژاندنەوەی ئەو ترووسکاییەش کە لە ژیانیدا بوونی هەیە، هەم بە ونبوونی کتێبەکە ڕۆشنایی ژیانی تاریک دادێت، هەم بە زانینی تەواوی تەونی حیکایەتەکانی نێو کتێبەکە و ناسینی کەسەکانی نێو کتێبەکە و ژیانکردن لەنێو ئەو خانوو و کوچانەی کە ڕووداوەکانی کتێبی ونبووی تێدا ڕوویداوە کازیوەی ڕۆژە نوێکانی دەکوژێتەوە وەک ئەوەی چارەنووس پەردەیەکی ڕەش بێت و بەسەر داهاتووی ژیانیدا دابدرێتەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ساتەکانی تاریکتر دادێن تا دەگاتە ئەو ئاستەی ژیانی دەبێتە لانەی لەمەچێترەکان و سێبەری خەیاڵە زۆروزەوەندەکانی.

کتێبی ونبوو گێڕانەوەی چیرۆکی زراسکەیەکە کە دایبابی ڕاستەقینەی فڕێیان داوەتە نێو زێرابێک لە ئیستانبوڵ و لە ئێوارەیەکی تووشی باراناویدا لەلایەن کەسێکەوە هەڵدەگیرێتەوە کە خۆی نەزۆکە و چەندین ساڵە چاوەڕێی منداڵێکە، لەو شەوە سامناکەدا ئیبراهیم دوای ململانێی و بیرکردنەوەیەکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەیباتەوە ماڵەوە بەبێ ئەوەی ژنەکەی پێی بزانێت لە هەورەبانی ماڵەکەیاندا حەشاری دەدات تا لەکەشێکی ئارامدا دوای خواردنەوەی قاوەیەکی تاڵ کە خووی سوورەیای خێزانێتی گەرەکیەتی ڕاستییەکانی بۆ بدرکێنێت.. تاوەکو ئێرە لەگەڵ کەمال دەخوێنینەوە و کتێبەکە ون دەکەین، لێ پاشتر هوما چیرۆکەکەمان بۆ تەواو دەکات کە چۆن ئیبراهیم و سورەیا چوونەتە دادگا و چۆن پشکنینیان بۆ کراوە و دواتر چۆن بەخێوکردنی هومایان لە ئەستۆ گرتووە، تا ئەو کاتەی سورەیا بە شێرپەنجە دەمرێت و ڕۆژێک ئیبراهمی باوک هوما دادەنێت و بەدەم خواردنەوەی ڕاکییەوە هەموو ڕاستییەکان بەو زراسکەیە دەڵێت کە خۆی لەنێو زێرابێکدا هەڵیگرتووەتەوە و بەخێوی کردووە، ئیبراهیم تەنانەت ئەوەش بە هوما دەڵێت کە خۆی لە ماڵباتێکی کوردە لێ هومای وەک تورکێک پەروەردە کردووە، کاتێکیش ئیبرام بڕیار دەدات بڕوات و ون ببێت ماڵەکە بۆ هوما بەجێدەهێڵێت، لێ هوما بڕیار دەدات بچێتە وڵاتێکی دوور و لەم مەملەکەتە کۆچ بکات کە تەنها زێرابەکانی هەڵگری ڕۆحی ئەمن..

هوما لەو وڵاتە دوورەدا لەو کافێیەی کە کوردانی هەر چوار پاچە لێی کۆ دەبنەوە مەردان دەناسێت، لێ دوای چەند ساڵێک لە پەیوەندییان مەردان بۆ هەتا هەتا ون دەبێت و نادۆزرێتەوە، بۆیە بڕیار دەدات بە تەونی حەکایەتی خۆیدا بچێتەوە و هەمیشە هەوڵ دەدات بەڵکو لە ڕێگای حەکایەتی ئەوانی دیکەوە سەرەداوێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بیباتەوە سەر تەونی چیرۆکی خۆی لەگەڵ مەردان، لە ڕێگای هاوەڵێکی کە بەڵێندەرە لە باشوور کەمال دەناسێت و دەیکاتە نێچیر و یاریکەری پلانێک بۆ دۆزینەوەی مەردان، لێ هەوڵەکانی شکست دێنن هەر جارە و لە باوەشی کەسێکدا بەدوای مەرداندا دەگەڕێت، لێ ئەمە کەمال دەکاتە نەخۆشێک کە دواتر دەربازبوون لە غایەلەکانی نێو سەری بە زیندان کۆتایی دێت..

تەونی بریا

“لە خاڵێکی تاریکەوە دەستم پێ کرد ڕەحمی دایکم،

بەرەو خالێکی دیکەی تاریک هەنگاو دەنێم”

نیکۆس کازانتزاکیس

تەونی بریا تەونی چیرۆکی گەنجێکە سەرگەردان بە دوای عەشقێکدا وێڵ دەبێت، دەبێتە دیلی خۆشەویستییەکی ناکام و دواجار ڕێگای خۆی ون دەکات بە دیل دەگیرێت، وەک خۆی دەڵێت: ”لە ڕەحمی تۆوە بۆ زیندان گەشتی ژیانی من بوو دایکە. نە عاشقێکی فەرهادیم لێ دەرچوو، نە ئیماندارێکی زاهیدانە.

گەنجێک لە باشوور بەهۆی ئەوەی بەشدارە لە خۆپیشاندانەکان دژی سەرۆک و دەسەڵات، دەیەوێ ئازادی بەدەست بێنێت، لێ نەک ئازادی چنگ ناکەوێ تەنانەت دەیان نامەی هەڕەشەئامێز و تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیشی لێ دەکرێت و لە زانکۆش وەدەری دەنێن، کاتێکیش بەڵێندەرێکی تورک کە پێشتر کاری لەگەڵدا کردووە بە کیژۆڵەیەکی دەناسێنێت و ئەمە وەک پەنجەرەیەک بۆ ڕزگار بوون لەو جەنگەڵەی تێی کەوتووە تەماشا دەکات، نائاگا لەوەی سەفەرکردن بۆ دیدەنی عەشقکەی پلانێکە و دەیخاتە گێژەن و سەر پەتی مەرگێکی دیکە سەرهەڵدەگرێت..

کەمال بۆ دەربازبوون ڕوو لە ئیستانبوڵ دەکات، بەرەو باوەشی هوما هەنگاو دەنێت، لێ ئەم سەفەرە دەرچەیەک نابێت بۆ دەربازبوون و تووشی دەردەسەری و یارییەکی شەیتانی پلانداڕێژراوی هوما دەبێت، ئەمە وا دەکات باری دەروونی بشێوێت و غایەلەکانی نێو سەری زێدەتر بن، پزیشکی دەروونی ناتوانێت چارەسەری بکات، دەکەوێتە دەستی ڕێکخراوێک بە ناوی یارمەتیدان و پاکبوونەوەی لەو گوناهانەی کردوونی مێشکی دەشۆرێتەوە و وەک داعشێک ئادە دەکرێت و دەنێردرێتە سووریا بۆ جیهاد، بەڵام ئەوە جیهاد و پاکبوونەوە نییە، ئەوە تەونی جاڵجاڵۆکەیە و ئەمیش مێشێکە و بەو تەونەوە بووە، تەونێک هێندە نەرم کە هەوڵی خۆ دەربازبوونی لێ نادات، بەڵام دواجار بووە بە تۆڕێکەوە و بە برینداری دەکەوێتە زیندان و دەیگەڕێننەوە هەمان ئەو شارەی لێیەوە سەفەری کرد، ئەشکەنجە دەدرێت و دەکرێتە بکوژێک بە دڵی ئەو کەسانەی کە پێشتر خۆپیشاندانی دژیان دەکرد و هوتافی بڕووخێی لە دژیان دەگووتەوە..

رووداوەکانی نێو تەونی بریا ئالۆز وەک تەونێک چنراون، لێ نەرم و ڕەوان دەگێردرێنەوە و هەر وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم بۆ کرد هێزێکی مووگناتیسی لە دێرەکاندا هەیە بەرەو خۆی کێشت دەکات، بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی بۆچوونەکانم و شیتەڵکردنیان گەرەکمە لە چەند بەشێکدا لەسەر چەند ڕووداو و کەسایەتی، وێنە و زمان و چەند بەشێکی تریش بئاخڤم..

blank
فەرهاد چۆمانی، ڕۆماننووس

کەسایەتییەکان

تەونی بریا ڕۆمانێک نییە وەک ئەو تەرزە ڕۆمانانەی کە لەسەرو خەیاڵی مرۆڤەوە کاربکات، کەسایەتییەکانی نەبوو بن، یاخود کەسایەتی خەیاڵی و ئاکار و ڕەفتار شێوەیان لە مرۆڤی ئاسایی جودا بێت، هەروەها شوێنیش پانتاییەکی فەنتازی نییە لە هەسارەیەکی دیکە و لە زەوییەکی دیکە ڕۆمانەکە ناگێڕدرێتەوە، هەرکەس دەکارێت خۆی لەنێو کەسایەتییەکانیدا بدۆزێتەوە، چۆمانی کەسایەتییەکانی ڕۆمانەکەی زۆر ورد داڕشتووە و کاری لەسەر کردوون، ئەوە کەسایەتییەکانن چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە نووسەر ئازادی کردوون لەوەی چی دەڵێن کەسایەتییەک نین بە خواستی نووسەر بدوێن و هەڵسوکەوت بکەن..

کارکردن لەسەر کەسایەتییەکان بە شێوەیەک چڕ بووەتەوە تەنانەت وێنەی تەواوی کەسایەتییەکانمان لەبەر چاوە، بە هەموو ئاکار و خوڕەوشتێکیانەوە، جلوبەرگ و شێوازی ئاخافتنیان، دیاری کردنی ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و جەستەیی و دەروونییەکانیشیان ڕوون و ئاشکرایە، تەنانەت کارکردن لەسەر جلوبەرگ وەک سیمبولێک، بۆ وینە ئەو کاتەی ئیبراهیم باسی باوکی دەکات کاتێک لە بایەزید بەر لەوەی ئاوارە ببن بە تیزە نیگایەک سەرنجی جلە کوردییەکانی باوکمی دا و گوتی: ”مامۆ! بەر لەوەی بڕۆن ئەم جلانەت داکەنە، ئاوا بچیتە ئیستانبوڵ دەبیتە سەمەرە”،هەمان کەسایەتی ئیبراهیم بە شێوەیەک داتاشراوە کە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و جەستییەکانی لایەنە دەروونییەکانی ئاشکراو ڕوونن، لە ڕووی ڕەهەندی کۆمەڵایەتییەوە ئیبراهیم وەک لە زمانی خۆیەوە پێمان دەڵێت نەزۆکە و منداڵی نابێت..

کەسایەتی ئیبراهیم تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە لەنێو تەونی بریادا، ئیبراهیمی ڕزگارکەر، ئیبراهیم سێ جار و بە سێ شێوەی جودا دەبینین، جارێک لەنێو کتێبی ونبوو کە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە و هەر لە بایەزیدەوە تا ئەو دەمەی زراسکەکە لەنێو زێرابەکەدا ڕزگار دەکات، جارێکیش ئەو ئیبراهیمەی لەنێو ئۆتۆبوسەکەدا هاوسەفەری کەمال -ە دەیەوێ کەمال ڕزگار بکات لەو هەڵاتنەی گرتوویە بەر، لێ کەمال پشت گوێی دەخات، هەردوو ئیبراهیم خەڵکی هەمان ناوچە و شارێکن لە باکوور، بایەزید، هەردوکیشیان لە وڵاتی خۆیان ڕەڤیان و ئاوارە و غەریبن ”ناوم ئیبراهیمە. مرۆڤێکی کەرت و دابەشبوو بەسەر باشوور و باکووری وڵاتدا. لە باکوور لەدایک بووم و هاوینان لە باشوور دەژیم، کرێکاری بیناسازیم. لەنێوانی هەردووکیشیاندا مردن دەچێژم. من خەڵکی بایەزیدم. وەک مرۆڤێکی بێ ناونیشان و بێ ناو دەژیم. لە ترسی دەوڵەت هەر جارێک لە شوێنێکم. ناسنامەیەکی ساختەم لە گیرفاندایە، بەڵام سەرڕاستتانە دەژیم…”،جاری سێهەمیش کە ئیبراهیم دەبینینەوە ڕێنیشاندەری فەرهاد داغسەڤەرە بۆ هەڵاتن بەرەو چیا و ڕزگاربوون لە دەستی لوتفی بەگ..

یەکێکی دیکە لە کەسایەتییەکانی نێو تەونی بریا کە جێگای سەرنج و تێڕامانە، ئەو کەسایەتییەیە کە لەناخی کەمالدایە و ئێمە تەنها دەنگی دەبیستین، کەسایەتییەک کەمال ڕادەچڵەکێنێت و خوێنەر لەگەڵیدا هەست بە گرژ بوونی ماسولکەکانی دڵی دەکات، دەنگی نێو ناخی کەمالە ئاگاداری دەکاتەوە لە نەچوون دواتر ئەو دەنگە دەبێتە کابووسێک و هەست دەکات بە ژوور و ڕیواقەکانی ماڵەکەی هوما بە دواوەیەتی ”تا چراکانی ئێرەت لێ دیارن، بگەڕێوە. ڕۆشناییەکانی ئەوێ فریون و مەنزڵێک نییە پێی بگەیت”. ئەو کەسایەتییەی کە پرسیاری بوون دروست دەکات دەبێ کێ بێت؟ پاشتر و لای فەرهاد داغسەڤەری دکتۆر لە زاری کەمالەوە دەیناسین.

کەسایەتی کەمال لە ڕووی ڕەهەندە جەستەیی و دەروونییەکانییەوە گۆڕانکاری بەسەردادێت، بۆ وێنە لە زیندان هێندە ئەشکەنجە دراوە لاوازتر و کاتێکیش خەڵوزەکە دەخەنە نێو دەمییەوە لێوێکی دادەچۆڕێت، بەڵام ئەو کەمالەی کە بەرەو ئیستانبوڵ دەکەوێتە ڕێ لە چاوی هوماوە تەماشا بکرێت جیاوازە لە کەمالی زیندان کاتێک هوما دەڵێت: ”لەو بوونەوەرانەیە خودا لە هەر جنسێک یەکێکیان دروست دەکات…”یان ”ئەمە تاکە پیاوێکە خودا لەسەر ئەم تەرز و بەم ڕەنگ و بنێسیی و کزییە دروستی کردبێت…”لەگەڵ ئەوەی ئەم وەسفە دژ بەرە بەوەی لەناخی کەمال خۆیدا دەگوزەرێت کە پێی وایە ئەو ئەو شۆڕشگێڕەیە کە دەتوانێت مەحاڵ بخوڵقێنێت، ئەو گڕی عەشقەی لەناخیدایە کڵپە دەسێنێت جیهان سەراوبن دەکات.

کەسایەتی کەمال کاتێک تووشی دەروون شێوان دەبێت جیاوازە چاوەکانی بە قوڵدا چوون، ماندووە ڕەنگی زەرد هەڵگەڕاوە، جلوبەرگەکانی شلوشێواون چمکێکی قەمیسەکەی نەخستووەتە ناو پانتۆڵەکەی، کاتێکیش دەیبەنە دەرگانی شێخ کەمالێکی تر دەبینین، کەسایەتییەکە بەسەر پەتی چیرۆکەکانی خۆیەوە یاری دەکات و لە گۆڕاندایە، کاتێک دەبێتە داعش و جلوبەرگە قەندەهارییەکان دەپۆشێت، بەبێ سەوسەن جیاوازە کاتێک سەوسەن لە بازاڕی سەبایەکاندا دەکرێت کەمالێکی تر لە دایک دەبێت.

هوما ئاڵشک ئەو کەسایەتییەی کە تەمومژاوییە لە چاوی کەمالەوە، لێ ئێمە لە وەسفەکانی خۆیەوە دەیناسین و بەرکەوتنمان دەبێت لەگەڵ ئەو هەستانەی لە ناخیدا گوزەر دەکەن، هەر لە سەرەتاوە کاتێک لە کەمال دەڕوانێت و بەرانبەری دەکات بە هەستەکانی خۆی هەر وەک خۆی دەڵێت؛ بۆ هوما دەبوو پیاو وەک سەگی هار تێیبەربێت. ڕایبچڵەکێنێت. کە لەگەڵی دەخەوێت کەڵبەکانی ببینێت، ددانەکانی لێ جیڕ بکاتەوە و هێندە نەمێنێ ئێسقانەکانی بشکێنێت…..ئاهـ دەستی پیاو!  هیچ شتێک هێندەی دەستی  تووکن و شەقار و پڕ قڵیشی پیاو هومای لەخشتە نەدەبرد. حەزی دەکرد کە چنگ لە مەمکەکانی دەگرێت وەک هەنارێکی گەییو خوێنینیان بکات…”. هەر ئەم هەستانە نا تەنانەت کەسایەتییەکی هێندە خۆ ویستە بۆ ئەوەی بچێتەوە سەر پەتی حەکایەتی خۆی ئامادەیە یاری بە هەستی هەمووان بکات، ئەوەی بۆی گرنگە جێبەجێ بوونی پلانەکانی خۆیەتی..

فەرهاد داغسەڤەر ئەو کەسایەتییەی بە دوو شێواز بەر دیدەمان دەکەوێت، فەرهادی پزیشکی دەروونی و زناری گەریلا فەرهاد لە هەریەکێکیاندا لە ڕووی دەروونییەوە جیاوازە کاتێک فەرهادە خۆی ڕاوێژکاری دەروونییە، لێ کاتێک دەبێتە زنار وەک خۆی دەڵێت چەندە پێویستی بە ڕاوێژکاری دەروونییە، ئەمە بۆمان دەردەخات کە دوو کەسی جیاوازن و لەبۆتەی کەسێکدا تواونەتەوە فەرهادێک پزیشکی دەروونی و گیرۆدەی دەستی کێشەیەک و زنارێکی گەریلا و هەڵاتوو لەنێو جەنگدا بە هەردوو بارەکەدا لە ڕووی جەستەیی و ڕەفتاریشەوە جیاوازن، فەرهاد کەسێکی هێمن و لەسەرخۆ سەروکاری لەگەڵ ڕیکۆردەر و قەڵەم و ئاخافتن هەیە، زنارێک لە بەرگێکی گەریلایی و سەروکاری لەگەڵ کڵاشینکۆف و جەنگدا هەیە.

مەردان وەک کەمال ناوی دەبات مەردان تاژی، یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە لەنێو تەونی بریادا چیرۆکی خۆی بەیان ناکات و حەکایەتی خۆی ناچنێت، بەڵام ئامادەییەکی هێندە سەنگینی هەیە کە تەواوی ڕۆمانەکە و سەفەرەکەی هوما و کەمالیش لە پێناوی ئەودا ڕوودەدەن لەگەڵ ئەوەی لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا دەدۆزرێتەوە و دەزانین چ کارەیە، بەڵام بە چیرۆکەکەی ئاشنا نابین..

لەنێو تەونی بریادا زۆر کەسایەتی دیکە هەن کە جێگەی سەرنج و ڕامانن، تەرتەر تۆبیاس و لوتفی بەگ، شیرین و سەوسەن کە هەریەکەیان ئاکار و خوڕەوشتی تایبەتی خۆی هەیە، هەر یەکەیان ڕەنگدانەوەی وێنەیەکن، کاتێک خوێنەر تەونی بریا دەخوێنێتەوە هەستیان پێ دەکات لەگەڵیاندا دەژی و ئاشنایان دەبێت هەریەکەیان هەڵگری پەیامێکن لە چەند بەشێکی دیکەدا هەندێک لەم کەسایەتییانە دەبنەوە میوانی ئەم نووسینەمان، هەر بۆیەش من نەمگەرەکە ورد و درشتی کەسایەتییەکان بخەمە بەر شیکردنەوە تاوەکو لە چێژی خوێندنەوە کەم نەکەمەوە..

وێنەکان

ڕۆمان نووسینەوەی وێنە و تابلۆیە، ئەوەی لەتەونی بریادا جێگای ڕامان و ورد بوونەوەیە لە وێنە گشتییەکەوە دەچینە سەر وێنە زۆر ورد و بچوکەکان، وەک ئەوەی نووسەر کامێرایەکی پێبێت بەشە وردەکانی تابلۆکە زووم بکات و نیشانمانی بدات، هەر لەسەرەتای ڕۆمانەکەوە ئەم هەستە لای خوێنەر گەڵاڵە دەبێت و وردەکاری دیمەنەکان دەبینین، تەنانەت نووسەر دەچێتە نێو چاوی کەسایەتییەکان و بە چاوی ئەوان وێنەکانی دەوروبەرو ئەو دۆخەمان نیشان دەدات کە کەسایەتییەکی تێدا دەژی بۆ وێنە: “چاوم لەبەر پێی خۆم بڕیوە، مەودایەک دەڕۆم و سەر هەڵدەبڕم، کوڕیژگەیەک، کە هەر قەیرێ لەمەوبەر هاواری فرۆشتنی ڕۆژنامەکانی دەکرد ئەوەتا با وەک منداڵێکی هاروهاج تێی ئاڵاوە و هەر جارێک ڕۆژنامەیەک، ڕووپەلێک و دووانی لێ دەفڕێنێت”. تەنانەت کاتێک تابلۆیەکی گەورە دەنەخشێنێت وردەکاری چنینی تابلۆکەشمان نیشان دەدات ”بەلای مزگەوتی فاتیحدا تێپەڕین، کۆترەکان لەسەر پەنجەرە و دەوراندەوری منارەکانی هەڵکوڕماون” تەنانەت ئەو وێنانە دەکاتە ئاماژە و وەک ڕەنگدانەوەیەک بۆ ناخی کەسایەتییەکان دەینەخشێنێت ”بنمیچێکی ڕەشداگەڕاو، ژێر هۆڵدەری تاکە گڵۆپی ژوورەکە سووتاو، سیسرکەیەک لە گۆشەی لای چەپی پەنجەرە بچووکەکە بە دیوارەکەوە بوو. بە جووڵەیەوە دیار بوو دەمێکە مرۆڤی نەبینیوە”پەشۆکانی ئەم سیسرکەیە ئاماژەیەکە بۆ پەشۆکان و حاڵی پەشێوی هوما لەو ساتەدا، یاخود وێنەکە گەورەتر دەبێت و دەچینە لای ئەو ڕێبوار و چاوەڕوانکەرانەی فرۆکەخانە کە کەسایەتی نێو ڕۆمانەکە نین، بەڵام وێنەکانی سیمبولێکن بۆ چاوەڕوانی ئەو ساتەی کەمال ”سەرنجی چووە سەر قنچکی جگەرەکان، سەدان جگەرەی کوژاوەی خنکاوی نێو خۆڵەمێش، هەریەکەیان بە جۆرێک، شێوازی پڵیشانەوە و کوژانەوەیان لەبەرچاوی کەمالدا دەرخەری دۆخی دەروونیی چاوەڕوانیکاران بوو،…. پاشتر  تۆ بڵێی بە چ هەستی پڕ حەسرەت، دڵخۆشی، حوزن، ئومێد، شادی، ترس، ڕاڕایی، شکۆ، نیگەرانی، شانازی، پەشیمانی، بەزەیی، دڵڕەقانە، سۆز، تووڕەیی، درۆزنانە،…”ئەمانە وێنەیەکن کە کەمال دەیهێنێتە پێش چاوی خۆی لێ خوێنەر لە ڕێگای ئەم وێنانەوە لە دۆخی کەمال خۆیشی تێدەگات.. تەونی بریا وێنەی شار و دێهاتەکانیشمان نیشان دەدات تابلۆ سروشتییەکانیش پشت گوێ ناخات و کارەساتەکانیشمان لە ڕێگای ئەم وێنانەوە بۆ دەگوازێتەوە کاتێک وەسفی سەرەتاکانی شەڕ دەکات لە کۆبانێ ”سترانێک بوو نووزەی بە کۆڵانەکاندا دەگەڕا. بەو برینانەی خۆیەوە لایلایەی بۆ کوڕ و کچە شەڕڤانە بریندارەکانی دەکرد. بەڵام بۆ زنار کۆبانێ مەیدانێکی تری جەنگ و کوشتاری بوو”یان لە زاری شیرینەوە دەڵێت: ”گوێم لە هاواری شار بوو، لەگەڵ هەر هاوەنێک بەر جەستەی دەکەوت، قریشکەی دەگەیشتە ئاسمان.”تەنانەت چۆمانی لە ڕێگای وێنەوە کار لە هزری خوێنەرەکانیشی دەکات و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ خەیاڵەکانیان بۆ لای چەند شاکارێکی گەورەی نووسەران کاتێک وێنەکەی یاشار کەمالمان نیشان دەدات لە ژوور سەری هوما و ئەو نووسینەی دەربارەی مەمەدۆکی کەسایەتی ڕۆمانەکەی کە لەسەر وێنەکە نووسراوە، لەلایەکی دیکەوە زۆربامان نیشان دەداتەوە لە ڕێگەی کەمالەوە کە چۆن شێتانە سەما دەکات، کەمال وێنەی زۆربایەکی عاشق تا هێزی تێدایە لەسەر پەنجەکانی دەوەستێت..

کارکردن لەسەر هەستەکان

بە بۆچوونی من، نووسەر هەر کارێکی ئەدەبی دەنووسێت دەبێت وا لە خوێنەرەکانی بکات لەو دەمەی کە نووسینێکی ئەو لەنێو دەست و پەنجەکانیاندا هەڵدەدەنەوە دەبێت تەواو ڕۆبچنە نێو جیهانەکەی ئەوەوە و داببڕێن لە دەورووبەر، بە شێوەیەک وەک ئەوەی نمایشێکی شانۆ بێت و ئەوانیش ئەکتەر و هونەرییەکانی بن، هەر دابڕانێک لەوانەیە ببێتە هۆی ئەنجامدانی هەڵەیەک، بۆیە گرنگە نووسەر خوڵقێنەری جیهانێک بێت کە هیچ زەبرێک نەتوانێت دیوارەکانی ئەم جیهانە لە خوێنەر دابڕمێنێت، تەونی بریا بەشێوەیەک چنراوە کارکردنە لەسەر خوێنەر نەک هەر تەنیا لەسەر هزر و هۆشی تەنانەت کار لە هەستەکانیش دەکات، ئەگەر خوێنەرێکی بە سەلیقە چیرۆکەکان بخوێنێتەوە و لەگەڵیدا بژی هەست بەم کاریگەرییە دەکات.

کارکردن لەسەر هەستی بۆن یەکێکە لەو ئامرازانەی خوێنەر دەبەستێتەوە بە ڕۆمانەکە، ئەتمۆسفیری هەندێک دیمەن هەیە کە دەیخوێنیتەوە هەست بە هەموو ئەو وەسفانە دەکەیت کە نووسراوە، دێڕەکان هێزی ئەوەیان هەیە ئەو بۆنە بئاخننە کەپوی خوێنەرەوە کە لەو ساتەدا کەسایەتییەکە تێیدا دەژی ئەو کاتانەش من هەروا لە دوورەوە دەمامەوە لەوێ بۆنی خاک نا، بۆنی خانی دەهاتە لووتم.” خوێنەر لە ڕێگای ئەم وەبیرهێنانەوەیە دەگەڕێتەوە ئەو کەشەی پایزان کە بۆنی خاک و باران تێکەڵ بە یەکدی دەبن..

کارکردن لەسەر هەستی بیستن کاتێک ئیبراهیم گوێی لە دەنگی گریانی منداڵەکەیە خوێنەر گوێی دەزرنگێتەوە سەدای گریانێک دێتە بەر گوێم. دەوەستم و گوێ هەڵدەخەم. لەم شارە جەنجاڵەدا لەوە سەختتر نییە گوێ بۆ ناسینەوەی دەنگێك ڕادێری.” کارکردن لەسەر دەنگ بنچینەیەکی بەهێزە لە تەونی بریادا لە زۆر شوێندا بەری دەکەوین هەر خۆی ئەو دەنگەی لە خەیاڵەکانی کەمالەوە جارجارە ڕستەیەکمان بۆ بەیان دەکات ئێمە گوێمان لەو دەنگە دەبێت کە لە دوورەوە قسە دەکات ئەم دەنگە لە ڕەهەندی دەروونیشەوە بە سەرەتای کێشەیەکی دەروونی دادەنرێت لای کەمال، یان گریانی ئەو منداڵەی لە ناوجەرگەی شەڕەوە لە کۆبانێ کەمال کێش دەکات بەرەو خانووەکە..

لە چەند وێستگەیەکی دیکەشدا کارکردن لەسەر هەستی بۆن دێنەوە بەر هەستی بۆنمان وەک خوێنەر و لوتمان دەتەنێت ئەو کاتەی کە ئیبراهیم دەچێتە نێو زێرابەکە ئەوەتا هەموو گیانم بووەتە چڵپاو و بۆگەنی پاشەڕۆی شار. نەمزانی چۆن چوومە نێوی و چۆن هاتمە دەرەوە! ئێوارەیەکی ساردە. تەزیوم و بێز لەخۆم دەکەمەوە…”خوێنەر هەموو ئەو بۆ بۆگەنە بە لوتیدا سەر دەکات و هەست بەو بێزە دەکات کە ئیبراهیم بەرامبەر خۆی هەیەتی، یان بۆنی ئەو بوخوردەی شێخ کە لە ژوورەکەیدا لوت دەتەنێت کاتێک کەمال دەچێتە لای، یان کاتێک باس لە شەوانی ئیستانبوڵ دەکات، هەم بینەری تابلۆی شارەکەین هەم بە هەستەکانیشمان دەچینە نێوی ”لە شەوانی ئیستانبوڵ بۆنی کهولی مەستەکان، بۆن و بەرامەی سۆزانییەکان و مسکی سوڵتانەکان تێکەڵ دەبوون. ئاوازی ئارابێسک، هۆڕنی کەشتی، هاژەی ئۆتۆمبێل، زەنگی کڵێسا، دەنگی بانگ، دەنگی کەسێک بە هاوارەوە جنێو دەدات، پێکەنینی منداڵێک، هاواری دەستگێڕێک…”.

تەکنینکی نووسین

هەر ڕۆماننووسێک کاتێک ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەی لەسەریدا دەچنێت، بڕیار لەسەر ئەو تەکنیک و شێوازی نووسینەش دەدات کە دواتر دەیخاتە سەر کاغەز، دەکرێت هەندێکجار و لە هەندێک بەشدا تەکنیک لە کاتی ڕەشنووسی یەکەمدا گۆڕانکاری بەسەردا بێت، هەڵبەتە بەپێی گونجاندنی دیمەنەکان، تەونی بریا لە ڕووی تەکنیکی نووسینەوە جیاوازە، بۆچی؟ چونکە ڕۆمانەکە لەنێو خۆیدا هەڵگری ڕۆمانێکی دیکەیە و لە رێگەی یەکێک لە کەسایەتییەکانەوە بە ئێمەی خوێنەر دەگات، دواتریش ئەو پردی پەیوەندییەی لەنێوان ڕۆمانەکە و ڕۆمانی نێو ڕۆمانەکەدا هەیە شتێکی سەرنجڕاکێشە، بەستنەوەی ئەم ڕووداوانە شتێکی ئەستەمە بۆ کەسێک کە کارامەیی و دەست ڕەنگینی نەبێت لە چنینکاریدا، بەڵام چۆمانی توانیویەتی ڕووداوەکانی نێو کتێبی ونبوو هاوتەریب لەگەڵ تەونی بریادا لە پێشڤەچووندا بن، بەبێ ئەوەی خوێنەر تووشی هەڵە ببێت، لەکاتی خوێندنەوەیدا نەزانێت ئەو لەسەر پەتی چیرۆکی تەونی بریا ڕێدەکات یاخود کتێبی ونبوو بۆ ئەمەش چۆمانی دیمەنەکانی تەونی بریای بە ناونان لە کتێبی ونبوو جیاکردووەتەوە، هەرچەندە تەونی بریاش هەر دیمەنێکی هەڵگری ناونیشانێکە، بەڵام کتێبی ونبووی بەدانانی ژمارەیەک لەپاڵ ناونیشانە لاوەکییەکە جیا کردووەتەوە.

تەونی بریا چیرۆکخوانێک بە تەنها نییە تەواوی ڕووداوەکانمان بۆ بگێڕێتەوە بەو واتایەی کەسی یەکەمی تاک بوونی نییە، هەرچەندە لە بەشی یەکەمدا تەنها کەمال چیرۆکەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە لێ لەبەشی دووەمدا ئەمە تێکدەشکێ و  هەر یەک لە کەسایەتییەکان گێڕەرەوەی چیرۆک و بەسەرهاتی ژیانی خۆیانن، لەهەر دیمەنێکدا ناونیشانێک هەیە و لە ژێریدا ناوی کەسایەتییەک هەیە تەنانەت ناوی ئەو شارەش هەیە کە ڕووداوەکانی تێدا ڕوودەدەن واتە ئەم دیمەنە بەشێکە لەتەونی حەکایەتەکانی ئەو کەسایەتییە بۆ وێنە:

پلان
هوما ئاڵشک

ئیستانبوڵ، ٢٠١٣

دیمەنەکانی دواتریش بە هەمان شێوە ناونیشانێک لەژێریدا ناوێک و پاشان شار و ساڵێک..

تەونی بریا لەرووی تەکنیکی کۆتایی هاتنی هەر دیمەنێک و دەستپێکی دیمەنی دواتر بەشێوازێکی سەرنجڕاکێش داڕێژراوە، تەکنیکی لێک وەرگرتنی دیمەنەکان بە هەمان ئەو دۆخەی کەسایەتی پێشووی تێدایە ئەم کەسایەتییەش لە هەمان دۆخدا دەست بەگێڕانەوەی حەکایەتی خۆی دەکات لە دیمەنی ١- بۆنی خانی-سەرەتای کتێبی ونبوو ئیستانبوڵ، ١٩٨٥، لە کۆتاییەکەی ”دەرەوە ساردە و منداڵەکە جار جارە بە دەم خەوەنووچکەوە ڕادەچڵەکێت… سەرما گیانی منیشی تەزاندووە و لێوەلەرزەمە.” لە سەرەتای دیمەنی دواتر: سنوور – ئیبراهیم خەلیل، ٢٨ ی مانگی دیسێمبەری ٢٠١٢ چیرۆکەکە بەم ڕستەیە دەست پێ دەکات ”لێوەلەرزەی بوو، سەرمای نێو ئۆتۆبووسەکە گیانی تەزاندبوو. سەفەرەکەی کەمال بۆ دیدەنی ژنێک بوو لەوپەڕی دنیاوە دەهات”..

تەونی بریا لە ڕووی ناونیشانی شوێنی ڕووداو و گێڕانەوەکان بە شێوازێک دارێژراوە کە باس لە تەواوی شەقام و کوچەوکۆڵانەکان دەکات وەک ئەوەی خوێنەر لە ماشێنێکدا بێت بە هەموو ئەو شوێنانەدا گوزەر دەکات کە کەسایەتییەکانی تێیدا هەنگاو هەڵدەهێنن و ڕووداو بەسەرهاتەکانیان دەگێڕنەوە هەندێکی دی دەڕۆم لەو شوێنەدا کە خەریکە بە ئاڕاستەی فاتیح پێچ بکەمەوە..”ناونیشانەکان لە تەواوی ڕۆمانەکەدا بەم شێوازە داڕێژراون و ورد کاریان لەسەر کراوە تاکسییەکە بەسەر شەقامی ساحیلدا ڕۆیشت…” کاتێک فەرهاد داغسەڤەر ڕێی قەندیل دەگرێتە بەر بە ئۆتۆبوس بە هەرکوێدا بڕوات لەهەر شارێک ڕابوەستێت ناونیشان هەیە کاتێکیش کە بە کەناری ڕووباردا سەردەکەوێت کە دەگاتە چۆمی مونزیر، لە کۆبانێش بە هەمان شێوە ئەو کوچەو کۆڵانانەی شەڕی تێدا دەکەن..

زمانی باڵندەکان و مێژوو

زمان و مێژووی هەر نەتەوەیەک بەیەکەوە گرێدراوە، بۆیەش بە باشم زانی لەم بەشەدا لەسەر هەردووکیان بدوێم، هەرچەندە ئەمە بۆ هەندێک ڕۆمان دەکرێ جیا بکرێتەوە و مێژووی ڕووداوەکانی باس بکرێت و زمانی نووسینی ڕۆمانەکەش لە بەشێکی سەربەخۆدا، لێ بۆ ئەم نووسینە لەسەر تەونی بریا ناکرێت، دەتوانم ڕاشکاوانە بڵێم ئەمە حوکمی تەونی بریایە بەسەرمدا سەپاوە کە هەردووکیان بەیەکدییەوە گرێ بدەم هەر وەک چۆن لەنێو ڕۆمانەکە بەیەکەوە گرێدراون.

تەونی بریا بەزمانێکی پاراوای کوردی نووسراوە هەندێک وشە لەهەگبەی کۆنی زمان و ناوچە جیاوازەکانەوە هێندراون و زمانی ڕۆمانەکەیان پاراوتر و ئاوریشم ئاسا نەرم کردووە، دەڵێی تەونێکی نەرمن دەنووسێن بە کوچە تاریکەکانی هزرەوە، زمانی شیعری لە هەندێک پەرەگرافی ڕۆمانەکەدا هەن خوێنەر بەرەو خەیالێکی فراوان ڕاپێچ دەکەن ئەو دەمانەی شۆڕابەهەور بە تریشقەی برووسکانەوە دەهاتن سێبەریان بەسەر کێوە دوورەکاندا دەخشان و وەک ڕەوێک ئاسک بن و بە پێدەشتی شینایی ئاسماندا غار بدەن دەهاتن و نێزیک دەبوونەوە. ئاسمان تێرهەور دەبوو، هەورەکان دەبوونە مەندیلی چیای ئاگری و دایدەکردە ڕێژنە باران” ئەمانە و چەندان نموونەی دیکەمان هەن لە ڕۆمانەکە کە لە کاتی خوێندنەوەدا بەرکەوتمان دەبێت لەگەڵیان و ناکرێت لێرە هەموو ئەو ڕستانە دابنرێت.

نووسەر لە ڕێگای زمانی کوردییەوە دەمانباتەوە لای مێژوو، مێژووی ڕۆژگارێکی وڵاتی ڕۆمیانمان پێ ئاشنا دەکات و ڕق ئەستوری تاکی تورکمان نیشان دەدات بەرانبەر بە تاکی کورد «هێی… لەگەڵ ئێوەمە، بۆچی بە زمانی تورکە چیایی و تەیروتوار قسە دەکەن زۆڵینە! ڕەشۆکی چڵکن! پێ بە قوڕی کێوی! ئێستا بانگی پۆلیس دەکەم، لەم وڵاتە یەک زمان هەیە کە دەبێ لە دەمی هەموومان دابێت… تۆ بڕوانە دانە دانەیان چۆن بوونەتە بەڵایەکی گەورە بەسەر ئەم کۆمارەی ئێمەوە. دەتانکەم بە قوربانی یەک بەندی دەستووری کەمال پاشا. یان دەبێ بە تورکی قسە بکەن یان لاڵ بن… تێدەگەن، ئەگەر بە تورکی قسە نەکەن زمانتان قووت بدەنەوە. دەڵێی چۆلەکەن جریوەتان دێ.» بەستنەوەی مێژوو بە زمانەوە لە زۆر شوێنی تردا دەخرێتە ژێر مایکرۆسکۆبی نووسەرەوە و لەرێگەی کەسایەتییەکانەوە ئەم مێژووەمان بۆ دەنووسێتەوە و پەیوەستی دەکات بە زمانەکەیانەوە هەر وەک ناوی دەبەن بە زمانی باڵندەکان، کاتێک باوکی داغسەڤەر بانگی کوڕەکەی دەکات و خۆڵە سوتاوەکەی نیشان دەدات و گوێی بۆ ڕادەدێرێت، فەرهاد لەو ساتەدا گوێی لە زمانی باڵندەکان دەبێت کە دەزریکێنن و گوێی لە زرمەی تۆپ و بۆردوومان دەبێت بۆنی ئەو خاکە سووتاوە لوتی دەتەنێت مێژوو کەللەسەری دەتەزێنێت، هەموو ئەمانە لەبەر ئەوەی ئەوان بە زمانی باڵندەکان دەدوێن.

تەونی بریا نیشاندانی مێژووی نزیکی خۆمانە، لێ کارکردنیشە لەسەر مێژووی سێ پارچەی کوردستان، هەروەک چۆن مێژووی دووری باکووریشمان نیشاندەدات، تەنانەت لە کتێبی ونبووشدا دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی دووری باکوور ئەو هەلە لەدەست نادات کە دێتەبەر تا باسی مێژووی تێدا بکات باپیرە چووە لە ڕیزی چەکدارە کوردەکانی سەید ڕەزا شەڕ بکات”، ”چەند سەربازێکی عوسمانی لە ئەسپەکانیان هاتبوونە خوارەوە و چاوەڕێ بوون وەڕێ بکەوین. سوپا و دەوڵەت ترسیان هەبوو لەم ناوچەیەی ئێمەش سەرهەڵدانێکی تر ڕووبداتەوە”.

نووسەر بە ئاسانی قایل نابێت تەنانەت کاتێک وەسفی ئامەد دەکات مێژوو دەکاتە هەوێنی دۆخی شارەکە ”سەرمای هیچ شارێک لە سەرمای ئامەد ناچێت، سەرچاوەی ئەم سەرمایە زیندانەکەی ئامادە. پێناچێت چیرۆکی ئەشکەنجەدانی کوردانت لەم زیندانە بیستبێت… نا؟ ئەم شارە لە دەورانێکی زووەوە لە بناغەوە سارد بووەتەوە، وەک چۆن مرۆڤێک لە ڕۆحەوە ساردە… یەکەم شارە لە دنیادا نەک هەر مرۆڤەکانی، بەڵکو شورا و دار و بەردیشی هەست بکەن دیلن.”،یاخود کاتێک باسی چەمی مونزیر دەکات لە زوانی جگەرخوێنەوە”من هەرگیز گوێم لە خوڕەی ئاوی چەمی مونزیر نەبووە، ئەوەی دێتە بەر گوێم هەر قیژە و هاوار و ناڵینی ئەو کوردانەیە کە سەربازەکانی فەرماندە سەڵاحەدینی سوپای تورکان دەورەیان داون و فڕێیانداونەتە ئەم چەمەوە. گوێم لە زریکەی ئەو کچە منداڵانەیە دەستدرێژیان کردوونەتە سەر. هەڤاڵ فەرهاد ڕەنگی ئەم چەمەت وەک تریفەی مانگ نەیەتە بەرچاو،  ئەم چەمە شەو بێت  یان ڕۆژ ڕەنگی هەر سوورە…”لەم پەرەگرافانەدا هەم زمانی پاراو دەژنەوین و هەم بەرکەوتنمان دەبێت لەگەڵ مێژوودا..

تەونی بریا بە ڕوویەکدا گێڕانەوەی مێژووی قێزەونی دەوڵەتی تورک و ڕق ئەستوریان نیشان دەدات لەهەمبەر زوان کوردی

تەونی بریا بە ڕوویەکدا گێڕانەوەی مێژووی قێزەونی دەوڵەتی تورک و ڕق ئەستوریان نیشان دەدات لەهەمبەر زوان کوردی بە شێوەیەک پێمان دەلێت تورک تاکەکانی وا پەروەردە دەکات کە گومان لەهەر کوردێک بکەن کە لەبەر خۆیەوە فیکە لێدەدات «هەتیو! ئەوە بە زمانی کوردی فیکە لێ دەدەیت؟» کە ئەویش بە حەپەسانەوە گوتی: «فیکە بە کوردی؟» ئەویش بێ ئەوەی وەڵامی بداتەوە پێی گوت: «بە پیسی ئەتوارتەوە دیارە کوردیت».ئەم جەنگە بەوە کۆتایی نایەت کە ڕووبەرووی داغسەڤەر دەبێتەوە تەنانەت بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی هەموو سپێدەیەک ڕایدەگرێت وەک جەنگێکی دەروونی تا بە تەنها پەیمانەکەی ڕەشید غالیب بڵێتەوە «تورکم، سەرڕاستم، چالاکم…».

گواستنەوەی زمان و مێژوو بۆ خووی کەسایەتییەکانی شێوازێکی تری نووسینە لای چۆمانی، لوتفی بەگ لەم ڕۆمانەدا نیشاندانی دەسەڵاتی قێزەون و پڕ زەبر و زەنگی دەوڵەتی تورک وێنا دەکات بەرانبەر کوردان ژیانت لێ دەکەم بە دۆزەخ زۆڵە کورد”.

پاشتر و لە جێگایەکی دیکە نووسەر ئاماژەیەکی زۆر بچووک لێ قوڵ و پڕ مانا دەخاتە زەینی خوێنەرەوە بەوەی کە دەوڵەتی تورک چۆن ناوی گوند و شار و ڕووباری کوردستانی گۆڕیون تەنانەت لە ناوەکانیشیان دەترسێت، بەڵام نووسەر لە ڕێگەی خوی کەسایەتییەکەوە ئەمەمان بۆ بەیان دەکات، گەریلایەک هەر لە منداڵییەوە لە خەوتندا خووی بەوە گرتووە ناوە کوردییەکانی گوند و شارەکان دەڵێتەوە ”دەزانم کە دەوڵەت ناوەکانیانی گۆڕیون، دەمەوێ کە وڵات ئازاد کرا و ئەو دەمەی هەمووان ناوە کوردییەکانیان لەبیرچوونەتەوە، من ناویان لێ بنێمەوە.”

مێژوو زمانی باڵندەکان دەبێتە ترسێک لای کەسایەتییەکان دەنیشێت هەر وەک چۆن ترسێکە بۆ دەوڵەت، ئەوان پێیان وایە کە کوردبوونیان بەسە بۆ ئەوەی لە ئارامیدا نەژین ئەوەتا فەرهاد خۆی دان بەم ترسەیدا دەنێت ”ترسی کوردبوونم پاڵنەرم بوو شیرین…. ئەو ڕۆژەی باوکم پێی گوتم؛  ‘ئێمە کوردین’ بۆ ڕۆژی دواتر گەڕامەوە تاکسیم. نە من هەمان کەس بووم نە تاکسیم هەمان مەیدان بوو، نە کۆماریش سایەوانی ئارامی و دڵنییایی بوو. تا نەمزانی کوردم هەستم بە زنجیرەکانی مەچەک و زمان و ڕۆحم نەکرد”. تەنانەت واتای نازناوی ناوی کەسایەتییەکانیش هەندێکجاردەبێتە ترس و دەپرژێتە ڕۆحی هەردوو بەرە ”داغسەڤەر ها! بە مانای پاشناوەکەت بێت تۆشتیرۆریستی!… لای من شاخ و تیرۆریست یەک شتن. ناسناوەکەی تۆش مانای عاشقی چیا دێت.”

تەونی بریا لە هەندێک شوێندا بە زمانی کورمانجی هەندێک ڕستەمان نیشاندەدات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شارەزایی نووسەر لە شێوەزاری کورمانجی، من پێموایە دەکرا زۆرتر سوود لەم شارەزاییەی خۆی وەربگرێت و هەر چ نەبا زێدەتر ئەم شێوەزارەی بەکارهێنابا و چەند بەشێکی بە زاری کورماجیان بنووسیایە..

پاکبوونەوە و کاژگۆرکێ

تەونی بریا هەڵگری خاسیەتی پاکبوونەوە و گۆڕینی ناوەکی و لایەنی دەروونی کەسایەتییەکانمان نیشان دەدات کە چۆن لەبۆتەی ئەو دۆخەدا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت کە تێیدا دەژین، بەویستی خۆیان بێت یان نا، دەبێت ئەم پاکبوونەوە و پێست داماڵینە ئەنجام بدەن و لە پێستی مرۆڤێکی دیکەدا جێگای خۆیان بکەنەوە، هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەم بابەتەدا ڕێدەکەین، کاتێک کەمال سەفەر دەکات دەبێت پێستی ئەو مرۆڤە ڕۆژهەڵاتییە لەخۆی دابماڵێت و لە بەرگی کەسایەتییەکی ڕۆژئاوایدا خۆی بنوێنێت، دەبێت دژی هەموو ئەو داب و نەریتانە ببێتەوە کە لەسەری گۆشکراوە و ڕەگی لەناخیدا داکوتیوە، بەڵام ئەمە نەک هەر سەرکەوتوو نابێت تەنانەت ڕەگ و ڕیشەکان هێندە بەهێزن لەگەڵ هەر داماڵینێکدا ئەوان بەهێزتر شین دەبنەوە، ئەگەرچی کەمال پێی وابوو شۆرشگێڕی و بڕوای تەواوی بە چەپ بوون ئەم ڕەگوڕیشانەی لەناخیدا هەڵکێشاوە، بەڵام دڵپیسی وەک مۆرانەیەک ناخی دەخوات، چوونە دەرەوەی هوما و هاتنەوەی، بەتەنها جێهێشتنی کەمال لەو ماڵەدا، ژماردنی کۆندۆمەکانی نێو جانتاکەی شایەدی ئەوەن کەمال نەک هەر نەیتوانی ئەو کاژە لەبەری خۆی داکەنێت بەڵکو زیاتر بە جەستەییەوە نووساوە..

کەمال چەند جارێکی تر تووشی حاڵەتی خۆداماڵین دەبێت لێ لە هیچ جارێکدا سەرکەوتوو نابێت، کاتێک لەخەو ڕادەبێت و بە دوای هومادا ڕادەکات بەرەو کلینیکەکەی فەرهاد و چنگی ناکەوێ، کاتێک بەدوای باڵندە ڕەشەکەدا غاردەدات و سابوونێک هەڵدەگرێت لەبەردەم سولاوکەی ماڵەکەدا دەیەوێ جەستەی پاک بکاتەوە، لێ سابوونەکە تەواو دەبێت کەچی ئەو هەست دەکات نەک پاک نەبووەتەوە بەڵکو پیستر بووە..

کاتێک کەمال لە لایەن شۆفێری تەکسییەکەوە دەبردرێت بۆ دەگانی شێخ و لەوێ لە هەوڵی پاکبوونەوەیدا دەیبەنە ژووری ئەشکەنجەدان و مێشکی دەشۆنەوە لەو گوناهانەی کە کردوونی و لەو تاوانانەی ئەویش لێی بێ بەرییە و کەسانی دەورووبەری ئەنجامیان داون وایاندەکرد کەمال ئەو کاژەی ڕابردووی هەڵبمالێت و نەفرەت لە دایک و براکەشی بکات. تەنانەت لەم پاکبوونەوەی ڕۆحەدا نووسەر دەگەڕێتەوە بۆ سڕینەوەی کورد لەناخی کەسایەتییەکان و وەک گوناهێک دەبێت لێی بێ بەری بین، کوردبوون لە ڕوانگەی پیاوانی ئایینی تورکیا بە جنۆکە و زەندیق و لە دین دەرچوو ناو دەبرێت و کار بۆ سڕینەوەیان دەکرێت، بۆیەش شێخ دەیەوێ کەمال کاژی کورد بوون لە خۆی دابماڵێت و لە بۆتەی ئاییندا بتوێتەوە.

هەرچەندە کەمال هەر لە منداڵییەوە لە پیاوانی ئایینی ترساوە، لێ پێی وایە لێرەدا گەیشتووە بە ئارامی ڕۆحی و پاکبووەتەوە، ئەو کاتەش کە نوتفەی شێخ بەزاریدا ڕۆدەچێت، شێخ پێی وایە لە هەموو خەوش و گوناهێک پاکبووەتەوە و سەوابی ئەم پاکبوونەوەیەش بەو بڕاوە، کاتێکیش ئامادە دەکرێت بۆ جیهاد و ڕەوانەی سوریا دەکرێت جارێکی دیکە غایەلەکانی نێو سەری وەک دێوەزمەیەک لەبەردەمیدا قوت دەبنەوەو ئەو کاژەی کە دەیویست لە خۆی دابماڵێت بە ڕەنگێکی دی درووست دەبێتەوە، ئەو عەشقەی ناخی کە دەیویست خۆی لێ بێبەری بکات بە بوونی سەوسەن زیندوو دەبێتەوە کاژگۆڕکێ و هەڵاتن لە خود هیچ سوودی نییە..

داماڵینی کەسایەتی نەک هەر تەنها ڕێرەوێک بێت کە جیهادییەکان بیگرنە بەر، نا تەنانەت یەکێکە لە دیسپلینەکانی شۆڕش، هەرکەسێک دێتە نێو شۆڕش دەبێت خۆی بێبەری بکات لەو کەسایەتییەی کە چەندان ساڵ هەوڵی دروستکردنی داوە

داماڵینی کەسایەتی نەک هەر تەنها ڕێرەوێک بێت کە جیهادییەکان بیگرنە بەر، نا تەنانەت یەکێکە لە دیسپلینەکانی شۆڕش، هەرکەسێک دێتە نێو شۆڕش دەبێت خۆی بێبەری بکات لەو کەسایەتییەی کە چەندان ساڵ هەوڵی دروستکردنی داوە، داغسەڤەر – زنار تووشی هەمان باروودۆخ دەبێتەوە دەبێ لەدایک ببیتەوە. ئەو فەرهادەی بوویت دەمرێت… دەبێ بمرێت. ئێمە دەیکوژین بۆ ئەوەی زنار لەدایک ببێت…” نابێت هیچ کەسێک لە دەرەوەی پارادایمی حیزب بیر بکاتەوە دەبێت هەموو سەرەکان لەپێناو یەک ئاراستە یەک ڕێبەر بیر بکەنەوە، بۆیەش زنار بڕیار دەدات کە فەرهاد لە کونجێکی تاریکی ڕۆحیدا حەشار بدات و نەهێڵێت بمرێت..

کاژگۆڕکێ لە تەونی بریادا نیشاندانی ئەو چوارچێوانەیە کە مرۆڤ دەچێتە ناخییەوە و تێیدا دەژی، کەمال کاژی ڕێکخراوێکی جیهادی لەبەر دەکات، لێ بەبەری تەسکە و جێگەی تێدا نابێتەوە لەگەڵ دەرکەوتنی سەوسەن هەوڵدەدات لەبەری خۆی دابماڵێت، داغسەڤەر لەبۆتەی شۆڕشدا کەسایەتییەکی نوێی پێ دەبەخشن، بەڵام بە تەواوی ڕەها نابێت لە کەسایەتی پێشتری..

عەشق

تەونی بریا تژییە لە عەشق، عەشقێک چەندان فرسەخی بۆ دەبڕین کەچی پێی ناگەین، عەشقی ناکامی کەمال بۆ هوما ئەو عەشقەیە، مەعشوق دەگەیەنێتە لێواری شێت بوون، عەشقێک کە کەمال ئامادەیە لەهەموو ڕابردووی ببورێت لە پێناویدا، ئامادەیە هەموو ئەو دابونەریتانە بخاتە لاوە کە لەگەڵیدا گەورە بووە کەچی پێی ناگات.. عەشقێک کەمال لە شارەکەی خۆی ئاوارە دەکات، بەڵێ هەندێک پاڵنەری تر هەن تا وڵات بەجێبهێڵێت، لێ ئەو لە پێناوی عەشق و بوون بە عاشقێکی فەرهادی و گەیشتن بە ئارامی کۆچ دەکات.

هوما بۆ گەیشتنەوە بە عەشقە ئەبەدییەکەی لەسەر تەونی حەکایەتی کەسانی تردا ڕێدەکات، لێ پێی ناگاتەوە، عەشق هوما دەخاتە نێو باوەشی دەیان پیاوی دیکە، بەڵام نەک پەتی حەکایەتی خۆی نادۆزێتەوە تەنانەت ونی دەکات.

عەشق هەوێنی بەیەکگەیشتنی هوما و کەمالە بۆ دۆزینەوەی عەشقە ون بووەکەی هوما، لێ ئەو تەلارەی بۆ گەیشتن بە سۆراخی ئەم عەشقە بنیادنراوە لەگەڵ گەیشتنی کەمال دەڕمێت، هوما پێی وایە هەڵەیەک لە پلانەکەیدا هەیە، ئەو هەمیشە لەوە دەترسێت کە کەمال هێندە عاشقی بێت نەتوانێت بینێرێتەوە بۆ سۆراخی مەردان، بەڵێ ئەمە ڕوودەدات کەمال هێندە کوێرانە عاشقە ڕێگای گەڕانەوەشی ونکردووە.

فەرهاد داغسەڤەر لەنێوان دوو بەرداشدایە نازانێ عەشقی ڕووکەنە، یان هەستی بەزەییە دوای مردنی قەدری هاوڕێی دەیبەخشێت بە هاوژینەکەی؟ کاتێکیش دەچێتە کۆبانێ و شیرین دەبینێت، عەشق وەک ئەوەی گڕکانێک بێت قوڵپ بدات لە ناخیدا هێزی لێ وەردەگرێت، بەڵام زنار دەربڕی ئەم عەشقە نابێت هەمیشە لە ژێر لێوەوە ئەم عەشقە بەیان دەکات و ناخی دەکرمێنێت جار جارە زنار بە دەم تەقەکردنی پارێزییەوە لە دڵی خۆیدا دەیگوت: من قوربانی دڵی پڕ خورپەت بم.”، لێ بەشەهید کەتنا شیرین ئەو بورکانە دادەمرکێتەوە ”شیرین، نا. نە دەما مرنێ یە دەلالێ من، کریڤێ دلی من نەمرە، نا شیرین نا…”

عەشق نەگەیشتنە بە ئارامی، کەمالی هەڵوەدای بیابانەکان کرد و دیلی کرد، هومای کرد بە باڵندەیەک و بە ئاسمانی حەکایەتی کەسانی تردا لە شەقەی باڵدەدات و لەسەر داوی چیرۆکی ئەوانی تر دەنیشێتەوە، داغسەڤەری عەشقە چیای کرد بەکەلەشێکی لەکارکەوتوو کە ڕەوڕەوەی جەنگ کردی بە ڕەژوو.

جەنگ

”دەستوونسی مرۆڤ لەسەردەمی مۆدێرندا” ئەم دیالۆگە پێناسەیەکی تەواوی جەنگە لەسەردەمی ئەمڕۆماندا، جەنگ لە تەونی بریادا هەر ئەو جەنگە نییە کە خوێنی تێدا دەڕێژرێت، نا.. جەنگی مرۆڤە لەگەڵ ئەو ساتەی تێیدا دەژی ، جەنگ ترسە، ترسە لەمردن، هەڵاتنە لە زێد و ئاوارە بوونە، ترسی کەمال لە مەرگ ڕاویدەنێت بەرەو وڵاتێکی تر کە تێیدا غەریبە، شۆڕشگێڕی کەمال و بەشداری کردنی لە خۆپیشاندانەکان و ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە جەنگێکە لەگەڵ خویدا دەیکات، ترس لە کوشتن دواجار دەیکات بە جەنگاوەرێک لە مەیدان و جەنگێکی نەبڕاوە لەگەڵ خۆیدا، هەمان ترس، ترسی کوشتن فەرهاد دەکاتە گەریلاو شۆڕشگێڕ و کوڕی چیاکان، دکتۆرێک دەبێتە جەنگاوەری ڕێگای ئازادی کە پێی وایە ئەمە جەنگێکی نەبڕاوەیە و لەسەردەمێکی تردا بە شێوەیەکی تر لە دایک دەبێتەوە..

جەنگ موزیسیانێک دەکاتە شەڕڤان، کەمانچەکەی دەکات بە کڵاشینکۆفەکەی شانی دەزانم گوێی جیهان بۆ بیستنی ئاواز و گۆرانی سنگی من کەڕە. دنیا بە بەرخودان کاس دەکەم”، شیرین لە پێناو ئازادی و ژندا دەجەنگێت لێ گوللەیەک سنگی دەکاتە گۆمێک خوێن و چیدی ئاوازێک ناژەنێت..

مرۆڤ وەک چەقی ڕووداوەکان

پەیامی تەونی بریا مرۆڤایەتی و مرۆڤ بوونە، پێیوایە جەنگ و جیاوازییە نەتەوەیی و دینییەکان مرۆڤایەتی کاڵ دەکەنەوە، تەنانەت مرۆڤ وەک دڕندەیەک لێ دەکەن و لەگیانی یەکدی بەر دەبن، قبوڵ نەکردنی زمان و بیروڕای جیاواز مرۆڤ بوون لە کاژی مرۆڤایەتی دادەماڵێت کەسایەتییەکانمان بەوە دەگەن کە ناتوانن مرۆڤی ئازاد و بێ ترس و دڵە ڕاوکێ بن، دەزانن مرۆڤ چەندە دڵ ڕەشانە بیر دەکاتەوە مرۆڤ قێزەونە دکتۆر! هەموو ئەو شتانەی خۆم کە تا ئێستا سەرکپم کردبوون دەردەکەونەوە و دانیان پێدا دەنێم دڵنیام دەکەن لەوەی مرۆڤ چەند قێزەونە! هاتم هەموو پردەکانی دوای خۆمم خستن. ڕێگەی گەڕانەوەم لە خۆم گرت.”

پێناسی مرۆڤ لەم ڕۆمانەدا گەیشتووەتە ئاستێک پێمان دەڵێت کە چێژ لە ئازاردانی یەکدی دەبینین، ئەوەتا هوما بەلاوازی کەمال شاد دەبێت، لوتفی بە ئازاردانی فەرهاد ئارام دەبێتەوە، شێخ بە ئەشکەنجەدانی کەمال و لوتفی بە ئەتککردنی مەریەمی برازای، تۆبیاس هاتووە دڕندەیی خۆی تاقی بکاتەوە، لەبەر ئەوەی لەمنداڵیدا دایکی هەوڵی داوە بەهرەکانی دیاری بکات و لەسەر ئاشتەوایی پەروەردەی کردووە، تۆبیاس وێنەی مرۆڤی قێزەونە بە ڕادەیەک سڵ لە کوشتنی مندالێکی شیرەخۆرە ناکاتەوە..

سەوسەن وێنەی مرۆڤێکی ترساوە، بەڵام هێشتا ترووسکاییەکی تێدا ماوە، هێشتا ژیان لە ناخیدا چەکەرە دەکات و لە ئارامیدا گۆرانی دەڵێت، کەمال هێشتا ڕەگی مرۆڤیان تێدا هەڵنەکێشاوە بە دیار گۆرانییەوە دادەمێنێت، فەرهاد دەیەوێ وەک مرۆڤ تەماشای بکرێت لەدەرەوەی هەر قاوغێک کە بۆی دیاری دەکەن ”من ئارەزوومە مرۆڤ بم، لە دەرەوەی هەر جوغزێک وەک مرۆڤ تەماشا بکرێم، … زەوی شوێنێکی لەبار نییە بۆ خواستی گەورە. بۆ ئەوە ڕانەخراوە مرۆڤ خەونی ئازادی و ژیانێکی بێ شەڕ و خوێنی تێدا ببینێت”.

سەرچاوە

تەونی بریا، فەرهاد چۆمانی، ڕۆمان، بڵاوکراوەی دەزگای فام ٢٠٢١.