لە خزمـایەتییەوە بۆ جیۆ-پۆلەتیک
گفتوگۆ لەگەڵ "مۆریس گۆدۆلیێ"ی ئەنتۆپۆلۆژیست
- لە جیۆپۆلەتیکی سەدەی بیست و یەکدا دوو کەڵکەڵەی تەواو دژ بەیەک دەستنیشان دەکەیت.
گۆدۆلیێ:” جیهانگیری بزاوتێکە دووسەر و دووفاق. لە سەرێکەوە ملکەچبوونی هەموو چەشنە ئابوورییەکانە بۆ لۆژیکی بازاڕ، لە سەرەکەی تریشەوە بزووتنەوەیەکە ئامانجی ڕەتکردنەوەی خۆرئاوا و هەژموون و ئاماژەکانییەتی بەسەر جیهاندا. لەسەر ئاستی کولتووری، ئەم دابڕانە لە هەژموون و دەسەڵاتی خۆرئاوایی بۆ خۆی جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ شوناسە دێرینەکان و سەقامگیرکردنیان، کە بە زۆری واتای گەڕانەوە بۆ ئەو نەریت و ترادسیۆنانەی لە بیرکراون، لێ سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنرێنەوە. واتە ئێمە لەگەڵ ڕابردوودا ئایندە دروست دەکەین.
- کەواتە لە جیاتی ئاوێتەبوون و هەماهەنگیی کولتووریی، تۆ جۆرێک لە بەهێزکردن و توندوتۆڵکردنەوەی جیاوازییەکان دەبینیت.
گۆدۆلیێ: هەموومان پانتۆڵی کاوبۆ لە پێ دەکەین، هەر هەموویشمان بۆ ئەوەی خۆمان لە سەرما بپارێزین، جلی ئەستوور لە بەر دەکەین کە لە ڕاستیدا داهێنانێکی چینییە، لێ ئەمە قوڵایی ڕاستەقینەی شوناسەکان نییە. ئەوەتا لە چیندا گەڕانەوە بۆ کۆنفۆشیۆسیزمێکی نوێ دەبینیت. دەبینیت خەڵکی خوێندنگەی کۆنفۆشیۆسی دەکەنەوە و شێوازی خوێندنی خۆرئاوایی ڕەت دەکەنەوە، چونکە پێیان وایە شێوازێکە بڕێکی زۆر ماتماتیک بەسەر خوێندکاردا دەسەپێنێت، بەڵام چارەکی ئەوە دانایی پێنابەخشێت، بەو مانایەی کە مرۆڤ چۆن بتوانێت جڵەوی ژیانی خۆی بکات و بەڕێوەی ببات.
دەبێت جارێکی تر بە کتێب و میتۆدی خوێندنگەکانماندا بچینەوە و سەرلەنوێ بیانخەینەوە سەر نەخشەی مێژووی جیهانی.
گەر ویستمان لەم جیهانە هاوچەرخەی ئێستامان تێبگەین، دەبێت ڕەگەزە سەرەکی و پێکهێنەرەکانی مێژووی ئەو میللەتانەیش بناسین کە هێشتا هەر کاران و ئەکتڤن. دەبێت جارێکی تر بە کتێب و میتۆدی خوێندنگەکانماندا بچینەوە و سەرلەنوێ بیانخەینەوە سەر نەخشەی مێژووی جیهانی. دەبێت گەنجەکانمان لەوە تێبگەن کە ئەمە ئەو جیهانەیە کە تێیدا دەژین نەوەک تەنها ئەوەی کە لە فەرەنسا دەیخوێنن، چونکە ئەو کتێبانە بە تەنها باسی فەرەنسا دەکەن نەوەک دەوڵەتە دراوسێکانیان.
- تۆ دەڵێیت دامەزراندنی هەر کۆمەڵگەیەک لە بنەڕەتدا دامەزراندنێکی سیاسی- ئایینییانەیە!
گۆدۆلیێ: با زۆر دوور نەڕۆین و نموونەی خێڵی ‘بارویا’ت بۆ بهێنمەوە کە چەندین ساڵ لەگەڵیاندا ژیاوم. ئەوان بە دەیان ساڵ بەر لە گەیشتنی من، وازیان لە ئامراز و ئامێرە بەردینەکانیان هێنابوو، خەنجەری کانزاییان بە کار دەهێنا. من بە تەواوی زانین و زانیاری کتێبە ئەکادیمییەکانی خۆمەوە چوومە ناویانەوە، پێیشم وابوو کە لەناو یەکێک لە نموونەییترین کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندام کە تیایدا خزمایەتی-خێڵ بناغە و بنچینەی هەموو شتێکە. پاش ئەوەی کە چەند ساڵێکم لەگەڵدا بەسەربردن و لەناویاندا (وەک کێڵگە و کایەیەکی ئەنترۆپۆلۆژی) ژیام، ئینجا هێشتیان چۆنێتی هەندێک سرووتی ئامادەکردنی مرۆڤ ببینم. ئەوە بوو لە یەک کاتدا هەموو ئەو کوڕانەیان پێکەوە ڕیز دەکرد کە لە یەک تەمەندا بوون، تا لووتیان بسمن و لەبار و سازیان بکەن بۆ ژیان، بە چاوپۆشین لەوەی کە سەر بە چ تیرەیەکن یا خەڵکی کام گوندن. ئەوان بەم کارەیان هیچ جیاوازییەکیان لەنێوان ناوچە و خێڵەکاندا نەدەهێشت، بەڵکو نەوەیەکیان لە شامان و جەنگاوەر دروست دەکرد کە خزمەت بە کۆی کۆمەڵگە دەکەن. دیارە ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە پەیوەندییەکانی خزمایەتیان فەرامۆش کردبێت و چاویان لێ پۆشیبن، بەڵکو تەنها بەهۆی ئەم جۆرە سازکردن و ئامادەکردنەوەی کوڕەکانیانەوە، تێیاندەپەڕاند، جۆرە ئامادەکردن و سازکردنێک کە کۆی خێڵێکی نزیکەی دوو هەزار کەسی تێیدا بەشدار دەبوو. ئەوەبوو کە تێبینییەکانی من بەرفراوانتر بوون و بۆم دەرکەوت کە ئەم حاڵەتە لە هەموو شوێنێک هەیە: وەک چۆن لای خێڵە سەرەتاییەکانیش وایە، لای ئێمەیش دەزگاگەلێک هەن کە خزمایەتی دەخەنە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێری بونیادێکی سیاسی-ئایینی گەردوونییەوە کە بەهۆی و لە ڕێگەیەوە کۆمەڵگە دەتوانێت کار لەسەر خۆی بکات و وەک گشتێک (کۆیەک) خۆی بناسێنێت.
- ئەی ئیشوکارە مەیدانییەکانت (لە کێڵگە ئەنترۆپۆلۆژییەکەدا) چۆن بەڕێوەچوون؟
گۆدۆلیێ: سەرەتا یەک مانگی تەواو لە کوخێکدا ژیام کە دەکەوتە سەر ڕێگەیەکی شاخاوی نێوان دوو گوند. چیم دەستبکەوتایە دەمخوارد، لە چرایەکی زەیتی زیاتر، هیچی تریشم پێ نەبوو. مناڵانی لادێکان دەهاتن تا ئەم پیاوە سپیە تەنیایە ببینن و بزانن چییە و چۆنە. پاش ماوەیەک بە مناڵەکانم وت: دەتوانن بە دایک و باوکەکانتان بڵێن کە داخۆ ڕێگەم دەدەن بێم لەگەڵیاندا بژیم و لای ئەوان بمێنمەوە نەوەک ئێرە؟ پاش مانگێک، سێ پیاو هاتن و بردیانم. ئەوە بوو بە یارمەتی و کۆمەکی خێڵەکە، خانوویەکم بۆ خۆم دروست کرد، تا ژن و مناڵەکانیشم بتوانن بێن بۆ لام. کاتێک خەڵکی بارۆیا لێیان پرسیم کە بۆچی هاتووم، ئەو کتێبانەم پیشان دان کە پێم بوون، پاشان پێم وتن: بەشێکی گەورەی توانای پیاوی سپی لە کتێبەکاندایە، من هاتووم تا لەگەڵ ئێوە و پێکەوە کتێبێک بنووسین، کتێبێک کە چیرۆکی ژیانی ئێوە بگێڕێتەوە.
- تۆ هەمیشە جەخت دەکەیتە سەر ئەوەی کە بۆ تێگەیشتن لە ئەوی تر، پێویستە بجوڵێین و سەفەر بکەین، بەمەیش تەواو دژی ئەو بیرۆکە باوەیت – بە تایبەتی ئەوانەی کە زۆر توندڕەوانە پەیوەستی لێکهەڵوەشاندنەوەن – کە ڕای وایە مەحاڵە بتوانین لە هیچ شتێکی کۆمەڵگا و میللەتەکانی تر، تێبگەین.
گۆدۆلیێ: من حەوت ساڵم لەگەڵ خێڵی بارویا بە سەر برد، ڕۆژانە لەگەڵ خێزانەکاندا لە کێڵگەدا بووم. ڕووپێوێکی دیمۆگرافیانەی هەموو گوندەکانم کرد تا بزانم کێ لە نزیک کێوە دەژی. بە هەموو پەیوەندییە خێزانییەکاندا چوومە خوارەوە و لێیانم کۆڵییەوە تا بزانم کێ هاوسەری کێیە، کێ مناڵی کێیە. خۆمم ئامادە دەکرد تا تێیان بگەم، چونکە لە هەموو شتێک تێنەدەگەیشتم، ئەوانیش باسی هەموو شتێکیان بۆ نەدەکردم، بەڵام ئەوە بوو کە لەو کاتەدا باسی هەندێک ئەفسانەی بەناوبانگی خۆیانیان بۆ کردم. وەک دۆخێکی ئاوارتە و زۆر تایبەتییش، ڕێگەیاندام لە سرووتی ئامادەکردن و سازکردنی ژناندا ئامادە بم، سرووتێک کە پیاو بۆی نەبوو تیایدا ئامادەبێت. تۆ کاتێک ئەم هەموو زانیارییە کۆبکەیتەوە، لە زمانەکەیان تێبگەیت و بتوانیت هاوسۆزیان بیت، ئەو کات دەتوانیت شتێک لە کۆمەڵگەکانیشیان تێبگەیت، ئەوەیش بەوەی کە لە ڕاستی و هەقیقەتی خۆیاندا بیانبینیت.
- تۆ دەڵێێت ئیشکردن لە کایە و کێڵگەی مەیدانیدا تاقیگەیەکیشە بۆ ئیشکردن لەسەر خودی خۆیشت.
گۆدۆلیێ: تۆ ناچاریت دەستبەرداری هەموو ئەو هەڵسەنگاندنانە بیت کە پێشتر بۆ دیاردە و کێشەکان، هەتبوون. گەورە و بەتەمەنەکانی دانیشتوانی ‘بارویا’ هەموویان کانیباڵ بوون و گۆشتی مرۆڤیان خواردووە. سەرەتا هیچ کەسێک نەیدەویست ئەو زانیارییەم بداتێ، چونکە دەیانزانی کە ئەوە شتێکی نائاشنا و نامۆیە بە مرۆڤی سپی. بەڵام ئەمە مەسەلەیەکە کە دەبێت باسی بکەم، چونکە بە سەدەها کۆمەڵگەمان هەن کە خواردنی گۆشتی مرۆڤیان تاقیکردۆتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە لە ئایینە مەزنەکانیشدا قوربانیدان بە مرۆڤ هەن و زۆریشن. لێگەڕێ با شتێکت پێ بڵێم کە زۆر کەس هەر نایزانن: کاتێک خەڵک لە ساڵی ١٧٨٩دا باستیلیان گرت، هەموو ئەفسەرەکانیان کوشت، پاشان جەستەیانیان کوتەکوتە کردن بۆ پلی بچوک بچوک، دواتر ئەو ژنانەی کە لە شۆڕشەکەدا بەشداربوون، هەروا بە کاڵی، پل پل گۆشتی ئەفسەرەکانیان خوارد.
- سوودی ئەنترۆپۆلۆژیست لەمڕۆدا چییە؟
گۆدۆلیێ: زۆر بۆم گرنگ نییە کە لە جیهانی ئەکادیمیدا قووڵ ببمەوە، تەنها و تەنها دەمەوێت کارەکەم خزمەتێک بە کۆمەڵگە بکات، ئەو کۆمەڵگەیەی کە پارەی تێچووی سەفەرەکانم دەدات. من تا ئێستا دوو جار لە لایەن دوو حکومەتەوە ڕاوێژ و پرسم دەربارەی سەندیکای هۆمۆسێکسواڵەکان، پێکراوە. پرسیارەکەیشیان چی بووبێت باشە، ئایا هاوڕەگەزخوازیی (هۆمۆسێکسواڵتی) ڕاستییەکی مێژوویی و ئەنترۆپۆلۆژیە؟
منیش بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئەو هەموو ساڵە مۆڵم کردبوون، دوو نموونەم لەبەردەستدا بوو و بۆم هێنانەوە. لە ‘تانزانیا’ کاتێک ژنێک بێوەژن دەکەوێت و هیچ مناڵێکیشی نەبێت، ئەوا دەتوانێت لەگەڵ ژنێکی تردا هاوسەرگیری بکات، بەمەیش لە ڕووی شەرعییەوە دەبێتە مێردی ژنەکەی تر. پاشانیش دەتوانێت خۆی دڵخوازێک بۆ ئەو ژنەی دەستنیشان بکات و هەڵبژێرێت، ئەو منداڵانەیشی کە لەو ژنە و دڵخوازەکەی دەکەونەوە، دەبنە مناڵی مێردە مردووەکەی خۆی. ئەمە شتێکی تەواو سەرسوڕهێنەرە، چونکە نیشانمانی دەدات کە خزمایەتی ڕاستیەکی تەواو کۆمەڵایەتییە و هیچی تر، ئەگەرچی ئەم دۆخە هیچ پەیوەندییەکی بە هۆمۆسێکسواڵتیەوە نییە. بەڵام نمونەی دووەمیان جەنگاوەرانی ‘ماسای’ە کە لە تەمەنێکی زۆر درەنگدا هاوسەرگیری دەکەن. ئەوان تاوەکو تەمەنی سی و پێنج ساڵییان دەجەنگن، بە درێژایی هەموو ئەو ماوەیەیش هاوبەشێکیان هەیە کە سێکسی لەگەڵدا دەکەن (سێکسێک بەبێ تێخستن، واتە وەک خۆشەویست بۆ یەکتری دەمێننەوە و تەنها بۆ یەکتری و لە یەکتری دەخشێنن).
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ دەزگایەکم نەدیوە کە لە یەک کاتدا هەم لەسەر بنچینەی خێزان و هەم لەسەر یەککگرتنی دوو هۆمۆسێکسواڵ، هاوڕەگەز بونیات نرابێت،
ئەوە بوو وا وەڵامم دانەوە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ دەزگایەکم نەدیوە کە لە یەک کاتدا هەم لەسەر بنچینەی خێزان و هەم لەسەر یەککگرتنی دوو هۆمۆسێکسواڵ، هاوڕەگەز بونیات نرابێت، ئەمە جگە لەوەی کە لەو کاتەدا تەواو لەژێر کاریگەری دەروونشیکاریدا بووم و من ڕام وا بوو کە بۆ بونیادنانی ئەم دەزگایە، دەبێت پلە و پایەی باوک ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت. هەر بۆیە من پشتگیری ئەو دروشمە بەناوبانگەی خۆپیشاندانەکانی ئەو ساڵانەی دوایی هاوڕەگەزخوازەکانم نەدەکرد کە داوای هاوسەرگیرییان بۆ هەمووان دەکرد بەبێ جیاوازی. لێ پاشتر ڕای خۆمم بە تەواوەتی گۆڕی.
پاشتر ڕاپۆرتێکم پێشکەشکرد و تیایدا تیشکم خستە سەر هەموو ئەو پاشخان و هۆکارە مێژووییانەی بوونەتە مایەی خوڵقاندنی ئەو ئەگەرە: ئەویش بە هەڵسەنگاندنی چەمکی مناڵی هەر لە رۆسۆوە، پاشان تا لابردنی ئاوەڵناوی نەخۆشی بۆ هاوڕەگەزخوازی لەلایەن زانستی پزیشکییەوە. لە ڕاستیدا ئەو داخوازیانەی کە کەمینەکان بۆ هەندێک ماف لە خۆرئاوادا هەیانە و هیچ لە زۆرینە ناستێنێتەوە و زیانیان پێ ناگەیەنێت، بە سەرکەوتن کۆتاییان دێت. بۆ نموونە دۆزینەوە و دەرخستنی جووتڕەگەزبوون (جووت-سێکسواڵتی) بوونی ئەو مەیمونانەی کە زۆر لە ئێمەوە نزیکن: (بۆنۆپۆ)! فرۆید لەسەر چرپاکەی خۆی، زۆر باش لەمە تێگەیشتووە، بەڵام نەیزانیوە کە چۆن رەفتاری لەگەڵ بکات. من هەست دەکەم کە دەبێت بە ئاشکرا ئەوە بە خەڵکی بڵێین کە ئێمەی مرۆڤ، بە سروشتی خۆمان جووت-سێکسواڵین.