“ئێکسپایەر”

بەزەیی موشتەرییەکانی نادییەک تاقی دەکاتەوە

پشیلەیەکی زەردی ئاساییە.


لە نزیک مێزی دادوەرەکە دەمیاوێنێ

دادوەر دەفتەرەکەی دەردێنێ،

ژمارەیەکی دیکە، دەخاتە سەر دادپەروەرییەکانی

کوتێك جگەر لە شیشەکەی بەردەمی دەکاتەوە و

بۆی ھەڵدەدات:

«لە پێناو خەڵک».


بازرگانەکە بە پشەپش…

تۆپەڵێک کلێنس بە لوولدراوی،

لە کەچاپ دەسوێ و

لە قاپێک

بە ڕێزەوە دەیخاتە بەردەمی.


زەنگی ئاگاداری نووسەرە عەبەسییەکە

لێی داوە،

کەمێکی دیکە

باڵانسی وشەی دەبێتە سفر

لە کەسانی ئەوێ دەڕوانێ

کە بۆ ئەو ھێشتا ھەوادارن:

بوتڵێک بیرە دەوەشێنێ.


پشیلە، شەلەشەل

دەکەوێتە تۆڕی یووتوبەرێک.


لە کامێرای یووتوبەر

پشیلە ھێڵنج دەدات و

گۆشت و ئێسقانی خەڵک دەتفێنێتەوە

وەرن بەبێ سڵاو…

ھەرکەس، پارچەی خۆی بباتەوە و

بژی.

photo_٢٠٢١-٠٨-٠٧_٢٠-٤٨-٢٦

سەرنجێک بنوسن