مەرگ لە ڕوانگەی “داریوش شایگان”ەوە
پرسیار: بەڕێز شایگان ئێوە چ وێناکردنێکتان بۆ مەرگ هەیە؟ بیرکردنەوە لە مەرگ تا چ ئەندازەیەک ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی لەگەڵ خۆیدا دێنێت؟
شایگان: شاعیری گەورە “ڕیلکە” (Rainer Maria Rilke) بەم شێوەیە وێنای مەرگ دەکات؛” لەناو سکی ژنی دووگیاندا، لە پشتی ڕوخساری ماندوو ومیهرەبانییەوە، دوو میوە لە ساتەوەختی پشکوتندان، یەکیان مەرگە و ئەوی تریان ژیانە”
مەرگ بەشێکە لە ژیان، مەرگ و ژیان دوانەی یەکن و لەگەڵ یەکەم چرکەساتی هاتنە ژیانەوە مەرگیش دەست پێ دەکات. لە ڕاستیدا هەر ڕۆژێک کە زیندووین، ڕۆژیکمان لە مەرگ دزیوە، کاتێک کە گەنجیت هەرگیز بیر لە مەرگ ناکەیتەوە، پێتوایە تا ئەبەد هەیت و زیندوویت، بەڵام کاتێک دەچیتە تەمەنەوە پەی بە مەرگ دەبەیت و لێی تێدەگەیت، من بە زوویی دەگەمە تەمەنی هەشتا ساڵی، تەمەنێکی باشم گوزەراندوە لە تەمەنی حەفتا ساڵی بەرەو ژوور تێدەگەیت کە بەرەو مەرگ دەڕۆیت، ئەمەیە کە ئێستا بۆ من مەرگ ڕزگارییە، دۆسیەکە دادەخرێت و تەواو.
پرسیار: باشە ئەگەر ئەمە ئەوەندە ئاسان بێت کە لەگەڵ مەرگدا کۆتاییت بێت، ئەی کەواتە بۆچی نەمری بۆ ئادەمیزاد گرنگ بووە و ئەفسانەیان بۆ خولقاندووە؟ گرنگی نەمریی لە چیدایە؟
شایگان: مەرگ لای مرۆڤی مۆدێرنی ئەمڕۆ گرفتێکە، چونکە بێ ئاگایە لەو شتەی کە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنت، بەڵام دەتوانین هەموو ئەو نیگەرانیانە بخەینە لاوە و خەیامانە بژین و نرخی ئەم چرکەساتە بزانین، من زۆر باوەڕم بەو دیدگایە هەیە و لەمەدا خەیامییم. دەتوانین وەک خەیام و ڕەواقییەکان زۆر بە ئاسانی مەرگ قەبوڵ بکەین، هەڵبەتە ئەوانەی کە سەر بە دنیای عیرفانین، باوەڕیان وایە کە ئەگەر بگەیتە پلەی توانەوە لە خودادا و مانەوە لە خودادا “فنا فی اللە و بقا با اللە” چیتر نەمریت بەدەست هێناوە.
بەڵام من نە عاریفم و نە گەشتومەتە ئاستی مەولانا، یاخود وەکو هیندییەکان دەتوانیت بگەیتە قوناغێک کە مردوویت و “زیندوویەکی ئازادیت”، لە حیکمەتی خۆرهەڵات و ڕێژەیەکش لە خۆرئاوادا، ڕزگاربوون بۆ نەمری لە ڕێگەی خەڵوەتکێشانەوەیە، یۆگی ڕاستەقینە “زیندوویەکی ئازادە” واتە هەم زیندووە هەم مردوو، ئەمە مانای نەمرییە، لەبەر ئەوە لە عیرفانی ئیسلامیدا، بە مەرگ دەڵێن هەستانەوەی ناوەند و یاخو ئەزموونی بەرزەخی”قیامە وسطی” واتە هەستانەوەیەک کەلەناو ژیاندا ئەزموونی دەکەیت، پاش ئەو ئەزموونە هەم مردوویت و هەم زیندوو، ئەمە ئامانج و ئایدیاڵی گەورەی عیرفانی خۆرهەڵاتییە، بەڵام جیاوازی هەیە لەنێوان من و هیندییەکدا کە لە دنیای ئەفسانەیی خۆیدا دەژی. یەک ملیار هیندی لە ئەفسانەدا دەژین، نەک لە واقیعدا، لای هیندییەک زەحمەتکێشان پیرۆزە، چونکە تا زیاتر زەحمەت بکێشی و هەژاری زیاتر فشارت بۆ بهێنێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە کارما وزەبەخشتر ببێت و ژیانێکی باشترت هەبێت لە دواییدا. سەیرە لە هیندستان کە لە ئوتێلێکی بەناوبانگی وەک ‘تاج مەحەل’ دێیتە دەرەوە و گەدا و نەدارەکان دەبینیت لەوێ دانیشتوون و هیچ ئەفسوس و حەسرەتێکیان بۆ تۆ نییە، زۆر سەیرە دەبێت خواست و ئەفسوسیان هەبێت، بەڵام هیچ ئەفسوس، خۆزگەیەکیان نییە و ڕازین لە هەژاریان، ئەمەش لەو باوەڕە تایبەتەوە دێت کە بەرامبەر بە مەرگ و ژیان هەیانە.
پرسیار: ئێوە ڕۆژگارێک باوەڕتان وابوو کە گرفتی مرۆڤی ئەمڕۆ بەو شێوەیە چارەسەر دەبێت کە بگەڕێتەوە بۆ کیشوەری ڕۆح، ئێوە سەردەمێک ئەزموونگەلێکی تایبەتان هەبوو، پێدەچێت ئێستا ئەو هەموو ئەزموونانەت تێپەڕاندبێت؟
شایگان: بەڵێ من ئەزموونگەلێکی جیاوازم هەبووە لە ژیانمدا، هەرگیز فریودراو نیم و هەموو کارێکم کردووە، یۆگیی بووم وبە دوای خەڵوەتکێشەکان و جنگرەکاندا ڕۆیشتم، لەگەڵ دانا و بلیمەکاندا سەروکارم هەبوو، گەشتمە ئەو ئەنجامەی کە ڕەنگە حەقیقەتێک لەناو زۆربەی ئەزموونە ڕۆحییەکاندا شاردراوە بێت، بەڵام جیاوازی لەنێوان عیرفان و شارلاتانیسم یەک تاڵە مووە، زۆر ئاسان دەبێت لەناو دڵی ئەم عیرفانەدا یەک ‘ڕاسپۆتین’ بێتە دەرێ، ناڵێم لەناو ئەو ئەزموونە ڕۆحیانەدا حەقیقەتێک نییە، ڕەنگە کۆمەڵە یۆگییەک هەبن، کە بتوانن چڵ ڕۆژی تەواو پاراسمپاتیکی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن، پاراسمپاتیک ئەو سیستمەیە کە کۆنترۆڵ ناکرێت، ئەوان ئەتوانن لێدانی دڵیان هێندە خاو بکەنەوە کە بە مردوو هەژمار بکرێن، مرۆڤ بە هێزی دەروونی دەتوانێت زۆر کار ئەنجام بدات بەڵام ئەنجامی ئەو کارانە وابەستەی تایپێکی تایبەتی ژیانە کە من هەرگیز نەمویستووە ئەو جۆە ژیانەم هەبێت.
تا زیاتر بچیتە پێشەوە ڕێگاکەی پشتی سەرت درێژتر دەبێتەوە و ڕێگاکەی بەردەمیشت کورتر دەبێتەوە، تا دەگەیتە شوێنێک، کە لە بەرامبەرتدا تەنها یەک ئاسۆ بوونی هەیە، ڕێگاکە دەگاتە کۆتایی و لە دواشەوە ڕێگایەکی دوورودرێژ بەجێ دەمێنێت، منیش گەشتوومەتە شوێنێک کە چیتر لە بەرامبەرمدا ڕێگایەک نییە، لە دوامەوە ڕێگایەکی دوورودرێژ هەیە بەڵام چیتر لە بەرامبەرمدا هیچ ڕێگایەک نییە.
پرسیار: ئایا ئەوە ئارەزوویەکی سروشتی نییە لە مرۆڤدا کە چەرخی ڕۆژگار بۆ دواوە بگەڕێتەوە و مرۆڤ بەرێتەوە بۆ سەردەمی لاویەتی؟ تا دووبارە پیشە و ئەو ڕێگا و بەرنامەیەی کە دەیەوێت وریاتر و وشیارتر بە مەرگ هەڵبژێرێت؟
شایگان: گەڕانەوە بۆ لاویەتی کە هێشتا نازانی دەتەوێت ببیت بە چی؟ نا هەرگیز!، ئەسڵەن نامەوێت گەنج ببمەوە، لەم تەمەنەدا ئاسۆکان بۆ من کراوەن، بەڵام لە لاویەتییدا هەرگیز ئاسۆیەکی کراوە نییە، لە گەرداوێکدا دەژیت، نازانیت چی دەبێت و بە کوێ دەگەیت، بەڵام گەر بگەیتە تەمەنی ئێمە، وەک ئەوەیە جارێک سیناریۆکەت خوێندبێتەوە، دەزانیت کۆتاییەکەی چییە، دووبارەکردنەوەی دیمەنەکان تاقەتی دەوێت، ئەوەی کە لاویەتی بگەڕێتەوە و وانە بخوێنم و ئایندەم چی بێت و ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکان دووبارە ببنەوە، بۆ من ترسناکە، لە ٥٥ بۆ ٦۰ ساڵی، گومان و دوودڵی و نیگەرانییەکان دەڕەوێنەوە، چۆن دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ گومان و نیگەرانییەکان؟
پرسیار: ئەو شێوەی کە تۆلستۆی “لە مەرگی ئیڤان ئیلیچ”دا سەبارەت بە مەرگ دەیخاتە ڕوو، ڕەنگە بێ هاوتاترین وێناکردن بێت لەبارەی مەرگەوە؟
شایگان: بێ وێنەیە، تۆلستوی لە مەرگی ئیڤان ئیلیچدا، بە وردی کێشەی (problem) ژیان لەگەڵ مەرگدا هەڵدەسەنگێنێت، ئەمەش بۆ من سەرنجڕاکێش بوو، هەروەک ڕیلکە، ئەویش ژیان لەگەڵ مەرگدا دەپێویت، ئیڤان دەڵێت لە ژیانمدا هیچ کارێکم نەکردووە، هیچ کاتێک مەردایەتیم نەبووە، هەمیشە گومان دەکات.
کاتێک گەنج بووم دوو کتێب زۆر کاریگەریان لەسەر ڕوانینی من بۆ مەرگ بەجێهێشت، یەکێک لەوانە کتێبی “مەرگی ئیڤان ئیلیچ”ی تۆلستۆی بوو، ئیڤان لەو کتێبەدا خەریکە دەمرێت و بیر لەوە دەکاتەوە ئێستا وا خەریکە دەمرێت لە ژیانیدا چی کردووە، پەیامی ئەوەی کە ڕەنگە ناسازی نێوان ژیان و مەرگ، ببێتە هۆی ئەوەی کە لە کاتی مەرگدا هەست بە زیان بکەین، دەتوانین ئەو شێوەیەی ڕیلکەش لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەرگدا ناوبنێنن شێوەی قارەمانانە، مرۆڤێک کە بە خستنەڕووی بەردەوامی نیگەرانی و دوودڵی و گرفتەکانی، هۆشیاری دەگەیەنێتە ئاستی شێتی و ڕەسەنایەتی و ڕاستگۆیی تا ئاستی بیماری دەبات. کتێبکی تر کە کاریگەری لەسەر من جێهێشت، ئەو کتێبی شیعرانەیەیە کە ڕیلکە لە پاریس و لە ژێر کاریگەری “بۆدلێر”دا هۆنیویەتەوە، ڕیلکە لە دیوانە شیعرییەکەیدا دەڵێت: “خودایە هەموو کەسێک مەرگی ڕەسەنی خۆی پێ ببەخشە، مەرگێکی گونجاو و سازگار بە ژیانی” واتە مەرگی هەرکەسێک هێندەی جوانی ژیانی بێت، ئەمە باشترین ئارەزوویەکە، کە دەتوانیت هەتبێت.
پرسیار: ئەگەر ئەو وێناکردنەی بۆ مەرگ، کە لە مەرگی ئیڤان ئیلیچدا خراوەتەڕوو، وێناکردنێکی واقیعی بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ مەرگدا، لەوە دەچێت ئێوە هەڵاوێرد بن لەم ڕێسایە! واتە ڕازین، لە کاتێکدا ئیڤان وەک مرۆڤەکانی تر ناڕازییە؟
شایگان: بەڵێ، بەڵام من کاتێک سەیری ژیانی خۆم دەکەم، لە بەرامبەر گومانێکی وەهادا خۆم نابینمەوە، ئیڤان هیچ کاتێک پێی وانەبوو کە بڕیارە بمرێت، لەناکاو بە ئاگا دێتەوە، بەڵام من هەموو بەیانییەک کە بەخەبەر دێم، بیردەکەمەوە چۆنە وا زیندووم، بیردەکەمەوە ئەمە موعجیزەیە کە دووبارە خەبەرم بووەتەوە، هەروەک ئەوەی کە لە ئێران هەموو بەیانییەک بەلوعەی ئاوەکە دەکەمەوە ئاو هەیە و غاز و کارەباش نەبڕاوە، وەک موعجیزەیە، بەسەرهاتی مەرگی ئیڤانیش ئەوە نیشاندەدات ژیان و مەرگ ئەگەر سازگارییەکیان پێکەوە هەبێت، ئەوا مەرگ ئاسانتر دەبێت، من پێم وایە ژیانی من ئارام و تێر بووە و چیتر داواکارییەکم لە دنیا نییە، هەرشتێکم ویست بەدەستم هێنا، دەزانم کە زۆرینە داواکاریان لە ژیان و دنیا هەیە و ڕقیان لێیەتی و ناڕەحەت و نیگەرانن، ئەم نەخۆشییە لە ڕۆشنبیرەکاندا زیاترە، بەڵام من خۆشبەختانە ئالودەی ئەوە نیم.
پرسیار: پرسی مەرگ لە چ قوناغێکدا بۆ ئێوە بوو بە گرفت؟
شایگان: لە ٤٥ بۆ ٥۰ ساڵی لەگەڵ خوێندەوەی ئەدەبیاتی مۆدێرندا، بیرم لە مەرگ دەکردەوە و مەرگم قەبوڵ کرد، لە ئەدەبیاتی مۆدێرندا هەمیشە لەگەڵ مەرگدا دەرگیریت، ڵە ئەدەبیاتی عیرفانیدا ڕێڕەوی مەرگ پێشتر نەخشەی بۆ کێشراوە و ئەدرەسێکت پێ دەدەن کە لە کۆێوە هاتوویت و بۆ کۆێ دەڕۆیت، بەڵام لە دنیای مۆدێرندا کە هەموو شتێک تێیدا دەبێتە گرفت، خۆبەخۆ مەرگیش دەگۆڕێت بۆ گرفت، ئەوکاتە لە ئەستۆی تۆدایە کە زاڵ بیت بەسەریدا و قەبوڵی بکەیت، مەرگ دەبێت بە بەشێک لە ژیانی تۆ، ئەوەی کە ئێستا من لێرەم و ڕەنگە سبەی بەیانی لێرە نەبم، ئەبێ ئەوە قبوڵ بکەم،، تەنها شتێک کە خۆشم ناوێت نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک زەهایمەر و هاوشێوەکانییەتی. دەبێت وەسیەتنامەیەک بۆ ئەوانەی دەوروبەر بنوسیت کە ئەگەر بەم شێوەیە بوو، گرفتەکە بۆ ئینسانەکان چارسەر بکەن.
ئەمیل سیوان (Emil Cioran) کە نووسەرێکی فەرەنسی و بە ڕەچەڵەک ڕۆمانییە و من زۆرم خۆشدەوێت، دەڵێت: ڕۆژێک ئەگەر لە ئاستی زەینیدا قەبوڵی بکەیت کە دەتوانی هەر چرکەساتێک کە بتەوێت کۆتایی بە ژیانی خۆت بهێنیت، ئەوا ئەو ڕۆژە وادەی مەرگی تۆ هاتووە، دەبێت ئەم مافە بوونی هەبێت و وەک ئیتاڵییەکان دەڵێن دەبێت بتوانین بڵێین، ئیتر بەسە چیتر کۆمیدیاکە تەواو بوو.
پرسیار: واتە حەز دەکەیت مەرگیش وەک ژیانتان شکۆمەند بێت؟
شایگان: بەڵێ، مانای تێدانییە لەسەر بەستەری نەخۆشی بکەوین ئازار بچێژین، ساڵانێک لەمەوبەر ‘سوهرابی سپێهری’م لە لەندەن لە نەخۆشخانە، لەسەر بەستەری نەخۆشی بینی بارودۆخی زۆر خراپ بوو، دیاربوو کە بە زوویی دەمرێت، بەڵام خۆی هەرگیز گومانی نەدەکرد کە دەمرێت، بۆ من زۆر سەیر بوو، مەرگی دوادەخست، نەخۆشییەکەی جدی بوو بەڵام مەرگی قەبوڵ نەدەکرد.
پرسیار: ئێستا با بیر لە دۆخێکی وردتر بکەینەوە، ئەگەر بە ئێوە بڵێن، سێ مانگی تر ماوەتان هەیە و پاش سێ مانگی دیکە، ژیانتان لە بەروار و کاتژمێرێکی دیاریکراودا کۆتایی دێت، ئێوە لەو سێ مانگەدا و لەگەڵ دەستپێکردنی چرکەساتەکانی سەرەمەرگدا، دەست بۆ چ هەڵبژاردنێک دەبەن؟
شایگان: بەرنامەی ژیانم هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەر نایەت و ئارامیم ناگۆڕێت، هەموو ڕۆژێک بەیانیان لە خەو هەڵدەستم و درێژە بە بەرنامەی ڕۆژانەم دەدەم، چونکە ئێستا ئیتر دەزانم ڕۆژێک ژیانم کۆتایی دێت، ئێستا و وادەی هاتنی چ جیاوازییەکی هەیە؟ ئێمە دەبێت هوشیار بین بەوەی کە ئیگۆ، ئەو ئەژدیهایەی کە دەروونی ئێمەیە و هەمییشە خۆراکی دەوێت، ڕۆژێک دەبێت بکێشی بە سەریدا تا ئارام بگرێت، ئەو”من”ەی کە لە دەروونی مرۆڤدایە بە ئاسانی ئارام ناگرێت، بەڵام ڕۆژێک کە ڕامت کرد و ئارامی گرت، ئیتر دەحەسێیتەوە و دەسبەرداری هەموو شتێک دەبێت و ئارام دەبیتەوە.
پرسیار: کۆبلێر ڕۆس (Elisabeth Kübler-Ross) لەو بارەوە پێنج قۆناغ ڕوون دەکاتەوە کە مرۆڤ پاش بەئاگابوونی نزیک بوونەوەی لە مەرگ، تێیاندەپەڕێنێت، هەر لە قۆناخی نکۆڵی کردنەوە تا قۆناغی ڕازیبوون، واتە ئەگەر ئێوە ئاگادار بن لە مەرگتان لە ئایندەیەکی نزیکدا، پێویست ناکات سووڕێک بە تەی کردنی ئەم قۆناغانە تێپەڕێنیت؟
شایگان: نەخێر، چونکە لە ئێستادا گەیشتووم بە قۆناغی کۆتایی و خۆم لەوبەری کەنارەوە دەبینم، ڕەنگە تەنها ئارەزووی من ئەوە بێت کە ئارەزوویەکی شەخسی نییە، بارودۆخی وڵاتەکەم باشتر ببێت،.
ئێرانم خۆشدەوێت و پێموایە خەڵکانی ئێمە شایستەی گۆڕانکاری ئەو هەلومەرجەن.
کتێبێکم دەخوێندەوە نووسەرەکەی وێناکردنێکی حەکیمانەی بۆ مەرگ هەبوو، نووسی بووی: بۆ گەنجێک ژیان وەک ڕێگایەکی دورودرێژی پڕ لە دار و درەختە لە بەرامبەریدا، بەڵام هەرچی زیاتر دەچیتە پێشەوە ڕێگاکەی پشتی سەرت درێژتر دەبێتەوە و ڕێگاکەی بەردەمیشت کورتتر، تا دەگەیتە شوێنێک کە لە بەرامبەرتدا تەنها یەک ئاسۆ هەیە، ڕێگاکە دەگاتە کۆتایی و لە پشتەوەش ڕێگایەکی دوورودرێژ بەجێماوە، منیش گەشتووم بە شوێنێک، کە چیتر لە بەرابەرمدا ڕێگایەک نییە، لەپشت سەریشمەوە ڕێگایەکی دوورودرێژ هەیە، ڕێگایەکیش لە پێشمدا نییە، ئێوە لە سی ساڵیدا هێشتا دەبێت ژیانتان ڕێکبخەن، هێشتا لە سەرەتای ڕێگاکەدان لە بەرامبەرتاندا ڕێگاکە بەردەوامی هەیە، بەڵام ڵە هەشتا ساڵیدا چۆن؟ شازدە ساڵ لەمەوبەر، لەم ژوورەدا ئەزموونێکی شەخسی بۆ من هاتە پێشێ، سنگم ئازاری هەبوو، یەک چرکە پێموابوو خەریکە تووشی جەڵدە دەبم، بەڵا نەترسام و هەراسان و دەستەوەستان نەبووم، بە ئارامی تەلەفۆنم بۆ کوڕی مامەکەم کرد و وتم خەریکە دووچاری جەڵدە دەبم و بمگەیەنە نەخۆشخانە، نازانم بۆ، بەڵام زۆر شادمان بووم ، بە خۆمم وت لەوانەیە وادەی مەرگ هاتبێ و بڕیارە ڕزگارم ببێت.
من زۆر کار دەکەم و خۆم بە ژیانەوە سەرقاڵ دەکەم، خەریکم لەسەر بۆدلێر کار دەکەم کە کۆنسێپتی مۆدێرنێتەی گۆڕی، ئێستا ئەوەی پێوەی سەرقاڵم ئەمەیە.