بێ ڕزگاریی گشت، هیچ ڕزگارییەک نییە!

چەند سەرخەتێک

ئەم وتارەی دەیخوێننەوە، وەڵامی (نەبەز خالید)ە بۆ تەوەری (فێمینیزم وەک کۆنسێپت و بزووتنەوە و، فێمینیستی کورد) لە ئامادەکردن و سەرپەرشتی کردنی (ڕۆزا شێخانی).

شێرکۆ بێکەس لە یەکێک لە هۆنراوەکانیدا باسی پێشمەرگەیەک وەک نموونە دەکات کە دەچێتە ماڵێک بۆ پشوو و نانخواردن، ژنی ماڵەکە کە هاوسەرەکەی کوژراوە و باری مەینەتی ژیانی لەسەر شانە، بە پێشمەرگەکە دەڵێت، – بۆ ھاتووی؟

چی ماوە تا بۆی بێن؟ بێژنگی لاشەمان؟!

یان نانی خوێناوی؟!

چی ماوە بۆ ھاتووی؟!

تفەنگتان بۆ خۆتان!

شۆڕشتان بۆ خۆتان!

کوردستان بۆ خۆتان!!

چی ماوە؟ بۆ ھاتووی؟!

ئەمە وینەیەکە بۆ لێکدانەوە، ئەو دەنگە ناڕازییە و ئەو هاوارە کە پێشمەرگەکە شەرمەزار دەکات، باش دەزانێت کە ڕزگارییەکەی ئەوان و چەک و درووشمەکانیان، ڕزگاری ئەم نییە، ئەو هاوارە ئێشتا لە گەروی ئەو ژنە و باقی ژنانی تردا گوێ کەڕ دەکات و نایەکسانی و ستەم لەسەریان بەردەوامە.

بە دوور لە پێناسە باوەکانی فێمینیزم و قوتابخانە جیاوازەکانی، بە گشتی ئەم بزووتنەوەیە! ئاکتی و گوتاری لە جیهاندا و بە تایبەتیش لە کوردستان، درێژەی هەمان گوتاری چەمکە ئیزماویەکانە کە توێژی مامناوەندی کۆمەڵگا خۆی بە خاوەنی دەزانێ و نوخبەیەک و کارەکتەرانێکی تایبەت نوێنەرایەتی دەکەن کە لە باشترین حاڵیدا داواکاری مافە مەدەنییەکانی ژنانن و قوتابخانە ڕادیکاڵەکەشی یەکسانیان دەکاتەوە بە پیاو! لە کاتێکدا کیشەی ژنان کێشە بنەرەتییەکەی کۆمەڵگایە و ڕزگاری ژنان ڕزگاری گشتە.

فێمینیزمی سەردەم لێرە دابڕاوە لە ژنان و خاوەن پرۆژەیەکی بنەڕەتی نییە. داوایەک هەیە لە ژنان کە دەبێ خۆیان ڕزگار بکەن، هەوڵ بدەن بۆ ڕزگاری. لە کاتێکدا ئەم فێمینیستانە خۆنواندنێکیان هەیە کە داواکە دەباتە سەر ئەوەی کە بۆ وەک من نیت و بۆ قبوڵی دەکەیت. فێمینیزم بۆتە ژێست و ئیمیجی تایبەت، بۆتە دووبارەکردنەوەی زانیارییە ویکیپیدیاییەکان، توڕەییەک لە پیاو و سیستەمەکەی. یان داواکاری بۆ دانانی یاساکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان، لە کاتیکدا ئیمە باش دەزانین کە دەستور و یاساکان ئەوەندەیان دەق تیایە کە بتوانێ لانیکەم مافە مەدەنییەکانی ژنان دەستەبەر بکات لە بەشداری کۆمەڵایەتی و سیاسی و مافە سەرەتاییەکانی بەپێی دەق بە هەق ناسیوە بۆیان، بەڵام بارودۆخی ژنان لەوە کارەساتبارترە کە بە یاسا و لێکدانەوەکان هەڵسەنگێندرێ و چارەسەر بکرێت.

فێمینیزم پڕۆژەیەکی ڕۆژئاواییە و ئێمە لە میژووی خەباتی ڕزگاریخوازی و یەکسانیخوازی ناوچەکەماندا و بە تایبەتی کوردستان ئەم دەستەواژەیەمان نەبووە. هەروەک تا ئێستاش کەسێک ناتوانێ بڵێ من بۆرژوازیم، بەڵام زۆر بە ئاسانی دەوترێ من پڕۆلیتاریم. هەر ئاواش کەمتر یان هەر نابیستین کەسێک خۆی بە فێمینیست بناسێنێ، بەڵام یەکسانیخوازان و ڕزگاریخوازان زۆرن. گومان دەکەم کە لە باشووری کوردستان تا کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەستەواژەی فێمینیزم لە ئاستی گشتیدا بە کار هاتبێ و ڕێکخراو کاری بۆ کرابێ، تا ئیستاش بە دەگمەن ڕێکخراو دەبینین کە ناوی فێمینیستی لە خۆ نابێ، یا هەر نییە! باسی جێندەر لەناو کایەی ئەکادیمی و فکریدا بە کار دێت تا فێمینیزم. ئەم فاکتە ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئێمە خەریکین دەستەواژەکە بەسەر بزووتنەوەی یەکسانیخوازیدا بە زۆر دەسەپێنین و دەشمانەوێ لەسەر شتێک کە نییە توێژینەوە بکەین، هەر بۆیە کاتێک باس دێتە سەر فێمینیزم دەبێ باسی ئەو لێکۆڵینەوانە و پێشڕەوانە بکەین کە لە ڕۆژئاوادا چالاک بوون و تیۆری جیاوازیان لەسەر بەرهەم هیناوە…

ناکرێ هەموو کێشەکانی ژن بخەینە سەبەتەی جێندەرەوە، بەڵکو دەبێ ڕیشەی جۆرەکانی ستەم و هەڵاواردن دەست بۆ بەرین و لەوێوە کیشەی ژنانیش ببینین.

نوێنەرایەتی فێمینیزم لە لایەن کێوە دەکرێت؟ پلەوپایەی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان چۆنە؟ ئەم پرسیارانە بۆ کەسیک کە دەروانێتە میدیا و ڕێکخراوەکان، دەبینێ کە ئەم نوێنەرایەتییە لە لایەن توێژی مامناوەندی تاڕادەیەک ئاسودە لەباری ئابوورییەوە و خاوەن بڕوانامە زانستییەکانن. هەر بۆیە ژنانی پەڕاوێزخراو کە دەبنە زۆربەی ژنانی کۆمەڵگا نەک سوودمەند نابن لە باسەکانیان بەڵکو زۆربەشیان ئەم باسانەیان پێ ناگا و ئاگاداری نین، لە کاتێکدا ئەوانن کە ئامانجی ئەم چالاکییانەن. ژنان لای ئەم توێژە بۆتە (ئەوان) (ئەوانی بێچارە و گوناح) کە خۆیان و هاوستاتوسەکانی وەک خۆیان ناگرێتەوە، هەر بۆیەش ئەکتیڤیستەکانی فێمینیزم کولتوور و زمان و ئیمیجی تایبەت بە خۆیانیان پەیداکردوە، هەر ئەمەشە بەشێکی ڕەخنەی کۆمەڵگای لە بەرامبەریان دروستکردووە. کێشەی ژنان تەنها مافە مەدەنییەکان نییە کە لێیان سەندراوەتەوە، بەڵکو ژنان خودی کۆمەڵگان کە کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هەیە، بەو مانایەی کە ژن لە پەنابەریدا، لە دینداربوونیدا، لە بازاڕی کاردا، لە سیاسەتدا، چینایەتیدا و لە خێزاندا خاوەن کێشەیە هەر وەک پیاو و باقی توێژەکانی کۆمەڵگا. ناکرێ هەموو کێشەکانی ژن بخەینە سەبەتەی جێندەرەوە، بەڵکو دەبێ ڕیشەی جۆرەکانی ستەم و هەڵاواردن دەست بۆ بەرین و لەوێوە کیشەی ژنانیش ببینین.

ژنان ناتوانن تەنها لە چوارچێوەی مافی مەدەنی و مافە ئینسانییەکانیاندا بمێننەوە، بەڵکو دەبێ دەست بەرن بۆ چەقی سیاسەت کە دەسەڵات و بەڕێوەبردن و ئاشتی.

چارەسەری ئاکتی ستەم لەسەر ژنان لە هەموو بوارەکاندا، پێویستی بە ڕادیکالیزمێکی لێبڕاوانەیە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا ستەم لەسەر ژنان لە ئاستێکدایە کە ڕەگی قووڵی لە ئایین و خێڵگەرایی و پیاوسالاریەکی بێشەرمانەدایە، کە چۆتە ناو زمان و ئەدەب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ژنانی ئێمە کێشەیان تەنها بازاڕی کار نییە، کەم و زۆری مووچە و ئازادی پۆشاکەوە نییە، ژن لای ئێمە ئەکوژرێت بە کۆمەڵ و بکوژەکان بەپێی یاسا و سوڵحی کۆمەڵایەتی ئازاد دەکرێن، ژن لای ئێمە ڕۆژانە ئەشکەنجە دەدرێت. زمانی ڕۆژانەمان بۆ ئاخاوتن پڕە لە دەستدرێژی ڕاستەوخۆ بێ ئەوەی کەس پێیوابێت ئەمە دەستدرێژییە، جەستەی ژنان بە ئاشکرا ڕۆژانە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا دەستدریژی دەکریتە سەر و چۆتە ناو گۆرانی و ئەدەبیاتەوە. هەڵبژاردن لەسەر ژیان و چارەنووس نەک مانایەکی نییە بەڵکو بۆتە دابونەریت و ئاسایی بۆتەوە. بۆ ژنان ئەم جۆرە لە فێمینیزمی باو لێرە یارمەتی ئەم بارودۆخەی ژنان نادات.

گۆڕانکاری لە بارودۆخی ژنان دەکرێت بە تێکەڵکردنی بیری سیاسی بێت لەگەڵ بزووتنەوەی فێمینیستی. سیاسەت بە مانای دەست بردن بۆ چەمکەکانی عەدالەت، دەسەڵات، ئاسایش و دەوڵەت. ئەم چەمکانە هەمیشە پیاوان خەریکی بوون و پوزەتەڤیزمێکی بێ هەست و نائینسانی بەسەرەوە زاڵ بووە، دیارە مەبەست ئەوە نییە کە ئەگەر ئەو ئەکتانەی سیاسەت تەنها بەدەست ژنەوە بێت دنیا باشتر دەبێت، بەڵکو تێگەیشتنێکە لەوەی کە ئێستا دەگوزەرێ لە پیاوسالاری لەباری مێژووییەوە. یەکسانی لە ئاکتی سیاسی و بەڕێوەبردنەوە یەکیکە لە فاکتەرە گرنگەکانی کە دەتوانێ ببیتە بنەمای دروستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان. ژنان ناتوانن تەنها لە چوارچێوەی مافی مەدەنی و مافە ئینسانییەکانیاندا بمێننەوە، بەڵکو دەبێ دەست بەرن بۆ چەقی سیاسەت کە دەسەڵات و بەڕێوەبردن و ئاشتی. خودی بیری سیاسەتی ڕزگاریش ناتوانێ خۆی بە دوور بگرێ لە مەسەلەی ستەم لەسەر ژنان. چالاکوانانی مافەکانی ژنان لە ڕۆژئاوا لە سەرەتادا دەستیان بۆ مافەکانی وەک بوونی موڵک و ماڵ و دەنگدان سەرقاڵ بوون، بەڵام ئێستا تێگەیشتوون کە فێمینیزم پڕۆژەیەکی سیاسی کولتوورییە و هەر ئەمەش بۆ کۆمەڵگای ئێمە ڕاستە و کارایە.