تەوەری فێمینیزم وەک کۆنسێپت و بزووتنەوە و، فێمینیستی کورد

پرسیار: وادەردەکەوێ نەک تەنیا لەنێو خەڵک بە گشتی، بەڵکو لەنێو نووسەران و خاوەنڕا و چالاکان و تەنانەت ڕێکخراوەکانی ژنانیشدا فێمینیزم چ وەک چەمک چ وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕەوتێکی خەبات کردن، هەروەها فێمینیست بوونیش بە لارێدا چووە و گەیشتووەتە ئاستێک کە تێگەشتن لە فێمینیزم بە ڕقلێبوون لە پیاو، داماڵێنی نمای خانمێتی لە ژنان گەشتووە بە گوێی مرۆڤایەتی، لە ئێستادا ڕەوتێکی نوێی لە چالاکانی فێمینستی هەوڵدەدەن بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم هەڵەتێگەشتنە و، لە هەمان کاتدا خستنەڕوو و بڵاوکردنەوەی پتری بیری یەکسانیخوازی. ئێمەش لە ڕێگەی ئەم تەوەرەوە دەمانەوەێ نووسەر و خاوەن را و چالاکانی کورد لەو بارەیەوە بدوێنین.

بە بڕوای ئێوە ئایا فێمینیزم وەک چەمک و تێگەێشتن چەند شێوێنراوە؟ ئایا ئەمە چەند دەستی خودی ڕەوت و کەسە فێمینیستە کوردەکانی تیایە؟ ئەرکی فێمینیستە کوردەکان لە ئێستادا و بۆ کۆمەڵگای کوردی ڕاستکردنەوەی چەمکەکەیە یان بەردەوام بوونە لەسەری بەو جۆرەی کە هاتووە؟

ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی ژنان تا چەند چالاکییەکانیان دەچێتە خانەی چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسی فێمینیستی و ئایا توانیویانە هەنگاو بە هەنگاوی بەرەوپێشچوونەکانی لە جیهاندا، ئەمانیش بەرەوپێش بچن؟

لە بنەڕەتدا ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی بەرگری کردن لە مافەکانی ژنان چ لەسەر ئاستی ڕێکخراوەیی بێت، یان لەسەر ئاستی تاکەکەسی بوێری ئەوەیان هەیە خۆیان بە فێمینیست دابنێن؟ یاخود ئەمانیش خۆیان بێبەری دەکەن لەم چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە؟

لە لایەی ترەوە ترسی کۆمەڵگای کوردی لە چەمکی ئازادی و یەکسانی جێندەری و فێمینیزمدا هەموو نەرمە هەوڵەکانی ژنانی بۆ ئازادی پەک خستووە، ئایا کۆمەڵگای کوردی کێشەی لەگەڵ چەمکەکان هەیە وەک پێناسە و ڕاڤەیەک کە پێیان گەیشتووە یاخود لەگەڵ خودی ئازادی و جێندەری باڵانسدا کێشەی هەیە؟ یان دەکرێ بپرسین کۆمەڵگای ئێمە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لەم بزووتنەوە و چالاکییە دەترسێ یان لە ڕووی سیاسییەوە؟

بۆ بەدیهێنانی یەکسانی جێندەری و، دروست بوونی ڕەوتێکی فیمینیزمی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگای کوردیدا هۆشیارکردنەوەی کام رەگەز پێویستی سەرەکییە، ژنان یاخود پیاوان. ئەو میکانیزمانەی دەکرێ بگیرێنەبەر کامانەن؟

ڕاستکردنەوەی ئەم کۆنسێپتانە ئەرکی کێیە؟

فێمینیست کێیە؟ فێمینیزم چییە؟

تێبینی:

-مەرج نییە وەڵامی کۆی پرسیارەکان بدەنەوە. بەڵکو دەتوانن سەرنجتان لەسەر ئەو بەشە لە پرسیارەکە قووڵ بکەنەوە، کە لاتان وایە شایەنی قسە لەسەر کردنە.

-زۆر بە لامانەوە گرنگە کە وەڵامەکەتان وەک وتارێکی سەربەخۆ و بە ناونیشانێکی سەربەخۆ بێت، (هەڵبەت پێوەندیی ڕاستەخۆی بە تەوەرەکەوە هەبێت).

ئەم تەوەرە بۆ چەندین نووسەر و ڕۆشنبیر و چالاکی مافەکانی ژنان دەنێردرێت و وەڵامی هەر کەسێک وەک وتارێکی سەربەخۆ لە بەشی تەوەری هزری بڵاو دەکرێتەوە.

وەڵامیان وتارەکەتان لە ٥٠٠ وشە کەمتر نەبێت. بەڵام درێژییەکەی دەتوانن تا ئاستی توێژینەوەیەکیش بێت.

لەگەڵ رێزماندا (ڕۆزا شێخانی) لە ماڵپەڕی ژنەفتن