لەباری هیگڵ و فەلسەفەکەی

چاوپێکەتنێک لەگەڵ "ستیڤن هیکس"دا

پڕۆفیسۆر” ستیڤن هیکس” فەیلەسووفێکی ئەمریکی-کەنەدییە، لە زانکۆی ڕۆکفۆرد لە ویلایەتی ئێڵینۆی وانەبێژە و بەڕێوەبەری سەنتەری ئەخلاقە.

پڕۆفیسۆر هیکس بەوە ناسراوە کە شارەزای سادەکردنەوەی پۆستمۆدێرنیزمە و دەیەوێت لە ڕێگەی زنجیرە وانەکانیەوە باشتر ئایدۆلۆجییەکە بناسێنێت.

شارەزای فەلسەفەی مۆدێرنی ئەوروپییە و لەسەر کانت و نیچە و مارکس بە فراوانی کاری کردووە و نووسینی هەیە. نووسەری پێنج کتێبە، لەنێویاندا (ڕوونکردنەوەی پۆستمۆدێرنیزم: گومانگەرایی و سۆسیالیزم لە ڕۆسۆوە تا فوکو)، (نیچە و نازیزم).

_ لە کتێبەکەتدا (ڕوونکردنەوەی پۆستمۆدێرنیزم: گومانگەرایی و سۆسیالیزم لە ڕۆسۆوە تا فوکۆ) بە شێوەیەک هیگڵت نیشانداوە کە هێزێکی گەورەی نائەقڵانی بووە و، فەلسەفەکەی لەمپەڕ بووە و بەردەوام بەرەو خراپ بوون ڕۆیشتووە لە بری ئەوەی ڕۆڵی هەبێت لە باشترکردنی دۆخی مرۆڤدا.

فەلسەفەی هیگڵ لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لە ئێران برەوی پەیداکردووە. ئایدیای سەرەکی ئەم برەوپێدان و بە گرنگی تەماشاکردنی فەلسەفەکەی ئەوەیە کە تێگەیشتن لە هیگڵ زۆر پێویستە بۆ کۆمەڵگەیەک کە بیەوێت لە کۆمەڵگەیەکی نەریتییەوە بپەڕێتەوە بۆ مۆدێرنیتە.

بۆیە لەم چاوپێکەوتنەدا پێمان خۆشە زیاتر ئاشنای دیدگاکانت بین بۆ هیگڵ.

ستیڤن هیکس (١٩٦٠- ) فەیکەسوفی ئەمریکی-کەنەدی

پ: یەکەم پرسیارمان ئەو پرسیارەیە کە “بێنێدێتۆ کرۆچی” لە یەکێک لە کتێبەکانیدا پرسیبووی: “ئەمڕۆ چی شتێک لە فەلسەفەکەی هیگڵدا زیندووە و چی شتێکی مردووە؟”

ستیڤن هیکس: بەردەوام لەسەر ئاستێکی فراوان خواست و ئارەزوویەک هەیە بۆ سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی فەیلەسووفە مەزنەکان. پاڵنەری سەرەکی ئەمەش هەژاری و بەتاڵی فەلسەفەی سەدەی بیستەمە، زۆرێک لە بزوتنەوە و باڵە گرنگە فەلسەفییەکان لەو سەدەیەدا گەیشتنە بنبەستێک و کۆتاییان هات. هەر بۆیە، نەوەی ئێمە بە گەڕانەوە بۆ مەزنەکان بەدوای ئەوەدا گەڕاوە ئیلهامی خۆی نوێ بکاتەوە، کە هیگڵیش یەکێکە لەوانە و بۆی گەڕاونەتەوە.

هیگڵ یەکێکە لەو بیرمەندە دیارانەی کە لەگەڵ سیاسەتی دەسەڵاتخوازیانەی ستەمکارانەدایە

پ: بە بۆچوونی تۆ هۆکاری دووبارە گەڕانەوە بۆ ئایدیاکانی هیگڵ چییە، هەروەها هۆکارچییە کە بەردەوام کۆشش دەکرێت ئایدیاکانی لەگەڵ قوتابخانەکانی ئێستادا بگونجێنرێت، کە خۆشت شوێنکەوتەی یەکێکیت لەو قوتابخانانە؟

ستیڤن هیکس: فەلسەفەی هیگڵ لە خانووێکی نوێکراوە دەچێت، بەشێکی مۆدێرنە و بەشێکی تری پێش مۆدێرنە، هەروەها بیرمەندێکی سیستەماتیکی بووە، ئەو بۆ هەموو پرس و کێشەکان بەڵگە و لێکدانەوەی بەهێزی هەبووە. بۆیە بیرمەندە هاوچەرخەکان بە نزیکەیی دەتوانن ئەو ڕەگەز و پارچانە لە نووسینەکانی هیگڵدا بدۆزنەوە کە بە گشتی یەکدەگرێتەوە لەگەڵ فەلسەفەکەی خۆیاندا و دەتوانن پێکەوەیان بگونجێنن.

دیدگای من لە ڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری و، سیاسییەوە لیبراڵە. بەڵام هیگڵ یەکێکە لەو بیرمەندە دیارانەی کە لەگەڵ سیاسەتی دەسەڵاتخوازیانەی ستەمکارانەدایە. بۆیە بەردەوام خوێندنەوەی نووسینی ئەو کەسانەی کە هەوڵ دەدەن خوێندنەوەیەکی نەرمتر بۆ هیگڵ بکەن، ئازارم دەدات و پێی پەست دەبم. بە گشتی ئەمە کاتێک ڕوودەدات و دەردەکەوێت کە تەفسیری بۆ پرسێکی دیاریکراوی سیاسی دەکرێت کە ئاماژەی پێ کردووە و دواتر تەفسیرکەرەکە ئەم پرسە دەباتە دەرەوەی چوارچێوە گشتییەکەی فەلسەفەی هیگڵ.

بۆ نموونە، ڕەنگە کاتێک هیگڵ دەخوێنیتەوە بەر ئەم دێڕەی بکەویت کە دەربارەی “خۆ-دۆزینەوەیە لە ڕێگەی ئازادییەوە”. سەرەتا کە دەیخوێنیتەوە، بە لاتەوە زۆر مۆدێرنە و هەست دەکەیت لە چوارچێوەیەکی سیاسی لیبراڵەوە قسە دەکات. بەڵام ئەگەر کەسێک لێکدانەوەیەکی قووڵ و ورد بۆ ئەم قسەیەی هیگڵ بکات تێدەگات کە مەبەستی ئەوەیە: تاک بە تەنها هیچ نییە و بەشێکە لە کۆمەڵ (The Collective)، چونکە ئیرادەی ئیلاهی لە ڕێگەی کۆمەڵەوە کار دەکات و خۆی ڕوون دەکاتەوە و، دەوڵەت وێنەیەکی ڕوون و مەنەفێستی ئیلاهییە.

بۆیە لە کۆتاییدا “خۆت بدۆزەرەوە” بە واتای ئەوە دێت “ئەوە بکە کە دەوڵەت پێتی دەڵێت” – کە ئەمەش ئاشکرایە دژە-لیبراڵییە و بەردەوام لە فەلسەفەی سیاسی هیگڵدا دەمێنێتەوە.

blank
فریدریش هیگڵ (١٧٧٠-١٨٣١) فەیلەسوفی ئەڵمانی

پ: ئەوەی دەربارەی هیگڵ جێگەی سەرنجە، ئەوەیە کە لەمڕۆدا شوێنکەوتە و موفەسیرە نوێیەکانی فەلسەفەی هیگڵ وابەستە نین بە لق و قوتابخانەیەکی دیاریکراو و تایبەتی فەلسەفییەوە (وەک ئەڵمانەکان و کیشوەرییەکان)، بەڵکو شوێنکەوتەی لق و قوتابخانە هەمەجۆرەکانن، بۆچوونت دەربارەی ئەم هەمەجۆرییە چییە؟

ستیڤن هیکس: ئەم بابەتە هەمیشە دەربارەی شوێنکەوتەکانی هیگڵ ڕاست و دروستە. لە سەدەی ١٩ زۆرێک لە ڕووسەکان پێیان وابوو لە ڕووی کولتووری ڕۆشنبیرییەوە دواکەوتوون و بەرەو دواوە دەڕۆن، بۆیە خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوای مۆدێرن تاوەکوو شتێکی نوێ بۆ گەلەکەی خۆیان بهێننەوە. بۆ ئەوان ئەڵمانیا ڕۆژئاوا بوو.

بۆیە ڕۆیشتنە زانکۆکانی ئەڵمانیا و فەلسەفەی ئەڵمانیان لەگەڵ خۆیان بردەوە ڕووسیا – بە تایبەت فەلسەفەی کانت، فیشتە، هیگڵ و مارکس. هەموومان ئەنجامەکەی دەزانین و ئاگادارین ڕووسیای سەدەی ٢٠ چی ڕووسیایەک بوو.

هەمان شت بۆ ژاپۆنیش ڕاستە، کاتێک لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠ بە ڕووی ڕۆژئاوادا کرانەوە و دەیانویست مۆدێرنیزە ببن و نوێ ببنەوە.

زۆرێک لە ڕۆشنبیرەکانیان ڕۆیشتنە ئەڵمانیا و فەلسەفەی هیگڵیان لەگەڵ خۆیان هێنایەوە لە سووپادا پەیڕەویان کرد، ئەنجامەکەیشی ئەو دەسەڵاتخوازییە سته‌مکارییه‌ نەتەوەییە بوو کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم لە ژاپۆن گەشەی سەندبوو.

بە بۆچوونی من، بیرمەندانی ڕووس و ژاپۆنی لەجیاتی ئەوەی سوود لە فەلسەفەی فەیلەسووفانی ئەڵمانی ببین و لەگەڵ خۆیان بیهێننەوە، دەبوو کەڵک لە فەیلەسووفانی گەلانی تری ڕۆژئاوا ببینن، بە تایبەت فەلسەفەی ئینگلیزی و فەلسەفە ڕۆشنگەریی سکۆتلەندی، هەروەها ئەو بەشەی فەلسەفەی ڕۆشنگەرە فەڕەنسییەکان کە پەیوەندیدارە بە مۆدێرنیزمەوە و فەلسەفەیەکی بە کەڵکە.

هەمان شت جارێکی تر لە سەدەی ٢٠ دووبارە بوویەوە، کاتێک بیرمەندێکی وەک “ڕیچارد ڕۆرتی” لەدەست خاڵە لاواز و چارەسەرنەکراوەکانی فەلسەفەی شیکاری ماندوو دەبێت و بە دوای ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەیەک دەگەڕێت تا شکستەکانی پێ چارەسەر بکات. بۆیە ڕۆرتی دەگەڕێتەوە بۆ هیگڵ و پۆست هیگڵییەکان. ئەنجامەکەیشی دیارە و بە ڕوونی لە پۆستمۆدێرنیزمی ئەمریکیدا دەردەکەوێت.


پ: زۆرێک لە لایەنگران و شوێنکەوتەکانی هیگڵ ئەو تێگەیشنە ڕەت دەکەنەوە کە پێی وایە هیگڵ ئەقڵگەرایەکی ڕادیکاڵ بووە، ئەمەش بەوە دەسەلمێت کە بگەڕێینەوە بۆ ئایدیا توندە و ڕەقەکانی دژ بە ئەقڵگەرایی. لە ڕاستیدا وا لێکدانەوە بۆ فەلسەفەکەی دەکەن کە دەکرێت وەک ئامڕازێک بۆ لێدان لە ئەقڵگەرایی سوودی لێ وەربگیرێت. تا چەند لەگەڵ ئەم بۆچوونەدایت؟

ستیڤن هیکس: پێویستە هەمیشە بەرامبەر فەیلەسووفە گەورەکان وردبین و بزانین چیان گوتووە، ئەوان کەسانی زرنگ و هۆشیاربوون و زانیویانە چی دەڵێن. هەمیشە کردەیەکی هەڵەیە ئەگەر بتەوێت بە دڵی خۆت لێکدانەوە بۆ نووسراوەکانیان بکەیت و بە خەیاڵی خۆت وا بیربکەیتەوە کە ڕوویان سپی دەکەیتەوە.

ئەمە بە تایبەت بۆ ئەو بیرمەندانە ڕاستە کە پێگە و مەکانێکی گەورە و فەندەمێنتاڵیان لە فەلسەفەدا هەبووە – بە تایبەت کاتێک پێگەکانیان بەردەوام جێگیر و نەگۆڕ بێت و ئایدیاکانیان لە کارەکانی بیرمەندانی دوای خۆیان ڕەنگدانەوەی هەبێت و دووبارە بووبێتەوە.

دەربارەی هیگڵ، شتێکی ئاشکرایە کە هیگڵ بە توندی هێرشی کردووەتە سەر ئەو لۆجیکەی کە لە ئەرستۆوە گەشەی کردووە و تا دەگات بە مۆدێرنیتە.

ئەوەشی بۆیە کردووە، چونکە دەیویست بڕوا بە دەرەسرووشت بهێنێت کە بە جۆرێک پاڵنەر و جوڵێنەرەکەی ڕۆحی بێت و، دیالێکتیانە گەشە بکات و کامڵ ببێت و نەتوانرێت لۆجیکیانە دەرببڕدرێت.

هیگڵ ژەهرە. مرۆڤناسی (ئەنترۆپۆلۆجی)یەکەی زۆر خراپ و شەرمەزارکەرە. بەڵام لە هەمووی ترسناکتر فەلسەفەکەیەتی

پ: لە ئێران شەپۆلێکی نوێی هیگڵی دروست بووە. نووسەران و ڕووناکبیران بە پاشخان و بۆچوونی سیاسی یان ئەکادیمی جیاوازەوە سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕانی هەر بابەتێکی نوێن کە دەربارەی هیگڵ بێت. پێیان وایە کە دەتوانن لە ڕێگەی هیگڵەوە بە درووستی لە مۆدێرنیتە تێبگەن یان با بڵێین ڕێگەی هیگڵ ڕێگە درووستەکەیە بۆ تێگەیشتن لە مۆدێرنیتە و، دەکرێت فەلسەفەکەی یارمەتیدەرێکی باشتر بێت بۆ کەڵکوەرگرتن لە مۆدێرنیته. پێت وایە تا چەند ئەم بۆچوونە درووستە، ئایا هیگڵ هیچ شتێکی دەربارەی کولتوور و دەوڵەتە نائەروپییەکان گوتووە؟

ستیڤن هیکس: من دەستخۆشی لەو بیرمەندە ئازا و دلێرانە دەکەم کە تێدەکۆشن و زۆر دوورن دەڕۆن تا دەستیان بگات بە باشترین ئایدیاکان. ئەو ڕۆشنبیر و بیرمەندەی کە کولتووری فەرهەنگی خۆی بخاتە ژێر ڕەخنەوە و تەنها ئەوانە قبووڵ بکات کە خۆی سەربەخۆ بڕیاری لەسەر داوە و پێی ڕاستە، بە ڕاستی ئەمە نیشانەی بوونی ڕۆشنبیر و بیرکەرەوەیەکی ڕاستەقینەیە. هەروەها ئەمە نیشانەیەکی تری بوونی ڕۆشنبیری ڕاستەقینەیە کە هیواخواز بێت و ویستی ئەوەی هەبێت باشترین ئایدیاکانی کولتوورەکانی تر بهێنێت و لەناو کەلتوور و گەلی خۆیدا کەڵکیان لێ وەربگرێت.

بەڵام هیگڵ ژەهرە. مرۆڤناسی (ئەنترۆپۆلۆجی)یەکەی زۆر خراپ و شەرمەزارکەرە. بەڵام لە هەمووی ترسناکتر فەلسەفەکەیەتی. بە تێڕامان لەوەی کە بۆچوون و دیدگاکانی ئەو بەشێکە لە فەلسەفەی ئەڵمانی سەدەی ١٩ کە تێیدا کەسانی وەک کانت، هیگڵ، مارکس و نیچە تێیدا ڕابەر و سەرمەشق بوون. هەموو ئەوانە بەشێکن لە جیهانی مۆدێرن، بەڵام هەموویان پێکەوە دژی ڕۆشنگەریین و زانست و تەکنەلۆژیا دەخەنە ژێر گومانەوە، دژی سەربەخۆیی تاکن (تەنانەت نیچەش دژە)، دژی لیبراڵیەتن.

هەموو ئەمانە پێکەوە لە ئاستی جیادا هۆکارێک بوون بۆ گەشە و سەرپێ خستنی ئەو ڕژێمە دەسەڵاتخواز و ستەمکارانەی کە لە سەدەی ٢٠ سەریان دەرهێنا – بە هەموو فۆڕمە جیاوازییەکانییەوە، دەسەڵاتخوازی نەتەوەیی، سۆسیالیزمی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی، فاشیزم – ئەم فەلسەفە دژە ڕۆشنگەرییە بەرپرسی یەکەمی مەرگی ملیۆنان مرۆڤ و بە هیلاکەت چوونی ژیانی ملیۆنان مرۆڤی تر بووە.

ئەوەی وای کردووە ئاڕاستەی جیهانی مۆدێرنی بەرەو سەرکەوتن بڕوات پەیوەستە بە دەستگرتن بە زانست، تەکنەلۆژیا، ئەقڵ، ئازادیی تاک، لیبراڵیەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری، سیاسەتی دیموکراتی-کۆمارییانەوە. ڕیشەی هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش هیگڵ و فەلسەفەی دژە هیگڵی.

ئەو ڕۆشنبیر و بیرمەندانەی کە دەیانەوێت لە مۆدێرنیتە تێبگەن و لەگەڵ کۆنتێکستێکی ئێرانیدا بیگونجێنن: سەرەتا با بگەڕێنەوە بۆ فەیلەسووفە بەڕیتانی و سکۆتلەندییەکانی سەدەی ١٧ و ١٨، هەروەها شوێنکەوتەکانیان و فەیلەسووفانی فەڕەنسیی چەرخی ڕۆشنگەری. هەڵبەت ئایدیاکانیان بێ کەموکوڕی نییە، باشترکردن و پێداچوونەوە بەشێکە لە پڕۆژەی ڕۆشنگەریی-نوێ (Neo-Englightenment) کە نەوەی ئێستا کاری لەسەر دەکەن. سەرەڕای لاوازییەکانیان، بەڵام بوونە هۆکارێک بۆ سەرپێ خستنی جیهانی مۆدێرن و سەرکەوتنی. بۆیە ئەوە شوێنە درووستەکەیە کە دەبێت لێوەی دەست پێ بکەن.