کۆمەڵگەی بێ دەوڵەت؛ کۆمەڵگەی دژە دەوڵەت

- گفتوگۆ لەگەڵ پییەر کلاستر-

بەشی یەکەم 


بەرایی

کورتکردنەوە و ڕانانی سەرجەم ھێڵە گشتییەکانی تێزەکانی ئەنترۆپۆلۆژی فەرەنسی «پییەر کلاستر» لە چەند دێڕێکدا دەشێت کارێکی ئێجگار سەخت و دژوار بێت، چونکە ھەڵگری بڕێکی زۆر ئایدیای بەھێز و شیکاری بوێرانەن لە کایەی ئەنترۆپۆلۆژیای سیاسیدا: کارەکانی ئەم بیریارە فرەڕەھەند و ھەمەلایەنن، دوورن لە ئایدیالیزمەوە (ئایدیالیزم بە مانای بیرکردنەوە لەوەی کە بۆ نموونە دەبێت سروشتی پەیمانی کۆمەڵایەتی چۆن بێت)، وەکچۆن دووریشن لە یۆتۆپیاوە (یۆتۆپیا بە مانای فەنتازیکردنی ئەوەی کە پێویستە کۆمەڵگە چۆن بێت). تێزەکانی کلاستر بە کۆمەڵێک وردەکاریی ئەوتۆ دەوڵەمەندن کە تێپەڕین بەسەریاندا کارێکی ھەروا ئاسان نییە، چونکە زادەی گوزەراندن و ژیاندنێکی ڕۆژانەی خێڵە سەرەتاییەکانی (گایاکی)ین لە دارستانەکانی ئەمازۆن، خێڵگەلێک کە بە شێوەیەکی گشتی لە توێژینەوە ئەنترۆپۆلۆژییەکاندا لەژێر دەستەواژە و ناوی «بەربەری» یاخود «سەرەتایی»دا پۆلێن و ڕیزبەند دەکرێن. کلاستر خۆی بەشدارییەکی ئەوتۆی لە ناساندنی ئەو خێڵانە و کولتوور و ئایین و نەریتەکانیاندا کردووە، ئەوەش بە مەبەستی دیاریکردنی ئەو دیدە کەمتەرخەمەی وایان لێ دەکات لەدەرەوەی مێژوو بن و پاساو بە ژیاریکردنیان بدات (دیارە بێگومان بە بەکارھێنانی ئامرازی کۆلۆنیالانە!). 

بە ڕای ئێمە کلاستر لەم دیالۆگەیدا کە ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵیدا سازکراوە (واتە ٢ ساڵ بەر لە مردنی) تیشک دەخاتە سەر تەواوی تێزەکانی، وەرگێڕانیشی ھەر بە مەبەستی تیشکخستنە سەر بیر و ئایدیاکانی ئەو ئەنترۆپۆلۆژە دەوڵەمەندەیە کە توانی ئەو دیدە ترادسیۆنالییە تیکبشکێنێت کە تاوەکو حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو باو بوو، دیدێک دەربارەی مناڵیی ئەو کۆمەڵگایانەی خاوەن دەزگای دەوڵەت نین، نووسین نازانن و دواجاریش لە لایەن بیریارانی بیری مێژووگەراییەوە کە بۆ خۆی زادەی سەنتەریزمی ئەوروپییە، بە سەرەتایی ناو دەبرێن و پۆلێن دەکرێن. کلاستەر بەم کارەی توانی دەرگا لەسەر ئاڕاستەیەکی دیکە بکاتەوە کە پاشتر لە بواری ئەنترۆپۆلۆژیای سیاسیدا بە بزاوتی کۆمەڵگەی دژەدەوڵەت ناو دەبرێت، بزاوتێک کە پشت بە ئایدیایەکی سەرەکی دەبەستێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەنتەریزمی ئەوروپی لەھەر دوو بوارەکانی ئەنترۆپۆلۆژیا و مێژوودا کە بریتییە لەوەی کۆمەڵگە سەرەتاییەکان لەبەر ئەوە کۆمەڵگەی بێدەوڵەت نین چونکە کەموکورتییەکی ھەیکەلییان تێدایە بۆ بەرجەستەکردنی دەوڵەت، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە جەوھەریاندا کۆمەڵگەی دژەدەوڵەتن، واتە پێواری دەوڵەت لەناویاندا پەیوەندی بە پەککەوتەیی یاخود دواکەوتنێکی مێژووییەوە نییە، بەڵکو دەرەنجامی بڕیارێکی ھۆشیارانەیە کە کۆمەڵگە داویەتی بۆ ئەوەی ڕێگیری لە سەرھەڵدانی دەوڵەت بکات. دەقی دیالۆگەکە بەزمانی فەرەنسی لە ژمارە (٩) ی ساڵی ١٩٧٥ی گۆڤاری دژەئەفسانە «L’ANTI-MYTHES»دا بڵاو کراوەتەوە.

پییەر کلاستر (١٩٣٤-١٩٧٧) ئەنترۆپۆلۆژیستی فەڕەنسی

ئەنترۆپۆلۆژیای سیاسی

پ: ئایا ئەنترۆپۆلۆژیای سیاسی بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟ ئەی لەم قۆناغە ئەنترۆپۆلۆژییەی ئێستادا (دیارە وەکو بونیادگەریی) خۆت لە چ پلەوپایەیەکدا دەبینیتەوە، واتە خۆت لە کوێی ئەو ھاوکێشەیەدا پۆلێن دەکەیت؟   

کلاستر: سەرەتا باسی مەسەلەی بونیادگەریی دەکەم. من بونیادگەر نیم: ئەمەش ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕەخنە و تێبینیم لەسەر بونیادگەریی ھەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی وەک ئەنترۆپۆلۆژێک بایەخ بە کۆمەڵێک کایە و کێڵگەی کولتووریی دەدەم کە بە ڕای خۆم زۆر بەرفراوانترە لە بواری شیکاری بونیادگەریی. بونیادگەری زیاتر لای ئەو کەسانە کاری پێ دەکرێت کە کار لەسەر مەسەلەکانی وەک پەیوەندیی خزمایەتی و ئەفسانە دەکەن، کارێک کە لێڤی شتراوس لە شیکارییەکەیدا بۆ ھەریەکە لە بونیادە سەرەکییەکانیی خزمایەتی و ئەفسانەش ڕوونی کردۆتەوە و کاری پێ کردووە. بەڵام من خۆم بایەخ بە ئەنترۆپۆلۆژیای سیاسی دەدەم، واتە بە مەسەلەکانی دەسەڵات و ڕێبەرایەتی و کاریزمایەتی. لەم ڕوانگەیەشەوە پێم وایە کە بونیادگەری کەمتەرخەم بووە و بواری کارەکەی من شێوەیەکی جیاوازتر لە شیکردنەوە لەخۆ دەگرێت. 

پاش ئەم ڕوونکردنەوەیە دەمەوێت بڵێم ئەگەر مەبەستم بێت لە بابەتێکی ئەفسانەیی بکۆڵمەوە، ئەوا زۆر شیاوە و دەشێت لەو کاتەدا ببمە بونیادگەر، چونکە پێموایە ناکرێت لەدەرەوەی بونیادگەریی بتوانین بابەتێکی ئەفسانەیی شیکار بکەین، تەنھا ئەو کاتە نەبێت کە لە جیاتی بونیادگەریی پەنا ببەینە بەر ھەندێک لە دەبەنگییەکانی دەروونشیکاریی بۆ ئەفسانە، وە یاخود بە مارکسیکردنی ئەفسانە و پێناسەکردنی وەک ئەفیونی مرۆڤی سەرەتایی و کێوییەکان، کە وادیارە ھەموو ئەم جۆرە گریمانە و بۆچوونانەش شتی کەم نرخ و بێسوود بن. 

وەک ئەنترۆپۆلۆژێک بایەخ بە کۆمەڵێک کایە و کێڵگەی کولتووریی دەدەم کە بە ڕای خۆم زۆر بەرفراوانترە لە بواری شیکاری بونیادگەریی

پ: بەڵام تۆ بە تەنھا کار لەسەر کۆمەڵگەی سەرەتایی ناکەیت، بەڵکو پرسیارکردنت دەربارەی دەسەڵات، خۆی لەخۆیدا پرسیارە لە کۆمەڵگە خۆرئاواییەکەمان. داخۆ مەبەست و خواستی تۆ لەمە چیە؟ ئەی پاساوت چییە بۆ ئەو بازدان و گواستنەوەیە لە تۆێژینەوەی کۆمەڵگە سەرەتاییەکانەوە بۆ قسەکردن لەسەر کۆمەڵگەکانی ئێستامان؟

کلاستر: دیارە گرنگیی و پێویستیی بابەتەکە خۆی وا دەخوازێت. من ئەنترۆپۆلۆژم، واتە بایەخ بە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان دەدەم، بە تایبەتی لە ئەمریکای باشوور کە ھەر لەوێش ھەموو کارە مەیدانییەکانی خۆمم ئەنجامداوە. ئا لێرەوەیە کە خاڵی سەرەکی کارکردنی من بریتییە لە پرۆسەیەکی جیاکاریکردن کە زادە و ھەڵقوڵاوی ھەردوو کایەکانی خەڵکناسی و ئەنترۆپۆلۆژیایە. پرسیارەکە لای من ئەوەیە: کۆمەڵگە سەرەتاییەکان چیین؟ دیارە ئەو کۆمەڵگایانەن کە دەوڵەتیان نییە، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دەمانبات بەرەو قسەکردن لەسەر کۆمەڵگەکانی دی، واتە ئەو کۆمەڵگانەی کە دەوڵەتیان ھەیە (خاوەنی دەوڵەتن). ئەی کەواتە کێشەکە لە کوێدایە؟ ئایا من لە چ ڕوانگەیەکەوە گرنگی پێ دەدەم؟ ئەی بۆ ھەوڵدەدەم بیری لێ بکەمەوە؟ پوختەی پرسیارەکەم بریتییە لە گەڕان بەدوای ئەو وەڵامەی کە داخۆ ئەو کۆمەڵگایانەش کە دەوڵەتیان نییە، ھەر وان؟ دیارە من لێرەدا وا تێبینیم کردووە کە بەڵێ وایە کۆمەڵگە بێدەوڵەتەکان وان، چونکە دەوڵەت ڕەت دەکەنەوە، واتە کۆمەڵگگەلێکن دژ بە دەوڵەت: چونکە پێوار و نائامادەیی دەوڵەت لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا ناگەڕێتەوە بۆ بوونی کەموکوڕیی لەو کۆمەڵگایانەدا، یاخود لەبەر ئەوەی ئەو کۆمەڵگایانە نمایشی دۆخی مناڵییانەی مرۆڤایەتی دەکەن، یان بەھۆی ناتەواویی و ناکامڵییان، ھەروەھا لەبەر ئەوەی گوایە کۆمەڵگەی قەوارە بچکۆلە و پێنەگەیشتوون، بەڵکو بەدیاریکراوی لەبەر ئەوەیە کە دەوڵەت لە چەمکە بەرفراوانەکەیدا ڕەت دەکەنەوە، واتە دەوڵەت لە بچوکترین وێنەی پێناسەکراوییدا وەک پەیوەندیی دەسەڵات. ئا لێرەوە قسەکردن لەسەر کۆمەڵگە بێدەوڵەتەکان (یاخود دژە دەوڵەتەکان) ڕاستەوخۆ بریتییە لە قسەکردن لەسەر ئەو کۆمەڵگایانەی دەوڵەتدارن، واتە خاوەن دەوڵەتن، گواستنەوەش لە یەکەمیانەوە بۆ دووەمیان یان شتێکە کە پێشوەخت نابێت و ناشێت و، یان شتێکە کە پێشوەخت شیاوە و دەشێت بکرێت. ئەو پرسیارەشی کە لەو گواستنەوەیە دەکەوێتەوە بریتییە لەوەی کە: ئایا دەوڵەت لە کوێوە لەدایک دەبێت و بنچینەکەی چییە؟ بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە لەم حاڵەتەدا لەبەردەم دوو پرسیاری جیاوازداین: ئایا کۆمەڵگە سەرەتاییەکان چی دەکەن بۆ ئەوەی دەوڵەتیان نەبێت؟ ئەی دەوڵەت لە کوێوە سەر ھەڵدەدات و لەدایک دەبێت؟ 

کەواتە ئەنترۆپۆلۆژیای سیاسی چییە؟ دەکرێت بڵێین ئەنترۆپۆلۆژیای سیاسی بریتییە لە کۆی ھەموو ئەو شتانەی کە بەھۆیانەوە شیکارکردنی مەسەلەی دەسەڵات لە کۆمەڵگە سەرەتاییە بێدەوڵەتەکاندا دەبێتە بیرکردنەوەیەکی سیاسیی دەربارەی کۆمەڵگەکانمان. ئەمە شتێکە کە ئێمە لێی دڵنیاین، بەڵام گرنگ نییە. ئەڵبەتە دەتوانم لەسەر ھەندێک پرسیار بوەستم کە ئەگەر ئەکادیمییش نەبن ئەوا لانیکەم ھەر لەناو کایەی ئەنترۆپۆلۆژیای کۆمەڵایەتیدان، پرسیارگەلی وەک: ئایا کۆمەڵگەی سەرەتایی چۆن کار دەکات بۆ بەرگرتن لە سەرھەڵدان و ھەڵتۆقینی دەوڵەت؟ ئەی دەوڵەت لە کوێوە لەدایک دەبێت و سەر دەردەھێنێت؟ دەشێت ئەوەندەم بەس بێت و لە ھەمان کاتدا ئەنترۆپۆلۆژیش بم، بەوپەڕی دڵنیاییشەوە من ھەر ئەمە دەکەم. بەڵام گومانی تێدا نییە کە دوای ھەر بیرکردنەوە و توێژینەوەیەک دەربارەی بنچینەی دابەشبوونی کۆمەڵگە یان بنچینەی نایەکسانی، بەو مانایەی کە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان بریتین لەو کۆمەڵگایانەی ڕێگە لە جیاوازی دەگرن، دەشێت بیرکردنەوەیەک دەربارەی ئەو شتانە بەرھەم بھێنین کە لە کۆمەڵگەکانماندا ڕوو دەدەن. ئالێرەدا مەسەلەی مارکسیزم دێتەوە بەردەممان. 


پ: دەتوانیت کەمێک وردتر باسی بکەیت، پەیوەندیت بە ئەنترۆپۆلۆژە مارکسییەکانەوە چییە؟

کلاستر: پەیوەندی من بەو ھاوڕێیانەمەوە کە مارکسین دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازییمان لەوەدا کە دەیکەین و دەینووسین. بەڵام ئەوە جیاوازییەک نییە لەسەر ئاستی تاکەکەسیمان. زۆربەی مارکسییەکان ئەرتدۆکسیین، دەڵێم زۆربەیان، چونکە خۆشبەختانە کەسی واشیان تێدایە کە وا نییە. ئەرتدۆکسییەکان ئەوانەن کە ئەوەندەی پابەندی تێکستن، ھێندە پابەندی ئەقڵ نین. ئەی تۆ بڵێی بەپێی ئەم ئاڕاستەیە تیۆرەی دەوڵەت چی بێت؟ ئەمانە وێنایەکی ئامرازگەرییانەیان بۆ دەوڵەت ھەیە و پێیان وایە دەوڵەت بە تەنھا ئامرازێکە بە دەست چینێکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ ھەژمون و باڵادەستی بەسەر چینێکی دیکەدا. لای ئەوانە دەوڵەت وەک لایەنە لۆجیکی و زەمەنییەکەی شتێکی پەراوێزییە و دواتر دێینە سەری، واتە دەوڵەت دوای ئەوە دروست دەبێت کە پێشوەخت دەوڵەت دابەش بووە بۆ چیینەکان، ھەندێک بوونەتە دەوڵەمەند و ھەندێکیش ھەژار، چەوسێنەرەوە و چەوساوە. دەوڵەت ئامرازی باڵای دەوڵەمەندەکانە بۆ چەوساندنەوە و خەڵەتاندنی ھەژاران. 

زۆربەی مارکسییەکان ئەرتدۆکسیین، ئەرتدۆکسییەکان ئەوانەن کە ئەوەندەی پابەندی تێکستن، ھێندە پابەندی ئەقڵ نین

بەڵام بەلای منەوە و بەپێی ئەو توێژینەوانەی پەیوەندییان بە کۆمەڵگەی بێدەوڵەتی سەرەتایی و ھەموو ئەو بیرکردنەوانەی دیکەوە ھەیە لەم مەسەلەیە، کارەکە تەواو پێچەوانەیە. من پێموایە دابەشبوون بۆ گروپی کۆمەڵایەتی دژ بەیەک یان بۆ دەوڵەمەند و ھەژار، چەوسێنەر و چەوساوە دابەشبوونی یەکەم نەبووە، بەڵکو یەکەمین دابەشبوون کە دواجار بۆتە دامەزرێنەری ھەموو دابەشبوونەکانی دیکە بریتییە لە دابەشبوون لەنێوان فەرمانڕەوا و ملکەچدا، واتە لە بنەڕەتدا دەوڵەت، دابەشبوون لەنێوان ئەوەی دەسەڵاتدارە و ئەوەی کە ملکەچی دەسەڵاتە. گەر ئەمە روویدا و پەیوەندییەک لەنێوان فەرمانڕەوا و ملکەچەکانیدا دروست بوو، واتە لەنێوان کەسێک یان کەسانێک کە فەرمان بەسەر ئەوانی دیکەدا دەدەن و ئەوانیش ملکەچیان دەبن، ئەوا ئەوکاتە ھەموو شتێک شیاوە، چونکە فەرمانڕەوا دەبێتە خاوەنی دەسەڵات و توانای ئەوەی دەبێت وا لەوانی دی بکات فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن. وە لەبەر ئەوەشی کە ئەو خۆی بۆتە دەسەڵات، ئەوا دەتوانێت بەوانی دی بڵێت: بۆ من ئیش بکەن، ئیدی ئەو کاتەش زۆر بە ئاسانی دەکرێت ببێتە چەوسێنەرەوەیان. بەڵام ئەو پرسیارەی کە لێرەدا دێتە ئاراوە ئەوەیە کە کاتێک ئێمە بە وردی و بە ڕاستی بیر لە شێوە و رێچکەی کارکردنی ئەو ئامرازە کۆمەڵایەتییانە دەکەینەوە، دیارە مەبەستم لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکانە نابینین کە چۆن بۆیان دەلوێت دابەش بن، واتە چۆن دەتوانن دابەش بن بۆ دەوڵەمەند و ھەژار، ئێمە ناتوانین لەمە تێبگەین، چونکە ھەمو شتێک تیایدا بە تایبەتی کار بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی ئەو دابەشبوونە دەکات. لەبەرامبەریشدا بە ڕای من ئەو کاتە دیدمان ڕۆشنتر و تێگەیشتنمان دیارتر دەبێت کە ھەر لە سەرەتاوە مەسەلەی پێشوەختیی پەیوەندی دەسەڵات بەھەند وەربگرین. ھەر بۆیە من پێم وایە کە دەبێت سەرلەبەری تیۆرەی مارکسیزم بۆ بنچینەی دەوڵەت تێک بدەینەوە تا ئەم مەسەلانەمان بۆ ڕوون بێتەوە، ئەمەش کارێکی مەترسیدار و پێویستیشە لە ھەمان کاتدا. واتە دەوڵەت لە جیاتی ئەوەی ئامرازێکی ھەژموون و باڵادەستیی چینێک بێت بەسەر چینێکدا کە ئەمەیان بۆ خۆی دەرەنجامی دابەشبوونێکی پێشوەختە لە کۆمەڵگەدا، بە پێچەوانەوە من پێم وایە ئەوە دەوڵەتە کە چینەکان دروست دەکات، دەشێت باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو نموونانە بێت کە زۆر کۆمەڵگەی ناخۆرئاوایی خاوەن دەوڵەت نمایشی دەکەن، بە تایبەتی من بیر لە دەوڵەتی ئینکا لە ناوچەی ئالاند دەکەمەوە. بەڵام دەتوانین نموونەی دیکە لە ناوجەرگەی خۆرئاوا و تەنانەت نموونەی زۆر ھاوچەرخی وەک یەکێتیی سۆڤێت بھێنینەوە. دیارە مەبەستی من لێرەدا بە تەنھا سادەکردنەوەی بابەتەکەیە، ئەگەرنا من پسپۆڕی بواری کاروباری سۆڤێتیی یان کرملین نیم. بەڵام ئەگەر سەرنجێک لە شۆڕشی ١٧ ی ئۆکتۆبەر بدەین و لە دوورییەکی تاڕادەیەک ماقوڵەوە سەیری بکەین دەپرسین: داخۆ ئەو شۆڕشە چی کرد؟ زۆر بە ئاسانی ھەمو پەیوەندییە چینایەتییەکانی ڕەتکردەوە، ئەویش لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی یەک چینەوە: چەوسێنەرەکان، بۆرژواکان، گەورە موڵکدارەکان، ئەرستۆکراتیزم و دەزگای دەوڵەت کە بۆ خۆی تەبا و ھاوڕەنگ بوو لەگەڵ ھەموو ئەو شتانەی نمایشی خاوەندارێتییان دەکرد؛ دەرەنجامیش ئەوەی کە مایەوە تەنھا کۆمەڵگەیەک بوو کە دەشێت بڵێین ئیدی لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی یەکێک لە لایەنەکان دابەش نەکرابوو، واتە بووە کۆمەڵگەیەکی دابەشنەبوو، بەڵام لە ھامان کاتدا دەزگایەکی دەوڵەتی (بە یارمەتی پارتی کۆمۆنیست) بەسەر سەرییەوە دروست بوو کە دەسەڵاتی گرت بەسەر ھەموو ئەو شتانەی بۆ میللەتە کرێکارکە باشە، واتە لە بەرژەوەندی ئیشکەران و جوتیاران. باشە، ئەی یەکێتیی سۆڤێتی ئێستا چییە؟ ئەگەر لە ڕیزەکانی پارتی کۆمۆنیستدا خەباتگێڕ بین ئەوا یەکێتیی سۆڤێت بریتییە لە سۆسیالیزم و دەوڵەتی کرێکاری و… ھتد، بەڵام گەر لە لاھوت و دۆگم دوورکەوتینەوە و کەمێک وردبینەوە دەبینین یەکێتیی سۆڤێت کۆمەڵگەیەکی چینایەتییە، دیارە ھیچ شتێکیش دوودڵم ناکات لەوەی ئەم دەستەواژەیە بە کار بھێنم، چونکە بە ڕاستی کۆمەڵگەی چینەکانە، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی چینایەتییە کە سەرتاپای لە ھەناوی دەزگای دەوڵەتەوە ھاتۆتە دەرێ. وابزانم لێرەدا زۆر بە ڕوونی بنچینەی دروستبوونی چینەکان دەبینین، واتە بنچینەی دابەشبوون لەنێوان دەوڵەمەند و ھەژاران، چەوسێنەر و چەوساوە، بنچینەی دابەشبوونی ئابوورییانەی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای بوونی دەزگای دەوڵەت. دەوڵەتی سۆڤێتی کە لە پارتی کۆمۆنیزمدا خۆی بەرجەستە دەکات، کۆمەڵگەیەکی چینایەتی دروست کردوە، ھەروەھا بۆرژوازیەتێکی نوێی ڕووسی دروست کردوە کە گومانمان نییە لەوەی وەکوو مەترسی و زیانەکانی ھیچی لە بۆرژوازیەتە دێرینە ئەوروپیەکانی سەدەی نۆزدەیەم کەمتر نییە. من لەمە دڵنیام، کاتێکیش ئەم قسەیە دەکەم کە وا دیارە قسەیەکی سوریالی بێت، واتە کاتێک دەڵێم ئەوە دەوڵەتە، چینەکان دروست دەکات، دەمەوێت ئەمە لە ڕێگەی چەند نموونەیەکەوە ئاشکرا بکەم کە سەر بە جیھانگەلێکن تەواو جیاواز لەو جیھانەی ئێمەی تێداین، واتە جیھانی ئینکا و جیھانی یەکێتیی سۆڤێت. ئەگەر پسپۆڕانی ژیاری دێرینی میسرییش بۆ نموونە یان پسپۆڕانی ناوچە و کولتوورەکانی دیکە کە مارکس بە دیسپۆتێزمی ئاسیایی ناویان دەبات، وە یان شارەزایانی ژیارە ئاوییەکان ھەمان ڕێچکەی من بگرنە بەر، پێم وایە زۆر بە ئاسانی دەیسەلمێنن کە چۆن سەرھەڵدانی دابەشبوونی ئابووریی لە ھەناوی دابەشبوونی سیاسییەوە ھاتۆتە دەرێ، واتە ئەوەی کە چۆن ئەو کەسەی کە لە چرکەساتی ملکەچییەوە دەبێتە خودێکی ھەژار و چەوساوە، فەرمانڕەوایش دەبێتە دەوڵەمەندێکی چەوسێنەر. دیارە ئەمەش بۆ خۆی شتێکی ئاساییە، چونکە مەبەست لە دەسەڵات گرتنە دەست، پیادەکردنیەتی، ھیچ دەسەڵاتێکیش بەبێ ناچارکردنی ئەوانی دی لەسەر ئەوەی کە لە بەرژەوەندی تۆ کار بکەن، بوونی نییە. من پێموایە ئەوەی کە دەوڵەت دروست دەکات کاری نامۆکار (العمل المغترب) نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێم وایە کاری نامۆکار زادەی دەسەڵات و پرۆسەی پراکتیزەکردنیەتی. ئەی داخۆ کاری نامۆکار چییە؟ بریتییە لەوەی “لە جیاتی خۆم، کار لە بەرژەوەندی ئەوانی دی بکەم”، ڕاستتر “کەمتر کار بۆ خۆم و زیاتر بۆ ئەوانی دی بکەم”، ئەمە بنچینەی کاری نامۆکارە. دیارە یەکەمین شێوەی کاری نامۆکار کە گەردوونیترین شێوەیەتی ئەرکی دانی سەرانە بووە. چونکە کە تۆ وتت: “من خاوەن دەسەڵاتم، دەبێت ئێوەش ملکەچم بن” ئیدی من بۆ سەلماندنی خواستەکەم کە سەردەستەیی منە بەسەر تۆدا، ناچارت دەکەم سەرانە بدەیت، بە واتای بردنی بەشێک لە چالاکی تۆ بۆ بەرژەوەندی تایبەتیی خۆم. لێرەشەوە ئیدی من بە تەنھا خاوەن دەسەڵات نیم، بەڵکو چەوسێنەری ئەوانی دیکەشم، ھیچ دەزگایەکی دەوڵەتیش بەبێ بوونی ئەم دەزگای سەرانەدانە بوونی نییە. یەکەم شت کە پیاوی دەسەڵات دەیکات سەپاندنی سەرانەیە، واتە ئەوانەی دەسەڵاتیان بەسەردا پراکتیزە دەکرێت، سەرانە بدەن. رەنگە پێم بڵێیت: “جا بۆ ملکەچ دەکەن؟ بۆ سەرانە دەدەن؟”. ئالێرەدا مەسەلەی بنچینەی دەوڵەت دێتە ئاراوە. لە ڕاستیدا منیش بە تەواوەتی دەرک بەم مەسەلەیە ناکەم، بەڵام لە پەیوەندی دەسەڵاتدا شتێک ھەیە مەسەلەی توندوتیژیی تێدەپەڕێنێت. دیارە ئەم قسەیە زۆر ئاسانە، چونکە دەستبەجێ کێشەکە چارەسەر دەکات! بۆچی دەوڵەت ھەیە؟ چونکە لە چرکەساتێکی دیاریکراودا، لە شوێنێکدا کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک وتوویانە: «ئێمە خاوەنی دەسەڵاتین و ئێوەش ملکەچمان دەبن». بەڵام لەم حاڵەتەدا دوو شت ڕوودەدات، یان ئەوەتا بیستەرانی قسەکان دەڵێن: «بەڵێ، ئەوە ڕاستە، ئێوە خاوەن دەسەڵاتن و ئێمەش ملکەچتان دەبین» یا «نا ئێوە خاوەن دەسەڵات نین، بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوەیە کە ئێمە ملکەچتان نابین» ئیدی لێیان ھار دەبن یان دەیانکوژن. کەواتە مەسەلەکە لەنێوان ملکەچی و یاخیبووندایە، دەبێت و پێویستیشە ئەم جۆرە دانپیانانە بە دەسەڵاتدا ھەبێت، چونکە دەوڵەت لە زۆر شوێن و کۆمەڵگەی جیاواز جیاوازدا سەری ھەڵداوە. لە ڕاستیشدا پرسیار دەربارەی بنچینەی پەیوەندی دەسەڵات بە بنچینەی دەوڵەتەوە، بەلای منەوە دوو دیوی ھەیە: لە یەککاتدا ھەم پرسیارێکی سەرخانییە و ھەم ژێرخانییش. پرسیارە سەرخانییەکە ئەوەیە: چ شتێک وا دەکات کە لە کات و شوێنێکدا کەسێک بڵێت: «من سەرۆکتانم و دەبێت ملکەچم بن»؟ ئەوە پرسیاری لوتکەی سێگۆشەکەیە.

پرسیارە ژێرخانییەکەش کە پرسیاری بنچینەی سێگۆشەکەیە بریتییە لە: بۆ چی خەڵک قبوڵیانە ببنە گوێڕایەڵی کەسێک یان کۆمەڵێک کەس، خۆ فەرمانڕەوا ئەو دەسەڵات و ھێزە زۆرەی بەسەر توندوتیژییدا نییە بۆ ملکەچکردنی ھەمووان؟ کەواتە شتێکی دیکە ھەیە جگە لە ھێزی ڕووت، ئەم گوێڕایەڵێتی قبوڵکردنەش دەمانباتەوە بۆ شتێکی دی کە بە تەواوەتی نازانم ماھیەتی چییە، من بە تەنھا توێژەرێکم و بەس… واتە رۆڵی من توێژینەوەیە. بەڵام ئەوەی کە لە ئێستادا دەکرێت بوترێت ئەوەیە کە ئەگەر ئەو پرسیارە ماقوڵ بێت ئەوا وەڵامدانەوەی ئاسان و بەڵگەنەویستانە نییە، وەکچۆن ناشتوانین چاو لە شیکردنەوەی ئەو پرسیارە ژێرخانییە بپۆشین، واتە «بۆچی خەڵکی ملکەچی قبوڵ دەکەن» ئەمە ئەگەر ھاتوو ویستمان قوڵ و جیدی بیر لە مەسەلەی بنچینەی پەیوەندی دەسەڵات و بنچینەی دەوڵەت بکەینەوە. 

ھیچ دەسەڵاتێک بەبێ ناچارکردنی ئەوانی دی لەسەر ئەوەی کە لە بەرژەوەندی تۆ کار بکەن، بوونی نییە.

پ: ھەست ناکەیت ئەمە ھەمان ئەو دوو پرسیارەیە کە ڕۆسۆ لە سەرەتای کتێبی پەیمانی کۆمەڵایەتیدا کردوویەتی، کاتێک دەڵێت: «ھیچ مرۆڤێک ناتوانێت ھێزی ئەوەی ھەبێت کە بۆ ھەمیشە بەھێزترین بێت»، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەت ھەر ھەیە! ئەی کەواتە دەسەڵاتی سیاسی لەسەر چ بنەمایەک دادەمەزرێت؟ من کە کتێبی «کۆمەڵگەی دژە دەوڵەت»م خوێندەوە ھەستم کرد تێزەکەی تۆش لە خاڵێکی جێگیر و نەگۆڕی زۆر ئاشکرادا زۆر لە تێزەکەی ڕۆسۆ دەچێت: کاتێک کە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگە بچکۆلەکان (لێرەدا بیر لە نووسینەکانی ڕۆسۆ دەربارەی ژنێڤ و کۆرسیکا و دۆڵە بچکۆلەکانی سویسرا دەکەمەوە)، کە ئەمەش بۆ خۆی توێژینەوەیەکە بەرەو مەسەلەی بنچینەی دەسەڵاتی سیاسی ڕاماندەکێشێت.     

کلاستر: توێژینەوە نییە، بەڵکو ئەمە ئەو شتەیە کە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان پێمانیدەڵێت… ڕەنگە کەمێک لە بابەتەکەمان دوور بکەوینەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ھێشتا ھەر لەناو ھەمان کایەداین: ئایا ئەو مەرجە پێویستانە چین بۆ ھەر کۆمەڵگەیەک بۆ ئەوەی بێدەوڵەت بێت؟ بە ڕای من یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگەیە وەکو قەبارە بچکۆلە بێت، لەمەشیاندا بە تایبەتی تەواو ھاوڕام لەگەڵ رۆسۆدا، چونکە بە ڕاستی خاڵی ھاوبەشی نێوان کۆمەڵگە سەرەتاییەکان ئەوەیە کە کۆمەڵگەی بچکۆلەن، مەبەستم لە ڕووە ھەرێمی و دیمۆگرافییەکەیە، کە ئەمەش بۆ خۆی مەرجێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی دەسەڵاتێکی جیاکەرەوە لەناویدا سەر ھەڵنەدات. لەم ڕوانگەیەوە دەشێت بەراوردێک لەنێوان کۆمەڵگە سەرەتاییە بێدەوڵەتەکان و کۆمەڵگە دەوڵەتدارەکاندا بکەین: کۆمەڵگە سەرەتاییەکان لەلایەکەوە بریتین لەو کۆمەڵگایانەی کە بچکۆلە و دیاریکراو و پوختکراوەن، کۆمەڵگەی دابەشبوونی بەردەوامن، کۆمەڵگەگەلێکن زیاتر دەکەونە بەرەی ھەمەلایەنییەوە؛ لە کاتێکدا کۆمەڵگە دەوڵەتدارەکان تەواو بە پێچەوانەوە لە بەرەیەکی دیکەدان، بەرەی گەشە و تێکەڵاوبوون، بەرەی یەکبوون و تاکلایەنی. ئەگەر کۆمەڵگە سەرەتاییەکان لە بەرە و لایەنی ھەمەلایەنییدا بن و کۆمەڵگە ناسەرەتاییە دەوڵەتدارەکانیش کۆمەڵگەی تاکلایەنی بن، ئەوا دەوڵەت بریتییە لە سەرکەوتنی ئەو تاکلایەنییە.

تۆ باسی “ڕۆسۆ”ت کرد، بەڵام دەتوانین قسەکانی کەسێکی دیکە بە نموونە بھێنینەوە کە بەر لە ڕۆسۆ ھەمان ئەو پرسیارە ژێرخانییەی کردوە کە کەمێک پێس ئێستا من کردم: بۆچی خەڵکی گوێڕایەڵ و ملکەچ دەبن، لە کاتێکدا بە ژمارە زۆرترن لەو کەسەی کە فەرمان دەدات و ھێزیشیان زیاترە؟ ئەمە پرسیارێکی ئاڵۆز و تەلیسماوییە، بەڵام پرسیارێکی زۆر شیاویشە و سەردەمانێکی زۆر زووتر بەر لە ئێستا لابویسیێ لە کتێبەکەیدا «وتارێک دەربارەی کۆیلەێتی بە ویست» زۆر بە ڕوونی وروژاندویەتی. کەواتە ئەوە پرسیارێکی دێرینە، بەڵام مانای ئەوە نییە کە وەڵام دراوەتەوە و تێپەڕێندراوە. من پێم وایە ئەو پرسیارە ھەر وەڵام نەدراوەتەوە و بە پێچەوانەوە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ دووبارە وروژاندنەوەی تاوەکو لانیکەم لەو زەلکاوە مارکسییە دەرمانبھێنێت کە تەواوی بوون و ھەبوونی کۆمەڵگە – لێرەدا بە گشتی قسە دەکەم – لە ئابووریدا کورت دەکاتەوە، لە کاتێکدا لە تەواوی ئەو شتانەدایە کە سیاسین. 

پ: تۆ وتت کە بە شێوەیەکی زۆر ئاسایی دووچاری مەسەلەی مارکسییزم بوویتەتەوە، ئەی ھیچ مامەڵەیەکت لەگەڵ تۆڕی خوێندنەوەی دەروونشیکاریدا نەکردووە، ئەی بۆ ئاماژەی پێ نادەیت؟

کلاستر: ئەوەیان شتێکی دیکەیە. سەرەتا دەبێت دان بەوەدا بنێم کە زۆر ئاگاداری ئەدەبیاتی دەروونشیکاری نیم، واتە ئاماژە نەدانم پێی پەیوەندی بە نەبوونی زانیاری خۆمەوە ھەیە لەو بوارەدا، پاشان من لە توێژینەوەکانمدا ھیچ پێویستییەکن بە خوێندنەوە یان دەروونشیکاری نییە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە وا ھەست دەکەم تێڕوانینم سنووربەند دەکات و جۆرێکە لە کات بەسەربردن، بە ھەرحاڵ تاوەکو ئێستا ھەستم نەکردوە پێویستمە. وەکچۆن دەبێت ئەوەش بڵێم کە خوێندنەوەیەکی خێرام بۆ ھەندێک تێکست دەربارەی ئەنتۆلۆژیا و دەروونشیکاری وایان لێ نەکردم کە ئەو ئاڕاستەیە بگرمە بەر. من تەواو دڵنیام کاتێک دەمەوێت لە مەسەلەی دەسەڵات بکۆڵمەوە، مەبەستم ئارەزووی دەسەڵات گرتنەدەستە، یان ئارەزووی ملکەچی و گوێڕایەڵی لە لایەنەکەی دیکەی ھاوکێشەکەوە، واتە ئەوەی لە ژێرەوەیە و ژێردەستە، دەشزانم کە زاراوەی «ئارەزوو» یەکێکە لە کاتیگۆریاکانی فەرھەنگی دەروونشیکاری، کەچی دواجار ئەو زاراوەیە لە ھیگل یان مارکسەوە وەردەگرم، بە ڕاستیش بیڵێم سەرچاوەکانی من زیاتر لەو لایەنەوەن. زۆر بە سادەیی بڵێم، زانیاریم لەو بوارەدا زۆر کەمە، بەڵکو دەشێت بڵێم ھیچ لەبارەی دەروونشیکارییەوە نازانم، ئەمە سەرباری ئەوەی کە پێویستم پێی نییە. دیارە ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت گەر بزانم گەیشتومەتە ڕێگەیەکی داخراو و ئەوە دەروونشیکارییە کە دەتوانێت یارمەتیم بدات، ھەوڵی بۆ نەدەم… بەڵام تا ئێستا ھەست ناکەم پێویستم بە ئامرازەکانی دەروونشیکارییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ھەست دەکەم ئایدیاکانم تێکدەدات، ئەگەر ئایدیاگەلێکیش بەکەڵک نەیەن و کەمبایەخ بن، ئەوا وەرگرتنیان و کارکردن پێیان واقیع دەشێوێنن. 


دەسەڵات لە کۆمەڵگەی بەربەرییدا

پ: تۆ پێتوایە بنچینەی جیاوازی نێوان کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی و کۆمەڵگەیەکی ناسەرەتایی لەوەدایە کە لە یەکەمیاندا دابەشبوون ھەیە و لە دووەمیشیاندا دابەشنەبوون، بەڵام بەلای منەوە پێواری دابەشبوونی نێوان دەوڵەمەند و ھەژار، چەوسێنەر و چەوساوە لای گایاکییەکان مانای ئەوە ناگەیەنێت کە دابەشبوونێکی دیکە ھەیە لەنێوان ژن و پیاو، ھەروەھا لەنێوان کەسە ئاسایی و کەسە شازەکاندا. بۆ نموونە لە کتێبەکەتدا «کرۆنیکای ھیندییەکانی گایاکی» باسی دوو حاڵەتی دوو پیاوی ھۆمۆسێکسوال دەکەیت کە یەکێکیان تەبا و ئەوی دیکەیان ناتەبا بووە لەگەڵ پێودانگەکاندا. داخۆ چەشنی ئەو دەسەڵاتە چی بووە کە بەسەر ئەوی دووەمیاندا پراکتیزەکراوە تا ھەست بکات دۆخێکی شاز و ئاوارتەی ھەیە؟

کلاستر: ئێمە لێرەدا لە دەسەڵاتی سیاسی دوور دەکەوینەوە. ئایا چەشنی ئەو دەسەڵاتە چییە کە لێرەدا پراکتیزەکراوە؟ نازانم، بڵێم تێڕوانینی گروپ؟ تێڕوانینی خێڵ؟ مۆراڵی کۆمەڵگە؟ ئێمە لێرەدا لەبەردەم حاڵەتێکی زۆر وردداین، چونکە گایاکی بریتین، بەڵکو بریتی بوون – دەبێت لێرەدا بە فەرمانی ڕابردوو قسەیان لەسەر بکەین –  لە کۆمەڵگەی ڕاوچییەکان، واتە گەر پیاوێک ڕاوکەر نەبووبێت وەک ئەوە وایە ھیچ نەبووبێت. ئەو کەسەیشی کە لێرەدا قسەی لەسەر دەکەین {ھۆمۆسێکسواڵ کە لە ڕوی سێکسییەوە تەواو ناتەبایە لەگەڵ پێودانگەکاندا}  بوارێکی گەورەی نەبووە بۆ ھەڵبژاردن. ئەو کە ڕاوکەر نەبووبێت بە شێوەیەکی کردەگیانە مانای وابووە کە پیاو نییە، ئەو ماوەیەشی کە دەبێت بەرەو لاکەی تر بیبڕێت، بەرەو لای توێژەکەی دیکەی کۆمەڵگە کە جیھانی ئافرەت بووە، زۆر دوور نەبووە. بەڵام نازانم کە ئایا شیاوە لەم حاڵەتەدا زاراوەی دەسەڵات بە کار بھێنێت. بە ھەر حاڵ، مەسەلەکە پەیوەندەی بە دەسەڵاتەوە نییە بەو مانایەی کە تا ئێستا باسمان کردوە، واتە دەسەڵاتێک کە سروشتێکی سیاسییانەی ھەیە. 

پ: کەواتە دەسەڵاتێکی زۆرەملێیانە نییە؟ ئایا کەشف نەکردنی دەسەڵاتێک کە لە کەسێکدا بەرجەستە بووە لەپشت ئەوەوە نییە کە بڵێین ئێمە ھەموومان لەبەردەم کۆمەڵگەیەکداین بەبێ دەسەڵات؟ دابەشبوونەکان ھەن، جۆرێک لە پرۆسەی دزێوکردنی کۆمەڵایەتی ھەیە کە وادەکات تاکەکان ئازادانە رەفتار نەکەن. لەو لایەنەشەوە کە تایبەتە بە پەیوەندییەکانی ھاوسەرگیری، دەبێت ئەو پیاوی کە رەتی دەکاتەوە ھاوسەرەکەی مێردێکی دیکەی ھەبێت، پاش ماوەیەک رازیبوونی خۆی بەرامبەر بەو ڕاستییە نیشان بدات کە بۆتە واقیع (کرۆنیکای ھیندییەکانی گایاکی). کەواتە دەسەڵات ھەیە، مادامەکی پێودانگ بۆ ڕەفتار ھەیە؟                                 

کلاستر: ئەوانە پێودانگەلێکن کە لە لایەن تەواوی کۆمەڵگەوە سەپێنراون، نەوەک لە لایەن توێژێکی دیاریکراوەوە. ئەوانە پێودانگەکانی کۆمەڵگە خۆیین، واتە ئەو پێودانگانەی کە بەھۆیانەوە و لە ڕێیانەوە کۆمەڵگە خۆی یەکدەخات و یەکانگیر دەکات، واتە پێودانگەلێکن کە ھەمووان ڕێزی دەگرن بەبێ ئەوەی لە لایەن ھیچ کەسێکەوە سەپێنرابن. پێودانگەکان لە کۆمەڵگە سەرەتایی و تابووییەکاندا و… تادوایی، وەک ئەو یاسایانە وان کە لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا ھەن، واتە دەشێت بە ئەندازەیەکی کەم ببەزێنرێن. لێرەدا مەسەلەکە پەیوەندی بە سەپاندنی پێودانگەکانی توێژێکی کۆمەڵایەتییەوە نییە بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا، بەڵکو پێودانگەکانی کۆمەڵگە خۆیەتی و پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە نییە. پاشان با بپرسین دەسەڵاتی کێ و بەسەر کێدا؟ ئەوە دەسەڵاتی کۆمەڵگەیە لە کۆی خۆیدا، چونکە دابەش نەکراوە، دەسەڵاتی کۆمەڵگەیە وەک گشتێک بەسەر ئەو تاکانەدا کە پێکی دەھێنن. پاشان ئایا تاکەکان چۆن فێری ئەو پێودانگانە دەبن، وەریدەگرن و دەیبەنەوە ناوەوە؟ بە گوزەراندن و مناڵ گەورەکردن.. تادوایی. لێرەدا ئێمە دوورین لە کایەی دەسەڵاتەوە، بەم مانایەش خۆی، دەسەڵاتی «باوکێک» بەسەر کوڕەکانیدا لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا، یاخود دەسەڵاتی پیاوێک بەسەر ھاوسەرەکەی یان ھاوسەرەکانیدا ھیچ پەیوەندی بە دەسەڵاتی سەرکردەیەکەوە نییە بەسەر ئەو خەڵکەدا کە ملکەچین و دەیپەرستن، پێویستە کایەکان تێکەڵ نەکەین.

پ: دابەشکردنێک ھەیە بۆ کایە لەنێوان شار و لادێدا، کە بە ڕای “ھێنری لوفابێر” دابەشکردنێکی حەتمییە. تۆش لە کتێبی «کرۆنیکای ھیندییەکانی گایاکیدا» و بە تایبەتی لە بەشێکی کتێبی «کۆمەڵگە دژی دەوڵەت»دا بە ناوونیشانی «کەوان و سەبەتە» زۆر تیشک دەخەیتە سەر بەرجەستەکردنی دابەشکردنێکی دیکە لەنێوان کایەی نێرینە و کایەی ئافرەتیانە. ئایا ئەو دابەشکردنە بۆ چییە؟ 

کلاستر: ئاساییە کە لەو حاڵەتەدا دابەشکردنێکی لەو جۆرە ھەبێت. با ئەوەمان لە یاد نەچێت کە مەسەلەکە پەیوەندی بە ڕاوکەرە کۆچەرییەکانەوە ھەیە. دیارە ئاساییە کە دوو بواری تەواو لێک جیاوازمان ھەبێت، مادامەکی ڕاو کاری پیاوە، پرۆسەیەکە کە لە دارستاندا ڕوودەدات و دەکرێت، واتە لە بواری دارستاندا. ئەگەر ھەمووانیش لە دارستاندا دەژین، ئەوا جیاوازییەک ھەیە لەنێوان دارستان وەک ئاوایی، لە کوێدا نیشتەجێ دەبین و دەنوین و دەخۆین … تادوایی، واتە ئەو بوارەی کە بۆ ھەمووان ڕەخساوە (پیاوان، ئافرەتان، مناڵان و بەتەمەنەکان..) و نێوانی دارستان وەک بواری ئەو چالاکییانەی کە پیاو وەک ڕاوکەر زۆربەی زۆری کاتەکانی خۆی تێدا دەباتە سەر. سەرباری ئەوەش دەبینین کە بەپێی پێکھاتەی دیموگرافییانەی گایاکی (چونکی ژمارەی ژنان لە پیاوان زیاترە)، ھەر بۆیە ئاوایی زیاتر مۆرکێکی ئافرەتییانەی ھەیە تا پیاوانە، چونکە پیاوان ھەموویان دەچن بۆ ڕاو لەبەرامبەر مانەوەی ئافرەتاندا لە ئاواییەکەدا. ئالێرەوەیە کە دەتوانین بەبێ ئەوەی زیادەڕەوی لە قووڵبوونەوەی ئەو ناکۆکییەدا بکەین، دوو بوار لەیەک جیابکەینەوە: دارستان کە بواری ڕاو و نێچیرە، واتە بواری پیاوانە وەک ڕاوکەر، ھەروەھا ئاواییش کە بوارێکی ئافرەتانەیە لەگەڵ مناڵان و چێشتخانە و ژیانی خێزانی و … تادوایی. ئەمەش ناکاتە ئەوەی کە بڵێین ھەندێک دەسەڵاتیان بەسەر ھەندێکی دیکەدا ھەیە. 

شارەکان تەمەنیان ھێندەی تەمەنی دەوڵەتەکانە، لە کوێشدا شارێک و پراکتیزەکردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات ھەبوو، ئیدی جیاکاری لەنێوان شار و گونددا سەر ھەڵدەدات

پ: لە ڕاستیدا بواری دابەشکراوی نێوان لادێ و شار، بوارێکی ھیرارکییانەی دەسەڵاتئامێزە. ئایا لەو حاڵەتەی کە ئێمە باسی دەکەین پەیوەندییەکی ھیرارکییانەی ھاوشێوە نییە لەنێوان ھەردوو بواری نێرینە و ئافرەتییانەدا؟

کلاستر: نا، بە ھیچ شێوەیەک، تەنانەت ئەگەر حاڵەتی دیکەشمان وەرگرت. ئێمە لێرەدا لەبەردەم حاڵەتێکی تایبەتداین، ئەوان راوکەری کۆچەریین، بوونی کۆمەڵگەی ڕاوکەرە کۆچەرییەکانیش شتێکی دانسقەیە (ڕاستتر بڵێم جاران زۆر دانسقە و کەموێنە بووە)، تەنانەت گەر بەربڵاوترین حاڵەتمان لە بەرچاو گرت کە بریتییە لە حاڵەتی کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی چێنەرە دامەزراو و جێگیرەکان (کە ئەوەیان حاڵەتی زۆرینەی ھەرە زۆری ھیندییەکانی ئەمریکای باشوورە، دیارە من لێرەدا باس لە دانیشتوانی «ئالاند» ناکەم بەڵکو مەبەستم لە ھیندییەکانی دارستانەکانە، ئەو بەربەرییە ڕووتوقووتانەی لە دارستان و جەنگەڵەکانی ئەمازۆندا بە پەڕ خۆیان پۆشیوە.. ئەوان تاڕادەیەک ھەموویان چێنەری جێگیر و دامەزراون، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە ھەندێک چالاکی ڕاویان لە وشکانی یان ڕووبارەکاندا ھەبێت، وە یا چالاکی کۆکردنەوەی ڕوەک، ھەر چێنەری جێگیر و دامەزراون)، ئەوا ھیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان لادێ وەک وێنەیەکی سەرەتایی بۆ شار و نێوانی گوند. دیارە ئەمەیان پەیوەندی بە بابەتەکەمانەوە نییە. جیاکاری نێوان گوند و شار تەنھا لە حاڵەتی بوونی شارێکدا بەرجەستە دەبێت کە خەڵکی غەیرە گوندنشینی تێدا بژی، چونکە لادێیی خۆی دەکاتە ھاوشێوەی لادێ، لە کاتێکدا دانیشتوانی شار بۆرژوان، واتە ئەوانەن کە لە بورجەکاندا دەژین و سەرکردەکان کۆنترۆڵیان کردوون، وەکچۆن سەرەتا سەرکردەکان لە شاردا دەژین. جیاکاری نێوان شار و گوند تەنھا لەگەڵ دەرکەوتن و سەرھەڵدانی دەوڵەتدا دەردەکەوێت، چونکە دەوڵەت، یان وێنەی دیسپۆتیست ئەو کاتە دەردەکەوێت کە سەنتەرێک ھەبێت خاوەن قەڵا و پەرستگا و عەمارگەی تایبەت بە خۆی بێت.. ئالێرەشدا زۆر بە زەقی جیاوازی نێوان سەنتەر و تەواوی بوارەکەی دی دەردەکەوێت، ئیدی شار دەبێتە سەنتەر، ھەمو ئەوەی دیش کە دەمێنێتەوە دەبێتە گوند. دیارە ئەم جیاوازییە لە کۆمەڵگەی سەرەتاییدا بوونی نییە، تەنانەت لەگەڵ بوونی گروپی سەرەتایی قەبارە گەورەشدا، چونکە قەبارە ھیچ شتێک لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، گەر مەبەست لە باندێک ڕاوکەری گایاکی بێت کە لە ٣٠ کەس پێکھاتووە یان گوندێکی گارانی کە ١٥٠٠ کەس نیشتەجێیەتی. کەواتە بەبێ بوونی دەوڵەت بە ھیچ شێوەیەک جیاکاری لەنێوان شار و گونددا نییە، واتە لە حاڵەتی بوونی سەرکردەیەکدا کە شوێنی نیشتەجێبوون و پایتەخت و عەمارگە و پەرستگا و… تادوایی، ھەبێت. کەواتە ئەوە دەوڵەتەکانن کە شارەکان دەخوڵقێنن، شارەکان تەمەنیان ھێندەی تەمەنی دەوڵەتەکانە، لە کوێشدا شارێک و پراکتیزەکردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات ھەبوو، ئیدی جیاکاری لەنێوان شار و گونددا سەر ھەڵدەدات. ئەمەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شارنشینان، ئەوانەی کە لە دەوری فەرمانڕەوان، دەبێت بخۆن و بژین، کە ئەمەش وا دەکات ئەوانەی لەدەرەوی شار دەژین، واتە گوندنشینەکان کار بۆ سوود و قازانجی ئەوان بکەن. ئا لێرەوەیە کە دەکرێت بڵێین وێنەی گوندنشین لەناو دەزگای دەوڵەتیدا نەبێت دەرناکەوێت. گوندنشین ئەو کەسەیە کە لەگوند دەژی و بە شێوەیەکی ڕێژەیی کار لە قازانجی ئەو فەرمانڕەوایانە دەکات کە لە شار دەژین، واتە سەرانە دەدات لە فۆرمی خزمەتی تایبەتی وەک سوخرەکێشی یان پێشکەشکردن و دانی بەروبومی کێڵگەکانی… بەڵام ئایا سەرانە کەڵکی چییە؟ کەڵکی سەرانەدان بە پلەی یەکەم بۆ دەرخستن و بەرجەستەکردنی دەسەڵاتە، ئاماژەی دەسەڵاتە! جگە لە سەرانەدانیش، ھیچ ئامرازێکی دیکە نییە بۆ دەرخستنی واقیعی دەسەڵات. داخۆ ئەو کەسەی کە دەڵێت من سەرۆکم و دەسەڵاتدارم، چۆن دەسەڵاتدارێتییەکەی دەسەلمێنێت؟ تەنھا بەوە دەبێت کە داوای شتێک بکات، ئەو شتەش پێی دەوترێت سەرانە (دیارە دەکرێت بە مانای خەراج و باج و بەرتیلیش بێت – و.ک-). کەواتە سەرانەدان سیمبولی دەسەڵاتە، لە ھەمان کاتیشدا ئامرازی درێژەپێدانیەتی، تاقە ڕێگەی گەرەنتییە بۆ بەردەوامی بازنەی دەسەڵات و ھەموو ئەوانەی لە چواردەوری سەرۆکن، واتە بۆ بەردەوامبوونی بیرۆکراتی. چونکە بیرۆکراتی تەنھا ئەو کاتە لەدایک دەبێت کە سەرۆکێک ھەیە، ئەو سەرۆکە یاخود دیسپۆتە ھەر زو ئەو پاسەوان و جەنگاوەرانە لە چواردەوری خۆی خڕ و کۆدەکاتەوە کە گەرەنتین بۆ دەسەڵاتەکەی… ئەوانەش دەتوانن زۆر بە زوویی بگۆڕێن و ببنە فەرمانبەری پسپۆڕ لە کۆکردنەوەی سەرانە و باج و خەراج و حیسابکردنیدا، ئەوانە دەبنە ژمێریار، کاھین.. تادوایی. بە مانایەکی دی، دەمودەست و شانبەشانی ھەڵتۆقین و دروستبوونی سەرۆک، دەستەدەستە سەرباز و فەرمانبەر و نووسەر و کاھین دەردەکەون. تەنھا ئەوەندەش بەسە کە بواری پیادەکردنی دەسەڵات کەمێک بەرفراوان بێت تا ھەموو ئەوانەی لەدەوروبەری سەرۆکن، ھەر لە کاھین و سەرباز، نووسەر و فەرمانبەر و چاودێر و… تادواییەوە بیگرە، ژینێکی ئەریستۆکراتی و شاھانە بژین. بێگومان ھیچ کام لەوانە کار ناکەن، چونکە ئەوان سەرقاڵی شتێکی دیکەن، نە بە ئەنگێزەی تەمەڵیی یان ئارەزوو وەک لای «مامۆستا»کەی ھیگڵ ھەیە، بەڵکو بەھۆی سەرقاڵبوونیان بە کارەکانیانەوە وەک کاھین و ژەنراڵ و فەرمانبەران و .. تادوایی،. ئەوان ناتوانن خزمەتی خاک بکەن و مەڕوماڵات بەخێوبکەن،  ھەر بۆیە دەبێت ئەوانی دی لە پێناوی ئەماندا کار بکەن.  

پ: لەکۆمەڵگەی سەرەتاییدا ئەفسونگەران «شامانەکان» ھەن، دەکرێت چۆن باس لە پلەوپایەیان بکەین؟

کلاستر: لێرەدا کەمێک دەگەرێینەوە بۆ ئەوەی کە پێشتر باسمان لێوەکرد، واتە ئەو تەلیسمە ئاڵۆزەی کە گەمارۆی زاراوەی دەسەڵاتی داوە. 

پ: بەڵێ، پێم وایە مەبەست لە ھەندێک پرسیارمان ناسینی ئەو چەشنە ئاڵۆزییەیە کە تایبەتە بەوانەی کە ناچاریی و زۆرەملێیی گەمارۆیداون، ئەوانەی لەلایەکەوە پرۆسەی یەکخستنی کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە گەرەنتین بۆ بوونی دەسەڵاتی سیاسی. وابزانم تۆ زۆر بە ڕوونی ئەم دوو شتەت لە یەک جیاکردەوە، بەڵام ئەو خاڵەی یەکەمیان زۆر ڕوون نەبوو، ئەم خاڵەش لە ھەموو ئەو پرسیارانەی دی زیاتر شۆکی کردین کە ئاڕاستەمان کردیت. 

کلاستر: جارێ تۆ باسی ناچاریی دەکەیت، لەکۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا شتێک نیە بە ناوی ناچارییەوە. 

پ: نموونەمان بۆ ئەو ناچارییە پێویستی بەخشینە، واتە پێویستی ئەوەی کە بدەیت و وەربگریت.

کلاستر: مەبەستت ئاڵوگۆڕ و ئاڵوگۆڕکارییە! بێگومان ناکرێت نکوڵی لە پێویستیبوونی ئاڵوگۆڕ، ئاڵوگۆڕی خێر و خزمەتگوزارییەکان بکەیت، بۆ نموونە ئاڵوگۆڕی ئافرەت لە پێناو ڕێزگرتنی بنەماکانی ھاوسەرگیری، بەر لەویش  تابووکردنی سێکس لەگەڵ مەحرەمەکان بەڵام ئاڵوگۆڕیی ئەو خێرانەی کە دیارن و ڕۆژانە دەکرێن لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە خۆراکەوە ھەیە و جگە لە خواردن و خۆراک شتێکی دیکە نابینین بۆ ئاڵوگۆڕی پێ کردن بشێت. بەڵام ئایا ئەو ئاڵوگۆڕە لەنێوان کێ و کێدا دەکرێت؟  کێن ئەوانەی ئەو تۆڕی گوێزانەوەی خێرە دەیانگرێتەوە؟ لە بنەڕەتدا ئەوانە خزمەکانن، واتە خزمایەتییە، ئەڵبەتە بە تەنھا خزمایەتی لەسەر بنەمای خوێن ناگرێتەوە، بەڵکو زاواکان و ھاوپەیمانەکانیش. ئەوە ئەرکێکە، بەڵام ئەرکێکە ھاوشێوەی ئەوەی کە ئێمە بە ئەرکی دەزانین دیارییەک ببەخشینە برازایەکمان، یاخود چەپکێ گوڵ ببەخشینە نەنکمان. سەرباری ئەوەش،  ئەوە ئەو تۆڕەیە دەستنیشانی ئەو شتانە دەکات کە ئێمە بە گەرەنتیی کۆمەڵایەتی ناوی دەبەین، داخۆ لەکۆمەڵگەی سەرەتاییدا تاکەکەس بە پلەی یەکەم پشت بەکێ ببەستێت؟ بێگومان بە خزمەکانن. لە خواردن پێدانیش زیاتر، ھیچ ئامرازێکی دیکە نییە وامان لێ بکات پێشبینییەکانی یارمەتیمان بۆ خزم و ھاوپەیمانەکانمان لە کاتی پێویستدا نیشان بدەین. کەواتە ئەوە سووڕێکی بەردەوامی بەخشینی دیاری خنجیلانەیە و کارێکی زێدە ئاڵۆز نییە. کاتێک مرۆڤ خواردن ئامادە دەکات، جا گۆشت بێت یان ھەر شتێکی دی، ئەوا خێرا بە یەکێک لە کوڕەکانی دەڵێت کە بەشێکی زۆر کەمی خواردنەکە، بەشێکی رەمزی کە ھێندەی ژەمێک نابێت،  ببات بۆ فڵانە کەس یان یەکێک لە خزم و ھاوپەیمانەکانی. تۆ بڵێی بۆ  وابکەین؟ چونکە دەزانین ئەوانیش ھەمان شت دەکەن، ھەروەھا دەکرێت لە کاتی دەرد و موسیبەتی کوشندەدا پشتیان پێ ببەستین. ئەوە جۆرێکە لە گەرەنتی، گەرەنتیی کۆمەڵایەتی. پەیوەندی بە گەرەنتییەکی کۆمەڵایەتییەوە ھەیە کە بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندی بە دەوڵەتەوە نییە، بەڵکو بۆ خزمایەتییە. کەسی بەربەری (وەحشی) ھەرگیز شتێک نادات و نابەخشێتە کەسێک کە لەبەرامبەردا چاوەڕوانی شتێکی لێ نەکات، شتی وا لە خەیاڵی ئەودا نییە! ھەر بۆیە دەبینین کە کایەی ئاڵوگۆڕەکان – لە بنەڕەتدا نەک بە تەواوەتی – بەسەر تۆڕەکانی ھاوپەیمانێتی و خزمایەتیدا داخراون. دیارە بێگومان دەشێت چەشنی دیکە لە ئاڵوگۆڕ ھەبێت کە فەرمانی جیاوازتریان ھەبێت و سرووتئامێزتر بن، وەک ئەوەی کە بۆ نموونە تایبەتە بە پەیوەندییەکانی نێوان خێڵێک و خێڵێکی دیکە، ئالێرەشدا بە مانایەک لە ماناکان دەکەوینە ناو سیستمی «پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە»، ئەگەرچی ئاڵوگۆڕەکان لەنێوان خزمەکان و ھاوپەیمانەکانی ناو ھەمان خێڵدا دەبێت. کەمێک پێس ئێستا باسی جادووگەرت کرد. بێگومان دەشێت جادووگەر لە ھەموو کەس زیاتر دەسەڵات بەدەست بھێنێت. بەڵام داخۆ دەسەڵاتەکەی چی بێت؟ دیارە دەسەڵاتەکەی سروشتێکی سیاسی نییە، مەبەستم لەوەیە کە پلەوپایەی جادووگەر لە کۆمەڵگەدا وای لێ ناکات بڵێت: «من سەرۆکم و دەبێت ئێوەش ملکەچ و گوێرایەڵم بن»، ئەمە مەحاڵە. دەشێت جادووگەرگەلێک ھەبن بەناوبانگ کە بەپێی گروپەکان و توانا جادووگەرییەکانیان بەھێز یان لاواز بن، تەنانەت جادووگەری زۆر بەناوبانگ ھەن کە ناو و ناوبانگیان بۆ ڕووبەر و مەودای زۆر دوور بڵاوبۆتەوە، بە شێوەیەک کە گەیشتۆتە گروپگەلێک کە لە بنەڕەتدا ھەر نایناسن. جادووگەر وەک پزیشکێک، واتە وەک سەروەری نەخۆشییەکان، ھەم سەروەری ژیانە و ھەم مەرگیش. کاتێک جادووگەر نەخۆشێکی چارەسەر کردووە، ئەوا نەخۆشییەکەی لێ دەرھێناوە، واتە نەخۆشییەکەی لە لەشی نەخۆشەکە ھێناوەتە دەرێ، ھەر بۆیە وەک  چاککەرەوەیەک بە سەروەری نەخۆشییەکان زانراوە. بەڵام لە ھەمان کاتدا بە سەروەری مەرگیشیان زانیوە، واتە ئەو کەسەی کە دەستکاری نەخۆشییەکان دەکات. مادامەکی جادووگەر دەتوانێت نەخۆشی لاببات، واتە نەخۆشێک لە دەردی نەخۆشی ڕزگار بکات، ئەڵبەتە دەتوانێت ئەو نەخۆشییە بخاتە لەشی کەسێکی دیکەوە. ئەمەش ئەو شتەیە کە وادەکات پیشەی جادووگەری ھیچ ئارامیی و پشوویەکی تێدا نەبێت، چونکە ئەگەر ھاتوو شتێکی نائاسایی لە کۆمەڵگەدا ڕوویدا (ئەگەر جادووگەر بە بەردەوامی لە چارەسەرەکانی یان ھەر کارێکی دیکەیدا نووشوستی ھێنا)، ئەوا دەبێتە قۆچی قوربانی و ھەمو ئەو شتە نائاساییانەی دەخرێتە ئەستۆ کە لە کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن، ئەو دەبێت بەرپرسیارێتی ھەموو ئەو شتانە بگرێتە ئەستۆ کە خەڵکی دەترسێنن و تووشی دڵەڕاوکێیان دەکەن، ھەروەھا بەرپرسیاریشە لەبەر ئەوەی سەروەری ژیانە، ھەروەھا سەروەری مەرگیشە. ھەر بۆیە تۆمەتگەلێکی زۆری دەخرێتە پاڵ و بە ھۆکاری نەفرەتەکان و تووشبوونی مناڵان بە نەخۆشی و پەتاکان و… تادوایی، دادەنرێت. ئەی لە دۆخێکی وادا چی دەکەین؟ لە زۆربەی حاڵەتەکاندا جادووگەرەکە دەکوژرێت! بەڵێ دەکوژرێت. ھەر بۆیە پێشتر وتم کە پیشەی جادووگەری پیشەیەکی خۆش نییە. بەڵام لە ھەموو حاڵەتەکاندا، ھەموو ئەو شکۆ و ڕێزەی کە جادووگەرێک لەناو خێڵدا ھەیەتی ھیچ شانس و ھەلێکی بۆ ناڕەخسێنێت  -جا ئەو شانسە چەندە کەمیش بێت – دەوڵەت دابمەزرێنێت و بڵێت: «من فەرمانڕەوام»، ئەو تەنانەت ھەر بیریشی لێناکاتەوە. 

پ: ئایا شکۆی جادووگەر جێی گومان نییە؟ چونکە ئەو  کەسێکی پیرۆز و موقەدەس نییە، وەک لەو دوو حیکایەتەشدا کە لەبارەی جادووگەرانەوە باست کردن، بینیمان کە چۆن دەبنە گاڵتەجاڕ. 

کلاستر: جادووگەران ھەرگیز لە بواری موقەدەسدا نەبوون. دیدی جادووگەر بۆ ھیندییەکان تەواو جیاوازە لە دیدی پاپای کەنیسە بۆ ھیندییەکانی ئالاند یاخود ھیندییەکانی ئینکا یان بۆ مەسیحییەک لای ئێمە. دەکرێت بە کورتی بڵێین دەشێت ئەو کاتەی کە نەخۆش دەکەوین پشت بە جادووگەر ببەستین، بەڵام ئەوەش بزانین کە دەبێت کەمێک بسڵەمینەوە چونکە ئەو چەندەھا دەسەڵاتی ھەیە. ناڵێم دەسەڵاتی ھەیە، بەڵکو چەندەھا دەسەڵاتی ھەیە و ئەمەش تەواو جیاوازە، چونکە ئەو کۆمەک لە ڕۆحەکان وەردەگرێت (چۆن و بۆچی ڕۆحەکان یارمەتی دەدەن؟ چونکە ئەو فێری ئەوە بووە، مرۆڤیش بۆ ئەوەی ببێتە جادووگەر، ڕێگەیەکی دورودرێژی لە بەردەمدایە. جادووگەری ساڵانێک کاری دەوێت کە دەشێت پێی بڵێین کاری توێژینەوە)، ئەو چەندەھا دەسەڵاتی ھەیە، بەڵام ھەرگیز ئەوە دەسەڵاتی پێنابەخشێت، ئەو خۆی دەسەڵاتی ناوێت! چیش لە دەسەڵات بکات؟ پاشان خەڵکی گاڵتەی پێدەکەن! بە رای من نابێت لە شکۆ و ھەیبەتی جادوگەردا بەدوای دەسەڵاتدا بگەڕێین، چونکە دەسەڵات لەو لایەنەوە نییە.


پ: جادووگەر سرووشبەخشە، ئایا ھیچ پەیوەندییەک لەنێوان جادووگەر و پێغەمبەردا ھەیە؟ 

کلاستەر: ھەرگیز، مەسەلەکە تەواو جیاوازە. جادووگەرەکان بە دیاریکراوی بریتین لەو پزیشکانەی کە تیمار و چارەسەری خەڵک دەکەن و لە ھەمان کاتیشدا دوژمنان دەکوژن. جادووگەر ئەگەر داوای لێ بکرێت، ئەوا ڕۆڵەکانی ھۆزەکەی و ھۆزە ھاوپەیمانەکانی چاک دەکاتەوە و دوژمنەکانیش دەکوژێت، بەم مانایەش جادووگەر ئامرازێکە بە دەست ھۆزەوە. ئەی چۆن دەیانکوژێت؟ ئەو وەک جادووگەرێک دەیانکوژێت: ھەموو سوپاکەی کە لە ڕۆحی خراپ و شەڕانگێز پێکھاتوون، بانگیان دەکات و بۆ کوشتنی دوژمنەکانی کۆیان دەکاتەوە. بۆ نموونە گەر کوڕێک یان کەسێکی بەتەمەن لە ھۆزێکدا نەخۆش کەوت و جادووگەر نەیتوانی چاکی بکاتەوە، ئەوا کوڕانی ئەو ھۆزە دەڵێن: «جادووگەری فڵانە ھۆز کوشتی»، گرنگی و پێویستی تۆڵە و پەلاماری ھۆزی بکوژییش ھەر لێرەوە دێت. ئەوە سروشتی جادووگەرە، وەک پزیشکێک لە قازانجی ھۆزەکەی و ئامێرێکی جەنگیش لە دژی دوژمنەکانی کار دەکات. بەڵام پێغەمبەر ھەرگیز نابێتە پزیشک، ھەرگیز تیماری کەس ناکات. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمەش نموونەیەک لە ئەمریکای باشوورەوە دەھێنینەوە. خێڵەکانی توپی-گوارانی پێغەمبەریان ھەبووە، بەڵام ھەموو ھەواڵدەرەکان زۆر بە ئاشکرا جیاکاری دەکەن لەنێوان جادووگەران وەک فاڵچی و وەک پزیشک لەلایەک، ھەروەھا نێوانی پێغەمبەران لەلایەکی دیکەوە. پێغەمبەران قسەیان کردووە و لە گەشتی نێوان ھۆز و گوندەکاندا وتاریانداوە وەکچۆن ناوی تایبەت بە خۆشیان ھەبووە و پێیان وتراوە «کارای»، لە کاتێکدا جادووگەران بە «پاژی» بانگکراون. جیاوازییەکەش لێرەدا زۆر ئاشکرایە، تەنانەت دەتوانم لەوە زیاتر بڕۆم و بڵێم ھیچ پێغەمبەرێک نەبووە کە پێشتر جادووگەر بووبێت، لە ڕاستیشدا وێنەی پێغەمبەر تەواو جیاوازە لە وێنەی جادووگەر. 

پ: لە پەراوێزی یەکێک لە وتارەکانتدا بە ناونیشانی «یاداشتەکانی گێرینیمۆ»، وەک جادووگەری جەنگ وەسفی گێرینیمۆت کردووە. مەبەستت چی بووە لەوە؟ 

کلاستر: ئەڵبەتە نازانم. ئەوە ھیچ بایەخێکی ئەوتۆی نییە، چونکە گێرینیمۆ سەرکردەیەکی جەنگی بووە. دەشێت ھەندێک توانای جادووگەرییانە و ھەندێک زانیاری دەربارەی سروودە تایبەتییەکان ھەبووبێت، بەڵام لە بنەڕەتدا سەرکردەیەکی جەنگی بووە.

کۆمەڵگەی سەرەتایی ناتوانێت بەبێ بوونی جەنگێکی بەردەوام ئیش بکات. مەبەستم لەوەیە کە ھەمیشە ھۆز لە ئاسۆکانیدا دوژمنێکی ھەیە

پ: با بێینەوە سەر مەسەلەی جەنگ: ئایا شوێنگەی جەنگ لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا چییە؟ کە ئەمەش بۆ خۆی دەمانباتەوە سەر مەسەلەی ئەوەی کە ئایا پێویستە قسە لەسەر کۆمەڵگەی گۆشەگیر یاخود کۆمەڵێک کۆمەڵگە و پەیوەندییەکانی نێوانیان بکەین. ئایا جەنگ دیاردەیەکی ئاوارتەیە یان بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەی ھۆز؟ ئەگەر باسیشمان لە ڕۆڵی سەرکردە لە سەردەمی جەنگدا کرد، ئایا چ مانایەکی دەبێت؟ ئایا مەسەلەکە پەیوەندی بە دیاردەیەکی ئاوارتەوە ھەیە یان ئەوە شتێکە کە ڕەوتی ژیانی کۆمەڵایەتی دەیخوازێت؟

کلاستر: بە دڵنیاییەوە کە جەنگ لە خودی ھەبوونی کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا ھەیە، چونکە کۆمەڵگەی سەرەتایی ناتوانێت بەبێ بوونی جەنگێکی بەردەوام ئیش بکات. دیارە ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە بەربەرییەکان شەو و ڕۆژ و ھەموو کات و ساتێک خەریکی شەڕوشۆڕن. کاتێک دەڵێم جەنگ بەردەوامە، مەبەستم لەوەیە کە ھەمیشە ھۆز لە ئاسۆکانیدا دوژمنێکی ھەیە، واتە شیمانەی ئەوەی کە دووچاری ھێرش بین شتێکە بە بەردەوامی ئەگەرێکە و لەگۆڕێیە. ئەگەرچی دەستدرێژییەکان زۆر بەکەمی نەبێت ڕوونادەن، بەڵام دوژمنایەتی نێوان ھۆزەکان بەردەوامە، جەنگ بەردەوامە بەو مانایەی کە دۆخی جەنگ بەردەوامە. بۆچی؟ دیسان لێردا دەگەڕێینەوە سەر ئەو خاڵەی پێشتر سەبارەت بە قەبارەی کۆمەڵگەکان باسمان کرد. ئەو مەرجانە چیین کە بە خاڵی ناسەرەوەی سەرەتاییبوونی کۆمەڵگەیەک دادەنرێن؟ یەکێک لەو مەرجە جەوھەریانە بریتییە لە بچوکی قەبارەی کۆمەڵگە یان ھۆز، چونکە – لانیکەم تا ئەوەندەی من بزانم – ناکرێت کۆمەڵگەیەک ھەبێت قەبارە گەورە بێت و لە ھەمان کاتیشدا سەرەتایی بێت. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک سەرەتایی بێت، دەبێت بچوک بێت و نەیەوێت گەورە بێت. بۆئەوەی ئەم خواستەشی بەدی بێت، پەنا دەباتە بەر تەکنیکێکی گەردوونیانە کە زۆربەی کۆمەڵگە سەرەتاییەکان پەنای بۆ دەبەن، ئەویش تەکنیکی پارچەپارچەبوون و دابەشبوونە و لە کۆمەڵگە ھیندی و ئەمریکییەکاندا دەیبینین. دیارە جەنگیش لە گرنگی ئەمە کەم ناکاتەوە، بەڵام گۆڕان لە دۆخی بەردەوامیی جەنگەوە لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا بۆ جەنگی ڕاستەقینە لەسەر زەمینەی واقیع لە کاتی جیاجیادا، ئەوەیان کارێکە بەپێی ڕادەی توندیی جەنگەکە دەکرێت. ئەگەر کۆمەڵگە سەرەتاییەکان ھەموویان جەنگاوەر بوبن یان کەمتازۆر وا بووبن، ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنەێت کە ھەموویان خاوەنی ھەمان توندیی بوون. چونکە کۆمەڵگە ھەبووە زۆر جەنگاوەر بووە و ھەشبووە کەمتر دلێر و توند، بەڵام دواجار بەلای ھەمووانەوە و لە ھەموو حاڵەتەکاندا جەنگ بەشێک بووە لە ڕەوتی ژیانیان. داخۆ جەنگ چی بەرھەم دێنێت؟ جەنگ بەرھەمھێنەری پاراستنێکی بەردەوامی جیاوازیی نێوان ھۆزەکانە. چونکە لە سایەی بوونی دوژمنەکاندا بێگومان پەیوەندییەکانمان بەرامبەریان دوژمنکارانە دەبێت، واتە پەیوەندی لەسەر بنەمای جودایی و جیاوازیی. ئەم پەیوەندی جیابوونەوانەش شانبەشانی دوژمنایەتی کە لە جەنگی کردەگیانەدا دەگاتە لوتکە و ترۆپکی خۆی، لەگەڵ ئەنجامەکانی جەنگدا ڕۆڵی پاراستنی جیاکاریی و جیاوازیی نێوان ھۆزەکان دەبینێت، واتە ڕۆڵی دابەشبوون. بەڵام ئەنجامی گەورەی جەنگ لە خوڵقاندنی بەردەوامی فرەیی دایە، کە بەوەش ناھێڵێت ئەگەری ھیچ حاڵەتێکی پێچەوانە بێتە ئاراوە. مادامەکی ھۆزەکان ناتوانن بەھۆی جەنگەوە نەبێت لە دۆخی جیابوونەوەدا بن، واتە دۆخی ساردیی یان دوژمنایەتییەکی ئاڵوگۆڕکارانە، مادامەکی ھەمو ھۆزێکیش دەیەوێت بەوە پشتبەستنی خۆی بە توانای خۆی بپارێزێت، ئەوا دەوڵەتیش لەدایک نابێت. کەواتە جەنگ لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا بە پلەی یەکەم ڕێگیریکردنە لە تاقە ھێزێک کە بێتەدی و لەدایک بێت، ئەو تاقە ھێزەش تەنھا با مانای یەکگرتن واتە دەوڵەت دێت.


تێبینی: لەبنەڕەتدا ئەم دیالۆگە – دیارە لەبەر درێژییەکەی – بە سێ بەش لەماڵپەڕی «الاوان» بڵاوکراوەتەوە، بەڵام من بڕیارمدا بیکەم بە ٢ بەش، بەو ھیوایەی کە دوا بەشی لەئایندەیەکی نزیکدا بڵاوببێتەوە.