حەوت سەرنج لەبارەی نائومێدی
یەكەم: مرۆڤ دەكرێت لە دۆخی بیركردنەوەدا، بگاتە ڕەشبینی و نائومێدییەكی ڕادیكاڵ. ئەگەر ئەو مرۆڤە مایه‌وه، مانای وایە: نائومێدبوون فۆڕمێكی تیۆری وه‌رگرتووه. هه‌وڵه بۆ زاڵبوون و تێگه‌یشتن. دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌كه، به مانای جیاواز، مانایه‌ك كه نابێته ئاكت. لەم دۆخەدا كەسی نائومێدهێزی بیركردنه‌وه ئاراسته‌ی ده‌كات، نه‌ك بیركردنه‌وه له هێزێك كه خۆی هه‌یه‌تی ده‌توانێ به كاری بهێنێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و ململانێیه. به مانایه‌كی دیكه، چاره‌سه‌ر جۆرێكه له هەڵاتن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕوونه‌دات، ڕه‌نگه ئه‌و نائومێدییهبه بیركردنه‌وه له هێزی ئاماده‌ی خود بگاته بنبه‌ست، ماناكان ببنه ئاكت.
دووەم: تێگەیشتنی تاك بۆ گۆڕانكاری، پێوەندی بە چەمكی ئومێدەوە هەیە. مرۆڤ بوونەوەرێكە ئومێد لە كەوتن و نەهامەتی و ئازارەكانەوە وەردەگرێت، یان وەك ئەوەی وێڵ ڕۆجەرز دەیڵێت: (مرۆڤی ڕەشبین و نا‌ئومێد مادام دركی بە نائومێدی كردووە، ئیتر ئەوە خاڵێكی گرنگی گەشبینی و ئومێدە.) نائومێدبوون وەك نەخۆشیی وایە، ده‌رده و تووشی مرۆڤ ده‌بێت. مرۆڤ خۆی دکتۆری خۆیەتی و دەردی خۆی دەدۆزێتەوە. جا كە دەردەكە دۆزرایەوە، ئیشكالی جۆرایەتی چارەسەر دروست دەبێت. ئەگەر دەردەكە بێچارەسەریش بێت، هێشتا ئومێد هەیە بۆ هەوڵدان و دۆزینەوەی چارەسەر.
سێهەم: من وەك تاک، بەرانبەر هێزی گۆڕانكاری لە كۆمەڵگەی كوردییدا، نائومێدییەكی قووڵم هەیە. پێم وایە ئەم چینە لە دەسەڵاتدار و خەڵك، دەبێ تێبپەڕن و چینێكی نوێ جێگەیان بگرێتەوە. جۆرایەتی تێپەڕین و كاتی تێپەڕین، یاری بە ئومێدی منەوە دەكات. من زیاتر هیوام بە گۆڕانكاری خێرا و نزیك هەیە نەك دوور و نادیار، كارێك كە بە خەباتی بیست ساڵ یان نیوسەدە دەكرێت، ڕەنگە بە جووڵەیەكی گۆڕانی هێز، بە یارییەكی دەرەكی، بە كەمتر لە هەفتەیەك زیاتر لە پێشبینی ڕوو بدات. ئەم حاڵەتە بۆ سەدەی بیستویەك خەیاڵ نییە، بینراو و ئەزموون كراوە. خۆ ئەگەر باوەڕ و ئومێدت بە گۆڕانکاری نادیار و دووریش هەبێت، هەر باشترە لەوەی باوەڕت بە هیچ نەمێنێ، سی ساڵ ئومێد باشترە لە نائومێدبوون. ترسناکە باوەڕت وا بێت نە لە دوور و نە لە نزیک هیچ ڕوونادات. بێئومێدی و ژیان بەیەکەوە كۆنابنه‌وه، ناتوانن بەردەوام بن.
چوارەم: نائومێدبوون لە گشت و جۆرێك لە گوتار: (من ئەوەندە دەزانم هیچ ڕوونادات و چاوەڕوانی هیچ ڕووداوێکیش مەبن!) ئەم دیدە ڕەهایهی به‌شێ له ڕۆشنبیران، بۆ ئێستا و داهاتوو ترسناکە و جۆرێكە لە ڕەوایەتی بەوەی كە ئێستە هەیە. ده‌كرێ بڵێن دۆخی نەزیفبوونی ئومێدە. واتا، یان بە كۆمەڵ خۆمان بده‌ینه ده‌ست قه‌ده‌رێكی نادیار و هه‌مووان هه‌ڵبێین له واقیع، یان هیچ ئومێدێك بۆ گۆڕانکاری مانەوەمان نییە. هه‌ڵاتن و سه‌رهه‌ڵگرتن بۆ تاكی ئێمه جۆرێكه له ئومێد، كه ئه‌گه‌ر هه‌یه دیسان به فۆڕمێكی دیكه، به‌ر چه‌مكی نائومێدی بكه‌وین. فۆڕمه‌كانی نائومێدی به‌پێی كات و شوێن ده‌گۆڕێن.
یاخیبوون لە نائومێدی، واتا دۆزینەوەی کامەرانی، ئه‌مه ڕێك بههابهخشین و باوه‌شكردنه‌وه‌یه بۆ ژیان.
پێنجەم: نائومێدی و کامەرانی دوو دۆخن لەناو مرۆڤدا لە جووڵەدان. ئه‌لبێر کامۆ له یاداشته‌كانیدا نووسیویه‌تی، کامەرانی لە نائومێدییەکی درێژەوە دروست دەبێت. کامۆ لەبەرانبەر نائومێدیدا فێری یاخیبوونمان دەکات. یاخیبوون لە نائومێدی، واتا دۆزینەوەی کامەرانی، ئه‌مه ڕێك بههابهخشین و باوه‌شكردنه‌وه‌یه بۆ ژیان. لێره ده‌كرێت جیاوازی بكه‌ین له‌نێوان ژیان و دنیا، ده‌كرێ مرۆڤ له دنیا یاخی بێت، بێ‌ئومێد و نیگه‌ران بێت، به‌ڵام ژیان جیاوازه، ناوازه و تایبه‌ته، یه‌ك ده‌رفه‌ته، شیرینه، ده‌كرێ ژیانمان خۆش بووێت و ڕقمان له دنیا بێت. ڕاسته ژیان و دنیا تێكه‌ڵن، به‌ڵام كاتێك كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی ژیان بێبه‌ها ببینیت، ئه‌وكات ده‌كرێ جیا بكرێنه‌وه و به یه‌ك نیگا ته‌ماشا نه‌كرێن. جیانه‌كردنه‌وه‌ی ژیان و دنیا له هه‌ندێ دۆخ ترسناكه، دروستبوونی ئه‌م ئاگاییه پێویستی به ڕامان و بیركردنه‌وه هه‌یه.
شەشەم: بۆ تاکی باوەڕدار خودا ئومێدە. جار هەیە دەست لە هەموو ئومێد و هیواکان هەڵدەگری کە لە دەستی مرۆڤدان یان مرۆڤ لەپشتیانە، دێیت دوای ئومێدێک دەکەویت کە پێت وایە هێزێکە لەسەروو هەموو هیزەکانەوەیە. خۆ تەسلیمکردن بەم هیزە، کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە، لەدەرەوەی تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ، هەڵاتنە لەو ئومێدەی لە واقیعدا هەیە و باوەشکردنە بە خەیاڵ و نادیار. لێرە تێدەگەین، (گۆدۆ)ی بێكت خودایە، باوەڕمان بەهەبوونی هەیە و ئومێدمان بە هاتنی هەیە. دەشزانین نایەت، بەڵام هەر چاوەڕیین و بێ‌ئومێد نین. هەر بەو ئومیدەوە درێژە بە ژیان دەدەین. ئەمە فراوانترین مامەڵەی مرۆڤایەتییە بەرانبەر چەمکی ئومێد. بۆ خەڵکانێکی زۆر، تەسلیمبوون بەم هێزە باڵایە، نەخۆشی و ده‌ردی نائومێدی بنبڕ کردوون.
حەوتەم: چ کاتێک ئومێد هیچ مانایەکی نامێنێ؟ ئەو کاتەی باوەڕ و بیرکردنەوە لە ئێستا و داهاتوو تەفروتونا دەبن، هەموو بیرکردنەوەی تاک دەبێتە، یەک باوەڕ و هەبوون هیچ بەهایەکی نامێنێت. ئەمە دۆخێکە لەسەرووی پێشبینییەوە. ڕەنگە کەسێک هەبێت شەست ساڵی تەمەنی پڕبووبێت لە هیوا و ئومێد، کەچی بە ماوەیەکی خێرا و کەم، هەموو شتێکی لا پووچ و بێ‌مانا دەبێت. ئەوانەی خۆیان دەکوژن، وانەبێ چەندان ساڵ بەو خەیاڵەوە ژیابن و هیچ هیوا و ئومێدێکیان نەبووبێت، نا ئەوە ساتێکی زۆر خێرایە، بینینی بایه‌خی ژیانه به هه‌مان نیگای دنیا، دۆڵوز حەفتا ساڵ ژیا، ئینجا بەیانییەک لە پەنجەرەی ئەپارتمانەکەی خۆی فڕێدایە خوارەوە. لە ڕێگەی نووسین و چالاکییەكانییەوە، ئاسان تێدەگەین دۆڵوز بەهیوا و ئومێدەوە ژیاوە، تا ئەو ساتەی هەموو شتێ بەتاڵ بووەتەوە لە ئومێد و ژیان و دنیا بوونه‌ته یه‌ك فۆڕم و هیچ به‌هایه‌كیان نه‌ماوه.