شۆڕشی ئۆکتۆبەر: وێنەکانی و شۆکەکانی بە کامێراکەی ئێزنیشتاین

هەموو ئەوانەی ساڵانە یادی شۆڕشی ئۆکتۆبەریان کردۆتەوە (بە چەپەکان خۆیشیانەوە)، چاویان زیاتر لەسەر ڕووداوە مێژووییەکە بووە وەک جۆرێک لە کەرتبوونی سیاسی و دابەشبوونی خودی چەمکی سیاسەت بۆ دوو بەرەی دژ بەیەک لە سەرتاسەری جیهاندا: بەرەیەک سۆسیالیستی و بەرەیەک بۆرژوازی. شۆڕشی ئۆکتۆبەر پتر وەک قەوارەیەک دژ بە دژەقەوارەیەکی پێشوەخت وێناکراوە، وەک دامەزراندنی ئیمپراتۆریایەکی کرێکاری دژ بە تزار و مۆنارکی و بۆرژواکان کە لە سەرەتاوە تا کۆتاییەکەی دیارن و بە تەنها زنجیرەیەک ڕووداو و هەل و هەڵکەوتەی مێژوویین.

بێگومان ئەمە ئاسانترین بینینە بۆ شۆڕشێک کە تا ئێستایش سۆز و نۆستالژی بۆی، نەک لێی کەم نەبۆتەوە، بەڵکو گڕوتین بۆ گێڕاندنەوە و دووبارەکردنەوەی لە هەڵکشاندایە. لێ ئەوەی کە مایەی سەرنج و تێڕامانی منە لە ئێستادا (بە تایبەتی کە یادی سەد ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە سەرکردایەتی لینین و بەلشەڤیکەکان، دەکرێتەوە)، چاونوقاندن و خۆ کەڕکردنی بەردەوامی ڕەخنەگرانی ئێمە بووە لە گرنگترین دۆکیومێنتی سینەمای سۆڤێتی خۆی دەربارەی شۆڕشەکە کە فیلمە بەناوبانگەکەی (سێرگی ئێزنیشتاین)ە بە ناونیشانی (ئۆکتۆبەر: ئەو دە ڕۆژەی کە جیهانیان هەژاند).

ئەڵبەتە هۆکارەکانی خۆگێلکردن لەم بەرهەمە دانسقە هونەرییە زۆرن، کورتکردنەوەی سۆشیالیزم بۆ یەک ڕووداو کە بە ڕابەرایەتی لینین هەڵگیرسا و دەرەنجام وەک بلۆکی سۆڤێت ڕووخا، گیردانی ئایدیۆلۆژیای لینینیزم لە چەند ئەدەبیاتێکی حیزبیدا کە بەس بۆ رێکخستنی شانەی چەکدار بەکەڵک دێن نەوەک تێزە و تیۆرەی شۆڕشێکی فیکری بن، قێزکردنەوە لە مارکسیزم وەک کاردانەوە بۆ سەر هزری ئایینی، دێواندنی مارکسیزم وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەگەری بوونی دەوڵەمەند و بازرگان بە ئیدیاڵ لە فانتازی تاکەکەسەکاندا، تاوان و دڕندەییەکانی ستالین و کردنیان بە تاکە پەنجەرە بۆ هەڵسەنگاندنی دەرەنجامەکانی شۆڕشەکە، ئەمە جگە لە قەبەبوونی گوتاری کوردایەتی و نووستنی کۆمۆنیستە کوردەکان لە سایەیاندا وەک مرۆڤی بێکار و… هتد، لێ گرنگترینیان بەلای منەوە دەگەڕێتەوە بۆ نەزانی و ناشارەزایی تەواوی ئێمە لە سینەمای سۆڤێتی و بە تایبەتییش ئێزنیشتاین. ئێزنیشتاین بۆ زۆر بینەر و دەرهێنەر یا ڕەخنەگری هونەری ئێمە وا دەردەکەوێت دەرهێنەرێکی زۆر ساکار بێت، زۆر ڕووکەشی و ڕەمزی بێت، بەوەی کە جیهانێکی ڕەنگاوڕەنگ و پڕ لە ڕۆمانتیزم و گرتەی سێکسی و گۆرانی هیندی یا ڕاوڕاوێنی پۆلیسی نەبێت، هەر بۆیە ڕەنگە شایستە بە ئاوڕلێدانەوە و ئەو بایەخە زۆرە نەبێت، لە کاتێکدا بە ڕای من تێنەگەیشتن لە ئاڵۆزی و وردەکارییەکانی کۆکەرەستەی سینەمایی ئەو، هەروەها تاوانبارکردنی بە یەکێک لە مێژوونووسە دڵپاکەکانی کۆمۆنیزم (وەک ئەوەی خودی کۆمۆنیزم گوناه و هەڵە بێت) وای کردووە کە خەڵکی خۆی لێ بە دوور بگرێت.

باشترین فیلمەکانی ئێزنیشتاین (جگە لە ئیڤانی ترسناک) چونکە ڕەشوسپین، بێدەنگن، تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ سێ چارەکە سەدە لەمەوپێش، بەراورد بە هەژموونی فیلمی بریقەداری هۆلیودی و بولیودی و سینەمای تورکی و عەرەبی، وا وێنادەکرێن کە کلاسیکی بن و تەپوتۆزیان لێ نیشتبێت، بەڵام تێزەی ئێزنیشتاینی بۆ سینەما، بە تایبەتی دوای فیلمەکانی: (مانگرتن)، (زریپۆشی پۆتمکین) و فیلمە دۆکیومینتارییە بەناوبانگەکەی لەسەر شۆڕشی ئۆکتۆبەر، هەمیشە ئەوەمان بۆ دووپات دەکەنەوە کە لە بەردەم یەکێک لە داهێنەرە ئەفسووناوییەکانی مێژووی سینەماداین و سەرکێشییەکانیشی بەو بەرهەمە مێژووییەیەوە دیارن کە ناوی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ەیە و لەپاڵ ئارشیفکردنی سەرهەڵدان و هاتنی بەلشەڤیکەکاندا بۆ دەسەڵات، شتێکی زیاتری پێیە وەک هونەری سینەمای سۆڤێتی کە دەخوازێت پێمانی بڵێت.

بەر لەوەی بچینە سەر وردەکارییە هونەری و ئەفرێنەرەکانی فیلمەکەی ئێزنیشتاین دەربارەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، پێویستە کەمێک لەسەر چەمک و تێگەیشتنەکانی ئەو بۆ سینەما و فیلم بووەستین تا لە ڕێیەوە لە کارەکەی تێبگەین کە لە داگرتنەوەی مرۆڤ بە تۆپەڵێک گرتەی یەک لەدوای یەک و هوروژم و هێرشی کۆمەڵێک دیمەن لە فۆرمی بۆمبارانکردنی بینەردا، خۆی دەنوێنێت.


فیلمی(ئۆکتۆبەر: ئەو دە ڕۆژەی کە جیهانیان هەژاند)ی (سێرگی ئێزنیشتاین).

سینەمای ئێزنیشتاینی بۆ من دوورتر لە دەرهێنان و پێکەوەلکاندنی گرتەکان و بەرهەمهێنانی دیمەن لەبەر رۆشنایی یەک بونیادی ڕاستەهێڵی حیکایەتدا، دەڕوات. ئێزنیشتاین بەر لەوەی دەرهێنەری فیلم بێت، ئەنترۆپۆلۆژیستێکی لۆکاڵییە بەو مانایەی کە مالینۆڤسکی بە کاری دەهێنێت. لای مالینۆڤسکی ئەنترۆپۆلۆژیست هیچ نییە جگە لە چاودێریکارێکی بەشدار کە کار بە میتۆدی تێبینی بەشدارکەرانە (Participant observation)ی ئەو بابەتانە دەکات کە لێیان دەتوێژیتەوە و دەخوازێت ڕای خۆی لەسەریان بدات. ئەفسوونی ئەم میتۆدە کە بە بۆچوونی من لە کارەکانی ئێزنیشتایندا زۆر نائاگایانە کاری پێکراوە، لەو تایبەتمەندێتییەی داهێنان و توێژینەوەدایە کە هەم لەناو ڕووداوەکاندایت و هەم لە دەرەوەیشیانیت، هەم بەشێکیت لە دیمەنەکان، هەم چاودێریشی بەسەریانەوە: واتە بەردەوام لە ناو/دەرەوەی ئەو جیهانەدایت کە دەخوازیت وێنای بکەیت، ئارشیڤی بکەیت، سەرنجەکانی خۆتی لەسەر بڵێیت و بەو چاوەیش بیانبینیت کە هی خۆتن نەک لە دەزگایەک یان ئایدیۆلۆژییەکەت قەرز کردبێت (بێهودەیش نییە ڕەخنەیەکی زۆری ئەنجومەنی شۆڕشی ڕوسی لە ئێزنیشتاین ئەوەیە کە فیلمەکەی لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئەواندا نەبووە وەک مۆتیڤێک بۆ مۆبەلایز و وروژاندنی خەڵک).

تایبەتمەندێتی سینەمای ئێزنیشتاینی کە بەشێکی زۆری کارکردنە لەسەر مۆنتاژی زەینیانە بە مەبەستی پڕوپاگەندەکردن (وەک ئەوەی بەلشەڤیکەکان لێیان دەویست)، جەختێکی تەواویش دەکاتە سەر هەڵبژاردنی کاریگەرترین گرتە لە کۆی ڕووداوێک یان وێنە و دیمەنێکدا تا بتوانێت زیاترین کاریگەری سایکۆلۆژی لەسەر بینەر/وەرگرەکەی بەجێبهێڵێت. بە ڕای زۆربەی ڕەخنەگرانی سینەما، لە فیلمەکەیدا دەربارەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، ئێزنیشتاین بە چەشنێک ئالودە بە گرتەت دەکات، گرتەکانت وەک ئاگر تێبەر دەدات، جۆرێکی سۆزداری ئەوتۆ مۆنتاژیان دەکات و پڕوپاگەندەیان پێ دەکات کە ناتوانیت بە بینینیان، نەبیتە بەلشەڤیست، یاخود ڕاستتر بڵێین، ئێزنیشتاین بە بایەخدانی بە گرتە و داگرتنەوەی بینەر بە ڕێژنەی گرتە، کار لەسەر مێنتاڵتی و هزر دەکات و دەخوازێت دوچاری شۆکی بکات و ناچار بە بەرهەمهێنانی گرتەی تری بکات. سینەمای ئێزنیشتاینی کاردانەوەیەکی توندە بۆ لەناوبردنی سینەمای بۆرژوازی و خوڵقاندنی سینەمایەکی پرۆلیتاری کە ڕەنگە وەرگێڕانەکەی بە زاراوەی هونەری بریتی بێت لە: کۆتاییهینان بە هەژموونی تاکئەستێرەیی و تاکپاڵەوانی و گۆڕینی بە مۆدێلی پاڵەوانی دەستەگەل و جەماوەری. جەختکردنەوەی ئێزنیشتاین لەسەر کاریگەری دروستکردن و بایەخدان بە وروژاندنی هزر و مێنتاڵتی لەو دیدە تایبەتمەندەی ئەو بۆ سترەکتوری کاری سینەمایی جیاناکرێتەوە کە تا ڕادەیەک شیتەڵکردن و ئەتۆمیزەکردنەوەی سترەکتوری فیلمە بۆ خانەی ئەتۆمی بچووک بچووک. بونیادی سەرەکی بەرهەمی سینەمایی لای ئێزنیشتاین جۆرێک لە هیرارکیزمی خۆی هەیە کە دەکرێت بۆ پێنج رەگەزی سەرەکی دابەشیان بکەین: گرتە، وێنە، دیمەن، جەزرەبەڕووداو (شۆک) و دواجاریش فیلم. (بیگومان لێرەدا گرنگیدانی ئەومان بە چەمکەکانی وەک شوێن، سپەیس، چواردەور، کاتی لاوەکی و کاتی سەرەکی و… هتد، فەرامۆش نەکردووە).

لای ئەو، گرتە چکۆلەترین ڕەگەزی وێنەی سینەماییە کە بە کەڵەکەبوونیان وێنە بەرهەم دەهێنن، کەڵەکەبوونی وێنەکانیش دەبنە مایەی سەرهەڵدانی دیمەن، دیمەنەکانیش کە بەسەریەکدا دەچڕژێن، شۆک و ڕووداوی جەزرەبەئاسامان لا دەخوڵقێنن، کۆی هەموو ئەمانەیش بەسەریەکەوە دەبنە خەسڵەتە سەرەکی و گرنگەکانی ئەو یەکە تەواو و یەکگرتووەی دەکرێت بە فیلمێکی سەرکەوتوو، ناوی ببەین.

چەمکی گرتە لای ئێزنیشتاین هەستیارە، چونکە پێی وایە بەریەککەوتنی گرتەی یەکەم بە گرتەی دووەم دەبنە مایەی بەرهەمهێنانی گرتەی سێهەمی نادیار کە دەرەنجامی زەینی هەردوو یەکەم و دووەمیانە و بوونیانە بە مانا لەلای بینەر.

لە دیدی ئەودا، دیمەن بە تەنها پاشخانی زمان نییە، بەڵکو تەریب بە زمان و ئاماژەکان دێت و لە فۆرمی ئاوێتەبوونی هەندێک گرتەدا بەردەوام دەبێت. بەڵام خودی چەمکی گرتە لای ئێزنیشتاین هەستیارە، چونکە پێی وایە بەریەککەوتنی گرتەی یەکەم بە گرتەی دووەم (سەرباری ناکۆکی و تەباییەکانیان) دەبنە مایەی بەرهەمهێنانی گرتەی سێهەمی نادیار کە دەرەنجامی زەینی هەردوو یەکەم و دووەمیانە و بوونیانە بە مانا لەلای بینەر. بە کورتی، ئەو ڕای وایە کە دوو گرتە بەر یەک دەکەون، سێهەمیان زەینییە و بینەر خۆی دروستی دەکات، ئا لێرەیشەوەیە کە جەختێکی زۆر لە کارکردنی شۆکئامێزانەی گرتەی یەکەم و دووەم لە دیمەنەکانیدا دەبینین.

ئەم باسکردنە کورتە لە تایبەتمەندێتی کاری سینەمایی ئێزنیشتاینی بەو ئامانجە بوو تا بتوانین قسە لە فیلمە نیمچە ئارشیڤی/دۆکیومێنتارییەکەی دەربارەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بکەین، چونکە بۆ ماوەی کاتژمێریک و  چلوسێ خولەک ئێمە لە لایەن گرتەوە بۆمباران دەکرێین. فیلمەکە بێدەنگە، زۆر خێرا و شەپۆلاوییە، پاشتر (گریگۆری ئەلیکساندرۆڤ) کەمەکێک دەنگ و (دیمتری شۆستۆکڤیچ)یش موزیکی دەخەنە سەر، گەر ئەو چەند دێڕە کورتانە نەبێت کە جار جار وێستگە زەمەنی و ڕووداوە یەکاڵاکەرەوەکان لە یەکتری جیادەکەنەوە، ناتوانین وەک داستانێکی مێژوویی بیبینین، بەڵکە پتر وەک تۆمارکردنێکی زیاد لە پێویستی کۆمەڵە ڕووداوێک دێن کە گەر کەسێک شارەزای چیرۆکی شۆڕشەکە نەبێت کە بە ڕاپەڕینێکی بچوک دەست پێ دەکات و بە سەرکەوتنی بەلشەڤیکەکان کۆتایی دێت، مرۆڤ وێڵ و سەرلێ تێکچوو بە دیارییەوە دەکەوێت.

ڕاستە لاوازی تەکنیکی سینەمای ئەو دەمە و ئاسان کۆنترۆڵنەکردنی بڕینی وێنەکان و پێکەوەلکاندنی گرتەکان لە کارەکەی ئێزنیشتایندا کاریگەرییەکی نیگەتیڤیان کردۆتە سەر ئەوەی کە هەموو بینەرانی ئاسایی تاقەتیان نەبێت وەک فیلمێکی ڕژد و ئەفرێنەر لێی بڕوانن، بە تایبەتی کە هەندێکجار هەست دەکەیت سەیری فیلمەکانی چاپلن دەکەیت (بێ وروژاندنی زەردەخەنە): وێنە و گرتەکان لێت هەڵدێن، تاکەکەسەکان لە هەڵمەتبردنیاندا بۆ سەر پەیکەری سیزار و کۆشکەکان، لە شارە مێرولە و پۆلە هەنگ دەچن، دیمەنەکان بروسکەئاسان، جەختکردنە سەر سیماکان لە تیشک خێراترن و بەس سکانێکی دەستوبرد دەکەن. بەڵام بە ڕای من ئێزنیشتاین مەبەستیشیەتی تایبەتمەندێتی سایکۆلۆژی ئەو جۆش و خرۆش و هەڵچوونە سۆزدارییەی پێ بخوێنێتەوە کە لە دۆخی بەرخودان و هەڵکوتانە سەر ڕژێمێکدا خۆبەخۆ پەیدا دەبن و واقیعین. پەلەپەل و خێرایی گرتەکانی فیلمەکە کەموکوڕییەکی تەکنیکی سینەمایی نین، چونکە لە کۆی کارەکەدا زۆرترین بڕین، گرتە، گۆرینی گۆشەنیگا و زووم، هەروەها ڕووبەر و بەرزی و نزمی جیاواز دەبینین، هەندێک دیمەن ستوونین، تیایاندایە لەسەر لان، هەیانە لەژێرەوە بۆ سەرەوەن… هتد. ئەمە جگە لەوەی کە وەک لە سەرەتاوە باسمکرد، تێزەی سەرەکی ئێزنیشتاینی بۆ کاری سینەمایی کەمتر پابەندبوونە بە کرۆنۆلۆژیا و زنجیرەبەندی ڕووداوەکانەوە (بۆ نموونە گرتە هەیە کە لە سەرەتادا دەیبینین، لە نیوەی فیلمەکەیشدا دووبارە دەبێتەوە)، بەڵکو خولیای بەرهەمهێنانی زیاترین شۆک و ئایدیایە لە هزر و زەینی بینەردا تا بتوانێت خۆی مانای تری لێوە هەڵبهێنجێنێت. بێهودەیش نییە کە زۆرجار دەوترێت: سینەمای ئەو زەینییە و کاری لەسەر وەرزشکردنە بە مێنتاڵتی و هزری بینەر.

سینەمای ئێزنیشتاین زەینییە و کاری لەسەر وەرزشکردنە بە مێنتاڵتی و هزری بینەر.

فیلمەکەی ئێزنیشتاین ئەگەرچی ئارشیڤییە و یەکێک لە ئامانجەکانی گێڕانەوەی مێژووی شۆڕشی ئۆکتۆبەرە، لێ کورتکردنەوەی بۆ پلۆتێکی دیاریکراو (سەرەتا/ناوەڕاست.کۆتایی) زۆر مەحاڵە، چونکە ڕوپێوکردنێکی وردی زنجیرەیەک بەرخۆدان و پێکدادان و قاچاغ بوون و بوون بە بەرەی جوداجودایە کە بە ڕووخاندنی ئەلیکساندەری سێهەم دەست پێ دەکات و بە دەسەڵاتگرتنە دەستی لینین، کۆتایی دێت.

blank
سێرگی ئێزنیشتاین (١٨٩٨-١٩٤٨) دەرهێنەری سینەمایی ڕووسی

بە کورتی، بینینی دیمەن و گرتەکان لای ئێزنیشتاین لە گێڕانەوەی ڕووداوەکەدا لە چەند دیمەنێکی یەکاڵاکەرەوەدا نمایش دەکرێت:

تایبەتمەندێتییەکانی ئەم کارە بە وێنەکانی سەرەتایەوە دیارە کە زوومەکان لەسەر تفەنگەکانن، لەسەر قۆناغی تفەنگەکان و ڕمەکانیانن. وەک ئاماژەیەک بۆ هەژان و کوڵانی ململانێیەکی کۆن، هەزاران تفەنگ دەبینین بەو قەمانەوە کە بە لولەکانیانەوە بەندە لە خاک چەقێندراون، ئاماژەیەکی زۆر سایکۆلۆژی کە ئامادەمان دەکات بۆ بڵیسەسەندنی پزیسکی بەرخودانێکی توند کە بە ڕووخاندنی پەیکەرەکەی ئەلیکساندەری سێ دەست پێ دەکات و پەرەدەستێنێت. گرتەکان لە شۆڕشەکە خۆی خێراترن، لافیتەکان سپەیس و ئاسمانی ڕووسیایان داپۆشیوە، گوتاربێژەکان لەسەر مینبەرەکان کڵاشە دەکەن، خەڵکی هەژار و نەدار ئامادەباش بۆ راپەرین ڕیزیان بەستووە و گوێ کاریزماکانی وەک لینین و ترۆتسکی دەگرن.

جەختێکی زۆر لەسەر هەژموونی حەشامات و پڕکردنەوەی سپەیسە جوگرافیەکان (بە ئاسمانیشەوە) بە قەرەباڵغی جەماوەر و لافیتەکان دەبینین. یەکەم ژن دەبینین سوار سەری پەیکەرەکە دەبێت تا شلۆقی بکات، تا بە هاوەڵی هاوڕێکانی هەوڵبدات بیڕووخێنێت. سەرکەوتنی ئەو بەرخودانە ئەو کاتە دڵنیا دەکرێتەوە کە سەربازەکان دەبینین نانی دەمی خۆیان دەدەن بە یەکتری، دەست لەملانی یەک پێدەکەنن، پێکە ڤۆدگا بۆ یەکتری فڕ دەکەن، گەمە بەو خودە و کڵاوە سەربازیانە دەکەن کە لە لەشکرەکەی سیزار جێماون وەک ئاماژەیەک کە ئەم سوپایەی ئێمە هیرارکی و ژێر و ژووری تیانییە و هەموومان خەباتگێڕین.

وەک دابڕان لەو ڕووداوە، یەکەم مانشێتی دامەزراندنی حکومەتی کاتی دەبینین، هاوکاتیش تەقوتۆقی سەرهەڵدانەوەی جەنگ دەبیسترێت. مرۆڤەکان دەڕژێنەوە ناو خەندەق و ژێرزەمینەکان، نرخی نان گران دەبێت، برسێتی و زوقم و بەفر باڵ دەکێشن بەسەر کۆی دیمەنەکاندا.

 سێی ئەپریلی ١٩١٧ەیە، ئەلیانۆڤ (لینین) لە فینلاندەوە دەگەڕێتەوە، بەلشەڤیکەکان لە مێنشەفیکەکان جیادەبنەوە، لینین لە ڕۆژنامەی بڵێسە(ISKRA)ەوە سەرنجەکانی خۆی دەربارەی ڕاپەڕین دەنووسێت، دێتە سەر مینبەر، کڵاوەکەی بە دەستیەوە گرتووە و قسە بۆ خەڵک دەکات، باس لە قەیرانەکانی مۆنارکیزم و گرانی و برسێتی دەکات، ترۆتسکی دێتە سەر سکرین، پشتگیری لە لینین دەکات لە کۆنفرانسی حیزبدا، خەڵکی گاڵتەیان بە ڕێگەچارەی ئاشتییانەی مەنشەڤیکەکان دێت، لە سمۆلنی بە سەرپەرشتی خودی لینین، پلان بۆ لێدان لە مۆنارکیزم دادەنرێت، کۆشک دەگیرێت، کۆتایی بە مۆنارکیزم دێت، کۆشکەکە تاڵان دەکرێت، مناڵێک لەسەر کورسی و عەرشی پادشایەتی کە سیمبولە بۆ سۆسیالیزم و هاتنەئارای نەوەی نوێ، خەوی لێکەوتوە و بە دواگرتە کە پێشوازیکردنە بە چەپڵە لە لینین وەک ڕابەڕی شۆڕشەکە، فیلمەکە کۆتایی دێت.

وەک لە سەرەتایشەوە باسمانکرد، ئامانج لەم نووسینە بۆ ڕانانی فیلمەکە نییە وەک خۆی، هێندەی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ڕەخنەگرانی شۆڕشی ئۆکتۆبەرە تا لە گێڕانەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا فەرامۆشی نەکەن و هەمیشە وەک سەرمایەیەکی کولتووریی و کارێکی دانسقەی سینەمایی ئەرشیڤکاری شۆڕشەکە ببینرێت، وەک کارێکی ئەفرێنەرانەی بوێر کە زۆربەی گرتە پەڕیوە چەپیوەکانی ئەو شۆڕشەمان بیر دەخاتەوە و بە دیاریانەوە دەمانوەستێنێت: دەمانخاتە بەردەم ئەو گومانەی کە بپرسین: داخۆ هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی تری لەو چەشنە، لە سەدەی بیستویەکدا، مەحاڵ و ئەستەم بێت؟