کوکوختی و جەستە


بەسەر سێبەرە شکاوەکەمدا چەمابوومەوە، بۆنی دەسەسڕێکم دەکرد لەگەڵ پیربوونی جەستەی دایکمدا بووە نھێنییەکی سیحراوی.

ھەر لە مناڵییەوە لای خۆم پاراستبووم. کاتی خۆی نەمدەزانی ئەم پارچە پەڕۆیە بە تووڕەیی دووکەڵی جگەرەکانی باوکم و فرمێسکە بێچارەکانی دایکم، ڕۆژێک ھەر لۆچ دەبێ. پارچەیەک بوو لەو سەرپۆشە سپییەی دایکم لە کاتی نوێژکردندا بە کاری دەھێنا. لە گیرفانمدا دەمشاردەوە و نەمدەھێشت باوکم و مامۆستاکانم بیبینن. من ئەو پیاوەم کە لە ھەناسەکانی باوکی دەترسێت و پێی وایە ئەو ھەوا گەرم و دووکەڵاوییە، تونێلێکە جەستە سەلارەکەی دایکی تێدا بە کار دەھێنرێت و ھێواش ھێواش کون دەکرێت، دواییش بە گۆشەی ژوورێکی نیمچە تاریکدا تووڕ دەدرێ و بیر لەو کراسانە ناکاتەوە کە بە گەنجی لەنجەولاری پێوە دەکردن.

ئەو پیاوە بە منداڵی نەیدەزانی بڵێ:

«دایە جەستەت بۆچی ھێندە بێتاوانە؟

دایە ھێمنییەکەت بۆ ھێندە بەھێزە؟»

ئێستا بە دیار بوونەوەرێکی لاڵەوە ھەڵکوڕماوە و لە ژوورێکی کپدا، دەڕوانێتە دوو تابلۆی سەر دیواری بەرامبەری. بێدەنگە و دەڕوانێتە جەستە سکرابەکەی دایکی. پرسیار لە گۆشتە بەسەرچووەکەی دەکا… ھەر خۆیشی وەڵام دەداتەوە:

(شەوەکان لەودیو جەستەی دایکمەوە دیارن. شەوەکان بەشێکی زۆری گەنجێتی خۆیان لەنێو شەرم و پێچەکانی لەشیدا جێ ھێشت. من دەمەوێ شەوە زیندووەکانی دایکە مردووەکەم بخوێنمەوە، ئەو شەوانەی لای خۆی ئاسایی بوون.)

ئەو ڕۆژەی دوای کۆتایی وانە، زەنگەکە فڕێی دانە دەرەوەی ژوورە داخراوەکان، دەسەسڕەکەی دەرکرد و خستییە بەر ئاوێکی فێنک، گوشی… گوشی و ناوچەوانی خۆی پێ تەڕ کرد.

مناڵە چەتوونەکان بوونە کۆمەڵێک ھەنگی بێباڵ. یەکێکیان وتی:

«ئای لەو دەسەسڕە پیسە!»

کەچەڵەکەیان ھاواری کرد:

«ئەوە دایکێتی… ھا… ھا… ھا… ھا»

بە خۆیدا شکایەوە، حەزی دەکرد لەوکاتەدا دایکی ماچ بکا.

نەیزانی بۆچی پەڕۆکانی دایکی تاوانبارن و ئەم نەتوانێ بەرگری لە سەرپۆشە بۆر و ڕزیوەکەی بکا! ئەو پەڕۆ خوێناوییانەی ھاتەوە یاد کە ھەندێ جار دایکی وەکو شتی خەتەر ھەڵی دەگرتن و لە سووچێکی شاراوەی حەمامەکەدا حەشاری دەدان. کەچی تاخمی تەراشەکەی باوکی پێویستی بە کەلێن نەبوو. شتەکانی باوکی شانازییان بە دەرکەوتنی خۆیان دەکرد. لە پشتیانەوە دایکی و پەڕۆکانی بووبوون بە سێبەرێکی شەرمن. ئەم ئێستاش بەزەیی بە جووڵە قەدەغەکراوەکانی دایکیدا دێ. حەز دەکا وەک ئەو بێھێز و مەزن بێ.

ئافرەتی تابلۆی یەکەم سپیپۆشە. لەنێو شەپۆل و پرشەی ئاودا وەستاوە. لەوە دەچێ پرشەکان بەشێک بن لە جەستە و جووڵانەوەکانی. ژمارەیەکی زۆریش گوڵ و گژوگیای سەوز و تەڕ لەسەر جەستەی ڕواون. کوکوختییەک بە دڵنیایی لەسەر لێوی ئافرەتەکە مت بووە. کاتی خۆی دایکی حیکایەتی کوکوختی بۆ دەگێڕایەوە، ھەرگیز نەیدەزانی کە دەشێ باڵندەیەک لەسەر دەمی ئافرەتی تابلۆیەک ھەڵنیشێ!

ئێستا حەسوودی بەو شەوانە دەبا… شەوانی مناڵی و بیانوو، ئەو ساتانەی تاریکی، ھێمنی بە مرۆڤە چەنەبازەکانی ڕۆژ دەبەخشێ، ئەمیش دەخزایە نێو شەو و دایکییەوە، بۆنی ئۆقرە و حەکایەتی دەکرد.

«دەی دایە، حەکایەتی کوکوختییە گوناھەکانم بۆ بگێڕەوە»

«ئەوەی ھەر دەگریا؟»

«دایە، ئەو حەکایەتە بۆ باوکیشم دەگێڕیتەوە؟»

«….»

(جەستە مێیینەکان شەوان دەبنە دەریایەکی ھەڵاتوو و کەنارەکانی شێتیی لەشە تووکنەکان دادەپۆشن… دەبنە سێبەری ئاسنی تووڕە و برسی. تەنھا ئەو مناڵانەی لە شەواندا بێتاوانانە چەرچەفەکان لە قاچوقولی خۆیان دەئاڵێنن، دەتوانن لە متبوون و ئۆقرە بگەن. مناڵان نازانن کە شەوانە دایکەکانیان جێیان دەھێڵن، ئاگایان لە سەفەری ئاسن و ئاو نییە.)

چرکە بەسەرچووەکان ناگەڕێنەوە و ئامادەن. ئەو ڕۆژەی دایکی ویستی بۆ یەکەم جار چەند وشەیەکی خۆی ئاشکرا بکا، نەعلێکی لاستیک بە دەستی باوکییەوە بوو (نەعل وشە ڕاو دەنێ. دەستی دەماراوی دەبێتە لەمپەری ئاو.) نەعلەکە دایکی ڕاو نایە سەربانی شەوێکی زستان. باران… نەعل… سەربان… مناڵێک حەز ناکا دایکی ڕاو بنرێ. ڕۆژی دوایی، مناڵان لە پۆلەکەدا گاڵتەیان بە بێدەنگییەکەی کرد، ئەمیش ژمارە نووسراوەکانی سەر تەختەڕەشەکەی سڕییەوە و لە ناوەندیدا وێنەی کەرێکی شێواوی کێشا. پێش ئەوەی مامۆستا بێتە ژوورەوە، دارەکەی ھات. نێولەپەکان فوویان تێ کرا…

شەو     دار

سەربان     نەعلی لاستیک

پۆل     مامۆستا

(خەون و ڕووداوە نەبینراوەکان نابنە چیرۆکی ساف و ڕێکخراو، کێ دەتوانێ چیرۆکێک لەسەر ڕژانی ئاو بنووسێ؟)

«دەی دایە حەکایەتی کوکوختییە گریاوەکەم بۆ بگێڕەوە»

«ئەو کچەی ھەر دەگریا»

«….»

«ئاخر ئەو پیرەژنەی بەخێوی دەکرد زۆر دڵڕەق بوو. ھەموو ئیشە گرانەکانی پێ دەکرد. لە بەیانییەوە تاکو ئێوارە ئاوی پێ دەھێنا. ئەمیش لە ناوەوە دەگریا و لە دەرەوە بە خەندەوە کارەکانی ڕادەپەڕاند… تاکو… پووکایەوە.»

«دایە، پووکایەوە یەعنی چی؟»

تابلۆی دووەم تەنیا درەختێکی ڕووتەڵەی وشکەڵاتووە: دارتوویەکی بێگەڵا. دیارە نیگارکێشێکی کلاسیکی نەیکێشاوە بۆیە گەڵا زەردەکانی لەژێر درەختەکەدا ڕوو نەکردووە و ھێشتوویەتی ڕەشەبا بیڕفێنێتە دەرەوەی تابلۆکە و بەسەر قژە سپی و جەستە خەسارەکاندا بیپرژێنێ… (جەستە کڵۆڵەکان بە درێژایی تەمەنی لێکخشانیان لەگەڵ کات، لەگەڵ ئەو ژوورانەی تێیدا پێدەکەنن، بێئاگان لە پەککەوتن و کەمبایەخی ھەنگاوەکانیان. لە ھەر بەندەرێک تۆپەڵی ژیان و جلوبەرگی کۆن فڕێ دەدرێ.)

ڕەنگە ئێستا دایکی بە جلێکی شینەوە لە بەردەرگادا ھەڵکوڕمابێ، بڕوانێتە ئەو کچە گەنجانەی بەسەر شەقامەکەدا تێدەپەڕن و دڵیان بە جلە ھاوچەرخەکانیان خۆشە. ڕەنگە نەزانن ڕۆژێ دێ ئەوانیش وەکو دایکی ئەم لە بەردەرگای پیریی مات دەبن و دەڕواننە کچانی تر. تۆ بڵێی ئێستا ئەو بە بینینی کوکوختی و بیستنی دەنگە خەمبارەکەی، سیحری ڕۆژانێکی سپی دیدگای گەمارۆ بدات؟ ئەم لەنێوان پیاوەتییەکی درۆ و حەکایەتەکانی دایکیدا وەستاوە!

«ئەی دوایی؟»

«دوایی… پیرەژنەکە ھەر غەدری لێ کرد، تاکو کچە لە گریان وەستا و چاوەکانی وشک بوونەوە و… بزر بوو»

«چی لێ ھات؟»

نیوەڕوانی وەرزی ھاوین چێژێکی مناڵانەی ھەبوو، بەتایبەتی ئەو نیوەڕۆیانەی خۆی لە خاوی و تەمەڵیی خەو ڕادەپسکان و بە دەستووری مناڵانە لە بەرمیلە ئاوەکەی حەوشەیاندا نوقم دەبوو، شڵپ و ھوڕ ئاوی بە مریشک و جووجەڵەکاندا دەپژاند.

ئەو نیوەڕۆیەی بە دارلاستیک کوکوختییەکەی بریندار کرد و بەری دایەوە، دایکی بەپەلە ھاتە وێزەی و باڵندە بریندارەکەی لێ سەند.

«کوشتت؟»

«نازانم!»

«ھێشتا دڵی لێ دەدا… تەماشاکە چۆن سەیرت دەکا و دەگری.»

«خۆشی ناوێم؟»

«دەی بڵێ کوکوکو… بیبیسوو سو گیاترمە.»*

ھەرچەند بکات ناتوانێ ئەو ھەڵوێستانەی بیر بچێتەوە کە دایکی بە پریاسکەیەکەوە لە دەرگا ئاودیو دەبوو، ھەمان ڕۆژ بە تف و جنێوەوە دەرکرا. ئەم لە حەژمەتا چووە ژوورە تاریکەکە و خۆی بەسەر پەڕۆ کەڵەکەبووەکاندا دا. فرمێسک و لیک بە ڕووخساریدا داچۆڕا، بە قەمیسەکەی باوکی خاوێنی کردەوە.

ڕۆژی دوایی چووە لای دایکی، بینی بەدیار تەشتێک کەف و جلی چڵکنەوە دەگری و کراسەکەی خۆی دەلاوێنێتەوە. لاواندنەوە و فرمێسک و کەفەکان ڕووچوونە جۆگەلەکەوە. ھەمان جەستەی بێدەنگ، ھەمان جەستەی بێگلەیی، لەنێو کەفەکاندا قەتیس مابوو.

(ئافرەتی نێو تابلۆی یەکەمی ئەم چیرۆکە نیگارەکەی جێ ھێشت و باڵندەکەی لێویشی ھەڵفڕییە سەر لقێکی وشکی دارتووەکەی تابلۆی دووەم.)

«ئەی دوایی؟»

«کچەکە لە تاوا بزر بوو… دیار نەما.»

«مرد؟»

«نەء، بووە کوکوختی و ھەڵفڕی. لەسەر درەختێکی بەرز دەگریا و دەیوت: کوکوکو… کوکوکو…»

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

*ئەم ڕستەیە بە زمانی تورکمانی نووسراوەتەوە، واتە: “کوکوختی ئاو مەھێنە”. گۆرانییەکی مناڵانە و بە پێچەوانەوە دەوترێ.

سەرچاوە:ڕۆژنامەی (برایەتی)، ژمارە (١٥٩٤)ی ١٣/٣/١٩٩٣.