هەموومان لە مەترسیداین

دواهەمین گفتوگۆ لەگەڵ "پیەر پاولۆ پازۆلینی"

وەرگێڕانی: عومەر سەرگەتی

پازۆلینی چەند کاتژمێرێک بەر لە مردن چی گوت؟

ئەم چاوپێکەوتنە ڕۆژی شەمە یەکی تەشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٥ لەنێوان کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆ تا کاتژمێر شەشی ئێوارەی هەمان ڕۆژ ئەنجامدرا، واتە ڕێک چەند کاتژمێرێک بەر لە کوژرانی پازۆلینی.

پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکەم کە ناونیشانی ئەم گفتوگۆیە هەڵبژاردنی خودی پازۆلینی خۆیەتی نەک من.

بڕیار وابوو لە کۆتایی گفتوگۆکەدا کە وەک هەمیشە دەربارەی بابەتگەلێکی جیاواز، بە کۆمەڵێک دیدی ناکۆک گەیشتبووین، داوام لێکرد ئەگەر پێی خۆش بێت، خۆی پێشنارێک بۆ مانشێتی گفتوگۆکە بکات. کەمێک بیری کردەوە و وتی؛ مانشێت هیچ گرنگیەکی نییە، پاشان بابەتەکەی گۆڕی، بەڵام قسەکانمان گەیشتە شوێنێک کە چەندین جار لە درێژەی گفتوگۆکەدا پێی گەشتبووین. ئەو وتی: “ئەسڵی ڕووداوەکە هەر ئەمەیە، واتای هەموو شتێکە، ئێوە نازانن، ڕەنگە لەم چرکەساتەدا کەسێک بیر لە کوشتی ئێوە بکاتەوە، ئەگەر پێت خۆشە ئەم ڕستەیە بکە بە مانشێتی گفتوگۆکە:”هەموومان لە مەترسیداین“.

دەسەڵات هەمان ئەو سیستەمە پەروەردەییە کە دابەشمان دەکات بۆ دوو گرووپ؛ فەرماندەر و ملکەچ، هەر لەبەر ئەمەشە هەموومان شتگەلێکی یەکسانمان دەوێت و وەکو یەک ڕەفتار دەکەین، من تەواوی ئەو ئامڕازانەی کە لەبەر دەستمدان، بە کاریان دەهێنم بۆ هەر شتێک کە دەمەێت پێی بگەم، بۆچی دەمەوێت پێی بگەم؟ چونکە فێریان کردووم بەدەستهێنانی فەزیلەتە.

نۆستالژیای من ئەو خەڵکە هەژارەیە کە لە پێناو شکست پێهێنانی سەروەردا تێکۆشان و بەبێ ئەوەی خۆیان ببن بە سەروەرێکی نوێ، لەو شوێنەدا کە بێبەش بوون لە هەموو شتێک، خۆیان وەک ناکۆڵۆنیکراو مانەوە، من لەو شۆڕشگێڕە ڕەشپێستان هەراسانم، لەوانەی کە خۆیان شتێکیان لە گەورەکانیان کەمتر نییە و بە هەمان ڕادە ستەمکارن.

پرسیار: بەڕێز پازۆلینی، ئێوە لە وتار و نووسینەکانتاندا، بە شێوازی جیاواز درزێک دەکەنە هەرشتێکەوە کە نەفرەتی ئێوە جۆش دەدات. لەگەڵ شتگەلێکی زۆردا کەوتویتەتە جەنگەوە: لەگەڵ دەزگاکان و ئارەزووە جیاوازەکان، تاکەکان و چەمکی دەسەڵاتدا، من بۆ ئاسانکاری زیاتر، هەموو ئەمانە ناودەنێم “هەلومەرج” کە لە ڕاستیدا ئاماژەیەکی گشتییە بۆ تەواوی ئەو شتانەی کە لەگەڵیاندا جەنگاویت. ڕێگەم پێبدە هەر لەم سەرەتایەوە ڕەخنەیەک لە ئێوە بگرم، ئەم “هەلومەرجە” بە هەموو خراپییەکانییەوە کە ئێوە بە دووروودرێژی ئاماژەی بۆ دەکەن، هەندێک شتی هەیە بووەتە هۆی ئەوەی کە “پازۆلینی” ببێت بە پازۆڵینی. واتە تەواوی ئامادەگی و شایستەبوونەکان، تەواوی ئەو کەرەستانەی کە لەبەر دەستتدان، دەرئەنجامی ئەم “هەلومەرجەیە”، بڵاوکردنەوە، سینەما، ڕێکخراو، تەنانەت ئەو شتانەی کە سوودیان لێ وەردەگریت، ئەسڵەن وای دابنێ بیرکردنەوەت موعجیزەکارە و هەرشتێک کە ڕقت لێیەتی بەیەک ئاماژە لەناو دەچێت، ئەی دوای ئەوە چیتان بەسەر دێت، ئایا دەستبەتاڵ و تاک و تەنها  نامێننەوە لەم جیهانەدا؟

پازۆلینی: بەڵێ، تێدەگەم، بەڵام خاڵێک هەیە ئەوەیە کە من نەک تەنها هەوڵ دەدەم ئەو بیرکردنەوە موعجیزەکارە بەدەست بێنم، بەڵکو باوەڕیشم پێی هەیە. هەڵبەتە نامەوێت وەک ڕێگایەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهاندا بە کاری بهێنم، چونکە ئەزانم ئەگەر بەردەوام بە مێخێک لە دیوارێک بدەیت دواجار هەموو خانووەکە لە بنەڕەتەوە دەڕووخێت، ئارەزووی ڕادیکاڵ نموونەیەکی باشە بۆ ئەم بەراوردە: گروپی ناهەمەجۆر کە توانای ئەوەیان هەیە، تەواوی وڵاتێک هاوڕا بکەن لەگەڵ خۆیاندا. دەزانیت من هاوڕا نیم لەگەڵ هەموو بیر و بۆچوونەکانیاندا، بەڵام ئێستاش پاش تەواوبوونی گفتوگۆکەمان، دەمەوێت بڕۆم سەردانی یەکێک لە کۆنفراسەکانیان بکەم، لەمەش گرنگتر خودی مێژوو باشترین نمونەیە. چاودێری لە مێژووی کردەوەکانی مرۆڤدا کردەیەکی چارەنووسسازە، قەدیسەکان، زاهیدەکان و ڕۆشنبیرەکان، ئەو کەسە دەگمەنانەن کە مێژوو دیاری دەکەن، ئەوانەن کە وتویانە “نەخێر”. کەواتە ئەگەر بڕیار بێت جوڵەی ئێوە مانایەکی هەبێت، ئەوا چاودێریش دەبێت، گەورە، فراوان و گشتی، “ئەپسێرد” و بە ڕووکەش ناپەسەند بێت. ناتوانین ئەوە بیبەستین بە شتێک یا بە دوو شتەوە، ئایشمان کۆمەڵە هەست و بیرکردنەوەیکی زۆر باشی هەبوو، بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە، ئەی کەموکوڕی لە چ شتێکدا هەبوو؟ ئەو هەر لە سەرەتاوە، کاتێک یەک بیرۆکرات و جێبەجێکارێکی سادە بوو، نەیتوانی بێ چەندوچوون و ڕاستەوخۆ بڵێ “نەخێر”. ڕەنگە بە دۆستە نزیکەکانی خۆی وتبێت “من ئەم هیلمرەم زۆر خۆش ناوێت”. دەکرێت بەو شێوەیەی کە مرۆڤەکان لە نووسینگەی بڵاوکردنەوە و نووسینگەی ڕۆژنامە یا ژووری هەواڵ، دەربارەی کەسێک یاشتێک ڕاوبۆچونێک دەردەبڕن، لەژیر لێوەوە ناڕەزایەتییەکی دەربڕیبێت، یا ڕەنگە لەو حاڵەتەدا کە شەمەندەنەفەرەکان کە ڕۆژی تەنها یەکجار دەوەستن بۆ نان و ئاو خواردنی دوورخراوەکان، ناڕەزایەتی دەربڕیبێت، بەڵام هەرگیز هەوڵی نەدا ئەو ماشێنە ڕابگرێت. کەواتە لێرەدا سێ گرفت دێنەئاراوە: ئەوەی ئێوە ناوی دەنێن “هەلومەرج” چییە؟ بۆچی دەبێت ئەو “هەلومەرج”ـە ڕاست بکەینەوە یا وێرانی بکەین و بە چ شێوەیەک؟.

بیهێننە پێشچاوتان چەن سەیرە ئەگەر لەم کاتەدا کە بە یەکەوە قسە دەکەین کەسێک لە ژێرزەمینەکەدا پیلانی کوشتمان دابڕێژێت؟ سادەیە، زۆر سادەیە

پرسیار: باشە، کەواتە خۆتان پێناسەی “هەلومەرج” بکەن، خۆتان باشتر دەزانن ڕوانین و زمانتان وەک ئەو خۆرە وایە کە لە گەرد و غوباردا ئەدرەوشێتەوە، وێناکردنێکی جوانت وەسف کرد، بەڵام هەندێک لایەنی هێشتا بۆ من تەمومژاوییە.

پازۆلینی: سوپاسی ئێوە دەکەم بۆ بەکارهێنانی دەستەواژەی ڕۆشنایی خۆر، بەڵام دەبێت لێڕابینینتان کەم بکەنەوە، تەنها شتێک کە دەمەوێت بیڵێم ئەمەیە، سەیری دەوروبەری خۆتان بکەن و پەی بە تراژیدیاکە ببەن، تراژیدیا چییە؟

تراژیدیا ئەوەیەکە چیتر هیچ مرۆڤێک لە جیهاندا نەماوەتەوە: تەنها ئەو لۆکۆمۆتیڤە[1] غەریبانەن کە جیهانیان تەنیوە و کاتێک ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە ئێمەی ڕۆشنبیر سەیری ڕێسا و دەستوری لۆکۆمۆتیڤە کۆنەکان دەکەین و دەڵێین: سەیرە کە ئەو فارگۆنانە کاریان بەم شوێنە گەیشتووە، چی بووە بەم شێوەیە بەیەکدادەدەن، یا شۆفێرەکەی عەقڵی لەدەست داوە یا تاوانکارە، یا وردتر بڵێم، هەموو ئەمانە جگە لە بۆسەیەک شتێکی زیاتر نییە. هەموومان بە تایبەت پێشوازی لەو بۆچوونە دەکەین کە بۆسەیەک لە ئارادایە، چونکە باری سەنگینی ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ حەقیقەتدا لەسەر شانی ئێمە لادەبات. بیهێننە پێشچاوتان چەن سەیرە ئەگەر لەم کاتەدا کە بە یەکەوە قسە دەکەین کەسێک لە ژێرزەمینەکەدا پیلانی کوشتمان دابڕێژێت؟ سادەیە، زۆر سادەیە و لە ڕاستیدا جۆرە بەرگرییەکیش هەر هەیە، لە کۆتاییدا چەند کەسێک لە دۆستەکانمان لەدەست دەدەین، بەڵام سەرئەنجام هێزەکانمان کۆدەکەینەوە و هێرشیان بۆ دەکەین، کەمێک دەبێتە بەشی ئێمە و کەمێکیش دەبێتە بەشی ئەوان. دەزانم ئەوانە کاتێک لە تەلەڤزیوندا پاریس دەبینن لەناو ئاگری جەنگدا دەسووتێت، بە چاوی پڕ فرمێسکەوە تەنها ئارەزووی ڕۆژێک دەکەن کە خۆزگە مێژوو جارێکی تر دووبارە ببێتەوە بەڵام  ئەمجار جوانتر و باشتر. زەمەن هەر وەکوو دیواری ماڵێکی بەر باران، ئاوا مێژوو پاک دەکاتەوە، هەر زۆر سادەیە من لەمبەری ڕووداوەکانەوەم و ئێوەش لە لایەکی دیکە. وەرن ئەو ئازار و خوێن و تێچوونەی کە خەڵکی دەیاندا تا دەرفەتی “هەڵبژاردن”یان هەبێت، بە جیدی وەربگرین، کاتێک کەسێک پشت بکاتە ئەو کاتژمێر و چرکەساتە تایبەتانە لە مێژوودا، هەڵبژاردن هەمیشە دەگۆڕێت بۆ تراژیدیا. بەڵام دەبێت دان بەوەدابنێین ئەم کارە لەو کاتە ئاسانتر بوو. هەر مرۆڤێکی ئاسایی بە ویژدان و ئازایەتی خۆی دەیتوانی یەک فاشیست یا یەک نازی لە ژیانی خۆی بکاتە دەرەوە، بەڵام ئەمڕۆ هەلومەرجەکە جیاوازە، ڕەنگە کەسێک لە بەرگی دۆستێکی زۆر پاک و ڕاستگۆیانەدا بێت بۆ لاتان لە کاتێکدا “هاوکارێک” (یا بۆ نموونە کارمەندێک بێت لە کەناڵێکی تەلەڤزیونیدا)، یەکەمین تێبینی ئەوەیە کە ڕەنگە بۆ دابینکردنی بژێوی خۆی بێت، ئەگینا پێناچێت زیان بە هیچ کەسێک بگەیەنێت. کەسانێک، یا گروپ گەلێکی جیاواز هێرشتان بۆ دەهێنن، بە خواستنی باجە ئایدیۆلۆژیاکانیانەوە، بە پەند و ئامۆژگارییەکانیانەوە، بە لەعنەت و نەفرەتەکانیانەوە، کە لە ڕاستیدا هەمووی جگە لە هەڕەشەکردن شتێکی تر نییە. هەر یەکەیان بە ئاڵا و دروشمێکەوە دێنە سەر جادەکان، بەڵام بە ڕاستی چ شتیک ئەوانە لە دەسەڵات جیادەکاتەوە؟

دەسەڵات هەمان ئەو سیستمە پەروەردەییە کە دابەشمان دەکات بۆ  دوو گروپ؛ فەرماندەر و ملکەچ

پرسیار: کەواتە دەسەڵات لای ئێوە چیە؟ لەکوێیە؟ خەڵکی چۆن دەبنە هۆی ئەوەی دەسەڵات خۆی پیادە بکات؟

پازۆلینی: دەسەڵات هەمان ئەو سیستمە پەروەردەییە کە دابەشمان دەکات بۆ  دوو گروپ؛ فەرماندەر و ملکەچ، بەڵام بە هەر حاڵ ئەوە سیستمێکە کە کەسایەتی هەموومان پێکدەهێنت، لە چینی حوکمڕانەوە بیگرە تا هەژارترین کەس، هەر لەبەر ئەمەشە کە هەموومان شتگەلێکی یەکسمان دەوێت و وەکوو یەک ڕەفتار دەکەین. من ئەگەر دەستم بگاتە ئەنجومەنێکی جێبەجێکار یا فرتوفێڵەکانی بازاڕی پشکپشکێنە ئەوا سوودیان لێوەردەگرم، بەدەر لەمە ئەو ئامڕازانەی کە لەبەر دەستمدان بە کاریان دەهێنم بۆ هەر شتێک کە دەمەوێت بەدەستی بهێم، بۆچی دەمەوێت ئەو شتە بەدەست بهێنم؟ چونکە فێریان کردووم کە بەدەستهێنانی ئەو شتە، فەزیلەتە. من تەنها لە مافی فەزیلەتەکانم سوود وەردەگرم، من یەک بکوژم، بەڵام مرۆڤێکی باشم.

پرسیار: ئێوە تاوانبار دەکەن بەوەی کە ناتوانن لەنێوان پرسی سیاسی و پرسی ئایدیۆلۆژیدا جیاوازی بکەن.

پازۆلینی: کاتێک لەبارەی جوڵەی لوکوموتیڤەکانەوە قسەم دەکرد، دروست مەبەستم ئەمە بوو، ئایا تا ئێستا سەرنجتداوە لە بووکەڵەکانی چادرگەی یاری شەو (بووکەڵەکانی جەژنی هالۆوین)، کە منداڵەکان بە ڕاستی دەخەنە پێکەنین، چونکە جەستەیان لەلایەکە و سەریان لە لایەکی ترە، پێم وایە  توتو(ئەکتەری ئیتالی) لە ئەنجامدانی ئەم کارەدا بە تەواوی پسپۆڕ بوو. من ڕۆشنبیران، کۆمەڵناسان و پسپۆڕان و ڕۆژنامەنووسان، کە هەڵبەتە نیازێکی باڵایان هەیە، بەو شێوەیە دەبینم. هەموو ڕووداوەکان لێرەدا ڕوودەدەن و سەریان بە ئارەستەیەکی دیکەدا سوڕاوە. من ناڵێم چیتر فاشیزم بوونی نییە، قسەی من ئەوەیە، کاتێک ئێمە لە کوێستانەکانین باسی دەریام بۆ مەکەن. ئەمە روانگەیەکی جیاوازە، لێرەدا ئارەزووی کوشتن شەپۆل ئەدات و هەر ئەم ئارەزووەیە کە چارەنووسی ئێمەی وەک برایانی شووم لە شکستی شوومی سیستمێکی کۆمەڵایەتی گەورەدا بەیەکەوە گرێداوە. منیش پێم ناخۆش نەبوو، کە مەڕی ڕەش لە مێگەلەکەی داببڕم، منیش ئەو مەڕە ڕەشانە دەبینم، ژمارەشیان کەم نییە، بەڵام بە هەمان شێوە کە بە مۆراڤیاشم گوت گرفتەکە لێرەدایە: بۆ ئەو ژیانەی کە گرتومەتە بەر پێویستە  خەرجیەکیشی بدەم. ئەمە وەک کەوتنە ناو دۆزەخ وایە، بەڵام کاتێک بگەڕێمەوە، هەڵبەت ئەگەر ئەوە ڕووبدات، ئەوا شتگەلێکی زۆرم بینیوە، شتگەلێکی ئێجگار زۆر، من نامەوێت ئێوە باوەڕ بە قسەکانم بکەن، بەڵام تەنها ئەوە بزانن کە هەمیشە لە دۆخێکدان کە دەتانەوێت بابەتەکە بگۆڕن، بۆ ئەوەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی حەقیقەت دووربکەونەوە.


“پیەر پاولۆ پازۆلینی”(١٩٢٢-١٩٧٥) شاعیر و نووسەر و دەرهێنەری سینەمایی ئتالیایی

پرسیار: ئەو حەقیقەتەی باسی دەکەن چییە؟

پازۆلینی: ببورە نەدەبووایە ئەو وشەیە بەکار بێهێنم، ئەو شتەی کە دەمویست بیڵێم، بەڵگەکان”evidence” بوو.

ڕێگەم بدەن سەرلەنوێ هەموو بابەتەکان یەک لە دوای یەک ڕێکبخەینەوە: یەکەم، تراژیدیا: سیستەمی پەروەردەی گشتی، زۆرەملێ و هەڵەیەکە کە هەموومان دەباتە ناو فەزایەکەوە تێیدا دەبێت هەرشتێک کە دەمانەوێت بە هەر نرخێک بێت بەدەستی بهێنین. هەموومان وەک سوپایەکی تاریک و نامۆ، تۆپە جەنگییەکان و هەموو چەکەکانی تر هەڵدەگرین و لەو فەزایەدا دەمانخاتە ڕێ. لەم ڕووەوە یەکەمین پەرتەوازەیی لە سوپایەکی وەهادا ئەمەیە کە “لەتەنیشت لاوازەکاندا بمێنیتەوە”، بەڵام من باوەڕم وایە هەموومان بە جۆرێک لە جۆرەکان لاوازین، چونکە هەموومان قوربانین، هەموومان گوناهبارین، چونکە هەموومان ئامادەین بچینە ناو شەڕی تاوانکارانەی موڵکایەتییەوە، چونکە ئێمە فێری، خاوەندارێتی و موڵکایەتی و وێرانکردن بووین.

پرسیار: ڕێگەم پێ بدەن بچمەوە سەر پرسیاری یەکەمم، ئێوە بە شێوەیەکی جادووئاسا هەموو شتێک وێران دەکەن، بەڵام خودی خۆتان بە کتێب زیندوون و ئەو خەڵکە ڕۆشنبیرەشتان دەوێت کە کتێب دەخوێننەوە. بۆ نموونە، بەرخۆرانی پسپۆڕ لە بورێکی ڕۆشنیریدا، بەڕێزت فیلمسازێکیت و بەو هۆیەوە شوێنێکت پێویستە بۆ جێبەجێکردنی هونەرەکەت (بەڕێزت زۆر سەرکەوتوویت و بینەرەکانت تامەزرۆیانە دەتکەنە بابەتی بەرخۆری خۆیان)، بەڵام بە تەواوی پێویستت بە کەرەستە هونەرییەکان، کەرەستە ئیداری و پیشەسازییەکان هەیە لەو نێوەندەدا، ئەگەر بەڕێزت هەموو ئەوانە بە گۆشەنشینییەکی جادووئاسا لەناو بەریت، ئیتر چ شتێک دەمێننتەوە؟

پازۆلینی: هەموو شتێک، من ئەو شتەم کە دەمێنێتەوە، بە زیندوو بوونم، بە هەبوونم لە جیهاندا، شوێنێک بۆ بینین، کارکردن و تێگەیشتن، سەدان ڕێگە بۆ گوتنی چیرۆکەکان، گوێگرتن لە زمانەکان، بەرهەمهێنانەوەی گوتراوەکان، یاری بووکەڵەکان هەیە و وەک پێویست بۆ ئەوانی دیکەش دەمێنێنتەوە. ئەوانیش دەتوانن پێ بەپێی من پێش بکەون، بە پاشخانی ڕۆشنبیرێکی وەک من، بە نەخوێنەوارێکی دواکەوتووی وەک من، جیهان گەورەتر و فراوانتر دەبێت، هەموو شتێک هی ئێمەیە و هیچ پێویست ناکات لە بازاڕی پشکەکان، سوود لە ئەنجومەنی جێبەجێکردن یا کەرەستەکان ببینین بۆ تاڵانکردنی یەکتری. دەزانیت لەو دنیایەدا کە خەونمان پێوە دەبینی، دەوڵەمەندێکی دەسەڵاتداری ترسناک هەبوو، بە کڵاوێکی سیلێندەرییەوە و لەگەڵ ئەو دۆلارانەدا کە لە گیرفانەکانییەوە دەیڕژاند و بێوەژنێکی لاوازیش کە لەگەڵ منداڵەکانیدا سواڵی دەکرد. ڕێک وەک ئەو شتەی کە لە دنیای جوانی برێختدا دەکرێت بیبینین.

نۆستالژیای من ئەو خەڵکە هەژارەیە کە لە پێناو شکست پێهێنانی سەروەردا تێکۆشان و بەبێ ئەوەی خۆیان ببن بە سەروەرێکی نوێ

پرسیار: دەتەوێت بڵێیت دڵتان بۆ ئەو دنیایە تەنگ بووە؟

پازۆلینی: نەخێر، نۆستالژیای من ئەو خەڵکە هەژارەیە کە لە پێناو شکست پێهێنانی سەروەردا تێکۆشان و بەبێ ئەوەی خۆیان ببن بە سەروەرێکی نوێ، لەو شوێنەدا کە بێبەش بوون لە هەموو شتێک، خۆیان وەک ناکۆڵۆنیکراو مانەوە، من لەو شۆڕشگێڕە ڕەشپێستانە هەراسانم، لەوانەی کە خۆیان شتێکیان لە گەورەکانیان کەمتر نییە و بە هەمان ڕادە ستەمکارن و هەر شتێکیان بوێت بەهەر نرخێک بووە بەدەستی دەهێنن. ئەو خۆپشاندانە تاریک و خەمهێنەرە، لە پەیوەندیدا بە توندوتیژییەکی تەواوە، ئەو دەستنیشانکردنە ئاڵۆزتر دەکات کە هەر کەسێک سەر بە چ لایەنێکە. دڵنیابە من نە سەرزەنشتی مەبەست و ئامانجەکان دەکەم و نە پەیوەندیم بە زنجیرەی هۆکار و بەرهۆکارەوە هەیە: یەکەم ئەوان یان ئەو، یا خود چ کەسێک کەمتەرخەمی یەکەمە. پێم وایە ئەوەی ئێوە ناوی دەنێن “هەلومەرج” پێناسەم کرد. وەک ئەوە وایە لە شارێکدا باران ببارێت و ئاوەڕۆکان هەموویان گیرابن. ئاو هەڵدەکشێ بەڵام ئاویش هیچ گوناهێکی نەکردووە، ئاوی بارانە، نە هەڵچوونی دەریای هەیە و نە توڕەیی لافاوی ڕووبار، بەڵام بە هەر هۆکارێک کە هەیە، ئەو ئاوە لە بری ئەوەی ڕۆبچێتە خوارەوە،  هەستاوە و هاتووەتە سەرەوە. ئەمە هەمان ئەو ئاوەیە کە لە  شیعرە بێ ئەزموون و گۆرانییە میللیەکاندا دەیبینین؛ وەک “گۆرانی وتن لەژێر باراندا”. بەڵام دواجار ئەو ئاوە هەڵدەکشێ و هەمووان نغرۆ دەکات. ئەگەر ئێمە لە شوێنێکی وەهادا وەستاوین، من دەڵێم وەرن با کاتتمان بە شتی لاوەکی بە فیڕۆ نەدەین، وەرن ڕامێنین چۆن پێش ئەوەی هەموومان نوقم بین، بتوانن ئەم حەوزه بەتاڵ بکەینەوە.

blank
تەرمی پازۆلینی لە باوەشی بازۆلینی، کارێکی هونەری لەسەر دیوارێکی شاری ڕۆما

پرسیار: بۆ گەیشتین بە دنیایەکی وەها، دەتەوێت هەمووان شوانکارەی نەزان و نەخوێنەوار و دڵخۆش بن؟

پازۆلینی: ئەو جۆرە قسەکردن و گوزارشت لێکردنە پوچ و بێمانایە، بەڵام سیستمی پەروەردەیی بەو شێوەیەی کە هەیە، تەنها دەتوانێت  گلادیاتۆرە ڕیشەکێشکراوەکان پەروەردە بکات. خەڵکی عەوام لە گەشەکردندان، دروست وەکو توڕەیی و ڕیشەکێشکردن. گریمان من هەڵچوونێکی لەناکاوم کردووە(هەڵبەتە خۆم وا بیر ناکەمەوە)، ئەی ئێوە چۆن، ئێوە پێشنیارێکی دیکەتان هەیە؟ هەڵبەتە من، حەسرەتی شۆڕشێکی پاک و بێگەرد دەخۆم، کە بە ڕابەرایەتی خەڵکانی ستەمدیدە بەرپا ببێت و تەنها ئامانجیان ئازادبوونی خۆیان و گرتنەدەستی هەڵبژاردنی ژیانی خۆیان بێت و هەڵبەتە هێشتا سەد ئەوەندەی تر هەوڵی خۆم دەدەم کە ڕوودانی چرکەساتێکی وەها لە مێژووی ئیتالیا و جیهادا بەرقەرار بێت. باشترین وێناکردنیک کە هەمە، تەنانەت ڕەنگە ئیلهام بەخشی یەکێک لە شیعرکانم بێت لە ئایندەدا، بەڵام نەک ئەوەی دەیزانم و دەیبینم. دەمەوێت زۆر سادە و ڕوون بڵێم: من دەچمە دۆزەخ و ئەو شتانە دەبینم کە ئاسایشی ئەوانی دی تێک نادات، بەڵام ئاگادار بن، ئەوە ڕاستە کە دۆزەخێکی وەها لە خەونە تایبەتەکانی خۆم و لە ئاراستەکردنی تایبەتی خۆمدایە(هەندێک کات). بەڵام ئەوەش ڕاستە، کە نیاز و ئارەزووی ئەوە بۆ نموونەی بەراوردکردن، بۆ هێرش و دەستدرێژی، بۆ کوشتن، بەهێز و سەرتاپاگیرە. ئەزموونی بێوێنە و پڕ لە مەترسی ئەوانەی کە “ژیانێکی پڕ توندووتیژی”یان بەسەربردووە تا ماوەیەکی دورودرێژ لە ئارادا نابێت. فریو مەحۆن، ئێوە لەگەڵ سیستەمی پەروەردەیی، لەگەڵ تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامە ئارامبەخشەکانتان گەورەترین بەرگریکاری ئەو سیستمە تۆقێنەرەن کە بەندە لەسەر موڵکایەتی و ئایدیای وێرانکردن. خۆشبەختانە دیارە ئێوە کاتێک دەتوانن تاوانێک بە وەسفکێکی جوان دابڕێژنەوە خۆشحاڵ دەبن، ئەوە لای من بە یەکێکی تر لە کارەکانی کولتووری جەماوەری، دەژمێردرێت. لەو شوێنەدا کە ئێمە ناتوانین ڕێ لە هەندێک ڕووداو بگرین، بە بەئەرشییفکردنیان خۆشحاڵ دەبین.

پرسیار: بەڵام وێرانکردن بەواتای خولقاندیش دێت، مەگەر ئەوەی کە خۆشتان وێرانکار بن. بۆ نموونە، کتێبەکان چیان بەسەردێت؟ خودی خۆم نامەوێت یەکێک لەو کەسانە بم کە لە دەستدانی کولتوور زیاتر نیگەرانیان دەکات تا لە دەستدانی خەڵک. بەڵام لە وێناکردنی ئێوەدا  ئەو خەڵکە لە جیهانێکی جیاوازدا، چیتر ناتوانن مرۆڤی سەرەتایی بن(کە زۆربەی جار بە دیدێکی وەها ئێوە تاوانبار دەکەن)، ئەگەر ئێمە نەمانەوێت کەسانی “پێشڕەوتر” سەرکوت بکەین…

پازولینی: ئەوە من وێران دەکات.

بۆ ئێوە و ئەوانیش، ڕووداو کاتێک ڕوودەدات کە بگۆڕێت بۆ هەواڵ، یا بە جوانی داڕێژرا بێت، یا مانشێتێکی سەرنجڕاکێش و کۆکراوەی تایبەتی هەبێت. بەڵام لەپشتی هەموو ئەوانەوە چی هەیە؟ لەو نێوەندەدا شوێنی یەک نەشتەرگەر خاڵییە، کەسێک کە زاتی ئەوەی هەیە چاو بەو تۆڕە چنراوەدا بخشێنێتەوە و بە دەنگی بەرز ڕایبگەیەنێت: بەڕێزان، ئەمە شێرپەنجەیە

پرسیار: ئەگەر نەمانەوێت پشت بەو گرفتانە ببەستین کە پشتگوێ خراون، دەبێت سەرەداوێک لە ئارادا بێت، بۆ نموونە، لە چیرۆکە زانستییە-خەیاڵییەکاندا، دروست وەکو نازیزم، کتێب سووتاندن هەمیشە هەنگاوی یەکەمە لە کۆمەڵکوژیدا، کاتێک دەرگای قوتابخانەکان هەڵچنیت و تەلەڤزیۆن دابخەیت، چۆن ژیان بە جیهانەکەتان دەبەخشن؟

پازۆلینی: گومانم هەیە دەربارەی ئەو بابەتە لەگەڵ مۆراڤیا قسەمان کردبێت. ڕەتکردنەوە یا وێرانکردن لە زمانی مندا واتە “گۆڕانکاری”. بەڵام گۆڕانی بنچینەیی و سەرتاسەری بەو جۆرەی کە هەلومەرج لە ئێمەی دەوێت. ئەو لەمپەرە گەورەیەی کە لە ڕێگەی دروستکردنی دیالۆگێکی واقیعی لەگەڵ مۆرافیا، یا بۆ نموونە لەگەڵ فێرپودا هەیە، ئەوەیە کە ئێمە دوو ڕوانینی جیاوازمان هەیە، خەڵکانێکی یەکسان ناناسین و دەنگی یەکسان نابیستین، بۆ ئێوە و ئەوانیش، ڕووداو کاتێک ڕوودەدات کە بگۆڕێت بۆ هەواڵ، یا بە جوانی داڕێژرا بێت، یا مانشێتێکی سەرنجڕاکێش و کۆکراوەی تایبەتی هەبێت. بەڵام لەپشتی هەموو ئەوانەوە چی هەیە؟ لەو نێوەندەدا شوێنی یەک نەشتەرگەر خاڵییە، کەسێک کە زاتی ئەوەی هەیە چاو بەو تۆڕە چنراوەدا بخشێنێتەوە و بە دەنگی بەرز ڕایبگەیەنێت: بەڕێزان، ئەمە شێرپەنجەیە و بێ مەترسیش نییە. شێرپەنجە چییە؟ شتێکە کە لەناو هەموو خانەکاندا پشێوییەک دروست دەکات و کارێک دەکات کە بە شێوەیەکی شێواو‌ و پەرێشان گەشە بکەن، بەبێ هیچ لۆژیکێکی لە پێشینە. ئایا تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجە، کە خەون بە جەستە تەندروستەکەی پێشترییەوە دەبینێت تووشی نۆستالژیا بووە، تەنانەت ئەگەر پێشتر گەمژەیەک یا بەدبەختێک بووبێت؟ بەر لە هەموو شتێک، پێویستە ئەو کەسە هەوڵێکی فیداکارانە بدات، تا ئەو وێناکردنە پێشووەی دووبارە بسازێنێنتەوە. من گوێ لە هەموو سیاسەتمەدار و ڕێگاچارە بچووکەکانیان دەگرم و ئەمەش من شێت دەکات. دەڵێی نازانن دەربارەی کام وڵات ئەیانەوێت قسە بکەن، وەک بڵێیت لە ئەستێرەیەکی دیکەدا دەژین. ئەم فەزایە بۆ نووسەرەکان و کۆمەڵناسەکان و پسپۆڕە جۆراوجۆرەکانیش هەر ڕاستە.

هەموو کەسێک دەزانێ کە خودی خۆم تێچوونی ئەزمونەکانی خۆم دەدەم

پرسیار: بۆچی پێتوایە کە هەندێک لە شتەکان بۆ ئێوە ئەوەندە ڕوون و بەڵگەدارن؟

پازۆلینی: چیتر نامەوێت لەبارەی خۆمەوە قسە بکەم، ڕەنگە تا ئێرەش زۆر قسەم کردبێت، هەموو کەسێک دەزانێ کە خودی خۆم تێچوونی ئەزمونەکانی خۆم دەدەم، بەڵام کتێب و فیلمەکانیشم هەن. ڕەنگە هەڵە بم، بەڵام دووبارەی دەیڵێمەوە: ئێمە هەموومان لە مەترسیداین.

پرسیار: پازۆلینی، ئەگەر ئێوە بەمجۆرە ژیان دەبینن، نازانم وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە یا نا، چۆن ئومێدت هەیە پێش بەو مەترسییە بگریت؟

(کات درەنگە پازولینی چراکانی دانەگیرساندووە و یاداشت کردن دژوارە، چاوێک بەوەدا دەخشێنینەوە کە نووسیومانە، پاشان ئەو داوام لێدەکات کە پرسیارەکانی بدەمێ و لای خۆی بن)

پازۆلینی: هەندێک لە دێڕەکان تا ڕادەیەک پچڕ پچڕ دێنە پێشچاو، ڕێگەم پێ بدەن چاوێکیان پێدا بخشێنمەوە و زیاتر بیریان لێ بکەمەوە، ماوەم پێ بدەن تا دوا پێداچونەوەی بۆ بکەم، بۆ پرسیارەکەتان وەڵامێک لە زەینمدایە، من بە نووسین ئاسودەترم تا بە قسەکردن، سبەینێ بەیانی نووسینەکە و زیادکراوەکانیت بۆ دەگەڕێنمەوە.

ڕۆژی داواتر، واتە ڕۆژی یەکشەممە، تەرمی پازۆلینی لە ساردخانەی پزیشکی دادوەری بنکەی لێکۆڵینەوەی ڕۆما بوو.


[1]لۆکۆمۆتیڤ: ئەو فارگۆنەیە کە بزوێنەری شەمەندەفەری تێدایە و بەرپرسە لە ڕاکێشانی فارگۆنەکانی دیکەی قیتارەکە.