برسێتی

وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین

زۆر جار برسی بووم

بەڵام هەرگیز ئەوەی ئەو جارەیانم بیرناچێتەوە

کە لە (نیویۆرک سیتی) بووم

هێشتا دەستپێکی شەو بوو

لەبەردەم جامخانەی چێشتخانەکەدا وەستابووم

لەناو جامخانەکەدا

بەرازێکی برژاو دانرابوو

چاوەکانیان دەرهێنابوو

سێوێکیشیان ترنجاندبووە دەمیەوە

ئای لەو بەرازە نەگبەتە

ئای لەو بەرازە بەدبەختە

لە پشت بەرازەکەوە،

خەڵکی لەسەر مێزەکان دانیشتبوون

قسەیان دەکرد،

دەیانخوارد و دەیانخواردەوە

بەس من یەکێک نەبووم لەوان

هەستم کرد نزیکایەتییەکم لەگەڵ بەرازەکەدا هەیە:

هەردووکمان لە شوێنێکی هەڵەدا و

لە کاتێکی هەڵەدا، هەڵواسرابووین

هێنامە پێش چاوی خۆم کە من لە جامخانەکەدام

بەبێ چاو، بە برژاوی، سێوێکیشیان بڕیوەتە دەمم

دڵنیام کە ئەو دیمەنە، خەڵکی دنیای لێ کۆدەکردمەوە:

سەیری کەن چەند سووک و لاوازە

بنۆڕن دەستی بە حەواوەیە

قەفەزی سنگی بە دەرەوەیە


لە جامخانەکە دوورکەوتمەوە

چوومەوە بۆ خانەخوێکەم کە لە زیندانێک دەچوو

لە ڕێگا لە خۆمم پرسی

بڵێی بتوانم هەندێک کاغەز بخۆم؟

هەندێک ڕۆژنامە؟

هەندێک قالۆنچە

ڕەنگە بتوانم جرجێک بگرم

جرجێک بە کاڵی

پێستەکەی داماڵم

ناوسکی دەربهێنم

چاوەکانی دەربهێنم

سەر و کلکەی نەخۆم.

نا، ڕەنگە پەتایەک بگرم و بمرم

چوومەوە باڵەخانەکە

بە پلیکانەکاندا سەرکەوتم بۆ ژوورەکەم

گڵۆپەکانم دانەگیرساند، خۆیان چۆن کوژابوونەوە، هەر وا بوون

لەسەر کورسییەک دانیشتم

لە خۆم دەپرسم: بڵێی شێت نەبم

چونکە هیچم نەکرد تا یارمەتیەکی خۆم بدەم.

ئیتر برسێتییەکەم نەما

لەو شوێنەدا لێی دانیشتم

پاشان لە ژوورەکەی تەنیشتمەوە

گوێم لە دەنگی گانکردن بوو

تەنانەت دەنگی چرپاکە و ئاهەکانیشیانم دەبیست

هەستام و لە ژوورەکە چوومە دەرێ

گەڕامەوە بۆ سەر جادەکە

بەڵام ئەمجارەیان ڕێگەیەکی ترم گرتەبەر

ڕێگەیەک دوور لەو بەرازەی ناو جامخانەکە

بەڵام هەر بیریشم لێ دەکردەوە

بڕیارم دا

بمرم زۆر باشترە لەوەی ئەو بەرازە بخۆم


باران دایکرد

ڕوانیمە ئاسمان

دەمم کردەوە و نمەبارانەکانم قووت دەدا

ژەمێک خواردنی ئاسمانی…


سەیرکەن ئەو پیاوە چی دەکات؟

گوێم لێ بوو یەکێکیان وای وت.

منیش بیرم کردەوە کە ئەمانە زۆر بێنرخ و گەمژەن

ئاه کە گەمژە و بێفەڕن


دەمم داخست

کەوتمەوە ڕێ.


سەرچاوە:

Kärlek är en hund från helvetet

photo_٢٠٢١-٠٩-٠٨_٠٠-١٢-٠٥

سەرنجێک بنوسن