ڕمەکەی ئەخیل

ئەخیل هاتە خەوم بە خۆی و ڕمەکەی

بێ هیچ جوڵەیەک ڕمێکی دا لەسەر دڵم.

من نە خوێنم دی نە ئازار.

ڕۆحم بەنێو مەرگدا تێپەڕی و بازی خۆی ئەدا و

هەڵدەشاخا بە مێژوودا و

بەدەم فڕینەوە گۆرانی خۆی ئەگوت.

کە لەخەو هەستام،

چاوەکانم کردەوە خەوەکە بووە ڕاستی و

 ئەخیل بە خۆی و ڕمەکەی لە بەرامبەرم بوو.

بێ هیج ورتەیەک ڕمێکی دا لەسەر دڵم.

دیسان نە خوێنم دی نە ئازار.

ڕۆحم بەنیو مێژووی گریک تێپەڕی.

وەک باڵندەیەک با و باران و دەریاکانم دەدی چۆن

بەژێر پێمدا تێ ئەپەڕن،

خوداکانی ئۆلیمبۆم دین بە جلی سپییەوە

 لەبەرم هەستانەوە و دوعایان بۆ ئەکردم و

 پاڕانەوە لە خودای خوداکان

تا… خۆیان بێبەری کەن لەو مێژووە.

بەخۆم و ڕمەکەی ئەخیلەوە

یاسا کۆنەکانم هەڵدایەوە پڕ بوون لە پوچی دەربارەی جوانی.

دەریاکان بریسکەیان ئەهات بە ڕەنگی ئاسمان و

ئاسمانیش بە توێژاڵێکی تەنک داپۆشرابوو بە ئاهی من

ڕمەکەی ئەخیل فێری فڕینێکی کردم بۆ

ئەم دنیا و ئەو دنیا و هەموو دنیاکان.

فێری ودبوونەوەی کردم لە نەمری لەنێو مردندا.

لەو شتانەی بەسەر جیهاندا دێن و نازانین چین.

لەو شتانەی بەسەر مرۆڤدا دێن و بێ تەفسیرن.

ڕمەکەی ئەخیل هێشتا ئەتوانێ شتەکان و

جیهان لە پەنهاندا بگۆڕێ.


یۆنان –  ٧/٩/٢٠٢١

پەڕاوێز

*ئەخیل یان ئەخیلیۆس یەکێکە لە پاڵەوانەکانی ئەفسانەی یۆنانی، هۆمیرۆس لە داستانی ئیلیازەدا کە باس لە شەڕی تەروادە دەکات باسی جوامێری ئەخیل دەکات.

ئەخیل کە منداڵ بوو دایکی دەیخاتە نێو ڕووباری ستیکس بۆ ئەوەی کەگەورە بوو، بوو بە پاڵەوان پاڕێزراو بێت و لە شەڕەکاندا تیر و ڕم و شمشێر نەیکوژێ. ئەو هیچ شتێ کاری تێ نەدەکرد تەنها لێدان لە پاژنەی پێی نەبێت، چونکە دایکی کاتێک خستیە نێو ڕووباری ستیکس هەردوو پێیەکانی لە پاژنەی پێیەوە گرتبوو بۆ ئەوەی نەکەوێتە نێو ڕووبارەکەوە و بخنکێت، ئەمە وای کرد پاژنەی پێی ببێتە خاڵی لاوازی ئەخیل. ئەو لە شەڕی تەروادەدا تیرێک دەنێن بە پاژنەی پێیەوە و دەمرێت.

photo_٢٠٢١-٠٩-٠٨_٢٠-٥٤-٣٧

سەرنجێک بنوسن