“جاناندرێیا نۆسێدا” دەربارەی “شۆستاکۆڤیچ” دەدوێ

لە ئینگلیزییەوە: شکار وەفا

ڕابەری ئیتاڵی جاناندرێیا نۆسێدا لە سێپتێمبەری ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ سیمفۆنی ئۆرکێسترای لەندەن ڕابەرێتی ئۆرکێستراکەی کرد بۆ تەواوکردنی سەرجەم سیمفۆنییەکانی دمیتری شۆستاکۆڤیچ، سەرەتا بە سیمفۆنی ٥ دەستیان پێکرد، لە مانگی نۆڤەمبەردا کۆتایی هات، گۆڤاری (Classical Source) ڕابەرێتیکردنەکەی نۆسێدای بە “پێشکەشکردنێکی توند” وەسف کردووە کە جیاواز بووە لە ڕابەرەکانی تری پێش خۆی.

هاوینی ئەمساڵ (٢٠١٩) لە سیمفۆنی ئۆرکێسترای لەندەن چاوم بە نۆسێدا کەوت، ڕۆژێک پێشتر ئۆرکێستراکە ڕێگەیان لێگیرابوو بە گەشتێک بەرەو ڕیگای پایتەختی لاتیڤیا بەڕێکەون، چاوم پێی کەوت تاوەکوو باسی ئاڵنگارییەکانی بەردەمیان بکەین لەکاتی ئامادەکردنی سیمفۆنی چوارەمدا، هەروەها باس لەوە بکەین چۆن کاتی خۆی سیمفۆنییەکە لەژێر کاریگەری هێرشەکانی ڕۆژنامەی پڕاڤدای زمانحاڵی یەکێتی سۆڤییەت نووسراوە و کاریگەری ئەو ساتەوەختانەی‌ بەسەرەوەیە، چونکە شۆستاکۆڤیچ پێشتر بەهۆی ئۆپێرای (لەیدی مەکبێسی متسێنسک) لە لایەن ڕۆژنامەکەوە هێرشێکی توند و ناڕەوای کراوەتە سەر و، سیمفۆنی چوارەمی وەک کاردانەوەیەکە بۆ ئەو تەنگەژە و دۆخە ئاڵۆزەی ئاوازدانەری تێدا بووە، هەروەها باسێکیش لە پێشوازی و کاردانەوەی خەڵکی بکەین بۆ موزیکی شۆستاکۆڤیچ لە بەڕیتانیا و ئیتاڵیای نیشتمانی نۆسێدا.

جاناندرێیا نۆسێدا (١٩٦٤- ) ڕابەری ئۆرکێستریی ئیتالیایی

پ: سیمفۆنی چوارەم یەکێکە لەو سیمفۆنیانەی شۆستاکۆڤیچ کە بەراورد بە سیمفۆنییەکانی تر کەمتر کاری لەسەر کراوە و گرنگی پێدراوە، هیچ بیردۆزێکت هەیە کە بۆچی بەو شێوەیە؟

نۆسێدا: بەڵێ، سیمفۆنی تر هەن کە ڕیکۆرد و تۆمارکراوەکانیان زیاترە لە سیمفۆنی چوارم، وەک سیمفۆنییەکانی ٥، ٨، ٩، ١٠. سیمفۆنی چوارەم یەکێکە لەو سیمفۆنیانەی کە زۆر چێژ لە ڕابەرێتیکردنی دەبینم، نەک وەک کارێکی شۆستاکۆڤیچ، بەڵکو هەر بە گشتی حەزم لێیەتی. سکێڵەکەی [کە C ماینەرە] یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشتگوێخستنی پارچەکە، هەروەها ڕاستییەک هەیە پێویستە بیزانین ئەویش ئەوەیە جوڵەی یەکەمی سیمفۆنییەکە زۆر زۆر قورسە، نەک لە ڕووە تەکنیکییەکەوە بەڵکو لەو ڕووەوە قورسە که‌ ڕێگەیەکی موزیکی شیاو بدۆزیتەوە تا بچیتە ناویەوە. شۆستاکۆڤیچ سیمفۆنییەکەی بە ئایدیا هەمەجۆرەکانی خۆی پڕکردووە، هەروەها لە ڕووی سازاندن و ڕێکخستنەوە کارێکی نایابی کردووە، بەڵام لە ڕووی پێکهاتە و ستراکچەرەوە سیمفۆنییەکە وەک کارەکانی تری نییە؛ ناڵێم سیمفۆنییەکە خراپ دروستکراوە، بەڵام ئەو گرژی و توڕەییەی کەمتر تێدایە کە خەسڵەتێکی دیاری موزیکی شۆستاکۆڤیچە.

با کەمێک زیاتر لە ئاڵنگارییەکانی جوڵەی یەکەم تێبگەین، فیوگ (جووتەئاواز)ێکی سەخت و گەورە لە کۆدا’کەدا (پارچەیەکی جوڵە موزیکییەکە) هەیە، کە زۆر قورس و ئاڵۆزە بۆ ئامێرە ژێدارەکان، پێویستی بەوەیە تێمپۆ (خێرایی پارچە موزیکییەکە) تا ڕادەیەک خێرا بێت کە بەرگەگرتنی ئەستەمە: دوا بەدوای ئەوە ئامێرە فودارەکان، پیاکێشەرەکان و مسدارەکان دێنە ناو ئاژاوە موزیکییەکەوە و دۆخێکی ئاڵۆز بۆ هەمووان دروست دەبێت و وریایی زۆری دەوێت. هەروەها ئەم پارچەیە پێویستی بە ئۆرکێسترایەکی گەورە و ئەندام زۆر هەیە، بۆیە ئامادەکردن و تۆمارکردنی تێچوویەکی زۆری هەیە… بۆیە ئەگەر ئەو بژاردەیەت نەبێت بە ڕاستەوخۆ سیمفۆنییەکە پێشکەش بکەیت، زۆر زۆر سەختە کە کەسێک بدۆزیتەوە تا تێچووی ئامادەکردنەکە و پارەی ستۆدیۆی تۆمارکەرت بۆ لە ئەستۆ بگرێت! بۆ بابەتی شوێن و دەنگیش: پێویستی بەوە هەیە لە شوێنێک ئەنجام بدرێت کە بەرگەی دەنگی زۆر چڕ و بەرز بگرێت، هەروەها پێویستە شوێنەکە توانای ئەوەی هەبێت جێی ئەو هەموو موزیکژەنەی تێدا ببێتەوە و پانتاییەکی باشی هەبێت.

ڤێرژنی نوێی سیمفۆنی چوارەمی شۆستاکۆڤیچ

پ: ڕووداوە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە تا چەند کاریگەریان لەسەر کارەکە هەبووە، بە تایبەت پەیوەندی گرژ و ئاڵۆزی شۆستاکۆڤیچ لەگەڵ حکومەتەکەی ستالیندا؟

نۆسێدا: نووسین و ڕێکخستنی سیمفۆنی چوارەم هاوکات بووە لەگەڵ هێرشە ناڕەواکانی ڕۆژنامەی پڕاڤدا بۆ سەر شۆستاکۆڤیچ، کە هۆکارەکەی ئۆپێرای (لەیدی مەکبێسی متسێنسک) بووە، بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە کارکردن لەسەر سیمفۆنییەکە و نەوەستا. ئەوەی بەسەر ‘شۆستاکۆڤیچ’دا هات سەخت و دڵڕەقانە بوو، چونکە یەکەم نمایشی (لەیدی مەکبێس) سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، تەنانەت لە سەرەتادا خودی ستالین ئۆپێراکەی بەدڵ بووە، بەڵام دوای چەند نمایشێک ئیتر ئۆپێراکە قەدەغە کرا (ڕەنگە بەهۆی ئەوەوە بووبێت کە ستالین بە شێوەیەکی نەرێنی کەوتبێتە ژێر کاریگەری ئەندرێ ژدانۆڤ). موزیکەکەیان بە گەرەلاوژێیەکی مۆدێرنانە ناوبرد و ڕەتکرایەوە، پێیان وابوو موزیکێک نییە بۆ خەڵک بێت و لە سوودی خەڵکی بێت: بە ڕاستی ئەوەی کرا دزێو و ناشیرین بوو، ڕەفتار و هێرشێکی لەو شێوەیە لە وڵاتەکە ڕۆح و دڵی زۆر ئاوازدانەری تری شکاند.

هێشتا نازانم شۆستاکۆڤیچ چۆن و بۆچی بەو خێراییە و لەپڕ کەوتە ناو ئەو ئاگرەی حکومەتی سۆڤییەتەوە، بۆ ئەوەی لەو دۆخە ڕزگاری ببێت دەستی کرد بە نووسینی سیمفۆنی پێنجەم و، سیمفۆنی چوارەمی کشاندەوە. بە تێڕوانینی من، ئەگەر بڕوانین لە سیمفۆنی دووەم و سێیەم، پێم وانییە سیمفۆنی چوارەم هێندەی ئەو دووانە سەرەڕۆ و چاونەترسانە بووبێت (بە تایبەت سیمفۆنی یەکەم کە توند و بڵندە و کاری سەردەمی لاوی شۆستاکۆڤیچی بلیمەتە): سیمفۆنی چوارەم کارێکی زەبەلاحە و دڕندانەیە، بەڵام بەو شێوەیە شێواو و نەشاز نییە، کە ژدانۆڤ ناویناوە گەرەلاوژێ!

پ: سیمفۆنی ئۆرکێسترای لەندەن لە کۆتایی ساڵانی ١٩٩٠دا بە ڕابەرێتی مستیسلاڤ ڕۆسترۆپۆڤیچ و لە فێستیڤاڵێک کە تایبەت بووە بە شۆستاکۆڤیچ بە ڕاستەوخۆ کاریان لەسەر تۆمارکردنی سیمفۆنی چوارەم کردووە – تۆ ئەوکات لەوێ ئامادەبوویت؟

نۆسێدا: نەخێر، لە ڕاستیدا ئاشنای ئەو تۆمارە نیم (بەڵام بە باشی ئاشنای سیمفۆنی یازدەم)، دەزانم کە ڕۆسترۆپۆڤیچ خۆشەویستییەکی زۆری بۆ سیمفۆنی چوارەم و (لەیدی مەکبێس) هەبووە. لە ڕاستیدا وا دەردەکەوێت سیمفۆنی چوارەم سیمفۆنییەک بێت کە زۆربەی ڕابەرە ڕووسییەکان خۆشەویستییەکی قوڵیان بۆی هەبێت: لە یادمە وەرزی 2002-2003 بوو کە ڕۆیشتمە ئۆرکێسترای ماریانسکی و لەوێ بە ڕابەرێتی ڤالێری گێرگیێڤ گوێم لە پێشکەشکردنی سیمفۆنییەکە بوو و ناوازە بوو، هەروەها پێویستە دانی پێدا بنێم کە ئەوکات بە باشی ئاشنای ئەم کارە نەبووم، بەڵام کاریگەری زۆری لەسەر دروست کردم. هەروەها لە هەمان وەرزدا یوری تەمیرکانۆڤ لەگەڵ ئۆرکێسترای ساینت پیتەرسبۆرگ سیمفۆنییەکەیان پێشکەش کرد و ڕابەرێتی کرد، کە ئەو پێشکەشکردنەش زۆر تایبەت بوو.

blank
دمیتری شاستاکۆڤیچ (١٩٠٦-١٩٧٥) ئاوازدانەر و موزیسیەنی ڕووسی سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت

پ: لە ئیتاڵیا پێشوازی و کاردانەوەی خەڵکی بۆ شۆستاکۆڤیچ چۆن بوو کە خۆشت هەر لەوێ گەورە بوویت؟

نۆسێدا: ئەوکاتەی قوتابی بووم شۆستاکۆڤیچ لە ئیتاڵیا گوێگرێکی زۆری نەبوو، ئێستا کەمێک باشترە، کەچی لە بەڕیتانیا گوێگرێکی زۆری هەیە و هەمیشەش وابووە و پلیتەکان بە باشی دەفرۆشرێن. ڕەنگە بەشێکی بەهۆی ئەوەوە بووبێت کە شۆستاکۆڤیچ هاوڕێیەکی نزیکی بنجامین بریتن بووبێت و، ڕۆسترۆپۆڤیچ ڕێکخەری ئەم پەیوەندییە بووبێت… هەروەها پێم وایە ڕەگەز و شتانێک لە موزیکی شۆستاکۆڤیچدا هەبن کە زووتر و باشتر پەیوەستی لەگەڵ گەلانی باکووردا دروست بکات: ئاوازدانەرانی وەک ژان سیبێلیوس و کارڵ نێڵسن زیاتر لە بەڕیتانییەکانەوە نزیکترن و دەبوو کاریگەریان زیاتر بووایە، بەڵام هێشتا هێندەی شۆستاکۆڤیچ لە بەڕیتانیا بەناوبانگ نین و شەعبیەتیان نییە. بێگومان لە ئیتاڵیاش ئەگەر سیمفۆنی ٥ و ٨ پێشکەش بکەیت گوێگر و ئامادەبوویەکی زۆری دەبێت، بەڵام بۆ سیمفۆنییەکانی ١٥، ١١ و ٤ بەو شێوەیە نابێت! بەشێکی لەبەر ئەوەبوو کە بە سیمفۆنییەکانی ٥، ٨، ٤ دەستم پێ کرد: لەبەر ئەوە نەبوو کە لە سیمفۆنییەکانی ١١ و ١٥ بترسم، بەڵام کاتێک سەرنجت دەخەیتەسەر ئەو سیمفۆنیانە زانیاری باشتر دەزانیت و تێگەیشتنت بۆیان فراوانتر دەبێت، بە شێوەیەک دەیانبینیت و لێیان تێدەگەیت کە پێشتر تێگەیشتنێکی لەو شێوەیەت بۆیان نەبووبێت و دەتوانیت باشتر لە زمانەکەیان تێبگەیت. لە سیمفۆنییەکانی ١٤ و ١٥ شۆستاکۆڤیچ زیاتر سەرنج و تەرکیزی لەسەر ڕۆڵی ئاوازدانەرە: تاوەکوو کۆتایی ژیانی ئەم کاریگەرییەی لەسەر دەمێنێتەوە، زۆر بیری لەوە کردۆتەوە کە چۆن هونەرمەندەکان دەتوانن بە هونەرەکەیان کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دروست بکەن و بەرەو ئاقارێکی باشتری ببەن، تەنانەت ئەگەر پێچەوانە و دژی ئاکاری خۆشیان بێت. پێویستیت بە جددیبوون هەیە تا نزیک ببیتەوە لەو سیمفۆنیانە و لێیان تێبگەیت، هەر لەبەر ئەوەش بوو بڕیارماندا کاریان لەسەر بکەین: ئەم وەرزە کار لەسەر سیمفۆنییەکانی ٦، ٧ و ٩ دەکەین، وەرزی داهاتوو کاری لەسەر ١٤ و ١٥ دەکەین.

پ: یەکەم کاری شۆستاکۆڤیچ کە تۆمارت کرد ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ ئۆرکێسترای BBC بوو – ئەوە چۆن ڕوویدا و پێکهاتن؟

نۆسێدا: بەڵێ، سەرەتا کارمان لەسەر پارچەی (وشەکانی مایکڵئەنجێڵۆ) و (شەش هۆنراوەی ماریانا تسڤێتایێڤا) کرد، دواتریش کارم له‌سه‌ر سیمفۆنی (ئۆکتۆبەر)ی شۆستاکۆڤیچ کرد، هەمووی بەشێوەی دیسک بوو. کۆمپانیای چاندۆس داوایان لێکردم پێکەوە پڕۆژەیەک ئەنجام بدەین بەهۆی ئەوەی بە باشی کارم لەسەر (وشەکانی مایکڵئەنجێڵۆ) کردبوو و تێکەڵی بووبووم – هەروەها ئاگاداری ئەوە بوون پەیوەندیم لەگەڵ ئۆرکێسترای ماریانسکیدا هەیە، ئیتر پێیانخۆش بوو ڕۆحە ئیتاڵییەکەی من و ڕۆحە ڕووسییەکەی شۆستاکۆڤیچ کۆبکەنەوە و ئاوێزانیان بکەن!

شۆستاکۆڤیچ (مایکڵ ئەنجێڵۆی) نەک وەک پەیکەرسازێک بەڵکو وەک نووسەرێکیش خۆش ویستووە، مایکڵ ئەنجێڵۆ ١٦٦ چامەی موزیکی نووسیوە، کە تێگەیشتنیان بۆ قسەکەران و ئیتاڵییە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆ ئاڵۆزە، تەنانەت زمانەکەی زۆر لەو زمانە کۆنترە کە دانتێ ئەلێگری (کۆمێدیای ئیلاهی) پێ نووسیوە.

سکێڵ و تۆنی زمانەکەی هەر وەکوو پەیکەرەکانی ناوازەیە، مەزن و فراوانە و لە ستایلدا نزیکە لە کلاسیکەوە، بۆیە شۆستاکۆڤیچ داوای لە کەسێک کردووە وەریبگێڕێتە سەر ڕووسی کۆن، تاوەکوو دەقەکە کوالێتییەکەی لەدەست نەدات؛ بیرمە لەکاتی تۆمارکردنیدا گۆرانبیبێژەکەمان ئیڵدار ئەبدرازاکۆڤ (کە هاوڕێیەکی نزیکمە) لێم پرسی کە لەو زمانە ڕووسییە تێدەگات، گوتی “لە واتا گشتییەکەی تێدەگەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە هەموو وشەیەکی تێناگەم – زمانەکە زۆر کۆنە بەڵام مەزن و ناوازەیە”.