سپێنۆزا یان هیگڵ لە کوردستان؟

ئەگەر ئەم ناونیشانە لەناو زمان و نووسینی کوردییدا بە دیوێکدا کەمێک سەیر بێت، ئەوا بە دیوەکەی تردا دەکرێت جێگەی پرسیار و سەرنج و وردە کۆمێنتی خوێنەرێکی ئاسایی هەتا بیرمەندێکی گەورەش بیت. ئەمە فاکتێکی بەڵگەنەویستە، کە کوردستانی ئێمە بە حوکمی جیۆپۆلۆتیکی، نووسەر و وەرگێرەکانمان زۆربەی جار بە کۆمەڵ! دەکەونە ژێر تەوژمی هەژموونی نووسەرانی ‘ تورک و فارس، عەرەب’.

خاڵی نەرێنی ئەم مؤدێلە ئەوەیە، ئەمان لە ڕێگەی هەندێک فیگەری دیاری بواری نووسین، بە جۆرێک ویستی بادانەوە بەلای ئەم فەیلەسوفە و یان ئەوی تر هەیە. وەکچۆن لەسەر پرسی کورد و چەوسانە و ‘ڕۆژهەڵاتناسی’ هەندێک بەلای ‘کەنعان مەکیە[1]‘ و ئەوی تر ‘ئیدوار سەعید’، ئاوەهاش ساڵانێکە ناڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەری ‘ژیژەک’ئاڕاستەکاندا بە جۆرێک هیگڵ دەبێتە مۆدەیەک. پێت سەیر نەبێت، بچیتە کتێبخانەیەک کۆی بەرهەمەکانی ‘ژیژەک’ بە ئینگلیزی ببینیت وەک ئەوەی نووسەرێکی خۆماڵی بێت!

لێرەوە، دۆزینەوەی سەرەداوەکانی ئەو بایەخدان و خۆدانەپاڵ فەیلەسوفێک، ڕووناکبیرێکی دەرەکی، دیوێکی نووسەرانی ئێمە دەردەخات. وەکچۆن دیاردەی لێدان لە باوکی مەعریفی نووسەرێکی دیار، دەرخەری جۆرە مشتومڕ و جەنگێکە، دەکرێت بە “جەنگی بە وەکالەت[2]” دابنرێت.

سەیر نییە، کاتێ هاوڕا نیت لەگەڵ نووسەرێکی تردا، بێیت لێرە ڕەخنە لە ژیژەک یان ئیدوارد سەعید بگریت. لە کاتێکدا ئامانجەکە گەنگەشەیەکی ئەکادیمی و ڕەخنەسازی ئەو نووسەرانە نییە لەخۆیدا، بەڵکو لێدانە لە نووسەری تر کە یەکێک لەو فیگەرانە بە باوک و سەرچاوەی مەعریفی خۆی دەزانێت.

بەش بە حاڵی خۆم، ڕەخنە و سەرنجم لەسەر ژیژەک هەبووە کە بە وتارێک بە ناونیشانی ‘سلاڤۆ ژیژەکی فەیلەسوف و وێنەی کورد[3]‘ (٢٠١٥) بڵاوبۆتەوە. بەڵام هەرگیز بە ئامانجی لێدان و پەلاماردانی هیچ هەوادارێکی ئەو فەیلەسوفە نەبووە. خۆشبەختانە، لە ماوەی خوێندن و وانەوتنەوە و  توێژینەوەی فەلسەفییدا، هەرگیز خۆم بە فەیلەسوفێکی دیاریکراوەوە نەبەستۆتەوە. سەرسام بوونم بە فەیلەسوفێک نەیخستوومەتە داوی بیرکردنەوەی کە چوارچێویەکی بۆ بڕیار و جیهانبینی فەلسەفیم دابنێت.

ئەوەی نووسینەکانم بخوێنێتەوە، دەزانێ کە هەرگیز خۆم نە لە کلاسیک نە لە مۆدێرن و نە پاشمۆدێرن، یان نە ئاڕاستەیەکی دیاریکرای چەپ و ڕاستدا چەقاندوە. ئێستا، کە سەرقاڵی لە چاپدانی کتێبێکم سەبارەت بە ‘کانت لەنێوان سپینۆزا و هیگڵ‘دا، بەجۆرێک لایەنگیرم نەکردووە.

پۆرترێتی فریدریش هیگڵ (١٧٧٠-١٨٣١) فەیلەسوفی ئەڵمانی، شێوەکار؛ مایکل نیوتۆن

١. خۆدانەپاڵ باوکێکی مەعریفی ساختە

لە ‘چیرۆکی هەڵاتنی زۆڵەکانی مۆدێرنە لە تۆڕەکاندا’ کە بەشێکە لە کتێبی ‘فەلسەفە و فەیسبوک'(٢٠١٩) ئاماژەم کردووە بەوەی “ڕووناکبیر و ڕۆشنبیری” ئێمە دەرهاویشتەیەکی مۆدێرنن بۆیە بە “زۆڵەکانی مۆدێرنە” ناوم بردوون چونکە، باوانیان دەچێتەوە سەر دەرەوەیان. لەوێوە شتێک دەهێننە کایەی نووسینی کوردییەوە، بێ ئەوەی پرسیار بکات لەبارەی پێویستی و گرنگییەکەی، بەم هۆیەوە خۆیان دەکەنە خاوەنی و دەبنە باوکێکی مەعریفی لە پانتایی ڕووناکبیریدا. بە ئامانجی خۆیی کە دەکرێت خوازیاری هەژموون و پێگە و هێز و دەسەڵاتیان هەبێت، لە خەمی کۆکردنەوە دەروێشن-خوێنەر- و ڕکابەری یەکترن لە ڕووی دەروونییەوە. گرفتەکانیان لەگەل یەکتردا دژ بەیەک دەفەلسەفێنن، بۆ شاردنەوەی گرفتەکانی ناخی خۆیان لە بەرامبەر یەکتردا دەیڕۆشنبیرێنن[4].

فەلسەفەی هیگل بە دوو باردا لە لایەن مارکسیزمەوە بایەخی هەبووە؛ لەلایەک ڕەخنەکردنی ئایدیالیزم کە لە جیهانی ئەبستراکتدا بیری کردۆتەوە، لەلایەکی ترەوە دیالێکتیک

٢. ئایا هیگڵ سپینۆزاییە یان هیگڵێ؟

لە ‘چەند وانەیەک لەبارەی مێژووی فەلسەفە’دا هیگل دەپرسێت: یان سپینۆزایی دەفەلسەفیت یان هەر فەیلەسوف نیت. بەڵام، ئایا خودی هیگڵ خۆی وایە؟ ئەگەر بۆ دید و بۆچوونی جیاوازی هەردووکیان لە بەرامبەر یەکتر دادەنریت و هەندیک بەلای سپیۆنزا و ئەوی تر بە لای هیگلدا دەرۆن؟

فەلسەفەی هیگل بە دوو باردا لە لایەن مارکسیزمەوە بایەخی هەبووە؛ لەلایەک ڕەخنەکردنی ئایدیالیزم کە لە جیهانی ئەبستراکتدا بیری کردۆتەوە، لەلایەکی ترەوە دیالێکتیک. چونکە، کلیلی شۆڕشیان لە دیالێکتیکەیدا دۆزییەوە و ‘مارکس’ وتەنی سەرەونخونکردنەوەی هیگڵ، ڕەچەتەی گۆڕانکاری و شۆڕشە. بەشێک لەو نووسەر ڕووناکبیرانەی سەر بە هێڵی مارکسیزمن، بە جۆرێکیش سەرسامن بە هیگڵ.

جگە لەوەی هیگڵ لە وشەسازییە گەورە و قەبەکانیدا، لە ڕەهایی نووسین و لافلێدانی زانینی ڕەهادا و لە تەمومژاوی دەربڕینەکانیدا سیحرێکی هەیە. جارێکیان فه‌ره‌نسییه‌ک داوای له‌ هیگڵ کرد فه‌لسه‌فه‌که‌ی لە ڕستەیه‌کدا کورت بکاته‌وه‌، به‌ڵام هێنایی و بردی نه‌یتوانی. له ‌کاتێکدا قه‌شه‌یه‌ک هه‌موو ئایینی کریستیانیی‌ له ‌ڕسته‌یەکدا چڕکردەوە ‘ئه‌وه‌ی کە بۆ خۆت پێتخۆشه،‌ بۆ هاوسێکەشت پێتخۆش بێت’!(Durant, 1926(1933), p. 377).

هیگڵ فەیلەسوفێکی فەرمی بوو، چونکە لە دامەزراوەیەکی وەک زانکۆ ئوستاد بوو. جگە لەوەی، هێندە باوەڕی بە خۆی هەبوو تا ئەو ڕادەی لەوانەیەکدا (١٨٠٦) بڵێت: ‘بەم وانەیە، ئیتر مێژووی فەلسەفە بە کۆتا گەیشت’[5]. واتە، بەدواییهاتنی وانەکە، فەلسەفەش کۆتا دێت!

جگە لەوە ئەرکی فەیلەسوف وەک کوندەپەپوویەک دادەنێت کە لە پێشەکی کتێبی ‘فەلسەفەی ماف-قانون’دا دەڵێت: “کوندەپەپووی ‘مینێرڤا‘ (خوداوەندی دانایی ڕۆمان و یۆنانەکان) تەنها پاش ئەوەی تاریکی شەو دادێت باڵی خۆی بڵاو دەکاتەوە”. واتە، فەلسەفە تەنها پاش ڕووداوەکان لە واقیع و ڕاستییەکان تێدەگات، وەک چۆن کوندەپەپوو پاش کۆتایی ڕۆژ و هەمووشتێک ڕوویداوە، ئیتر باڵەکانی خۆی دەکاتەوە. لەبەرئەوە، ئەرکی فەلسەفە پێشنیاز و ئامۆژگاریکردن نییە کە جیهان و هەلومەرجەکان دەبێت چۆن بن و چیان لێ بکرێن. بەڵکو کاری ئەو ڕامان و تێگەیشتنە لەوەی ڕوویداوە، نەک دانانی ڕەچەتەیەکی ئامادە بۆ ژیان. دیارە، هەڵبژاردنی میتافۆری ‘کوندەپەپووی مینێرڤا’ و تاریکی شەو، ئەوە دەگەیەنێت کە بۆ تێگەیشتن لە هەلومەرجی مێژوویی، فەلسەفە کاتێک دێتە مەیدان کە ڕووداوەکان بەسەرچوون و تێپەڕیوون. ئیتر فەیلەسوف پاش ڕووداوەکان درەنگانێک وەک کوندەپەپووەکە لە تاریکی و ئەنگوستەچاودا چاو دەکاتەوە، دەفەلسەفێنێت.

ئایا ئەم فەیلەسوفە کوندەپەپووە چی دەکات لە کوردستان و نێو زمانی کوردیدا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە سەر هاوردەکردنی مشتومڕێک لە فەرەنساوە.

blank
پۆرترێتی باروخ سپینۆزا (١٦٣٢-١٦٧٧) فەیلەسوفی هۆڵەندی تابلۆی: هونەرمەند بارێند گرات (١٦٤٥-١٧٠٩) هونەرمەندی هۆڵەندی

٣. مشتومڕێک لە فەرەنساوە بۆ کوردستان

هەڵبەت، ناونیشانی وتارەکە لە بنەڕەتدا توێژەر و نووسەری فەرەنسی ‘پیێر ماکێری’[6] لە کتێبێکدا (١٩٧٩) بە ناوی ‘سپینۆزا یان هیگڵ‘ بە کاری هێناوە. ئاشکرایە، بە بەراورد بە هیگڵ، کەمتر ‘سپینۆزا’ لە ناوەندی نووسینی ئێمەدا جێکەوتووە. بەهۆی سەختی فەلسەفەکەی و کەمی وەرگێڕان و نائاسانی تەسویقکردنی بە پێچەوانەی ‘هیگڵ’ لە “شەڕە دەنووکی” نووسیندا. بەڵام، بۆ یەکەمجار ‘محەمەد کەمال’ دەرگای ئەو فەیلەسوفەی بە نووسینێک (٢٠١٨) بە ڕووماندا کردەوە. پێش ئەویش کۆچکردوو ‘د. تۆفیق روشدی ئەحمەد بەگ’ (١٩٢٨-١٩٧٩) خاوەنی یەکەم دکتۆرای فەلسەفە بەپێی سەرچاوەی دەماودەم، یەکەم کەسە کە لە ‘ڕووسیا’ ساڵانی شەستەکان و کۆتایی هەفتا تێزەی دکتۆرای لەسەر سپێنۆزا نووسیوە[7].

بەڵام بەم یەکدوو ساڵەی دوایی هیگڵ مۆدەی هەیە، بە تایبەت لەژێر کاریگەری ‘ژیژەک’ ئەو فیگەرە جەماوەرییە لە کوردستان دەنگۆی خۆی هەیە. ئەو یەکێکیشە لەوانەی بانگەشەی گەڕانەوەی بۆ هیگڵ کردووە. بە تایبەت لەو دەرسوتارەکانی کە لە سویسرا (٢٠٠٩) پێشکەشی کرد باسی لە هیگل و چەمکی هیگڵیانەی مێژوو و مێژوویەتی[8] دەکرد. چونکە، ئەو تەنها لە کارەکانی مارکس و ‘لاکان’ بابەت هەڵناگۆزێت، بەڵکو هیگڵ چەقێکە لە بیرکردنەوەدا.

لە شەستەکاندا، هیگڵ مۆرکی فەلسەفە بوو، بەڵام، لە ناوەڕاستی هەفتاکاندا وەرچەرخانێک بەرەو سپینۆزا هاتە ئاراوە

هەڵبەت، لە کۆنتێکستی ڕووناکبیری فەرەنسیدا پرسیاری هیگڵ یان سپینۆزا، تەواو گونجاوە. چونکە، بایەخدان بە دوو فەیلەسوفە لە خۆیدا دووبەرەی دروست کردووە و داقڵیشان و جیاوازییەکی لەنێو چەند فیگەرێژی گرنگی فەلسەفی فەرەنسیدا خستۆتەوە. لە شەستەکاندا، هیگڵ مۆرکی فەلسەفە بوو، بەڵام، لە ناوەڕاستی هەفتاکاندا وەرچەرخانێک بەرەو سپینۆزا هاتە ئاراوە(Ruddick, 2011).

لەو سۆنگەیەشەوە کتێبەکەی ‘ماکێری’ لەتەک بڵاوبوونەوەیدا، مشتومڕی دروست کرد. لە کتێبەکەیدا ئاماژە بە دۆلۆز و ئەلتۆسێر و برادەرانی کە بە سپینۆزایی ناسراون. بادیۆ و ڕانسێر و چەندانی تر تاڕادەیەک هیگڵ’ی بوون. بەرەی بادیۆ/ژیژەک لە چەمک و تێزەکانیان وەک فەلسەفەی هیگڵەوە سەرچاوە دەگرن. لە بەرامبەردا دۆلۆز، ‘ئەنتۆنیۆ نیگر’ی لە سپینۆزاوە هەڵدەگۆزن.

٤. دەنگۆی هیگڵ لە خۆرهەڵات و ڕووناکبیرانی ئێرانی

رەنگە، سەرسامییەکە بەرامبەر هیگڵ لە خۆرهەڵات و ئێران، بۆ وتەکانی هیگڵ لەبارەی شارستانیەتی ئێران لە مێژوودا بێت. واتە، خۆبینینەوە لە ئاوێنەی هیگڵدا، پاڵنەرێکی بایەخدانەکە بێت[9]. پسپۆری وەک ‘تەباتەبایی’ ڕاڤەکاری ناسراو و بە ئەزموون لەگەڵ گەنجێکی وەک ‘محەمد ئەردەبیلی’ کە ناوێکن لەپاڵ چەندانی تر. لای ئێمەش محەمەد کەمال ئەگەرچی خۆی لە بنەڕەتدا ئاڕاستەیەکی ‘بوونگەرایی’ لەتافی خوێندنەوەی فەلسەفەدا گرتووە. بەڵام، لەسەر هیگل نەک هایدگەر یان سارتەر دکتۆرای ئامادە کردووە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا. هاوکات، کارێکی نەکردەی ئەنجام دا، ئەویش وەرگێڕانی شاکارەکەی هیگڵ بوو بۆ زمانی کوردی. هەڵبەت، بە ڕای خۆم، ئەوە ڕووداوێکی گرنگە لە مێژووی فەلسەفە بە زمانی کوردی.

بە پێچەوانەی کوردستان، لە ئێران نەریتێکی هیگڵ هەیە. ڕەنگە، گریمانەکردنی ئەوەی دیالیکتیکی هیگل و دوالیزمی زەردەشتی لینکێک بێت. تاچەندە دوالیزمی زەردەشتی لە دیالیکتیکی هیگڵدا ڕەنگی داوەتەوە؟ بەدەربڕینێکی تر، تا چەندە ئەو کاریگەرە بە تێزەکانی زەردەشت و لە کوێدا یەکتر دەگرنەوە و جیادەبنەوە؟

ئەوەی کە جێی سەرنج و رامانە کە لە سەروبەندی شۆڕشی ئێراندا، بایەخێکی تەواو بە هیگڵ دراوە، بە تایبەت ‘لۆجیکی دیالێکتیک’ لای ئیحسان تەبەری(چەپ) و موجتەهیدی، پاشان تەباتەبایی و ئێستە گەنجە ئەکادیمییەکانی وەک ئەردەبیللی. چۆنیەتی بوونی هیگڵ بە رۆژەڤێک لە سەروەختی ئاڵوگۆڕی سیاسی ئێران و گۆڕینی رژێمی سیاسیدا و هۆکارەکانی، بۆ خۆی باسێکی سەربەخۆیە. بەڵام، چۆنیەتی بە فارسیکردنی هیگڵ، بابەتی مشتومڕهێنەری نێوان “هیگڵناسەکان” کە گرفت لە وەرگێڕانیدا هەیە. گلەییە توند و ڕەقەکانی تەباتەبایی لەسەر هەڵیت و پەڵەتی وەرگێڕانی هیگڵ، لە نێوەندەکاندا جارجار گەرمن. ئیدی، خراپ وەرگێڕان و باش حاڵی نەبوون لە هیگڵ لە کایەی زمانی فارسیدا، بە جۆرێک کاریگەرە لەسەر ئەوانەی سەرچاوەی فێربوون و تێگەیشتنیان لە فەلسەفە فارسییە!

هەروەها خاڵیکی تر کە لەلای من گرنگە، ئەوەی وای کردووە زمانی فارسی و ڕووناکبیرەکانی بە جۆرێک بایەخ بە هیگڵ بدەن، نەک تەنها تێزی دیالیکتیکی و بۆیاخە مارکسیزمەکەیە، ڕەنگە خۆبینینەوەی ڕووناکبیری ئێرانە لە کتێبی و بایەخەکانی هیگڵ خۆیدا بە مێژووی ئیران کە وەک تاکە دەوڵەت لە گەشەی مێژووی ئاگاییدا، هیگڵ ئاماژەی پێ کردووە و بە شارستانیەتێکی گرنگی قۆناخێکی مێژووی داناوە. ئایا ئەو ‘هیگڵە’ی ئێران، هیگڵی ئەڵمانییە؟ ئایا بە فارسیکردن و بایەخدای پێی، جۆرێک نییە لە پرۆسەی بەخۆییکردنی هیگڵ و دواجار کەسانێک ببنە هیگڵی ئێرانی و بە ناویەوە گوتاری سیاسی/ کولتووری پان-ئێرانی سەرپێخەن؟

بایەخی هیگڵ لە زمانی کوردیدا وەک هەندێک فەیلەسوفی ترە. هەڵبەت، محەمەد کەمال دکتۆراکەی لەبارەی هیگڵ نووسیوە و پێشتر کتێبێکی دەروازەیی بۆ هیگڵ نووسیوە. لە زمانی کوردیدا کاری زۆر لەبارەیەوە نەکراوە. بەڵام دیسان بۆ هیگڵ کاری لەسەر بکرێت؟ دەزانین هەموو پرسیارێکی فەلسەفیی و پسپۆڕی کە کاری فەلسەفیی دەستەبژێرە، مەرج نییە خەموخواستی هەمووان بێت. لەلایەکی ترەوە، زاڵبوونی فەلسەفەی فەرەنسی بەسەر “فەزای فەلسەفی کوردیدا” ئەگەر ئەو دەربڕینە شیاو و راست بێت، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ شوێنکەوتنی مۆدەباویی لە ڕووناکبیریی و نووسینی کوردیدا.

پەراوێزەکان:


[1] نووسەری عیراقی ناسراو بەکتێبی ‘العراق دولة المنظمة السریة’ ساڵانی نەوەدەکان.

[2] لە بواری سیاسی پرۆکس/جەنگی بەوەکالەت بەو جەنگاوەرە بەکرێگراوانە دەوترێت کە لە پێناو ساماندا دەوەڵەتەکان لە وڵات و جێگەی تر شەڕیان پێدەکەن.

[3]https://www.academia.edu/44967540/%D8%B3%D9%84%D8%A7%DA%A4%DB%86_%DA%98%DB%8C%DA%98%DB%95%DA%A9%DB%8C_%D9%81%DB%95%DB%8C%D9%84%DB%95%D8%B3%D9%88%D9%81_%D9%88_%D9%88%DB%8E%D9%86%DB%95%DB%8C_%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF

[4]بە ئەنفقەست نەموویست ناوی نووسەرەکان ببمە، چونکە خۆیان لە کتێبەکانیاندا یەکتر ڕەخنە دەکەن بەبێ ئەوەی ناوی یەکتر بەرن. ئەمەش یەکێک لەو تەکتیکانەی کە بە دیوێکدا بە خوێنەر بڵێن ئیمە کێشەی شەخسیمان لەتەک یەکتردا نییە، بۆیە ناوبردن نییە. لە کاتێکدا ڕاستییەکەی ئەوەیە جۆرێک لە تۆڵە و داپڵۆسین دەروونی هەیە کە میکانیزمی ناونەبردن جۆرێکە لە سڕینەوە و بێبایەخکردنی یەکتر. چونکە، پێیانوایە، ناوبردن هێندە گەورەکردن و بازاڕسازی ئەوی ترە. لەوەش مەترسیدارتر ئەو تۆڵەکردنەوەیە کە بە لێدان لە”باوکی” یەکتر وەک ڕیشەکێشکردنێکە لە باوانەوە!

[5] (TW 20:461 Hegel, Werke in zwanzig Bänden. Eds. E. Moldenhauer and K. M. Michel)

[6]Pierre Macherey

[7] https://www.regaykurdistan.com/index.php/wtar/31986-2021-03-31-07-12-15

[8] historicity

[9]هەروەها وەک چاوپیکەتن لەگەڵ نووسەری کەنەدی کە هیگل دەکاتە نەفرەتی

سەرچاوەکان:

Works Cited

Durant, W. (1926(1933)). THE STORY OF PHILOSOPHY, Secound Revised Edtion. New York: Garden City Publishing Co. INC.

Macherey, P. (2011). Hegel or Spinoza. University of Minnesota Press.

Ruddick, S. M. (2011). The Spinozist Turn translator’s introduction. In P. Macherey, Hegel or Spinoza (pp. vii-xviii). University of Minnesota Press.