دیوە مێینەییەکەی خودا

دیالۆگ لەگەڵ میشێل کازناڤ

وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین

میشێل کازناڤ کە ئەنترۆپۆلۆژیستێکی پسپۆڕی بواری ئایینەکانە، بە نووسەرێکی فرەبەرھەم و دانایەکی تایبەتمەند دادەنرێت، وەکچۆن ناسراویشە بە شاعیری ئافرەت و بەرھەمھێنی بەرنامەی “زیندووەکان و خواوەندەکان” لەسەر شەپۆلەکانی ئێزگەی کولتووری فەرەنسا.

بە ڕای کازناڤ “فێمینی یا مێیەتی ئەو جێگەیەیە کە لێوەی جەخت لەسەر سەرچاوەی باڵا و بڵندمەندی ھەموو شتەکان دەکرێتەوە”، قبوڵکردن و داننانی پیاویش بەمەدا، دەشێت ئەو دیدە دوژمنکارانەیە بۆ ئافرەت بگۆڕێت کە لە ئایینەکاندا زاڵە، وەکچۆن دەشێت ئەزموونێکی رۆحییانەی ڕاستەقینەی پێ ببەخشێت.  

میشێل کازناڤ (١٩٤٢-٢٠١٨) نووسەر و فەیلەسوفی فەڕەنسی

–  ئافرەتان ڕووبەڕووی بەردبارانکردن، سووتاندن و شێواندن دەبنەوە، بڕێکی ھێجگار زۆر لە ڕق و بوغزیش لە ئایینەکاندا بەرامبەر بە ئافرەت ھەن. ئەم ھەموو توندوتیژییە بۆ؟

کازناڤ: ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەو شتەی کە من پێی دەڵێم “فۆبیای توندوتیژ”، فۆبیایەک کە پیاو بەرامبەر بە ئافرەت ھەیەتی، وابزانم بەشێکیشە لە پێکھاتەی کارەکتەرە نێرینە و ماسکولینییەکەی… ئەوە دیاردەیەکە زۆر سەختە پیاوان بە ئاسانی لێی ڕزگاربن، تەنھا لە دۆخێکدا نەبێت کە کاری لەسەر بکەن و تێی بپەڕێنن، دیاردەیەکە لە بنچینەی ھەموو کولتوورێکدا ھەیە، بە چاوپۆشین لە چەشن و چۆنێتی ئەو کولتوورە.

–  بۆچی مێیەتی جۆرێکە لە مەترسی؟

کازناڤ: بەڵێ، چونکە ھەستی چێژوەرگرتنی ئافرەت کە سەد جار لە چێژی پیاو زیاترە، لەو زیاتر دەڕوات، تێی دەپەڕێنێت و بەربەرەکانێی دەکات. ئەم ئایدیایە لە میتۆلۆژیای گریکیشدا ھەیە، کاتێک تیریسیاس کە خواوەندێکی نێرەموکە و بۆ خواوەندەکانی دیکەی دەسەلمێنێت و دووپاتی دەکاتەوە کە لەبارەی چێژەوە پرسیاری لێ دەکەن، لەم بوارەیاندا – واتە بواری چێژ – ئافرەت بەسەر پیاودا زاڵە و لەو پێشکەوتووترە. پیاوان وا ھەست دەکەن کە چێژی ئافرەت بێ ئەندازەیە و ھیچ سنوور و کۆتاییەکی نییە. ئافرەتان بەسەر ئەو شتەدا کراوەن کە پتر لە نەشوەیەکی یەزدانی دەچێت… ھەر لەبەر ئەم ھۆیەشە کە پیاوان دەترسن.

–  ئەی ئایا ئەو ترسە توندوتیژەی پیاو دەگەڕێتەوە بۆچی؟

کازناڤ: ئەگەر کەسێکی تەواو فرۆیدییش نەبم، ئەوا ھەر پێت دەڵێم پەیوەندی بە فۆبیای “خەسان”، بە دڵەڕاوکێی مەرگەوە ھەیە. ئەڵبەتە بە تەنھا ئەمە نا، چونکە لەم ھەستکردنەدا شتێکی واقیعیتر ھەیە کە فانتازی نییە، ئەویش بریتییە لە ترسێکی ناماقوڵ و نالۆجیکی لە نەبوونی توانای “ڕەپبون، ھەڵسانی فالوس”، چونکە ئەوە تاکە شتێکە کە بۆ پیاوی دەسەلمێنێت کە پیاوە…

فرۆیدیش وەک دەرەنجامی قۆناغەکەی خۆی، ھەڵگری جۆرێک ڕقە لە ئافرەت

–  فیکری فرۆیدیی بەشداربووە لە دۆزینەوەی دیدێکی کەموکورتدا بۆ ئافرەت: دەبینین لە سەرەتای مێژوودا یەک لیبیدۆ ھەیە کە لیبیدۆی نێرینەیە، ئەوە پیاو بووە کە ڕێبەرایەتی خێڵی سەرەتایی کردووە.. بە بەردەوامی ئافرەت پەراوێزخراوە؟

کازناڤ: فرۆیدیش وەک دەرەنجامی قۆناغەکەی خۆی، ھەڵگری جۆرێک ڕقە لە ئافرەت. دواتر “لاکان” ئەو تیۆرە فرۆیدییە دەھێنێت کە دەڵێت “ئافرەت بەرزەمنی نییە” کەواتە ناتوانێت کاری فیکری دابھێنێت، تا ئەوەمان بۆ ڕاڤە بکات کە مادامەکی “بەرزەمن”ی نییە کەواتە بەدەریشە لە یاسای خەساندن… بەڵام ئەنجامەکانی لاکان لەسەر ئەم گریمانەیە تەواو جیاواز دەکەونەوە، بۆ نموونە کە دەڵێت چێژبینینی مێینە لە نەشوەی سۆفیگەرییانەدا دەبینین. کاتێک لاکان دەڵێت “ئافرەت بوونی نییە” مەبەستی لەوەیە کە ئافرەت “ئەوێکی دیکەی ڕەھایە” کە ناتوانین چەمکێکی پێ ببەخشین، چونکە سەر بە ناکۆتایە… پیاویش کە لە کۆتا و فانیدایە، ھەر بۆیە زۆر بەداخ و حەسرەت دەیبینین، توانەوە و رۆچوونیشی بەناو چێژدا ناچاری دەکات شوناسێکی نوێی پیاوانە بۆ خۆی دابتاشێت… فرۆید دەڵێت لەش قەدەرە: لە پێکھاتەی مێینەدا شتێک ھەیە کە بە بەردەوامی وای لێ دەکات، وەرگر و قبوڵکەر بێت… بۆ پیاویش، کرانەوە واتە داننانی بە بوونی مێینە لە پێکھاتە ناوەکییەکەی خۆیدا، یان لە خراپترین دۆخەکانیدا دەبێتە ھۆمۆسێکسواڵ. بە ڕای من پیاو ناتوانێت ئەزموونێکی ڕاستەقینەی سۆفیگەرییانە بژی، ئەگەر ھاتوو قبوڵی ئەوە نەکات بە شێوەیەکی فێمینیانە لەزەت وەربگرێت، واتە بە بەشداری ھەموو لەش و قەوارەکەی.

–  “یۆنگ”یش لەلای خۆیەوە وای ڕاڤە دەکات کە ئەزموونی ڕۆحییانە زادەی ئانیمایە ، واتە بەشە مێیینە و فێمینیەکەی کەسایەتی مرۆڤ؟

کازناڤ: بێگومان بەلای یۆنگەوە مرۆڤ لە رۆحانییەتەوە، لە ناکۆتایی یان ڕەھەندە فێمینییەکەوە دەرکی یەزدانێتی دەکات. لە تێکستە پێشبینی ئامێزەکەشیدا بە ناوی “سۆز و نزیکایەتی بۆ مردووەکان” وای لێکدەداتەوە کە ئێمە لەژێر کۆنترۆڵی دوو ستەمکارداین: رۆحانییەت و دێوانەیی کە دوو نێوەندگەیەنەری نێوان ئێمە و یەزدانێتین، یەزدانێتییش بەناو مێیەتیدا تێپەڕدەبێت، بە دەرکەوتنی لەناویدا. فێمینی وەک ڕەگەزێکی دینامیکی، بەرەو کەماڵبوونێکی گەرموگوڕی دەروونمان دەبات، واتە توانای ئەوە بۆ خود دەستەبەر دەکات کە بتوانێت ھۆشیاری بەخۆی ھەبێت.

–  ئایا ئەو کەلێنەی کەوتۆتە نێوان پەرستنی خواوەندەکانی دایک و ئایینەکانی خواوەندی باوکەوە بارودۆخی ئافرەتی گۆڕیوە؟

کازناڤ: بۆ ماوەیەکی زۆر باوەڕم وابوو. بەڵام ئەمێستا پێم وایە کە کینە بەرامبەر بە ئافرەت بەتەنھا خاسیەت و تایبەتمەندێتی ئایینە یەکتاپەرستەکان نییە. با نمونەی ھیند بھێنینەوە کە تێیدا ھەندێک ڕێچکە و ڕێبازی ئایینی ھەن کە خۆیان بە پێنجینە دادەنێن، ھاوتاییەکی تەواو لەنێوان یەزدانەکان و برەھماندا دروست دەکەن. ئەی دواجار چی دەبینین؟ دەبینین ئافرەت بە بەردەوامی پاشکۆی پیاوە، جا وەک ئافرەت بێت یان وەک کچ. کەواتە ئەم مەسەلەیە دیاردەیەکە زۆر گەورەتر لەو ئایینانەی کە ئاسمانین و بۆ مرۆڤ ھاتونەتە خوارێ. لە گریکی کۆنیشدا کە ئایینەکان یەکتاپەرستی نەبوون، ھەر بەھەمان شێوەیە: مێژوویی پرۆمیسیۆس فێرمان دەکات کە گەورەترین تۆڵەی یەزدانی بریتتیە لە خوڵقاندنی ئافرەت بۆ مرۆڤ، ئافرەت وەک بەدبەختییە قەشەنگەکە.

 بەڵام ئەو ھەموو ڕقە لە جەستە بۆ؟ ئەی بۆ بە تایبەتی لە ئایینی یەھودی – مەسیحیدا جەخت لە بوونی ئافرەتی فریودەر دەکرێتەوە؟

کازناڤ: جارێ دەبێت یەھودیەت لە مەسیحیەت جیابکەینەوە، ئەگەرچی پلەوپایەی کۆمەڵایەتی ئافرەت لە کولتەوری یەھودیدا تەواو نزم و بێفەڕە. لە کتێبی پیرۆزی یەھودیەتدا “ماتریارکەکان” دەبینین کە ھەمان بەھای “پاتریارکەکان”یان ھەیە. یەزدانی بەخشندە دەڵێت: “ھەرگیز دەستبەرداری ڕۆڵەکانی ڕەحمی خۆم نابم”… وەک دەبینین، جەستە شتێکی بێزراو نییە: کەسێک ھاوسەرگیری نەکردبێت، ناتوانێت ببێتە قەشە. بە ڕاست بیرمکەوتەوە، ئێمە “بۆ ئەوەی ئافرەت بناسین”، ھەروەھا “بۆ ئەوەی یەزدان بناسین”، ھەمان وشە بەکار دەھێنین. کابالای ئەو ئایینە داخراوەش – کابالا بە مانای فەقێیەکانی یەھود – دڵنیایی یان ئامادەگی خواوەندی مێینە دەخاتە نێو درەختی سێفیرۆتەوە (بە مانای درەختی ژیان دێت لە کابالادا کە لە دە سێفیرۆت پێکھاتوە – و. ک). کەواتە شکۆدارکردن و مەزنڕاگرتنی نێرینەیی کاری مەسیحیەتە کە چەمکی باوکی سەپاندووە. لە کتێبی پیرۆزی یەھودییدا پێنج جار ناوی پیاو ھاتووە لە بەرامبەر چواردە جار لە ئینجیلدا. بەڵام بەدەر لە ھەموو ئەو تێڕوانینانە، دواجار ئافرەت شتێک نییە بتوانین ئاوەھا بە ئاسانی لە دەستیان ڕزگارمان بێت، ئەوان لەملاولای خاچەکەدان, بەو دیویشدا مەسیح خۆی ھەڵیبژاردووە کە لەبەردەم (ماریا مادەلێنا)دا زیندووبێتەوە.

مریەمی پاکیزە کەموکورتی نێرینەیی لە کەنیسەدا ڕوتووش دەکات، کاتێک ھەوڵدەدات دیوە فێمینی و مێینەییەکەی یەزدان بدۆزێتەوە

ئایا پاکیزەپەرستی قەرەبووی پێوارێکی نمایشکارانەی مێینە نییە؟

کازناڤ: مریەمی پاکیزە کەموکورتی نێرینەیی لە کەنیسەدا ڕوتووش دەکات، کاتێک ھەوڵدەدات دیوە فێمینی و مێینەییەکەی یەزدان بدۆزێتەوە. ئەو لە ئیفێز- شاری ئارتمیسی مەزن- دەمرێت تا بەو شێوەیە جێگەی خواوەندی دایک بگرێت. قەشە بێرنارد دەپرسێت: “بۆچی پێویستمان بە نێوەندگەیەنەرێکی مێیینە بێت، لە کاتێکدا مەسیح نێوەندگەیەنەرمانە؟” ھەر خۆیشی وەڵامدەداتەوە و دەڵێت: “باشترە دایکێکی نێوەندگەیەنەرمان ھەبێت، چونکە لەگەڵ خودای باوکدایە. کەس نازانێت؟ سەبارەت بە پاکیزەیی دایکی خودایش، ئەمەیان شتێکی تازە نییە و سیناریۆیەکی میتۆلۆژییە لەنێو زۆربەی کولتوورەکاندا و بریتییە لە: ھاوسەرگیریی پیرۆز.

–  بەڵام باوکانی کەنیسە ڕێگیریان لە ھیچ ھەوڵێک نەکردووە کە بۆ بێ حەیا و بێ شەرمکردنی ئافرەت لەئارادابووە؟

کازناڤ: ئەو دەمە بۆ ئەوەی دان بە بوونتدا بنرایە، دەبوو ھاوڵاتییەکی چاکی ڕۆمانی بوویتایە، لە کولتوورێکیشدا کە ئیرادەی نێرینە زاڵ بووە، دەبوو ڕقت لە ئافرەت بوایە. دیارە بە دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی ئافرەتان کەنیسە بە شێوەیەکی حەرفی و ئەرتۆدێکسیانە لە راستییەکان تێگەیشتووە. مادامەکی مەسیح پیاو بووە، کەواتە دەبێت پاشینە و جێگرەوەکانیشی پیاو بن. بێگومان ئەوان ھەرگیز لەوە تێنەگەیشتون کە مەسیح مرۆڤێکی تەواوە، لە یەککاتدا ھەردووکیانە: واتە ھەم پیاوە و ھەم ئافرەتیش.

–  بە درێژایی سێ سەدە، زیاتر لە سەد ھەزار جادوگەر (دێوەژن) لە سووتێنگەکانی پشکنیندا سووتێنراون؟

کازناڤ: سووتاندن و سەوتێنگەکانی جادوگەر و دێوەژنەکان لە سەدەی سیانزەیەمدا سەریان ھەڵداوە، ئەو دەمەی کە کەنیسە ھەستی بە مەترسی و ھەڕەشەکانی ھێرتیک و بیدعە کردووە. ھەر بۆیە لە سەدەی پانزەیەمدا دەسەڵات دەگرێتەوە دەست و کۆتایی بە سەردەمی پارچەپارچەبوونە گەورەکان دەھێنێت. کەنیسە بەرپرسیارێتی سەرکەوتنی ھەموو ئەو سۆفیگەرانەی ڕەزامەندیان لەسەر بووەو زۆر خۆشویستراون – کە لە گەورە رەبەنە ئافرەتەکان و راھیبە فرەنسیسکانییەکان پێکھاتبوون – دەخاتە ئەستۆی ئافرەتان، ئەوانەی بە درێژایی سەد و پەنجا ساڵ رۆحانییەتیان بڵاوکردۆتەوە و بەبێ بوونی نێوەندگەیەنەرێکی پیاوانە، توانیویانە لە پەیوەندییەکی زۆر باشدا بن لەگەڵ خودا و پارێزگاریش لەو پەیوەندییە بکەن. لە سەدەی سیانزەیەمدا ئافرەتان بە زاھیدەکان ناسراون، لە سەدەی شانزەیەمدا پیێان وتراوە جادوگەر و دێوژنەکان، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمیشدا بە ھێرتیکی لە قەڵەم دراون.

خواوەندەکان بە تەنھا دەرکەوتن و بەرجەستەبونێکی فۆرمالیستیین و جەوھەر نین لەخودی خۆیاندا

 تۆ نووسیوتە “لەو دەیانەی دواییدا، لە ڕێی زۆرێک بزاوتەوە سەرلەنوێ ھەڵسەنگاندنەوە و دەستنیشانکردنەوەی “مێینەیی” ئەو چەمکەی ھێناوەتە ئارا کە بۆ ماوەیەکی زۆر لاوەکی و بێزراو بووە..” ئایا ھەر لەسەر ئەو ڕایەت ماویت؟

کازناڤ: بەڵێ، بەڵام بە ھەندێک دەستکاری و جۆرێک لە دەم پاراستنەوە. چونکە ھەندێکجار، ئەو سەرلەنوێ ڕاستکردنەوەیە دەکەوێتە ھەڵەی ڕووکەشییەوە. با بزاوتی ژینگەپارێزەکان بە نموونە بھێنینەوە کە باوڕیان بە مەزنڕاگرتنی دۆگمی سادە و پاکی “خواوەندی زەمین”ە، لە کاتێکدا بەو شێوەیە نییە و بە تەنھا ھەقیقەتێکی ڕەمزییە. چونکە دواجار خواوەندەکان بە تەنھا دەرکەوتن و بەرجەستەبونێکی فۆرمالیستیین و جەوھەر نین لەخودی خۆیاندا. ھەر بۆیە ئەم قسەیە بۆ ھەندێک بزاوتی فێمینیستی ئەمریکیش ڕاستە. ئایا چ قازانجێک دەکەین گەر ھاتوو لە جیاتی دەستەواژەی خواوەندی باوک، خواوەندی دایکمان بەکار ھێنا. پێویستە لە جیاتی ھەڵگێڕانەوەی پەیوەندیی ھێزی نێوان دەو ڕەگەزەکە کولتوورێک دروست بکەین کە تێیدا داننان بە یەکدیدا لە ھەردوو لاوە بێت، بێگومان لە چوارچێوەی جیاوازییدا.

–  پێت وایە ئەو شەپۆلی گەڕانەی ئەمرۆ بەدوای ڕۆحانییەتدا ھەیە و بە بەردەوامی لە ھەڵکشاندایە، ئەو دەسەڵاتە زاڵەی پاتریارکیزم بگۆڕێت کە لە ئایینەکاندا ھەیەتی؟

کازناڤ: تەنھا بە مەرجی قبوڵکردنی دیوە مێینەییەکەی خودا. بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کە دەشێت ئەو بزاوتە رۆحانییانە تەڵە بن، وەک ڕیسکێکی تاکەکەسییانەش پێویستیان بە کولتوورێکی باڵا و ھەبوونی ئامرازە بۆ جیاکردنەوە، کە تا ئێستا بە ڕاگەیاندنی شۆڕشی فێمینیزمیشەوە ھیچیان دەستەبەر نەکراون و تێکەڵاوکردنێکی سەیر دەبینین. بە ھەر حاڵ، دواجار کۆمەڵگەیەک نییە کە بتوانێت بەبێ ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی بەرگە بگرێت و بمێنێتەوە، بە ھەمان شێوە لە ئایینەکانیشدا. ئەمە کێشەیەکی سەختە: دەبێت لەیەک کاتدا ھەم پێ لەسەر لایەنە تاکەکەسییەکە دابگرین “واتە لەگەڵ سۆفییەکاندا بین” و ھەم پەنایش ببەینە بەر دەزگاکان (بە چاوپۆشین لەوەی کە دەزانین خراپیەکانیان چین). دواجار پاگانیزم “الوثنية” لایەنی پۆزەتیڤی خۆیشی ھەبووە، چونکە سەرباری ئەوەی کە دۆگماتیکییانە نەبووە، وەک خۆراکێکی ڕەمزی، پێشنیاری بڕێک سرووت و ڕیتواڵی پێویستیشی کردووە.

—————

سەرچاوە: دەقە سەرەکیەکەی ئەم گفتوگۆیە لە ژمارە ١٣ی 

(le monde des religions)

دا بەفەرەنسی بڵاوکراوەتەوە. سەرچاوەی وەرگێڕانەکەی منیش دەقی گفتوگۆکەی کازناڤە کە بەرواری ٣٠-٨-٢٠٠٩ لە ماڵپەڕی “www.alawan.org”

“المرأة في الديانات… إدراك الإلهي يكون عبر البعد الأنثوي” بە ناونیشانی: بڵاوبۆتەوە و كمال بوعجيلة وەریگێڕاوە بۆ عەرەبی.