ژنان ، جگەرە و ئەدەبیات

و: محەمەد موەفەقی

لە فیلمێکی کۆنی یەکیەتیی سۆڤییەت لەژێر ناوی “چل و یەکەمین”دا کە بە پێی ڕۆمانێک لە بووریس لاڤرینۆف هەر بەم ناوە ساز کرابوو، پلانێکی تێدایە کە بەردەوام سەرنجی منی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە. فیلمەکە چیرۆکی ژنە سەربازێکی گەنج و بوێرە سەر بە ئەرتەشی سوور کە ئەفسەرێکی جوان و خوێن شیرینی سەر بە ئەرتەشی سپییەکان، دەسبەسەر کردووە. ئەوان لە ساباتێکی کۆنی نێو بیابانێکدان و چاوەڕێی گەڕانەوەی هاوڕێیانی ژنە سەربازەکە دەکەن. سەربازی سەر بە ئەرتەشی سوور کە دوگماتیزم لە دڵی ئاوەڵا و مێهرەبانی کاریگەر نابێ، حەز لە ئەفسەرەکە دەکا و دڵی ئەسپێریتە دوژمنی ئایدیۆلۆژیک و لە هەمان کاتدا دڵڕفێنی خۆی.

لە پلانێکدا ئەو کاتەی وا ئەفسەری سپی کاغەزی جگەرەی پێ نامێنێ، ئەم بە دڵێکی ئاوەڵاوە تەنیا شتێکی بایەخدار کە پێیەتی، واتە دەفتەرێکی شڕ و بێڕەنگ و ڕوو کە شیعرەکانی تێیدا دەنووسیەوە، پێشکەشی ئەفسەرە سپییەکەی دەکات، ئەویش جگەرەکەی بە شیعرەکانی کچە دەپێچێ و لە بەر چاوی بینەری حەپەساودا دەیکا بە دووکەڵ و دەیداتە دەرەوە، ئەویش تا دوا دێڕی هەموو ئەو شیعرانەی کە کچە تا ئەو دەم نووسیوویەتی.

وێنەیەک لە فیلمی “چل و یەکەمین” ١٩٥٦ دەرهێنانی گریگۆری چوخرای

ئایا دەکرێ و بۆمان هەیە دۆخێکی سەراوەژوور وێنا بکەین؟ بێگومان نا . لەبەر ئەوەی ئەم پلانە هەر چەندەش ساویلکانە و ناخهەژێن بێ، شتێ زۆرتر یان ئەولاتر لە پلانی نێو فیلمێکمان بۆ دەر دەخات. خوازەیەکی هێمایی لە مێژوویی نووسراوەی ژنان، دۆخی ئەوان و پێوەندیی لەگەڵ بابەتی داهێنان و هەروەها دۆخی پیاوان لە هەمبەر داهینانی ژنەکانیان.

پیاوان بە درێژایی مێژوو بەهرەی ئەدەبی ژنانیان کردۆتە خۆڵەمێش و ژنانیش خۆیان لەبەر چەند وشەی جوان و هەست بزوێن قوربانی کردووە.

کەم نەبوون ئەو نووسەرە پیاوانەی وا لە دژوارترین دۆخی ژیانیاندا تەنیا بە هەوڵ و لەخۆ بوردوویی ژنان توانیویانە هەستنە سەر پێ و بەردەوام بن لە نووسین. بیرمان نەچێ بۆ نموونە کەسێکی وەک “نادێژدا ماندێلشتام” کە زۆربەی شیعری مێردەکەی واتە “ئوسێپ ماندێلشتام”ی لەبەر دەکردن و بەم جۆرەش زۆر شیعری ئەوی لە فەوتان و تیاچوون ڕزگار کرد، ئەوێش لە دۆخێکی وا هەستیاردا کە قامکی بەهێزی ستالین زەختێکی بێوێنەی خستبووە سەر دوگمەی “سڕینەوە” و تەفروتووناکردنی ناڕازی و دژبەرەکانی.

هەموو ئەو ژنانەمان لە بیر بێت کە لە یەک کاتدا بۆ پیاوەکانیان هەموو شتێک بوونە: خۆشەویست، هاوڕێ، ستایشکار، وەرگێڕ، هاودەم، یارمەتیدەری دارایی، ڕاوێژکاری ئەدەبی، پیتچن، چاودێری بابەتەکان، هەڵەچنێکی خۆبەخش، دانوستانکارێکی بەتوانا سەبارەت بە گرێبەستەکان و بریکاری بازرگانیی هونەرمەند، هیوابەخش، هاوکارێکی پڕ لە ورە و هەست بزوێن کە لە هەمان کاتێشدا هەم پایپی نووسەرەکە ئامادە دەکات و هەم شوێنی کارەکەشی بۆ خاوێن دەکاتەوە، چێشت لێنەرێکی خاوەن زەوق، بەرپرسی ئارشیڤ یان کتێبدارێکی لێهاتوو، خوێنەرێکی تامەزرۆ، پارێزڤانێکی بە ئەمەکی دەستنووسەکان، خواژنێک دانیشتووی پەرستگە مەزنە ئەدەبییەکان، ڕاژەکاری مووزەی نووسەرەکان کە هەم سەرقاڵی سازکردنی بەرگی بەرهەمە گەورە ئەدەبییەکان و هەم خەریکی تۆز سڕینەوە دەبێ لە کتێبە شیعرەکان. دامەزرێنەرێ چالاکی ئەو ناوەند و بنکانە دەبێ کە بە شوێن چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی شاعیرانن بە زیندوو و مردووشەوە. بێگومان ئێمە هەر هەمووی ئەم ژنانەمان لە بیردان.

بە کەڵک وەرگرتن لە زمانی ئێنفۆرماتیک دەکرێ بڵێین کە بە درێژایی مێژوو، ژنان دەقە ئەدەبییەکانیان “سەیڤ” کردووە کەچی پیاوان بەردەوام بە شوێن “دێلیت”کردن یان سڕینەوەی ئەم دەقانەوە بوونە.

 ڕێژەیەکی بەرچاو لە پیاوان (دیکتاتۆر، دەسەڵاتدار، بەرپرسی دەزگای سانسۆر، سەرشێت، شەڕانگێز، سوپاسالار، ئیمپراتۆر، سەرۆک و ڕێبەر) ڕقێکی قووڵیان بەرانبەر بە “نووسراوە” هەبووە! ئەمەی کە هەندێجار ژنێک ماسییەکی تازەی لە دووتۆی لاپەڕە شیعرییەکان پێچابێ لە هەمبەر هەموو ئەو کتێبانەی کە لە لایەن “چینگ هوان تی”ی ئیمپراتۆری چینەوە سووتێندراون، چ بایەخێکی هەیە؟ ئەگەر لێرە و لەوێ ژنێک بۆ کۆکردنەوەی کەرەستەی کێک یان شیرینی سازکردنێک لە ماڵەوە، چەند لاپەڕەی شێعری بەکار هێنابێ، لەبەرانبەر ئەو هەموو دەستنووسانەی کە K.G.B( دەزگای هەواڵگری سۆڤییەت) لە ناوی بردوون، بە هیچ ئەژمار ناکرێ.

ئەگەر بە دەگمەن پێش هاتبێ کە ژنێک بۆ داگیرسانی ئاگرێک یان هەڵکردنی چرای ماڵەکەی چەند لاپەڕەی کتێبێکی سووتاندبێ، لەبەرانبەر ئەو هەموو کتێبەی کە لە لایەن نازییەکانەوە گڕیان تێبەردراوە و بوونەتە دووکەڵ و خۆڵەمێش، چ بایەخێکی هەیە؟ یان ئەگەر ژنێک بۆ خاوێن کردنەوەی شووشەی دەلاقەیەک چەند لاپەڕەی کتێبە ڕۆمانێکی بەکار هێنابێ، ئەم کارە بە بەراورد لەگەڵ کتێبخانەی نیشتمانی سارایۆڤۆ کە بە ساروخی کارازیک و مێلادیک ببووە ژیلەمۆ، نایەتە بەر چاو و قەت ناکرێ وەکوو یەکیش هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێ.

ئایا دەکرێ دۆخێکی هاوسان بە پێچەوانەی ئەمەوە ڕەچاو بکەین؟ بێگومان نا. ئەم بابەتە تەنانەت لە وێنا و مێشکی کەسیشدا ناگونجێ. بە درێژایی مێژوو ژنان وەک خوێنەری دەقەکان، بە سانایی دەبنە داو و تەڵەی نووسراوەکانەوە، بەردەوام لە تەنیشت خەڵکەوە بوونە. ئاوەهایە کە لە ئەدەبی کرچ و کاڵی کورواسی سەدەی نۆزدەهەمدا، نووسەرە پیاوەکان، ئەم قەڵەم بە دەستە بەهێزانە، هەموو هەوڵ و توانایەکیان دەخستە گەڕ تا ژنان بەو قەناعەتە بگەیەنن کە دەست لە خوێندنەوەی دەق و بەرهەمی ئەڵمانی هەڵگرن، لەبەر ئەوەی کەس چیتر نووسراوەکانی ئەمان، ئەم نووسەرە تازە پێگەیشتووانە ناخوێنێتەوە.

” کاتێ نیشتمانپەروەرێک پەی بەوە دەبات کە کچەکان نە تەنیا ئەوانەی وا سەر بە چینی باڵادەست و بنەماڵەی دەوڵەمەندن، بەڵکوو تەنانەت ئەوانەش وا سەر بە ماڵە فەقیر و هەژاریشن، بەرانبەر بە زمانی دایکی و نیشتمانیان کەمتەرخەمن و بە بایەخ و پەرۆشەوە لێی ناڕوانن، خەم و کەسەرێکی قووڵ دەخزێته هەناوییەوە و دڵی پێی خەمبار دەبێ”

ئەمە ژنانی دڵ ئاوەڵای کوروات بوون کە بەزەییان بەرانبەر بەم پیاوانە نواند و بە دەم باوێشک و بێتاقەتییەوە خەریکی خوێندنەوەی بەرهەمەکانیان بوون. بەم شێوەیە دەکرێ بڵێین کە ئەدەبیاتی ئەم وڵاتە بچووکە منەتباری ژنانی کتیب خوێنە و بە هۆی ئەم ژنانەوە بووە کە ئەم ئەدەبیاتە سەری هەڵداوە و بیچمی گرتووە.

ژنان بەردەوام ڕۆحی ماڵەچەی ئەدەبیات بوونە. خوازەیەک لە فریشتەی لێهاتوو، لە پشت دامەزراندن و دەست بەکاربوونی بنکەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوە، دەکرێ تاپۆ و سێبەری ئەوان وەک دامەزرێنەری ڕاستەقینەی ئەو بنکە و ناوەندانە ببینین. لە بەرانبەر ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوونەی ژنانەوە، نووسەرە پیاوەکان تەنیا بە دەستکراوەیی ئەویش لە پێشەکیی کتێبەکانیاندا نێوێکیان لێ دەبەن و ئەویش بە کۆمەڵ و شێوازێکی هەڕەمەکی. بەم جۆرەیە کە نێوی ژنان زۆربە لە پێشەکیی کتێبەکاندا لە دوای ڕیزی ئەو کەسانەوە دێت کە سپاس و پێزانیان ئاراسته و دستخۆشییان لێکراوە. بەرپرس و هەڵەچنە ئەدەبییەکان، هاوڕێیان و بنکەکان و لە خوارووی هەموو ئەمانەشەوە بۆ نموونە نێوێک لە “ماری” ، “جەین” یان “لۆرا” دێتە پێش چاو.

بە درێژایی مێژوو جادووگەرەکان(ژنانی خوێندەوار) و هەروەها کتێبەکان(سەرچاوەکانی زانست و چێژ) هەر کات بە پێویست زانرا بێ، وەک دەستکەوتی شەیتان ڕاگەیەندراون

بگەڕێینەوە بۆ بابەتی سەرەکی و دەسپێکی ئەم نووسینە و بە داکۆکییەوە دووپاتی بکەینەوە کە مێژوویی ژنان هاوسانە بە کتێب و ئاگر و دووکەڵ و خۆڵەمێش، کە ئەمەش وەها پێکەوە تێکەڵاو بوونە کە لە یەکتر جیاش ناکرێنەوە. تەنیا ژنان و کتێبەکان بوون کە لە سەردەمی پشکنینی بیروڕا لە چاخەکانی ناوەڕاستدا، سووتێندران و ببوونە دووکەڵ. پیاوان لە سۆنگەی ئەژمار و ئامارییەوە پلە و پێگەیەکی کەم بایەخیان لەنێۆ پانتایی ئەم دووکەڵ و ژیلەمۆی مێژووەدا هەیە. بە درێژایی مێژوو جادووگەرەکان(ژنانی خوێندەوار) و هەروەها کتێبەکان(سەرچاوەکانی زانست و چێژ) هەر کات بە پێویست زانرا بێ، وەک دەستکەوتی شەیتان ڕاگەیەندراون. ئەم ئەڵقەیە بە خۆکوشتنی خوازەیی شاعیری ئەمەریکایی سیلڤیا پلات دادەخرێ کە سەری خۆی لەنێو کوورەی چێشتخانەکەی دەهاوێ کە هێمایەکە بۆ ئاگری بە کڵپەی دۆزەخێکی بە گڕوتین.

بۆ کۆتاییهێنان بەم مێژووە تفت و تاڵە، ڕێگەم بدەن بەسەرهاتێکی خۆشتر بگێڕمەوە؛ دیسانیش چیرۆکێکی ڕووسی. دایکێک خەڵکی موسکۆ، بەبێ هیچ هۆکارێک، زۆر بە پەرۆش و نیگەران بوو بۆ کوڕەکەی. ئەم کوڕە گەنجە خوێندکارێکی لێهاتوو و لە هەمان کاتیشدا شەیدای نووسینەکانی پووشکین ببوو. بەم گشتەوە دایکی دووگومان بوو لەوەی کە نەوەک کوڕەکەی تووشی مادە سڕکەرەکان بووبێ. شتێ کە لە چاوی ئەوەوە زۆر قورس و تاوانێکی ئێجگار گەورە بوو. بەم بۆنەوە ئەم دایکە هەر هەموو ڕۆژێ گیرفانی کوڕەکەی دەپشکنی نەوەک مادەی هۆشبەری تێدا بێ. تا ئەمەی کە ڕۆژێک ئەو شتەی کە بەردەوام لە دووی دەگەڕا دۆزییەوە: شتێکی ورد و بۆری تۆخ کە پێچرابوویە پارچە کاغەزێکەوە. لە جێی ئەوەی تووڕی بدات یان لە نێوی بەرێ، ئەم ژنە هەوڵ دەدات کە کاریگەری مادەی هۆشبەر لەسەر خۆی تاقی بکاتەوە. سەرەڕای نەبوونی هیچ ئەزموونێکی لەم کارەدا، ژنە سەردەکەوێ و بە درووست یان بە هەڵە جگەرەیەکی پێ دەپێچێ و دەست دەکا بە کێشانی. گەڕانەوەی لەناکاوی کوڕەکەی لەو کەیف خۆشی و حاڵەتە سڕبوونە دەری دێنێ.

کوڕە بە تووڕەییەوە هاوار دەکا: مۆریچە چکۆلەکەی من لە کوێیە؟

دایکیشی بە خەیاڵێکی ئاسوودەوە وڵامی دەداتەوە: ئەمن هەموویم کێشا.

لە ڕاستیدا ئەوەی ژنە لە جێی مادەی هۆشبەر کێشابووی و پێی وابووە کە حەشیشە، تۆزێ لە خاکی سەر مەزار و گڵکۆی پووشکین بووە کە کوڕەکەی وەک شتێکی پیرۆز سەیری کردووە و لەگەڵ خۆ بۆ ماڵی هێناوەتەوە. کەواتە ئەم ژنە خاکی سەر مەزاری پووشکینی دووکەڵ کردبوو و بەم جۆرە تۆڵەی ژنە سەربازی دەست ئاوەڵای سەر بە ئەرتەشی سووری لەنێو فیلمی “چل و یەکەمین”دا کردبووەوە. هەر ئەوەی وا ئەفسەرە سپییە قۆزەکە هەر هەموو شیعرەکانی کردبووە خۆڵەمێش. ئەم ژنە نەناسراوە بەبێ ئەوەی کە خۆی بیەوێت لاپەڕەیەکی شۆڕشگێڕانەی نوێی لە مێژووی ئەدەبیات هەڵدابوویەوە. دیسان دووبارەی دەکەمەوە ڕەنگە هەر چییەک بێت، بێگومان دەبێ دەستخۆشی لەم ژنەوە بکەین.