زمان.. دەسەڵات.. ‌هێز

(لە ڕوانگەی ڕۆڵان بارت و ئەمبیرتۆ ئیکۆوە)

ئەمبیرتۆ ئیکۆ لە وتاری ”زمان، دەسەڵات، هێز”دا، بابەتی زمان لە ڕوانگەی ”ڕۆڵان بارت”ـەوە وەک بابەتێکی بانتر لە ئەدەبیات و تەکینکەکانی لێکۆڵینەوە لە ئەدەبیاتدا دەخوێنێتەوە کە دەچێتەوە سەر بابەتی دەسەڵات.

ئیکۆ وتارەکەی بە یەکەم وانەی ڕۆڵان بارت وەکوو مامۆستای نیشانەناسیی ئەدەبیات لە کۆلێژی ”دو فرانس’ ‘دەست پێ دەکات کە لەو کۆلێژە مامۆستا هەر وتار، یان وانە پێشکێش دەکات؛ واتا لەوێ مامۆستا خوێندکارەکانی تاقی ناکاتەوە و، دەسەڵاتی ڕەدکردنەوە، یان دەرچوواندنیانی نییە. خوێندکارانیش هەر لە سۆنگەی هۆگرییەوە لە پۆلی وانەکاندا ئامادە دەبن. بارت وانەکەی خۆی بە پەسنی پلە نوێیەکەی دەست پێ دەکات و دەڵێت: ”هاتوومەتە شوێنێک کە لە دەسەڵات بەدوورە.” ئیکۆ ئەم وتەیە بە ڕیابازی دەزانێت، چونکە لە فەرەنسا هیچ شتێک بەقەدەر وانەگوتنەوە لە کۆلێژی دو فرانس و بەرهەمهێنانی زانین، دەسەڵاتی فەرهەنگی نابەخشێت. بەڵام دەڵێت: ”لەوانەیە زێدەڕۆییم کردبێت، چونکە لەو وانەیەدا (کە دواتر لێمان ڕوون دەبێتەوە دەربارەی زمانە) بارت بە شێوەیەکی ساویلکانە گەمە دەکات: ئەو پێناسەیەکی دەسەڵات دەخاتە ڕوو، کەچی پێناسەیەکی دیکەی بۆ دەکاتە پێشگریمانە.”

ئیکۆ پێی وایە بارت لەوە زیرەکترە کە فوکۆ بخاتە پشتگوێ، کە واتا دەبێ ئەوە زۆر باش بزانێت کە دەسەڵات ”یەکە” نییە، بگرە لەو جێیانەدا کە بە یەکەم نیگا نایبینین دزە دەکات، دەسەڵات ”فرە”یە، سپایەکە وەکو ئەهریمەنەکان. دەسەڵات لە ناسکترین میکانیزمەکانی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتیدا ئامادەیە؛ نەک هەر لەلای دەوڵەت و چینەکان و گرووپەکان، بگرە لە مۆدەکان و باوەڕەکان و نمایشەکان و گەمەکان و وەرزشەکان و زانیارییەکان و پێوەندیی خێزانی و تایبەتی و تەنانەت بەلای ئەو لایەنە ئازادیخوازانەوە کە هەوڵ دەدەن دژی بوەستنەوە، ئامادەیە. ”وتەیەک بە وتەی دەسەڵات دەناسرێت کە هەڵە دەخاتەوە و لە ئەنجامدا بیسەر تۆمەتبار دەکات.” ئەگەر بۆ لەنێوبردنی دەسەڵات شۆڕش بکەن، دەبینن جارێکی دیکە لە ناخی دۆخە نوێیەکەوە سەر هەڵدەداتەوە. ”… دەسەڵات مشەخۆری جەستەی بانکۆمەڵایەتییە، پێوەندیی بە تەواوی سەربردەی مرۆڤەوە هەیە، نەک هەر سەربردە سیاسی و مێژووییەکەی. زمانیش ئەو شتەیە کە لە ژیانی تاهەتاییی مرۆڤایەتیدا، دەسەڵات تێیدا جێگر دەبێت.”

ڕۆڵان بارت (١٩١٥-١٩٨٠) ئەمبیرتۆ ئیکۆ (١٩٣٢-٢٠١٦)

ئیکۆ لە درێژەی وتارەکەیدا باس لەوە دەکات کە بەدیهێنەری دەسەڵات، هێزی گوتن نییە، بگرە شێوەیەکی هێزی گوتنە کە لە سیستمێک، یان دەزگایەکی ڕیساکان، واتا لە زماندا چەقی بەستووە. دەگەڕێتەوە سەر وتەی بارت کە لە وانەکەیدا دەڵێت ”زمان ناچارم دەکات هەرکاتێک باسی کردەیەک بکەم، خۆم لە جێی بکەری ئەو کردەیە دانێم. ئیدی لێرەوە هەرچییەکی بیکەم دەبێتە دەرەنجامی ئەوەی کە هەم؛ زمان ناچارم دەکات نێر و مێ لێک هەڵاوێرم و بواری ئەوەم پێ نادات جۆری نەنێر-نەمێ وێنا بکەم؛ ناچارم دەکات بە گوتنی ”ئێوە”، یان ”تۆ” لەهەمبەر ئەوی دیدا دەروەست بم، چونکە مافی ئەوەم نییە پێوەندیی سۆزداری، یان کۆمەڵایەتیی خۆم دیاری نەکەم. … زمان بەهۆی پێکهاتە تایبەتەکەیەوە جۆرە پەیوەندییەکی لەخۆنامۆبوونی ناچارەکی دەخوازێت. … قسەکردن، واتا ملکەچبوون: زمان [دەسەڵاتێکی]بادەرەوەیە کە لایەنی هەمەکیی لەخۆ گرتووە. با لەوەش زیاتر پێ ڕاکێشم: زمان نە بادەرەوەیە و نە پێشڕەوە، بگرە لە یەک وشەدا فاشیستە. چونکە فاشیزم گوتن قەدەغە ناکات، بگرە گوتن دەکاتە ناچاری.”

ئەم وتەیەی بارت لە ژانویەی ١٩٧٧ەوە زۆرترین دەمەقاڵەی لێ کەوتووەتەوە. ئیدی هەموو باسەکانی دوایی، لەم وتەیەوە دێنە گۆڕی. پاش بیستنی ئەم وتەیە ئیدی پێمان سەیر نابێت ئەگەر بڵێن: زمان دەسەڵاتە، چونکە ناچارم دەکات کۆمەڵێک کڵێشەی لە پێشدا بیچمگرتوو (لەوانە وشەکان) بەکار بێنم، هەروەها پێکهاتەیەکی وەها پێویست و بەدەر لە گومانی هەیە کە مۆڵەت بە ئێمەی کۆیلەکانی زمان نادات لێی دەرباز و ڕزگار بین، چونکە هیچ شتێک لە دەرەوەی زمان نییە.

چۆن دەتوانین لەم شتەی کە بارت (بە ئاوڕدانەوە لە شانۆنامەکەی سارتر) پێی دەڵێت ”دەرگای داخراو”، خۆمان دەرباز بکەین؟ بە وەرچەرخاندن. دەکرێ لە زماندا وەچەرخان بکەین. بارت بە ئەم گەمە نادروست، ڕزگاریدەر و ئازادیبەخشە دەڵێت ”ئەدەبیات”.

لێرەوە دەگەینە سەر چنینی تیۆرییەکی ئەدەبی کە گەمەکردنی وشەکان و گەمەکردن بە وشەکانە. ئەم باسە هەر ئەو وتانە دەگرێتەوە کە بە کردەی ئەدەبی ناو دەبرێن، کەچی دەبینین ئەو تیۆرییە هاوکات لە وتەی زانستی، یان میژوونووسییشدا بەکار دێت. بەڵام ئەوەی کە دواجار بەلای بارتەوە نموونەی سەرەکیی ئەو چالاکییە ئازادیبەخشەیە ئەو چالاکییانەن کە پێیان دەگوترێت، داهێنەر، یان داهێنەرانە. ئەدەبیات سەروکاری لەگەڵ گوزارەی مشتوماڵدراودا نییە، بەڵکە سەروکاری لەگەڵ گەمەی بێژەر و نووسەردا هەیە کە هێزی ڕاکێشانی وشەکان دەدۆزێتەوە. ئەدەبیات ئەوە باش دەزانێت کە هێزی زمان دەتوانێت جارێکی دیکەدا بەسەریدا زاڵ بێتەوە، بەڵام هەرڕێک بەو هۆیەشە کە ئامادەیە لە قسەی خۆی پاشگەز بێتەوە؛ وتەکەی خۆی جارێک پەسند بکات و جارێکی دی ڕەدی بکاتەوە، جاری وایە لاساری دەکات و جاری واشە بە زمانبازی هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێت؛ نیشانەکان ناسڕێتەوە، بەڵکە وەگەمەیان دەخات و گەمەیان پێ دەکات. وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئاخۆ ئەدەبیات جۆرێک ئازادکردنی دەسەڵاتی زمانە، یان نا، پەیوەندیی بە سرووشتی ئەو دەسەڵاتەوە هەیە. وێ دەچێت کە بارت لێرەدا خەریکی تەفرەدان بێت، هەروەها ڕاستەوخۆ، نەک هەروەکو دۆستێک، تەنانەت لەو بەشەدا کە باسی ”فرەیی”ی دەسەڵات دەکات، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕستەکانی فوکۆ شەرح دەکات. ئەو واتایەی کە فوکۆ دەربارەی دەسەڵات خستوویەتە ڕوو، لەوانەیە قایلکەرترین و بێگومان پاڵنەرترین واتایەکە تا ئێستا باوە.

لە توێی ئەو گۆڕانەی لە بەرهەمەکانی فوکۆدا لەنێوان دەسەڵات و زانین، ”کردەی وتەیی و کردەی ناوتەیی”دا دەبینرێت، دەکرێ چنینێکی ڕوونی واتای دەسەڵات بەدست بخەین کە لانیکەم دوو تایبەتمدنیی ئەو چنینە لێرەدا بەکارمان دێت: یەکەم ئەوەی کە دەسەڵات تەنیا هاندان بۆ دەبڕین و بەرهەمهێنانی زانین نییە؛ دووەم، هەروەکو بارتیش ئیشارەی پێ دەکات، دەسەڵات ”یەکە” نییە، لەت‌لەت نییە، دەسەڵات پڕۆسەیەکی یەکلایەنەی نێوان فەرمانڕەوا و ژێردەستەکانیەتی.”

زمان زۆردارە بەڵام تایبەتمەندیی زۆردارییەکەی نە پەیوەندیی بە بڕیاری کەسییەوە هەیە و نە بە هیچ ناوەندێکی دیکەوە کە ڕێساکانی لێوە پەیدا دەبن

فوکۆ دەڵێت: ”بە گشتی دەبێ ئەوە قبووڵ بکەین کە ئەو دەسەڵاتە بەکارترە لەوەی لە دەستی کەسێکدا بێت، دەسەڵات خاڵی پێبڕاو، یان پارێزراوی چینی فەرمانڕەوا نییە، بگرە بەڵگەی کۆمەڵێک دۆخی ستراتیژیکی ئەو چینەیە (بەڵگەیەکی وایە کە دۆخی کەسانی ژێر دەسەڵات دەیخەنە ڕوو، جاری واشە دیسان وەسەرڕێی دەخەنەوە). لە لایەکی ترەوە ئەو دەسەڵاتە بە شێوەی جۆرێک زۆرداری، یان بەربەست بۆ ئەو کەسانەی ”دەسەڵاتیان نییە” کار ناکات؛ بەڵکە دەسەڵاتی ئەوان گەمارۆ دەدات و لەوان و بە نێوان ئەواندا تێپەڕ دەبێت؛ پشتیان پێ دەبەستێت، ڕێک وەکو خۆیان کە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو دەسەڵاتەدا پشت بەو کەرەستانە دەبەستن کە دەسەڵات بەسەریانیدا سەپاندووە.”

ئیکۆ لە درێژەی باسەکەیدا دەڵێت، بێگومان زمان زۆردارە (چونکە بە پاساوی ئەوەی کە ڕستەی ”من دانەیەک چۆنم دەوێ” واتای نییە، ئیجازەم پێ نادا بیڵێم)، بەڵام تایبەتمەندیی زۆردارییەکەی نە پەیوەندیی بە بڕیاری کەسییەوە هەیە و نە بە هیچ ناوەندێکی دیکەوە کە ڕێساکانی لێوە پەیدا دەبن: زمان بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە و، ڕێک بەهۆی پێکەوەسازانی هەموو خەڵکەوەیە کە بە شێوەی دەزگایەکی ئەرکسەپێن پەیدا دەبێت. هەموو کەسێک لە بەرانبەر جێبەجێکردنی ڕێزماندا تاکو ڕادەیەک مل با دەدات، سەرباری ئەوەش دەیپەژرێنێت، بەڵام وای پێ باشترە کە پێی وابێت خەڵکی دیکەش جێبەجێی دەکەن.

(سەرباری ئەوەی کە زمان بەهۆی تایبەتمەندییە ڕێکخراوەکەیەوە بەشێک لە پێکهێنەری زانینە) نازانم دەکرێ بڵێین زمان کەرەستەی دەسەڵاتە، یان نا. بەڵام بەبێ شک جۆرێک سەرباشقەی دەسەڵاتە. دەتوانین بڵێین زمان کە بەرزترین دەزگای نیشانەناسییە، یان (بە وتەی نیشانەناسەکانی ڕووسیە) سیستمی نموونەسازی سەرەتاییە، سەرباشقەیەکە بۆ ئەو سیستەمە نیشانەسازانەی کە لە فەرهەنگی جۆراجۆردا وەکو کەرەستەی دەسەڵات و زانین (سیستەمی نموونەسازی دووەم) جێ دەگرێت.

کەواتە لەم ڕووەوە، بارت هەقیەتی زمان بە شتێک لە قەڵەم بدات کە پەیوەندیی بە دەسەڵاتەوە هەیە، بەڵام هەڵەکەی لەو دوو ئەنجامەدایە کە پێیان دەگات: ئەوەی کە زمان فاشیستە و ئەوەی کە زمان ”شتێکە دەسەڵات [واتە درەوشانەوەی دابینکەری زمان] تێیدا جێگر دەبێت.”

ئەگەر چارەنووسی مرۆڤایەتی لەژێر دەسەڵاتی فاشیزمدا بێت کەواتە هەمووان فاشیستن و ئەوەش واتا هیچ کەسێک فاشیست نییە.

با لە پێشدا خۆمان لەگەڵ هەڵەی یەکەم یەکلایی بکەینەوە: ئەگەر دەسەڵات ئەو شتە بێت کە فوکۆ پێناسەی کردووە و ئەگەر دەکرێ تایبەتمەندییەکانی دەسەڵات لە زماندا بدۆزینەوە، گوتنی ئەوەی کە زمان بەو هۆیەوە فاشیستە زیاتر لە گاڵتە دەچێت: ئەم وتەیە بە جۆرێک بانگهێشتکردن بەلای لێڵیدایە. چونکە ئەگەر فاشیزم لە هەموو جێیەک هەیە و، ئەگەر لە هەموو دۆخێکی دەسەڵات و لە کۆنترین زمانەکاندا هەمیشە ئامادە بووە، کەواتە ئەوە لە بنەڕەتدا لە هیچکوێ نییە، ئەگەر چارەنووسی مرۆڤایەتی لەژێر دەسەڵاتی فاشیزمدا بێت کەواتە هەمووان فاشیستن و ئەوەش واتا هیچ کەسێک فاشیست نییە. ئەم بابەتە مەترسیی ئەو هۆکارهێنانەوە فریودەرانە نیشان دەدات کە بەردەوام لە ڕۆژنامەوانیی ڕۆژانەدا دەیبینین، جیاوازییەکەیشیان هەر ئەوەیە کە ئەوان وردەکارییەکەی بارت نازانن. ئەو لانیکەم ئەوە دەزانێت کە گوتنی وتەی پێک ناکۆک وەک تەکنیکی ڕەوانبێژی بەکار دێنێت.

بەڵام هەڵەی دووەم بەلای بۆچوونی منەوە ناسکتریشە: زمان ئەو شتە نییە کە دەسەڵات تێیدا جێگر بێت. بەڕاستی من هەرگیز لەو کەلکەلەیەی فەرەنسایی و فەرەنساییشێوەکان تێ ناگەم کە دەیانەوێت هەموو شتێک جێگر بکەن، یان هەموو شتێک بە جێگرکراو ببینن، بەکورتییەکەی من واتای ڕوونی ”جێگربوون” نازانم. وا دەزانم ئەم کردارە گۆڕانێکە بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی کە چاریان نییە بە بەکار‌هێنانی زۆر و هێز چار بکات. بەڵام ئەگەر ئەم بۆچوونەش بپەژرێنم، وای بە باش دەزانم زمان کەرەستەیەک بێت کە دەسەڵات لە ڕێی ئەوەوە لە هەرجێیەک سەری هەڵدا جێگر ببێت.