حەماقەتی ئێرانییانه‌ی میشێل فوکۆ

"دەربارەی تێڕوانینی سیاسیی سادە و ساکاری میشێل فوکۆ."

لە ئینگلیزییەوە: شکار وەفا

ڕۆشنبیرانی چەپ مێژوویەکی دوورودرێژ و ئابڕووبەریان هەیە لە شکست و هەڵە تێگەیشتن لەو ڕژێم و بزووتنە سیاسییانەی کە لە کۆتاییدا بوونەتە ستەمکار و دیکتاتۆری توندوتیژ و توندڕەو. بۆ نموونە، پەرۆشی و گەرموگوڕی سیدنی وێب و بیەترس وێب بۆ ستالین و یەکێتیی سۆڤییەت، بیەترس بە تایبەت بەشێک بووە لەو بەرگرییە، بە فراوانی بەرگری لە دادگاییە شکڵییەکانی ساڵانی سییەکان دەکرد و دەڵێت، (“حکومەتی سۆڤییەتی لەسەر حەق بووە، تەنانەت لە ڕوانگە و هەڵوێستە مرۆڤانەییەکەشەوە ڕاست و حەق بوونە.”)

برێخت بەرگری لە حکومەتی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات کردووە، تەنانەت داوای لە تانکەکانی سۆڤییەت کردووە یاخیبوونی کرێکاران کپ بکەنەوە. هەروەها چۆمسکی کوێر و بێدەنگ بووە بەرامبەر دڕندەیی و دڵڕەقی خمێرە سوورەکان بەرامبەر بە کەمبۆدییەکان. بەمە دەوترێت کەمئەزموونی و سادەیی، هەڵە نابین میشێل فوکۆ و دڵگەرمی و پەرۆشییەکەی بۆ شۆڕشی ئێرانی زیاد بکەین و ناوی بخەینە پاڵ ئەو ناوانەی سەرەوە، کاتێک لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٩٧٨ بۆ سەرەتای ١٩٧٩ بە ئاشکرا لەو بارەیەوە زنجیرە وتارێکی بۆ ڕۆژنامە فەڕەنسی و ئیتاڵییەکان نووسی.

توندوتیژی و دڵڕەقی و فەرمانڕەوایی نادادپەروەرانەی ڕەزا شای پەهلەوی شتێکە گومان هەڵناگرێت، ئەمە سەری کێشا بۆ ئەوەی خەڵکی بتەقنەوە و چیتر بەرگەی ئەو ستەم و نادادییە نەگرن و لە شوباتی ١٩٧٩ کۆتاییان بە دەسەڵاتەکەی هێنا.

هەرچەندە، ڕوون بوو کە فۆڕمە ئیسلامییەکەی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکە لایەنی قووڵی کێشەداری هەیە و مایەی نیگەرانییە، بەلایەنی کەمەوە زۆرێک لە چەپەکان درکیان بەمە نەکردبوو. ئاتوسا هـ، کە فێمینیستێکی ئێرانییە و بۆ گۆڤاری Le Nouvel Observateurی نووسیوە، لە نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٧٨ نووسیویەتی کە چەپەکانی ڕۆژئاوا پێیان وایە ئیسلام خوازراو و پەسەندە – ئەگەرچی زۆرێک لە ڕۆشنبیر و بیرمەندانی چەپیش نایانەوێت لەژێر حوکمێکی ئیسلامیدا بژین – کەچی “زۆرێک لە ئێرانییەکان وەک من، پەست و بێهیوا و توڕەن لە بیرۆکەی حکومەتێکی ئیسلامی”. دەزانین کە وایە. لە هەموو شوێنێکی دەرەوەی ئێران، ئیسلام وەک داپۆشەری ستەمی فیوداڵ یان شۆڕشە قەڵبە ستەمکارەکان خزمەت دەکات… چەپەکان نابێت ڕێگە بە خۆیان بدەن بە دەرمانێک فریو بخۆن کە ڕەنگە لە نەخۆشییەکە خراپتر بێت.”

بە داخەوە دەقیقەن “فوکۆ” فریوی بەو هاشوهوشەی خەڵکی ئێران خوارد، کە وا باسی کردووە ڕەنگە نیشانەیەک بێت بۆ “شۆڕشێکی نوێی ڕۆحیی سیاسی”، ئەگەری ئەوەشی هەیە تەحەول بکات و بگوازرێتەوە بۆ ژینگەی ئەوروپی، هەروەها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.

بۆ نموونە، لە ئۆکتۆبەری ١٩٧٨ بە وتارێک لەژێر ناونیشانی، “ئێرانییەکان خەون بە چییەوە دەبینن؟”

بە بەلاغە و ڕەوانبێژییەکی ئوستووری باس لە ململانێ و هەوڵ و تەقەلای شۆڕشەکە دەکات:

“دەکرێت بەو شێوەیە لە دۆخی ئێران تێبگەین کە ڕمبازییەکی سەر ئەسپە لەژێر دروشم و هێما نەریتییەکاندا، لەنێوان ئەوانەی لە بەرەی پادشان و ئەوانەی لە بەرەی پیاو چاکەکەدان، لەنێوان دەسەڵاتدارێکی چەکدار و مەنفییەکی بێدەرەتان و هەژار، دەسەڵات و دادوەری ڕەها دژی پیاوێکی داماون کە خەڵکی پشتیوانییەتی.”

فوکۆ لە نووسینەکەیدا هەڵدەچێت:

“بەهاکانی ئیسلام کاری خۆیان دەکەن: هیچ کەسێک لە خێروبێر و بەرهەمی کارەکەی بێبەش و مەحرووم ناکرێت، ئەوەی بۆ هەمووانە (ئاو، خاک) هی هەمووانە، ناکرێت هیچ کەسێک دەستی بەسەردا بگرێت. ڕێز لە ئازادییەکان دەگرن، تا ئەو ڕادەیە دەڕۆن کە چالاکییەکانیان زیان بەوانی تر ناگەیەنێت؛ کەمینەکان پارێزراو دەبن و ئازادن لەوەی چۆن دەژین، بەو مەرجەی زیان بە زۆرینە نەگەیەنن. هیچ نایەکسانییەک لەنێوان ژن و پیاودا نابێت و هەردوولا ڕێزی مافەکانی یەکتری دەگرن، بەڵام جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە، جیاوازییەکانیش جیاوازی سروشتین. پەیوەست بە سیاسەتیشەوە، بڕیارەکان لەلایەن زۆرینەوە دەدرێن، ڕابەر لێپرسراوی خەڵکی دەبێت، هەر کەسێک، بەو شێوەیەی لە قورئاندا ئاماژەی پێکراوە، دەبێت بەرپرسیار و گوێڕایەڵی ئەو کەسە بێت کە حوکمی دەکات.”

لە یەکی شوباتی ١٩٧٩ و پاش ١٤ ساڵ لە دووری و ژیانکردن لە مەنفا، پێنج ملیۆن کەس لە تاران ڕژانە سەر شەقامەکان تا بەخێرهاتنەوەی ئایەتوڵا خومەینی بکەن و پێشوازی لێبکەن. لە کۆتایی مانگی شوبات بە تەواوی دەسەڵات دەکەوێتە دەستی و شورای شۆڕش دادەمەزرێنێت. لێپرسراوان و دەسەڵاتدارانی پێشووی حکومەتەکەی شا دەستگیر دەکرێن و، زۆرێکیان بەبێ دادگایی لە سێدارە دەدرێن. بە قامچی سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە و دەیفرۆشن. هێرش دەکرایە سەر ئەو کتێبخانانەی کە کتێبێکیان تێدا بووایە “دژە-ئیسلامی” بووایە. چاودێری خرایە سەر میدیا و سانسۆر کرا.

لەبارەی مافی ژنانیشەوە، کە فوکۆ دەیگوت هیچ نایەکسانییەک لەنێوانیاندا بوونی نابێت، تەنها جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە (جا ئەو جیاوازییە هەر واتایەکی هەبێت)، لە 3ی ئازار، خومەینی بڕیارێکی فەرمی دەردەکات کە ژنان بۆیان نییە ببنە دادوەر؛ لە 4ی ئازار، تەنها پیاوان بۆیان هەیە داوای تەڵاق و جیابوونەوە بکەن؛ لە 9ی ئازار، ژنان قەدەغە دەکرێت لەسەریان کە بەشداری وەرزش بکەن؛ لە 8ی ئازاردا، فەرمان بە ژنان دەکرێت کە حیجاب بپۆشن، کە زۆرێک لەوانەی ڕەشبین بوون بە دۆخەکە پێشبینی وەها بڕیارێکیان کردبوو!


(جێرمی سترانگڕووم وەک سەرچاوە سوودی لە وتارێکی جانێت عەفاری و کێڤن ئەندرسن وەرگرتووە بەناوی، “فوکۆ و شۆڕشی ئێرانی”)