ڕانانێک لەسەر کتێبی “ڤایرۆس”ی ژیژەک

وەرگێڕانی: ھوشیار شێخ ئەنوەر

لە كاتێكدا كە كۆمەڵگە توشبوووكان بەم پەتایە لە دۆخێكی شۆكئامێزدان، فەیلەسوفی سلۆڤینی (سلاڤۆی ژیژك) كە بەردەوام جێی مشتومڕێكی زۆرە لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەكانی ڕۆژئاوادا، لە كتێبێكدا كە بە ماوەیەكی پێوانەیی نووسی بە ناوی “ڤایرۆس” باس لە ئاكامەكانی پەتای كۆرۆنا دەكات و وەك تاقیكردنەوەیەك دەیبینێت بۆ فەلسەفە ھاوچەرخەكان و فیكر و بیرە نوێكانی كە لە ئێستادا بڵاون.

ژیژاك كە لەدایكبووی ساڵی (١٩٤٩)یە و لە شاری (لیۆبلیانا) كە پایتەختی وڵاتی سلۆڤینیایە چاوی بە ژیان ھەڵھێناوە.

بە شێوازەكەی خۆی لە نووسیندا كە تێكەڵەیەكە لە بیری ماركسی و دەروونشیكاریی لاكانی و كولتووری میللی و لێكۆڵینەوەی زنجیرە دراماییەكان و فیلمە سینەماییەكان (ژیژاك) بووە بە نێودارترین و میللیترین فەیلەسەوفە ئەوروپییەكان لەم چەند دەیەی دواییدا و شتێكی چاوەڕوانكراویش  بوو كە شتێك لەبارەی پەتای كۆرۆناوە بنووسێت. ئەوەبوو لە ماوەیەكی پێوانەییدا كتێبێكی نووسی بە ناوی “ڤایرۆس” و تیایدا باس لە كاریگەرییەكانی قەیرانی كۆرۆنا دەكات لەسەر ئەقڵی ئێمە و ھەروەھا ئەو كاریگەریانەش كە بەسەر ئەو سیستمە  كۆمەڵایەتی و ئابوورییەی كە چیتر لە ئێستادا چالاك نین دەكات و لە كێێبەكەیدا پێشبینیی  ستەمكارییەكی نوێ دەكات كە لەو فریاگوزارییە خێرایانەوە دروست دەبێت كە بەھۆی پەتاكەوە جێبەجێ دەكرێن و پێی وایە ئەگەرچی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیش پتەو بكرێن بەڵام ستەمكارییەكان ھەر ڕوودەدەن.

ژیژەك دەڵێت: “دەربازبوون لەم كارەساتە ناكاتییە دەشێت لەو ڕێگەیەوە بێت كە بە (كۆمۆنیزمی كارەسات) ناوی دەبات كە لەم چەند پەرەگرافەی خوارەوەدا ڕوونی دەكەینەوە كە لە ڕۆژنامەی (لابانغواردیا) ئیسپانیدا بڵاو كراوەنەتەوە.

ئایا شتێك لەم پەتایەوە فێردەبین؟

فەیلەسوفی ئەڵمانی “ھیگڵ” دەڵێت: “تەنھا شتێك كە لە مێژووەوە فێری ببین ئەوەیە كە ھیچی لێوە فێرنابین”.

ھەربۆیە منیش پێم وانییە كە لەم پەتایەوە شتێك فێربین و ژیرتر بین.

تەنھا شتێك كە زۆر ڕوونە ئەوەیە كە ڤایرۆسەكە ھەموو بناغەكانی ژیانمان تێك دەدات، نەك ھەر دەبێتە ئازار و دەردەسەرییەكی گەورە بۆمان بەڵكو دەشبێتە كارەساتێكی ئابووریی وەھا كە لە نشوستە ئابوورییە مەزنەكەی پێشووتر خراپتر بێت.

ئیدی جارێكی تر ناگەڕێینەوە بۆ ژیانە ئاساییەكەی پێشومان و دەبێت ئەم ژیانە نوێیەی كە دەروست دەبێت لەسەر دار و پەردووی ژیانە كۆنەكەمان بونیاد بنێین.

پێویستە لەسەرمان كە فێر ببین چۆن لەناو ژیانێكی ناسكتر و ناجێگیرتردا ھەڵسوكەوت بكەین و لەوەش تێبگەین كە ئێمە تەنھا بوونەوەرێكی زیندووین لەنێو جۆرەھا بوونەوەری زیندووی تردا و لەنێو جۆرەھا شێوە ژیانی تردا”.

واتای پەتاكە

دەبێت ئەو بارودۆخە كۆمەڵایەتییە شیكار بكەین كە وای كرد پەتایەكی ئاوا دروست بێت و بڵاو بێتەوە، گومانكارەكان ئەوانەی كە ھەمیشە لێپرسینەوە لە بەجیھانیبوون و بازاڕی سەرمایەداری دەكەن چوونەتە یەك بەرەوە.

“پێویستە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ پەتاكە تەفرە و خەنیمان نەكات وەك ئەوەی كە ئەمە گرنگییەكی قوڵتری ھەیە بەوەی كە ئەم پەتایە سزایەكی عادلانەیە بۆ مرۆڤایەتی لە پای ئەو پاوانكردنە وەحشیگەرانەیەی كە ئادەمیزاد لە سروشت و شێوەكانی تری ژیانی كردووە. گەر بێت ئێمە بەم جۆرە بیر بكەینەوە و بەدوای مەسجێكی نادیارەوە بین ئەوا ئێمە وەك ئەوە وایە بە ئەقڵی پێش نوێگەری بیر بكەینەوە، یاخود پێمان وابێت كە گەردوون یان جیھان جۆرێك لە جۆرەكانی پەیوندیی شاراوەی ھەبێت بە ئێمەوە، خۆی شتە سەختەكە ئەوەیە كە پەتاكە تەنھا ئەنجامێكی لە ناكاوە”.

ڕووبەڕووبوونەوەی پۆپۆلیست

ئیدی كاتی ئەوە ھاتووە واز لە دروشمی”ئەمەریكا پێش ھەموو شتێك، دەوڵەت پێش ھەموو شتێك” بھێنین، ھەروەك مارتن لۆسەر كینگ پێش زیاتر لە پەنجا ساڵ  گوتی: “لەوانەیە ھەریەك لە ئێمە بە بەلەمێكی جیاواز ھاتبینە ئەم وڵاتەوە، بەڵام ئێستا ھەموومان لە ھەمان كەشتیداین”.

شێوەیەك لە شێوازەكانی كۆمۆنیزم

ڕێگە چارە بە كەرەنتینەكردن و بونیادنانی دیواری نوێ نابێت، بەڵكو پێویستمان بە ھاوكارییەكی سەرتاسەری و بێ مەرج ھەیە، لەسەر ئاستی جیھانیش دەبێت ئەم ھاوكارییە ڕێكبخرێت، ئەمەش من وەك ئەو شێوە  كۆمۆنیزمییە دەیبینم كە جاران ھەبوو.

ئەگەر بێتوو ھەوڵەكانمان بەم ئاراستەیە یەك نەخەین ئەوا شاری (وھان)ی ئێستا دەبێتە نموونەی شارە ئایندەییەكان، چونكە ئەگەر دەوڵەتەكان خۆیان لە یەكتر داببڕن ئەوا جەنگەكان دەست پێ دەكەن، وەك ڕۆژنامەوانی بەتوانای بریتانی (ویل ھۆتۆن) دەڵێت:” لەم ساتەی ئیستادا قەیرانێك كەوتۆتە نێو بازاڕی ئازاد و بەجیھانیبوونی ناڕێكخراو، ئەمەش وادەكات قەیرانی نوێ و پەتای تری نوێ دروست ببن، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا شێوەیەكی نوێ لە پەیوەندی و كاری بەكۆمەڵ لەسەر ئاستی ئەزموونكردن بەدی دەكرێت”.

ھاوكاری خۆپەرستانە

من داوای ھاوكارییەكی ئایدیال ناكەم، چونكە ئەم قەیرانەی ئێستا ئەوەی دەرخست كە ئەو ھاوكاری و پشتگیریكردنە جیھانییەی كە دروست بووە  ئامانجیان ئەوەیە كە تاك بەتاكی ئێمە ڕزگار بكات لە دەست پەتاكە و، پێم وایە ئەم ھاوكاری و پشتگیری كردنەش لەژێر پاڵنەری ھەم ئەقڵانی و ھەم خۆپەرستییەدا بێت.

وەحشیگەریی سیاسی

ئەوەی كە زۆر لێی دەترسم بەربەریەتێكی پەتی نییە، بەڵكو وەحشیگەرییەكە بەڵام بە ڕوخسارێكی مرۆڤانەوە: مەبەستم لەو ڕێكارە توند و سەختانەیە كە دەكرێن بۆ مانەوە لە ژیاندا.. پەیامی ڕاستەقینەی دەسەڵات ئەوەیە كە پێمان دەڵێت: “پێویستە لەسەرمان لایەنە ئەخلاقییەكانی كۆمەڵایەتیمان كەم بكەینەوە، واتا چاودێری و نوشداری كردنی پیر و پەككەوتەكان كەم بكەینەوە یان پشتگوێیان بخەین.

كۆمۆنیزم بەردەوامە

پەندێك ھەیە كە دەڵێت: “لە قەیراندا ھەموومان سۆشیالیستین”. تەنانەت (ترەمپ)یش بەھۆی ئەم قەیرانی كۆرۆنایەوە بیری لە جۆرێك دەرامەتی بنەڕەتی بۆ جیھان كردەوە، ھاوشێوەی پڵانی ڕزگاركردنی بانكەكان لە قەیرانە ئابوورییەكەی ساڵی (٢٠٠٨)دا!

بەڵام، ئایا ئەم بە زۆر سۆشیالیست بوونە سۆشیالیستبوونی گەمژەكانە؟

ئا لێرەوە بیری من بۆ كۆمۆنیزم دەردەكەوێت، وەك ناونانێك بۆ ئەو دۆخەی كە ئیستا لە ئارادایە، نەك وەك خەونكی نادیار.

سەرفكردنی ملیارەھا دۆلار بۆ یارمەتیدانی كۆمپانیاكان و ھاوكاری كردنی تاكەكانی كۆمەڵگەش بە بیانووی پاراستنی جوڵەی بازرگانی تا ھەژاری بڵاو نەبێتەوە، لە كارێكی سۆشیالیستی دەچوو، بەڵام  ئەوەی كە ڕوودەدات ڕادیكاڵترە، چونكە لەم ڕێكاری یارمەتی و ھاوكارییە ماددیانەدا چیتر پارە بە شێوە سەرمایەدارییە تەقلیدییەكە ئیش ناكات، بەڵكو پارە لەدەرەوەی (یاسای بەھا)وە ئیش دەكات. ئەمە ڕوانینێكی من نییە بۆ ئایندەیەكی گەش، بەڵكو پێم وایە ئەمە كۆمۆنیزمی كارەساتە وەك دژێك بەرامبەر بە سەرمایەیداری كارەسات.

چاخی نوێی و سەرمایەداری و دێوگەرا

چی دەبێت، ئەگەر نوێنەرانی سەرمایەداری جیھانی دركیان بەو ئاماژانە كرد كە ماركسییەكان لەمێژە دەیدەن بەوەی كە: “سیستمی سەرمایە لە قەیرانێكی قوڵدایە” چی دەبێت، ئەگەر ئەم پەتایەیان بە شێوەیەكی دڕندانە لە بەرژەوەندی خۆیان پاوان بكەن بە مەبەستی ھێنانە كایەی شێوازێكی نوێ لە حوكمداری؟ دیارترین ئامانجی چاوەڕوانكراوی ئەم پەتایە ئەوەیە كە سەرمایەدارییەكی دێوگەرا و وەحشیگەرا(ھمجی) جیھان داگیر دەكات، لەبەرئەمەش نابێت لەو ئەندێشەكردنە ڕۆحییەی كە ئەم سەردەمە نوێیە ھێناوێتی كاتی خۆمان بەفیڕۆ بدەین بەوەی كە چۆن: “قەیرانی ئەم ڤایرۆسە ھانمان دەدات بیركۆیی بكەین لەسەر پێداویستییە بنچینەییەكانی ژیانمان”.