چیرۆک، هونەری گێڕانەوە

چەند تێبینییەک لەسەر کۆمەڵە چیرۆکی (زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە)

هونەر بە گشتی زمانی پەیوەندییە لەنێوان مرۆڤەکاندا کە لەم ڕەوتەدا دەبێت هۆی گۆڕانکارییەک بەسەر نەریتە باوەکان و بونیادە حەقیقییەکاندا. هەر کارێکی هونەریش خاوەنی کۆڵەکەیە و هەر یەکەیەکیش پەیڕەوەی لە ڕێسایەک دەکات کە بەپێی پەیوەندییەکە دێتە گۆرێ.

لەم بەستێنەدا هونەری گێڕانەوە، بە بینینی شتەکان لە دەرەوەی زەمینەی ئاسایی و سروشتیی خۆیاندا و بە بەکارهێنانی وشەکان و تەواوی ئەو تەکنیکە هونەریانەی کە نووسەر کەڵکیان لێ وەردەگرێ جیهانێک دەخوڵقێنێ بە نێوی چیرۆک، چیرۆک هەوێنی بنچینەیی گێڕانەوە، لۆژیکی تەواوی کردارەکان، بنەمای سەرەکیی پەیوەندییەکان، ڕەوتی ڕووداوەکان و هەبوونی کەسایەتییەکانە کە بزاوتی وابەستەیە بە زەمانی گێڕانەوەکەی.

 گێڕانەوە کە یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکانی دەق، وەک ژانرەکانی دیکەی پەیوەندیدار، دەبێ لە چەند لاوە گرنگی پێ بدرێ، وەک: وشەناسی، مۆرفۆلۆژی و تێگەیشتن لە ڕێگای زمانی بەکارهاتوو لە دەقدا.

جۆری نووسین پەیوەستە بە جۆری تێفکرینی نووسەرەوە. بە واتایەکی تر شێوازی نووسین بە جۆرێک پێناسەی کەسایەتی نووسەرە تا ئەو ڕادەیە کە دەگوترێ شێواز خودی نووسەرە.

 دیارە کەسایەتی نووسەر لەهەر قۆناغێکدا لە ڕووی سروشت و باری ژیانییەوە کارتێکەری لەسەر نووسینەکەی دەبێت بەڵام نەک ڕاستەوخۆ، واتە یەکێک لە هۆیەکانی جیاوازی جۆری تێڕوانین و دەربڕین دەتوانێ پەیوەست بێ بە ژیان و ئەزموونی ژینییەوە کە هەندێ جار شێوازێکی تایبەتیشی لێ دەبێتەوە، بەو تێبینییەوە کە هەموو نووسەرێک نابێتە خاوەن شێوازی تایبەتی خۆی.

بۆ وێنە کاتێک ناوەڕۆک یەکسانە وەک جەنگ، عیشق، ڕووداو و…هتد، شێواز و تەکنیک بۆ نووسەر تایبەت دەکاتەوە. هەڵبەت ئەوەش بۆ خۆی دەچێتە دوو قۆناغەوە، شێوازی تایبەت بە خودی نووسەر وەک کەسایەتی (کە ئەوە بە گشتی لە هونەردا هەیە) هەمیش شێواز بەپێی پەیوەندییەکی نەپچراوی میللی، کە لە ڕێی تەکنیک و جوانیناسییەوە دەچێتە ژێرخانی شێوازە میللیەکان(وەک فۆلکلۆر).

هەرچەند نووسەر نابەسرێتەوە بە شێوازێکەوە بە تایبەت لە نووسینی بەردەوامدا کە پەیوەستە بە خولیا و قووڵایی بیرکردنەوە، کە هەر ئەوەش دەبێتە هۆی تاقیکردنەوەی شێوازگەلی جۆراوجۆر لە بەستێنی خۆیدا. نووسەر بە نکۆڵی کردن و نائاسایی کردنی دەق، وەک تێپەراندنی سنووری هەموو ڕێساکان و بەرهەمەکانی پێشوو، بەکارهێنانی وشەکان، پێدانی مانای نوێ و سڕینەوەی مانا ئاشناکان لە زەینی وەرگر بۆ مانای نوێ و تەواوی ئەو تەکنیکە هونەریانەی وا ئاگایانە یا نائاگایانە سوودیان لێ دەبینێت، جیهانێکی نوێ دەخوڵقێێت کە کۆمەڵێک ئاماژەی نائاشنایانە دەرکی دەلالەتە ماناییەکان دژوار دەکات تا دەرکی کارەکەی ئاسان نەبێت.

زەینی داهێنەر بابەتەکە وا لێ دەکا وەکوو ئەوەی نوێ بێت و پێشتر نەبووبێت. ئەو دەربڕینە ئیستاتیکە لەم حاڵەدا خوڵقاندنی هەستێکی تازە و تایبەت و بەهێزە.

گرنگی شێوازی گێڕانەوە لە چیرۆکنووسیدا وەک نائاساییکردن لە ڕێی زمان و تێڕوانینی کەسێتییەکان، هەڵبژاردنی ساتێک لە ڕووداوەکان و ڕێکخستنیان لە بەستەری ئەو ماکەی وا هەڵدەبژێردرێ، دەتوانێ هەموو شتێک سەرسووڕهێنەر بکات و لە واقیعیەت دووریان کاتەوە.

گەر نووسەر ئاگایانە ئەم کارە بکات، کارەکەی وەک بەڵگەیەکی لێ دێت سەبارەت بە شێوازێک لە نووسین. “سارتر” لەم بارەیەوە کاتێ باسی فلۆبێر دەکات و دەڵێ: فلۆبێر هەموو شتێک نائاسایی دەکات و ڕووداوە سادەکانی ژیان دەگۆڕێ بۆ چاوگی سەرسووڕمان.

هەڵبەت هەرکەس دەبێ جیاوازییەکی زەینی و زمانی لەگەڵ گێڕەوەکانی تر هەبێ، بەڵام دەشکرێ لە لایەنی خودی ناهوشیارییەوە تۆو و بنچینەی هاوبەشیشیان هەبێ. دەق شیاوی گواستەنەوەیە و شێواز یا تەکنیک لە زاتی زماندا هەیە، وەک “فلاش بەگ” واتە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، داهێڵان لە هەبوون و زاتی هەر ڕستەیەکدا واتە(تەعلیق) گۆڕانی گۆشەنیگا و گەمەکردن بە زمانی گێڕانەوە. پەیوەندیی پێدان بە حاڵەتی تێفکرین و بابەتی فیکری لەژێر یاسای زمان و نۆڕم و ڕێزمانی زمانییەوە و دەورگێرانی وشە بەر لە کوتنەوەی ئەو شتەی وا لە زەیندایە، واتە “شەپۆلی زەین”.

زمان ئامرازی دەربڕینە و پیت ئامرازی بە وشە کردن، بە واتایەکی تر زمان لە گێڕانەوەدا ئافراندنێکی نوێی پیتە کە دەبێتە وشە و لە هەمان کاتیشدا وشە یاریدەدەری زمانە بۆ ڕەنگدانەوەی هەست لە دەروونی خوێدا.

زمان چ بە شێوەی لەگەڵ خۆدووان، مۆنۆلۆگ، چ بە ئاخافتنی کەسایەتییەکانی ناو گێڕانەوە واتە دیالۆگ، توانای پێدانی ماکی تایبەتی هەیە، کە دەتوانێ بەشێک بێ لە شێواز و تەکنیک بەپێی لێکدانەوەی نووسەر لە بەشی خۆیدا. لەو لاشەوە هەموو گێڕانەوەیەک چۆن مایەیەکی سەرەکی هەیە، مایەیەکی لاوەکیشی هەیە کە مانای بەشێک لە بەشەکانی تر ڕوون دەکاتەوە.

پەیوەندی پێدان لەنێوان ئەوانەدا کاری خوێنەرە، هەر چیرۆکیک مەودایەک لەنێوان دەق و خوێنەردا ساز دەکا کە ئەگەر مایەی سەرەکیی چیرۆک سەرنجڕاکێش بێت و شێوازی نووسین زەینی خوێنەری بە خۆیەوە خەریک کردبێ، خوێنەر بە سانایی دەتوانێ پەیوەندیی نێوان مایە لاوەکییەکان وێک بخات.

درێژەی چیرۆک، کامڵ بوون یا کۆتایی گێڕانەوە بە تێپەڕبوون لە بارێکەوە بۆ بارێکی دیکە دەتوانێ کۆتاییی چیرۆکیش بێ، ئەوسا کە دەگاتە بارێکی ئازاد لەژێر دەسەڵاتی نووسەردا، بەڵام دەشتوانێ هەر وا کراوە بمێنێتەوە و بە ڕێژەی خوێندنەوەی خوێنەر و ئەو پەیوەندییەی وا ساز کراوە هەموو ئەوانەی لێ بکەوێتەوە.

خاڵی گرنگ لەم باسەدا ئەوەیە کە هیچ بۆچوون و گریمانەیەک ڕەد ناکرێتەوە، بەڵکوو دەتوانێ تەواوکەری ئەوی تر بێ یان شانبەشانی ڕاوەستێ. خوێنەر ئازادە لە چۆن خوێندنەوەی چیرۆک و دەتوانێ بە دەربڕینی خۆی و بۆچوونی جیاواز چیرۆک سەرلەنوێ بخوڵقێنێتەوە.

کورتەچیرۆک ئێستە زۆرترین جۆری گێڕانەوەی لە خۆ گرتووە. ئەم بەشە لە ئەدەبیات، وێڕای هەموو کەرەستەکانی گێڕانەوە، زۆر بە دوای دیتنەوەی دەستەواژە و لێکدانەوەی دوورودرێژدا نییە. هەر بەم هۆیەش خوێنەر و لایەنگرێکی زۆری هەیە.

لە ڕۆماندا، ڕۆماننووس دەتوانێ چەند بەش لە ژیان یا تەنانەت تەواوی ژیانی یەک کەسایەتی یا چەند کەسایەتی بە گێرانەوەیەکی دوورودرێژ بێنێتە بەرهەم و چەند ڕووداو و تێکهەڵچوون پێکەوە وێنا بکات. هەڵبەت جیاوازی ڕۆمان و کورتەچیرۆک، لە بوونی چەند کەسایەتی و ڕووداودا نییە، بەڵکوو جۆری سازدان و ڕێکخستنە کە جیاوازە لەگەڵ کاکڵی ڕۆمان کە هەمان پلۆتە و کاری سەرەکیی ڕۆماننووسە.

چۆنیەتی وێکخستنی کەسایەتییەکان و نیشاندانی بەشێکی دیاریکراو لە ژیانی کەسایەتی سەرەکیی ڕۆمان، ڕۆماننووس هاندەدا کە لە تەکنیک و شێوازگەلێک کەڵک وەرگرێ بۆ بەرەو پێشچوونی پلۆت کە لەگەڵ ئەو وێنەیەی کە لە زەینیدایە وێک بکەوێ.

یەکێک لە سەرەکیترین جیاوازییەکانی نێوانی کورتەچیرۆک و ڕۆمان، چۆنیەتی دەستپێکە. سەرەتای هەر گێڕانەوەیەک دەبێ هێندە شوێندانەر بێ کە ببێتە هۆی بە دواداچوونی خوێنەر و بۆ پەلکێشکردنی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش نووسرابێ. 

ئەو نووسەرانەی وا لە تەکنیک و فۆڕم و شێواز بە شێوەکانی جۆراوجۆر کەڵک وەردەگرن، بۆ خۆیان دەبنە خاوەنی جۆرێک لە شێوازەکانی نووسین. ئەم نووسەرە خاوەن شێوازانە بە باشی جیاوازی نێوان کورتەچیرۆک و ڕۆمان دەزانن و حەول دەدەن باشترین دەرگا بۆ هاتنە ژوورێی خوێنەر بۆ دونیای چیرۆک هەڵبژێرن.

بیرەوەرییەکان پێشتر لە مێژوو، لە زمانی مرۆڤەوە باس لە گیڕانەوە و بەسەرهات دەکەن. 

ڕێکەوت یا ناوزەدکردنی کات بۆ ڕووداویش هەر لە گیڕانەوەدا، لە خانەی حەقایەتەکاندا سەری هەڵێناوە؛ ڕۆژێک بوو ڕۆژێک نەبوو …

مرۆڤ لەو کاتەوەی هەستی بە پێویستی پێکەوەبوون کرد، ئاخافتنیشی دست پێ کرد. ئەشکەوتەکان پێش هەر گێڕانەوەیەک باس لە مەیل و حەزی مرۆڤ دەکەن بۆ گێڕانەوە و تۆمارکردن. مرۆڤ لە سەرەتاوە تاکوو ئێستا لە ڕەوتێکی بەرەوپێشچووندایە. لە ڕەواڵەتەوە تا ژیان، تا مەیلەکان و ئاواتەکان کە ئەوانەش بەبێ وتووێژ، بەبێ باسکردن و گێڕانەوە نەبووە و نابێ. 

لێرەدا نامهەوێ بچینە بازنەی مێژوو و باسی یەکەمین تۆمار وەک حەقایەت، ڕۆمان، چیرۆک یا جۆرەکانی تری بکەین، کە لەم دواییانەدا هەرکام لەژێر نێوێکی تایبەتدا دەخوڵقێن کە ئەوانەش هەر دەچنە ڕکێفی بەرەو تەواوکردن و کامڵبوونی جۆری ئاخافتن و مەیل بە گێڕانەوە. 

ژیان ئاوێتەی ڕووداوە و مرۆڤ توونی بیستن، باسکردن و گێڕانەوەیە. گوێیەک نییە بیسەری هەواڵ، ڕووداو و بەسەرهات نەبێ، هەر ئەوەش پێمان دەڵێ تا بەردەنگ هەبێ بێژەریش هەیە، کە وایە باس لە گێڕانەوە، باس لە ژیانە.

ئەم پرسیارە هەمیشە لە زەینی مرۆڤدا هەیە کە حەقایتەکان چۆن کەوتنە سەر زار و چۆن لە ڕووداوەکانی چیرۆک سەری هەڵدا و بوو بە شێوەی گێڕانەوە لە هاتوچۆی زەین و خەیاڵدا؟

لێکۆڵەرەکان لەو بوارەدا بڕوایان وایە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ کات و ئەو بۆشاییەی وا هەستی پێ کراوە. مرۆڤ بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە، چێژی ئاوێتەی ڕابواردنی کات کرد و دەستی کرد بە گێڕانەوەی ئەو شتەی وا لە خەیاڵدا پێی خۆش بوو پێوەی خەریک بێ، بۆیە حەقایەت باس لە ڕاستییەکان ناکات و گێڕەوەیەک بە شێوەی زانای گشتی گێڕەوەی هەمووشتزانە و بەسەر هەموو ڕووداوەکاندا زاڵە، بەڵام بۆ خۆی شوین و کاتی دیاریکراوی نییە. ئەم شێوە گێڕانەوەیە باس لە ڕابردوو دەکات، هیچ ڕووداوێک لە ئێستادا نییە و هەر لە سەرەتاوە، کۆتاییەکەی دیاری کراوە و لە بازنەیەکی داخراودا، هەڵسوکەوت، کردەوە و ئاکاری کەسایەتییەکان دەبینێ. تەنانەت باس لە فیکر و ئەندێشەیان دەکا و ڕای خۆشی سەبارەت بەوان دەردەبڕێ. گێڕەوە بە زمانی کەسایەتییەکان دەدوێ و یا لانیکەم جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە.

گێڕانەوە و گێڕانەوەناسی بە جۆرێک باس لە زانستی گێڕانەوە دەکات. دیارە لە سەرەتاوە زانستێک لە پشت گێڕانەوەدا نەبووە، وەکوو ڕووداوەکان، بەسەرهاتەکان، دەستەواژە لەبەر کراوەکان و دەستکەوتە ئەدەبییەکان کە بە جۆرێک تامی گێڕانەوەیان تێدابووە. بەڵام ئێستا ڕۆمان، ڕۆژنامە، فیلم، پانتۆمیم، سەما، کتێبی مێژوویی و … تەنیا بەشێکن لە گێڕانەوەکان کە دزەیان کردۆتە ژیانی ئێمەوە. ڕووداوەکان هەموو لە دەورووبەری ئێمە ڕوو دەدەن و ئێمە دەیانهێنینە قسە و بە چیرۆک دەیگێڕینەوە.

گێڕانەوە دەتوانێ ڕاستەقینە یا دەستکرد بێ، ڕاستی یا دوور لە ڕاستی بێ کە لە دوو بەش پێکدێ: 

“چیرۆک و بگێڕەوەی چیرۆک”

بنەمای گێڕانەوە وێکی دەخات کە ئەو بەشانە بۆ کام جۆری گێڕانەوە دەستەبەر بکرێ.

کەسایەتی، گۆشەنیگا، ڕیزبوونی زەمان، دەستەواژەکان و …هتد

هێندێ کەس پێیان وایە نووسینی چەند لاپەرەیی واتە چیرۆکی کورت، بە نیسبەتی کارێکی دوورودرێژی وەک ڕۆمان، ئاسانترە. بەڵام یەکێکی وەک ویلیام فاکنێر نووسەری بە توانا و هەڵکەوتەی ئامریکایی کوتوویەتی: نووسینی کورتە چیرۆک زۆر لە ڕۆمان گورچبڕتر و دژوارترە. فاکنێر کە خاوەنی “هەرا و تووڕەیی” و چەن ڕۆمانی شوێندانەرە، کە هەر ڕۆمانێکی پتر لە چەند سەد لاپەرە دەگرنەوە، نووسینی کورتە چیرۆکی بیست یا سی لاپەڕەیی وەک کارێکی چەتوون و گورچبر باسکردووە.

پێچەوانەی فاکنێر “کەتریین مەنسفیلد” کە یەکێکە لەو کەسانەی وا جێ پەنجە و مۆرکی لەسەر جۆری گێڕانەوەی مۆدێرندا دیارە و شێوازی نووسینی خۆی لەسەر فۆرم و شێوازی چێخۆف دەزانێ، لە نووسینی چیرۆکی دوورودرێژدا، دامابوو!

لەم باسە بەم ئاکامە دەگەین کە ڕۆمان و کورتەچیرۆک لە دوو چەمکی جیاوازدان. زۆرکەس پێیان وایە چونکە ڕۆمان دوورودرێژە و کورتەچیرۆک کورت، ئەوە ڕۆمان بەسەر کورتەچیرۆکیدا هەیە. کورتەچیرۆک لە سەدەی نۆزدەیەم، یانی سەدەیەک دوای ڕۆمان لە ئەورووپا و ئامریکا وەک شێوازێکی نوێ لە گێڕانەوە سەری هەڵدا و بە خێرایی وەک چەمکێکی نوێ کەوتە بەرچاو و سەرنجی کۆمەڵگا.

هۆیەکانی ئەمەش ئەمەیە کە بۆ نموونە: “ئێدگار ئالێن پۆ” (یەکەمین کەس کە بۆچوونی لەسەر کورتەچیرۆک دەربڕی) دەڵێ: باشی کورتەچیرۆک ئەوەیە کە دەتوانی لە دانیشتنێکدا تەواوی کەیت.

یەکێکی دیکە لە هۆیەکانی سەرکەوتنی خێرای کورتەچیرۆک، بڵاوبوونەوەیان لە گۆڤار و بلاڤۆگەکاندا بوو کە دەیانتوانی چیرۆکێک بە تێروتەسەلی و تەواو چاپ بکەن. کە ئەوەش دەبووە هۆی پێدانی هەستێکی تەواوکەر لە خوێنەردا.    

خاڵی گرنگ لەم باسەدا ئەوەیە کە هیچ بۆچوون و گریمانەیەک ڕەد ناکرێتەوە بەڵکوو دەتوانێ تەواوکەری ئەوی تر بێ یا شان بە شانی ڕاوەستێ.

خوێنەر ئازادە لە چۆن خوێندنەوەی چیرۆک و دەتوانێ بە دەربرینی بۆچوونی خۆی چیرۆک بخوڵقێنێتەوە.

بە ڕای من یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی کۆمەڵە چیرۆک لە چاو ژانرەکانی دیکە (ڕۆمان، فیلم، شانۆ و…) پێدانی مەودایەکی بەربڵاوترە لە قاڵبگەلێکی بچووکدا. لەم مەودایەدا دەکرێ بڕۆی و بگەڕێیتەوە، دەشتوانی کورت بیبڕیەوە و لەدوای هەر چیرۆکێک خاڵی کۆتایی دانێی و ئینجا بپەرژێیتە سەر چیرۆکی دوایی.

گریمانەیەک هەیە کە دەڵێ: هەموو گێڕانەوەیەک چیرۆک نییە، پێچەوانەی ئەوەش هەیە کە دەڵێ: هەر گێڕانەوەیەک دەتوانێ بۆخۆی چیرۆکێک بێ. ئەم باسە چەن ڕەوتی ئەدەبی تێپەراندووە و هەر ڕەوتێکیش لەدوای خۆی  پێوەر و پێوانەیەکی نوێی هێناوەتە ئاراوە. بەڵام گریمانەیەکی بەهێزتر هەیە کە دەڵێ: ئەوە ڕەوتەکان نین کە بەرهەم دەخوڵقێن، بەڵکوو ئەوە نووسەرە کە هەمیشە هەنگاوێک لە ڕەخنەگر و لێکۆڵەر لە پێشترە و لەسەر ڕەوتەکان شوێندانەر.

لە ئێستادا بە چیرۆک بوون یا بە چیرۆک کردنی گێڕانەوەیەک خاوەنی چەند فاکتەری سەرەکییە. ئەم فاکتەرانە پێمان دەڵێن جیا لە بەهرە و توانای گێڕانەوە، نووسەر دەبێ بە شێوەی زانستیش زانیاریی باشی لەسەر شێوازەکانی نووسین، گێڕانەوە هەبێ.هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە نووسەر بە پەیرەوی کردن لە هێندێ مێتۆد و فۆرم دەتوانێ چیرۆک بخوڵقێنێ و پێویستیش ناکا نووسەر بەپێی یاسا و ڕێسا بەرهەمەکەی دابڕێژێ، چون لە ڕاستیدا زەینی داهێنەر لە چوارچێوەدا ناگونجێ، کە ئەگەر وا نەبوایە ئەم هەموو گۆڕانە بەسەر جۆری گێڕانەوەدا نەدەهات و ئەم هەموو ژانرە جیاوازە سەری هەڵنەدەدا.

گێڕانەوە کە یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکانی دەقە، وەک ژانرەکانی دیکەی پەیوەندیدار، دەبێ لە چەند لاوە گرنگی پێ بدرێ، وەک: وشەناسی، مۆرفۆلۆژی و تێگەیشتن لە ڕێگای زمانی بەکار هاتوو لە دەقدا. 

 هەروەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، کەسایەتی و ژیانی تاکەکەسی نووسەر لە هەر قۆناغێکدا لە ڕووی سروشت و باری ژیانییەوە، کارتێکەری لە سەر نووسینەکەی دەبێت؛ باری دەروونی، ئابووری، سیاسی، ئیقلیمی، تەجروبەی ژینی و…هتد. 

زمان و دلالەتە ماناییەکان

  زمان ئامرازێکی دەربرینە و پیت ئامرازی بە وشە کردن، بە واتایەکی تر زمان لە گێرانەوەدا ئافراندنێکی نوێی پیتە کە دەبێتە وشە، لە هەمان کاتیشدا وشە یاریدەدەری زمانە.

لەم بەینەدا کاری هونەر دانەدەرێیە، بە واتایەکی تر ڕشانەوە!

ڕەنگە لە ڕوانگەی جوانیناسییەوە وشەی ڕشانەوە بۆ هونەر جوان نەبێ چون هونەر لە زەینی مرۆڤدا بە جوانییەوە لکاوە و بە جوانیش پێناسە کراوە. هونەر جوانە بەڵام بۆ جوانی نییە. لە ڕاستیدا مرۆڤ کاتێک ناتوانێ بە زمانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەردەنگ بدوێ پەنا دەباتە بەر هونەر، بۆیە دەتوانین بڵێین هونەر شۆرشی مرۆڤە، جا لێرەدا چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئەو شۆڕشەیە کە شۆڕشگێڕ پۆلینبەندی دەکات.

شۆرشی نووسەر، هەڵێنجانی وشەیە. بۆیە هەموو فاکتەرێک دەتوانێ کاریگەری هەبێ لەسەر جۆری نووسینەکەی کە یەکێک لە سەرەکیترینیان ڕەگەزە. زۆر کەس لەبەرامبەر ئەم فاکتەرەدا خۆراگری دەکەن و ڕایان وایە هونەر ناکرێ دابەش بکرێ بە سەر ڕەگەزدا. ئەو خاوەن ڕایانە هونەر و هونەرمەند لێک جیا ناکەنەوە و ڕایان وایە هونەرمەندی ڕاستەقینە لە هونەرەکەیدا دەتوێتەوە.

دیارە خودی هونەر ڕەگەزی نییە بەڵام ئایا مرۆ توانیویەتی ئەم بەشە ئاوا زوڵاڵ تێپەرێنێ و شۆڕشێکی کە لە دەروونی ڕەگەزی بەرامبەریدا هەیە وەک خۆی هەڵیهێنێتەوە؟

ئایا وێنای ژان کێشان وەک خودی ژان کێشانە؟

ژن وەک نووسەر

بە ڕای من ئەدەبیات ناتوانێ دابەش بکرێت بە سەر ڕەگەزدا، بەڵام ڕوانگەکان دەتوانێ جیاواز بن.

باسی ژنانە نووسین، باسێکی کۆن و سواوە، وەک ئەوە وایە داوا لە پزیشکێکی تایبەتی نەخۆشییەکانی دڵت بکەی گەر ژن بوو هەر باسی بەشی ژنانەیی دڵ بکات!

ئەوەی گرینگە جۆری بیرکردنەوەیە و چی قەڵەم دەداتە دەست نووسەر و هانی دەدا بنووسێ.

 ڕێگەپێنەدراوی لەباری کۆمەڵایەتی و نەدرکاندنی ڕاستەقینەی نهێنیەکان لەژێر سێبەری قورسی پیاوسالاری و دین سالاریدا کە هەموو شتێکیان خستۆتە ژێر سیبەری خوازیاری پیاوانەوە بۆ ژن پێشینەیەکی کۆنی هەیە. هەر نووسەرێک پێویستی بە ئازادییە لە نووسیندا بەبێ دڵەڕاوکێ و ترس لە داوەریکردن، بەڵام لە وەها کۆمەڵگایەکدا بە دڵنیاییەوە ژن پێویستی بە هەستی متمانە وێرای ئازادییە.

بۆ وێنە ژنی نووسەر بۆ وێناکردنی ژنێک کە خاوەن کەسایەتییەکی نێگەتیڤە لە چیرۆکەکەیدا، لەبەر ئەوەی لە بەستێنی ئەو زەینییەتەی وا زاڵە بەسەر کۆمەڵگادا پاریزراو بێ زۆربەی کات بە کەڵک وەرگرتن لە ئاماژە و هێما و نیشانە ڕووداوەکان دەخاتە پەراوێزەوە. چونکا ئەگەر وا نەبێ ژیانی تاکەکەسی خۆی دەکەوێتە ژێر چاودێری و زۆربەی ڕووداوەکان و بەسەرهاتەکان گرێ دەدرێ بە کەسایەتی و ژیانی تاکەکەسی خۆیەوە!

سەرەرای ئەوانە نووسەری ژن دەبێ چاودێر بێ و لەژێر حیجابی حەیا و دین و سیاسەتیش نەیەتە دەرێ!

 ئەو گرفتانە نووسەری ژنی خستۆتە پەراوێز، هەر ئەو کێشانەشە کە بوو بەهۆی سەرهەڵدانی جورێک ئەدەبیاتی بەرگریی لە نێویاندا. بە ڕاستی ژنی نووسەر لە وەها دۆخێکدا چۆن دەتوانێ ڕوانگەی ژنانەی خۆی بدۆزێتەوەو سەربەخۆ بنووسێ؟

کاتێک باس لە نووسەری ژن دەکەین ئەوانەی وا بە جیدی کاری ئەدەبی دەکەن زۆر کەمن، چون ژنی نووسەر بۆی نییە ماوەیەک جیا بێتەوە لە ژیانی ڕۆژانە و ڕووتین تا خۆی تەرخان بکات بۆ نووسین، چون هەمیشە ئەرک بەسەر ویستیدا زاڵە و تا ئەوڕۆ هیچ شتێک نەیتوانیوە ئەرکی ژن بوون کەم بکاتەوە. گەر بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک کار و بەڕێوبەری بژیوی ژیانیش چاو لە نووسینەکەی بکرێ (وەک نووسەری خاوەن ئەزموون، بەڕێوبەر، سەرنووسەری گۆڤار یا بلاڤۆگ و…هتد)، دیسان ناتوانێ وەک پیاو بێتەوە ماڵێ پاڵی لێ بداتەوە، چون ئەرکی ناوماڵی هەر دەمێنێ کە ئەو ئەرکە بە هیچ شێوەیەک بۆ ئەو بە کار ئەژمار ناکرێ.

شیکاری ڕۆڵ و جێگە و پێگە و کێشە و گرفتەکانی نووسەری ژن هێشتا لە هیچ کوێی جیهان ئەو ئاوڕەی لێ نەدراوەتەوە کە چاوەروانی لێ دەکرێ چ بگا بە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە ئێمەی تێداین!

بوارەکانی نووسین بۆ ژن بەرتەسکە، نووسەری ژن کە باسێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی بورووژێنێ و ڕەخنەگرانە بڕوانێتە بابەتەکان، دەچێتە ژێر پرسیار و لێپرسینەوە و ڕەنگە زۆر لەوانە گرانتریش بۆی تەواو بێ. کۆمەڵگای پیاوسالاری ڕۆژهەڵات نایەت لەگەڵ دەق ڕووبەڕوو بێتەوە، بەڵکوو ئەوە کەسایەتی نووسەرە دەخرێتە بەر پلار و تیرۆر دەکرێ. بۆیە نووسەری ژن یا کەمە یا خۆ دەبوێرن لە چالاکی لەم بوارانەدا.

ئەدەبیات لە جیهانبینیی ژنەوە بۆ ژن تەنیا لە شیعر و ڕۆماندا نابینرێتەوە، ڕۆڵی نووسەری ژن باس کردنە لە جیاوازییەکان، کێشە تایبەتییەکان، ئاماژەکردن و پەنجە خستنەسەر تابۆکان و ڕاستییە پشتگوێ خراو و شاراوەکانە، کە پێویستیان بە لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە هەیە.

من لەو باوەرەدام کە جیا لە وکۆسپ و لەمپەرانەی کە کۆمەڵگا خستوویەتە بەر پێی ژن، خۆسانسۆریش یەکێکی دیکەیە لە کێشەکان هەیە کە ژنی نووسەر دەبێ بەرەنگاری بێتەوە چونکە پەیامی ئەو بنەبڕکردنی ئەو تابۆیانەیە. ئەو ڕێگایەی کە ڕابردوویەکی میژوویی و خوێنینی هەیە بۆ ژنانی جیهان، دەبێ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوێرانەتر بیپێون.

کەرەستەی سەرەکی نووسەر وشەیە و وشە ئازاد و سەربەستە و ناسنامەی ڕەگەزایەتی و زایەندی بۆ ساز ناکرێت

 ڕەخنەی زۆربەی ڕەخنەگران لە نووسەرانی ژن “ژنانە نەنووسینە”، بە بۆچوونی ئەوان نووسەری ژن “دەبێ” ژنانە بنووسێ. ئەوەش خۆی جۆرێک سازدانی تەنگەژە و لەمپەرە لەسەر ڕێی نووسەری ژن و وەک دانانی یاسا و چوارچێوە، بەربەست بۆ ئازادیی بیرکردنەوەش دادەنێ. بە واتایەکی دیکە بەرگێکی نوێ بۆ کراسێکی کۆن دەدوورێ. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا کەڵکەڵەی زەینی نووسەرێکی داهێنەر پیاوانە یا ژنانە نووسینە؟

هونەریی “چۆن” نووسین دەچێتە ژێر دەسەڵات و دەست ڕۆیشتوویی نووسەرەوە. ئەوەی کە ڕەخنەگر چۆن ئەو جیاوازییە لەنێوان بەرهەمەکاندا دادەنێ (بەرهەمی ژن و پیاو) دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتی بەرامبەر و چۆن بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنی دەق و ئەو پێوەر و پێوانەیەی وا پێیەتی. ئەدەبیات چۆن دەتوانێ لە پێوەر و پێوانەیەکی دەستکردی سەلیقەیی و ڕەگەزایەتیدا گەشە بکات؟!

کەرەستەی سەرەکی نووسەر وشەیە و وشە ئازاد و سەربەستە و ناسنامەی ڕەگەزایەتی و زایەندی بۆ ساز ناکرێت، بەڵام شتێکی حاشاهەڵنەگرە کە توانای سازکردنی زەینییەتی جیاوازی هەیە، بۆ وێنە پیاوێک بنووسێ زیندان و  ژووری تاکەکەسی، ئەوەی لە زەینی بەردەنگدا وێنا دەکرێ، لێدان و ئازاری جەستەییە، بەڵام ژن هەر ئەوانە بنووسێ، خێرا دەستدرێژی سێکسی دێتە مێشکی بەردەنگەوە.

کۆمەڵە چیرۆکی “زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە”ی “خەیجە جاوید” چاپەمەنی مادیار ٢٠٢١

چەند تێبینییەک دەربارەی کۆمەڵە چیرۆکی “زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە”

“زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە” کە یەکەمین ئەزموونی “خەیجە جاوید”ە وەک کتێب کە کۆمەڵێک کورتەچیرۆکی لەخۆ گرتووە؛ پرە لەو ڕووداوانەی وا کانگاکەی زەینی زۆربەی ژنانی جیهانە و بەشێکی زۆری بە جۆرێک دەتوانێ بچێتە خانەی بیرەوەری، بەسەرهات یا ئەو ڕووداوانەی وا بەر لە هەست پێ کردن، ناسێنراون!

گوێی زۆربەی کچان پێش ئەوەی بۆ گوارە کون بکرێ، بۆ بیستنی لەو چەشنە چیرۆکانە دەکرێتەوە.

خۆشەویستی، عیشق و دڵداری لە زۆربەی بەسەرهاتەکاندا، بەر لە ئەزموونی هەر جۆرە چێژێک بۆ کچ، پڕە لە هەرەشە، خەیانەت، زەماوەندی زۆرەملێ و…هتد.

هەڵبەت ئەم شێوە گێڕانەوەیە ڕیشەیەکی مێژوویی و ئایینی هەیە و زۆربەی کات بەردەنگەکەشی هەر ژنە، بەڵام ئەوەی کە ژنێک دێت و تابۆکان بە تابۆیەکی تر دەشکێنێت ئەوە جێی تێڕامانە.

خوێنەر لە زۆربەی چیرۆکەکاندا لەگەڵ کارەکتەرێکی ژن بەرەوڕوو دەبێتەوە کە بوونی جەستەیی، زەینی و فیکری لە چیرۆکدا هەیە، بەڵام لەژێر چاودێری و ڕوانگەی ڕاستەوخۆی نووسەر وەک گێڕەوە، جا ئاگایانە بێ یا نائاگایانە هیچ حەولێک بۆ شاردنەوەی ئەو هەژموونە نادات تەنانەت لە زۆر شوێندا وا دەردەکەوێ کە بە ئەنقەست خۆی بۆ بەشێک لە گێڕانەوە وەک پرسۆناژی سەرەکی تەرخان دەکات. وەک لە چیرۆکەکانی: (نیگای هەشتەم)، (دایکم گوڵە گەنمەکان موبارەک دەکات)، (ماسیگرێک لە شەرمین دەگەڕێ)، (ژنێک گیرفانی پڕ دەکا لە بەرد)، (پەردە لادەدەم )، (مریەمی بەجێماو لەنێو کتێبەکاندا)، (خەڵات).ِ

ئەم بۆچوونە تەنیا لەبەر شێوەی گێرانەوەکەیان نییە، بەڵکوو چەند فاکتەری سەرەکی تێدایە کە زەقترینیان ئەوانەن؛ پێنەدانی کەسایەتی سەربەخۆ، وەک کەسێتییەکی ئەکتیڤ جا چ نیگەتیڤ بێ یا پۆزەتیڤ. نەبوون یا کەمی پەیوەندیی زمانی لەنێوان کەسێتییەکانی چیرۆک، دیالۆگ، مۆنۆلۆگ. (گێرەوە یەکوچان خەریکی گێڕانەوەی ڕووداو، بەسەرهات و دانپێدانانە).

پیاو لە زۆربەی کاتدا بکەرە، بەبێ ئاکامێکی چاوەڕوانکراو یا نەکراو (چێژبەر، پەژیوان، سزادراو یا بەخشراو)، کە ئەوە یەکێک لە ماکەکانی گێڕانەوەیە وەک بەشی هەیەجانی بۆ بەردەنگ تا لەناو ڕووداوەکانی چیرۆکدا بمێنێتەوە و چاوەڕوانی بکات.

لەحن یا شێوەزاری زمانی کە لە کۆی بەرهەمەکاندا زمان زمانێکی یەکدەست و بێگرێ و گۆڵە و لە گێڕەوە هەتا زۆربەی پرسۆناژەکان بە لەحن و شێوەزارێک دەر دەکەون.

لەحن یا شێوەی ئاخافتن لەم کۆمەڵەچیرۆکەدا

 لەحن یا شێوەزاری زمانی بۆ ئاخافتن یەکێک لە ئامرازەکانی دەستی نووسەرە کە لە زۆر شوێندا کاری گێڕەوە ئاسان دەکاتەوە. نووسەر لەم تەکنیکە بۆ ناساندن، وێناکردن و تەنانەت پێدانی کەسێتی کەڵک وەرگرێ.  

 بەردەنگ لە “زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە”دا لەحن یا شێوەزارێکی لەو چەشنە نابینێ و ناتوانێ کەسێتی پرسۆناژەکان بناسێ جا چ لە ڕووی ڕەگەزەوە (ژن یا پیاوبوونیان) یا لە ڕووی تەمەنەوە کە لە هەموو تەمەنێکن، نە لە بەستێنی کۆمەڵایەتیدا کە لە هەموو چین و توێژێکیشیان تێدایە.

بۆیە بەردەنگ تووشی هیلاکی زەینی دەکا و ناتوانێ لەگەڵ پرسۆناژەکان ئەو پەیوەندییەی وا دەبێ ساز بکرێ، ساز بکات؛ هەڵوێست بگرێ، توورە بێ، ڕقی هەستێ یا تەنانەت سۆزێک بۆ قوربانییەکان دەربڕێ.      

 لە خوێندنەوەی چیرۆکەکان ئەو هەستەی کە زۆر بەرچاوە و بەردەنگ دەورووژێنێ خۆ دیتن وەک تاوانبارێکی بێدەنگە کە بە جێگای قوربانییەکان و تەنانەت تاوانبارەکان خەریکی قەزاوەت کردنی خۆیەتی و لە خۆی دەپرسی؛ من لە کام بەری ئەم مەسەلەیە دام؟

یا دەکرێ بیر لەوە بکاتەوە کە بۆ نووسەر هێندە سوورە لەسەر ئەم شێوە گێڕانەوەیە؟

 فاکتەری ئەزموونی ژیان مەدلوولێکە کە بەسەر ئەزموونی ژیان و هەرێمی نیشتەجێیی نووسەردا دەلالەت دەکات، تا ئەو جێگایەی وا ئەم ئەزموونە زۆرترین کاریگەری لەسەر گشت نووسەرانی جیهان هەبووە.

“ئیبراهیم دەمشناس” چیرۆکنووس و لێکۆڵەری فارس لەم بارەیەوە دەڵێ: نووسین بەردەوام لە مەڵبەند(ئیقلیم) و ژینگەدا ڕوو دەدا و بەشێک لە ئەو (واتە نووسراوە) هەڵگەراوەی هەمان بارودۆخە. بەڵام ئەدەبیات ئەو بارودۆخە دەکا بە دوو بەشەوە، شوێنی نیشتەجێی یا هەمان ئیقلیم کە نووسەر دەتوانێ نیشانەی بکات یا بێ نیشانی دەری خات؛ بە واتایەکی تر مەڵبەند و بارودۆخەکەی بە دەق زیاد بکات یا لای ببات. (ئەم زیادکردن و کەمکردنە لە ویستی ئەدەبیاتدا ڕیشەی هەیە)

دەمهەوێ بڵێم ئەوە ئەدەبیاتە کە تەمای ئەوە دەگرێت کە ئیقلیمەکەی بێنێتە ناوخۆیی یان نا.

لەم حاڵەشدا کەمکردنەوە و پێ زیادکردنی جەو لە هیچ کاتێکدا بە تەواوی ڕوو نادات، بۆیە لە بێ ئیقلیمترین دەقەکاندا هەمیسان بەشێک لەو ئیقلیمە دەبینینەوە؛ لە ڕاستیدا دەق و نووسراوەی بێ ئیقلیم بوونی نییە.

ئەدەبیات هەمیشە لە مابەیندایە لەگەڵ ئیقلیمدا و لەم بەینەدا بەرهەم دێت. لەناو کێشەی ئینسان و سروشتدا تا کوێ دەکرێ چاوپۆشی لە ئیقلیم بکرێ؟

تەنانەت لە بەشی فەرهەنگی نووسین و گێڕانەوە، جیاکردنەوە و جیاوازی فەرهەنگیشدا هەر ئاوایە.[1]

محەمەد بەهمەن بەیگی نووسەری کتێبی “هۆزی من بوخارای من” کە براوەی خەڵاتی یوونسکۆیە، لە بیرەوەرییەکدا دەڵێ: تازە چووبوومە یەکێک لە قوتابخانەکانی شیراز کە یەکەمین ئینشایان بەم سەردێرە پێداین: دیوانی حافز باشترە یا مەولەوی؟

نووسیم؛ من مناڵێکی هۆزی قەشقاییم، وا باشترە لێم بپرسن گامێش دوای چەن مانگ دەزێ؟ ئەسب پتر بار هەڵدەگرێ یا کەر؟ تا بۆ من تەواو لێی حاڵی بم و وڵام بدەمەوە… دواییش بە تێر و تەسەلی باسی ئاژەڵانم کرد کە بەشێکی دانەبراو بوون لە ژیانی هۆزی من! لە کۆتاییشدا بۆم نووسین: من دیوانی حافز و مەولەویم هەر لە پشت شووشەی کتێبفرۆشییەکان بینیوە، چۆن دەتوانم دەربارەی جیاوازی و سەروەری یەکیکیان لەگەڵ ئەوی تر ئینشا بنووسم؟

زمان لە زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرەدا

 بەشێک لە وتاری دوکتور بەختیار سەجادی لەمەر زمان و پێکهاتەی گێڕانەوە لە ڕۆمانی گابۆ دا، تەرخان کراوە بە زاڵ بوونی زەینییەتی شاعیرانە بەسەر نووسیاری کورددا و نووسیویەتی: چینی خوێندەواری ئێستا با ئەگەر خاوەنی ڕوانگەیەکی پتەوی ڕەخنەگرانەش بێ و سووژەی نووسیار تەنانەت گەر پەخشانی زانستیش دەکار بگرێ، دیسانەوە سەبارەت بە کوردی هەر زەینیەتێکی شاعیرانە لە ئارادایە و بۆ بەشێکی زۆریش شیعر بە تەواوی بە سەر پەخشاندا زاڵە. ئەمەش جۆرێکە لە ناکۆکیی مێژوویی و ناتەبایی قۆناغمەند سەبارەت بە ڕەوتی پەرەسەندنی زەینی کە بەشێکی زۆری سووژە نووسیارەکانی کورد بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتدا تاقییان کردۆتەوە[2].

“زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە”ش لەم بەستێنە دەربازی نەبووە، تا ئەو جێگایەی وا خوێنەر لە زۆر شوێندا بەرەوڕووی کۆمەڵێک دەستەواژە و دەربڕینی شاعیرانە دەبێتەوە کە پتر دەرگیری لەحنە و هەر ئەوە کە دەور دەگێڕێ و پرسۆناژی ئەسڵییە و گێڕەوە و کارەکتەرەکان لە تەواوی فەزاکاندا لەو زمان و لەحنەدا دەتوێنەوە. خوێنەر لە گشت چیرۆکەکاندا یەک پرسۆناژ لە بەرامبەری خۆیدا دەبینێ، ئەوەی وا تەنیا خەریکە ڕووداوەکان یەک جۆر و بە یەک لەحن دەگێرێتەوە.

“دەستی تەڕی باران ئەو ئێوارەیە وەکوو دەستی نامەحرەمی پیاوێک، بە ناو باخچەی جەستەمدا دێت و گوڵە ساوا و تازە پێگەیشتووەکان کە سەریان لەناو هەستە شاراوەکانمدا دەرهێناوە، هەڵدەقنێت…

بەسەر گوڵە کووژراوەکانی فەرشەکەدا هەنگاو دەنێم…

دەستم لە یەخەی پەنجەرەی چێشتخانەکەم دەساوم”

(چیرۆکی زیگۆراتی… لاپەرەی ٧٦)


خوێندنەوەیەکی دیکە لە ڕوانگەیەکی دیکەوە

زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، باس لە کۆمەڵگایەک دەکات کە تێکەڵاوێکە لە زەبری جەنگ و دەرک و دەلالەتی بێ مانایی لە جیهانی منداڵاندا. (نیگای هەشتەم)

لەوەی کە پەردەکان لاچێ و سیمای متفەرکی هیچ کەسایەتییەک و هیچ شوێنێک نەبێتە پەرژین بۆ تاوانبار تا قوربانی پێ لاڵ بێ. لە چیرۆکەکانی: (سمێڵە نەفرەتییەکانی ئاغای…)، (کچێک تەشتێک ئاو نخوون دەکاتەوە)، ( ژنێک گیرفانی پڕ دەبێت لە بەرد).

***

 پۆلینبەندی، ناساندن یا پێشنیاردانی کتێب یا چیرۆک لە ئەساسدا کارێکی شیاو نییە، چون دەبێتە هۆی پێشداوەری، ئامادەکردنی زەینی خوێنەر و ئەستاندنی ئەو چێژەی وا خوێنەر خۆی دەبێ کەشفی بکا و پێی بگا.

بەڵام ئەوە لۆژیکییە کە لە کۆمەڵەچیرۆکیکدا چەن کاری بەرچاو و بەهێزی تێدا بێ و هەروەها چیرۆکی خاو و پێنەگەیشتووش.

 ناوزەدکردنی چیرۆک بە چیرۆکی باش و خراپ دەتوانێ کارتێکەرییەکی وێرانکەری هەبێ لەسەر  چیرۆک و گێڕانەوە و کەشفی ئەو چێژەی وا خوێنەر هەمیشە بە دوایدا دەگەڕێ کە بە دڵنیاییەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، بۆیە ئەوە دەهێڵمەوە بۆ خوێنەرانی زیگۆرات تا خۆیان بەو کەشفە بگەن.

بەڵام لێرەدا وەک وێچوونێکی بیروڕا ئاماژە دەکەم بە یادداشتی هاوڕێی شاعیر و نووسەر، بەرێز فەرهاد ساڵحی فەر کە ماوەیەک لەوە پێش خوێندمەوە؛ زۆرێک لە دەقەکانی ڕۆژئاوایی کە دەخوێنییەوە یان بە گشتی ئەو دەقانەی وا سەرکەوتوون چێژێکی خۆشت پێ دەدەن، بەڵام ئێمە زیاتر دەرگیری فۆرمین و حەزمان لێیە سەر لە خوێنەر بشێوێنین، پێمان وایە تا ئاڵۆزتر بنووسین کارەکەمان سەرکەوتووترە!

بۆیە هەست دەکەم ئێمە بە گشتی بەر لەوەی بیر لە چێژی خوێنەر بکەینەوە چاومان لەوەیە دڵی ڕەخنەگر ڕاگرین و بڵێین ئێمە لەوانە سەرترین کە خوێنەر لێمان تێ بگا!

لە جێیەکیش دەڵێ؛ نازانم ئێمە تووشی وەهمی زۆرتر زانی بووین یا کێشەکە شتێکی ترە وا لە دووریانی فۆرم و ناوەڕۆک دا گیرمان خواردووە!

لە کۆمەڵە چیرۆکی بەرباس، ناوەڕۆک تا ڕادەیەک توانیویەتی بە سەر فۆرمدا ئەو بازە هەڵدا؛ گێڕانەوە بە شێوەیەک لە خزمەت ناوەڕۆک دایە کە بەردەنگ هەستی پێ دەکا کە ئەوەش هەر ئەو چاوەڕوانییەیە کە خوێنەر لە بەستێنی هەر گێڕانەوەیەکدا بە تایبەت چیرۆک بە دوایدا دەگەڕێ.

لە ڕاستیدا ئەدەبیات توانایی ئەوەی هەیە زەینی مرۆڤ تووشی تێکەڵچوون بکات و لەو ڕێگایەوە گەشەی پێ بدات، بەڵام  نە بۆ نووسەر و نە بۆ خوێنەر دووپاتبوونەوە چێژی تێدا نابێ، بۆیە هەردوولا دایمە دەگەرێن بەدوای شتی نوێدا.

 خوێندنەوەی فلۆبێر و کافکا و سلێنجێر، ساعدی و قزڵجی و هتد، بۆ نووسەر پاشکەوتەیەکی زەینی زۆر باشە بەڵام وەک ئەوان نووسین هیچ خستنە سەر هیچە!

نووسەری جیدی گەر ئەو پاشکەوتە بە نرخانەی لە زەیندا هەبێ خۆی بە قەرزداری ئێستا دەزانێ و لەو پاشخانەیە کەڵک وەردەگەرێ و بۆ داهاتوو دەنووسێ. لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە هونەر لە ڕێگای گۆڕینی ڕوانگەکان، پێداگری لەسەر بەهاکان و لێکدانەوەی تەجروبەکانی ئینسانی لە پانتایی شوێن و زەمەندا لەسەر کۆمەڵگا و دەرکی بونیادی شوێندانەرە و توانای گۆڕینی کۆمەڵگا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی هەیە.

وێنەکێشان، پەیکەرسازی، مۆسیقا، ئەدەبیات و هتد… زۆربەیان وەک کۆگای یادەوەریی گشتیی کۆمەڵگا دادەندرێن.

هونەر ئەوەی وا دەستی بەسەردا گیراوە و بە هۆی داگیرکەرانەوە حەقیقەتی بنچینەییان ناپارێزرێ، دەپارێزێ و باسی چۆنیەتی بوونیان لە زەمان و شوێنی تایبەتدا دەکا.

هونەر کەرەستەی پەیوەندییە و ڕێگە خۆشکەرە بۆ خەڵک تا شارستانییەت و فەرهەنگ لەگەڵ یەک ئاڵوگۆڕ بکەن و ببێتە هۆی گۆڕان.

هونەر دەتوانێ دەنگی بێبەشکراوەکان بێ لە مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی.[3]


تێبینی: ئەم وتارە لە کۆڕی ناساندن، ڕەخنە و لیکدانەوەی کۆمەڵە چیرۆکی “زیگۆراتی گۆرانیەکانی ئەستێرە” ڕێکەتی ١ی ٧ی ١٤٠٠ی هەتاوی لە شاری سەردەشت خوێندراوەتەوە.


[1] ‘وتووێژ لەگەڵ ئیبراهیم دەمشناس، سایتی تابناک

[2] سێبەری زیندووی نوسین، کۆمەڵە وتار

[3] سایتی کۆمەڵناسی