خودا، فەرماندەیل و مەمکەکان

لە تورکییەوە: فەرهاد چۆمانی

 ئەگەر من باوەڕ بە خوداوەندێک بهێنم، بەهۆی دروستکردنی دارگێلاسەکان و مەمکەکان باوەڕی پێ دەهێنم.

ئەگەر مەملەکەتێکم خۆش بوێت، بەهۆی ئەوەی گاڵتە بە فەرماندەکانی دەکات، باوەڕی پێ دەهێنم.

پەیوەستی و پەیوەندییەکی وەهام لەگەڵ ئەو مەملەکەتانە نییە، کە خوداوەندی خۆیان داهێناوە و ژنی خۆیان بە سەرپۆش و زیندانیکردنەوە و شەڕەکانی خۆیان زۆر بە ڕژدی دەگرن.

“بڕوانە کوڕەکەم لەو مەمکانەی خۆم دروستم کردوون، لەو قاچ و قولانە، سەیری ئەم پووزانە بکە، تەماشای ئەو لەنجەڕەویە بکە” دۆستی خوداوەندێکم وەهام پێ بڵێت.

خوداوەندی من دەبێ جارجارە دەست بە سەرمدا بهێنیت: “هێندەی پێت دەکرێت کارەکەت بە دروستی بکە، دواتر چەندی دەتوانیت چێژ لە ژیان ببینە” دەبێ وام پێ بڵێت، پێویستە دۆستانە ئاگادارم بکاتەوە: “باش بژی، هیچ ڕوون نییە لەو دنیا چی ڕوودەدات.”

خوداوەندێکی وەها هەیە. کاتێک من کار دەکەم دەست بە سەرمدا دەهێنێت.

کاتێک من پیاسە دەکەم، پڕ بە کەناراوەکان مەمکگەلی بڕۆنزی، لاڕانی بەرچاو و خەندەی گەرمم دێنێتە بەر چاو “سەیرکە” وادەڵێت، “بڕوانە تواناییم بۆ دروستکردنی چ شتگەلێک هەیە.”

من ئەو خوداوەندە دەپەرستم.

دواتر مەملەکەتگەلێک هەن. ئەو مەملەکەتانەی گاڵتە بە ژەنەڕاڵەکانیان دەکەن.

کاریکاتێرێک دەکێشن، کاریکاتێرێکی سێ لایی.

قاقا دەمهێننە پێکەنین.

لە وێنەی یەکەمدا، سەربازگەلێک دیارن لە چەپەرێک، ژەنەڕاڵەکانیان بەسەر سەریانەوەن.

لە وێنەی دووهەمدا فەرماندەکان، بە شمشێری دەستیانەوە لە چەپەرەکەوە دێنە دەرەوە “هێرش بەرن!” هاوار دەکەن.

لە وێنەی سێیەمدا، ئەو سەربازانەی لەو چەپەرانەوە کە فەرماندەکانیان لێیانەوە هێرشیان بردووە ملیمێکیش نەجووڵاون، “ئافەرین!” ئاوا هاوار دەکەن و چەپڵەیان بۆ لێ دەدەن. من بە وێنەی چوارەم پێدەکەنم. لەنێوانی دارگێلاسەکان و مەمکی ژناندا پیاسە دەکەم و خودا دەپەرستم.

بەنێو ئەو مەملەکەتانەی گاڵتە بە ژەنەڕاڵەکانیان دەکەن دەگەڕێم و ئەو مەملەکەتانەم خۆش دەوێن.

خودای من پێمدەڵێت بفرۆشە، “ئەو مەملەکەتانەی سەیری مەمکی ژنان ناکەن و ژەنەڕاڵەکانیان زۆر بە جدی وەردەگرن بفرۆشە، گوێیان پێ مەدە، من تەنیا یەک مەملەکەت نا، بەڵکو دنیایەکی گەورەم پێ داویت، خۆشت بوێت، من براگەلی وام پێداویت کە چێژ و پێکەنین لەگەڵ تۆ بەش دەکەن، لەگەڵ ئەوان کەیف بکە.” خودای من خودایەکی باشە. مەملەکەتەکەی من بەرفراوانە. دارگێلاس و مەمکی ژنان ئەو پەرجووانەن بڕوامان پێیان هێناوە.

ژەنەڕاڵەکان ئەو کاریکاتێرانەن پێیان پێدەکەنین. “پراکسیتێڵز”یش باشترین پەیکەرتاشێک کە خودا پێی بەخشیوین.

ئەو پەیکەرەی ئەو دروستی کردووە پلانیوسی ڕۆمایی بە “جوانترین پەیکەری دنیا” وەسفی کردووە. پراکسیتێڵز پەیکەرتاشێکی ئەسینایی بوو.

دەمەوئێوارەی ڕۆژێک لەگەڵ هاوڕێیەکی شێوەکاریدا، لە کینۆس، شوێنێکی نزیکە لە داتچا، لە شوێنێکی بەلاوەی کەنار دەریادا دەیانخواردەوە و باسیان لە هونەر دەکرد.

لەوێوە ئەو ڕاهیبە ژنانەیان دەبینین لە دێری سەر تەپۆڵکەکە دەهاتنە خوارەوە.

ڕاهیبە ژنەکان تا کەنار دەریا هاتن و بە جلەکانیانەوە چوونە نێو دەریا، بۆ ئەوەیان بوو کەمێک خۆیان فێنک بکەنەوە.

تەنیا یەکێکیان خۆی ڕووتوقووت کردەوە. پراکسیتێڵز کە جەستەی ژنەکەی بینی هەر لەوێدا هەستی کرد ئەگەر پەیکەرێک بۆ جەستەی ئەو ژنە دروست نەکات ناتوانێت بژی.

ڕۆژی دواتر چووە دێرەکە  بۆ ئەوەی ئیزن لە قەشە بخوازێت ڕێگەی بدات پەیکەری ژنە ڕاهیبەکە دروست بکات. قەشە گوتی، “ئێمە کارمان بەمەوە نییە، لە خۆی بپرسە ئەگەر قەبوڵ بکات، دەتوانیت پەیکەرەکەی دروست بکەیت.”

پەیکەرتاشە پڕ جۆش و خرۆشەکە، ڕاهیبە گەنجەکەی ڕازی کرد تا بە ڕووتی پۆزی بۆ بکات بۆ دروستکردنی پەیکەرەکە.

کاتێک پەیکەرەکەی دەکیشا بە چیرۆکێکی کچەکەی زانی. کچە گەنجەکە پیاوێکی کوشتبوو.

کاتێک دادوەرەکان بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەکەن، پارێزەری کچەکە، کە ئیتر هیچ چارەیەکی نامێنێت لەپڕ دەردەپەڕێت، دەچێتە لای کچەکە و جلەکانی بەری دادەدڕێت و جەستەی ڕووتی ژنەکە نیشانی دادوەران دەدات.

“ڕازی دەبن بەوەی ئەم مەمکانە لەنێوبەرن؟”

ئەو دادوەرانەی مەمکەکانی کچەیان بینین دیسانەوە چوون کۆببنەوە و بۆ ئەوەی ئەو مەمکۆڵە جوانانە بەهەدەر نەچن بڕیاری لەسێدارەدانیان گۆڕی و کچەکەیان بەوە مەحکوم کرد تا ماوە لە دێرێکدا بژیت. 

پراکسیتێڵز پەیکەری ئەو جەستە “ژیان ڕزگارکەرە”ی کێشایەوە.  ناویشی نا” Aphrodite of Knidos

دواتر بێزەنتییەکان پەیکەرەکەیان هێنایە ئیستانبوڵ و لە بەیازیت لەبەردەم سەرای کچانیان دانا، بەڵام بەهۆی ئاگرە گەورەکەی شار پەیکەرەکە شکا. بەوە باش بوو بە سەدان هاوشێوەی پەیکەرەکە دروستکرابوون و یەکێک لەو جوانترین مەمکانەی کە خودا دروستی کردوون ئاسەواری بەر مەڕمەڕ کەوتنی تاوەکو ئەمڕۆ هەر ماوە.

ئەگەر ئەو پەیکەرەتان نەبینیوە، ئەوا دیارە خودا و ئەوەی کە توانایی هەیە چی بخوڵقێنێ بە هەند وەرناگرن و خۆشی لەوە نایەت ئافرێنراوەکانی بە هەند وەرناگرن.

دەزانێت کە ئەوانەی خۆی و دروستکراوەکانی بە هەند وەرناگرن، ئەوا ژەنەڕاڵەکان زۆر بە هەند وەردەگرن و گرنگی بەو مەمکانەی ئەو دروستی کردوون نا، بەڵکو بە قسەکانی ژەنەڕاڵەکان دەدەن. من لەو کەسانە نیم.

من لەگەڵ ئەو سەربازانەی کە فەرماندەکانیان هاوار دەکەن “هێرش بەرن!” و لەشوێنی خۆیان ناجوڵێن و چەپڵە لێ دەدەن پێدەکەنم و ئەو خودایەی کە دارگێلاسەکان و مەمکی ژنانی دروست کردووە دەپەرستم و تێر بە چاوی خۆشم سەیری ئەو پەیکەرە دەکەم پراکسیتێڵز دروستی کردووە.

من کەیف دەکەم، چیژ لە ژیان و کارکردن دەبینم. لەباتی ئەوەی ئێوە بە هەند وەربگرم پێدەکەنم، بە دوو چاوی تێرنەبووەوە سەیری ئەو شتانە دەکەم ئێوە دەیشارنەوە.

بۆ من و هەموو ئەو کەسانەی بە ئەرێنی هەڵسوکەوت دەکەن خودایەکی باش، مەملەکەتێکی فراوان کە ناویان ناوە دنیا و قاقا و کەیفوسەفام هەیە.

لە مەملەکەتی ئێمەدا پراکسیتێڵزگەل،  Aphrodite of Knidosو دادوەری وەها کە لە ژنانی مەمک جوان خۆشدەبن و ئەو سەربازانەش دەژین کە چەپڵە بۆ ئەو ژەنەڕاڵانە لێ دەدەن کە هاوار دەکەن “هێرش بەرن!” ئەو خودایەی دارگێلاس و مەمکی ژنانی ئافراندوون، کاتێک ئێمە کار دەکەین دەست بە سەرماندا دەهێنێت.

 ئێمەش بڕوا بە ئەو دەهێنین و بەو فەرماندانەی هاوار دەکەن “هێرش بەرن!” پێدەکەنین.