ئاخۆ نووسەران دەبن بە نووسەر، یان بە نووسەری لەدایک دەبن؟

وەرگێڕانی: ساماڵ ئەحمەدی

ئاخۆ نووسەران دەبن بە نووسەر، یان بە نووسەری لەدایک دەبن؟ ئەم پرسیارە بە شێوەی جۆراوجۆر لە کۆنەوە هەر کراوە. لە هەموو پۆلێکی پێوەندیدار بە نووسەرییەوە کە من بەڕێوەم بردبێت، یان لە هەر کۆنفرانسێکی نووسەراندا بەشدار بووبم و، تەقریبەن لە هەر قسە و باسێکم لەگەڵ نووسەرانی لاو و خوازیاری ناوبانگدا ئەم پرسیارە هاتووەتە گۆڕێ. خۆ دەتوانم بە چنینی چەند پرسیاری دیکە و بە ئاماژە، وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، (ئاخۆ هەر وەرزشکارێکی پاڵەوان وەک وەزرشکارێکی پاڵەوان لەدایک دەبێت، یان دەبێت بە وەرزشکارێکی پاڵەوان؟ ئەی نەشتەگەرێکی ناوبەدەرەوەی مێشک چی؟ ئەی پسپۆڕێکی لێزانی فیزیکی ناوکی؟ دەنا میعمارێک و ئاوازدانەرێکی باش؟) بەڵام ئەم شێوازی هەڵسوکەوتە ناپەسندە، لەبەر ئەوە هەوڵ دەدەم بە لێبڕاوییەکی زیاترەوە بۆچوونی خۆم دەرببڕم: شتێک بە ناوی ڕووداوی ئەدەبی نییە. لە مێژووی ئەدەبیاتی نووسراودا ڕوودانی ڕووداوی ئەدەبی هەر بەقەدەر بڕینی ”بەهەڵکەوت”ی مەودایەکی یەک مایلی بە ماوەی چوار خولەک لە کێبڕکێی گۆڕەپان و مەیداندا، یان بازدانی ”بەهەڵکەوت” بە بەرزاییی پازدە پێ لە کێبڕکێی بازدان بە نێزەوە، یان بازدانی ”بەهەڵکەوت” بە بەرزاییی حەفت پێ لە کێبڕکێی بازدانی بەرزاییدا، ئیمکانی هەیە.

لەوانەیە خوێندکارێکی ساڵی دووەم کە تازە توێژینەوەیەکی دەربارەی ئەدەبیاتی ئینگلیزی، یان ئەمریکایی تەواو کردووە، لەنێو پۆلدا هەستێتە سەر پێ و بپرسێت، ”کەواتە بۆچوونتان دەربارەی ”قوبلای خان” چییە؟ ئاخۆ ئەم هۆنراوەیە لە خولیا، یان شتێکی وادا بە کۆلریج ئیلهام نەکراوە؟ ئەدی سەبارەت بە “ئێدگار ئاڵن پۆ” دەڵێن چی؟ ئاخۆ ئەوە ڕاست نییە کە لە کاتی نووسینی ”تیاچوونی بنەماڵەی ئاشێر”دا بەتەواوی لەهۆش چووبوو؟”

وەڵامی ئەم پرسیارانە ئەوەیە کە ئەم جۆرە بابەتانە ئاوارتەی زۆر دەگمەنن، یان کۆمەڵە وێنایەکی هەڵەن. وەکوو ئەو چیرۆکەی دەربارەی مەرگی مارک توەین لەسەر زارانە، یان زۆر هووشەکارییان تێدا کراوە، یان زۆر خراپ تێیان گەیشتوون؟ یەکێک لەو گشتە بەهەڵەتێگەیشتنانەی کە دەگوترێت سرنجی کۆمەڵانی خەڵکی ڕەشۆکی بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت، ئەو باوەڕەیە کە پێی وایە بەرهەمی هونەری و ئەدەبی وەکوو شتێکی هەڵقوڵاو، بەبێ هیچ هەوڵێک، هەر لە خۆیەوە بە کامڵی هاتووەتە دنیاوە، ڕێوڕاست وەکوو چۆن ڤێنووسێکی دەریایی لە قووڵایی دەریاوە دێتە دەرێ. ئەم بۆچوونە هەڵەیە بووە بە ئەفسانەیەک و هەر تاوناتاوێک نووسەرانی ”بۆنەنووس” کە هەر لە بنەڕەتدا تەڵەکەباز و ساختەچین، شاخ و باڵی پێ دەدەن و تاکی ڕەشۆکیی ساویلکە و ”هەزاران نووسەری دوای وی”ش کە بە چاوچنۆکییەوە ئاواتەخوازی وەدەستهێنانی سامان و ناوبانگی ئەدەبین، بەڵام ئۆقرەی پێویستیان نییە بۆ ئەوەی کار بکەن و پاداشتی کارەکەیان وەربگرن، لەدووی ئەم ئەفسانەیە دەدەن.

وێ دەچێت لەڕیشەهەڵکێشانی ئەو بۆچوونەی پێی وایە نووسەر بلیمەتێکی ڕووتە کە لە چرکەی حال‌لێهاتن (جەزمبوون) و ئیلهامدا شاکارێکی ئەدەبی لە باخەڵی دەردێنێت و خەڵاتی کتێبی ساڵ بۆ خۆی دەڕفێنێت، یان ناوی لە پێڕستی کتێبە هەڵبژاردەکانی مانگدا جێ دەگرێت و بە ملیۆنان دۆلار بەسەر نووسەرەکەیدا دەبارێنێت، دەنا بلیتی سەفەر بۆ هاوایی، یان مافی بەشداری لە ”شانۆی ئەد سالیڤان”ی بەخەڵات بۆ دێنێت، مومکین نەبێت، چونکە وەکوو هەموو ئەفسانەیەک ڕەهەندی ناڕاستەقینەی هەیە کە لە هەموو ڕاستەقینەیەک ڕاستەقینەترە و، وا دیارە وەکوو ئەفسانەی ”بووکەبەفرینەی دزێو”، یان ئەفسانەی ”دێوەکەی دەریاچەی لۆخ نس” بەردەوام بەشێک لە هزرمان پێک دێنێت.

ئەو ڕاستییەی ناکرێ خۆی لێ لا بدەی، ئەوەیە کە سەرکەوتن لە نووسیندا وێچوونێکی زۆری لەگەڵ سەرکەوتن لە بەستێنی دژوار و پسپۆڕانەی دیکەی هەوڵی مرۆڤانەدا هەیە. بەلای بۆچوونی منەوە، ئەم سەرکەوتنە لە بنەڕەتدا توانایی، زەوق و لێهاتووییی تاکەکەسییە کە تێکەڵاوی خۆتەرخانکردن بۆ ئامانجی خۆ و باوەڕبەخۆیی و مەیلی تێرینەناسی سەرکەوتن بووە. ئەم سەرکەوتنە پێویستی بە تێپەڕاندنی خولێکی دوورودرێژی فێرخوازی و شاگردی هەیە کە لەو خولەدا کەسەکە فێری بنەماکانی هونەر، یان پیشەکەی خۆی دەبێت؛ پێویستی بە چەندین کاتژمێر و چەندین ڕۆژ و مانگ و زۆر جار چەندین ساڵ هەوڵ و ماندووبوونی بێپاداشت هەیە؛ پێویستی بە سرنج و کەلکەلە سەبارەت بە وردەکارییەکان هەیە؛ پێویستی بە زۆر جار دەستپێکی هەڵخەڵەتێنەر و هەڵسەنگاندن و هەڵە و؛ پێکهێنان و هەڵوەشاندنەوە و؛ گومان و ناهومێدی و دیسان کاری سەخت و کۆڕ و کۆبوونەوەی دوورودرێژ و تاقەتپڕووکێنی ئەزموون و ڕاهێنان هەیە پێش ئەوەی بچێتە نێو کارە سەرەکییەکەوە. دیارە بەشێک لە نووسەرانی تازەکار زۆر خێراتر لەوانی دیکە فێری پیشەکەیان دەبن؛ چونکە زەوقیان زیاترە و بلیمەتترن. ”ترومەن کاپۆتی” هێشتا مووی لێ نەهاتبوو، لێهاتووییەکی هونەریی وەهای بەدەست هێنابوو کە زۆرینەی نووسەرانی پیشەیی بۆ بەدەستهێنانی ئەو لێهاتووییە ساڵانێک ئارەقیان ڕشتبوو. بەڵام سەرباری ئەو جۆرە جیاوازییە تاکەکەسییانە، ئەدەبیات تاکە بەستێنی گرنگی تێکۆشانی مرۆڤانەیە کە زۆرینەی خەڵک هەست دەکەن مافی خۆیانە تێیدا سەرکەوتوو بن، هەر لەبەر ئەوەی کە بەدڵ دەخوازن سەرکەوتوو بن. تەنیا مرۆڤێکی ساویلکە و خاو پێی وایە دەبێ بێئەوەی چەندین ساڵ خۆی پێ بگەیەنێت و بە تایبەتی بخوێنێت، ببێت بە پزیشک، ئەندازیار، یان فیزیکزانێکی بەناوبانگ. سەرباری ئەوەش زۆرینەی نووسەرانی لاو ئەگەر بێت و لە ماوەی یەک لەسەر چەندی ئەو کاتەی پێویستە خوێندکارێکی پزیشکی بببێت بە پزیشک، یان یاریزانێکی باشی بەیسبۆڵ بتوانێت بچێتە یانە گەورەکانەوە، نەبن بە نووسەری سەرکەوتوو، ئەوە ناهومێد و تووڕە دەبن. هەروەکوو ئەرسکین کاڵدوێل لە وتارێکیدا بە ناوی ”دەربارەی نووسەران و نووسەری”، کە لەم دواییانەدا بڵاو بووەوە، دەڵێت: ”کە بە نووسەرێک دەڵێن بۆ ئەوەی خۆی ئامادە بکات پێویستی بەو ڕادەیە لە خوێندنەوە و فێربوون و شێلگیری هەیە کە مافناس، یان پزیشکێک بۆ فێربوونی پیشەکەی خۆی پێویستییەتی، داخوا شتێکی زیادەی لێ داوا کراوە؟”

هونەر بوارێکی یەکجار یەکجار بیندرێژە و کاتیش بەپەلە تێپەڕ دەبێت و یەکێک لە باشترین ڕێگاکانی گەیشتنی کەسێکی ئاماتۆر بە پێگەی پیشەیی، ئەوەیە کە لە هەموو ڕۆژێکی ژیانی خۆیدا فێری شتێک ببێت.

هەرچەندی پێداگری لەسەر پاتکردنەوەی ئەم ڕاستییە بکەین، هێشتا کەمە: نووسەریش دەبێ بتوانێت و بخوازێت ئەو فیداکارییانە بکات کە سەرکەوتنخوازانی هەر بەستێن و بوارێکی دیکە خۆی بۆ دەکوتن و، ئەگەر وا نەکات، دەبێ توانایی و لێهاتووییەکانی خۆی بۆ بوارێکی دیکە ڕاگوێزێت. ئەو نووسەرە دەبێ سەدان سەعات خوێندنەوە و نووسین و پشکنین و توێژینەوە تۆمار بکات بۆ ئەوەی بتوانێت هونەرەکەی خۆی پێ بگەیەنێت. ڕێوڕاست وەکوو یاریزانێکی ئاماتۆری بەیسبۆڵ، یان فوتبۆڵ کە بێجگە لە یاریکردن لەنێو مەیداندا، چەندین سەعات خەریکی تاوتوێ و پشکنین و دووبارەکردنەوەی جووڵەی یاریزانانی پیشەیی و بەناوبانگ دەبێت، نووسەرێکی لاویش دەبێ بەردەوام لە ڕێی خوێندنەوەی ورد و ڕێکوپێک و لێکدانەوەی بەرهەمە ئەدەبییە گەورەکانەوە وانە وەربگرێت. هونەر بوارێکی یەکجار یەکجار بیندرێژە و کاتیش بەپەلە تێپەڕ دەبێت و یەکێک لە باشترین ڕێگاکانی گەیشتنی کەسێکی ئاماتۆر بە پێگەی پیشەیی، ئەوەیە کە لە هەموو ڕۆژێکی ژیانی خۆیدا فێری شتێک ببێت. نووسەری ئاماتۆر بێجگە لەوەی کە بەناچاری لە هەڵسەنگاندن و هەڵەوە فێر دەبێت، هەرکە ئیرادە بکات گەورەترین مامۆستا و ڕاهێنەرانی لە ئیختیاردا دەبێت کە هەر خوێندکارێک لە خولیای خۆیدا وێنایان دەکات و دەتوانێت یارمەتییان لێ وەربگرێت. ئەو نووسەرانەی کە بە بەرهەمەکانیان لیریکای بوارە دڵخوازەکەی نووسەرە لاوەکەیان فرەوان کردووە و هەموو ئەو بابەت و گرفتە هونەرییانەیان حەل کردووە کە بەربینگ بەو دەگرن و، پیشتر لەلایەن نووسەرانی باشتر لەوەی ئەو بەتەمایە پێیان بگات، چارەسەر کراون؛ سەرلەبەری ئەو ئیلهام و رێنوێنی و هاندەرانەی ئەو نیازی پێیانە لەو چیرۆک و ڕۆمان و شیعرانەدا هەن کە خولیای نووسینیانی لە مێشکدایە.

لە لایەکی دیکەشەوە، هەر بەتەنیا کاری سەخت و مەیلی زۆر کیفایەت ناکات. ئەو کەسە دەبێ پێش هەموو شتێک توانای نووسەریی هەبێت و، تەنیا و تەنیا لەبەر ئەم تاکە هۆکارەیە کە دەتوانین بێژین نووسەران نابن بە نووسەر، بەڵکوو بە نووسەری دێنە دنیاوە! دڵتەزێنترین دیمەن لە دنیادا دیمەنی ئەو کەسەیە کە دەخوازێ ببێت بە نووسەر، بەڵام هیچ تواناییی ئەم کارەی نییە و قانعیش نابێت بەوەی کە دەبێ هێز و تواناییەکانی لە بەستێن و بواری دیکەی بێجگە لە نووسینی داهێنەرانەدا بەکار بێنێت. من کەسانی یەکجار هۆشمەند و تێگەیشتوو دەناسم کە ئارەزوویان بووە، چیرۆکنووس، ڕۆماننووس، شاعیر، یان شانۆنامەنووس بن و بۆ گەیشتن بەو ئارەزووەش لە قووڵاییی دڵ و گیانەوە کاریان کردووە، بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە لە ئاستێکی ڕووکەشی پتر بەدەست بێنن. لە ڕاستیدا هەر لە بنەڕەتەوە لەو چۆنایەتییە لەپێناسەنەهاتووە بێبەری بووگن کە لە دواین لێکدانەوەدا پیاوان لە کوڕیژگەکان جودا دەکاتەوە.

ئاخۆ نووسەران دەبن بە نووسەر، یان بە نووسەری لەدایک دەبن؟ بە کورتییەکەی، لە ڕواڵەتدا ڕوونە کە دوو هۆکار سەرکەوتنی ئەدەبی دیاری دەکەن: لە پێشدا بوونی لێهاتوویی و توانایی خۆزایی، پاشان بوونی مەیلی پەروەردەکردن و ڕاهێنانی هەموو ڕەهەندەکانی ئەو تواناییە خۆزاییە لە ڕێی هەوڵی لەخۆبووردووانەوە تا دوائەنجام. سەرلەبەری بلیمەتییە نهێنەکان لە جیهاندا، بلیمەتیی وەکوو بلیمەتییەکەی کیتس، یان شارلۆت برۆنتێ، یان تۆماس وۆڵف، نە بۆ کەس و نە بۆ کۆمەڵگاکەیان بایەخێکی ئەوتۆی نابێت، مەگین ئەوەی کە نووسەر شێلگیر بێت لەسەر ئەوەی کە کار بکات و بەسەختییش کار بکات.