وەهمی مەعریفە:
بەکڵێشەبوون وەک ڕێگرێک لە بەردەم بەرهەمهێنانی مەعریفەدا

ئەم وتارەی دەیخوێننەوە، وەڵامی (عەدنان حەسەنپوور)ە بۆ (تەوەری فێمینیزم وەک کۆنسێپت و بزووتنەوە و، فێمینیستی کورد) لە ئامادەکردن و سەرپەرشتی کردنی (ڕۆزا شێخانی) بۆ ماڵپەڕی ژنەفتن.

ئیتر هەموومان دەزانین ماکە بنەڕەتییەکەی ئەم کێشە سەرتاپاگیرەی مرۆڤ بریتییە لە بەئۆبژەبوونی ژن لەناو مێژوودا و سووژایەتیی لەبڕاننەهاتووی پیاو، بەڵام ئایا ئەم تێگەیشتنە توانیویەتی ناخگیر بێت و بچەسپێت، یان تەنها ڕستەیەکی باوە کە سەرەڕای تەمەنی کەمی -لانیکەم لە لای ئێمە- زۆر خێرا بۆتە کڵێشەیەک کە وەک هەموو کڵێشەکانی تر بەردەوام دووپات ئەکرێتەوە بەبێ ئەوەی زێدەکەوتەیەکی حەقیقیی بەرچاو و کاریگەری لێ بکەوێتەوە؟ ئاخۆ ئەم ڕستەیە و هەموو ڕستە هاوشێوەکانی بوونەتە بنەمای مەعریفە و هۆشیارییەکی حەقیقی یاخود هێندە ڕوون و ئاشکرا ئەنوێنن کە لەخۆڕا پێمان وایە ئاوا پێگەیەکیان وەرگرتووە و بوونەتە بەشێک لە کۆی پرۆسەی بیرکردنەوەی ئێمە؟ واتە ئایا بۆمان هەیە بیر لەوە بکەینەوە کە ئەم تێگەیشتنە تەنها لە ئاستی زانیاریدا ماوەتەوە و هێشتا نەبۆتە مەعریفە؟

ئاساییە بۆ نرخاندن و دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە ناچار بین بە دوای شێوازی بەرجەستەبوونەوەی ئەم گوزارەیە لە دەرکەوتە عەینییەکانی هەڵگرانی گوزارەکەدا بچین. ئەو دەرکەوتانە دەشێت لە چەندین بواردا خۆیان نیشان بدەن، لە دونیای نووسینەکانەوە تاکوو دەربڕینە زارەکییەکان و لەوانەیش گرنگتر، شێوازی دەرکەوتنیان لە هەڵسوکەوتی باوەڕدارانی ئەو ئایدیایەدا. چونکوو زۆر جار بۆشاییەکی گەورە لەنێوان باوەڕی ڕاگەیەنراو و کرداری بینراودا بوونی هەیە کە دەشێت بەڵگە بێت بۆ سەلماندنی ئەو گومانەی لە دووتوێی پرسیارەکەدا گریمان کراوە. ئاشکرایە کاتێک باس لە کردار دەکرێت بەتەنها مەبەست کرداری ڕۆژانەی تاکەکان نییە، بەڵکوو لەوەش سەرتر، مەبەست چۆنێتی و شێوازی کاریگەریدانانی ئەو پرۆسە هۆشیاری خولقێنەیە کە ئەگەر پرۆسەیەکی حەقیقی بێت، دەبێ هێندە ناخگیر و پتەو بێت کە بتوانێت کۆمەڵێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ -وەک دیاریکردنی باش و خراپ، داوەریکردن لەسەر ڕووداوەکان، پێشنیارەکان، میتۆدی پەروەردە، ڕێکخستن و…- هەڵتەکێنێت و سەرلەنوێ بیاننەخشێنێتەوە. واتە لە پاش دەستەبەرکردنی هۆشیاری و مەعریفەی تازەوە ئیدی کۆی جیهانی بیرکردنەوە و بەو پێیەش بەستێنی بەکردارکردنی تێگەیشتن، دەبێ بەپێی ئەو هۆشیارییە دابڕێژرێت.

کاتێک باس لە بۆشایی نێوان دەرکەوتەی زمانی و دەرکەوتەی عەینی و بەرهەست دەکەین مەبەستمان چییە؟ هەر لەم ڕۆژانەدا خانمەچالاکێکی بواری مافەکانی ژنان کە تا ڕادەیەک وەک قەڵەمێکی جیدی دەرکەوتووە، یان لانیکەم لای بەشێکی خەڵک وەها وێنایەکی بۆ خۆی دروست کردووە، لە پەیجێکی خۆیدا گۆرانییەکی هاوبەش کردبوو. لە لۆژیکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەرچەشنە هاوبەشکردنێک پێشنیارێکە بۆ هەموو بەردەنگەکان کە من ئەم بەرهەمە بە کارێکی باش و بەنرخ دەزانم و پێم باشە هەمووان بیبینن و بیبیسن و بیخوێننەوە. ئەو گۆرانییە لە ئەلفی سەرەتایەوە تا یای کۆتایی دژەژن و سێکسیستی بوو، کەچی خانمەچالاکێک شەیری کردبوو!! هەر هەمان کەس لە وتارێکی شوێنێکی تردا یەک وشەی دیتبوو کە وا دەردەکەوت سووکایەتییەکی بە ڕەگەزی ژن تێدا بێت و گومانەکەیشی زۆر ناڕەوا نەبوو، هەر بۆیە هەڵیکوتابووە سەر وتارەکە و خستبوویە بەر ڕەخنەی قورسەوە. ئێستە پرسیارە زۆر سادە و ساکارەکە ئەوەیە کە ئەمە چ سڕێکە لە وتارێکدا کە بابەتەکەیشی ژن نییە، یەک وشەی نابەجێ ئەدۆزرێتەوە بەڵام لە گۆرانییەکی موبتەزەلی بەئاشکرا دژەژندا کە سەرتابەری وێناکردنی ژنە وەک ئۆبژەی سێکسواڵیتەی پیاو، نەتەنها کارەساتە قووڵەکە نابینرێت بەڵکوو وەک بژاردەیەکی باش دەخرێتە بەردەم بەردەنگەکانیشەوە؟!

گەلێ ژنەچالاکمان هەن ئێستەیش بە ئاسانی دەتوانن ببنە کۆیلەی پیاوێک، ئەو کاتەی ناوی دەنێن «ئەشق» و دیاردەیەکی ناشیرین بە وشەیەکی تەفسیرهەڵگر جوان دەکەن و پاساوێکی بە ڕواڵەت ڕەوا بۆ کۆیلایەتییەکەیان دەدۆزنەوە.

لەم نموونانە، پیاوانە و ژنانەی، کەم نیین. لەوە گەڕێین کە بەشی هەرەزۆری پیاوانی توێژی دەستەبژێر هێشتا نغرۆی ناو دونیای پیاوانەن و بە پێچەوانەی قسە زارەکییەکانیان لە کردەوەدا ژن وەکوو ئۆبژەیەک سەیر دەکەن. بێگومان ئەمە هیچ پاساوهەڵگر نییە بەڵام ڕەنگە زیاتر لە نموونە ژنانەکان قابیلی تێگەیشتن بێت کە بۆچی وایە (ئاشکرایشە کاتێک دەڵێین لێی تێ دەگەین بەو واتایە نییە کە شەرعییەتی پێ دەدەین). خاڵە کارەساتبارە هەژێنەرترەکە ئەو کاتەیە کە هاوشێوەی ئەم لێکەوتە نەشیاوانە لای ئەو ژنانە دەبینین کە وا دەردەکەوێت بە ئاستێک لە هۆشیاری بەرانبەر بە پرسی ژن گەشتوون و جڵەوی جووڵاوەنەوەی ژنانەیان گرتۆتە دەست و چاوەڕوانییەکە ئەوەیە کە لەم بوارەدا کۆمەڵگا ئاڕاستە بکەن. گەلێ ژنەچالاکمان هەن ئێستەیش بە ئاسانی دەتوانن ببنە کۆیلەی پیاوێک، ئەو کاتەی ناوی دەنێن «ئەشق» و دیاردەیەکی ناشیرین بە وشەیەکی تەفسیرهەڵگر جوان دەکەن و پاساوێکی بە ڕواڵەت ڕەوا بۆ کۆیلایەتییەکەیان دەدۆزنەوە.

 کە وایە بە تەواوی ڕەوایە گەر بپرسین ئەم درزە گەورەیە چییە کە لە باتیی تێگەیشتنی قووڵ و ڕادیکاڵ تەنها قسەڵۆکی توندئاژۆیانە دەبیسین؟ چۆنە کە نزیکبوونەوەی دژبەیەک و سەرسامکەر لە ئاست هەندێ دیاردەی هاوشێوەدا دەبینین؟ بزووتنەوەی ژنانی کۆمەڵگای ئێمە لە ئاستی سەلبیدا، واتە لە ئاستی بەرجەستەکردنەوەی ستەمی دژ بە ژناندا، تا ڕادەیەکی بەرچاو کاریگەری داناوە و توانیویەتی ستەمکاربوونی سیستەمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای ئێمەدا پیشان بدات، بێگومان ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە و بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی بنەبڕکردنی نایەکسانیی ڕەگەزی. بەڵام لە ئاستە ئیجابییەکەیدا، واتە خستنە بەردەستی ڕێڕەوێکی فیکری-کرداری بۆ بەرهەمهێنانی سیستەمێکی ناستەمکاری یەکسانیخواز، کەمتر توانیویەتی سەرکەوتوو بێت. ناتوانین بڵێین هۆکاری ئەم دیاردەیە تەنها لە تاکە شتێکدایە، یاخود ناتوانین بەتەنها دەست بکەین بە لۆمەی «تاک»ـەکان و گرێی بدەینەوە بە کاڵوکرچبوونی ڕووتی کەسەکان خۆیانەوە. وەرگرتنی ئاوا هەڵوێستێک دوورمان دەخاتەوە لە تێگەیشتن لە حەقیقەتی کێشەکە و ناهێڵێ ڕەگە قووڵە بنەڕەتییەکانی لە شوێنکاتە جیاجیاکانی ژیاندا -لە دەروونی تاکیمانەوە تا سەردەمە دوور و نزیکەکانی مێژوو و تا پرسی دەسەڵات و…- بدۆزینەوە. بەڵام بەدەر لە گەڕان بەدوای هۆکارەکاندا کە گرنگترین پرسی بەردەممانە، سەرەتا دەبێ لە بوونی خودی کێشەکە تێبگەین و پێناسەیەکی بۆ بکەین. دەبێ دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە بەشی هەرە زۆری ئەو گۆڕەپانەی ناوی «بزاڤی داواکردنی مافەکانی ژنان»ـە، لە کەم بنەماییەکی مەعریفی و زانستیی جیدیدا دەژی و هێشتا نەیتوانیوە بە تەواوی ببێتە خاوەنی پاشخانێکی فیکریی تۆکمە. هەر بۆیەشە لە دووتوێی ئەم جووڵە کۆمەڵایەتییەدا -وەک ئەو نموونەیەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد- زۆر جار پارادۆکس و پێکەوە نەگونجانی ڕەهەندەکان دەبینین. هەر ئەم بێپاشخانییەشە نەیهێشتووە بزووتنەوەی ژنان لە ئاستە ئیجابییەکەدا هەنگاوی کاریگەر و تۆکمە هەڵ بگرێت، چونکوو بە بەراورد لەگەڵ پەردەهەڵماڵیندا لە ستەمکاری، دەستنیشانکردنی ئەڵتەرناتیڤی گونجاو بۆ دۆخی نەگونجاو پێویستی بە ئاگایی و زاناییەکی زۆر گەورەترە. بە ڕێژەیەکی کەمی هۆشیارییەوە دەتوانین ستەم دەر بخەین و ستەمکار ڕیسوا بکەین، بەڵام گەڵاڵەکردنی جێگرەوەیەک بۆ ستەمکاری بە هەمان ڕێژەی هۆشیارییەوە، کارێکە نەکردە و مەحاڵ. هەر خودی جیاکردنەوەی ئەو دوو ئاستە لە یەکتر هەڵەیەکی زۆر مەترسیدارە، چونکوو ئاوا جیاکارییەک، با شاراوەیش بێت، لە خۆیدا جۆرێکە لە قبووڵکردنی پارچەبوونی بزووتنەوەکە بەسەر دوو جەمسەری سەربەخۆدا، لە حاڵێکدا کە ئەم دابڕاندنە دوورە لە حەقیقەت و دەبێ هەردوو جەمسەرەکە لە پێوەندییەکی دیالێکتیکی و لە دووتوێی پرۆسەیەکدا پێناسە بکرێن. هەرچەشنە پەردەهەڵماڵینێک لە ستەم دەبێ بە ئاڕاستە و بە مەبەستی پێشنیارکردنی دۆخێکی وێناکراوی بێستەمکاری گەڵاڵە بکرێت، ئەگینا هەوڵەکە یان بە تەواوی نەزۆک و بێبەرهەم دەمێنێتەوە یان لە باشترین حاڵەتدا تا شوێنێکی سنووردار دەچێت و لەو سنوورەدا قەتیس دەمێنێت.

عەدنان حەسەنپوو، نووسەر و ڕۆژنامەنووس: فۆتۆ: بەڕۆژ ئاکرەیی

ئەو دونیا و مێنتاڵیتییەی لەناو مێژوودا دروست کراوە و دەشێت ناوی «دونیای ژنانە»ی لێ بنێین، هاوشێوەی هەمان دونیا هاوتەریبە دژەکەی کە «پیاوسالاری»یە، هێندە بەتەمەنە کە لۆژیکی نییە گەر چاوەڕێ بین لە ماوەیەکی کورتی چل پەنجا ساڵەدا بە یەکجارەکی بسڕێتەوە، بەڵام ئەمە پاساو نییە بۆ نەدیتنی ئەو هۆکارانەی لەمپەرن لە بەردەم خێراترکردنەوەی ڕەوتەکەدا. دونیای دروستکراوی ژنانە کە بەردەوام هەوڵێکی گەورە لە ئارادایە بۆ وێناکردنی وەک شتێکی جەوهەری و سروشتی و بەشێک لە سروشتی ژنانە، وەک وترا بەردەوام خۆی بەرهەم دێنێتەوە. ئەڵبەت ئەم جارە هەوڵەکە ئەوەیە فۆرمێکی تازەی پێ ببەخشرێت کە هەندێ جار فۆرمێکی ڕازاوەیە و هەر ئەم ڕازاوەییەیش تا ڕادەیەکی زۆر ئیمکانی ناسینەوەی ئەستەمتر دەکاتەوە. هەر خودی خۆڕازاندنەوەی ژنان کە لە دونیای مۆدێڕندا گەلێ قووڵتر و بەرفراوانترە لە نموونە هاوشێوە کۆنەکەی، لە جەوهەردا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوەی پێشوودا نییە. هەردووکیان بە ئاڕاستەی بەکاڵاکردنی ژن و گۆڕینی بۆ بەرهەمێکی پەسەندکراوی پیاودا کار دەکەن. بە ڕواڵەت وا دەر دەکەوێت کە ژنان توانیویانە بە شێوەیەکی بەرچاو خۆیان لەژێر ڕکێفی نێرینە دەر بێنن و دەسەڵاتی جەستەی خۆیان بگرنە دەست. ئەم تێگەیشتنە لاواز و ڕواڵەتییە لەوێدا کورت دەهێنێت کە پیاو بەرکورت دەکاتەوە بۆ نێرینەکانی ناو بنەماڵە و غافڵە لەوەی دواجار ئەمە هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی نێر لە واتا گشتییەکەیدا و ڕێک بە ئاڕاستەی مەیلی ڕەگەزی نێردا خۆی گەڵاڵە دەکات. لەم پێشکەوتنە وەهمییەدا دیسانەوە هەر مەیلی پیاوانەیە کە ڕەسەن و پێوەرە بۆ دیاریکردنی «ژنی باش» کە هەمان «ژنی جوان»ـە، واتە هێشتا جوانێتیی ژنە کە گرێژەنەی پەسەندکردن و دانپێدانانە. تەنانەت دەتوانین هەنگاوێک ئەولاتریش بچین و بڵێین ژنی هەنووکە زیاتر لە ژنی ڕابردوو گیرۆدەی مەیلی پیاوانەیە و بەکاڵابوونێکی زیاتریش دەژی، چونکوو لە چەندین ئاستدا ئیمکانەکانی بەکاڵاکردنی زیادیان کردووە؛ ئێستە سنوورەکانی «خۆگۆڕین» تا ئەو شوێنە چووە کە دەتوانن سەرتابەری جەستەیان بخەنە بەر نەشتەرگەرییەکی مۆدێرنەوە، پرۆسەیەک کە ناوی «جوانکاری»ی لێ نراوە و لەژێر ئەم ناوە دڵڕفێنەدا نەتەنها کراوەتە شتێکی قبووڵکراو بەڵکوو تەنانەت بۆتە بەشێک لە مافە بنەڕەتییەکانی ژنان!

لەژێر ئەو سیما مۆدێرن و بەهەیبەت و شەوکەتەی ژنانی سەر گۆڕەپانە گشتییەکاندا ڕۆحێکی تەسلیم و خۆبەکەمزان خۆی شاردۆتەوە کە زیاتر لە ڕۆحی دایکەکانمان دیلی دەستی پیاوە.

وەک دیارە بندەستبوون و ئۆبژەبوونی ژنان هێشتا هەر بەهێزانە درێژە بە ژیان دەدات و چەندەها ڕێگا و میکانیزمی تازەیشی بۆ خۆشاردنەوە و قەبڵاندنی حەقیقەتی وجوودیی خۆی دەستەبەر کردووە کە لە ڕابردوودا لە بەردەستیدا نەبووە. لەژێر ئەو سیما مۆدێرن و بەهەیبەت و شەوکەتەی ژنانی سەر گۆڕەپانە گشتییەکاندا ڕۆحێکی تەسلیم و خۆبەکەمزان خۆی شاردۆتەوە کە زیاتر لە ڕۆحی دایکەکانمان دیلی دەستی پیاوە. دەبوو ئەم ڕۆحە لانیکەم لای ژنەخەباتکارەکانی بواری ژنان بەدی نەکرایەت و پرۆسەی هۆشیاری توانیبای جەمسەرە سەلبییەکەی دەرخستنی ستەمکاری تێ بپەڕێنێت و بیرکردنەوە و ئەکتی ڕادیکاڵی ژنانە بەرهەم بهێنێت. بێگومان لە خۆیدا هیچ ئاسایی نییە ژنێکی چالاکی خاوەن مێژوویەکی باشی نووسین و خەبات دواجار ببێتە پاشکۆ و پاساودەری نێرسالارترین پارتی هەرهەموو کوردستان و بگرە ناوچەکە و ئەم «دژەئەکت»ـەی خۆیشی بە بوێرییەوە تیۆریزە بکات! ئەگەر کەسێک بیهەوێ هۆکاری ئەم ڕووداوە و هەموو ڕووداوە هاوشێوەکانی، کە مخابن کەمیش نیین، بەتەنها بگەڕێنێتەوە بۆ تایبەتمەندییە لاوازەکانی کەسایەتی و وەک بابەتێکی کەسی و تاکی پێناسەی بکات، نەک هیچ لە بنەچەی کێشەکە تێنەگەیشتووە بەڵکوو خەریکە یارمەتیی درێژەپەیداکردن و بەردەوامبوونی ڕەوتی پاشکۆیەتیی ژنانیش دەدات.

ژنانی هۆشیار پێش هەر شت و کەسێکی تر پێویستیان بە تێگەیشتنی حەقیقی و ناخگیر و ئینجا لەقاودانی ئەو هۆکارانەیە کە ئەم لێکەوتانەی لێ دەکەوێتەوە. هەتا ئەم کارە نەکرێت ئەگەری ڕوودانەوەی ئەو ڕووداوانە و بەرهەمهاتنەوەی ئەو دونیایە نەتەنها لە ئارادا دەبێت بەڵکوو تەنانەت گەورەترین ئەگەریش دەبێت. حاشاهەڵنەگرە کە ئاوا هەوڵێک پێویستی بە بوێرییەکی گەورەیە، چونکوو ململانێیەکە نەتەنها لەگەڵ مێژوویەکی چەندهەزار ساڵەدا بەڵکوو لەگەڵ خودی وجوودی و زێهنیی خۆیشیاندا. بەڵام مادام ئەم بەرنگاربوونەوەیە زەروورییە ئیدی بۆمان نییە لەژێر هیچ ناوێکدا پاساو بهێنینەوە بۆ غافڵبوون لێی. نەپەرژانە سەر ئەم کارە کە گەورەترین هەوڵی ڕادیکاڵە بۆ بنەبڕکردنی ستەمی دژ بە ژنان، لەخشتەبردن یان لانیکەم نەزۆککردنی کۆی خەباتی ژنانەی لێ دەکەوێتەوە.

لێرەدا بابەتەکەی ئێمە پرسی ژنانە، ئەگینا ئەم خەساری خۆدزینەوە یان تێنەگەیشتنە لە ڕاستیی بابەتەکان، لە چەندین ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیی تریشدا ڕەنگی داوەتەوە و ڕەنگە بتوانین بڵێین «خۆقوتارکردن لە بیرکردنەوە و ئەکتی ڕادیکاڵ» پەتایەکی کوشندەیە بەشێکی هەرەزۆری بەستێنی گشتیی ئێمەی گرتۆتەوە (لە ڕاستیدا ئەم خەسارە جیهانگیر و زۆر بەربڵاوتریشە لەوەی وێنای دەکەین)، کەم نیین ئەوانەی خۆیان لە سیاسەت دەدزنەوە و پێیان وایە کێشەکە تەنها لە کولتووری کۆمەڵگادایە، تەنانەت کەسانێکمان هەن پێیان وایە مرۆڤ تەنها لە ڕێگەی جوانیناسی و ئەشقەوە بە ڕزگاری دەگات! ئەمانە هەموو دەرکەوتە جیاوازەکانی مێنتاڵیتییەکی هاوبەشن کە بۆتە هۆی دابەزاندن و دابڕاندنی بابەتەکانی پێوەندیدار بە مرۆڤەوە لە حەقیقەتی وجوودیی خۆیان و لەوێشەوە پێشنیاردان و گرتنەبەری هەندێ ڕێکار و میکانیزمی کورتبڕ و ناتەواو بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی سەرتاپاگیر و بونیادی. ئێستە ڕەنگە بتوانین لەبەر ڕۆشنایی ئەم باسەدا وەڵامێکیش بۆ پرسیاری هۆکاری خۆقوتارکردنی ژنان لە دەستەواژەی «فێمێنیزم» بدۆزینەوە. سانتیمانتاڵیزەبوونی بەستێنی گشتی و زاڵبوونی فۆبیای بیر و کرداری ڕادیکاڵ یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم هەڵاتن و خۆگێلکردنە، هۆکاری ئەمەش بە ئاستی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی «زانیاری» بەسەر «مەعریفە»دا. واتە زانیارییەکان لە ئاستێکی گشتی و ڕووکەشدا ماونەتەوە و نەیانتوانیوە ببنە ماتریاڵی بیرکردنەوەی ڕەسەن و قووڵ. سروشتی زانیاری بە جۆرێکە کە ناخگیر نابێت و لەوپەڕی خۆیدا دەبێتە کۆمەڵێک کڵێشەی بە ڕواڵەت جوان بەڵام بە ناوەڕۆک ناکاریگەر و نەزۆک. هەر بۆیەشە خۆبەکۆیلەکردنی ژنان هەر بەردەوامە، تاکە جیاوازییەکەی ئەوەیە کە پێشتر حاشای لێ نەدەکرا و ئێستە حاشای لێ دەکرێت. بەکۆیلەبوونی ژنێک لەژێر ناوی «ئەشق» یان هەر ناوێکی تردا بچووکترین جیاوازیی لەگەڵ «شووکردنی سەربەهەوێ»دا نییە و هەرچەندیش بە دەستەواژەی جوان و ڕازاوە بشاردرێتەوە، دواجار هیچ لە حەقیقەتی تەسلیمبوون بە دونیای پیاوسالارانە ناگۆڕێت. تا ئێستە توێژینەوەیەکمان نەبووە لێکۆڵینەوەی ستەمکاربوونی ئەو وێنایەی چەمکی ئەشق بکات کە مێژوویەکی دوورودرێژی پیاوانە پشتگیریی دەکات و دونیای ئەدەبیاتی ڕابردوو و ئێستاشی تەنیوە، هەوڵێکی جیدیمان نەدیوە غیابی ڕەهای ئەقڵ لەو چەمکەدا بکاتە گرفت و پرسیار، سیمینارێکمان نەبەستووە ئاوڕ لە پیرۆزایەتیی بێمانای ئەو کوێروکەڕبوون و دواجار توانەوە و مردنەی ئاشق و مەعشووق بداتەوە کە وەک ڕووداوێکی بەرزەجێیانەی ڕزگاریبەخش پێناسە کراوە و دەستکاریکردنی بە کوفرێکی گەورە لە ئەژمار دراوە. نەبوونی ئەم هەوڵانە مانای ئەوەیە هەر لە بنەڕەتدا بیر لەم باسانە نەکراوەتەوە و بە کێشە نەزانراوە، واتە هەر چۆن هاتووە بە هەمان شێوە قبووڵ کراوە و ئیمزای بۆ کراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لانیکەم لە بەشێکی ژینگەی هەنووکەیی ئێمەدا جەمسەرێکی گەورەی بەرهەمهاتنەوەی کولتووری پیاوسالار لەم چاوگەوە تێرئاو دەبێت.

تا ئێستە توێژینەوەیەکمان نەبووە لێکۆڵینەوەی ستەمکاربوونی ئەو وێنایەی چەمکی ئەشق بکات کە مێژوویەکی دوورودرێژی پیاوانە پشتگیریی دەکات و دونیای ئەدەبیاتی ڕابردوو و ئێستاشی تەنیوە، هەوڵێکی جیدیمان نەدیوە غیابی ڕەهای ئەقڵ لەو چەمکەدا بکاتە گرفت و پرسیار

ئەگەر ئەم پێرستە درێژە پێ بدەین بە دەیان بابەتی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و دەروونیی دیکە دەدۆزینەوە کە بەدەگمەن و کورتبڕانە نەبێ هیچ کات نەبوونەتە بەشێک لە کەڵکەڵەکانی خەباتی ژنان بۆ نەهێشتنی ستەمکاری، کەچی ستەمکاریی ڕەگەزی بەشێکی دانەبڕاوی هەموو ئەو سیستەم و پێکهاتانەیە کە کۆمەڵگا بەڕێوە دەبەن. لێرەوە پێویستایەتیی تێگەیشتنێکی ڕاست و بابەتییانە هەم بۆ هۆکار و لەمپەرەکان و هەم بۆ ڕێگاکانی بردنەپێشی خەباتی ژنان خۆی دەسەپێنێت. بۆ وێنە ئایا دەکرێ بەبێ لەبەرچاوگرتنی «سیاسەت» و «کردەی سیاسی» بیر لە دەستەبەرکردنی کۆمەڵی یەکسان و دوور لە هەڵاواردن بکەینەوە؟ ڕەنگە هەندێ کەس پێیان وا بێ خەبات بۆ مافەکانی ژنان کارێکە لە دەرەوەی سیاسەت و ناشبێ تێکەڵی سیاسەت بکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەم دیدە تا چەند ڕاستە و کامە بەڵگاندن بەڵگەداری دەکات و دەیسەلمێنێت؟ بە باری پێچەوانەیشدا، ئایا بەڵگاندنەکان بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو دیدە هەڵەیە خراونەتە ڕوو؟

دۆزینەوەی ڕێگاکانی جێبەجێکردنی ئاوا مەبەست و ئامانجێک بێگومان تەنها لە ڕێڕەوی تێڕامانی قووڵ و گفتوگۆی وردەوە لە نێوان خودی چالاکانی بوارەکە و هەروەها لەگەڵ خەڵکانی دەرەوەی بوارەکەدا دێتە دی. گرتنەبەری ڕوانگەیەکی ڕەخنەییانە بۆ پرسی خەباتی ژنان بەقەدەر خودی پرسەکە گرنگە، ژنان دەبێ بتوانن لە ڕۆچنەی بیری ڕەخنەییەوە بەردەوام ئاوڕ لە هەموو ئەو هەوڵانە بدەنەوە کە تا ئێستە بە ئەنجام گەیەنراوە. بەڵام ئەمەش نامومکینە مەگەر بە تێپەڕاندنی ئەو ڕوانگەیەی قەناعەت بە زانیاریی ڕووکەش دەکات و پێی وایە هەر هێندەی بزانین ژنان دەچەوسێنرێنەوە ئیتر بووینەتە خاوەنی تێگەیشتن بۆ پرسی ژن. ڕەخنەی ڕادیکاڵ هیچ بابەت و پێکهاتێک بە ئاوارتە نازانێت و ئامادە نییە هیچ پاساوێک بۆ شتێکی هەڵە و ستەمکارانە قبووڵ بکات، هەر بۆیەشە لەم بەستێنەدا ئەگەر بمانەوێ دەرفەتێک بۆ هاتنەدونیای «بیری ڕادیکاڵ» بڕەخسێنین بێگومان گرنگترین ڕێگا بریتییە لە پەنابردن بۆ «ڕەخنەی ڕادیکاڵ». ئەم ڕەخنەیە دەبێ پێداگرییەکی نەبڕاوە لەسەر دروستکردنی زمان و تێرمینۆلۆژیای ژنانە بکات، ڕەنگە بکرێ هەر بەم زمانەی هەنووکە بەشێک لە پرۆسەی خستنە بەر ڕەخنەی ستەمی پیاوانە گەڵاڵە بکرێت، بەڵام دەربڕین و تەعبیرکردنی حاڵەت و بیرە تایبەتە ژنانەکان، چ بە باری ئەرێنی و چ بە باری نەرێنیدا، لە ڕێگەی زمانێکی پیاوانەی دژەژنانەوە ئەگەر نامومکین نەبێ بێگومان هەم ئەستەمە و هەمیش کورتبڕ و ناتەواو. هەروەها وەک چۆن هەر زانستێک و بگرە هەر بیرمەندێک خاوەنی تێرمینۆلۆژیا و دەزگای چەمکیی تایبەت بە خۆیەتی و لە هەندێ نموونەدا تەنانەت زیاد لە تێرمینۆلۆژیایەکیش دەبینین، خەباتی ژنانە و فێمێنیستییش پێویستیان بە دەزگایەکی چەمکیی تایبەتە بۆ خستنەڕووی پرس و گرفت و کەڵکەڵەکانی خۆیان. تەنانەت لە ئاستی ئەدەبیشدا ئاوا زەروورەتێک بوونی هەیە و ژنانی ئەدیب ئەگەر نەتوانن زمانی ژنانە بژین ناشتوانن بەرهەمی ژنانە بەرهەم بهێنن.

دواجار پرسی ژن هێندە پڕرەهەند و هەڵگری قووڵی و دژوارییە کە «زانیاری»یە کورتبڕ و ڕووکەشییەکان ناتوانن بە ڕوانگە و تێگەیشتنێکی حەقیقی لەم پرسەدا بگەن و هەر لێرەشەوەیە کە ئەکتەکان ناتەواو و هەندێ جار تەنانەت دژواز و پێچەوانەیش دەکەونەوە. بەشی هەرە زۆری ئەوەی لەبەر دووپاتبوونەوەی بەردەوام بوونەتە کڵێشە، ئەو زانیارییانەن کە بە هۆی وەهمێکی فریودەرانەوە بە مەعریفە قەڵبێنراون و هەڵگرانیشی ڕەنگە خۆیان بەم وەهمە نەزانن.