فێمینیزم چییە و بۆ؟
ئەم وتارەی دەیخوێننەوە، وەڵامی (کنێر عەبدوڵا ) سەرنووسەری گۆڤاری تەوار و ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی ژنانە بۆ (تەوەری فێمینیزم وەک کۆنسێپت و بزووتنەوە و، فێمینیستی کورد) لە ئامادەکردن و سەرپەرشتی کردنی (ڕۆزا شێخانی) بۆ ماڵپەڕی ژنەفتن.
فێمینیزم؛ بەر لە هەموو شتێک بریتییە لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە گرێدراوی بوارە جیاجیاکانی تری وەک؛ سیاسی، ئابووری، یاسایی و کولتوورییە هتد و، فێمینیزم لەو شوێنەدا بوون و گرنگێتی ئەبێ کە نایەکسانی و جیاکاری و نادادپەروەریی ڕەگەزی هەبێت کە بە داخەوە تا ئیستا لە سەرتاسەری جیهاندا ئەو دیاردانە بە شێواز و ئامرازی جۆربەجۆر درێژەی هەیە؛ هەریەک بە شێوەیەک ئەوەش؛ زیاتر بە هۆی کولتوور و عەقڵیەتی باوکسالاری و پیاوسالارییەوە پیادە دەکرێ لە ڕەگەزی پیاوەوە بۆ ژن، بوونی ئەو کولتوورە جیاکارییە نەک تەنها لە عەقلیەتی پیاودا چەکەرەی کردووە، بەڵکوو لە بەشێک لە ژنانیشدا هەیە و بە هۆی پەروەردەی جیاوازەوە، دەستەمۆیی بۆ خۆی و باڵادەستی بۆ پیاو بە گونجاو و راست دەزانێ؛ لەو ڕوانگەیەوە تا چەوساندنەوە، زاڵێتی و سەپاندن و چەپاندنی ڕەگەزێک هەبێ بۆ ئەوی تر، بزووتنەوەی فێمینیزمی درێژەی دەبێت تا هێنانەدی ئەو ئامانجەی ژن وەک مرۆڤ سەیر دەکرێ و ڕەفتار و هەڵسوکەوت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ لە گشت نێوەندەکانی خێزان و دەرەوەیدا، بۆ ئەمەش هۆشیاری تاک، پەروەردەی فیکری و هزریی هاووڵاتی پێویستە، ئەمەش لە ڕێی کارکردنەوە دەبێت لەسەر پێگە و بوارە کۆمەڵایەتییەکە، واتە شۆڕشی کۆمەڵایەتی بۆ گۆڕینی هزر و رەفتار و مامەڵەکردنی مرۆڤەکان تا ئەو ئەندازەیەی بەها مرۆییەکان دەبێتە شێوازی ژیانیان پێویستییەکی واقیعی گرنگە کە بێگومان ئەوەش پرۆسەیەکی بەردەوامی درێژخایەنە کە بەدوای خۆیدا گۆڕینی سەرجەم بوارەکانی سیاسی و ئابووری و هتد دێنێتە ئاراوە؛ هەرئەوەیشە وای کردووە کە لە پێناسەکردنەکەمدا بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ناوزەندی بکەم.
گۆڕینی عەقڵ بۆ؟
وێناکردن و سەیرکردنی ژن و کورتکردنەوەی تەنها وەک بوونەوەرێکی سێکسی کە ئەرکی لە منداڵبوون و خۆشی و چێژی پیاودا کورت بکاتەوە، ڕەفتارکردن لەگەڵ ژندا وەک کاڵایەکی جەستەیی کە کڕین و فرۆشتن و سوڵح و چارەسەری کێشەی کۆمەڵایەتی و خێڵ و هۆزی لێبکەوێتەوە، مامەڵەکردن بە ژنەوە لە ڕووی عەقڵی سەرمایەداری و بۆرجوازی کە هەمیشە وەک کاڵا و شتومەک بۆ جوانکاری و ڕازاندنەوە و سەیرکردنی وەک؛ بووکەڵەیەک و نمایشکردنی لە لایەن کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە وەک دەستکەوتێکی ڕیکلامی مادیی و بازرگانی و بەبازارکردنی لە دونیای بەناو علمانییەکاندا لە ڕێی تیڤی و بەرنامە جۆربەجۆرەکان و ڕیکلام و کورتکردنەوەی تەنها لە جەستە و جوانکاری و ڕووکەش، بەدوور لە بایەخدان پێی و سەیرکردنی لە ڕووی هزری و ناوەڕۆک و ناخ و بیرکردنەوەی، هەموو ئەوانە وێناکردن و ئامادەکردنێتی بۆ ڕازیکردنی مەیلی پیاوان، هەروەها بایەخدانی زۆریک لە ژنان بە نەشتەرگەریی جوانکاری نەک تەنها لە ڕووکەش و سیما و ڕواڵەتیان بەڵکوو رۆچۆنە نێو دەستکاریکردنی ناو لەش و جەستەیان، بۆ؟
هەموو ئەو وێناکردن و دەرئەنجامانە بزووتنەوە فێمینیستییەکان دەیخەنە ژێر پرسیار و بەرپرسیارێتی و لێکۆڵینەوە لە هۆکار و کاریگەری و ئاسەوارەکانی، چونکە بێکارکردن لە گۆرینی هزری تاکەکانی کۆمەڵ و دروستکردنی مرۆڤی سەربەخۆی هزری و بە کولتوورکردنی لەنێو خێزانەکان و کۆمەڵدا، گۆڕانکارییەکانی دیکە هیچ کاریگەرییەکیان نابێت ، بێگومان ئەو گۆڕانکارییەش، بێ گۆڕینی سستمی گشتیی حوکمڕانی و دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی وڵات نایەتە بوون.
ڕاستە قوتابخانە فێمینیستییەکان زۆر و جیاوازن، بەڵام سەرچاوە و ئامانجی سەرهەڵدانی فێمینیزم دەگەڕیتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ژێردەستەیی ژن و باڵادەستی پیاوان نەک بە ئامانجی سەندنەوەی دەسەڵات لە پیاوان و ئاڵوگۆڕکردنی بە ژنان و هەمان ڕۆڵبینینیان کە هەمان پێگەیان هەبێ بەڵکوو ڕاگرتنی باڵانسی جێندەری و نزیکبوونەوەی تەرازووی هێزە لەنێوان مرۆڤەکاندا، ئیدی تەنها شتێک هەبێ کە ئەرک و مافەکان بێ و لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی و شارەزایی مرۆڤەکان بوونی هەبێ نەک؛ ڕەگەزی و مافدان بە ڕەگەزێک لەسەر حسابی ڕەگەزێکی تر. فێمینیزم؛ گەڕانە بەدوای گێڕانەوەی سەنگ و بەهای مرۆڤەکان، نەهێشتنی توندوتیژی و کۆیلایەتی و ژێردەستییە، نیشاننەدانی هێزی ڕەگەزێکە لەسەر بنەمای لاوازیی ڕەگەزێکی تر، کەمنەبوونی مووچەی ژنانە لە پیاوان تەنها لەبەر ئەوەی ژنن، بە نموونە؛ وەک ئەوەی لە وڵاتی سویددا بوونی هەیە و لە ڕێی وەزارەتی یەکسانییەوە کاری لەسەر دەکرێ، کاری ژن کەمبایەخ نەبێت و کرێی کەمتر وەرنەگرێت بە بەروارد لە پیاوان، چانسی کارکردن و هەلی پیاوان زیاتر نەدرێ وەک لە ژنان تەنها لەبەر ئەوەی دووچاری سکپڕی دەبنەوە و منداڵیان دەبێت، ڕێگە لە کچان و ژنان نەگیرێ بۆ خوێندن لەبەر زوو بەشوودانیان، کڕین و فرۆشتنیان پێوەناکرێت لەکاتی هاوسەرگیریدا، خەتەنە نەکرێن لەبەر دامرکاندنەوەی ئارەزووی سێکسییان، لەبری خوێن و گەورە بە بچوک و مارە بە جاش و شیربایی و سوڵحیان پێوە نەکرێت؛ بە هۆی دامرکاندنەوەی شەڕ و بێبەهاکردنیان، لەشفرۆشی و کڕین و فرۆشتنیان پێ ئەنجام نەدرێ بۆ پەیداکردنی پارە و ژیانکردنیان. لە کاتی دابەشکردنی میراتدا یەک بە دوو نەکرێت و بە نیو مرۆڤ دانەنرێن لە کاتی شاهیدیدا، خەسڵەتی بەهێزی و سەربەخۆیی، ئازادی، ئازایەتی و عەقڵی و ژیری و بەتوانایی نەخرێتە پاڵ پیاو و عەیبە و شەرم و بێهێزی و لاوازی و کەم عەقڵیش ببێتە ناسنامەی ژنان، پیاوان نەبنە بڕیادەر و ژنانیش بڕیاربۆدراو؛ باڵادەستی بۆ پیاوان و ژێردەستەیی و دەستەمۆیی بۆ ژنان نەبێت؛ بەهای ژن کەمتر و هی پیاو زیاتر نەبێ، جیاوازی و نایەکسانی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای جیاوازیی بایەلۆجی بینا نەکرێ، لە ڕووی یاساییەوە جیاوازی نەکرێ تەنها لەبەر ئەوەی ڕەگەزی ژنە، بە زۆر منداڵی پێ لەبارنەبرێت، یان مافی منداڵ لەباربردنی لێبسەندرێتەوە، بەبیانووی پاراستنی شەرەفی بنەماڵە و خێزانەکەی ڕەوایەتی کوشتنی بەسەردا نەدرێت، دەستدرێژیی سێکسی بەڕەوا نەبینرێت بۆی، و ژن چەوساوە و پیاویش چەوسێنەر نەبێت.
ئیدی فێمینیزم؛ کارکردنە بۆ نەهێشتنی هەموو نموونانەی سەرەوە و ڕەتکردنەوەی جیاوازی و جیاکارییەکانە کە لەنێوان ڕەگەزەکاندا دەکرێ چ لە ڕووی ئاینییەوە بێت چ لە بواری زانکۆ، سوپا، خێزان، یاسا و نێوەندەکانی تری کاردا بێت. واتە داننانە بە یەکسانیی ڕەگەزەکان و سەیرکردنیانە وەک مرۆڤ و یەکسانییە لە ڕووی ئەرک و مافەوە.
مێژووی فیمینیزم
لە سەدەکانی شانزە و هەڤدە و هەژدەدا سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی فێمینیزمییە و ژنان لە بەریتانیادا هەوڵی گۆڕینی ئەو وێناکردنە خراپەی ژنیان دەکرد کە بە هۆی کولتوور و کاریگەریی ئاینەوە بوونی هەبوو لە کۆمەڵدا و بووبوو بە بەشێک لە زەینی مرۆڤەکان و نایەکسانی هاتبووە کایەوە؛ بە واتایەکی تر سەرەتای سەرهەڵدانی خەباتی فێمینیزمی لە ڕووی کولتووری و ئاینی و کۆمەڵایەتییەوە بوو و دواتر گەشەی کرد بۆ بواری یاسایی و فیکری، ئیدی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە شەپۆلێکی تری فێمینیزمی دەستی پێ کرد بە ئامانجی گۆڕینی یاساکان و بەدەستهینانی مافە یاساییەکانی ژنان تا بتوانن مافی دەنگدان، تەڵاق، بەخێوکردنی منداڵ و مافی سەربەخۆیی ئابووری و داهاتی یەکسانیان لەگەڵ پیاواندا هەبێت و، دواتر لە ساڵی ١٩٦٠ شەپۆلی دووەمی فێمینیزمی درێژەی هەبوو لە وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا کە ئامانج لێی سەربەخۆیی و ئازادیی ژنان بوو.
سەرهەڵدانی فێمینیزم لە باشووری کوردستان
گەر بێینە سەر باسێکی باشووری کوردستانیش دەتوانرێت بوترێت کە سەرەتا پێش ساڵی ١٩٩١ خەباتی ژنان بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی بوو، کەمتر وەک ئەوەی بۆ سەرخستنی بزووتنەوەی فێمینیزمی گۆڕانخوازی کۆمەڵایەتی و کولتووری بێت و، دواتر پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لەپاڵ خەباتی نەتەوەیی؛ خەباتی فێمینیزمی بۆ ئازادی و یەکسانی دریژەی هەبوو لە ڕێی گۆرینی یاساکان و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و دەرفەتی یەکسانی و ڕاگرتنی باڵانسی جێندەریی لەنێو کایە سیاسی و ناوەندەکانی بریاردا، بەڵام وێڕای هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی بەتایبەت لە ڕووی یاساییەوە ئەنجامدرا بە دەرکردنی بڕیاری ٥٩ و ٦٢ کە تایبەت بوون بە مامەڵەکردن لەگەڵ بکوژانی ژن بە بیانووی شەرف وەک تاوانبار و قوتارنەبوونی لە یاسا و هەروەها ڕێگرتن لە فرەژنی و، وێرای دەرکردن و هەموارکردنەوەی چەندین یاسای تایبەت بە ژنان لە بواری توندوتیژی خێزانی و تەڵاق و… هتد. سەرەڕای کارکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان و کەسانی ئازادیخواز لەسەر گەیشتنی ژنان و بەشداریکردنیان لە کایە سیاسییەکاندا و چەسپاندنی سستمی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بە شێوەیەک کە لە ٣٠٪ کەمتر نەبێت و بوونیان لە پارتە سیاسییەکاندا بە شێوەیەک بە ڕێژەی ٢٠٪- ٢٥٪ بچەسپێ بەڵام لەگەل هەموو ئەوانەشدا ژنان دەکوژرێن، دەستدرێژی دەکریتە سەریان، توندوتیژییان بەرامبەر دەکریت، جیاوازی و جیاکاری و چەوساندنەوەیان لە ئاستدا هەیە، بوونی هەموو ئەوانەش بە جێگیرنەبوونی دامەزراوە و سەربەخۆنەبوونی یاسا و مانەوەی دەسەڵاتی پیاوسالاری و باوکسالارییە بەندە لەنێوەندی عەقڵیەتی حوکمڕانی دامەزراوە تەشریعی و تەنفیزی و دادوەرییەکانە؛ سەرەڕای نێوەندی ڕاگەیاندن و پارتە سیاسییەکان بەگشتی، بەدەر لە هۆکاری نەگۆڕینی کولتووری کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی بنەڕەتی و ڕیشەیی و مانەوەی هزریی پیاوسالاری و زاڵێتی لە بەڕێوەبردن و پەروەردەکردنی تاکەکانی خێزاندا.
خەباتی فێمینیزمی بۆ کێ؟
ماوەتەوە بڵێم خەباتی فێمینیزمی تەنها ئەرکی ژنان نییە و تەنها بۆ ژن نییە و تەنها بە ژنانیش ناکرێ بەڵکوو خەباتێکی گشتگیری هەمەلایەنەی فرەبوارە کە بە هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو دەکرێ و بەڕێوەدەچێت، گرنگ عەقڵ و هزریانە بەوەی وەک مرۆڤ بڕواننە یەکتری و کار بۆ گۆڕینی عەقڵی مرۆڤەکان بکەن تا مرۆڤدۆستی و بەها باڵا مرۆییەکان ببێتە بنەمای پەیوەندی و پێکەوەژیان و قبوڵکردنی یەکتری بەدوور لە باڵادەستی و سەپاندن و چەپاندن. ئەوەش لە پێناو هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی مرۆیی و دادپەروەریی کە چەقی کارەکان بۆ خزمەت و گەشەکردن و برەودان بێت بە خودی مرۆڤەکان بێ جیاوازی ڕەگەزی، ئاینی، ئایدۆلۆجی و هتد. بێگومان بە دیوێکی دیکەشدا ئەرک و بوونی سستمێکی دیموکراسیی مەدەنیی حوکمڕانیشە کە بەتایبەت بنەمای دامەزراوە پەروەردەییەکانی لەسەر ئەوە بنەمایانە بێت لە پێناو خزمەتکردن بە کۆمەڵ و هاوڵاتییاندا بێت بێ جیاوازی.