جیهانبینی لە ڕۆمانی کوردیدا

کرمانجی خواروو ساڵی (٢٠٠٠-٢٠١٠)

“جیهانبینی لە ڕۆمانی کوردیدا، کرمانجی خواروو ساڵی  (٢٠٠٠-٢٠١٠)” نامەیەکی ماستەرە (ڕەسوڵ حەمەد) ساڵی ٢٠١٣ بە سەرپەرشتی (پ.ی.د. تاهیر محەمەد عەلی) پێشکەشی کۆلێجی زمان- زانکۆی سلێمانی کردووە. نامەکە بەپێی ڕێبازی وەسفی شیکارییە و لە سێ بەش پێکهاتووە:

بەشی یەکەم، سێ تەوەرە، هەر تەوەرەش چەند باسی لەخۆ گرتووە. سەرەتا چەمکی جیهانبینی لە ڕەهەند و تیۆرە جیاوازەکانەوە ناسێنراوە، سەرنج ‌خراوەتە سەر بۆچوونی گوڵدمان، هەر لەم بەشەدا زەمینەی پەیوەندیی جیهانبینی و ئەدەب و ڕۆمان ڕەخسێنراوە، تەکنیک و لایەنە هونەرییەکانی ڕۆمان کە بوار بۆ ڕۆماننووس دەکاتەوە، تا جیهانبینیی خۆی بخاتە ڕوو، باس کراوە. توێژەر سەرەتا جیاوازی و نزیکیی ژیانبینی و دنیابینی و جیهانبینی دەخاتە ڕوو، کە دنیابینیی ڕەهەندی سیاسی و هزری، ژیانبینیش ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری دەگرێتەوە، هەرچی جیهانبینییە دەکرێت هەردووکیان لەخۆ بگرێت. چوار قۆناخی بیرکردنەوەی سەرەتاییی بۆ ژیان و جیهان باس دەکات: ئەفسانەیی، شاعیرانە، ئاینی، فەلسەفی و زانستی دوا قۆناخە. لە داستانەکاندا کە وێنای جیهان کراوە، پڕبووە لە خواوەند و ڕۆحی کاریگەر لەسەر ژیان و مرۆڤ. دواتر جیهانبینی لە بواری هزر و فەلسەفە جێی خۆی گرت، بووە بنەمایەک بۆ تێڕوانین لە بوون و گەردوون و خواو هتد، کانت یەکەم فەیلەسوفە کە زاراوەی جیهانبینی بەکار هێناوە، بەڵام دیلتای وەک چەمک مامەڵەی لەگەڵدا کردووە و فراوانی کردووە. لای گوڵدمان ئەم چەمکە وەک کایەیەکی کۆمەڵناسی و کۆمەڵناسیی ئەدەب جێی خۆی دەگرێت، کە ئاماژەیە بە کۆڕایی کۆمەڵێک، کە لە لایەنی کۆمەڵایەتی و ئابووری هاوبەشن، بە واتایەکی دیکە نووسەرێک کە سەر بە چینێکە بەرهەمەکەی جیهانبینیی ئەو چینە دەخاتە ڕوو، دیارە گۆڵدمان لەژێر کاریگەریی مارکس و هیگڵ و فرۆید تێڕوانینەکانی خۆی بونیاد دەنێت. هاوکات توێژەر ڕەخنە لە بۆچوونەکانی گۆڵدمان دەگرێت، کە مەرج نییە هەمان دۆخ لە کۆمەڵە جیاوازەکاندا دووبارە ببێتەوە و هەمان بەرهەم پێشکەش بکەن، واتە جیاوازیی ئەدەبی نەتەوەکان و گەشەکردنیان جیاوازە، هاوکات گۆڵدمان ڕۆڵی داهێنەری ئەدەبی وەک تاک فەرامۆش دەکات.   

گوتاری ڕۆمان هەوڵدانە بۆ تەفسیرکردنەوەی واقیع و خستنەڕووی ڕابردوو و ئیستا و داهاتووە، هاوکات وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە و ئەزموونی تاک بەرجەستە دەکات

ڕۆمان بەپێی سروشت و پێکهاتەکەی بواری داهێنانی جیهانبینیی بۆ ڕۆماننووسی داهێنەر دەڕەخسێنێت، کە ئەمەش کورتکردنەوەی ئەدەب و ڕۆمان نییە بۆ هەڵوێستێکی فیکری، کە وێکچوونی جیهانی واقیع و جیهانی ڕۆمان لەخۆ بگرێت و لایەنی هونەری ڕۆمان لەبیر بکات، بەڵکوو بەپێی کات و شوێن و کۆمەڵ و ڕۆماننووسی جیاواز جیهانبینیی جیاواز دادەهێنرێت. جیهانبینی هەموو بیروباوەڕ، تێڕوانینی فیکری و ئایدیۆلۆجی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتە خۆی، کە مرۆڤەکان بەرامبەر بە گەردوون و سروشت و ژیان و کۆمەڵگە هەیانە، هاوکات پرۆسەی کامڵبوونی جیهانبینیی ئەدەبی و هونەری ئاڵۆزە، بەو پێیەی بوارەکانی هەست و نەست و خەیاڵ و هەڵچوون و پاڵنەرە نەستییەکانی مرۆڤ و تەواوی جەستەی نووسەر بەشدارن لە ئەفراندنیدا. ڕۆماننووس دەتوانێت لە ڕێگەی گوتاری ڕۆمان و کارەکتەر و دیالۆگ و تەنانەت وەسفیشەوە جیهانبینیی خۆی بخاتە ڕوو. هاوکات جیهانبینی لە ئەدەبدا هەڵوێستێکی فیکریی ڕووت نییە، بەڵکوو لە جۆر و شێوازی فۆرم و زمان و قاڵبی هونەری بەرزدایە، کە بەهێزی بنیاتی هونەری ڕۆمان تۆکمەیی جیهانبینی لەخۆ دەگرێت. گوتاری ڕۆمان هەوڵدانە بۆ تەفسیرکردنەوەی واقیع و خستنەڕووی ڕابردوو و ئیستا و داهاتووە، هاوکات وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە و ئەزموونی تاک بەرجەستە دەکات، کەواتە ڕۆمان دەروازەی چوونە نێو جیهان و گۆڕینی دید و تێڕوانینە جێگیرەکانە؛ ڕەتکردنەوەی واقیعی باوە. دواتر توێژەر تەکنیکەکانی دیالۆگ و وەسف بۆ بەرجەستەکردنی جیهانبینی باس دەکات. هاوکات باسی ئێستای ڕۆمانی کوردی دەکات، کە هەنگاوی بەرزی لە ئاستی تەکنیک و فۆرم و ناوەڕۆک ناوە، بەڵام دەنووسێ ناتوانین بڕیاری ئەوە بدەین کە ڕۆمانی کوردی بووەتە شوناسی واقیعمان و توانیویەتی وێنەیەکی تەواوی واقیعی کورد بکێشێت و مۆرکێکی کوردانەی نەخشاندبێت. هاوکات ڕۆماننووسگەلێکی کورد لە ترسی لاساییکردنەوەی واقیع وەک خۆی، هێندە پەنایان بۆ خەیاڵ و فەنتازیا بردووە کە لە ژیانی واقیعی کورد دوور کەوتوونەتەوە. هەر لەم بەشەدا ئاوڕ لە جیهانبینیی فیکری دەداتەوە و چەمکەکانی ئازادی و بوون و ژیان پەیوەست بە ڕۆمان دەخاتە ڕوو. دواتریش کێشەکانی ئافرەت و چەمکی دین و جیهانبینیی دینی کە لە ڕوانین بۆ خوا و مرۆڤ و ژیان پێکهاتووە، بەسەر دەکاتەوە.

بەشی دووەم، ناونیشانی: بەرجەستەبوونی جیهانبینیی فیکری لە ڕۆمانی کوردی، هەڵگرتووە و باسی بەرجەستەبوونی کۆمەڵێک چەمک لە ڕۆمانە کوردییەکان دەکات: ئازادی، واتای بوون و ژیان، جێکەوتەی دەستەڵات و سیاسەت، وێنەی ڕۆشنبیر، نوێخوازی و دین و باوەڕی دینی و وێناکردنی ئافرەت. سەبارەت بە ئازادی لە ڕۆمانە کوردییەکاندا نموونەی چەند ڕۆمانی وەرگرتووە، کە هەندێکیان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لە ئازادییان ڕوانیوە. بۆ نموونە توێژەر سەبارەت بە ئازادی لە ڕۆمانی “پێدەشتی کارمامزە کوژاروەکان” دەنووسێ “نووسەر جیهانبینیی خۆی بۆ چەمکی ئازادی تێهەڵکێشی ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی دەکات و پێی وایە ئازادیی تاکەکان و هەڵبژاردنە بێ مەرجەکان، زامنی ژیانێکی سەردەمانە و شایستە بە مرۆڤن، بۆیە تاوەکو تاکەکان ئازاد نەبن و لە بڕیاردان سەربەخۆ نەبن، با کەس هەرگیز بیر لە ژیانێکی خۆشگوزەران نەکاتەوە”. بەڵام ئازادی لە کۆشکی باڵندە غەمگینەکاندا ڕەهەندێکی قوڵتری هەیە، کە مرۆڤەکان بە ئاشکرا پەی بە نائازادییان نابەن، بەڵکوو مرۆڤە هەستیار و هۆشیارەکان دەزانن کە ئازاد نین، چونکە لە چوارچێوەگەلی جیاوازدا گیریان خواردووە، سەوسەن فیکرەت دەڵێ “بۆ مرۆڤ لەم گەردوونە گەورەیەدا مەحکومە بە بینینی هەندێ شتی چکۆلانە، مەحکومە بە دیلی لە یەک ماڵ و لە یەک شار و یەک بستە زەویدا”. بەڵام لای عەتای نەهایی ئازادی مەرج نییە لە وڵاتێکی بەناو ئازادی وەک ئەوروپا بێت، کەواتە مەرج نییە ژیار و شارستانیەت ئازادیی بۆ مرۆڤ فەراهەم بکات. هاوکات بەشێک لە ڕۆماننووسانی کورد کێشەی ئازادیی سیاسی تەوەری گرنگی ڕۆمانەکانیانی پێکهێناوە، لەوانە “پەناهەندە، پێنجەمین کتێب، کاروان و سەگوەڕ”. لە باسی واتای بوون و ژیان لە ڕۆمانی کوردیدا، ئاماژە بە ڕۆمانی “کۆشکی باڵندە غەمگینەکان” دەکات و لەژێر ڕۆشنایی شێوازی بوونی ڕەسەن و ناڕەسەنی هایدیگەر تێڕوانین و هەڵوێستی کارەکتەرەکان بۆ بوون و دنیا دەخاتە ڕوو، کە سەوسەن وەک بوونێکی ڕەسەن و بەرجەستەکەری گوتاری ڕۆماننووس دەدوێت، هاوکات سێ عاشقەکەی بوونێکی ناڕەسەنیان هەیە و سەوسەن کار بۆ ڕزگارکردنیان دەکات، کە دەبێت بفڕن و دنیا ببینین، چونکە هەرسێکیان وەک یەکن و لە ڕاستیدا وەک هەموو پیاوەکانی ئەم شارە هاوشێوەی یەکدین. هاوکات لە ڕۆمانی “ئافاتەکانی بنەماڵەی مێخەک”دا جیهانبینیی ڕۆماننووس بۆ ژیان لەسەر بنەمای جیاوازییەکان بونیاد نراوە، کە خەیاڵ ڕۆڵی کارا لەم جیاوازی و کرانەوەیە دەبینێت. هاوکات لە “هۆتێل ئەوروپا” دەوری هونەر لە بونیادنانی جیهانبینی خراوەتە ڕوو، کە هونەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەسڵی بوون. هاوکات لە ڕۆمانی “ئەڵوەن” باسی یاخیبوون لە نەریت و ئاکارە نامرۆییەکان دەکات، کە ئەم یاخیبوونە پەل دەکێشێ بۆ کوشتنی دایک، ئەمەش وەک کاردانەوەیەکی ڕۆحی بەرامبەر بە نادادیەکانی کۆمەڵ. ڕۆمانی “ناوێ لەم کارەکتەرە بنێ” گفتوگۆی دوو کارەکتەری ئەوروپی و کوردێک لەبارەی جیهانگەرایی و مەترسییەکانی لەسەر تاک و نەتەوە و کوشتنی لایەنی ڕۆحگەرایی دەخاتە ڕوو. دواتر باسی جێکەوتەی دەستەڵات و سیاست لە ڕۆمانە کوردییەکان دەکات، کە تا ئاستێکی فراوان ئامادەگی هەیە ئەمەش لەبەر دۆخی مێژوویی کورد، توێژەر باسی جیاوازیی دەستەڵاتەکان و ڕەنگدانەوەی لە ڕۆمانەکاندا دەکات، کە هەر تەنیا دەستەڵاتی سیاسی ئامادە نییە، بەڵکوو دەربەگ و خێڵەکانیش مومارەسەی دەستەڵاتی دەزگای سیاسی دەکەن. لە ڕۆمانی پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان و نۆرینگدا سیستمی دەربەگایەتی و دەستەڵاتی ئاغا خراوەتە ڕوو، کە چۆن خەڵک دەچەوسێننەوە. هاوکات لە ڕۆمانی ئەڵوەن ئاغا هێزی خوایەتی هەیە. ڕۆمانی کاروان و سەگوەڕیش ڕووی دەستەڵاتی سیاسی و سەربازیی بەعس لە ڕێگەی دیمەنەکانی زیندانەوە دەکێشێت. لە ڕۆمانی “کۆچ” دەستەڵاتی ستەمکار بۆ مانەوەی پەنا بۆ هەموو کردەیەکی ڕەواو و ناڕەوا دەبات. لە ڕۆمانی “سوارەکان بە قاچاخ بوکیان گواستەوە” وێنەی دزێوی سیاسەت دەکێشێ و دەنووسێ “سواڵکەر ڕاستگۆی ڕۆژە و دز ڕاستگۆی شەوە…سیاسەتیش درۆزنی شەو و ڕۆژە” لە ڕۆمانی “ئیرەم”دا وڵات دەبێتە بووکەشوشە بەدەست دەستەڵاتدارانەوە “وڵاتیش دەکەم بە جوتێ پێڵاوی بریقەدار و لە پێتی دەکەم”. هاوکات هەندێک لە ڕۆماننووسان ڕەخنەی دەستەڵات لە ڕۆژهەڵات دەگرن، واتە تەنیا ڕووی دەستەڵاتی کورد نیشان نادەن، بەڵکوو بە گشتی دەستەڵاتی ناوچەکە دەبێتە باسیان. هاوکات دیدی ڕۆماننووسانی نوێ بۆ شۆڕشە کوردییەکان زۆر جیاواز و ڕەخنە ئامێزە، جگە لەوەی ئاکامەکانیشی بۆ هەندێک ڕۆماننووس ڕەخنەی توندی حیزبە کوردییەکانی لێکەوتۆتەوە.

هاوکات توێژەر باسی ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیری دەکات، لە کۆشکی باڵندە غەمگینەکاندا، ڕۆشنبیر و سەرچاوەی ڕۆشنبیری دەمامک و فێڵێکی سیاسی و حیزبییەکانە بۆ پەردەپۆشکردنی لاوازی و ناشیرینییەکانیان، بەڵام لە -ناوێ لەم تێکستە بنێ-دا ڕاستگۆی و ناسینی ڕۆشنبیر بە گرنگ دەزانێ بۆ گەیشتن بە ڕاستی شتەکان و هاوکات لەبری خەڵک بیرنەکردنەوە. بەڵام لە زۆرێک لە ڕۆمانەکانی دیکەدا پێگەی ڕۆشنبیر بەهێز و ویستراوە، لە کۆچ-دا ڕۆشنبیر داهێنەرە و نهێنییەکانیش لە ڕێگەی نووسینەوە کەشف دەکات، لە ئیرەم-دا ڕۆشنبیری وەک دڵ وایە لە جەستەدا، هاوکات ڕۆشنبیریش بە فۆرم و شکڵیەوە زۆر جار خەڵک و خۆی فریو دەدات، کە دەکەوێتە ناو خۆنواندنەوە. دواتر باسی نوێخوازی لە ڕۆمانە کوردییەکاندا دەکات، بۆ نموونە لە”پەناهەندە”دا ڕەخنەی بەپیرۆزبینی ڕابردوو و مێژوو لای کورد و ڕۆژهەڵات، کە ڕێگر بووە لە بیرکردنەوەی دروست، دەگرێت، لە “هوتێل ئەوروپا” گوتاری نوێخوازی لەم ژیانە نوێیەدا هەڵدەگرێت، کە ژیانی نوێ، هزری نوێ دەخوازێ. لە تەنیشت ئەم باسەوە، پرسی دین و باوەڕی دینی باسکراوە، لە ڕۆمانی “مناڵێک لەسەر مانگە” باسی سۆفیگەری و ڕۆحانیەت لە دەرەوەی دین کراوە، واتە ڕزگارکردنی سۆفیگەری لە چوارچێوەی دین و ڕۆژهەڵاتدا، بەرامبەریش[رۆژئاوا] بێ دین و ناڕۆحانیەتە، ئەمە دیاردەی تەکفیر دەهێنێتە ئاراوە، هاوکات ڕۆماننووس پێی وایە دین مرۆڤ لە قاڵب دەدات. هاوکات ڕەخنە لە چارەنووسی دینی دەگیرێت، دین بە دیلکەری خواستە نەگیراوەکانی مرۆڤ دەبینرێت، هاوکات لە ڕێزمانی خۆشەویستی دین لە پەیوەندیی خۆشەویستی ڕێگرە. لە کۆتاییی ئەم بەشەدا وێناکردنی ئافرەت لە ڕۆمانە کوردییەکان باسکراوە، لە “خانمی شەوە ئەرخەوانییەکان”دا ئافرەت وەک قوربانیی بیرکردنەوە و ئاکارو تێڕوانینی هەڵەی جۆرێ لە پیاوان بینراوە، کە وەک کاڵا لێیان دەڕوانن. لە ڕۆمانی “ماچی یەکەم”دا باسی لێکدژی پیاوان دەکات، کە خەبات بۆ ئازادیی ئافرەت دەکەن، بەڵام خۆیان چەوسێنەری ئافرەتن، هاوکات لە هۆتێل ئەوروپاش ڕەخنەی ئافرەت گیراوە، کە چۆن ئافرەتی فێمینیست دژی خۆی ‌و ڕەگەزەکەی و بیروباوەڕی بیر دەکاتەوە.

بەشی سێیەم، لەبارەی جیهابینیی دینیە لە ڕۆمانی کوردیدا، کە ڕۆماننووسان چۆن لە خوا و سروشت و گەردوون و سۆفیگەری و رۆحانیەت و دینداریان ڕوانیوە، لە “حیکمەتی پیران”دا خوا بوونێکی ئەزەلی و هەرهەری هەیە، خودا بە ڕەهایی کەماڵە و لە جیلوەکردنێکی بەردەوامیشدایە، لە ڕۆمانی “جادوگەری گوند” دووری و نەناسینی خودا، نەزانی و لە دەستدانی ژیری مرۆڤەکانی لێ دەکەوێتەوە.

ئازادی وەک چەمکێک بە شێوەی هەمەلایەن لە ڕێگەی مرۆڤ، هونەر، یاخیبوون، کولتوور، واقیع و بوون بەرجەستە کراوە. چەمکی بوونیش لە ڕێگەی گومان، بیرکردنەوە و تێڕامان و پرسیارکردن خراوەتە ڕوو

هاوکات لە ڕۆمانی “گەڕانەوە بۆ مەرگ” ژیانی دنیای ئێرە و گەردوون بە سێبەری جیهانی حەقیقەت دەزانێت، پێشیوایە زیندووەکان سێبەری مردووەکانن، چونکە زیندوو لێرەیە و مردووش لە جیهانی حەقیقەتدایە. لە ڕۆمانی “جادوگەری گوند” سروشت دەبێت بە جێگرەوەی دایک، چونکە ئەو دەمەی سیامەند لەدایک دەبێت دایکی دەمرێ و سروشت دەکات بە جێگرەوەی “سروشت دایکێک بوو ئەوکاتەی ئێمەی بوو گیانی لە دەست دا” لە ڕۆمانی حیکمەتی پیران-دا باسی هەماهەنگی و سازانی سروشت و گەردوون پەیوەست بە تێگەیشتنی مرۆڤ دەکات، هاوکات ڕەتی ئەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ تەنیا بە زانست و لۆژیک پەی بە نهێنییەکانی خۆی و گەردوون ببات، چونکە مرۆڤ لەو زانستەی مرۆڤ دایناوە ئاڵۆزترە. سەبارەت بە تێگەیشتنی دین بۆ پێگەی مرۆڤیش لە ڕۆمانی “ڕێگایەک بەرەو ڕۆشنایی” مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی پرسیارکەر و وەڵامدەر و گەڕان بە دوی خۆدا وێناکراوە. لە گەڕانەوە بۆ مەرگ ڕۆماننووس ڕەخنە لە پێشکەوتنەکانی مرۆڤ و جیاوازی ڕوانینەکانی دەکات، کە هۆکاری نغرۆبوونی شارستانیەت و بوونین، مرۆڤبوونی مرۆڤ لەبیرکراوە، بۆیە کارەکتەرەکە[جاوید] دەیەوێ لەو پێشکەتنانە هەڵبێ و بگەڕێتەوە بۆ مناڵی و سەرەتا. لە چۆنیەتیی پراکتیکی چەمکە دنییەکان لە ڕۆماندا، توێژەر ئاماژە بە دوو ڕەهەندی هاوبەش لە لایەن ڕۆماننووسە دیندار و نادیندارەکان دەدات، کە کێشەی دین بەشێکی زۆری بۆ کەسە دیندار و گوتاری دەستەڵاتە دیندارەکان دەگەڕێتەوە، یاخود بۆ هێنانی گوتاری دینی بۆ ئەرزی واقیع، لە “گەڕانەوە بۆ مەرگ” ڕەخنە لەو پراکتیکە دیندارییە دەگرێت کە دەیەوێت هەموو دیاردەکانی دەوروبەر بە بەرگی دینی بپۆشێت و ڕوانینەکانی دیکەشی پێ هەڵەیە. لە کۆتاییی ئەم بەشەدا ئاوڕ لە ڕەنگدانەوەی عیرفان و ژیانی ڕۆحانی دراوەتەوە، کە ڕۆماننووسان لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی واتا و حاڵەتە ڕۆحانییەکان لە کارەکتەرەکانیاندا ئەو دیوە ڕۆحانییە نەک شەریعەت و ڕێگە ڕەق و ساردەکانی دین زەق دەکەنەوە، بۆ نمونە ڕۆمانی “گەڕانەوە بۆ مەرگ” کەسێتی (خەڵوەتی)، لە زیندانەوە گەشتە ڕۆحییەکانی دەست پێ دەکات، هەرچەند بە جەستە زیندانە، بەڵام ڕۆحی ئازاد و گەڕۆکە، هەر لە هەمان ڕۆماندا گەشتی عیرفانی لە ڕێگەی مەعریفەوە دەست پێ دەکات، کە مەعریفە بە کەنارەکانی دەریای عیرفان هەنگاو دەنێت، چونکە مەعریفە توێکڵ و عیرفان کرۆکە.لە کۆتاییی نامەکەشدا توێژەر ئەنجامەکانی دەخاتە ڕوو، کە ڕۆماننووسان بە ویستی خۆیان و دوور لە فشاری دەرەکی توانیویانە گوزارشت لە دیدی خۆیان بکەن، ئازادیش وەک چەمکێک بە شێوەی هەمەلایەن لە ڕێگەی مرۆڤ، هونەر، یاخیبوون، کولتوور، واقیع و بوون بەرجەستەکراوە. چەمکی بوونیش لە ڕێگەی گومان، بیرکردنەوە و تێڕامان و پرسیارکردن خراوەتە ڕوو، هاوکات دوو جۆر ڕۆشنبیریش لە ڕۆمانی ماوەی توێژینەوەکە بەرجەستکراوە: ڕۆشنبیری داهێنەری ڕەخنەگر، ڕۆشنبیری ساختە.