ئەشکەوتەکەی پلاتۆ (ئەفلاتوون)

لە فەڕەنسییەوە: سەردار حەمەڕەش

ئەمە دەقی وانەیەکی پرۆفیسۆر (شارل ڕۆبەن)ی فەڕەنسییە بە ڤیدیۆ بڵاوی کردووەتەوە.

ڕۆژتان باش

ئەمڕۆ باسی پلاتۆ دەکەین، بەتایبەتی تێکستەکەی بەناوی “ئەلێگۆریی ئەشکەوت”  (allegory : چیرۆکی ڕەمزی)، دەڵێم “ئەلێگۆری”، ناڵێم “میتۆلۆژی”، چونکێ مەبەستی میتۆلۆژی گێڕانەوەی بنیاتنانی شارستانیەتە، بەڵام تێکستی پلاتۆ، ویست و داوای ئەوەی نییە شارستانیەت بنیات بنێت. “ئەلێگۆریی ئەشکەوت”، تێکستێکە لە ئاستی ئەوەدایە ببێتە پوختکراوەی هزری پلاتۆ، ئەگەر ئەمڕۆ بە مەبەست باسی ئەم تێکستە دەکەین لەبەر ئەوەی کە ناتوانین لە پلاتۆ تێبگەین بەبێ ئەوەی باسی ئەم تێکستەی نەکەین بەهەر جۆرێک بێت.

چەند زانیارییەک لەسەر بیۆگرافی (پلاتۆ-ئەفلاتوون): پلاتۆ فەیلەسوفێکی یۆنانی سەدەی پێنج و شەشی پێش زایینە، شاگردی سوقرات بوو، سوقرات خۆی هیچی نەنووسیوە، تەنها دەرسی وتۆتەوە بەبێ نووسین و تێکست، ئەوەی دەیزانین لەسەر فەلسەفەی سوقرات لە ئەفلاتوونەوە بۆمان ماوەتەوە بە تایبەتی دیالۆگی پلاتۆ کە تیایاد چەند کەسایەتییەک دەخاتە سەر شانۆ کە ناسیونی، لەوانە سوقرات. لەناو ئەو تێکستانەدا پلاتۆ سەرەداوێکمان لەسەر فیکرە و بۆچوون و کۆنسێپتی سوقرات بۆ باس دەکات بە هۆی دیالۆگ و قسەی جیاوازەوە. کاتێک ژیل دۆلوز دەڵێت: “پلاتۆ کەسایەتییەکی کۆنسێپتوێل بووە هەتا کەسایەتییەکی هەقیقی و مێژوویی”، لەبەر ئەوەی ئەو دیالۆگانەی کە پلاتۆ بۆمانی باس دەکات نازانین کە ئایا ڕوویان داوە یان نە، بۆیە نازانین ئایا فیکرەی پلاتۆ ئاوێنەی تەرجومەی فیکرەی سوقراتە یان لە ڕاستیدا فیکرەی پلاتۆ خۆیەتی، ئەمەش دیبەیتێکە وازی لێ دەهێنم بۆ شارەزایان، بەڵام با بیهێنمەوە یادتان کە پلاتۆ بە شێوەیەکی تەواو گوزارشتی لە فیکری خۆی کردووە لە کتێبێکدا بە ناوی؛ کۆمار (Republic )ەوە، کە تیایادا بە شێوەیەکی ورد باسی کالیپۆلیس دەکات، کالیپۆلیس بە مانای: شاری جوان دێت. ئەلیگۆریی ئەشکەوت بەشێکە لەو کارە، لەو ئەلیگۆرییەدا پلاتۆ لەژێر فۆرمێکی مێتافۆریکیدا کۆنسێپتی خۆی و ڕێگای بەدەستهێنانی زانین(مەعریفە-connaisance) دەخاتە ڕوو. دەتوانین بڵێین کە ئەلیگۆڕی ئەشکەوت بۆ پلاتۆ ڕوونکردنەوەی ڕەوشی مرۆڤایەتییە.

پێش ئەوەی بچینە ناو شیکاری ئەلیگۆریی ئەشکەوتەوە، پێویستمان بە ڕوونکردنەوەی چەند بنەمایەک هەیە: لەوەوبەر باسی پلاتۆمان کرد لە وانەی (هەقیقەت هی ئەم جیهانە نییە)، بەڵام لێرەدا جارێکی تر چەند خاڵێکی ڕوون دەکەمەوە بۆ ئەوەی باشتر لە باسەکە تێبگەین لە شیکار و ڕوونکردنەوەکەمان لەسەر ئەلێگۆریی ئەشکەوت.

ئەوەی بنەڕەتییە لای پلاتۆ، ئەو هەقیقەتەیە کە ئێمە تیایدا پەرە بە ژیانمان دەدەین، واتە هەقیقەتی ماتریاڵ، هەقیقەتی فیزیکی لە دەوروبەرمان، بۆ پلاتۆ ئەو هەقیقەتە هەقیقەتی ڕاستی نییە. مانای چییە کە دەڵێین هەقیقەتی ڕاستی نییە؟ لەبەر ئەوەی تۆزێک نامۆیە بە گوزارشت. بۆ تێگەیشتن دەبێت بگەڕێینەوە بۆ جیاوازییەکی بنەڕەتی کە پلاتۆ باسی دەکات ئەویش دوو جۆر هەقیقەتە، کە هەریەکێکیان لەژێر کاریگەریی ئەوی تریاندایە، ئەویش هەقیقەتی هەستەکی و هەقیقەتی ئەقڵانی، ناهەستەکی (intelligible) 1ئەنتێلیژیبل ( intelligible )؛ بە مانای ئەو هەقیقەتە دێت کە بە هزر هەستی پێ دەکەین نەک بە هستەکانمان..

 مانای هەقیقەتی هەستەکی چییە؟ ئەو هەقیقەتەیە کە ئێمە لە ڕۆژانەدا تیایاد پەرە دەسێنین، جیهانی فیزیایە، واتە ئەو جیهانەی کە هەستی پێ دەکەین بە هەستەکانمان، هەقیقەتی ماتریاڵە کە لەژێر کاریگەری و پەرەسەندن و گۆڕانکاریدایە، بەڕوونی دەتوانین بڵێین لەژێر کاریگەریی سایکلی کاتی، بەروەخت، تیژپەڕدایە. ئەو هەقیقەتەی کە سەرنجی دەدەن لە چواردەورتان بە ئەبەدی بوونی نەبووە؛ ئەو درەختانەی دەیبینن لە دارستانێکدا یان ئەوه شاخوداخانە لەوەوبەر بوونیان نەبووە، پێش میلیۆنان ساڵ ئەو شتانە بوونیان نەبووە، لەبەر ئەوەی ئەمانە هەموویان بەرهەمی پەرەسەندنی فیزیایین، بەرهەمی وەرچەرخانی بەردەوامی ماتریاڵن، بۆیە جیهانی هەستەکی، جیهانی ماتریاڵ و فیزیایی، جیهانی وەرچەرخانی بەردەوامە، جیهانی بەبوونە، بۆ پلاتۆ جیهانی بوون-بە (سەیروورە) هاوواتای دافەوتانە، داوەشانە، داڕزانە. نموونەیەکی سادە دەهێنمەوە؛ ئەگەر ئۆبژەیەک بکڕیت لە بازاڕدا، ئەو ئۆبژەیە لەگەڵ زەمەندا ئەسوێت، لەکار دەکەوێت، لەوانەیە دواجار بیخەیتە تەنەکەی خۆڵەوە، هەرچۆنێک بێت ئەو ئۆبژەیە لەگەڵ زەمەندا هەڵدەوەشێتەوە، دادەڕزێت هەتا لەناو دەچیت، ئەگەر ئەتۆمەکانی کە پێکیهێناوە لەناو ناچن ئەوا ئۆبژەکە وەک ئۆبژە لەناو دەچێت، لەبەر ئەوەی ماتریاڵ لەگەڵ زەمەندا لەناو دەچێت، ماتریاڵ توانای بەردەوام بوونی ئەبەدی نییە، بە هەمان شێوە جەستەی مرۆڤیش لەگەڵ زەمەندا پیر دەبێت، دەسوێت، دادەڕزێت و لەناو دەچیت، جەستەی مرۆڤ نموونەیەکی ئەو پەرەسەندنە حەتمییەیە کە هەموو جەستەیەکی فیزیایی لە کۆتاییدا لەناو دەچن لەگەڵ زەمەندا، بۆیە جیهانی هەستەکی جیهانی هەڵوەشاندنەوە و داڕزانە، هەروەها جیهانێکی ناپێرفێکتە، ئەو پەندە دەزانن کە دەڵێت؛ پێرفێکسیۆن هی ئەم جیهانە نییە، بە واتای هەموو ئەو ئۆبژانەی لە جیهانی فیزیاییدان، پێرفێکت نین، بەبێ کەموکوڕی نین، بۆ نموونە ئەگەر بازنەیەک بکێشیت لەسەر پەڕەیەک، ئەو بازنەیە تەواو پێرفێکت نییە، چەند لارییەکی تێدایە، لەوانەیە بە هۆی ناڕێکی پەڕەکە یان ناتواناییی جۆری کێشانی بازنەکەت بێت، کەواتە ئەوەی ناومان ناوە بازنە، هەقیقەتێکی ڕۆحییە، هەقیقەتێکی ئایدیاڵە و لە فیکرەوە هاتووە، ئەگەر توانامان هەبێت بەهەر جۆرێک بێت بازنەیەکی پێرفێکت بکێشین ئەوە باسێکی ترە، بۆیە بۆ پلاتۆ ژیانی هەستەکی ئێمە بەپێچەوانەی ئێسپری(ئەقڵی)یەوە، مۆرکی ناپێرفێکشنی لێدراوە، بەپێچەوانەی هزر کە توانای هەیە پێشبینی ئۆبژەیەکی پێرفێکت بکات، کەواتە جیهانی فیزیاییی ئێمە کە پلاتۆ باسی دەکات، ئەو جیهانەیە کە مۆرکی وەرچەرخانی بەردەوامی و ناپێرفێکشنی لێ دراوە. ئەگەر باش بیر بکەینەوە هەقیقەتی هەستەکی بەستراوەتەوە بە بزاوتنەوە، جیهانەکەمان هەمیشە لە بزاوتندایە بە ئەتۆمەکانیشیەوە.

سەرنجی کتێبێک بدە لە سەر مێزەکەت، بێگومان ناجووڵێت، بەڵام ئەو ئەتۆمانەی پێکی دەهێنن هەردەم لە بزاوتنی بەردەومدان، هەر بۆیەش ئەو کتێبە بوونی هەیە چونکە ئەگەر ئەتۆمەکان نەجوڵێن واتە مردوون، ئەوا کتێبەکەش بوونی نییە، کەواتە هەموو جەستەیەکی فیزیایی پێکهاتووە لە ئەتۆم و مۆلوکول و پێکهەتەی تر کە هەمیشە لە بزاوتندان ئەمەش بوونێکی ماتریاڵیان دەداتێ، کەواتە جیهانی فیزیایی جیهانی بزاوتنە، ئەمەش یەک دەگرێتەوە لەگەڵ تیۆری مۆبیلیسمی هێراکلیت( Héraclite ٥٤٤  پێشزایین)، کە هەموو شتێک لە بزاوتندان، بۆیە بۆ هێراکلیت تاکە هەقیقەتی بوون وەرچەرخاندنە بە بەردەوامی، تەنها هەقیقەتی جیهانی فیزیایی، ناجێگیرییە، ئەوە کارەکتەری پەرەسەندنیەتی، دینامیکی کۆسمیکی بەردەوامییە کە وەها دەکات هەموو ئەو شتانەی وەک ماتریاڵ بوونیان هەیە لەژێر کاریگەریی کاتدان، لەژێر کاریگەریی بوون-بەدان، کەواتە هەقیقەتی هەستەکی واتە هەقیقەتی بوون-بە. باسی ئەوەمان کرد لە وانەیەک لەسەر بێرگسۆن (Henri Bergson ) و کاتدا. ئەگەر سەرنجی مرۆڤێک بدەین بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک هەست بەوە ناکەین کە ئەو مرۆڤە پیر دەبێت، مۆرکی پیری لەسەر سەر و چاوی بە چاوت نابینیت، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین کە پرۆسەی بە پیربوون لە بەردەوامیدایە و پشوو نادات، بۆیە هەموومان بە بەردەوامی لە پیربوونداین، هەر چرکەیەک کە تێپەڕ دەبێت زیاتر لە مردن نزیکمان دەکاتەوە، هەر ئەمەشە کە هەقیقەتی فیزیاییمان دیاری دەکات ئەوەیە کە ئەو (بوون-بە)یە وەها دەکات کە شتەکان هەرگیز وەک شوناسی خۆیان نەبن، هەموو شتێک کە سەرەتایەکی هەیە کۆتایییەکیشی هەیە، لەدایکبوونێک واتە مردنێک لە کۆتاییدا، ئەگەر مردن بوونی نەبوایە ئێمە ئەم هەموو پرسیارانەمان نەدەکرد، ئەگەر کات بوونی نەبوایە، واتە ئەگەر شتەکەن بە بەردەوامی وەک خۆیان بوونایە.

ئەمەیە جهانی فیزیایی، ئەو جووڵاندنەوە بەردەوامەیە، ئەوە نەبێت کە بۆ پلاتۆ ڕاستە کە بزاوتن کارەکتەری جیهانی فیزیاییمانە، بەڵام جیهانی هەستەکییەکە هەستیان پێ دەکەین بە هەستەکانمان، هەموو هەقیقەت پێکناهێنن، جیهانی هەستەکی سەرەتا و کۆتایی بوون نییە، بۆ پلاتۆ لەولای جیهانی ئێمەوە هەقیقەتێکی تر هەیە، هەقیقەتێکی نەبینراو، هەست پێنەکراو بە هەستەکانمان، لەگەڵ ئەوەشدا هەقیقەتێک کە باڵاترە بەسەر هەقیقەتی هەستەکیمان، ئەو هەقیقەتەش پلاتۆ ناوی دەبات بە؛ هەقیقەتی ئەقڵانی (intelligible)، هەروەها ناویشی دەنێت؛ جیهانی جەوهەری، جیهانی هزر یان جیهانی ڕوون، هەموو ئەم گوزارشتانە لای پلاتۆ هاوواتان، بۆ پلاتۆ جەوهەر خاوەنی ئاستێکی هەقیقەتی باڵاترە لە هەقیقەتی هەستەکی، واتە بۆ پلاتۆ جەوهەرەکان زیاتر هەقیقەتن لە جیهانی هەستەکیمان، ئەمەش بۆ ئێمە ئاسان نییە تێگەیشتنی لەبەر ئەوەی ئێمە هەردەم هەقیقەت بە ماتریاڵ بوون دەزانین، بۆ ئێمە هەقیقەت ئەوەیە کە بەردەستکەوتووە، هەستپێکراوە، ئەوەی دەیبینین، ئەوەی هەستی پێ دەکەین لەبەر ئەوەی بۆ ئێمە ڕاستی بە مانای ماتریاڵ دێت کە بوونێکی فیزیایی هەیە، بۆیە بۆ ئێمە گرانە هەقیقەتێکی ناماتریاڵ بەرچاو بکەین، بەڵام ئەوەی هەموو فیکری پلاتۆمان بۆ ڕوون دەکاتەوە ئەوەیە کە هەقیقەتی ڕوون هەقیقەتێکی باڵایە بەسەر هەقیقەتی ماتریاڵدا، بێشک پرسیار لە خۆمان دەکەین ئەو جەوهەرانە چیین؟ ئەو هزرانە چیین؟ ئەو هەقیقەتە روونەی کە باڵایە بەسەر هەقیقەتی ماتریاڵدا و هەستی پێ ناکەین بە هەستەکانمان؟ لێرەوە ڕووبەڕووی تەنگژەیەک دەبینەوە؛ ئەگەر بە هێڵێکی ڕاستەوخۆ ڕوونکردنەوەیەک بدەم بەوەی کە پلاتۆ ناوی دەبات (هەقیقەتی ئەقڵانی، ئەنتێلژیبل -intelligible )، دەتوانین بڵێین سکرچەری ناماتریاڵی هەموو شتێکە، کە دەڵێین هەموو شتێک مەبەست هەموو  شتێکی ماتریاڵ و هەستەپێکراو. لەبەر ئەوەی هەروا ئاسان نییە گوزارشت بکەین لە هەقیقەتی ناهەستەکی وەک لای پلاتۆ باوە پەنا دەبەمە بەر نموونەیەکی یەکلێچوویی:

یارییەکی ڤیدیۆ بە نموونە دەهێنینەوە، کاتێک ئێمە یارییەکی ڤیدیۆیی دەکەین، ڕووبەڕووی چی دەبینەوە؟ ئێمە ڕووبەڕووی هەقیقەتێکی دروستکراو، ناڕاست دەبینەوە، واتە تۆ خۆت دەخەیتە جێگەی کەسێکەوە، ئەو کەسەش لە جیهانێکدا دێت و دەڕوات، کاتێک ئێوە ئەو یارییە دەکەن باش دەزانن ئەو فیگورە بە هەقیقی بوونی نییە، فیگورێکی دیژیتالە، ئەلەکترۆنیکە، ناهەقیقیە، مرۆڤێکی خاوەن گۆشت و ئێسک نییە، ئەگەر ئێوە خۆتان بەو فیگورە دەچوێنن، ئایا ستاتوی ئەو فیگورە چییە؟ مەبەستم ئەوەیە سروشتی ئەو فیگورە چییە؟ چییە بە هەقیقی؟ ڕەنگدانەوەی هزری تۆ نییە، چونکە هەر کەسێکی تر سەیری شاشەی ڤیدیۆکە بکات هەمان فیگور دەبینێت، ئەو فیگورە و ئەو جیهانەی تیایدا دێت و دەڕوات زمانی ئەنفۆرماتیکە، گوزارشتی ئەنفۆرماتیکە، گوزارشتی کۆدێکی ئەنفۆرماتیکە، واتە ئەو یارییەی کە تۆ دەیکەیت سیستەمێکی پرۆگرامی ئەنفۆرماتیکە لە لایەن کەسێکەوە دروستکراوە، بەپێی زمانی ئەنفۆرماتیک وەهمی کەسایەتییەک و جیهانێکمان بۆ دروست دەکات بە ئاراستەی هەستەوەریمان، وەهم بە مانای هەستەوەری، واتە ئێمە کۆدی ئەنفۆرماتیک نابینین، ئەوەی ئێمە دەیبینین گوازاشتی بینایی کۆدە ئەنفۆرماتیکەیە، ئێوە ئەو کۆدە ئەنفۆرماتیکە ناناسن، پێویستیشتان بەوەش نییە کە بیناسن، لەبەر ئەوەی، ئەوەی ئێوە گەرەکتانە یاریکردنە، ئێوە پێویستان بەوە نییە چی ڕوو دەدات لەژێر گوزارشتی بیناییەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین ئەو یارییە بکەین، دەبێت پێش هەموو شتێک کۆدێکی ئەنفۆرماتیک بوونی هەبێت، کۆدێکی ئەنفۆرماتیک کە یارییەکە دەبێتە گوزارشتی. ئەمەش پێمان دەڵێت ئەگەر پەیڕەوی لە گۆشەنیگای پلاتۆ بکەین دەتوانین بڵیین ئەوەی کە زیاتر هەقیقەتە لەو وێنانەی لەسەر شاشەکەی بەردەمتاندا گوزەر دەکەن، مانیفێستی ڕستەی کۆدی ئەنفۆرماتیکە کە خۆیان دەنوێنن بە ئەنیمەیشن لەسەر شاشەکەت، هەر کاتێک ئەو رستە کۆدە ئەنفۆرماتیکانە لاببەیت، ئەو یارییە بوونی نییە، واتە پەیوەندییەکی بەستنەوە هەیە لەنێوان ئەنیمەیشن و کۆدی ئەنفۆرماتیکدا، بەڵام هەقیقەتی یارییەکە، ڤیدیۆی کۆدە نەک ئەنیمەیشن چونکە ئەنیمەیشن گوزارشتە، مانیفێستی کۆدە، ئەگەر ئەم نموونەیە تێگەشتن ئەوا لەسەدا نەوەدی مێتافیزیکی پلاتۆ تێگەشتوون، واتە جیاوازی لەنێوان هەقیقەتی هەستەکی و هەقیقەتی نەقڵانی. بۆ ئەوەی باشتر تێبگەین تیکستی پلاتۆ خۆی دەهێنینەوە. بۆ ئاگاداریتان بۆ ئەوەی بۆ خوێندنە باشتر ڕوون بێت، هەندێکم لێ بڕیوە و هەندێک گۆڕانکاریم بەسەردا کردووە بەگوێرەی تێکستە ڕەسەنەکە.

**

خۆت بنوێنە بەم شێوەیەی دەیبینیت، ناتورمان بە فێرکاری و بە نەزانین، بیهێنە بەرچاوی خۆت چەند کەسانێک لە نیشتەجێیەکی ژێرزەمینیدا لە شکڵی ئەشکەوتێکدا، تێشکێکی ڕۆشنایی لە دەلاقەیەکەوە بە درێژاییی هەموو ئەشکەوتەکەدا تێپەڕ دەبێت. ئەو کەسانەی لەوێدان لەوەتەی لەدایک بوون، قاچ و ملیان بەستراونەتەوە بە جۆرێک کە تەنها بەردەمی خۆیان دەبینن و ناتوانن بەملاوئەولادا بڕوانن و بجوڵێن بە هۆی کۆتی ملیانەوە. ڕۆشناییان لە ئاگرێکەوە بۆ دێت لە بەرزاییەکەوە لە پشتی ئەوانەوە دوور لەوان، لەنێوان ئاگر و بەندکراوەکاندا ڕێگایەکی بەرزایی هەیە. بیهێنە بەرچاوی خۆت بە درێژایی ئەو ڕێگایە دیوارێکی بچوکیان هەڵچنیوە، وەک ئەو جیاکەرەوەی بۆ منداڵان دەکرێن لە یاری بووکەشوشەی بە پەت جوڵاندندا. لە بەردەمیاندا، لە سەرو ئەم دیوارەوە جیهانی قەشەنگیان پیشان ئەدەن.

بیهێنە بەرچاوی خۆت بەدرێژایی ئەو دیوارە، چەند کەسێک چەندەها پەیکەری جۆراوجۆریان بەدەستەوەیە بە جۆرێک کە لە دیوارەکە بەرزتریان داناون، تەختە و دار و جۆری جیاوازییان بەدەستەوەیە، پەیکەر و شکڵی جیاوازیی ئاژەڵان و مرۆڤ بە دار و بەرد و هەموو جۆرە ماتریاڵێک.

لەم حاڵەتەدا ئەو کەسانە هیچ شتێکی تریان نەبینیوە بە چاوی خۆیان جگە لەو سێبەرەی کە ئەو ئۆبژانە دروستی دەکەن لەسەر دیواری ئەشکەوتەکەی بەرامبەریان، بەو ئاگرەی لە پشتیانەوەیە.

ئەگەر بیانتوانیایە لەگەڵ یەکتریدا بدوێن، وەها بیر ناکەیتەوە کە ئەو سێبەرانەی ئەوان دەیبینن بە شکڵی ڕاستی نەیەنە بەرچاویان؟

بیهێنە بەرچاوی خۆت، چییان بەسەر دەێت ئەگەر ئازادییان بکەین، لەو نائاگاییە ڕزگاریان بکەین؟ یەکێک لەو بەندکراوانە ئازاد بکەین و هانی بدەین ملی وەرگێڕیت و بڕوات، چاوی هەڵبڕێت بەرەو ڕۆشناییەک. لەگەڵ هەموو ئەو جووڵاندنەوانەدا، بێگومان ئەشکەنجە دەچیژێت و بە بینینی شەوقێکی تیژ ڕێگەی لێ دەگرێت ئەو ئۆبژانە ببینێت کە وەک سێبەر دەیبینین لەوەوبەر. بە باوەڕی تۆ چۆن وەڵام دەداتەوە ئەگەر کەسێک پێی بڵێت ئەوەی لەوەوبەر بینیبونی خێوی بێ بایەخ بوون، بەڵام ئێستاکە کە نزیک بۆتەوە لە ڕاستییەوە و ئۆبژە ڕاستییەکان دەبینێت، باشتر دەیانبینێت؟

ئەی ئەگەر زۆری لێ بکەین خۆی سەیری ڕۆشناییەکە بکات، چاوەکانی ئازاری نادەن؟ ڕا ناکات لە بەردەم ئەو شەوقەدا و ناگەڕێتەوە بۆ لای ئەو شکڵانەی کە دەیتوانی بیانبینێت لەوەوبەر؟

ئەی ئەگەر بە زۆر لە ئەشکەوتەکە بیهێنینە دەرەوە، بەو ڕێگا سەختەدا سەری خەین و بەری نەدەین هەتا دەیبەینە بەردەم ڕووناکی خۆر، ئایا ئەشکەنجەیەکی بەزەبر ناکێشیت؟  سکاڵا ناکاتەوە لەو دژوارییە؟ کاتێکیش دەگاتە بەردەم خۆر ئایا دەتوانێت بە چاوی ڕەشکە و پێشکەوە جیاوزی بکات لەنێوان ئەو ئۆبژانەی کە ئێستا ناومان ناون ئۆبژەی هەقیقی؟ پێویستی بە ڕاهاتن هەیە بۆ بینینی ئۆبژەکانی دەرەوە، لە سەرەتاوە تەنها سێبەرەکان بەئاسانی دەبینێت، پاشان وێنەی کەسایەتییەکان و ئۆبژەکانی تر کە لە چاویاندا شەوق دەدەنەوە، پاشان ئۆبژەکان خۆیان. لەدوایدا، دەتوانێت، لە شەواندا ڕووبەڕووی ئەستێرە و مانگ بێتەوە، بە شەواندا سەرنجی ئاسمان و تەنەکانی ئاسمان باشتر بدات لە خۆر و تیشکی خۆر بە ڕۆژادا.

لە کۆتاییدا، دەتوانێت خۆر ببینێت و سەرنجی بدات وەک ئەوەی کە هەیە.

 ئێستاکە خاڵ بە خال دەبێت ئەو وێنانەی لەسەرەوە باسمان کردن بچوێنن لەگەڵ ئەو جیهانەی کە لە بەندیخانەدا دەژین، تیشکی ئاگرەکەش کە لە پشتیانەوە وەک هێزی بەتینی خۆر. بەشەکانی سەرو و سەرنجی ئۆبژەکانیش ئەگەر وەک بەرزبوونەوە بەرەو ڕۆحی ژیری ببینیت، تۆ بەهەڵەدا ناچیت لە بۆچوونمدا.لە جیهانی ئەقڵانیدا، فیکرەی (باشی) سەرنجی ڕووناکی، لە کۆتاییدا دەبینرێت بە ئازارەوە، بەڵام ناتوانین وەهای نەبینین کە دەرئەنجامی هۆکاری جوانی و مەزنی هەموو شتێکە؛ کە جیهانی بینایی خاوەنداریەتی، ئەفراندنی ڕووناکی و حوکمڕانی، ڕووناکییە؛ لە جیهانی هەستەکیدا هەر ئەوە کە حوکم دەکات و خاوەنی هەقیقەت و ژیرییە؛ دەبێت بیبینین بۆ ئەوەی بە ئەقڵ و ژیرییەوە هەڵسوکەوت بکەین.

دروستکردنی وێنەی (ئەلیگۆریی ئەشکەوت)ی پلاتۆ

ئێستاکە لێکدانەوەیەک دەکەین بۆ ئەم تێکستە بە ڕەچاوکردن لەوەی دەیزانین لەسەر میتافیزیکی پلاتۆنی. پێش هەموو شتێک دەبێت باسی  مێتافۆری ئەو ئەشکەوتە بکەین. ئەشکەوت چییە؟ شوێنێکی تاریک و ژێرزەمینیە. ئێستا با بزانین لەسەر ئاستی هیما چیمان پێ دەڵێت؟ تاریکی بێگومان دەمانباتەوە بۆ فیکرەی نەزانین، تاریکی کە بەرامبەر بە ڕووناکی دەوەستێتەوە، ڕۆشنایی هەردەم بەستراوەتەوە بە مەعریفە و زانینەوە، بە هەقیقەتەوە لە زمانی ڕۆژانەدا، کاتێک پرسیار دەکەین لە کەسێک شتێکمان بۆ ڕوون بکاتەوە یان ئەو کەسە وەک ڕۆشنایی وەهایە، یان کاتێک دەڵێین؛ کەسێکی ڕۆشنبیرە.  ڕۆشنایی کە هەموو شتێک ڕوون دەکاتەوە و دەیبینین، ڕۆشنایی هیمای زانین و ژیرییە و تاریکی بەپێچەوانەوە. ئەوەی کە خۆی دادەخات لە تاریکیدا و پەنا دەباتە بەر تاریکی، کەواتە مەبەست لە ئەشکەوتەکە نەزانینە، ئەگەر ئەشکەوتەکە ژێرزەمینیە دەتوانین ببەستینەوە بە ئۆردەری شتەکان کە دەیدۆزینەوە لای پلاتۆ و لە ئنتیکیتێدا(سەردەمی سەرەتای نووسین هەتا کەوتنی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم)، بە شیوەیەکی گشتی شتە سەرەتاییەکان بەشی نزمترینن، وەک سووکترین و هیچوپووچترین ناسراون، ئەمەش دەمانباتەوە بۆ جەهەنم لە مەسیحیەتدا؛ جەهەنم بەرامبەر بە ئاسمانی بەهەشت دەوەستێتەوە، سفێر خۆی سفێری ڕۆحە. کاتێکیش دەڵێین بەرز دەبینەوە یان دەچینە ئاسمان، بە مانای بڵندی بەشی ئاسمانی لە چاو بەشی زەمینیدا، کەواتە هەڵبژاردەی ئەشکەوتێکی ژێرزەمینی بە مانای نزمترین ئۆردەری زانین دێت، دەبێت شتیکیشی بۆ زیاد بکەین ئەویش ئەوەیە لە کۆنسێپتی ڕۆحی پلاتۆنیدا، زەمین پێویستی فیزیۆلۆژییە واتە پێویستی ماتریاڵە، ئەوەی دەمانبەستێتەوە بە سروشتی ئاژەڵییەوە. بۆیە لە شاری پلاتۆنیدا لە بەشی خوارەوەی پیرامید(هەڕەم)ەکەدا، کارمەند و جوتیاران، واتە ئەوانەی ئیشی زەمینی دەکەن، ئیشی جەستەیی، ئیشی دەستی، وەک کەسانێکی پێوست بۆ بەردەوامی و لەناونەچوون پێویستن، لەبەر ئەوەی ئێمە وەک ئاژەڵ پێوسیتمان بە پێویستییە فیزیۆلۆژییەکانە بۆ تێرکردنمان، لەو لای هەڕەمەکەوە، لە پۆپەی پیرامید(هەڕەم)ەکەدا حوکمڕانەکان دەبینین کە بریتین لە فەیلەسوفەکان، واتە ئەوانەی پەرەدەسێنن لە پانتاییی ئاسمانیدا، بەهەشتیدا، واتە لە بیرۆکەکاندا، لەبەر ئەوەی ئەوە هزرە کە حوکمی جەستە دەکات، حوکمی ماتریاڵ دەکات، ماتریاڵ کە بەستراوەتەوە بە فیکرەی چڕی، قورسایی، لەبەر ئەوەی کاتێک ئۆبژەیەک بەر دەدەینەوە دەکەوێتە سەر زەمین، ئەمەش قانونی هێزی ڕاکێشانە وەها دەکات کە قورسایی زیاتر دەبێت کاتێک لە زەمین نزیکترە، بەڵام لە هەوا و بەرزاییدا زیاتر ڕزگارمان دەبێت لەو هێزە. بۆ کورتکردنەوەی باسەکەمان ڕوونکردنەوەی میتافۆریکی نەزانینی خاڵی دەستپێکی مرۆڤە کە باری مرۆڤمان پیشان دەدات لە لەدایکبوونییەوە. چونکە دەبێت ئەوە باش بزانین کە هیچ خۆبەکەمزانینی تێدا نییە لەوەی کە هەموومان لە نزمترین پلەوە دەست پێ دەکەین، واتە لە سفرەوە. بۆیە ئەلیگۆریی ئەشکەوت پێمان دەڵێت؛ ئێمە وەک مرۆڤ ڕاستەوخۆ لە زانیندا نین، لە پانتاییی ئیسپری(esprit) و ئەقلانیدا نین، شتێکە پێویستی بە کار و بە پرۆسە هەیە، ئەو پرۆسەیەیە کە دوابەدوا لە ئەلیگۆریی ئەشکەوتدا پێویستمان دەبێت.

دووهەمین شت کە سەرنجمان ڕادەکێشیت ئەوەیە کە کەسایەتییەکان بە زنجیر بەستراونەتەوە، واتە؛ بەندکراون، مەبەست لە بەستنەوەیان چییە؟ مانای وایە توانای بزاوتنیان نییە، واتە بۆیان هەڵناکەوێت بە جۆرێکی تر سەرنجی ئەو ئۆبژانە بدەن، ناتوانن ملیان وەرگێڕن، جێگایان بگۆڕن، لەبەر ئەوەی زانین بە سەرنجدان دەست پێ دەکات، بە بەراوردکردنی شتەکان، زانین ئەوەیە کە ئێمە خۆمان لە ئۆبژەکە جودا دەکەینەوە بۆ بینینی ئۆبژەی تر. بەراودکردنە، بە پەیوەندیی کردنە، زانین پێشنیاریی پەیوەندییە بە چەندایەتییەوە کە ماهیەتی زانین بەرهەم دەهێنێت بە دەرککردنی ڕەمەکی لە نموونەیەکی زۆری زانستێکی تایبەتییەوە، ئەمەیە کە پێی دەڵێن؛ میتۆدی ئەنجامگیری کە لای ئەمپێریسم ( Empirisme) 2 Empirisme ئەو تیۆریەی کە بەدەستهێنانی هەموو عیرفانێک دەبەستێتەوە بە ئەزمونەوە. دەیدۆزینەوە. واتە بەردەوامبوون لە سەرنجدان و بەراوردکردنی ئۆبژەی ئەزموونەکانمان، دەتوانین سەرنجی قانون و گشتایەتی کە پەیوەستن بەو ئۆبژانەوە، تێیان بگەین، بۆیە بۆ پلاتۆ بەراوردکردن دووهەم پلەی زانینە کە ڕیگەپێنەدراوە بۆ بەندکراوەکانی ناو ئەشکەوتەکە، لەبەر ئەوەی توانای جووڵاندنیان نییە و بەو هۆیەوە توانای بەراوردکردنیشیان نییە، واتە ئەوان بە یەکەم پلەی زانین سنووردار کراون، واتە زانستی ماتریاڵی تایبەت، ماتریاڵی تایبەتیش دژ بە ماتریاڵی گشتییە، دژ بە ماتریاڵی هەمەکی دەوەستێتەوە، ئەگەر بەندکراوەکان بیانتوانیایە ملیان وەرگێرن دەیانتوانی ئاشناییان بە ماتریاڵی گشتی هەبێت، کە دووهەم پلەی زانینە، ئەوەیە کە پلاتۆ ناوی ناوە؛ ماتریاڵی تایبەت کە ناوی نابوو بیروبۆچوون، دەتوانین بڵێین بیروبۆچوونی سەرلێشێواو لە بوارێکدا یان بۆ ئۆبژەیەک کە جیاوازە بە شیوەیەکی گشتی لەوەی کە ناوی نابوو؛ بیروبۆچوونی ڕاست، کە بریتییە لەو بۆچوونەی کە بە بەردەوامی بە ئەزموون و بەراوردکردن، بە ڕووبەڕووبوونەوەی چەندایەتی.

وەک سەرنجتان دا لە هەردوو بارەکەدا لە زانستی ماتریاڵداین، واتە هەرچۆنێک بێت زانستمان لەسەر بابەتی فیزیاییە، بەڵام وەک وتمان بۆ پلاتۆ جیهانی هەستەکی خاوەنی پلەی هەقیقەتی جیهانی ئەقڵانی نییە، کەواتە هەموو ئاگاییمان کە لەسەر جیهانی ماتریاڵ وەدەست دەخەین، بەهایان نییە، پلەی ئاگاییی جەوهەریان نییە، لە هەردوو بارەکەدا دەچنەوە بۆ بیروبۆچوون، لەبەر ئەوەی هەقیقەتی ماتریال هەقیقەتێکی بزاوتنە، هەقیقەتێکە شایەنی ڕاستکردنەوەیە، بۆیە ئاگاییی بە جیهانی ماتریاڵ نامانگەیەنێتە ئاگاییی بە جیهانی ڕاستەقینە، واتە ئاگاییی بە جەوهەر، بە ڕاستی ناهەستەکی، ئەقڵانی. بۆ ئاگاداریتان بۆ پلاتۆ کاتێک دەگەینە هەقیقەتی ئەقڵانی دەچینە ناو زانستەوە کە پێی دەڵێین؛ ئێپستمی epistemi 3Epistimologie ؛ تیۆری زانین. بۆ ئەوەی جیاوازی زانست بکەین لەگەڵ ڕا و بۆچووندا، ڕا و بۆچوون بریتین لە کۆی زنیارییمان لەسەر جیهانی ماتریاڵ.

ئێستاکە دەگەینە سێهەم پلەی ئەم ئەلێگۆرییە، ئەویش ئەوەیە کە ئەو کەسایەتییانە لەوەتەی لەدایک بوون بەستراونەتەوە، مەبەست لەم گوزارشتە چییە کە دەڵێین لەوەتەی لەدایک بوون بەستراونەتەوە؟ ئەوە پەیوەندیی بە مەرجایەتییەوە هەیە، واتە ئەو کەسایەتییانە هیچ ژیانێکی بەراوردی تریان نییە جگە لەو ژیانەی ئەشکەوتیان نەبێت، واتە توانای ئەوەیان نییە تێڕوانینێکی تریان هەبێت لەسەر جیهان، بەندکراوی سەرنجدانیانن، بەندکراوی بابەتیانن، بەندکراوی خودیانن ( subjectivity )، ئێمە دەزانین کە زانین بە واتای ڕووبەڕووبوونەوەی بۆچوونەکانە، پرۆسەی ترانس سوبیژەکتیڤاسیۆنە، واتە؛ دابڕانی، هەڵکەندنی لە بۆچوونەکەی، دەشزانین کە سەردەمی منداڵی سەردەمی بنیاتنانی ئیسپرییە(هۆش، ئەقڵ)ە، سەردەمی بەتینی بنیاتنانی فێربوونە، ئەو سەردەمەیە کە ڕیگا بۆ فێربوونی گونجاوترین دەڕەخسێنێت.

بۆ ئەوەی جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ مەرجداریمان، ئەوە ڕوونە کە باشترین ڕیگە بۆ چوونە ناو کۆنسێپتی ژیان لای کەسایەتییەک ئەوەیە کە هەر لە منداڵییەوە کاری لەسەر بکەین، لەبەر ئەوەی چەندە فیربوون زووتر دەست پێ بکات هێندەش زیاتر ئاسانترە سیستەماتیزە ببێت.

 بەوجۆرەی ئەو کەسانەی کە بەستراونەتەوە لەوەتەی لەدایک بوون، تێماندەگەیەنن هەتا چەندە ئاگاییان گۆشەگیر کراوە، دەری دەخات چەندە گرانە بۆ بازادن بەسەر گێلیان، نەزانینیان، بۆ گەیشتن بە پلەیەکی بەرزی زانین. گۆشەگیری، لاتەریکی، ئەو سەختییە بنیاتنەرەیە کە ڕێگەمان پێ نادات بتوانین بە جۆرێکی تر جیهان ببینین، ناتوانین ڕادیکاڵی شککردن لەوەی کە باوەڕمان وابوو دەیزانین. لەو ڕووەوە دەتوانین بڵیین کە وێنەی کەسایەتییەکانی ناو ئەشکەتەکە بە چواندنی ئێمەیە. بە شوبهاندنی ئێمەیە وەک ئەوەی سوقرات دەڵێت؛ بە وێنەی ئێمە کۆندیسیۆن(مەرجدار) کراوین، مەرجدارکراوین بە باوەڕبوون بە خودا، بە هەڵسوکەوت، لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوامی دووبارەمان کردوونەتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە لەدایکبوونمانەوە، دواجار خۆی دەگونجێنێت لەگەڵماندا وەک ئەوەی ناتوری دووهەمان بێت، بەردەوامی بە خوو و ڕەوشت، ناتوری دووهەممانە، بەو پێیەی کە ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە بە ئەزموون تیایادا نەژیاوین، زۆر گرانە لە حاڵەتی نائاگایی و نەزانین خۆمان ڕزگار بکەین کە تیایاد ئێمە بەندکراوین لە منداڵیمانەوە، ئا لێرەدا دەگەینە بەشی سەرەکیی ئەلیگۆریی ئەشکەوت، واتە؛ سێبەرەکان.

سێبەر چیە؟ نواندنی سێبەری ئۆبژەیەکە بە تێپەڕبوونی ڕۆشنایی پیایدا، کەواتە سێبەر ئۆبژە خۆی نییە، سێبەر جێ شوێنی ئۆبژەیە، مۆرکی ئۆبژەیە، کەواتە هەڵەی بەندکراوەکان، کە هەڵەیەکی لۆژیکە، ئەوەیە کە ئەو سێبەرانە وەک ئۆبژە خۆی دەبینن، وەهای دەبینن کە جێی شوێنی ئۆبژەکە،ئۆبژەکە خۆیەتی. سێبەر، ئۆبژە خۆی نییە، لەبەر ئەوەی خۆی ئۆتۆنۆم نییە وەک ئۆبژەکە، دوای ئۆبژە دەکەوێت، پێویستی بە ئۆبژەیە، ئۆبژە سەرچاوەی سێبەرە، بە هەمان شیوە جەوهەر، هەقیقەتی ئەقڵانی سەرچاوەی ئۆبژەی فیزیایی و ماتریاڵە، بۆیە کاتێک بەندکراوەکان سێبەرەکان وەک ئۆبژەی هەقیقی دەبینن هەمان هەڵەی ئێمە دووبارە دەکەنەوە کاتێک ئێمە سەیری ئۆبژیەکی فیزیکی دەکەین وەک هەقیقەتێکی ڕەوان دەیان بینین، واتە هەقیقەتی جەوهەری، ناهەستەکی، ئەقڵانی(intelligible ).

دەتوانین شتێکی تری بۆ زیاد بکەین ئەویش ئەوەیە کە سێبەر ناوچەیەکی تاریکییە، مێتافۆری نەزانینە، کەواتە سێبەر زۆنێکی تاریکە، لە هەمان کاتدا سێبەر تێکشکاندنی ئۆبژەیە، لەبەر ئەوەی سێبەر درێژ، کورت، گەورە دەبێت. دەتوانین بڵیین ناتوری ئۆبژە دەگۆڕیت، بە هەمان شێوە بۆ پلاتۆ جیهانی هەستەکی ناتوری گزە تیاکردن، تێکشکاندن، فێڵ تیاکردنی هەقیقەتی ئەقڵانییە، تێکشکاندنێک کە پەرە دەسەنێت بەگوێرەی ئەوەی چۆن ئۆبژەکە بە چ دوورییەک لە ڕووناکییەکەوە دانراوە سیبەرەک شکڵی جیاواز وەردەگرێت، بە هەمان شیوە ئۆبژەیەکی فیزیاییی لەگەڵ کاتدا شکڵی دەگۆڕیت، هەروەها ئۆبژەی جیاوازی  پەیوەندبەندی هەمان جەوهەر، جیاوزن لەگەڵ یەکتردا. وەک پێشتر وتم، لە جیهانی ماتریاڵدا، دوو ئۆبژەی وەک یەک بوونیان نییە، کەواتە ئەگەر فیکرەی پلاتۆ قبوڵ بکەین کە هەموو ئۆبژەیەکی ماتریاڵ ڕەنگدانەوەی ئۆبژەیەکی بزاوتنە، چالاکە لە هەقیقەتێکی ئەقڵانیدا، ئەوکاتە تێدەگەین کە بە هیچ جۆرێک دوو ئۆبژەی لێکچوو بوونیان نییە، دوو ئۆبژە کە تەواو کۆپی هەقیقی و بە ئەمەکی هەقیقەتی ئەقڵانی بن کە سەرچاوەی ئەون.

دوا زانیاری لەسەر سێبەر ئەوەیە کە سێبەر خاوەنی دوو ڕەهەندە، بەڵام ئۆبژەی فیزیایی سێ ڕەهەندە، ئەمەش گرنگە، بۆ نموونە سێبەری کورەیەک دەبێتە دیسکێک، سێبەری شەش پاڵوویەک دەبێتە چوارگۆشەیەک، واتە سێبەر ڕەهەندێکمان پێ ون دەکات، سێبەر بەشێکی بنەڕەتی ناتوری ئۆبژەمان لێ دەسەنێتەوە، ئەمەش سنووری گۆشەنیگای تێگەیشتنی ئێمە دیاری دەکات. لە هەمان کاتدا کە دەڵێم ئۆبژەی هەقیقی خاوەنی سێ ڕەهەندە، لە ڕاستیدا ئەوە دەم چەوتی زمانە، لەبەر ئەوەی ناتوانین دان بەوەدا بنێین کە ئۆبژەی فیزیایی خاوەنی سێ ڕەهەندن، ئەوەی دەتوانین پشتراستی بکەینەوە ئەوەیە کە ئێمە وەها دێتە بەرچاومان، لەبەر ئەوەی ئێمە خاوەنی جیهازێکی هەستەوەرین کە ئەو ئۆبژەیە بە سێ ڕەهەند دەبینێت، بەڵام لە هەقیقەتدا ناتوانین بیسەلمێنین کە جیهان خۆی خاوەنی سی ڕەهەندە، لەبەر ئەوە ئیسپریی ئێمە ناچار نییە جیهان وەها ببینێت وەک ئەوەی کە هەیە، پێ دەچیت ئێمە وەها ناچارکرابین، مەرجدار کرابین کە جیهان وەها ببینین هەتاوەکوو لەگەڵیدا بگونجێین، ئەمەش جیاوازییەکی زۆرە، بۆیە لە ژیۆمێتریدا نموونەیەکی جوانمان هەیە ئەویش هیپەر شەش پاڵووە، بریتییە لە شەش پاڵوویەک کە خاوەنی چوار ڕەهەندە، بۆ ئەوەی بیکەین بە مۆدێلێک واتە؛ بە چاو چوارەم ڕەهەند چییە، زۆر ئاڵۆزە، لەبەر ئەوەی ئێمە هەموو شتێک بە سێ ڕەهەند دەبینین، بۆ ئەوەی ڕەهەندی چوارەم ببینین دەبێت خەش، فڕوفێڵ بکەین. ئەگەر بمانەوێت خاڵێک ببزوێنین لەسەر ئۆبژەیەک کە خاوەن چوار ڕەهەندە، بە چاوانمان وەهای دەبینین وەک ئەوەی خاڵەکە بە دیوارێکدا تێپەڕێت، بێگومان زۆر کەس حەزیان بە خێو و جنۆکەیە کە توانایان هەیە بە دیواردا تێپەڕن، پێ دەچێت کە خێوەکان توانای ئەوەیان هەبێت بە چوارەم ڕەهەندا تێپەڕن.

 هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە پێتان بڵێم ئەو ئاخافتنانەی کە بەندکراوەکان هەیانە لەسەر سێبەرەکان، ئەو لێکچوویی و ئاخافتنانەیە کە ئێمە هەمانە لەسەر هەقیقەتی ئەقڵانی، ئەو ئاخافتنانەش ناتوانن ڕاستی بن بەتەواوی، لەبەر ئەوەی ئەوە گۆشەنیگای مرۆڤێکە کە سنووردار کراوە لە هەست پێکردنیدا. بۆ ئاخافتنێک کە بەرهەمی دەهێنین لەسەر بنەمای هەستپێکردنمان، ناتوانێت ڕاست بێت، خۆی بۆ خۆی سنووردارە، مەبەستیش لەوە نییە کە بڵیین ئەو ئاخافتنانە هەموویان ناڕاستن لەبەر ئەوەی ڕاستە لە گۆشەنیگای کەسی سەرنجدار، بەڵام ناڕاستە بە نیسبەت هەقیقەتی ئۆبژەکە خۆی، ئەو ئۆبژەیەی کە گاڵتەی بە سنوورداری هەستەکانمان هەیە و پێویستی بە ڕاست دانانی هەستەکی ئێمەیە وەک ئەوەی کە خۆی بوونی هەیە، کەواتە ئەگەر ئێوە مرۆڤێکی دوو ڕەهەند بن و من شەش پاڵوویەکتان پیشان بدەم، ئێوە لەو حاڵەتەدا چوارگۆشەیەک دەبینن، ئەگەر پەناش ببەنە بەر هەموو هەستەوەریتان ئەوا هەستەوەرییەکانتان هەموویان هەڵەن بە نیسبەت هەقیقەتی ئۆبژەکەوە، کەواتە ئەگەر زانیاریی لەسەر سێبەرەکان زانیاریی هەڵە بن ئەوا لەبەر ئەوەی زانیاری ناتوانێت ڕاست بێت ئەگەر زانیاری لەسەر ئۆبژەی هەستپێکراو ناتەواو بێت، زانیاری ناتوانێت ڕاست بێت ئەگەر ئێمە بەهەڵدا بچین لەسەر هەستکردن بە ئۆبژەیەک. زانیاری ناتوانێت هەقیقەت بێت ئەگەر بەهەڵەدا بچین لەسەر ناتوری ئەو ئۆبژەیەی کە دەمانەوێت بیناسین، بۆیە زانیارییەکانمان لەسەر سێبەر، زانیاریی هەڵەن، هەر بۆیەش پلاتۆ دەیچوێنێت بە نەزانین، بە گێلی، بێگومان گێلییەکی تەواو نییە چونکە گێلی پێرفێکت بوونی نییە، هەر بۆیەش پلەی زانیاریی هەڵە سەرەتایەکی گرنگە بۆ گەیشتن بە زانینی ڕاستەقینە وەک لە دیالەکتیکی هیگڵدا دەیبینین؛ هەڵە ساتێکە لە ڕاستی، ڕاوبۆچوون بنەمای زانینن، ناتوانین قوچی پیرامیدێک دابڕیژین بەبێ ئەوەی فۆندەیشنەکەی دانەنێین.

ئەگەر یەکەم  گرێبەندیمان بۆ ئەلیگۆریی ئەشکەوت بکەین، ئەوەیە کە بەندکراوەکان سێبەرەکان تێکەڵ دەکەن لەگەڵ ئۆبژەی هەقیقەتد، رووکەشی هەستەکی لەگەڵ جەوهەری ئەقڵانی، ئاوا تێدەگەین کە هەموومان بەندکراوین لەو ئەشکەوتەدا. ئێمە باسی جیهان دەکەین وەک ئەوەی دەیبینین و هەستی پێ دەکەین، وەهاش باوەڕمانە کە زانیاری بە گەرماوگەرم لەسەر ئەو جیهانەدا وەردەگرین بەبێ ئەوەی بزانین کە زانیارییە ڕووکەشییەکانمان لەسەر لم ڕاوەستاون، لەبەر ئەوەی ئۆبژەکانی زانینمان تەنها سێبەری ئۆبژەی بەسەرچوون، دەرهاوێژی ئۆبژەی بزۆکن، هەقیقەت پێک ناهێنن وەک ئەوەی کە هەن، واتە هەقیقەتی جەوهەری هەتاهەتایی.

blank
پەیکەری پلاتۆ “ئەفلاتوون” (٤٢٧-٤٢٨ پ.ز – ٣٤٧-٣٤٨ پ.ز) فەیلەسوفی یۆنانی، ئەم پەیکەرە لە ئەکادیمیای ناسیۆنالی ئەسینادایە، هونەرمەند؛ کریستۆس تێۆدۆرو

ئێستا دەچینە پلەیەکی تری ئەلگۆرییەکە ئەویش ئازادکردنی بەندکراوەکانن. پلاتۆ پرسیار دەکات ئایا چی ڕوو دەدات ئەگەر زنجیرەکانیان بشکێنین؟ بۆ ئازادکردنی بەندکراوەکان پێویستمان بە دەستێوەردانی هێزێکی دەرەکی هەیە، پێویستمان بە ئاکتێکی ئازادکردنە، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە دەستکەوتنی زانین پرۆسەیەکی کوتوپڕ نییە، پرۆسەیەکی ئۆتۆنۆم نییە، لەبەر ئەوەی هیچ پاساودانێک نییە کە ئیمە لە نازانین بچینە دەرەوە ئەگەر نەزانینمان ڕووبەڕووی دژ، ڕووبەڕووی ناکۆکی نەبێتەوە، ڕووبەڕووی  شتێکی بیانی نەبێتەوە کە بیداتە بەر پرسیار، لەبەر ئەوەی جیهانی خەیاڵ، جیهانی ڕووکەش، جیهانی وێنا، دەتوانێت جیهانێکی تەواو لۆژیک بێت، دەتوانین سیستەمێکی ئەنتەلەکتوێلی تەواو یەکانگیر دروست بکەین لە دەوری حاڵەتێکی ناجێگیردا، دەتوانین زانیارییەکی لۆژیک بنیات بنێین لەسەر بنەمای شتێکی هەڵە، لێرەوە دەستێوەردانی دەرەکی پێویستە، مەرج نییە کەسێک بێت ئەو دەستێوەردانە بکات، لەوانەیە شتێکی گێرەشێوێن بێت، شتێک کە سیستەمەکە بە درۆ دەخاتەوە، رووبەڕووی پرسیاری دەکاتەوە، بۆ نموونە بروسکەی سەرسوڕمان. بۆ باسکردن لە ئەریستۆ، دەڵێن؛ فەلسەفە کچی سەرسوڕمانە. وشەی سەرسوڕمان (etonnement)، هەمان ئەنتیمۆلۆژی وشەی هەورەگرمە ( tonnerre )ی هەیە، هەورە بروسکەیە کە خۆی دەکێشیت بەسەر باوەڕداریماندا، بەسەر ئەوەی وەهامان باوەڕە کە ڕاستە، ئەمەش پرەنسیپی دیالەکتیکمان وەبیر دەخاتەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە دەچینەوە بە خۆماندا بە هۆی دەستێوەردانی ئەوی ترەوە، هەردەم ئێمە پێویستمان بە ڕای کەسێکی دەرەوەی خۆمانە بۆ ئەوەی بە خۆماندا بچینەوە، ئێمە لە هەمان کاتدا ئەو کەسەین کە خۆمان باشتر دەناسین لەبەر ئەوەی لەگەڵ خۆمانداین بیست و چوار سەعات لەسەر بیست و چوار و دوانزە مانگی ساڵ، لە هەمان کاتدا خۆمان ناناسین، بۆچی؟ لەبەر ڕاهاتوویی بە  گوێ پێ نەدان، نموونەی ڕێگایەک بهێنینەوە کە هەموو ڕۆژێک پێیدا تێدەپەڕین بۆ چوونە سەرکار، چەندە بەو ڕیگایەدا خۆمان ڕابهێنین هێندەش کەمتر سەرنجی دەدەین، بە هەمان شێوە بۆ ئەوەی باوەڕداریمان بخەینە شکەوە و بیدەینە بەر پرسیار، پێوستمان بە دەستیوەردانی دەرەکییە هەتا بە خۆماندا بچینەوە، بێگومان ئەم دەستێوەردانەش هەردەم بە ناپەسەند وەردەگرین، لەبەر ئەوەی ئەوی تر جێگۆڕکێمان پێ دەکات لە مسۆگەریمان، وەهامان لێ دەکات کە سەرنجی هەندەک شت بدەین کە هەرگیز سەرنجمان نەدابوون، ئەو شتانەی کە ئارەزوومان نەدەکرد خۆمانی ڕووبەڕوو بکەینەوە و ئەوی تر ڕووبەڕوومانی دەکاتەوە بە شیوەیکی داخوازی، هەر بۆیەش زۆر جار گرنگی دەدەین بە ڕای ئەوانەی کە خۆشمان دەوێن، لەبەر ئەوەی دەزانین کە بۆچوونیان بەهادارن، بۆچوونی ئەوی تر بە گرنگ دەزانین لەبەر ئەوەی دەزانین کە ئەو بە جۆرێکی تر دەڕوانێتە ئێمە، تێمان دەگەیەنێت کە ئێمە مەرج نییە ئاگامەند بین، ئەمەیە دیالەکتیکی زانین.

وەک وتمان جێگۆڕکێ کردن بە بیروبۆچوونمان دەمانخاتە بارێکی ناسازەوە، دەمانباتەوە بۆ بیرۆکەی تیشکی ناخۆش و چاوهەڵنەهات و لە ئەلیگۆریی ئەشکەوتدا، ڕەشکە و پێشکەی چاوی بەندکراوەکان بەرامبەر بە تیشکی خۆر، ڕەشکە و پێشکە چییە؟ شۆکە، دژوارییە، شەوقێکی زۆر کوتوپڕ و توندوتیژە هەتا بتوانین قبوڵی بکەین. ئەوەش مێتافۆرێکی جوانە بۆ کاریگەریی هەقیقەت کاتێک ڕووبەڕوووی دەبینەوە، وەک ئەوەی هەقیقەت کوێرمان دەکات، بە هۆی ئەوەوە نییە کە هەقیقەتە، لەبەر ئەوەیە کە چاومان پێی ڕانەهاتووە، ئەوەیش هەقیقەت نییە کە کوێرمان دەکات، ئەوە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەمانە لەگەڵ شتێکی نوێدا، چونکە هەقیقەتێکی قبوڵکراو و هەرسکراو کارەکتەری دژواری خۆی گوم دەکات، بەڵام ئەگەر لە سەرەتاوە ڕووبەڕووبوونەوەی هەقیقەت شتێکی ناسازە، ئەوا پلاتۆ پێمان دەڵیت؛ چاوانمان ڕادێن بە هەقیقەت، بۆ ئەوەش پیویستمان بە کاتە.

 ئەوەی پلاتۆ دەیەوێت پێمان بڵیت، کارەکتەری پلە بە پلەی ڕێگای هەقیقەتە، لەبەر ئەوەی گەیشتن بە زانین بە بازدانێک ڕوو نادات، بە بازێک لە نەزانینەوە ناگەین بە زانین بەبێ قۆناغی نێوەند، بۆیە تێکستەکە پێمان دەڵێت کە بەندکراوەکان لە سەرەتاوە سێبەر دەبینن پاشان شەوقدانەوەی شتەکان لەناو ئاودا، لە ئاو دابەشی زنجیرە پلەیی بەشەکان دەدۆزینەوە، چونکە ئاو لەسەرووی  زەوییەوەیە، پاشان ئۆبژەکان خۆیان دەبینینەوە.

 پلاتۆ پرۆسەی زانینمان بۆ ڕوون دەکاتەوە وەک پرۆسەی سەرکەوتن، وەک پرۆسەی بەرزبوونەوەی ڕۆح بەرەو ئەقڵانی دەبینێت. لەو پرۆسەیەدا دەشێت ئێمە ڕاستەوخۆ ئۆبژە خۆی ببینین، بەرامبەر ئەوەی پلاتۆ ناوی ناوە؛ قوڵبوونەوە لە جەوهەر، کاتێکیش دەگەینە ئەو قۆناغەی زانین، ئەوسا دەچینە دەرەوەی مەجالی بیروبۆچوون، واتە زانینی هەقیقەتی هەستەکی و دەچینە ناو زانینی زانست، واتە هەقیقەتی نائەقڵانی. بۆ وێنەکێشانی بەرزبوونەوەی ڕۆح بەرەو جیهانی ئەقڵانی نموونەی جوانی و قەشەنگی دەهێنمەوە.

 پلاتۆ پێمان دەڵیت بۆ گەیشتن بە فیکرەی جوانی واتە جوانی وەک شکڵی ئەقڵانی، گرنگە  قۆناغەکان ڕەچاو بکەین، یەکەم قۆناغ ناسینەوەی شتێکی جوانە، یان کەسێکی جوانە، واتە وەک وتمان هەستکردن بە ئۆبژەیەکی ماتریاڵی تایبەت، ئەوەش کاتێک ڕوودەدات کە شتێکی جوان دەبینین یان کەسێکی جوان، کاتێک ئێوە خۆتان بەرامبەر بە کەسێکی  جوانی تایبەت دەبیننەوە. قۆناغی سەرووتر، ناسینەوەی جوانییەکانی ترن؛ کاتێک ئێوە لە تواناتاندا هەیە فیکرەیەکی گشتیی جوانیتان بۆ هەموو شتێک و هەموو کەسێک هەبێت کە خاوەنی ئەو جوانییەن، ئەوجا دەگەینە دووهەم پلەی زانین کە بریتییە لە زانینی ماتریاڵی گشتی، بەڵام لەم دوو قۆناغەدا هێشتا لە زانینی ماتریاڵداین، ئەوەی پلاتۆ ناوی ناوە: بیروبۆچوون (Doxa )، بۆیە پێویستمان بە قۆناغی سێهەمی زانینە ئەویش قۆناغی جوانییە لە “خود”دا، جوانی وەک هزر، وەک فیکر، جوانی لە “خود”دا بەمانای چی دێت، بە مانای ئەو جوانییەی کە خۆی مانیفێست دەکات لە شتی جواندا، واتە ئێوە ئیتر پێویستان بەوە نییە سەرنجی شتی جوان بدەن بۆ ناسینەوەی جوانی یان بزانن جوانی چییە، ئەمەش وەها دەکات کە ئێوە جوانی لە هەموو شتێکدا ببینن، تەنانەت لەو دیوی ئەوەی کە بوونی هەیە، لەودیو ئەوەی کە شکڵیکی ماتریاڵی هەیە، ئەمەیە کە پلاتۆ ناوی ناوە؛ بیرۆکەی جوانی لە “خود”دا، ئەمەیە کە تاج دەخاتە سەر پرۆسەی ئابستراکسیۆن(abstraction)، واتە پرۆسەی بەرزبوونەوەی ڕۆح بەرە ئێسپری، سەرکەوتن بەرەو زانینی ناماتریاڵ، بە مانای ڕێگای گەیشتن بە جەوهەر، لەبەر ئەوەی بۆ پلاتۆ زانین هەردەم زانینی ناماتریاڵە. دەگەڕێینەوە بۆ نموونەی بازنەکە، بازنەکە پێش ئەوەی ئێوە بیبینن و هەستی پی بکەن بە هەستەکانتان، پێش هەموو شتێک هەقیقەتێکی ئەقڵانییە، فیکرەیەکە، کۆنسێپتێکە، بازنە هەقیقەتێکی مەعنەوی کە دەتوانێت لە جیهانی ماتریاڵدا خۆی ببینێتەوە، بە هەمان شیوە لە چەمکی  جوانیدا ئێوە پێویستتان بەوە نییە بزانن کەسێک جوانە یان کەسێکی جوان بهێننە بەرچاوی خۆتان بۆ ئەوەی زانینی ئەوەتان هەبێت کە جوانی چییە، جوانی دەبێتە هەقیقەتێکی مەعنەوی (ڕۆحی)، هەقیقەتێکی ناماتریاڵ هەقیقەتێکی ناهەستەکی، ئەقڵانی.

لای پلاتۆ جەوهەرێکی هەرە بەرز هەیە، جەوهەرێک لە سەرووی جەوهەرەکانەوە ئەویش باشەیە، باشە لە “خود”دا

وەک وتم زانین لای پلاتۆ زانینی ناماتریاڵییە لەبەر ئەوەی زانینی شتی ماتریاڵ لەژێر  کاریگەریی جۆراوجۆری، ناجێگیریی شتی ماتریاڵن، پەیوەستە بە پەرەسەندن و وەرچەرخاندنی ماتریاڵەوە، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە زانیارییەکانمان لەسەر ئۆبژەی ماتریاڵ رەوایە لەماوەی ئەو کاتەدا کە ئۆبژەکە وەک خۆی وەهایە، لە خۆی دەچێت، گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو ئەو شتانەی لە جیهانی ماتریاڵدان بە بەردەوامی لە پەرەسەندندان زانیارییەکانمان لەسەر ماتریاڵ ناڕەوان لەو کاتەوەی کە ئۆبژەکە وەک ئەوە نییە کە هەبووە، بەڵام جەوهەرەکانی شکڵی ئەقڵانی گۆڕانکارییان بە سەردا نایەت، بێ جووڵەن، بێ گۆڕانکاریین. کاری هەموو فەیلەسوفێکیش ئەوەیە کە لە هەموو شتێکدا ئەو جەوهەرە بدۆزێتەوە کە دەیبزوێنێت، کە دەیژییەنێت، بۆ نموونە ناسینەوەی جوانی لە هەموو ئەو شتانەی جوانییان تێدایە. بەڵام لای پلاتۆ جەوهەرێکی هەرە بەرز هەیە، جەوهەرێک لە سەرووی جەوهەرەکانەوە ئەویش باشەیە، باشە لە “خود”دا. فیکرەی باشە، لە ئەلیگۆریی ئەشکەوتەکەدا بە خۆر نیشاندراوە، لەبەر ئەوەی خۆر ئەوەیە کە بە هۆیەوە ژیان بوونی هەیە، بە گەرماییەکەیەوە، هەروەها دەیناسینەوە بە تیشکەکەیەوە، ئاگر لە هەمان کاتدا باری ئاگا لێ بوون، پاراستنی ژیانە هەروەها مەرجی زانینە، واتە مەرجی ئاگاییمانە، ئەگەر ئەمە کۆ بکەینەوە، ژیان لەگەڵ ئاگایی، دەمانگەیەنێتە باشەی هەرە بەرز، بەرزترین پلە کە مرۆڤ بتوانێت پێی بگات، ژیان دیارییەکە و ئاگاییی بە ژیان ئاگایییە بەو دیارییەی کە پێمان دراوە. دیاریش هەمیشە دەمانباتەوە بەرامبەر بە بەرپرسیارییەتی، ئەویش گرنگیدانە بەو دیارییە، هەروەها ئێمە بەرپرسین لەو کارانەی لە ژیانماندا دەیکەین. لای پلاتۆ باشەی هەرە بەرز ئەوەیە کە خۆی دەچوێنێت بە یەک، بە بەیەک بوون، یەک بریتییە لەوەی کە لە سەرووی فرەیی، چەندیەتی حوکم دەکات، ئێمە هەموومان زارۆکی (یەک)ین، کاتێک هاتینە دنیاوە کەوتینە ناو فرەییەوە، کەوتینە ناو ئاژاوە و پشێوییەوە، لە یەکی سەرەکییەوە جودا بووینەتەوە، جودا بووینەتەوە لە نەمرییەوە، بەڵام بەشیک لە ئێمە ئەو نەمرییەی هەر تێدا ماوە، ئەویش ڕۆحمانە، ڕۆحمان کە هەقیقەت دەناسێت، ڕۆحمان وەبیری دێتەوە کە لە (یەک)ەوە هاتووە و ئارەزووی ئەوە دەکات لەگەڵیدا یەک بگرێتەوە، ئاوا دەتوانین بەردەوامی بدەین بەم سووڕی سەیروورەیە.

پەراوێزەکان

  • 1
    ئەنتێلیژیبل ( intelligible )؛ بە مانای ئەو هەقیقەتە دێت کە بە هزر هەستی پێ دەکەین نەک بە هستەکانمان.
  • 2
    Empirisme ئەو تیۆریەی کە بەدەستهێنانی هەموو عیرفانێک دەبەستێتەوە بە ئەزمونەوە.
  • 3
    Epistimologie ؛ تیۆری زانین