هابەرماس و دیموکراسیی 2.0

لە ئەڵمانییەوە: سوارە محەمەد

لە ٩٢ساڵیدا یۆرگن هابەرماس بە تیشک خستنەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پێداچوونەوە بە تیۆرییەکەی، فەزای گشتیی سیاسی دەکات. لەوانەیە ئەو ئەوانە [تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان] زۆر ڕەشبینانە ببینێت – بەڵام ئێمە دەبێت لەبەرانبەریاندا زۆر هۆشیار بین.

لەنێوان ئەوانی تردا، بەدڵنیاییەوە [لەبەر] کاروبار و هەواڵە گرنگە کۆمەڵایەتییەکان ڕاپۆرتێکی گرنگ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرچاو نەکەوتووە. لە ڕوانگەی زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، هەرچۆنێک بێت، ئەمانە شتی بەرچاون، بۆیە دەمەوێت لێرەدا ئاماژەیان پێ بدەم.

لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا فەیلەسوف و کۆمەڵناس یۆرگن هابەرماس لێکۆڵینەوەکەی “گۆڕانی پێکهاتەی فەزای گشتی” لەسەر بنەمای فەزای گشتیی بەمیدیاکراو و دیجیتاڵکراودا هەمووار کردەوە. ئەو کارەی کە لە ساڵی ١٩٦٢دا بڵاو کراوەتەوە، لەمێژە وەک تێڕوانینێکی نموونەیی(paradigmatisch) بۆ کۆمەڵگای دیموکراسیی ئێمە دادەنرێت.

پێداچونەوە تیۆرییەکەی لە شێوەی وتارێکدا بەناونیشانی “ڕەنگدانەوە و گریمانەکان لەسەر گۆڕانێکی بونیادی نوێکراوەی فەزای گشتیی سیاسی” لە ژۆرناڵی زانستی “Leviathan” بڵاو کرایەوە. دوایین ژمارەی ژۆرناڵەکە بەناونیشانی “گۆڕانێکی نوێ لە بونیادی فەزای گشتیدا؟” لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران، تەرخان کراوە بۆ پێداچوونەوەیەکی ڕاشکاوانە بە تێڕوانینەکەی هابرماسدا. تا چ ڕادەیەک ئەم سەرنج و گریمانانە سەرلەنوێ پەیامی تێزەکانی پێشوو دەگەیەنن، ئەمە لەلایەن زانستکاری دیموکراسی و ڕۆژنامەنووس ئۆلیڤەر ڤێبەر (Oliver Weber) لە دەقێکدا کە شایەنی خوێندنەوەیە، خراوەتە ڕوو.

گەیشتن بەڕاگەیاندنەکانی ئێستا

بە شێوەیەکی ڕوون و زۆر بەکورتی لێکۆڵینەوە بەناوبانگەکەی هابەرماس مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسیارە دەکات، کە تا چ ڕادەیەک دانوستاندنە عەقڵانییەکان لە فەزای گشتیی سیاسی و میدیاییدا گونجاون، کە یارمەتی پاراستنی دانوستانە دیموکراسییە بنەڕەتی و پێویستەکان دەدەن. بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان وادیارە هێشتا ڕوون نییە، کە کۆمەڵگەیەک چۆن کار دەکات، کە لەناویدا پەیوەندیی سیاسی – هەروەها پڕوپاگەندە، ڕق و هەواڵی ساختە(Fake News) – زۆرینەی لە ڕێگەی سەکۆی دیجیتاڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕوودەدات.

یۆرگن هابەرماس، فەیلەسوفی ئەڵمانی، لەدایکبووی ١٩٢٩

هابەرماس کە لە تەمەنێکی زۆردایە بە شێوەیەکی ڕوون هەڵسوکەت لەگەڵ فەیسبوک و تویتەر دەکات و بە ئەنجامێکی هۆشیارکەر دەگات. ئەو تێبینی ئەوە دەکات کە یارییە دیجیتاڵییە نوێیەکان، کە لە ڕاستیدا دەبێت لە ڕێگەی پەیوەندیی زیاتر، ئاڵوگۆڕی زیاتر و نووسەرە تاکەکانەوە ببێتە هۆی دێموکراسی زیاتر، بەڵام نیمچە فەزایەکی گشتیی ئەنارکی و خێڵەکیی دروست دەکەن، کە کەمتر پێشکەوتنی دێموکراسیی عەقڵانییە. ئەوەی لە ڕوانگەی پەیوەندی یان زانستی میدیاوە لە دۆزینەوەیەکی تا ڕادەیەک ئەناکرۆنی (درەنگە بۆ ئاهەنگەکە late to the party)1درەنگە بۆ ئاهەنگەکە late to the party: ئەم دەستەواژەیە بەو مانایە بەکاردێت کە کارێک درەنگتر لەو کاتەی چاوەڕوان دەکرا، ئەنجام ئەدرێت. وەرگێڕ دەچێت، دەکرێت لە ڕوانگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەک بەخێرهاتنی گەیشتن بە میدیای ئێستا لێک بدرێتەوە.

دەکرێت ئەمڕۆ بۆ زۆرێک لە ڕوانگەیەکی کرداریی تەواوەوە ڕوون بووبێتەوە، کە خەونە کۆنە یۆتۆپییەکەی ئینتەرنێت-یەکسانخوازی، یەکسانبوونی هەموو بەکارهێنەران، پەیوەندیکردن لەسەر ئاستی چاو –  لەناو سەرنجدانی ئابوورییەکی نادیار، مەرج نییە ببێتە هۆی بایەخدانی زیاتر بۆ هەموو بەشداربووان یان تەنانەت بۆ دیموکراسی زیاتر. هەروەها “هابەرماس” بەم شێوەیە دەیناسێنێت:

“ئەم بەڵێنە گەورە ڕزگارکەرە ئەمڕۆ لە لایەن دەنگە بیابانیی[نامۆ]کانەوە پارچەپارچە دەکرێت، کە لەناویدا خۆی دەنگدانەوە بازنەییەکان دەخنکێنێت.”

تێڕوانینی من ئەوەیە کە کۆمەڵناسەکەمان[هابرماس] لێرەدا بە تەواوی ناکەوێتە ناو ڕەشبینییەکی میدیایی. [بەڵکو] زیاتر ناساندنێکی ئاشتیخوازانەی توانایەکی نوێیە لە لایەن هاوکات ڕامانی ئەگەرەکانی خراپ بەکارهێنانەوە.

“هەروەها ئەو توانا ڕێکخراوە جیهانییەی کە لەلایەن میدیا نوێیەکانەوە پێشکەش کراوە، خزمەت بە تۆڕە توندڕەوە ڕاستڕەوەکان و هەروەها ژنانی ئازای بیلاروسی دەکات لە ناڕەزایەتی بەردەوامیاندا دژی لوکاشینکۆ. خۆتوانایی بەکارهێنەرانی میدیا کاریگەرییەکە کە بۆ ئەوانی تر ئەو نرخەیەکە کە بۆ دەربازبوون لە بەرپرسیارێتی سەرنووسەری میدیای کۆن دەیدەن، تا ئەو کاتەی ئەوان هێشتا بە تەواوی فێر نەبوون چۆن مامەڵە لەگەڵ میدیای نوێ بکەن. هەر وەک چۆن چاپەمەنی هەموو کەسی کردووە بە خوێنەرێکی شاراوە، ئەمڕۆ دیجیتاڵکردن هەمووان دەکات بە نووسەری شاراوە. بەڵام ئایا چەندی خایان تا هەمووان فێری خوێندنەوە بوون؟”

لەگەڵ هەموو مەترسییەکانی ئینتەرنێت و نەخوێندەواریی ئێمە، دواجار ئەو دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە دەکرێت وەڵامێک بۆ سەرلێشێواوی نائەقڵانی، مەترسی دیموکراسییانە و ئەنارشیانەی نیمچە فەزای گشتیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەناو چۆنیەتی کۆنترۆڵی سەرنجی میدیایەکی گشتیی تایبەتمەندی(کۆن) بخاتە ڕوو، کە لەناویدا هێزی پاڵێوراوی کوالیتی ڕۆژنامەگەری، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر هەواڵی ساختە.

“سیستەمی دیموکراسیی هەموو زیانەکان لەئەستۆ دەگرێت، کاتێک ژێرخانی فەزای گشتی ناتوانێت سەرنجی هاووڵاتییان بخاتە سەر بابەتە گرنگ و چارەنووسسازەکان، هەروەها ڕاهێنانی گشتیی ڕکابەر، ئەمە واتە: چیتر ناتوانرێت ڕای فیلتەرکراو دەستەبەر بکات.

کۆمەڵگەی سەرنووسەرانە

ئەوەندەی ئەم تێڕوانینە ئێستا ئاشنا دیارە، لە ڕاستیدا من ناتوانم وەک ستووننووسێکی شپیگل SPIEGEL 2مەبەست لە ڕۆژنامەی شپیگلی ئەڵمانییە، کە ئەم وتارەش لە ماڵپەڕی هەمان ڕۆژنامەوە وەرگیراوە. زۆرتر لەهەمبەر ئەم جۆرە دۆزینەوەیە بوەستمەوە. ئەرکی کۆمەڵگایەکی دیموکرات ئەوەیە خەمی ژێرخانی میدیایی بخوات، کە لە ڕێگەیەوە ڕای سیاسیی عەقڵانی و بڕیاردان مسۆگەر دەبێت.

لەگەڵ ئەو هەموو خۆشەویستییەی بۆ ڕۆژنامەگەریی کوالێتی هەمە، من نکۆڵی لە بەشێکی دیاریکراوی بواری نیمچە فەزای ئینتەرنێت ناکەم، کە جۆرایەتی هاوشێوەی عەقڵانییەتی سیاسی هەیە. من دەمەوێت جەخت لەسەر دەسەڵاتی ڕۆژنامەوانی زۆرێک لەم بەشداربووانەی فەزای گشتیی سیاسیی “نوێ” بکەمەوە – هەرچەندە ئەمە تەنیا سەبارەت بە نووسەری نییە.

لە ساڵی ٢٠٠٩دا زانستکاری میدیایی بێرنارد پیۆرکسن لە کۆنفرانسی re:publica دا باسی لە یۆتۆپیای کۆمەڵگەیەکی سەرنووسەری کرد: ” کۆمەڵگەی سەرنووسەری، کۆمەڵگەیەکە کە لەناویدا زۆرینە و نموونەیی ڕۆژنامەگەریی باش بووە بە توخمێکی پەروەردەی گشتی. بۆ نموونە: سەرەتا بیپشکنە، پاشان بڵاوی بکەرەوە، هەروەها گوێ لە لایەنەکەی تر بگرە، ڕووداوێک گەورە مەکەرەوە، وەک ئەوەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتدا گوماناوی بێت، نادادپەروەری پیشانی جیهان بدە.”

کاتێک هابەرماس باسی ئەوە دەکات، کە ئێمە هەموومان لە ڕێگەی سەکۆ دیجیتاڵییەکانەوە بووین بە نووسەری بەتوانا، ڕەنگە بانگەشەی کۆمەڵگە بەتەواوی ئەوە بێت، کە دەبێت هەموومان ببین بە سەرنووسەر. لەبەرئەوە تەکنینکێکی سادەی وەک جریواندنەوە (retweet) یان سەرنج(comment)نووسین دواتر دەبێتە بواری بەرجەستەکردنی لێهاتوویی میدیایی خۆی و ئەخلاقی میدیایی – دەبێت ئێمە لە هەر مامەڵەیەکی پەیوەندیکردن لەناو فەزای گشتیی دیجیتاڵی، پرسیار لە خۆمان بکەین، ئایا ئێمە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بابەتێک ڕەخنەگرتن بەرهەم دەهێنینەوە یان دەستنیشانی دەکەین، ناوەڕۆکەکان بە بەرهەمی نەرێنیانە گەورە دەکەین یان سەرەتا بیخەینە ڕوو، کونجاوانە خزمەت بکەین یان  ناڕەزایەتییەکان هەڵبوەشێنینەوە، خۆپەرستەکان بەهێزبکرێن، ئەوانەی کە بەهۆی پشتگوێخستنەوە دەبوو لاواز بکرێن، یاخود لەڕێگەی ڕەخنەیەکی گشتییەوە پاوەن بکرێن.

لە ماوەی ڕابردوودا ئێمە ئەم پڕۆسە سەختانەی دانوستانی گرنگیی ئابووریمان لە چەند حاڵەتێکی جیاوازدا بەراورد کرد، لای ترامپ و ئائێف دی AFD 3AFD: Alternativ für Deutschland جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا. پارتێکی ڕاستڕەوی ئەڵمانییە. – یاخود دواجار ئێمە باسی ئەوانەمان لە پەیوەندی بە توندڕەوە ڕاستڕاوەکان لە پێشەنگای کتێبی فرانکفۆرت کرد.

دیموکراتیزەکردنی تۆڕ[ئینتەرنێت] بە پەیوەستبوون لەگەڵ کاریگەریی ئابوورییانەی پاداشتکراو، لەناویدا سەکۆکان زیاتر لە هەڵوەشاندنەوە، تووڕەیی و گاڵتەجاڕیی سوود وەردەگرن، هەروەکوو نەبوونی یاسادانان لەلایەک و نەبوونی ئەخلاقی میدیایی لەلایەکی ترەوە دەبنە هۆی کەڵکئاوەژوو و نامرۆڤبوونی سیستماتیک، وەک جۆن ئێمە دەتوانین لای راینەر ڤینکلە Rainer Winkler بیبینین.

لێرەدا هێزی جوڵێنراو و توڕی خودکاری کۆمەڵگەیەک لە کاردان کە خۆیان نەک تەنها لەناو نوێنەرایەتی هەمیشەیی ئەخلاقی تاک و گرێدراویدا(ئینتیما) نابیننەوە، بەڵکوو ئەمە دەخرێتە ژێر چاودێرییەکی دیجیتاڵی و هەمیشەیی.  تێڕوانینی هەمیشەیی دوولایەنە کە هەڵسەنگاندنی بەردەوامی ڕەفتارەکان و وتراوەکان ئاوەژوو دەکاتەوە، زیاتر لەناو فەزای دیجیتاڵدا ئابووری و کۆمەڵایەتیی پاداشت دەکرێت و پشتیوانی دەکرێت. کرداری ڕەخنەی گشتی بەم شێوەیە دەبێتە مامەڵەیەکی زۆر پڕ قازانج بۆ پلاتفۆرمەکان و بەم شێوەیە ڕەفتارەکانی هێزی پارێزگار دەگۆڕێت، ئەوەی مایکڵ سیمان لە کتێبەکەیدا بە وردی نیشانی دەدات “هێزی پلاتفۆرمەکان: سیاسەت لە کاتی زەبەلاحەکانی ئینتەرنێتدا”.

کولتووری کاڵ و جیدی (E- und U-Kultur)

کەواتە دەبێت ئاگاییەکی زۆر تایبەت پەرەپێبدرێت، “هاوڵاتییان لە فەزای دیجیتاڵدا تەنها نەبنە بەکارهێنەر”. بۆ ئەم کارە دەبێت هۆکارەکانی خۆت بۆ بەکارهێنانی میدیا ڕاست و هەڵە لە یەکتر جیا بکەیتەوە، خۆئازادکردن لە کاریگەرییە ئابوورییەکان یان بەرەنگاربوونەوەی ئەخلاقی ڕەفتار و قسەی دیجیتاڵی، هاوڕێی نووسەر فریدەمان کاریگ (Friedemann Karig)پێی دەڵێت ئەخلاقی هاوبەشکردن. لە ڕێگەی ڕەفتارەکانی پەیوەندییەوە بەهاکانم بۆ ئەوانی تربە ئاسانی دەخەمە ڕوو هەوەها ئەوان بەهێز دەکەم –  یاخود خۆم بەهێز دەکەم لە ڕێگەی ئەوەی ئەوانی تر بێ بەها دەکەم؟ ئایا من تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕاستکەرەوەیەکی کۆمەڵایەتی دەزانم یان پێویستییەکی کۆمەڵبوون؟

“تێڕامان و گریمانەکانی هابرماس لەسەر گۆڕانێکی بونیادیی نوێکراوەی فەزای سیاسی” لە باشترین کاتدا هەنگاوێکی نوێن بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ تۆمارێکی ڕاستتر لە واقیعی کۆمەڵایەتی لە سەردەمی دیجیتاڵدا. جیابوونەوەیەک لە کولتووری کاڵ و جیدی (E- und U-Kultur)، لە میدیایەکی ئەنارکی و کۆنترۆڵنەکراو هەروەها میدیای گشتی و پرۆفیشناڵ، هیوایەک پەیوەست بەمەوە کە یارمەتیدەر بێت، کەمتر دەبینم.

ئێمە دەبێت زیاتر وەک کۆمەڵگایەک بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن دەتوانین تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ فەزای گشتیی عەقڵانی مسۆگەر بکەین، نەک تەنیا میدیای پرۆفیشناڵ بە بەرپرسیار بزانین، بەڵکوو کارپێکەرانی پلاتفۆرمەکان ڕێکتر بخرێن.

تێبینی: 2.0 واتە وەشانی دووەمی تێڕوانییەکان و بۆچوونەکانی هابەرماس. ئەم ژمارەیە زیاتر لە پرۆژە و کاری تەکنەلۆژیدا بەکار دێت، لەبەر ئەوەی تێڕوانینە نوێیەکانی هابەرماسیش لەبارەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوەیە، نووسەر ئەم ژمارەی وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو بوارە بەکار هێناوە. وەرگێڕ

پەراوێزەکان

  • 1
    درەنگە بۆ ئاهەنگەکە late to the party: ئەم دەستەواژەیە بەو مانایە بەکاردێت کە کارێک درەنگتر لەو کاتەی چاوەڕوان دەکرا، ئەنجام ئەدرێت. وەرگێڕ
  • 2
    مەبەست لە ڕۆژنامەی شپیگلی ئەڵمانییە، کە ئەم وتارەش لە ماڵپەڕی هەمان ڕۆژنامەوە وەرگیراوە.
  • 3
    AFD: Alternativ für Deutschland جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا. پارتێکی ڕاستڕەوی ئەڵمانییە.